هەناسە فەلسەفییەکان…لە دەفتەری فەلسەفەوە
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(٧)
زەوییەکی تەخت!
– مامۆستا پرسیارێک!
من لە سوچێکی دوورە دەستی کافێکە دانیشتبووم، سەرقاڵی گوێگرتن لە دیبەیتێکی فەلسەفی بووم. سەرم هەڵبڕی، دوو کوڕی لاوم بینی، یەکێکیان پرسی:
– زەوی تەختە یان خڕە؟
هەر بە جارێ واقم وڕما! ئەم بانگخوازە ئاینییانە چۆن توانیویانە بەمجۆرە و وەک میزی حوشتر نەوەی نوێ بۆ دواوە بگەڕێننەوە.
– دانیشن و دوو قاوە بۆ خۆتان بانگ بکەن.
دانیشتن، وتم:
– مەسەلەکە ئەو قورسەش نیە. دەزانم خەڵکانێک هەن کە دەڵێن زەوی تەختە، ئەمانە بانگخواز و پیاوی ئایینن.
– ڕاستە!
– بۆ ئەم کارەش دوو شت دەکەن:
أ. گومان دەخەنە بەر ئەو دەرەنجامانەی فەلەکناسان و زانایانی دیکە پێی گەیشتوون.
ب. بەڵگە لە تێکستی ئاینی دەهێننەوە.
– وایە.
– بەڵام شتێکی گرنگتر هەیە بیکەن!
– چی بکەن؟
– لەبری ئەوەی گاڵتە بە ئەقڵی خەڵک بکەن، دەتوانن نەخشەی جیهان بهێنن و ئاڕاستەیەکی ڕێک دەستنیشان بکەن و تیمێک بە کامێراکانیانەوە پێکبهێنن بەو ئاڕاستەیەدا بڕۆن تا بزانن ئایا دەگەنەوە ئەو خاڵەی لێوەی دەستیان پێکردووە.
– ……
– ئێستا کارەکە زۆر ئاسانە، دەتوانیت بە هەفتەیەک یان دوو هەفتە بە دەوری جیهاندا بسوڕێیتەوە و هەموو دەریاکان و شاخەکان و وشکانییەکان ببڕیت.
ڕوویان کردە یەکتریی:
– وەڵا خۆ وایە!
– شتێکی تریش، دەتوانن کامێرامانەکان ببەنە لێواری زەوی، بێشک ئەگەر زەوی تەخت بێت، دەبێت کۆتایی هەبێت، وەک سینیەکی گەورە بۆ نموونە. لەوێ فیلمێک بەرهەم بهێنن و پیشانمان بدەن کە هەرکەس بگاتە ئێرە گەیشتۆتە کۆتایی جیهان.
– ئەمەش وایە!
– کەس ئەمەی کردووە؟
– نا، بەڵام زۆر پێداگریی دەکەن کە زەوی تەختە.
– هەروا لەسەر مێزەکەی خۆیانەوە وادەڵێن و قسەکانیشیان زۆر نازانستیین. کەچی کەسانی وەک ئێوەش باوەڕیان پێدەکەن.
– ….
– شتێکی تریش! ئەمانە هیچ جۆرە تەلیسکۆپ و ئامێرێکی زانستییان نیە، لێکۆڵینەوەیان نەکردووە، بۆی نەگەڕاون. هەروا بۆ خۆیان قسە دەکەن و ئێوەش باوەڕ دەکەن.
– بەڵام شتێک! ئەوانەی دەڵێن زەوی تەختە، دەڵێن ناتوانین بگەینە لێواری زەمین!
– بۆچی؟
– چونکە زەوی کۆتایی نیە!
– چۆن؟
– خۆرهەڵات و خۆراوای هەیە، بەڵام باکور و باشوری نیە.
– دەی باشە، با تیمەکە بەرەو خۆرەڵات یان خۆراوا بڕوات، با لە جیاتی هەفتەیەک حەوت ساڵیان پێ بچێت، خۆ لە کۆتاییدا هەر دەگەن!
– ….
– شتێکی تریش!
– فەرموو
– ئەگەر زەوی باکور و باشوری نەبێت، ئەوە بەو دوو ئاڕاستەیەدا بێسنوورە!
– ڕاستە!
