بە بۆنەی چاپی نوێی ڕۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە وە

بە بۆنەی چاپی نوێی ڕۆمانی

(هەزار خۆری درەوشاوە)وە

ڕانانی: سەردەم

ڕۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە لەلایەن نووسەری ئەمریکی، بە ڕەگەز ئەفغانی (خالید حوسەینی )ەیەوە، لە ساڵی 2007 دا بڵاو کراوەتەوە و بۆ چەندین زمانی دونیا وەرگێڕدراوە، یەکێک لەو زمانانە کوردییە و وەرگێڕ و نووسەری ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێرانی بۆ کردووە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

 نووسەر لەم ڕۆمانەدا، وەک ڕۆمانەکانی دیکەی، چیرۆکی مەینەتی و نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەفغانستان دەگێڕێتەوە، تەوەرەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات، نووسەر زۆر بە چڕی تیشک دەخاتە سەر ژیانی کچان و ئافرەتانی ئەفغانستان، لە نێو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری و ناڕۆشنبیر و دەسەڵاتێکی پەرگیر و تووندڕەودا، کە  ژیانیان لە ژێر زەبروزەنگی خێزان و کۆمەڵگە و دەوڵەتدا دەگوزەرێنن و دواتر یان دەکوژرێن، یان دووردەخرێنەوە.

هەموو ئەم ئازار و ژیانە نالەبارە لە هەردوو کەسایەتی (مەریەم و لەیلا)دا ڕەنگ دەداتەوە، مەریەم کچی ئافرەتێکە کە پێشتر  کارگوزاری ماڵێکی دەوڵەمەند بووە، پیاوی ماڵەکە دەست درێژی دەکاتە سەری و منداڵی لێ دەخاتەوە، دواتر بۆ ئەوەی لە ئابڕووچوون و کێشە و هەرای ژنەکانی ڕزگاری بێت، دایکەکە لە شار دوور دەخاتەوە، لە بناری چیایەک کوخێکی بۆ بونیاد دەنێت، مەریەم کچێکی زیرەک و تێگەیشتووە، تاکە گوناهی ئەوەیە هاتۆتە ژیانەوە و لە تەواوی تەمەنیدا ناوی (حەرامزادەی) لەنێو کۆمەڵگادا بەسەردا دەبڕێت، بێئەوەی هیچ پەیوەندییەکی بەو گوناه و هەڵەیەوە هەبێت، کاتێک پیاوێک و ئافرەتێک ئەنجامی دەدەن، هەرچی کەسایەتی لەیلایە پەروەردەکراوی خێزانێکی ڕۆشنبیرە، بەڵام بەهۆی تۆپبارانی شەڕی نێوخۆی ئەفغانەوە، دایک و باوکی لەدەست دەدات، لێرەوە ژیانە تاڵەکەی دەست پێ دەکات، کاتێک تەنیا و بێکەس دەمینێتەوە و دەکەوێتە ژێر جەور و ستەمی پیاوەوە، ئەوەی نووسەر وێنای دەکات، ئافرەتان لە هەموو بارودۆخێکدا، لە جەنگ و لە ئاشتی، هەمیشە قوربانی یەکەمن، جا چ بگات بەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا بژین و هیچ لایەن و پەناگەیەک نەبێ لەسەریان بە جواب بێت و هەمیشەش تاوانباری سەرەکی پیاوانن، بەڵام ئافرەتان دەبن بە قوربانی، هەروەک (نانا)ی دایکی مەریەم دەڵێت: وەک چۆن میلی قیبلەنما ڕوو لە باکوورە، پەنجەی تاوانبارکردنی پیاو هەردەم ڕووی لە ئافرەتێکە.

بەشێکی تری ئەم ڕۆمانە ئاوڕدانەوەیە لەو جەنگ و کاولکاریەی ئەفغانستان تووشی هاتووە، هەر لە ڕوخاندنی سیستەمی پادشایی و دواتر هاتنی سوپای سووری سۆڤیەت و داگیرکردن، دواتر شەڕی نێوخۆیی و ململانێی گروپە دژ بە یەکەکان، کە هەریەکەیان پشکی شێریان لە کاولکاری و کوشتاری خەڵک پێ دەبڕێت و هەمووشیان خۆیان بە ڕاست و خاوەن حەق دەزانن، بە جۆرێک شارێکی وەک کابوڵ دابەش دەبێت بۆ چەند پارچەیەک و هەر پارچەیەک لەلایەن گرووپێکەوە دەسەڵاتداری دەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر بتەوێ لەمسەری شارەوە بچیت بۆ ئەوسەری شار، دەبێت چەندین بازگە و خاڵی پشکنین و لێپرسینەوە ببڕیت، بەمەش برسێتی و کاولکاری تەواوی وڵات دەگرێتەوە، بە جۆرێک مرۆڤ لە برسا و لە ترسا ژیان دەباتە سەر و زۆرینەی خەڵکیش ئاوارە دەبن و ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ دەکەن، تاوەکو بزووتنەوەی تاڵیبان دروست دەبێت و وڵات لە ئاژاوە و گرووپەکان پاک دەکاتەوە، نووسەر بە جۆرێک باسی ئەوکاتە دەکات، کە تاڵیبان بووە بە فریادڕەس و ڕزگارکەری خەڵکی ئەفغان لە تۆپباران و شەرە گوللەی نێو شەقام بە شەقام و دزی و ڕێگرییەکانی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام دواتر برسێتی و بێکاری تەنگ بە گەلی ئەفغان هەڵدەچنێ و خەڵکی ناچار دەبن منداڵەکانیان بسپێڕن بە خانەی هەتیوان… دواتر دەردەکەوێت تالیبانیش بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە جگە لە پڕۆژەیەک بۆ ترساندن و تاریکستان، هیچت دیکە نییە.

