لە دەفتەری فەلسەفەوە
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(١)
من کێم؟
ئێوارەیەکیان لەگەڵ هاوڕێیەکمدا پیاسەمان دەکرد، لەناکاو پرسیارێک بە مێشکمدا گوزەری کرد، لێم پرسی: تۆ کێێت؟ ئەویش زۆر بە سادەیی وەڵامی دایەوە: “من عیرفان ئەحمەدم”. وتم: “زۆر باشە، من خۆشم ئەمە دەزانم؛ بەڵام گریمان تۆ بەیانی چوویت عەریزەیەکت داو ناوی خۆتت گۆڕی بۆ عێزەدین، ئایا تۆ هەر هەویت، یان دەبیت بە یەکێکی تر؟” بە پێکەنینەوە وتی: “نا، دەبم بە عێزەدین.” بڕێکی دیکە قسەمان کرد، ئەو تاقەتی بەردەوام بوونی نەبوو، ئاخر ئەو شاعیر بوو، زۆر تاقەتی ئەوەی نەبوو بەناو بیرکردنەوەی ئەبستراکدا ڕۆبچێت و قووڵ ببێتەوە، ئەو زیاتر لە ڕێگای هەستەکانییەوە جیهانی دەبینی. بەڵام من ئالودەی بیرکردنەوەو سەرسوڕمانم، هەرگیز نەمتوانیوە شتەکان وەک ئەوانیتر ببینم؛ بۆیە هەتا ئێستاش لەبەردەمی ئەم پرسیارەدا ڕادەوەستم و تێدەفکرم: ناوەکان چی لە مرۆڤەکان دەگۆڕن؟ کاتێک ناوی خۆم دەڵێم، ئەوە مەبەستم لەچیە؟ بەڕاست ناو خۆی چیە؟ چ پەیوەندییەکی بە ناولێنراوەکەوە هەیە؟ با واز لەمەیان بهێنم، چونکە لە خەیاڵمدایە لە دەرفەتێکی دیکەدا بێمەوە سەری.
عیرفانی هاوڕێم خۆی لە پرسیارەکە ڕزگار کرد، چونکە پرسی (من) زۆر فەلسەفییانەیە، زۆریش ئەبستراکتە و بە ئاسانی ناتوانرێت لەناو پێناسەیەکی دیاریکراودا چڕ بکرێتەوە، یاخود قەتیس بکرێت. ئەم زاراوەیە بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤە، پێناچێت غەیری مرۆڤ هیچ بوونەوەرێکی دیکە ئەم پرسیارەی هەبێت، یان ڕاستتر خاوەنی (من) بێت! ئایا ئەو منە وەک خۆی دەمێنێتەوە، یاخود لەگەڵ گۆڕانی خانەکانی لەشی مرۆڤدا، کە لە ماوەی ژیانیدا چەند جارێك بە تەواوەتی هەموویان دەگۆڕێن، ئەویش دەگۆڕێت!
جارێ با پرسەکە ڕابگرم، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ یۆنانی دێرین: لەسەر دەرگای پەرستگاکەی ئەپۆڵۆ لە دیلفی نوسراوە: “خۆت بناسە!” زۆرکەس دەڵێن ئەمە قسەی تێلیسی مایلیتۆسییە ، بەڵام ئەوە بۆ من گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە ئەم (خۆت) ە کێیە؟ کە داوام لێدەکرێت خۆم بناسم، مەبەست لە چیە؟ بەڕاست هەر لە بنەڕەتدا خۆم کێم؟ ئەمە پرسیارە قورسەکەیە، دەمێکە فەیلەسوفان و دەرونناسان و سیاسەتمەداران و زۆری تریشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.
