لە دەفتەری فەلسەفەوە
چی دەزانم و چۆن دەزانم؟
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
قازەکان چ ڕەنگن؟ هەموویان سپین، وا نیە! ئەگەر ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی ئەمە دروستە، ئیتر دەبێتە ڕایەکی باو کە هەمووان لەسەری کۆک دەبن. بەڵام ئایا ئەمە گریمانەیەکی ئەوتۆیە کە بتوانین بیکەین بە بناغەی لێکۆڵێنەوەی زانستی. لای هەندێک زانست لەمجۆرە گریمانانەوە دەستپێدەکات. واتە پێشوەخت گریمانەیەک دادەنێت و دەست دەکات بە کارکردن لەسەری. یانی سەرەتا دەڵێت قازەکان هەموویان سپین، یاخود خەڵکی هەورامان هەموویان چاویان شینە، ئەمە دەکات بە گریمانەیەک، ئینجا دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە و هەلسەنگاندنی، دەگەڕێت بۆ بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو گریمانەیەی لە سەرەتادا خستوویەتیە ڕوو.
ئەگەر تۆ ڕایەکی لەمجۆرەت هەیە، ئەگەر پێتوایە توێژینەوە زانستییەکان بەمجۆرە ئەنجام دەدرێن، ئەوە باشتر وایە لای خۆت بیهێڵیتەوە و بۆ هەموو کەسێکی باس نەکەیت، بە تایبەتی کەسێكی وەک کارل پۆپەر، چونکە ئەو گاڵتەی بەمجۆرە قسانە دێت. ئەی ئەو چۆن بیردەکاتەوە؟ ئەوە ڕاستە کە ئەویش دەڵێت زاناکان بە گریمانە دەستپێدەکەن، گریمانەی زۆر بوێرانە! بەڵام ئەوان ناچنە دەرەوە تا بەدوای بەڵگەدا بگەڕێن بۆ سەلماندنی، بەڵکو بە پێچەوانەوە، لەبری ئەوەی بە دوای بەڵگە و پشتیوانیدا بگەڕێن، بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدەن ئەو گریمانەیەی خستوویانەتە ڕوو، ڕەتی بکەنەوە. واتە ڕێک بە پێچەوانەی بیرکردنەوەکەی تۆوە. بۆچی؟ چونکە هەڵە زانستییەکان زۆر کوشندەن (ڕووداوی ئەو دەرزییانەت لەبیرە، کە بوونە هۆی ئەوەی زیاتر لە بیست کەس بیناییان لەدەست بدەن؟) پێویستە گریمانەکان لە هەموو روویەکەوە تاقی بکرێنەوە. ڕاستە؟ نا، لە ڕاستیدا مەبەستی کارل پۆپەر ئەمە نیە! بەڵکو لە دیدی ئەودا، هەر گریمانەیەک قابیلی ڕەتکردنەوە نەبێت، ئەوە گریمانەیەکی زانستیی نیە.
هەر ئەمەش دیارترین و سەرەکیترین خاسییەتە کە زانست لە هەر شێکی دیکە جیادەکاتەوە، بە تایبەتی ئایین. مەبەستم لەوەیە بڵێم کە زانست بەهۆی بەدرۆخستنەوەی جار لەدوای جاری خۆیەوە پێش دەکەوێت و ئایینیش بە جەختکردنەوەی بەردەوام لەسەر هەقیقەتە کۆنەکانی خۆی دەتوانێت بمێنێتەوە. ئەوە زانایە کە جار لەدوای جار لەسەر بناغەی هەقیقەتە کۆنەکانییەوە هی تازە بنیات دەنێت و بەردەوامیش جەخت دەکات کە پێشکەوتنی ئێمە بەرەو نەزانییە، هەروەها ئەوەش پیاوی ئایینە کە خۆی لێ بووە بە کوندەپەپووی دارستان (کوندەپەپوو لە دارستاندا وەها وێناکراوە کە ئاگاداری هەموو کاروبارەکانەو هەموو شتێک دەزانێت) و بە خۆی و کتێبە پەڕە زەردو پڕ لە پەراوێزەکانییەوە، بە دڵنیایی و ئاسودەیی دانیشتووەو وادەزانێت وەڵامی هەموو پرسیارەکانی لایە.
