دەربارەی کتێبی سێ ژیانەکەی ئاڵتوون
دەربارەی کتێبی سێ ژیانەکەی ئاڵتوون
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە واتە (سێ ژیانەکەی ئاڵتوون)ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتە، بابەتی ئەم کتێبە بیرەوەرییە، ئاڵتوون باساران کە خانمێکی کوردی باکوورە، ژیانە پڕ لە زەحمەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و لە لایەن خانمە نووسەری سویدی (ئانیکا توور)ەوە نووسراوەتەوە، دەتوانین بڵێین کتێبێکی هاوبەشە لە نێوان ئەو دوو خانمەدا، کتێبێک کە جگە لە چێژی گێڕانەوە و ئەفسوونی نووسین و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی، لێیەوە فێری زۆر شت دەبین و گەلێ زانیاری تێدا بەدەست دەهێنین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و کێشە و خەمە سەختەکانی کوردانی باکور، بە دیاریکراویش ژنان و کچان کە لە لایەکەوە بوونەتە قوربانیی خێزانە باوکسالارەکان، لە لایەکی دیکەوە بوون بە سووتەمەنی سیاسەت و چەوساندنەوەی نەتەوەیی.
کتێبەکە سێ بەشی ژیانی ئاڵتوون باساران دەگێڕێتەوە، ژیانی یەکەم لە وڵاتی تورکیا، واتە ئەو گوندەی وا تیایدا لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەیدا دەژی، واتە ساڵانی ١٩٥٧ تا ١٩٨٣ دەگێڕێتەوە، ژیانی دووەمی ئاڵتوون، دەکەوێتە وڵاتی سوید و پێکهاتووە لە ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٩١، ژیانی سێیەمیش پێکهاتووە لە ژیانی نێوان یوگوسلاڤیا، سوید و تورکیا، ساڵی ١٩٩١.
هەر وەک لە کتێبەکەدا پێی ئاشنا دەبین، ئاڵتوون ژنێکی کوردە و لە کۆتایی پەنجاکاندا لە دێیەکی بچووک لە تورکیا لە دایک بووە، خێزانەکەی ئاڵتوون، هەر وەک گەلی کورد لە باکووری کوردستان هیچ ئازادییەکیان نەبوو، ئاڵتوون لە دوای تەنیا پێنج ساڵ لە قوتابخانە، بێ ویستی خۆی بەشوو دەدرێت، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، هاوسەرەکەی ئاڵتوون لە تورکیا هەڵدێ و دەچێت بۆ وڵاتی سوید، پاشان ئاڵتوون و سێ منداڵەکەشی بە دوایدا دەچن بۆ سوید، لە سوید ئاڵتوون بواری خوێندن و کاری بۆ دەڕەخسێت، بوارێک کە بە دڵخۆشییەوە وەری دەگرێت، بەڵام دواجار تراژیدیایەک ژیانی ئەم ژنە دەگۆڕێت، بەڵام بە هێز و وزە و ئیرادەیەکی پتەوەوە دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیان.
لە دەستپێکی کتێبەکەدا (ئانیکا توور) باس لەو ساتەوەخت و سەردەم و قۆناغە دەکات کە تیایدا ئاڵتوونی وەک پەنابەرێک لە وڵاتی سوید ناسیوە، کاتێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمنارێکی ئەدەبی ڕوو لە یەکێک لە کتێبخانەکانی ئەو ناوچەیە دەکات کە ئاڵتوون لێی نیشتەجێیە، لە دوای سیمینارەکە ئاڵتوون خۆی پێ دەناسێنێت و ژیانە پڕ لە کێشە و ئازار و تێکشکاوەکەی خۆی بە چەندین قۆناخ بۆ دەگێڕێتەوە.
ئەم کتێبە بە وردی وێنای ژیانی کوردان و گوندنشینانی باکووری کوردستانمان لە ڕێگەی خانمێکی پەناهەندەی وەک ئاڵتوونەوە بۆ دەگێڕێتەوە، بارودۆخی ژیانی خەڵک، پەیوەندییە خێڵەکییەکان، باڵادەستی پیاو، پەیوەندییەکان و کار و هۆیەکانی بەرهەمهێنان، کە بریتی بووە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
ئاڵتوون منداڵی خێزانێک بووە کە باوکی پێنج ژن و دوانزدە منداڵی هەبووە، بە گوتەی خۆی لە وڵاتی تورکیا ئاسایی نییە پیاوێک پێنج ژنی هەبێت “بەڵام باوکی من پیاوێکی ئاسایی نەبووە، باوکم لە ماڵەوە پاشا بوو، قسەکانی سەنگی مەحەک بوون، بڕیاری بەسەر هەموو کەسێکدا دەدا.”
ئاڵتوون وەک کچە گوندییەک کۆمەڵێک خەونی جوانی دەبێت بۆ ژیانی خۆی، ئەو بەپێی ئەو نەخشەیە بێت بۆ پاشەڕۆژی کێشاویەتی، دەبوو جوانترین ژیانی هەبێت، بە تایبەت لە ڕووی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، بەڵام لە گوندەکەی ئەواندا کچان تەنها بۆیان هەیە تا قۆناغی سەرەتایی بخوێنن، کاتێکیش هێشتا کیژۆڵەیەک دەبێت، دەدرێت بە پیاوێک بێ ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەو پیاوەی بینیبێت، یاخود شارەزای سروشت، یاخود دڵخوازی خۆی بێت، بە هۆی هاوسەرگیرییەوە لە گوند و خێزانەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە بۆ گوندێکی دیکە، گوندێک کە ئەم نامۆیە بە خەڵکەکەی، تەنانەت لەوێ مافی ئەوەشی نییە بە ئازادی ئەو جلوبەرگە بپۆشێت کە دڵی خۆی دەیەوێت.