خالید حوسێنی، پزیشک و ڕۆماننوسی ئەفغانی، دوای ئەوەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ ئەمەریکا کۆچ دەکەن، دوای ماوەیەک خۆی بۆ نووسینی ڕۆمان تەرخان دەکات و بە نووسینی دوو ڕۆمانی سەرەتای “کۆلارەباز و هەزار خۆری درەوشاوە” بە وێنەیەکی زۆر جوان و کوالێتی بەرز، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەفغانستانمان لە ۲٥ ساڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا پیشان دەدات.

هەر وەک لای خوێنەرانی بەرهەمەکانی ئاشکرایە، کە نووسەر لە یەکەم ڕۆمانیدا بە ناوی (کۆلارەباز) گوزارشتمان لە دۆخی قوربانیدانی پیاوان لە وڵاتەکەیدا بۆ دەکات، کە چۆن دوای شکستهێنانی کۆماری ئەفغانستان لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەبنە قوربانی شەڕە یەک لە دوای یەکەکان، کە بەرۆکی وڵاتی گرتووە.

دواتر “خالید حوسێنی” لە ڕۆمانەی “هەزار خۆری درەوشاوە” لە ڕێگەی گێڕانەوەی ژیانی پڕ لە نەهامەتی و چەرمەسەری دوو ژنی گەنج بە ناوەکانی “مریەم و لەیلا”ەوە، لە واقیعی ژیانی ژنانی ئەفغانستانەوە وەریگرتوون، نووسەر وێنەی ئەو دۆزەخەمان بۆ دەکێشێت، کە لە ۲٥ ساڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی شەڕەکانەوە بەرۆکی ژنانی ئەفغانستانی گرتبوو.

نووسەر، لە ڕۆمانەکانیدا دەیەوێت بە خوێنەرانی بەرهەمەکانی لە جیهاندا بڵێت: ئەو کاتەی، کە شەڕە ماڵوێرانکارەکان بوونە ناسنامەی وڵاتەکەی (ئەفغانستان) ئەوکات ئەگەر پیاوانی وڵاتەکەی تەنیا قوربانییان بە دەستی شەڕەکانەوە دابێت، ئەوا ژنانی وڵاتەکەی دوو جار قوربانیدەر بوون بە دەست شەڕەکان و کولتووری ترادسیۆن و پیاوانی کۆنزەرڤاتیڤی وڵاتەکەیەوە. ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی باس لە چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەست تاڵیبانەوە دەکات، ڕووداوەکانی ناو ئەفغانستان دەخاتە ڕوو، ئەو لە ڕۆمانەکانیدا، تەنیا ئافرەت نەچەوساوەتەوە بە دەست تاڵیبانەوە، بەڵکو پیاوانیش بەشێکن لەو دەردیسەریانەی، کە لە شارەکەدا بوونیان هەبووە.

بە گشتی دەقە ئەدەبییەکانی خالید حوسێنی، حوكم و شەرعی نادادپەروەرانەی تاڵیبانی ئیسلامی بۆ شەرعییەت دان بە كوشتار و کۆمەڵکوژی و كۆنەپەرستی خۆیان، مێژوویەك لە نەهامەتی و كوشتار و کۆمەڵکوژی هۆشیار دەکەنەوە، كە لە هۆلاكۆ و جەنگیزخان و پۆل پۆت و سەدام حسێن دەچێ‌. بەڵام لەژێر ناوی دنیا و مەزهەب  و شمشێری ئیسلامیدا، كە مرۆڤایەتی شەرم دەكات لێی، مێژووی ژنە بە دەست پیاوی جەللادەوە، مێژووی ژنە بە دەست كۆمەڵگەی سوننەتی و خێڵەكی، مێژووی ژنە بە دەست خێزانی دواكەوتوو، مێژووی ژنە بە دەست باوك و برای ناهۆشیار، مێژووی ژنە بە دەست دنیا و مەزهەب  و ئیسلامییەوە، مێژووی ژنە بە دەست حزبی ئیسلامی و دین و شەریعەت، مێژووی ژنە بە دەست مەلا و مزگەوتەوە، مێژووی ژنە بە دەست تاڵیبانەوە كە ئیدیعای نوێنەرایەتی خوا دەكات لەسەر زەوی،‌ مێژووی ژنە و مێژووی سەركەوتنی ژنیشە بەسەر ناعەدالەتی و سوكایەتی و لێدان.

لە ڕاستیدا چاپی نوێی ئەم کتێبە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو خوێنەرانەی لە چاپەکانی پێشوودا دەرفەتی خوێندەوەیان نەبوو، بە تایبەت لای هەموان ئاشکرایە وەڕگێرکارێکی ناوداری وەک ئازاد بەرزنجی کە بە وشیاریی و شارەزاییەکی زۆرەوە وەریگێڕاوە، ڕۆمانەکەی هێندەی دیکە جوانتر کردووە و چێژێکی زیاتری بە خوێنەر بەخشیوە.