مەبەستم لەوە چیە کە پێشکەوتنی ئێمە بەرەو نەزانییە، نەک زانین؟ با بە نموونەیەکی سادە ڕوونی بکەمەوە: جاران خەڵک لە گوندەکان دەژیان. دانیشتووانی گوندەکە زۆر شتیان دەربارەی گوندەکەیان دەزانی: ناوی کەسەکان، موڵکەکانیان، خێزانەکانیان، مێژوویان، کورد وتەنی چی دەکەن و چی ناکەن. ئەوان لە سنورێکی تەسکدا دەژیان و جیهانەکەیان زۆر بچووک بوو. دەتوانین بڵیین ئەوان بە تەواویی شارەزای جیهانەکەی خۆیان بوون. هاوکات شارانی وەک هەولێر و سلێمانیش هەبوو، کە پانتاییەکی زۆر گەورەتریان لە گوندەکان داگیر کردبوو. بێگومان ئەگەر کەسێک لە لادێوە بێتە شار، هەست دەکات شتێکی ئەوتۆ دەربارەی نازانێت، یانی لە شوێنە بچووکەکەی خۆی هاتە دەرەوە و دنیایەکی گەورەتری بەسەردا کرایەوە.
پێشکەوتنی زانستیش شتێکی لەمجۆرەیە: کاتێک ناوچەیەکی تازەی زانست دەدۆزینەوە، هەنگاوێک دەچینە پێشەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆمان دەردەکەوێت پانتاییەکی زۆر گەورەتری نەزانراو هەیە، زۆر گەورەتر لەوەی ئەندێشەمان دەکرد. بە کورتیی سەرەتا واماندەزانی سنوری جیهان چیاکانی دەوری گوندەکەمانە، لەوێدا نەزانراوەکانمان زۆر نەبوون، پاشان شارمان دۆزییەوە و ژمارەی نەزانراوەکان زیادیان کرد و دوای ئەوە زەمین و کۆمەڵەی خۆر و گەردوون و هتد. بە هەمانشێوە لەناخی خۆشماندا گەردونێکی دیکەمان کەشف کردووە. لە ئێستادا تەواوی کایەکان نەزانراوی زۆر زیاتریان لەبەردەستدایە، لە چاو سەد ساڵ بەر لە ئێستا. سەرنجتان داوە چەند سەد ساڵێک، کەسێک دەیتوانی پزیشک، فەیلەسوف، سیاسەتمەدار، پیاوی دین، دۆزەرەوە، گەڕیدە و هەزار شتی دیکەش بێت. لە بوارەکانی جوگرافیا، ئابوری، دەرونناسی و چەندین بواری دیکەدا دەینوسی. ئەوسا کایە زانستییەکان بچووک بوون، دەستی بەسەریاندا دەڕۆیشت؛ ئەی ئێستا؟ بە کورتی: لەگەڵ دۆزینەوەی هەر پاناییەکی تازەی زانستییدا، کایەیەکی گەورەتری نەزانراو بەڕووماندا دەکرێتەوە.
با بێمەوە سەر باسەکە: کاتێک زانا گریمانەیەک ئامادە دەکات بۆ لێکۆڵینەوە؛ یەکسەر چەند هەنگاوێک لێی دوور دەکەوێتەوە و بە چاوی دوژمنکارییەوە بەدوای لایەنە لاواز و ناتەواوەکانیدا دەگەڕێت، واتە ئەگەر هەتا ئەم ساتە هەموو قازەکان هەر سپی بن، ئەو هەر لە خەیاڵی ئەوەدایە قازێکی ڕەش بدۆزێتەوە. ئەوانەش کە لەکایەی زانستیدا کاردەکەن، دەزانن هەمیشە قازێکی ڕەش هەر پەیدا دەبێت بۆ دەسکاریکردن و هەموار کردن یاخود تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی گریمانەکان.
واتە، ئەگەر قازە ڕەشەکان نەبوونایە، زەحمەت بوو بتوانین بگەینە ئەم ئاستەی پێشکەوتن. ئەوەی سەیرە، پیاوی ئایین هەموو قازەکانی ڕەشن، بۆیە لەجێگای خۆیدا چەقیوە و بەهیچ جۆرێک بیرناکاتەوە، ئەگەری ئەوە ناخاتە پێشچاوی خۆی کە ڕەنگە لە قوژبنێکی ئەم گەردونەدا، قازێکی سپی هەبێت. لە ڕاستیدا نەک هەر بیری لێناکاتەوە؛ بەڵکو زۆر سەرسەختانە دژی هەر کەسێکیش دەوەستێتەوە کە گومان بخاتە سەر بۆچوونەکانی، واتە لافی ئەوە لێبدات کە قازێکی سپی لە جێگایەکی دنیادا هەیە.
کەواتە پرسەکە ئاواهییە: زانست بە بەردەوامیی کار لەسەر ڕەتکردنەوە دەکات، نەک جەختکردن، بێگومان ئایینیش بە پێچەوانەوە، هەر بەڵگەیەک دەخرێتە بەردەمی بۆ ڕەتکردنەوەی گریمانەکانی (کە بە پۆزێكی زۆرەوە وەک هەقیقەت مامەڵەیان لەگەڵ دەکات)، ئەو هەوڵ دەدات جەخت بکات کە بەڵگەکان هەڵەن و گومان لە هەقیقەتەکانی ناکرێت.
کارل پۆپەر، کە خۆی ڕۆژێک لە ڕۆژان مارکسیی بووە، لەگەڵ مارکسیزمیشدا هەمان کێشەی هەیە، ئەویش وەها لە قەڵەم دەدات کە دەچێتە خانەی دۆگماوە (خانەی ئەو هەقیقەتانەی قابیلی ڕەتکردنەوە نین). پێش ئەوەی باسی ئەمە بکەم، با وەڵامی پرسیارێک بدەمەوە کە لە مێشکی خوێنەردا دروست بووە: هەقیقەتە ڕەتنەکراوەکان چ عەیبێکیان هەیە؟ خۆ قاچیان نەشکاوە؟
لە ڕاستیدا ئەو هەقیقەتانە، قاچیان نەشکاوە، لە دیوی دەرەوەدا کە سەیریان دەکەیت، تۆکمە و یەکگرتوو دیارن، بەڵام بە حاڵ دەسکارییان بکە، هاڕە دەکەن و بەسەریەکدا دەڕوخێن. ئەمەش خۆی گرفتێکی گەورەی بۆ ئایین دروست کردووە: ناچارە پێداگریی بکات لەسەر شتگەلێکی وەک: ئەو بەردانەی قسە دەکەن و ئەو درەختانەی دەگرین، یان ئەو فیلەی بە ئاسماندا دەفڕێت. بە کورتی، ئەو هەقیقەتانەی قابیلی ڕەتکردنەوە نین، بە هەمانشێوە، قابیلی سەلماندنیش نین! ئەمەش یانی چی؟ یانی ئەوەی ناتوانین مامەڵەی زانستییان لەگەڵدا بکەین. کاتێکیش نەمانتوانی مامەڵەی زانستی لەگەڵ شتگەلێکدا بکەین کە بە هەقیقەت ناویان دەبەین، یەکسەر لە کایەی زانست دوور دەکەینەوە و لە فراوانترین دەرگاوە خۆمان دەکەین بەناو ئەفسانەدا.
با بچینەوە وێزەی مارکسیییەکان. لەماوەی سەدەی ڕابردوودا، ئەوانە خۆیان بادەدا و دەیانووت لێکدانەوە و شیکردنەوەی زانستییانە بۆ مێژوو دەکەین؛ دەشیانووت هەموو ئەو شتانەی لە جیهانەکەماندا ڕوودەدەن، بناغەکەیان خەباتی چینایەتییە. پێداگرییشیان دەکرد لەسەر ئەوەی کە لە کۆتاییدا شۆڕشێکی کرێکاریی دەقەومێت و جیهان دەبێت بە شامی شەریف و هەموو کێشە و گیروگرفتەکان چارەسەر دەبن. ئایا ئەمە ڕوویدا؟ بە دڵنیایی، کرێکارەکان نەیانتوانی ئەم کارە بکەن، لەو جێگایەش کە لەسەر بناغەی بیرکردنەوەی مارکسییانە سیستمی سیاسی پێکهێنرا (یەکێتی سۆڤێت)، داینامۆکەی زیاتر جوتیاران و خەڵکانی دیکە بوون و کرێکارانیش لەسایەیاندا نەک نەبوون بە خاوەنی بڕیار، بەڵکو ئەوەندەی دیکە چەوسێنرانەوە. ئەمە باسی ئێمە نیە، بۆیە لەسەری ناوەستین.
