خواوەندەکان تینوون…ئەی مرۆڤەکان چی

رۆمانێکی مێژوویی سەبارەت بە شۆڕشی فەرەنسا

ڕانانی: سەردەم

 

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (خواوەندەکان تینوون) بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانی نووسەر و شاعیر و ڕەخنەگری فەرەنسی (ئەناتۆل فرانس) و لە لایەن یەکێک لە باشترین نووسەر و شرۆڤەکار و وەرگێڕکارەکانی کوردەوە (عەلی عوسمان یاقووب) بە شێوەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

هەر وەک وەرگێڕی ڕۆمانەکە لە پێشەکییە چڕوپڕەکەیدا ئاماژەی پێ دواوە، ڕۆمانی خواوەندەکان تینوون، ڕۆمانێکی مێژووییە و شۆڕشی فەرەنسا کە ساڵی ١٧٨٩ دەستی پێ کرد، بووەتە بنەمای ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە: بە هەرحاڵ تێگەیشتن لە هەر ڕۆمانێکی مێژوویی، بە تایبەتییش کاتێک شۆڕشێک لە مێژوودا دەکاتە بابەت، سەرەتا پێویستە ئەرکی ڕۆمان لە ئەرکی مێژوو، سەبارەت بە شۆڕشەکە، بە گشتی جیا بکرێتەوە.

فرانس لەم ڕۆمانەیدا، ئەو شیمانەیە دەترازێنی کە ڕۆمانەکەی تەنیا هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیەکی تازە بێ بۆ چێژی ئیستاتیکا، ئەو لەو ڕوانگەیەوە کە مێژوو لە هونەردا کاریگەرێتیی بەسەر هۆشیاریی مرۆڤەوە هەیە، پەنا بۆ مێژوو دەبات، وەکو بابەت، هەوڵ دەدات کۆمەڵگەی رابردوو، کە ڕووداوە گەورەکان تیایاندا لە ڕێگەی کاریگەرێتییان بەسەر ژیانی تایبەتی کارەکتەرەکانی چیرۆکەکەوە دەردەکەون، ڕوونتر پیشان بدات،  ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی گونجاو، وابەستەی ڕێسا و نەخشەی ناوەوەی خۆیەتی، ئەمەش ئەگەری ڕێتێچوون و ڕاستێتی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەیە.

(عەلی عوسمان یاقووب)ی وەرگێڕ و نووسەر، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ڕۆمانی (خواوەندەکان تینوون) ڕۆمانی شۆڕشە، تیایدا ڕۆمانووسن ناڕەزایەتی بەرامبەر توندوتیژی و توندڕەوی دادوەرەکانی دادگای شۆڕش دەردەبڕێ، ئەگەرچی (ئیڤاریست گامیلیانی) هونەرمەند، کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکەیە، بەڵام ئەوە (برۆتۆی) ئەریستۆکراتە دەبێتە زمانحاڵی بیروڕا نموونەییەکانی نووسەر: ڕۆمانەکە نە دژی فەرەنسایە و نە دژی شۆڕشی فەرەنساشە، بەڵکو خەڵک لە مێژوودا چۆن بوون، ئاوا پیشانیان دەدا بەو مەبەستەی لە ئێمەی بگەیەنێ، کە پێویستە لەوان باشتر ڕەفتار بکەین.

نووسەر لەم ڕۆمانەدا کەشی ترس و تۆقاندنی سەدرەمی شۆڕشی فەرەنسا دادەڕێژێتەوە، پرۆسێسە مێژووییەکەی ئەو سەردەمە دەخاتە چوارچێوەیەکی گەورەترەوە، ژیانی خەڵک و ڕەوتی مێژوو پیشان دەدات، تەنیا بۆ ئەوەی دەریبخا چەندە بێبایەخن، ئەو لە ڕێگەی دیمەنێکی کەمخایەنەوە پیشانی دەدا، کە مەینەتییەکانی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو دەمێننەوە و بەردەوام دەبن.

لە پەرەگرافێکی ڕۆمانەکەدا هاتووە: ئیڤاریست نزیکەی هەموو ئێوارەیەک لە کۆبوونەوەی یاکووبییەکاندا ئامادە دەبوو، کۆبوونەوەکان لە کلێسا بچووک و کۆنەکەی دۆمینیکان، کە لە شەقامی ئونوغێ بوو، بەڕێوە دەچوون، کلێساکە لە یەکێک لە حەوشەکاندا، هەر لەو شوێنەی داری ئازادیی تیا نێژرابوو، کە دار سپیندارێک بوو، گەڵاکانی بە درێژایی ڕۆژ بەدەم باوە خشەخشیان دەهات، بە شێوازێکی خراپ و نالەبار دامەزرا بوو، سەربانەکەی کاشیی قورسی تێ گیرابوو، لە دیوی پێشەوەی ژمارەیەک پەنجەرەی شێوە هێلکەیی هەبوون و سەر دەرگاکەش بە تاقێک، کە هەموو ڕەنگە نیشتمانییەکانی بەسەرەوە بوو، ڕازانرابووەوە، دارئاڵایەک، کە کڵاوی ئازادیی بەسەرەوە بوو، لەسەر تاقەکە چەقێنرابوو.