– دەی ئەمەش کوفرە!
– چۆن؟
– چونکە بێسنووری سیفەتی خودایە، جگە لە خوا هەموو شتەکانی تر سنوریان هەیە.
– ….
– ئێستا، با من پرسیارێک بکەم.
– فەرموو
– زەوی تەختە یان ئێوە گەوجن؟
هەردوکیان پێکەنین و خەریک بوو بڕۆن، بەڵام من وتم:
– شتێکی دیکەشتان پێ بڵێم؟
– ژمارەیەک لە زانایانی ئیسلامیش زەوی وەک گۆ دەبینن!
چاویان زەق بۆوە، وەک ئەوەی شتێکی زۆر سەیریان بیستبێت، من بەردەوام بووم:
– دیارترینی ئەوانە گروپی (ئیخوان سەفان)، ناوی ئەمانەتان بیستووە؟
– نا!
– یەکێک لە گرفتەکانی ئێوە ئەوەیە هەرکەس قسەتان بۆ بکات گوێی لێدەگرن، لێگەڕاون خەڵک لە جیاتی ئێوە بیربکاتەوە. دەزانم بەشێکی زۆری ئۆباڵەکەش لە ئەستۆی سیستمی پەروەردە و خوێندنە، بەتایبەتی کە خوێندنی زمانی عەرەبی فەرامۆش کراو تەلەبەکان لە مەکتەب فێری عەرەبی نابن. ئێوە عەرەبی دەزانن:
– زۆر کەم، بەڵام لە ئینگلیزیدا خراپ نین.
– ئەوەش باشە. یەکێک لە خاسییەتەکانی مرۆڤی بیرکەرەوە ئەوەیە بەردەوام ئەقڵێکی ڕەخنەیی هەیە، کە شتێک دەبیستێت یان دەخوێنێتەوە، یەکسەر وەریناگرێت، بەڵکو ئەقڵی دەخاتە کار و هەوڵ دەدات بزانێت تا چەند لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەودا دەسازێت، ئەگەر کێشەی هەبوو، ئینجا دەگەڕێت و بەدوای سەرچاوەی بێلایەندا دەگەڕێت و لە ئەنجامدا یان بیرکردنەوەی خۆی ڕاست دەکاتەوە، یان لایەنە هەڵەکانی ئەرگومێنت و ڕایەکانی بۆ دەردەکەوێت.
– ….
– ئیخوان سەفا لە سەدەی دەهەمی زاینیدا ژیاون، واتە زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەوانە خەڵکی بەسرە بوون، خوێندەواری چاک بوون، دەیانویست سازانێک لە نێوان تێزە فەلسەفییەکان و باوەڕە ئاینییەکانی خۆیاندا (ئیسلام) دروست بکەن، کتێبێکی هاوبەشیان هەیە، پەنجا وتارە و بەناوی “نامەکانی ئیخوان سەفا”وە بڵاوکراوەتەوە، لە جێگایەکدا دەڵێن: “زەوی تەنێکی خڕە وەک تۆپ و لە ناو هەوادا وەستاوە” کەسانی دیکەش زۆرن کە هەمان ڕایان هەیە وەک مەسعودی و ئیبن جەوزی و ئیبن حەزم و ڕازی و تەنانەت ئیبن تەیمیەش هەر ڕای وابووە کە زەوی خڕە.
– ئەویش!
– بەڵێ، لە کتێبی “کۆی فەتواکان”یدا هاتووە دەڵێت “لەناو زانا ناسراوەکانی جیهاندا کەس ناناسم نکۆڵی لە خڕێتی زەمین کردبێت، جگە لە گروپێکی بچووک …ئەوانیش وتوویانە دەشێت خڕ نەبێت” نموونە بە ئایەتی قورئانیش دەهێنێتەوە (ئەنبیا: ٣٣)
– ….
– ئیسلام زانا و بیرمەندی گەورەی هەیە، هەوڵ بدەن لەچاوی ئەم بانگخوازانەوە سەیری دنیا نەکەن، ئەمانە سیاسەت دەکەن و جەهالەت بڵاو دەکەنەوە، هەتا ئێوە زیاتر نەزان بن، ئەوان زیاتر دەوڵەمەند دەبن.
