وتووێژ سەبارەت بە ڕۆمانی کەرەکەم بۆی گێڕامەوە
وتووێژ سەبارەت بە ڕۆمانی کەرەکەم بۆی گێڕامەوە
حەمید بانەیی: ئەم ڕۆمانە زیاد لە پەیامێکی پێیە
سازکردنی: سەردەم
لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ڕۆمانێکی یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەرانی عەرەب (تۆفیق ئەلحەکیم)ی بە ناوی (کەرەکەم بۆی گێڕامەوە) چاپ و بڵاو کردەوە، ڕۆمانەکە بە شێوە هەڵگری ڕەهەندێکی کۆمیدی و گاڵتەجاڕییە سەبارەت بە کۆمەڵێک پرس و چەمک لە دنیای عەرەبدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا، بە ئاگا هێنانەوەیەکی خێرای کۆمەڵگەیە لەو خەوە قووڵەی بێ ئاگای کردوون لە ژیان، ڕۆمانەکە لە لایەن هونەرمەندی دەنگخۆش (حەمید بانەیی) لە زمانی عەرەبییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێردراوە بۆ سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتیبفرۆشییەکان بەردەستە، لەم وتووێژەدا سەبارەت بە دنیای ڕۆمانەکە، حەمید بانەیی باس لە ناوەڕۆک و بەهای ڕۆمانەکە دەکات بۆ خوێنەری کورد.
سەردەم: بۆچی ئەم ڕۆمانەت ( کەرەکەم بۆی گێڕامەوە) هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان، پێمان بڵێ بەها و گرنگیی ئەم ڕۆمانە لە چیدایە بۆ خوێنەری کورد؟
حەمید بانەیی: بێگومان ئێمە هەموومان کاریگەری کولتووری عەرەبیمان لەسەرە و لە سەروو هەموویانەوە کولتووری میسری، لە ڕێگەی نووسەر و شاعیر و بیرمەند و هونەرمەندە گەورەکانی ئەو وڵاتەوە، یەکێک لەو نووسەرە مەزنانە (تۆفیق ئەلحەکیم)ە و لە سەردەمی ئەودا دوو نووسەری تری گەورە هەبوون لە میسردا، ئەوانیش (تەها حسەین و عەباس مەحمود ئەلعەقاد) و لەو سەردەمەدا لە میسر دەیانگوت تەها حسەین لەگەڵ دەقدا دەڕوات و تۆفیق ئەلحەکیم لە دوای دەقەوە، بەڵام عەباس مەحمود ئەلعەقاد لە پێش دەقەوە دەڕوات.
دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە، کە لەسەر داواکاری هاوڕێیەکی هونەرمەندم، کە بیرۆکەی ئەوەی هەیە بیکات بە درامایەکی هونەری، چونکە بە زمانێکی کۆمیدی نوسراوە لەسەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئەوسای میسر و هەندێکیشی لە واقیعی ژیانی خۆیەوە وەرگیراوە، ئەو هاوڕێ هونەرمەندە پێی خۆش بوو وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی و دوای وەرگێڕانی لای هاوڕێیانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم باسم کرد و ئەوانیش وتیان ئێمە کتێبی ئەو نووسەرەمان کەمە بەکوردی، ئیدی بەو شێوەیە برادەرانی دەزگای سەردەم لێیان وەرگرتم و چاپیان کرد.
سەردەم: لەم ڕۆمانەدا نووسەرێک و کەرێک باس لە کۆمەڵێک گرفت و ئاریشە و پرسی جیاجیا دەکەن، پێمان بڵێ بە لای تۆی وەرگێڕەوە سەرەکیترین پەیامی ڕۆمانەکە چییە؟
حەمید بانەیی: ئەم ڕۆمانە ساڵی ١٩٣٩ نووسراوە و ساڵی ١٩٤٥ لە میسر چاپ کراوە، لەبەر ئەوەی ڕەقابەی ئەو زەمانە بینیویانە پەیامی ئەم ڕۆمانە گاڵتەکردنە بە سیاسەت و حوکمڕانی و یاسا و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایینیی ئەو سەردەمە، بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات، هەموو ئەم ڕەخنە و پلارانە بە زمانی کەرەکەیەوە دەکات و گەر بە وردی بیخوێنینەوە دەبینین هەموو ئەو گرفتانەی دەیگێڕێتەوە، تا ئەم سەردەمەی ئەمڕۆ بەردەوامە، گەر خراپتر نەبوبێت، بۆیە ڕۆمانەکە چەند پەیامێکی پێیە نەک تەنها یەک پەیام
سەردەم: ئەو گرفت و ڕێگریانە چی بوون لە ساتی وەرگێڕانی ڕۆمانەکەدا بۆت دروست بوون و چۆن توانیت زاڵ بیت بەسەریاندا؟
حەمید بانەیی: گرفتێکی ئەوتۆم بۆ نەهاتوەتە بەردەم، چونکە زمانەکەی ئاسان بوو بە لامەوە، ئەوە نەبێت گەلێک ناوی تێدایە و بەڵام نووسەر ئاماژەی بەو ناوانە نەکردووە و هیچ پەراوێزێکی بۆ دانەناوە، بۆیە من ناچار بووم پەراوێزێکی زۆر دانێم بۆ ئەو ناوانەی کە لەوانەیە زۆر خوێنەر زانیاری ئەوتۆی نەبێت دەربارەی ئەو کەسایەتیانە، هەر بۆیە پێویست بوو زانیارییەک بنووسم دەربارەی ئەو ناوانە، بۆ بەرچاو روونی خوێنەر.
