شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم
شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم
ڕانانی: سەردەم
بابەتی ئەم کتێبە، لێکۆڵینەوەیەکی ورد، قووڵ و فرەڕەهەندی ئەدەبییە سەبارەت بە شیعری یەکێک لە فیگۆرە مەزن و قوتابخانە نوێگەرەکانی شیعری کوردی، ئەویش (گۆران)ی شاعیرە، شاعیرێک کە بەرەبەیانێکی نوێی لە قۆناغی شیعری کوردی دەست پێ کرد و بە دوایدا نەوە لە دوای نەوە، لەسەر ڕێچکە و شێوازە داهێنەرانە و نوێگەرانەکەی ئەو کەوتنەڕێ.
شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم، کتێبێکە گرنگیی خۆی لەنێو کتێبخانەی کوردیدا سەپاندووە، کتێبێکە دەکرێت ببێتە سەرچاوەی ناسینێکی نوێ و دیکەی گۆران، جیا لەو ناسینانەی کە پێشتر بە هۆی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و تەنانەت شیعر و دونیابینییە ئیستاتیکی و فراوانە شیعرییەکەی خۆیەوە بەریان کەوتووین، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکە وردتر ڕۆچووە بە ناو پانتایی و ڕەهەندە جیاجیاکانی شیعری مامۆستا گۆراندا، لە لایەن (سامان جەلال عەزیز) نووسراوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
نووسەر کتێبەکە، یاخوود لێکۆڵینەوەکەی دابەش کردووە بەسەر چەندین بەش و بابەت و تەوەردا کە بریتین لە: مێژوو و چەمکە بنەڕەتییەکانی ئیمەیجیزم، گرنگیی وێنە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا، پێش دۆزینەوەی ناو بۆ قوتابخانەکە و ناونانی قوتابخانەکە، بەکاربردنی بنەماکانی ئیمەیجیزم لە شیعرەکانی گۆراندا، ئەو وێنانەی تەنیا خوازەیان تێدایە، ئەو وێنانەی تەنیا ئاوەڵناوێکیان تێدایە، لادان لە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانە، ئەو وێنانەی بە هۆی کرداری ناتەواوەوە پێشکەش کراون، سیستەمی چەند بەهایەکی هونەری جوانکاری، ئەو ڕوانین و هەڵوێستانەی چەمکی جوانییان پێوە بەندە، بەدیهێنانی وێنەی جۆراوجۆر لە هەمان کەرەستە… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.
هەموان هاوڕای نووسەری ئەم کتێبەین و پێمان وایە لە هەر قۆناغێکی ئەدەبیدا، چەند شاعیرێکی داهێنەر هەڵکەوتوون، لەناو ئەو شاعیرانەشدا هەبووە کە سەرچاوەی شیعری فراوان و هەمەڕەنگ بووە، یەکێک لەو شاعیرانەی قۆناغی مۆدێرنی ئەدەبی کوردییش (عەبدوڵڵا گۆران)ە، کە نووسەر لە لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا بە ناونیشانی (شیعری گۆران و چەمکی ئیمەیجیزم)ەوە کردووە، لە ڕوانگە و ڕەهەندی ئەدەبیی جیاواز لەوانەی تا ئێستا گۆرانی پێ ناسێنراون: بێگومان قوتابخانەی ئیمەیجیزم خاوەنی بنەما و ڕەگەزی هونەری و ڕێوشوێنی تایبەتمەندیی خۆیەتی، کە بنەمای بڕیاردەرن بۆ ئەو شاعیر و بەرهەمە شیعریانەی دەکەونە نێو جوغزی تایبەتمەندیی ئەم قوتابخانە ئەدەبییەوە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی بابەتی ئەم لێکۆڵینەوەیە، نووسەری کتێبەکە پێی وایە لە هەڵبژاردنی هەر بابەتێکدا بۆ لێکۆڵینەوە، چەند لایەنێک هەن