ئەم پرسیارە بۆچی قورسە و ناتوانین بە ئاسانی وەڵامی بدەینەوە؟ ناڕەحەتییەکە لەوەدایە کە ئەمە پرسیاری شوناسە: (چی) لە (من) (کێ)یە؟ ئەوەی کە منە چ بەشێکمە، یان هەموومە، یاخود کوێمە؟ ئایا من ئەوەم کە ئێستا هەم، یاخود ئەوەی کە بیست ساڵی تر دەبم و گۆچانم بەدەستەوەیە، یان ئەو منداڵەی کە هێشتا پێی نەگرتبوو؟ من چی منە؟ ئایا ڕووکاری دەرەوەم (یان جەستەم) منە، یاخود هزرو بیرکردنەوەکانم؟ تۆ بڵێ هەست و سۆزەکان و یادەوەرییەکانم، ڕەنگە بارودۆخی دەرونی و کۆمەڵایەتی و شتی لەو جۆرەم بێت! من کێم؟ ئەگەر زانیمان هەر لە چەند ساڵێكدا هەموو شتێک لە من دەگۆڕێت، هیچ خانەیەکم وەک خۆی نامێنێت. بەڕاست! یانی هەمووم دەڕوات و منێکی دیکە دێتە جێگام! ئایا دەتوانم ئەم پرسیارە بە بەردەوامی بەرز بکەمەوە، یان نا!
وشەی شوناس (یۆنانییەکەی ئایدێنتیتاس) هەمان بوون دەگەیەنێت، واتە وەک جۆزیف باتلەر دەڵێت “ئەوەی ئەوەیە کە هەیە، نەک شتێکی دیکە.”
خۆی هەر لە بنەڕەتەوە، پرسیارەکە پڕێتی لە گرفت. تۆ لەم وتەیەی جۆزیف باتلەر ورد ببەرەوە “هەموو شتێک ئەوەیە کە هەیە، شتێکی دیکە نیە.” ئەمە کۆمەڵێک گرفتی زۆر دەخوڵقێنێت، بۆ نموونە ئەگەر دوو شت هەمان کۆمەڵە خاسییەتیان هەبوو، ئایا هەمان شتن؟ ئەگەر یەکێک هات و وتی من سوڵتانم، لێی ورد بوومەوە، وەک ئەوەی سەیری ئاوێنەیەک بکەم وابوو، لە هەموو شتێکدا بە ڕاستی من بوو، بەڕاست ئایا ئەو منە؟
وەک دەبینی ئەمە پرسیارێکی قورسە، وەڵامدانەوەی ئاسان نیە. لێرەدا چیرۆكێکم دێتەوە یاد، کە پلۆتارخ لەو بەشەدا ئاماژەی بۆ دەکات کە تەرخانی کردووە بۆ ژیانی پادشا سیسیۆس:
سیسیۆس بە کەشتییەکەوە دەڕوات و میناتۆرەکە دەکوژێت (ئەمەیان چیرۆکێکی ترە) ئەسیناییەکان بۆ ڕێز لێنان لەو قارەمانێتییە ماوەیەکی درێژ کەشتییەکە دەپارێزن و هەروا لەکەناری دەریا لە بەندەری شارەکەدا دەیهێڵنەوە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا هەرجارەی یەکێک لە پارچەیەکانی دەڕزێت و بە کەڵک نامێنێت، ئەوانیش پارچەیەکی دیکەی وەک خۆی دروست دەکەنەوە و دەیخەنە جێگای پارچە ڕزیوەکە. تا سەرەنجام هەموو پارچەکانی دەگۆڕن.
ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ئەوەی لە کەناری دەریاکە وەستاوە، هەمان کەشتییەکەی سیسیۆسە؟ لەکاتێكدا کە هەموو پارچەکانی گۆڕاوە، واتە سیسیۆس قاچی نەخستۆتە ناوی. مەبەستم لەم پرسیارە ئەوەیە ئایا من بریتیم لە بەشەکانی جەستەم؟ واتە کە دەڵێم من ئەوە مەبەستم لە هەموو ئەندامەکانی جەستەمە بەسەریەکەوە. باشە، ئەگەر دەستێک یان قاچێک یاخود گورچیلەیەکم لە دەست دا، ئیتر من بە منیی نامێنمەوە؟ دەبم بە منێکی جیاواز لەوەی کە هەم؟ یان بە شتێكی دیکە.