خاڵی هاوبەشی نێوان مێژوو و ڕۆمان بە گشتی بریتییە لە گێڕانەوە، بەڵام لە چۆنیەتی و شێوازی گێڕانەوەدا جیاوازییان هەیە. مێژوو کۆمەڵێ ڕووداوی واقیعی، کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە دەگێڕێتەوە و وەکو دیکۆمێنتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەرشیفیان دەکات. هەرچی ڕۆمانە وەکو ژانرێکی مۆدێرن سوود لە رووداوی واقیعی جا چ ئێستا، یان ڕابردوو وەردەگرێت و سەرلەنوێ دروستی دەکاتەوە. واتە ڕۆمان ڕووداوەکە وەکو خۆی ناگوازێتەوە، بەڵکو دەسکاریشی دەکات. ئەمەیش بۆتە دروستبوونی جۆرێک لە ڕۆمان، کە ڕۆمانی مێژوویییە. ئەم جۆرەی ڕۆمان سوود لە ڕووداو، کەسایەتی مێژوویی وەردەگرێت بۆ ئەوەی ئاریشەکانی سەردەم بخاتەڕوو.

بەپێی زانیارییەکان، شۆڕشی فەڕەنسا، هەڵسووڕانێک بوو لەو وڵاتەدا کە فەڕەنسای لە ساڵی ١٧٨٩ەوە تاکو ١٧٩٩ تووشی ڕووداوگەلێکی کاریگەر کرد و ئەم ڕووداوانە لە ساڵی ١٧٨٩ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و هەر لەبەر ئەمەشە کە سەرهەڵدانی شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا بە ساڵی ١٧٨٩ ناوی دەرکردووە.

ناتوانرێت هۆکارێکی دیار بۆ ئەم شۆڕشە گەورەی فەڕەنسا دەستنیشان بکرێت و بگوترێت تەنیا لەبەر یەک هۆکار ئەو شۆڕشە ڕوویداوە، بەڵکو هۆکارگەلێکی جیاواز دەستیان داوەتە دەستی یەکەوە و بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتی فەڕەنسا.

وڵاتی فەڕەنسا پاش شەڕەکانی سەدەی ١٨  ئەو قەرزە گەورە و قورسانەی کە کردبووی و ناکارامەی دەسەڵات و شکستی سوپای پاشا، بارودۆخی ئەو وڵاتەی بەرەو هەڵدێر برد، بەگشتی بارودۆخی ئابووری ناجێگیر و قەرزە کەڵەکەبووەکان، هۆکاری تێکچوونی شیرازەی ئەو وڵاتە بوون.

سەرباری گوشاری ئابووری ناجێگیر لەسەر خەڵکەکە، چینی دەوڵەمەند، بە تایبەتی لویسی شازدەیەم و ماری ئانتوانت، دەستیان بە ئابووری و داهاتی ئەو وڵاتەوە نەدەگرت.

بەرزبوونی ڕێژەی بێکاری و زیادبوونی نرخی نان، بوونە هۆی ئەوەی خەڵک دەرامەتی خۆی لە خواردندا خەرج بکات و هەلی گونجاوی نەبێت تا داهاتی خۆی لە بەشەکانی دیکەی ئابووریدا ببینێتەوە.

ئابڵۆقەی ئابووری و کەمیی خواردەمەنی، تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان هۆکارێکی گەورەی دیکە بوو بۆ لەناوچوونی خەڵک.

