ئەگەر دەتەوێت ڕۆمان بنووسیت…
ئەگەر دەتەوێت ڕۆمان بنووسیت
هەڵسەنگاندنی کتێبی “ڕاز و ڕەمزەکانی ڕۆمان”
خوێندنەوەی: سەردەم
هیچ گومانێکی تێدا نییە کە ڕۆمان وەک ژانر، یەک لە کایە گرنگ و بایەخدارەکانی دنیای نووسین و ئەدەبیاتە، ئێمە لە ڕێگەی ڕۆمانەوە ئاشنای کولتوورە جیاوازەکان و سەرزەمینە دوورەکان دەبین، هەر لە ڕێگەی ڕۆمانەوەیە کە دەتوانین چیەتیی ئینسان و شوناسەکەی بناسینەوە، ئەمڕۆ ڕۆمان لە پێگەیەکدایە کە پێبەپێی هەر کایەیەکی تر هەنگاو دەنێت و بەشداری لە ڕۆنانی دنیای مۆدێرندا دەکات. ڕۆمان بووە بەو کەناڵە بەرفراوانەی کە لێیەوە ئێمە دەناسێنێتەوە بە خۆمان و دەوروبەرەکەمان. بەراورد بە زۆرێک لە ژانرە ئەدەبییەکان، ڕۆمان کۆنترینە و هاوکات نوێترینیشە، هەر ئەم خەسڵەتە پێک دژە بوارێکیان بۆ ئەم ژانرە ڕەخساندووە کە بێ دوودڵی بڵێین، ئامادەترین فۆرمی ئەدەبییە بۆ خۆدەربڕین و گێڕانەوەی سەرلەبەری مێژوو و ڕووداوە قەبە و بچکۆلەکان.
ڕۆماننووسین کارێکی سانا نییە، مەعریفەیەکی هەمەلایەنی دەوێت، ئاشنایەتییەکی بەرین لە سەرجەم بوارە لێک جیاوازەکاندا، لەبەر ئەوەی ڕۆمان پانتاییەکە بۆ ئەوانی تر، کەسان و ڕووداو و شوێنان و بابەتگەلێک کە لەناو دڵی ژیاندا لێ دەدەن و ڕێکەوت و هەڵکەوتی هەر ڕۆژەی ژیانمانن، ڕۆمان دیکۆمێنت و گێڕانەوەی هەموو ئەو کایە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوویانەیە کە لە نزیک یان لە دوور و پەیوەست بە ئێستا و ئەمڕۆمانەوە ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن. بۆیە ئەم ژانرە نووسەرەکەی، کە دەکاتە ڕۆماننووس، دەخاتە تەنگەژە و قەیران و پەیجورێکی ورد و گشتییەوە، کە ناکرێت و ناگونجێت تۆ ڕۆمانێک بنووسیت و زانیاریی و مەعریفەت سەبارەت بەو هێڵەی وا دەتەوێ بیکەیتە هێڵی سەرەکی کارەکەت، لاواز و پشتڕاست نەکراوە بێت، نوقسانییە گەر تۆ ڕۆمانەکەت سەروکاری لەگەڵ نەخۆشیدا هەبێت و نەتوانیت وەک پێویست و بە چاوی پزیشکەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکە و نەخۆشەکەتدا بکەیت، مایەی گاڵتەپێکردنە ئەگەر تۆ باسی نەخۆشییەکی دیاریکراو بکەیت و نەزانیت چ جۆرە دەرمانێک بۆ ئەو نەخۆشییە دەنووسرێت، نەزانیت تایبەتمەندییەکانی ئەو نەخۆشییە چین و کاریگەرییان لەسەر نەخۆش چۆنە و چەند مەترسیدار و کوشندەن. ئەمانە ئەو کارە گرنگانەن کە وەک پرسێکی ڕۆمان لە بەردەم ڕۆماننووسدا قوت دەبنەوە سەبارەت بە ڕۆمانەکەی، بێگومان ڕۆماننووس چەند لە ژوورەکەیدا دەبێت دابنیشێت و بنووسێت، دوو ئەوەندەش پێویستە لەسەری کە دەرگای ژوورەکەی بکاتەوە و بێتە دەرەوە و کاری مەیدانی ڕۆمانەکەی بکات، بپرسێت، بگەڕێت، تەنانەت شتانێکیش بکات و بچێت، کە ڕەنگە پێشتر هەرگیز نەیکردبن و قەتیش نەچووبێتە ئەو جێیانە.