سوپاسیان کردم و ڕۆیشتن.
دوای کەمێک کچی قاوەخانەکە هات و وتی: “ئەو دوو کوڕەی لات دانیشتبوون، پارەی قاوەکەتیان داوەو ئەم قاوەیەشیان بۆ داوا کردوویت.
دوایی کە چوومە ماڵەوە و تا کاروباری نوسینم تەواو کرد بوو بە سەعات یازدەی شەو. پێش ئەوەی سەیری فیلم بکەم، گفتوگۆکەم لە فەیسبووکی خۆم تۆمار کرد.
****
سەعات چوار و نیوی بەیانییە، خۆم ئامادە کردووە بۆ نوسین، سەرەتا چاوێکم بە فەیسبووکدا گێڕا، لەناکاو مەسجێک هات:
– بەیانیت باش.
– هی تۆش!
– ئەگەر تەخت بوو باوەڕ دەکەیت؟
– چی تەخت بوو؟
– زەمین!
کەمێک بیرم کردەوە، ئەمە پەیوەندیی بە پۆستەکەی شەوێوە هەیە دەربارەی شێوەی زەوی؛ پێکەنینم هات “ڕەنگە ئەمشەو خەوی لێ نەکەوتبێت و هەر بیری لێ کردبێتەوە.” بێشک ئەوەش کارێکی چاکە. زانین و زانست باجی خۆیان هەیە. وتم:
– ڕەنگە مەسەلەکە پەیوەندیی بە باوەڕەوە نەبێت!
– چۆن؟
– مرۆڤایەتی لە مێژووی خۆیدا زۆرجار بە هەڵەدا چووەو دوایی ڕاستی کردۆتەوە. ئەگەر زانست سەلماندی ئەمەش هەڵەیە، ئەوە من ڕازی دەبم بەوەی زەوی نەک تەخت بێت ، بەڵکو سێگۆشەیی، یان پێچاوپێچ، تەنانەت ئەگەر لە شێوەی زەڕافەیەکیشدا بێت.
– هەروا بە ئاسانی؟
– بەڵێ، چونکە ئەوە کاری زاناکانە بیسەلمێنن.
– ئەی ئەگەر بۆم سەلماندیت زەوی تەختە!
– گاڵتەم لێ دێت.
– بۆچی؟
– چونکە ئەوە کاری تۆ نیە.
– زاناکان سەلماندوویانە.
– بەمەیان ڕازیم، بەڵام نەک زاناکانی سودان و یەمەن، یاخود سەعیدی میسر، یان ئەوانەی لای خۆمان.
– بۆ نا؟
– چونکە دیسان کاری ئەوانیش نیە.
– کاری کێیە؟
– ئەگەر گروپێکی زاناکان لە زانکۆیەکی جیهان و بە پێی میتۆدە زانستییەکان توانییان ئەو کارە بکەن، ئەوە چەند جارێك و لەلایەن چەند ناوەندێکی جیاجیاوە دووبارە دەکرێتەوە تا دڵنیا دەبن، ئینجا ڕایدەگەیەنن، پاشان خەڵاتی نۆبڵ وەردەگرن بۆ دۆزینەوەکەیان و لێکۆڵینەوەکەیان لە گۆڤارە زانستییەکان بڵاو دەکرێتەوەو بۆ زمانەکان وەردەگێڕدرێت و ڕێکخراوی یۆنسکۆ دانی پێدادەنێت و داوا دەکات بخرێتە بەرنامەی خوێندنەوە… هەمووی چەند ساڵێکی کەمە، ئیتر پێکەنینمان دێت بەوەی جاران وامانزانیوە کە زەوی خڕە.
– تۆ بە ئاسانی باوەڕی خۆت دەگۆڕیت!
– نا، وەک وتم باوەڕ پێویستیی بە زانین نیە، تۆ دەتوانیت باوەڕت وابێت کە زەوی لە بەینی شاخەکانی گایەکدایە. بەڵام ئەوە چۆن دەسەلمێنیت، ئەوەیان شتێکی دیکەیە.
– (….)
– من خەریکی ئەفلاتون و فەلسەفەی یۆنانیم، ڕەنگە ئەو کەسە گونجاوە نەبم کە پرسیاری وام لێ بکەیت، سەرچاوە زانستییەکان بەردەستن، دەتوانیت خەریکیان ببیت.
– وایە.
– ڕێگایەکی ئاسانیش هەیە: گوێ لە چەند بانگخواز و پیاوێکی دینی بگرە، کە خۆیان کردووە بە پسپۆڕی هەموو شتێک، پێشت دەڵێن باوەڕمان پێ بکە و ئیمانەکەت بپارێزە. تۆش باوەڕیان پێ بکە.
– (….)
– بۆ من جیایە، ئەگەر بە بەڵگە دەرکەوت ئەفلاتون هەر بوونیشی نەبووە، ئەوە لە چاپی تازەی کتێبەکاندا ناوەکەی دەگۆڕم بەو ناوەی پسپۆڕانی بوارەکە لەسەری ڕێکدەکەون. ئایا تۆ ئەم دەرفەتەت هەیە؟
– مەبەستت چیە؟
– مرۆڤی باوەڕدار پابەندی باوەڕەکەیەتی، لێی لانادات، کاری بە زانست و غەیری زانست نیە، قسەی مەلاکەت نەبیستووە؟
– کامە؟
– ئەوەی دەڵێت: “ئەگەر بمبەنە سەر مانگ و بە چاوی خۆم ببینم زەوی خڕە، دەڵێم چاوم درۆ دەکات و باوەڕەکەم ڕاست دەکات.”
– هههههههههه
– پرسیارێکت لێ بکەم؟
– فەرموو!
– ئەگەر زەوی تەخت بێت، مانگگیران چۆن ڕوودەدات؟
– بە ئیرادەی خوا.
– کێشەکە لێرەدایە، خوا ئەقڵی پێداون بۆ ئەوەی بیری پێبکەنەوە و شارەزای جیهانەکەتان بن، بەڵام ئێوە لە پشتی ئەوەوە خۆتان شاردۆتەوە و هەوڵ نادەن و ماندوو نابن.
– مەبەستت چیە؟
– یانی! بۆ هەموو پرسیارێک دەتوانیت ئەم وەڵامە بدەیتەوە، سەرەنجامەکەشی ئەمەیە کە دەیبینیت.
– کامە؟
– جیهانی ئیسلامی لەناو جەهل و دواکەوتندا نغرۆ بووە و جیهانی خۆراواش تا دێت زیاتر پێشدەکەوێت. شتێکی تریش!
– چی؟
– ئەگەر زەوی تەخت بێت ئەوە یان دەبێت سێبەری تەنەکان وەک خۆیان بن، یان دەبێت خۆر بەدەوری زەویدا بسوڕێتەوە!
– جا ناسوڕێتەوە؟
– دەبینیت، مەسەلەکە بەتەنها تەختبوونی زەمین نیە، بەڵکو کۆی سیستمی بیرکردنەوە دەگۆڕێت و تەواوی تیۆرە زانستییەکان هەرەس دەهێنن. بۆ ئەمەش کارێکی زۆر هەیە دەبێت ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەسحابی زەوی تەخت جگە لە قسەکردنی سەر مینبەرەکان هیچی تریان نەکردووە. بۆ سەلماندنی تەختیی زەویی، پێویستیتان بە تیۆری زانستی هەیە، نەک قسەی سەلەفی ساڵەح.
– ….
– جاری داهاتووش ئەگەر ویستت گفتوگۆ بکەیت، لانیکەم بیخەرە دوای نانخواردنی بەیانی.
– زۆر سوپاس.
– پێش ئەوەی بڕۆیت با شتێکی خۆشت پێ بڵێم.
– بەڵێ.
– جەهل وەک و پەتا وایە، زۆر بە ئاسانی بڵاو دەبێتەوە و خەڵکێکی زۆر دەگرێتەوە؛ بەڵام زانست چاکبوونەوەیە پێویستیی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت هەیە و ماوەیەکیشی دەوێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی؛ ئینجا مەرجیش نیە هەمووان چاک ببنەوە، ژمارەیەکیان پەتاکە لەناویان دەبات.
- لەکاتی ئامادەکردنەوەی ئەم نوسینەدا بۆ هەناسە فەلسەفییەکان، بڕێک دەسکارییم کردووە و بیرۆکەی نوێم بۆ زیاد کردووە.