مارکسییەکانیش خاوەنی دۆگمان (هەقیقەتی ڕەتنەکراوەی نەسەلمێندراو)، بۆیە لەبری بگەڕێن بەدوای قازە ڕەشەکەدا، چاویان داخست و خۆشخەیاڵانە لەناو قازە سپییەکانی خۆیانەوە بیریان لەوە دەکردەوە کە هۆی شوستیهێنانی کرێکاران لە ئەرکە مێژووییەکەیاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خاوەنی ئاگاییەکی ساختە بوون، ئاگاییەک کە نەیتوانی بارودۆخەکان بە دروستیی ببینێت. ئەم پاساوە هیچ نیە جگە لەوەی بڵێت قازەکە لەناو توونی حەمامدا بووە، بۆیە ڕەش بووە، هەر تۆزێک خۆی ڕابوەشێنێت سپی دەبێتەوە.
پۆپەر بەمجۆرە بیرکردنەوانە دەڵێت زانستی ساختە، کە بە پێناسەی خۆی شێوازێکی فریودەرانەی مامەڵەکردنە لەگەڵ بەڵگەکاندا، ئەمانە ڕێک وەک ئەو سیمرغە وان کە گورگێک دەبینێت و سەری دەکات بە ژێر خاکەکەدا، بەخۆی دەڵێت “من گورگەکە نابینم، بە دڵنیایی ئەویش من نابینێت.” بەڵام دوای ئەوەی دەکەوێتە بەر کەڵبەکانی گورگەکە، ئینجا تێدەگات کە بەهەڵەدا چووە، ئەوکاتەش کار لەکار ترازاوە.
مارکسییەکانیش جۆرە سیمرغێکی ئاواهین، لە ئیستادا ئاوازەکەیان گۆڕیوە: ئەگەر کرێکاران شۆڕشیان کرد، ئەوە دەیسەلمینێت کە مارکسییەکان لەسەر هەقن، خۆ ئەگەر شۆڕشیان نەکرد، ئەوە دیسان مارکسییەکان لەسەر هەقن. واتە لە هەردوو حاڵەتەکەدا کەروێشکەکە ببە و قسە مەکە. ڕەنگە پۆپەر ئاگاداری ئەوە نەبووبێت کە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لای ئێمە سەدەهایەکە لەگەڕدایە: ئەگەر زانست لەگەڵ بۆچوونەکانی ئاییندا گونجا، ئەوە نیشانەی دروستیی ئایینە، خۆ ئەگەر نەگونجا، ئەوە کێشەیەک لە زانستدا هەیە، با چاوەڕێ بین تا هەقیقەتەکە دەردەکەوێت! یاخود، لێکدانەوەی ئێمە بۆ تێکستی ئایینی هەڵەیە. واتە ئەگەری بوونی هەڵە لەناو کتێبەکانی پیاوی ئاییندا، سفرە. ئەوەی پیاوی دین بەهیچ جۆرێک قبووڵی ناکات و مێژوویەکی خوێناویی لەسەر دروست کردووە، ئەوەیە پێی بڵێیت: ‘ببورە، قوربان! تۆهەڵەیت.’
ئێستا لەوە تێدەگەیت کە بۆچی پیاوی دین قسە لەبارەی هەموو کایەیەکەوە دەکات؟ کە لەمەش تێگەیشتیت سەرت لەوە سوڕنامێنێت کەسێک تا پۆلی چواری سەرەتایی خوێندبێت و بەگژ هەموو تیۆرە زانستییەکاندا بچێتەوە و پێداگریی بکات لەسەر ئەوەی زەمین تەختە! ئەمە هەر وەک نموونەیەک.