پاش ماوەیەک ژیانکردن لەو ژینگە و دۆخە تازەیەدا، تێدەگات کە هاوسەرەکەی کەسێکی قوماربازە و هەرچی پارەیەک کە دەستیان دەکەوێت لە قوماردا دەدۆڕێنێت، چەندین جار دەتۆرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان بۆ ماڵی باوکی، بەڵام بە هۆی پەیوەندییە خێڵەکییە دواکروتووەکانەوە، بۆ پیاو عەیبەیەکی گەورەیە کچەکەی بتۆرێت “بە جلی بووکێنییەوە دەچیتە ماڵی مێردەکەت، بە کفنەوە دێیتە دەرەوە” ئەمە ئەو ئیدیۆمە دواکەوتوانەیە کە ژنی پێ زنجیر دەکرێت.
ئاڵتوون بیرەوەرییەکانی خۆی زۆر ئازایانە گێڕاوەتەوە و دەستی بۆ قووڵترین برینەکانی خۆی بردووە، دەشێت ئەو ئازار و موعاناتەی ئەم ژنە باسیان دەکات، ژان و غەمی هەزاران ژن بێت کە بوون بە قوربانیی بەها کۆن و پەیوەندییە دواکەوتووە ئایینی و خێڵەکییەکان، بەڵام وەک ئەم جورئەت و بوێریی ئەوەیان نەبێت بیگێڕنەوە، بە تایبەت لە باسکردنی پەیوەندییە خێزانییەکاندا، چ ماڵە باوانی، چ ماڵی مێرد و خەزوور و خەسووی، جوانییەکەشی لەوەدایە ئەگەرچی باس لە دڵڕەقی و خراپی باوک، یان مێردەکەی دەکات، بەڵام شتێک لە جوانییان هەر باس دەکات و تەواوی بوون و هەڵسووکەوتیان، دوژمنکارانە ناسڕێتەوە، یاخود لە هیچ شوێنێکدا نایەت بە خەیاڵیدا کە تۆڵەیان لێ بکاتەوە، بە پێچەوانەوە لە خراپترین دۆخی ژیانی خۆی و منداڵەکانیدا، تا ئەو کاتەش کە ڕوو دەکەنە وڵاتی سوید و مافی مانەوە بەدەست دەهێنن، وەک ژنێکی خاوەن ئیرادە و بەهێز و ژیاندۆست دەردەکەوێت.
ڕەنگە سەختترین قۆناغ و ساتەوەختی ژیانی تراژیدیی ئەم ژنە ئەو ساتە بێت کە لە وڵاتی سویدەوە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەڵام لە وڵاتی یوگوسلاڤیا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و مێردەکەی و کچە گەورەکەی دمرن، خۆی و دوو منداڵەکەی دیکەشی بە موعجیزە لە مردن ڕزگاریان دەبێت.
بە گشتی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر هەم چێژبەخشە، هەم پڕە لە وانە و ئەزموون، بە تایبەت بۆ خانمان، فێریان دەکات چۆنچۆنی ڕووبەڕووی تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ببنەوە، نەڕوخێن و ئازار ژیانیان لەبەرچاو ناشرین نەکات، جەنگی بردنەوەی ژیان بکەن و نەڕوخێن، خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان بن و پەیوەندییەکانیان لەسەر ئاستێکی فراوانتردا درێژە پێ بدەن، لە لایەکی دیکەوە ڕێنمایی ئەو خێزانە کوردانە دەکات لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا نیشتەجێن، کە فشار نەخەنە سەر کوڕ و کچەکانیان و ژیرانە چاودێرییان بکەن، ڕێگەیان بدەن ئەوروپیانە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، بەر کولتوور و فەرهەنگ و کەسانی سروشت جیاجیای گەلانی دیکە بکەون و لێیانەوە فێر بن، ئەزموون و وانەی ژیانیان لێ وەربگرن و بەرمەبنای مرۆڤی نوێی سەرزەمینێکی نوێ و شارستانییەتێکی نوێ، بناغەی گەشەی ژیانی ئێستا و داهاتوویان دابڕێژن.
پرسی زمان و قەدەغە کردنی زمانی دایک لە نێو خێزان و کۆمەڵگە و ناوەندەکانی فێربوون و خوێندندا، یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی کوردانی باکوور، کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد، یەکێکی دیکەیە لەو کێشە زەقانەی کە لەم کتێبەدا و لە بیرەوەرییەکانی ئاڵتووندا باس کراون، بێگومان ئەم گرفتە لە مێژە سەری هەڵداوە و دەوڵەتی تورک جۆرەها شێوازی زەبروزەنگ و توندوتیژی دەگرێتە بەر بۆ ئەوە ڕیشەی زمان لە نێو کوردانی ئەو وڵاتەدا ببڕیتەوە، بێگومان یەکێک لە کۆڵەکە بنچینەییەکان و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک، بریتییە لە زمان و پاراستن و گەشەپێدانی زمان، دەوڵەتی تورکیش لە سۆنگەی دژایەتیی لەمێژساڵەی کوردەوە ئەم سیاسەتەی گرتووەتە بەر، بەڵام ڕۆحییەتی کوردانەی کوردانی باکوور، لە چەندین فۆڕم و شێوازی دیکەی هونەری و ئەدەبی و چالاکی سیاسییدا خۆی نمایش دەکاتەوە و درێژە بە تەمەنی پڕ لە بەرخودانی خۆی دەدات.