پێویستە لەبەرچاو بگیرێن: دیارە ئێمەش ئەو لایەنانەمان ڕەچاو کردووە، یەکێکیان ئەوەیە لێکۆڵینەوەکە لە دیاردەیەکەی نوێ بدوێت، کە پێشتر لێی نەکۆڵرابێتەوە… بێگومان نووسەری ئەم کتێب و لێکۆڵینەوەیە، بە ئاگایی و هۆشیاریی و مەعریفەیەکی گەورە و ئەزموونێکی زۆرەوە ئەم بابەتەی بۆ خودی لێکۆڵینەوەکەی هەڵبژاردووە و درکی بەوە کردووە کە زۆر لایەنی شیعری گۆران، لە لایەن توێژەر و لێکۆڵیارانی کوردەوە دەستی بۆ براوە و زۆر ڕەهەند و چەمکی شیعریی ئەو شاعیرە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بۆیە یەکێک لە پۆینتە گرنگ و بنچینەییەکانی سەرکەوتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بۆ خودی بابەت، یاخود ئەو چەمکە دەگەڕێتەوە، کە نووسەر لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە، ئەویش چەمکی ئیمەیجیزمە، بێگومان نووسەری ئەم کتێبە بەشبەحاڵی خۆی ددان بەوەدا دەنێت کە ئەم چەمکە پێشتر لێی کۆڵراوەتەوە و توێژینەوە و بابەتی ڕەخنەیی و هەڵسەنگاندنی ئەدەبی بۆ کراوە، بەڵام ڕەنگە هەموو لایەنەکانی نەگرتبێتەوە.
نووسەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە کۆمەڵێک لێکۆڵەر پێش ئەم، بەم یان بەو شێوە لە چەند شیعرێکی گۆراندا، نیشانەیان بۆ بوونی ڕەگەز و بنەمای وەها کردووە، کە لە قوتابخانەی ئیمەیجیزمدا ڕەگەزی بنچینەیین، بەڵام هیچ یەکێک لەو لێکۆڵەرانە، بە تایبەتی بە دوای هۆکارەکانی بوونی ئەو ڕەگەزەدا، نەچوون: بەپێی توانا گەڕاوین، تا لە لای لێکۆڵەرە عەرەبەکانیش شیعر، یان شاعیری سەر بەم قوتابخانەیە بدۆزینەوە، بە تایبەتی لای شاعیرە عێراقییەکان، لە ئاکامی گەڕانەکەشماندا، تەنیا لێکۆڵینەوەیەکی (د. سەلمان داود ئەلواستی)مان بینییەوە، کە تایبەتە بە ڕێبازی ئیمەیجیزم و ساڵی ١٩٨٥ کردوویەتی.
لە بابەتێکی نێو دووتوێی کتێبەکەیدا بە ناوی (گرنگیی وێنە لە ئەدەبیاتی هاوچەرخدا) سامان جەلال عەزیز، ئاماژە بۆ ئەو ڕاستییە دەکات کە شیعر لە ساتەوەختی پەیدابوونیەوە، پشتی بە وێنە بەستووە، جا ئەگەر شیعرەکە لە هەندێک لایەنی هونەریشیدا لاواز بووبێت، بۆ نموونە: وێنەی شیعری، ئەوا وێنە هەر وەک سێبەری شیعر بووە و بۆ ماوەیەک کاڵ و لە کات و قۆناغیکی تردا ڕەنگی تۆخ و زاڵ بووە، شانبەشانی شیعر ڕۆیشتووە: لە گشت قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی شیعردا، شاعیران و ڕەخنەگرانی بواری شیعر مامەڵەیەکی نوێیان لەگەڵ وێنەی شیعریدا، بەپێی دید و بۆچوونەکانیان و پێداویستی سەردەمەکان کردووە.
هەر لە لێکۆڵینەوەکەیدا، نووسەر ئەوەی ئاشکرا کردووە کە گۆران هەندێک جار لێکچواندنی بەکار هێناوە، بەکارهێنانی لێکچواندنیش ئاساییە، چونکە لێکچواندن نائاشکراکان زیاتر بەرجەستە دەکات: لێکچواندن خوێنەر تووشی ڕامان و وردبوونەوی قووڵ ناکات و تەموومژیش بەرهەم ناهێنێت، لێکچواندن بەستن و پەیداکردنی وێکچوونێکە لە نیوانی دوو شتدا بە هۆی هاوبەشبوونیان لە یەک سیفەتدا، یان زیاتر بۆ مەبەستێک، یان چەند مەبەستێکی دیار.