با گەمەکە خۆشتر بکەین: گریمان ئەسیناییەکان هەر پارچەیەکی ڕزیو کە لە کەشتییەکەی دەکەنەوە، دەیبەن نۆژەنی دەکەنەوە و دایدەنێن، وردە وردەش لەبەرەوە پارچەکان لێک دەدەنەوە تا دەبێتەوە بە کەشتییەکە. ئێستا دوو کەشتیمان هەیە، کامیان ئەوەی سیسیۆسە؟ ئەم چیرۆکە زۆر دڵگیرە، گرفتێکی فەلسەفییانەی گەورە نمایش دەکات، دەچێتە چوارچێوەی قسەکردن لە مێتافیزیکی شوناسەوە: ئایا ئەگەر شتێک هەموو بەشەکانی یەک لەدوای یەک بگۆڕدرێن بە پارچەی هاوشێوەی خۆیان لە هەموو ڕوویەکەوە، لە کۆتاییدا ئەوە شتە دەمێنێتەوە، یان دەبێت بە شتێكی دیکە؟ ئەمە یەکێکە لە دێرینترین چەمکە فەلسەفییەکان و هێراکلیتوس و ئەفلاتون لە کارەکانی خۆیاندا گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە.
هەرچۆنێک بێت، دەست و قاچەکانم هی منن، بەڵام بە دڵنیایی ئەوان من نین! یانی ئەگەر ئەندێشە بکەین پارچەکانی لەشی کەسێک بە هەڵوەشاویی ژمارەیان لێ دراوە و لە سەر مێزێک دانراون، دەتوانرێت بوترێت ئەوە خودی کەسەکەیە؟
ئەمە پێم دەڵێت کە (من) جەستەم. ئەی کەواتە چیە؟ ئایا من بەشێکی دیکەی ناجەستەییم هەیە؟ بۆ نمونە ئەگەر نەک دەستێک بەڵکو هەموو جەستەم لەدەستدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان مردم، ئایا شتێک لە من دەمێنێتەوە؟ من جگە لە جەستەم چی ترم هەیە؟ عیرفان ئەحمەدی هاوڕێم کە لە ئێستادا وەک جەستە نەماوە، ئایا وەک خود، وەک منیش هەر نەماوە؟ ئەگەر نەماوە، ئەوەی من باسی دەکەم کێیە؟ لێرەدا چیرۆکێکم بیر دەکەوێتەوە، کە ئەفلاتون لە دایالۆگی فایدۆندا دەیگێڕێتەوە. زۆر جێگای خۆیەتی لێرەدا بۆ ئێوەشی باس بکەم:
ئەو ئێوارەیەی بڕیاربوو سۆکرات ژەهرەکە بخواتەوە، کریتۆنی هاوڕێی پرسیاری لێدەکات:
- حەزدەکەیت بە چ شێوەیەک بتنێژین؟
- هەرچۆنێک پێتانخۆشە؛ بەڵام پێویستە بمگرن بۆ ئەوەی لە دەستتان ڕانەکەم.
سۆکرات بە قۆشمەییەکەی خۆی بۆ هاوڕێکانی ڕوون دەکاتەوە، کە دوای ئەوەی ژەهرەکەی خواردەوە ئیتر دەڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو نیە: ناتوانم وا لە کریتۆن بکەم باوەڕ بکات کە من ئەم سۆکراتەم قسە بۆ ئێوە دەکەم، ئەو وادەزانێت من ئەو جەستە مردووەم کە زۆری پێناچێت دەیبینن!
کریتۆنیش بە شێوەیەک لە شێوەکان هەمان کێشەی منی هەیە، ئەو وادەزانێت (من)ی سۆکرات جەستەکەیەتی. بەڵام سۆکرات زۆرجار دووبارەی کردۆتەوە کە جەستە زیندانی ڕۆحە؛ واتە بەلای سۆکراتەوە (من)ەکەی ڕۆحێتی نەک جەستەی. بە ڕاست! ئەوان هەمان کێشەی منیان هەیە؟ یان من هەمان کێشەی ئەوانم هەیە؟ سۆکرات گرفتی جەستە چارەسەر دەکات، بەڵام گرفتێکی دیکەمان بۆ دەنێتەوە: ڕۆح چیە؟ ئەگەر وەک ئەو دەڵێت ڕۆحەکان نەمر بن، کەواتە عیرفانی هاوڕێم تا ئێستاش لێرەیە، بەڵام لە بارێکدایە کە من ناتوانم پەیوەندیی لەگەڵ بگرم.