شۆڕشی فەڕەنسا بە یەکێک لە شۆڕشە ھەرە مەزنەکانی مێژووی کۆن و ھاوچەرخی مرۆڤایەتی دەزانرێت و دەناسرێت و دادەنرێت. مەزنی و ناسنامەی ئەو شۆڕشە بە تەنھا لەوەدا بەرجەستە نابێت، کەوا بووە مایەی بەرپاکردن و ئەنجام دانی کۆمەڵێک گۆڕانکاری و ڕیفۆرم و نوێکاری لە ژیانی سیاسی و ئابووری و کایەکانی تر، بەڵکو ئەو شۆڕشە بەشێکی گەورەی ئەو سەدا و شکۆ و ھەیبەتەی کە پەیدای کرد، پەیوەندی بەو کاریگەرییەوە ھەبوو کە لە سەرکۆی گەلانی جیھان، بە تایبەتی ئەورووپا دروستی کرد. دوای شۆڕش و سەرکەوتنی شۆڕش، بنەماکانی دەوڵەتی نەتەوەیی لە فۆرمی مۆدێرندا دامەزرا. بزووتنەوەی فەلسەفە و ئەدەب، و ھونەر، ڕیفۆرم و چاکسازی، ھەموو ھاتە کایەوە و جومگەکانی ژیانی گەلی فەڕەنسای گرتەوە. دەوڵەتی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای لە یەکتری جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پێک ھێنرا، ئایین و دەسەڵات لە یەکتری جیاکرانەوە، لەسەر بناغەی ئایین بۆ خودا و نیشتمان بۆ ھەمووان، شۆڕشی فەڕەنسا سیستەمی دەرەبەگایەتی ڕووخاند، دەستی کەنیسە و قەشەکانی لە خستە ناو سیستەمی ئیداری و ژیانی ڕۆژانە و گشتی کۆمەڵانی خەڵک دوورخستەوە. بیرۆکەی (فەردانییەت) ھاووڵاتی بوونی دروست کرد. ڕۆڵی تاک کە پێشتر کەنیسە و ئایین بە گشتی بزری کردبوو، کارا کرا. شۆڕشی پیشەسازی گەشەکردنێکی گەورە و وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بە خۆوە بینی، شۆڕشی فەڕەنسا بۆیە لە میژوودا بە شۆرشی بورجوازی دەناسرێت، چونکە سەرمایەداری و بەرھەمھێنانی سەرمایە و پەیووەندییەکان، بەرھەمھێنان و ئامرازەکانی بەرھەمھێنانی سەرمایەداری لە فۆرم و ناوەڕۆکێکی نوێ لە ھەناوی فەڕەنسا و گەلی فەڕەنسا خولقاند.

شۆڕشی فەڕەنسا تەنھا بۆ فەڕەنسا ڕووداوێکی گرنگ نەبوو، بەڵکو لە بواری شارستانییەتی لە ھەردوو سەدەکانی دواییدا لە ڕووداوە ھەرە دیارەکانی ئەوروپایە، چونکە ھەر بەڕاستی خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەوروپا، سنووری بۆ سیستەمی پادشایەتی کۆن دانا، کە لەسەر چەوساندنەوە بنیادنراوە، لەو دەسەڵاتەی پشتی بە مافی خودایی بەستبوو و دەرگای سیستەمی ئازادی و کۆماریی لەڕووی جەماوەردا خستە سەرپشت کە لەسەری تەماعی ئازادی گەلان و یەکسانی لەنێوان تاکەکاندا سەرچاوەی گرتبوو، کە دەسەڵات لە ھاوڵاتییەوە بێ و لەژێر چاودێری ئەویشەوە بێ. ئەوەی فەڕەنسا و ھەموو ئەورووپا بە دەستییەوە دەیانناڵاند، بریتیبوو لە دەستی خانەوادەی پادشایەتی و حوکمی ڕەھایان، چینی دەستڕۆیشتوو دەستی بەسەر ھەموو خێروبێرێکی وڵاتەکەدا گرتبوو، لە لایەکی دیکەشەوە کڵێساکان بە ناوی ئایینەوە خاوەنی ھەموو ئیمتیازاتێک بوون، لە ھەموو خێر و بێرەکان سەرپشک بوون، لە باج و ھەموو ئەرکەکانی بەرامبەر لابردرابوون، سەربارەت بە توانا و چارەنووسی خودی گەل، خاوەنی ھیچ جۆرە دەسەڵات و ڕا و بۆچوونێک نەبوو، ئازادیییە گشتییەکان تەنیا لە خەیاڵی ئازادیخوازان بوونیان ھەبوو، گەل ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەر سامان و چارەنووسی خۆیەوە نەبوو، بۆیە شۆڕشی فەڕەنسا بۆ چارەسەری ئەو دەردانە لەدایکبوو، لە ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک بوون کە بۆ فەڕەنسا و بۆ وڵاتانی دیکە گونجاوبێ، ڕووداوەکانی سەدەی نۆزدەھەم ئەوەیان سەلماند کە چۆن شۆڕش بۆ گەلانی مافخوراوی ئەوروپا، بووەتە خوێندنگا و پێشەنگ لە بواری ئازادیخوازیدا، بۆیە بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و چاکسازی لە مەیدانی سیاسەت و کۆمەڵایەتی کاری کردبووە سەر ھەموو توێژێک.