سەردەم: تۆ خۆت زیاتر وەک هونەرمەند و ڕاگەیاندنکار ناسراویت، بەڵام جارجار دەست بۆ وەرگێڕانیش دەبەیت بە تایبەت پێشتر کتێبێکی موزیکیشت وەرگێڕا، ئەم حاڵەتە چۆنە لای خۆت؟
حەمید بانەیی: ڕاستە زیاتر وەک هونەرمەند ناسراوم، چونکە هەمیشە هونەرمەند زیاتر بەرچاوە و لە کاری ڕاگەیاندنیشدا زۆر کارم کردوە، چ وەک تەلەڤزیۆن، چ ڕادیۆ و چ ڕۆژنامەنووسی، بەڵام من لە مێژە خەریکی کاری وەرگێڕانم، بە تایبەت لە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە و هەندێک جاریش لە زمانی فارسییەوە، تەنانەت هەر لە بواری ڕاگەیاندندا زیاتر لە سەدوسی سەعات کاری دۆکیومێنتاریم لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و جگە لەوە ساڵانێكیش لە ئاسیاسێڵ هەر کاری وەرگێڕانم کردووە، تەنانەت لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا چەند شانۆییەکم وەرگێڕابوو بۆ سەر زمانی کوردی بۆ قوتابیانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، هەرچەندە هەمووی فەوتان و نەمان، بەڵام لەم دواییانەدا بڕیارم دا دەست بکەم بە وەرگێڕانی کتێب و ئەم ڕۆمانەم وەرگێڕا لەگەڵ شانۆیی (بلیمەتی و ئاژاوە)ی فەیلەسوفی فەرەنسی ژان پۆڵ سارتەر، بەڵام پاش ماوەیەک بیرم لەوە کردەوە کە کەسانێکی زۆر هەن کە دەتوانن ئەم کتێبانە وەرگێڕن و لەوانەیە باشتریش بن، بۆیە بڕیارم دا دەستبکەم بە وەرگێڕانی ئەو کتێبانەی لە سەر موزیک نووسراون، چونکە کەم کەس هەیە و سەرچاوەی کوردی زۆر کەمە لەو بوارەدا و بۆ ئەو کارەش پێویستە زمانەکە بزانیت و شارەزاییشت لە بیردۆز و زانستی موزیک و زاراوەکانیش تێبگەیت، بۆیە بڕیارم وایە تا بتوانم هەر لەو بوارەدا خەریکی وەرگێڕان بم و کتێبی یەکەمم (مێژووی ژیانی موزیک) لە لایەن خۆشەویستانی سەردەمەوە چاپ کرا و ئێستاش کتێبێکی ترم لە تەواو بووندایە بە ناونیشانی (بانگهێشتێک بۆ موزیک) لە نووسینی موزیسیان و مایسترۆی میسری (یوسف ئەلسەیسی) و ئەمیش هەر بڕیارە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپی بکات و هەر لەو بوارەدا بەردەوام دەبم.
سەردەم: سەرنجت چییە لەسەر جۆری ئەو کتێبانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاویان دەکاتەوە؟
حەمید بانەیی: بێگومان هەموو ئەو کتێبانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاویان دەکاتەوە، کتێبی بەنرخن و زیاتر بە شوێن چۆنێتیدا دەگەڕێن، هیوادارم هەر لەسەر ئەم ڕێچکە و ڕێڕەوە بەردەوام بن و سەرکەوتوو بن و هەمیشە جێی دەستخۆشی و شانازیی هەموو ڕۆشنبیرانن.