ئەزمونی پێنج هەستەکەم (بیستن، چەشتن….)، یادەوەرییو بیرکردنەوەکانی ناو مێشکم، هەروەها هەستو سۆزەکانم (خۆشەویستی، بەزەیی، تووڕەیی… هتد). من ئەمانەشم هەن کە بەشێک نین لە جەستەم. دەتوانم بە هەموویان بەسەریەکەوە بڵێم: جیهانی ناوەوەم، ناخم، دەرونم…. هەر شێکی تر. یان پۆلێنیان بکەم بۆ هەستەکان، سۆزەکان، هزرەکان…
لە چیرۆکی تەمسیلیی پاڵتۆدا، خواڕەحمەفەنیی فەرمانبەر دەمرێت، بەڵام خێوێک لەو جێدەمێنیت کە ڕێگا بە خەڵک دەگرێت، ئەو خێوە لە هەموو شێکیدا لە فەرمانبەرەکە دەچێت، بەجۆرێکی وا کە هەر کەسێک بیبینێت، یەکسەر دەیناسێتەوە. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو کاریگەرییشی لەسەر مرۆڤەکان هەیە! ئێستا، ئایا ئەو خێوە هەمان فەرمانبەرەکەیە؟ یان ئەوە لە یادەوەریی یاخود لەناو خەیاڵ و ئەندێشەی ئەوانیترە؟ یان ئەوە ڕۆحی خواڕەحمەفەنییە؟ ئەرەستۆ لە دی ئانیمیا (دەربارەی ڕۆح) دا، دەڵێت: دەبێت ڕۆح جەوهەرێک بێت.
پرسیارەکە لەبارەی شوناسەوەیە: ئاخر چۆن دەشێت، یەکە یەکە هەموو پارچەکانی جەستەم گۆڕانکارییان بەسەردا بێت، کەچی من هەر (من) بم؟ دەبێت (منبوون)م لەسەرچی ڕاوەستابێت؟ دوای ئەوەی لەماوەی چەند ساڵێکدا منی (أ) نامێنێتو لەجیاتی ئەو منی (ب) دێتە ئاراوە، ئایا ئەو دووانە یەکسانن؟ ئەگەر نا، چی گۆڕاوە و تا چەند ئەو گۆڕانکارییە شوناسی (منبوون) دەگۆڕێت؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە (من) فرە بم، نەک یەک؟ بە تایبەتی ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە من بە تەنها لە جەستەمدا گۆڕانکارییم بەسەردا نایەت، بەڵکو هزرو هەست و سۆزەکانم، چالاکییەکانم، پێگەم لە ناو شتەکاندا، هەموویان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. ئەوانە هیچیان (من) نیە، من دەبێت شتێکی جێگیر، نەگۆڕ، بەردەوام بێت، هەمیشەو هەردەم هەر بە منیی بمێنێتەوە.
من جەستەم نەبم، هزریشم نەبم، کەواتە من کێم؟ لەڕاستیدا هەموو کەس دەزانێت کە ئەوانە من نیە، تەنانەت لە زمانیشدا ئەوە جیاکراوەتەوە: من هەست بە ماندووبوون دەکەم، من بیردەکەمەوە…. دەبینیت، ماندووبوون، بیرکردنەوە…. هتد. لەو ڕستانەدا من جیاوازە لەو شتانەی تر، هەستەکان، بیرکردنەوەکان، کردەوەکان هەن، لە بەرامبەریشیاندا (من) هەیە. بەڵام ئەوانە ئەزمونی منن، هەموویان بەسەریەکەوە ئاگایی من دروست دەکەن. زۆر باشە، ئایا من ئاگاییم؟ ڕێک وەک ئەوەی دێکارت دەڵێت، کە ئەو ئاگایی/ هزر و جەستە / مادە بە دوو شتی جیا لەقەڵەم دەدات، بڕوای وایە کە هەریەکەیان بەجیا خاوەنی بوون و سەربەخۆیی خۆیەتی.
ئایا ئەمە وەڵامێکی گونجاوە؟ بە بڕوای من نەخێر! ئەی وەڵامەکە چیە؟ ئەوە لێدەگەڕێم بۆ خوێنەر.