دەربارەی کتێبی مرۆڤ لەبەردەم تاقیکردنەوەدا
دەربارەی کتێبی مرۆڤ لەبەردەم تاقیکردنەوەدا
بەناوەندیبوونی مرۆڤ و هاوسەنگیی بنیادنەرانە
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (مرۆڤ لەبەردەم تاقیکردنەوەدا) بابەتی ئەم کتێبە فەلسەفییە، بیرمەند و فەیلەسووفی عەرەب (عەلی حەرب) نووسیویەتی، لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (هەڵکەوت عەبدوڵڵا)وە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتار پێک هاتووە کە پێشتر لە گۆڤارەکانی لوبنان و چەند گۆڤارێکی ڕووناکبیریی عەرەبیدا بڵاوبوونەتەوە، بەشێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: دیمەنی عەرەبی، نیشانەی یەکترناسین و ئامرازی یەکترکوشتن، دەوڵەمەندیی دەرهاویشتەکان و فشۆڵیی بیرۆکەکان، یاریزانەکان لەسەر شانۆی عەرەبی، ئیمپریالیزم و فەندەمێنتاڵیزم، تەڵەکانی کۆچکردن و ڕاچڵەکینەکانی پۆپۆلیزم…و چەندین ناو و ناونیشانی دیکەی سەرەکی و لاوەکی.
وەک لە سەرەتای کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئەم کتێبە دەربارەی تەنگوچەڵەمەی بوونخوازی و ژیاریی جیهانییە: من لە توخنکەوی کێشە درێژخایەن و یەک لە دوای یەکەکاندا بۆ ئەوە دەچم، کە مرۆڤ سەرچاوەی قەیرانە دژوار و ململانێی بڕوا و شوناسەکان، یان ڕێباز و ئۆردووگەکان تێدەپەڕێنێت.
عەلی حەرب، ددانی پێدا دەنێت کە دوودڵ بووە لە بڵاوکردنەوەی کتێبەکەدا، چونکە پاش زیاتر لە بیست کتێب، مرۆڤ سڵ لەوە دەکاتەوە تووشی دووبارەکردنەوە ببێتەوە و شتێک نەهێنێتە ئاراوە، کە زیادکرنێکی، یان ڕۆشنایی خستنەوەیەکی نوێ و جیاواز بێت: بەڵام پاش ئەوەی پەتا هەموو جیهانی تەنییەوە، خۆم یەکلا کردەوە و بڕیارم دا کتێبەکەم بڵاو بکەمەوە، بە تایبەتی کاتێک بینیم زۆرێک لەوانەی واقیعی هەنووکەیی جیهانیان تاوتوێکردووە، پاش بێداربوونەوە لە متبوونی نوێگەری و مرۆڤانەی خۆیان، بە هەردوو لایەنی ئایینی و عەلمانییەوە، ڕەخنەیان لە مرۆڤ و پڕۆژەکانی گرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا، پاش ئەو ڕووداوە گەورەیەی دیمەنی جیهانی گۆڕی و شوێنپەنجەی بەسەر ژیانی مرۆڤایەتییەوە جێهێشت، پێویست بوو کتێبەکە بەم پێشەکییە “کێشەکە لە کوێدایە؟” دەست پێ بکەم و وتارێکی نوێی بخەمە سەر و کۆتاییەکی بۆ دابنێم، کە پوختەی خوێندنەوەمە بۆ قەیرانی هەنووکەیی جیهانیی.
عەلی حەرب، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە زاراوەکان بۆ وەسفکردنی واقیعی جیهانی زۆرن، وەک: قەیران و ئاژاوە و پشێوی، یان مایەپوچی و هەرەسهێنان و کەوتن، سەرباری وشەکانی پێکدادان و کۆتایی، کۆتاییهاتنی مێژوو، جوگرافیا، ڕووناکبیر یان کار، دواهەمینیش “کۆتایی دنیا” بوو، کە سەوزەکانی گرووپی ژینگە ڕایانگەیاند: هەموو ئەو زاراوانە بێکەڵک بوون و نەبوونە هۆی داڕشتنی چارەسەرگەلی گونجاو، یان دۆزینەوەی چەند دەروازەیەکی دڵنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدا گەورەکان و قەیرانە تەوژمهێنەکان، بەڵگەش زۆربوونی قەیران و پشێوییەکانی جیهانە لە ئاستێک زیاتردا “ئاسایشخواز و سیاسی، بژێوی و ئابووری،ژینگەیی و تەندروستی، کولتووری ئەخلاقی.”
لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی “نیشانەی یەکترناسین و ئامرازی یەکترکوشتن” عەلی حەرب، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گومانی تێدا نییە وەک شەڕە ناوخۆکان لە چەندین وڵات‌دا دەریدەخەن، جیهانی عەرەب لەوپەڕی خراپی و پارچە پارچەبووندایە، نووسەر لەم وتارەدا لە گۆشەنیگای شوناسی نیشتمانییەوە، تاوتوێی کێشەکە دەکات: ئەگەر لوبنان وەک وڵاتێکی عەرەبی، بە دەست فشۆڵیی شوناسی نیشتمانییەوە بناڵێنێت، کە گفتوگۆ و دابەشبوونی خستووەتەوە، ئەوا شوناسی نیشتمانیی عەرەبی، لە سایەی فەرمانڕەوایی تاقە سەرکردە و ڕژێمی دەسەڵاتخواز، یان سەرتاپاگیردا، بە ڕواڵەت ماوەیەک بە یەکگرتوو مایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا مۆزایکی چەند پێکهاتە و توخمێکی دژ بە یەک بوو، جا لە ڕووی تایبەتمەندییە تایەفەگەری و ئیتنیکییەکانەوە بوبێ، یان ئاقارە ئایدلۆژی و سیاسییەکانەوە.
عەلی حەرب، پێداگریی لەسەر ئەوەش دەکات کە کاتی ئەوە هاتووە سەردەمی عەرەبێتی ئایدۆلۆژیی فاشیستانە و وێرانکەرانە جێ بهێڵین، تا گێڕانەوەخوازییەکی نوێ بۆ سیفەتی عەرەبیبوون وێنا بکرێت، کە خاوەنی چەند ڕوویەک و ڕەهەندێکی مەدەنی، ژیاری، دیموکراتی و کۆسمۆپۆلێتی بێت: ئەم جۆرە گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی پێداچوونەوە بە دامەزراوەی”کۆمکاری عەرەبی”دا، کە تەواو شکستی خواردووە بەرامبەر بەو ئاکامە بێچارە و کۆتاییە کارەساتبارانە.
هەر وەک نووسەر و وەرگێڕ (ئازاد بەرزنجی) لە وتارێکیدا باسی کردووە، یه‌کێک له‌و فه‌یله‌سووفه چالاک و پڕکارانه، که به درێژایی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ی له گوتاری دینی و سیاسی و ڕۆشنبیریی عه‌ره‌ب و کۆمه‌ڵگەی عه‌ره‌بی گرتووه، فه‌یله‌سووفی لوبنانی “د. عه‌لی حه‌رب” بووه (هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خۆیشی وای پێ باشتره، له بری بیرمه‌ند، به فه‌یله‌سووف ناوببرێ) ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، که ڕه‌خنه‌کانی له‌و کایانه‌دا به ته‌نها ڕووی کۆمه‌ڵگەی عه‌ره‌بی ده‌گرێته‌وه. نه‌خێر، چونکه به‌شێکی زۆری ئه‌و مژارانه‌ی خۆی له قه‌ره‌یان ده‌دات، مژارگه‌لێکی هاوبه‌شی ئه‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ن، که به جۆرێک له جۆره‌کان به‌ده‌ست هه‌مان ئه‌و ده‌ردانه‌وه ده‌تلێنه‌وه، که کۆمه‌ڵگەی عه‌ره‌بی به‌ده‌ستیانه‌وه ده‌تلێنه‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی عه‌لی حه‌رب به ته‌نها له‌م سنووره‌دا ناوه‌ستێت و ڕه‌خنه‌کانی ئاڕاسته‌ی گه‌لێک له‌و بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه خۆرئاواییانه‌ش ده‌کات، که به بڕوای ئه‌و له‌ناو چوارچێوه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجیدا قه‌تیسیان خواردووه و له دیدگای ئه‌و ئایدۆلۆجیانه‌وه ده‌ڕواننه هه‌موو مه‌سه‌له‌کانی دی و نایانه‌وێ شته‌کان وه‌کو خۆیان ببینن، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێ هه‌موو شته‌کان به پێودانگی ئایدیۆلۆجیاکه‌یان بپێون، به‌و جۆره‌ش ڕووبه‌ڕووی زۆربه‌ی ئه‌و فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندانه ده‌وه‌ستنه‌وه، که له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ساختومانی ئایدیۆلۆجییه‌دا تێده‌هزرن.
وه‌کو وتمان، عه‌لی حه‌رب فه‌یله‌سووفێکه، که هیچ ئایدیۆلۆجیا و دین و بیروباوه‌ڕ و ڕێبازێکی سیاسی نه‌یتوانیوه ببێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م جیهانبینیی ڕه‌خنه‌یی و فیکری ڕه‌خنه‌ییدا. له‌و باوه‌ڕه‌وه‌ی که فه‌لسه‌فه خۆیشی، به‌بێ ڕه‌خنه‌گرتن، بوونی نییه، هه‌ر بۆیه هه‌موو فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه بریتییه له چالاکییه‌کی ڕه‌خنه‌یی، ڕه‌خنه به‌رامبه‌ر به خود و به‌رامبه‌ر به‌وانی تر. له‌کاتێکدا ته‌واوی دیارده‌کان ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌ری ڕه‌خنه، له هه‌مان کاتدا خۆیشی ده‌بێته‌وه به مژارێک بۆ ئه‌و ڕه‌خنه‌یه. به‌مجۆره، فه‌لسه‌فه هه‌موو ئه‌و سیسته‌مه داخراوانه ده‌خاته ژێر نه‌شته‌رگه‌ریی ڕه‌خنه‌وه، که بیانوو بۆ تاکڕه‌هه‌ندیی حه‌قیقه‌ت ده‌هێننه‌وه، به‌مه‌ش فره‌ڕه‌هه‌ندیی دونیای هزر و تێفکرین ده‌کوژن و ئازادیی مرۆیی تێکده‌ڕمێنن.