عەبدوڵڵا سلێمان، ناسراو بە گۆران (١٩٠٤-١٩٦٢) شاعیر و ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە. پاشان چالاکیی سیاسی و ڕۆژنامەوانی دەست پێ دەکات و چەند جارێک دەخرێتە بەندیخانە، لە ساڵی ١٩٥٢ەوە، تا کۆتایی ژیانی، لە زۆرێک لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا، وتار و بابەتی دەنووسی و چەندین دیوانە شیعریشی نووسیوە، وەک دەگوترێت گرنگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە ھۆنراوەی کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی شیعری نووسیوە.
گۆران لە ساڵی ١٩٠٤ لە ھەڵەبجە لەدایکبووە لە مزگەوتی پاشای ھەڵەبجە بووە بە فەقێ،
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٥دا بە مامۆستایی لە قوتابخانەی ھەڵەبجە دامەزراوە و تا ١٩٣٧ لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە، لە تشرینی دووەمی ١٩٥٢دا، پاش ئازادبوونی لە زیندان، دەچێت بۆ سلێمانی و دەبێت بە بەرپرسی ڕۆژنامەی ژین. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٠دا دەچێت بۆ بەغداد و دەبێت بە یاریدەدەری پڕۆفیسۆر لە بەشی کوردیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغداد و بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی ئازادی.
یەکەمین کۆمەڵە شیعری گۆران بە ناوی بەھەشت و یادگار، لە ١٩٥٠ لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپ دراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەشی دیوانەی ھەروەکو خۆی لە سەرەتای کۆمەڵە شیعرێکیدا ئاماژەی پێ کردووە (سەرانسەر لەگەڵ بابەتەکانی جوانی و دڵداری خەریکە) و مامۆستا پێشکەشی دەکات بەو (شۆخ و نازدارانە کە جوانییان وەک تێغ نابڕێ، وەک چرا پێش چاو ڕووناک دەکاتەوە) لە ساڵی ١٩٥٤دا لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی (پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابیان لە بوخاریست) لە چاپ دەدات.
گۆران زۆر باش ئاگاداری نوێبوونەوەی ئەدەبیاتی گەلانی تری وەک تورک و ئینگلیزی بووە، چونکە نەیستووە لە ئەدەبیاتی سەردەم دوور کەوێتەوە، دەستی داوەتە وەرگێڕان. گۆران یەکەم شاعیری کورد بووە کە شێوازی کۆنی عەرووزی بەلا دەنێت و شیعری کوردی دەگەڕێنێتەوە بۆ شێوازی ھیجای کوردی، باوڕی وا بووە کە دەبێت شیعری کوردی لە عەرووزەوە بگەڕێتەوە بۆ سەر کێشی پەنجە(ھیجا)ی کوردی. ئەو کێشەی کە فلکلۆری کوردی و شیعری ھەورامی لە سەردەمی ئەردەڵانییەکان پێ ھۆنراوەتەوە.
گۆران بێجگە لە شیعر، دەستێکی باڵاشی لە بواری پەخشاندا هەبووە، پەخشانی گۆران، ڕەنگدانەوەی سەردەمی ژیانی خۆیەتی و خۆیشی بەردەوام نەبووە لەسەریان و لە ڕاستیدا ئەو گرنگییەی بە شیعرەکانی داوە و ھەوڵی تازەکردنەوەی تێدا داوە، بەو شێوەیە لە پەخشانەکاندا کاری نەکردووە.
دیوانە شیعرییەکانی بریتین لە (بەھەشت و یادگار،فرمێسک و ھونەر،پەیامی کورد) ھەروەھا لە ١٩٥٣ و ١٩٦١دا، ھەڵبژاردەیەکی چیرۆکی بێگانە و ھەندێک سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە،