ڕۆمانی کۆمیدیای تارماییەکان

 

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە بەرهەمە چاپکراوە ئەدەبییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (کۆمیدیای تارماییەکان) نووسەری ناودار (فازیل عەزاوی) نووسیویەتی و لە لایەن شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد (دلاوەر قەرەداغی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کورد، لە ڕاستیدا کاک دلاوەر لە ئەزموونی کاری وەرگێڕانیدا، زیاتر بەو بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆمانانە ئاشنامان دەکات کە زمانێکی پڕ لە ئەفسوون و کەشێکی شیعرییان هەیە، بەرهەمگەلێک لەم وەرگێڕ و شاعیرەوە پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کورد دەکرێن، کە هەر لە بنەڕەتدا وا دەزانرێت بە کوردی نووسراون، ئەمەش بەشێکە لە شارەزایی زمان و وریایی لە هەڵبژاردنی ئەوەی کە زەوق و سەلیقەی خوێنەری ئێمە دەیەوێت، بێگومان کاک دلاوەر بەشبەحاڵی خۆی جگە لە شاعیربوونەکەی، خوێنەرێکی ورد و کونجکوڵیشە بە زمانەکانی سویدی، فارسی و عەرەبی… ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی متمانەیەکی گەورەی خوێنەر بەرامبەر بە بەرهەمەکانی ئەم شاعیر و وەرگێڕە.

ڕۆمانی (کۆمیدیای تارماییەکان) لەو ڕۆمانانەیە کە خوێنەری تایبەتی دەوێت، خوێنەرێک تا ئەندازەیەک ئاگاداری باری سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی و ئەدەبی بێت، خوێنەرێک مرۆڤناس و مێژووناس کۆمەڵناس بێت، ئاگای لە نووسەرە جیهانییەکان هەبێت، هەم دونیابینی و فیکر و ئەندێشەیان، هەم کاراکتەر و بەرهەمەکانیان، چونکە ڕووداوەکان خێران و زەمەن و کەسەکان لەپڕ  وناکاو دەردەکەون و دیار نامێنن، ڕۆمانەکە گێڕانەوەی چیرۆکە غەمگینەکانی کەسێکی ڕۆشنبیرە کە بە هۆی تەنگوچەڵەمەکانی ژیانەوە دووچاری تەنگەژەی دەروونی بووە و لە نێوان ژیان و مردن، واقیع و زیندەخەوندا ژیانی نێو کتێبان دەژی، ئەو کتێبانەی کە پێشتر خوێندوونیەتەوە، نووسەر و کاراکتەرەکانیان، چیرۆک و ڕووداوەکانیان، هەموو ئەمانە تێکەڵ بە گێڕانەوەی ژیانی ڕابردووی خۆی دەکات، نووسەر بە شێوەیەکی هێند شارەزا و زیرەکانە ژیانی نێو کتێبان و کاراکتەری ئادەمی گرێداوەتەوە بە ژیانی ئێستا و دۆخی وڵاتەوە، خوێنەر وا لێ دەکات لە یەک ساتدا هەست بکات چەند کتێبێک دەخوێنێتەوە، چەند کاراکتەرێک دەناسێت و بەر چەندین ڕووداو و گێڕانەوە دەکەوێت.

کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە ناوی (ئادەم)ە، ئادەم لە لایەکەوە نمایندەی مێژووی مرۆڤە، لە لایەکی دیکەوە واقیعی ڕووداوەکان، دۆخ و گوزەرانی ئێستا دەخاتە ڕوو، وێنەی گشتی وڵاتێکمان بۆ دەکێشێت، کە جەنگ و تاوان، سسیستمی سیاسی و حکومڕانیی دڵڕەق، مێژووەکەی و ئێستای ئینسانەکانی هەڵکێشاوە لە خوێن و ژیانی نابووت کردووە، کەرامەت و بەها ئینسانییەکانی ژێرپێ ناوە، چ مانایاکەی بۆ جوانی، پیرۆزی و خەون نەهێشتووەتەوە، نووسەر لە رێگەی ئەم شا پاڵەوانەوە بە زنجیرە دەمانمباتەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەتای سەرهەڵدانی خیانەت،  ئازار،  چەوساندنەوە، کوشتن و تاوان و دوژمنایەتی و ڕق، دەمانباتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی پرسیار و گومانی مرۆڤ لە دیاردەکان، جەنگ و بەدبەختییەکان کە بەرۆکی مرۆڤیان گرتووە و لە مێژووی کۆنەوە درێژ بووەتەوە تا ئێستا.