لایەنێکی تری ئەم ژانرە، کۆمەڵێک ڕاز و ڕەمزن، کە ئەم کتێبەی بەردەستمان “ڕاز و ڕەمزەکانی ڕۆمان” بەشێکی زۆریانی بەسەر کردووەتەوە و بە شێوەیەکی سادە و ئاسان خستوونیەتە ڕوو. ئەم کتێبە لە وەرگێڕانی “محەمەد کەریم”ە و لە “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” ساڵی ٢٠١٢ چاپ و بڵاو بووەتەوە. لەو ڕووەوە کە ژانری ڕۆمان و ڕۆماننووس لەم چەند ساڵەی دواییدا و لەناو کورددا ڕوو لە هەڵکشانە، پێشنیاری ئەم کتێبە بۆ خوێندنەوە کارێکی زۆر بەجێیە، چ بۆ خوێنەران و چ بۆ نووسەرانیش، بۆ خوێنەران تا بزانن ڕۆمان وەک ژانرێکی هونەری چییە و کام دەستە ڕۆمان دەچێتە ناو خانەی ڕۆمانێکی سەرکەوتووی هونەرییەوە و کام تاقم ڕۆمانیش جگە لە گێڕانەوەیەکی ساکار، هیچ هونەر و داهێنانێکیان تێدا نییە، بۆ نووسەرانیش ئەم کتێبە زۆر گرنگە، بۆ تێگەیشتن لە کایەیەک کە سەرقاڵن بە نووسینیەوە و ڕەنگە بەشێکیان کەمترین زانیاری و مەعریفەیان بەو ژانرە هەبێت، ئەو بەشە پێی وایە کە هەر بابەتێکی هەبوو ئەوا دەتوانێت بینوسێت و دواتریش بێ هیچ ڕەچاوکردنێک، ناوی “ڕۆمان”ی دەخاتە سەر و بەسەر کتێبخانە و خوێنەراندا ساغی دەکاتەوە. ئەم کتێبە بەشێوەیەکی ڕوون و ڕەوان کۆمەڵێک پرس دەخاتە بەردەست، کە ڕەنگە لای زۆرینەمان گرێ بن و ئاڵۆزییان خولقاندبێت، بەڵام کتێبەکە ئەو گرێ و ئاڵۆزیانە دەڕەوێنێتەوە و پێت دەڵێت کە دەتوانیت لێرەوە نیگایەک بۆ ڕۆمان دابمەزرێنیت، نیگایەک کە بەشێک لە چییەتیی هونەری ڕۆمان کەشف بکەیت، بدۆزرێتەوە و بزانیت.
ئەم کتێبە پشت ئەستوورە بە بیروڕای کۆمەڵێک نووسەری دیار و بەناوودەنگ، کە تێکڕا دەتوانین بە نووسەرانی مۆدێرن ناویان ببەین، نووسەرانێک کە هێشتا دەژین و بەرهەمەکانیان دەستاودەست زمانە جیهانی و لۆکاڵییەکان دەکات و پێگەیان لە بەرزیدایە. کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەشی یەکەم ڕوانین و لێدوانی نووسەرە ڕۆژئاواییەکانە، ئەو نووسەرانەی کە لە خەرمانێک ڕۆمانی داهێنەرانەوە بۆچوونەکانیان ئاراستە دەکەن و ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان لەو ژانرە ناخبزوێنەدا هەیە، لەو نووسەرانەش دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بدەین: “ئۆرهان پاموک، دۆریس لیسینگ، هاروکی مۆراکامی، ئالان ڕۆب گریێ، ئیسماعیل کادارێ، ئیزابێل ئەلیندی و جۆریس کارۆڵ ئۆتس”. بەشی دووەم پۆلێک نووسەرانی فارسیزمانن، کە لە ناوە درەوشاوەکانی کایەی گێڕانەوەی ئەدەبیاتی فارسین و چ لە ناوەوەی ئێران و چ لە دەرەوەش ناسراوترینن، لەو نووسەرانەش: “مەحموود دەوڵەت ئابادی، هوشەنگی گولشیری، عەباسی مەعرووفی، گوڵی تەرەقی، شەهریاری مەندەنی پوور، و هەردوو وەگێڕ و بیرمەند: بەهمەنی فەرزانە و داریوشی ئاشووری”. بەشی سێیەم بەشێکی هەمەڕەنگی هێجگار گرنگە، کە ئەم بابەتانە هاتوون: “بیستوسێ ئامۆژگاری بۆ ئەو کەسانەی کاتیان نییە بۆ نووسین”، “بۆ کێ دەنووسیت؟ ئەمە پرسیارەکەیە…”، “نووسەرانی عەرەب سەبارەت بە دنیای نووسین دەدوێن”، “پێشەکییەک بۆ شیعرەکانی مالارمێ: جان پۆل سارتەر”، “فیلم و فەلسەفە” و “سینەما زمانی هاوبەشی جیهانی هاوچەرخە”.