 لە ڕاستیدا ڕەنگە یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوە نەبێت کە چارەنووسی بەشەرییەت  و وڵاتێکی لەم کاراکتەرە عێراقییەدا چڕ کردبێتەوە، بەڵکو پیشاندانی ئەو دۆخ و ژینگە و هەلومەرجەیە کە مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر و خوێنەر، لە وڵاتێکدا تێی دەکەوێت کە داهێنان و جوانی، هیچ گرنگی و بەهایەکیان نییە، جەنگ هەموو شتێکی بە ڕۆحی مرۆڤەکانیشەوە وێران کردووە، کۆمەڵگە بووە بە نەخۆشخانەیەکی گەورەی پڕ لە نەخۆشیی دەروونی.

کاراکتەری ڕۆمانەکە، کەسێکی نائارامە و لە دڵەڕاوکەیەکی هەمیشەییدا دەژی، تارمایەکانی ڕابردووی ژیانی دێنەوە نێو زیهن و بەرچاو، گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات و ترس و گومان داگیریان کردووە، ئادەم،  لە نێوان مەرگ و ژیان، خەون و زیندە خەوندا سەفەر بۆ ڕابردووی ژیانی خۆی دەکاتەوە، لە ژیانی تاکەکەسیی خۆیەوە وێنای گشتیی کۆمەڵگە و مرۆڤەکانمان بۆ دەکێشێت، هەموو ئەو  نووسەرانەی کە ئەم ڕۆژگارێک خوێنەری کتێبەکانیان، سەرسامی فیکر و ئەندێشەیان بووە، دێنەوە نێو زیندەخەونەکانیەوە، لەگەڵیان گەشت دەکات، دەبن بە شاهیدی ڕووداوەکان، گفتوگۆ لەگەڵ خۆیان و کاراکتەری نێو چیرۆکەکانیاندا دەکات، دەستکاری چارەنووسیان دەکات  و مەجرا و ئاڕاستەی ڕووداوەکانیان پێ دەگۆڕێت، یەکێک لەو نموونانە، گەورە نووسەری ڕووس (دۆستۆیڤیسکی) نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی (تاوان و سزا)یە، کوتومت سروشتە ئاساییەکەی هێناوە و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات، قومار و خواردنەوەکانی، ئەو گەنجە خوێندکارەی پیرەژنە سووخۆرەکە دەکوژێت لە ڕۆمانی تاوان و سزادا، بە تەورێکەوە دوای ئادەم کەوتووە، لێرەدا گفتوگۆیەکی قووڵ و جوان دروست دەبێت سەبارەت بە چەمکی کوشتن کە بێگومان پێویست دەکات خوێنەر خۆی بیخوێنێتەوە.

بە گشتی زۆر گرنگە خوێنەری کورد ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، چونکە بەر شێواز، تەکنیک، زمان و جۆرێکی دیکە لە ڕۆمان دەکەوێت، بە دیاریکراویش بە زمانێکی شیعری هێند باڵا و جوان نووسراوە، خوێنەر پڕ دەکات لە شیعرییەت… ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە هیچ نییە جگە هاندانێک بۆ خوێنەر تا دەستیان بەم ڕۆمانە ڕابگات و بیخوێننەوە، بێگومان ئەگەر بەشێک لە جوانیی ڕۆمانەکە پەیوەندیی بە زمان، کەش، تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەکەوە هەبێت، ئەوا بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی وەرگێرانە باڵاکەی دلاوەر قەرەداغی.