کتێبەکە دەتوانێت هێڵێک بکێشێت لە نێوان دنیای کۆن و نوێدا، بێ ئەوەی ڕاستوچەپ بەسەر هیچ کام لەو دوو دنیایەدا بهێنێت. نووسەرانی ئەم کتێبە سەر بە دنیای نوێن، بەڵام هەموویان ددان بەو ڕاستیەدا دەنێن کە ژێرپێیان ئەگەر پتەوە هیی ئەدەبی کۆن و خوێندنەوەی ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەیە. ئەزموون و پەیڤەکانی ئەم نووسەرانە دەرخەری ئەو دنیا نوێیەن کە هەنووکە تێیدا دەژین و خەمەکانمان و دڵتەنگییەکانمان ئابڵووقەیان داوین، ڕۆمان وەک ژانرێکی هونەری دەرگیری ئەو دنیا نوێیە دەبێتەوە، بە ئیمکانی خۆی، بە شێوازە جیاوازەکانی، تەعبیر لەو دنیایە دەکات و ئێمەیش لەگەڵ خۆیدا هاوبەشی پێ دەکات.
خاڵێک کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە نووسەرانی بەشداربوو لەم کتێبەدا، هەریەکەیان لە هەناو ئەزموون و تەجرووبەی خۆیانەوە دەدوێن و بۆچوونەکانیان دەردەبڕن، ناگەڕێنەوە بۆ تیۆر و میتۆد و ڕێبازەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، ئەمەش وای کردووە سوود لە زمانێکی سادە وەربگرن، زمانێک کە سەر بە زمانێک نییە لە چوارچێوەی ئەکادیمی و زانستدا هەڵبسووڕێ و لە بەردەم خوێنەردا ئاڵۆز و سەخت بکەوێتەوە و ناچار بێت بە قامووسدا بگەڕێ واتاکانی بدۆزێتەوە.
بە گشتی ئەم کتێبە نەک وەک دەروازە، بەڵکو وەکو کارێکی کردەیی و پڕوزە، دەتوانێت هاوکاری و یارمەتیدەرێکی زۆر باش بێت بۆ گۆڕینی تێڕوانینمان لەسەر کۆمەڵێک چەمک و ئایدیا، هەڵبژرادن و وەرگێڕانی ئەم بابەت و گفتوگۆیانە لە کتێبێکدا، وێڕای سەلیقەی وەرگێڕەکەی، سەلمێنەری ئەو بۆشاییە مەعریفییەشە کە لە پانتایی گێڕانەوەی کوردیدا هەیە، بەشدارییەکی گرنگە لە ڕێگری ئەو پاشاگەردانییەی بە ناوی ڕۆمانەوە دروست بووە، دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتییە بۆ نووسەرانێک کە بێ هیچ ئاگاییەک تاو لەم ژانرە قورسە دەدەن و یەک بە دوای یەکدا کتێب بە ناوی ڕۆمانەوە دەنێرنە چاپخانە و سەر ڕەفەی کتێبفرۆشییەکان. کتێب وشیارییەکی باڵایە بۆ نووسین بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەت.