دەربارەی لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ

Loading

دەربارەی لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ

چەند وتاریکی فیکری و ئەدەبی

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە دانسقە و تازەچاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری فیکری و ئەدەبی پێک هاتووە و کراوە بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەم وتارە فیکرییەکانن لەمەڕ هەندێک چەمک و بابەتی هەستیار و نوێ، بەشی دووەمیش بریتییە لە کۆمەڵێک وتاری ئەدەبی، سەرجەم وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە لە زمانەکانی عەرەبی و فارسییەوە وەرگێڕدراون و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا (ڕەووف بێگەرد) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی، لە ڕاستیدا زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین بەشێک لە چێژ و گرنگیی ئەم وتارانە بە هۆی کوردییە پاراو و جوانەکەی وەرگێڕەوەیە کە خوێنەر وا هەست دەکات هەر لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراون.

بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کۆمەڵگەی مەدەنی، دەوڵەتی هاوچەرخ دەوڵەتی دامەزراوەکانە، مێژووی ژیان و بەرهەمەکانی کارل مارکس، ئەخلاق و تووندوتیژی، بایۆگرافیی منداڵی قوتابخانە و شیعر، نامەکانی دەستەێڤیسکی پێش فەرمانی تیربارانکردن و دوای ئەوە، ڕۆمان و وەچەخستەوە، ڕۆمانی شاری دڕەندەکان، چەند بیرەوەرییەک دەربارەی چیخۆف، سوپاس کازانتزاکیس کە ڕێگەونیت لێ کردین، لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ، هونەر لە سەردەمی ستالیندا و چەندین وتار و ناونیشانی دیکە.

نووسەرەکانی ئەم وتارانە بریتین لە: ئالن دوبنوا، فرید باسل الشانی، لیۆ شتراوس، د. عیسام عەبدولفەتاح، محەمەد ڕەزا نیکفەر، خۆرخێ لویس بۆرخێس، هاشم ساڵح، میلان کۆندێرا، ئەدۆنیس، ساراماگۆ و چەندین ناوی دیکەی درەوشاوەی نێو دنیای فیکر و ئەدەب.

بێگومان وەرگێڕ بە شێوەیەکی وشیارانە ئەم کۆمەڵە وتارەی هەڵبژاردووە و لەنێو ئەم کتێبەدا جێی کردوونەتەوە، چونکە هەر یەک لە وتار و بابەتەکان ئەگەرچی لە ڕۆژگارێکی پێش ئێستا و سەبارەت بە چەمک و بابەتی جیاجیا، لە قۆناغێکی دیاریکراودا نووسراون، بەڵام هێشتا بەهای خۆیان لەدەست نەداوە و بە خوێندنەوەی هەر کام لە وتارەکان، زانیاری و ڕۆشنبیریمان لەسەر ئەو چەمک و بابەتانە زیاتر دەبێت، ڕاستە هەندێک وتار هەن تەمەنیان تەنها یەک ڕۆژە، بەڵام وتارگەل و بابەتگەلێک هەن هێندە قووڵ و فرەڕەهەند و بە بیرێکی فراوانەوە نووسراون، قۆناغ و سەدەکان دەبڕن و نەوە دوای نەوە هێزی خوێندنەوە و تێگەیشتن و چێژیان لەدەست نادەن، بێگومان وتارەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە ئەو خاسییەت و تایبەتمەندییەیان هەیە کە دەکرێت بە بەردەوامی بخوێنرێنەوە و هەر جارێکیش کە لە خوێندنەوەی تەواو دەبین، وا هەست دەکەین شتێکی نوێ فێر بووین، واتە وتارەکان بە بەردەوامی شتی نوێمان پێ دەبەخشن و فێر دەکەن.

نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ڕەووف بێگەرد) لە پێشەکییەکی کورت و پوختدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەم وتارانە، بەرودوا لە ساڵانێکی پێشوودا، لە زمانی فارسی و عەرەبییەوە وەرگێڕدراون، زۆربەیان بەرهەمی دۆسیەکانی سەردەمن کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان لە کولتووری بێگانەوە، بە درێژایی تەمەنی هەژدە ساڵی گۆڤارەکە، بەپێی زەرورەتی بابەتیانەی گۆڕان و بەرهەمە فیکری و ئەدەبییەکانی دنیا، ئەو دۆسیانە بەرهەم هاتوون و ئێستاش کاریگەرییان لەسەر ڕووناکبیری ئێمە هەیە: جگە لەم لایەنە، هەندێک لەم وتارانە، بەپێ ئەو بەها  وگرنگییەی هەیان بووە و بە لای خۆمەوە کاریگەر بوون، وەرمگێڕاون و لە چاپەمەنی تردا بڵاوم کردوونەتەوە، وتارەکان تێکەڵەن لە بابەتی فیکری، سیاسی و ئەدەبی، هەروەها ئەو دیمانانەی لەگەڵ هەندێک لە ڕووناکبیر، فەیلەسووف، بیرمەند، نووسەر و هونەرمەنداندا کراون بە لای خۆمەوە شایانی بینینی خوێنەری کورد بوون.

لە یەکێک لە وتارەکاندا بە ناوی (دیموکراسی لە دیدی فەیلەسووفانی کۆن و نوێوە، کە (ئالن دوبنوا) نووسیویەتی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە یەکەم تیۆرە کە جێگەی قبووڵکردن و بڕوای زۆربەی خەڵک بێت، ئەوەیە کە دیموکراسی بەرهەمی تایبەتی سەردەمی نوێیە، لەگەڵ گۆڕانە هەرە تازەکانی قۆناغی ڕەوتی مێژوویی و ڕژێمە سیاسییەکاندا دەگونجێت، ئەمە بیروڕایەکە بەرگری لێ ناکرێت، دیموکراسی نە نوێتر و نە گۆڕاوترە لە ڕژێمەکان، یان ئەو بیروڕایانەی دەبینین مەیلی دیموکراسییان تیایە: ئەوەی مێژووی جیهان مێژووی بەرەوپێشچوونی دنیایە، مێژوو ڕەوتێکی ڕاستەهێڵی هەیە، هەر قسەی ڕووتە و بە تایبەتی لە دوای مێژووی گۆڕانی ڕژێمە سیاسییەکاندا بێماناییان سەلمێنراوە، لێرەوە دەکرێت وەک هەندێک لە لیبرالەکان ئەوە قبووڵ بکەین کە هزری دیموکراسی، بیرێکی سروشتی و خۆڕسکە، وەک چۆن ئاڵووێری بازرگانی پێویستی بە بازاڕێکە، سیاسەتیش بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پێویستی بە ڕەوشی دیموکراسییە.

(لە بازنەوە بەرەو ئاسۆ) یەکێکی ترە لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە و ناوی خودی کتێبەکەش هەر لەم وتارەوە وەرگیراوە کە شاعیر و گەورە ڕووناکبیری عەرەب (ئەدۆنیس)نووسیویەتی، ئەدۆنیس لەم وتارەدا باس لەوە دەکات کە هەندێک تا ئێستا بە لایانەوە وایە کە ڕابردوو سەرچاوەیە، سەرچاوش سیستمێکی پێکەوە گرێدراوی تۆکمەیە کە لە ئینتیمای هاوبەش و بیری هاوبەشدا بەرجەستە دەبێت، هەروەها لە هەڵوێستی هاوبەشدا  بەرانبەر بە جیهان و مرۆڤ، لە یادەوەرییە مێژووییەکاندا، لە یەکگرتنی سیاسی/ پەیمانی ئایینیدا، لە ئیستاتیکای یەکگرتوو یان گونجاو لەگەڵ ئاکارە گشتییەکاندا: هەندێکی تر وای دەبینن کە کە ئیدی سەرچاوە نەماوە، یەقینی ڕابردوو کۆتایی پێ هاتووە، ئەوان دەڵێن تاقە شتێکی ڕاستەقینە کە بمانەوێ لەوێوە دەست پێ بکەین، تەنها هەرەسە، لەو هەرەسەدا نووسەر، شاعیر چ کەرەستە و پاڵپشتی نییە بیجگە لە وێڵبوون، مەبەستی لە ڕووی ئەزموونگەرییەوە، دەستپێکردنە بە نووسین لە دەرەوەی زەمان.

وتارە بەناوبانگەکەی (ساراماگۆ) کە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵدا ساڵی ١٩٩٨ پێشکەشی کرد، یەکێکی دیکەیە لە بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، ساراماگۆ لەو وتارەیدا دەڵێت: ئێستا بە ئاسانی دەتوانم هەموو ئەو کەسانە ببینم کە مامۆستای ژیانم بوون، ئەوانەی هەوڵی سەختی ژیانیان بە دژوارترین شێوە فێر کردم، ئەو دە دوازدە کەسایەتییانەی ڕۆمان و شانۆنامەکانم، کە ئێستاش لە بەرچاومدا دێن و دەڕۆن، ئەو پیاو و ژنانەی لەگەڵ کاغەز و مەرەکەبدا سەروسەودایان هەبوو، ئەو کەسانەی بە مەیلی خۆ و لە بەرگی حیکایەتخواندا هەڵمبژاردبوون و ڕابەریم دەکردن و لەسەر ویستی منی نووسەر، وەک بووکەشووشەیەک وا بوون، کە هەڵسوکەوتیان زیاد لە بارێکی گران و گرژی ئەو گوریسانەی بە هۆیانەوە دەمجوڵاندن، نەیاندەتوانی چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی من دابنێن.

هەر لەم کتێبەدا و لە بەشی وتارە ئەدەبییەکاندا کۆمەڵێک گفتوگۆی جوان و گرنگ بڵاوکراونەتەوە، یەکێک لەو گفتوگۆیانە لەگەڵ گەورە ڕۆماننووسی ئیتاڵی (ئەنتۆنی تابوکی)یە، لە یەکێک لە پرسیارەکانی ئەو چاوپێکەوتنەدا لێ دەپرسن: با لە دوا ڕۆمانتەوە دەست پێ بکەین کە لە کاتی دەرچوونیەوە تا ئێستا و لە هەموو ئەوروپادا سەرکەوتنێکی نایابی بەدەست هێناوە، هەندێک ڕەخنەگر وای باس دەکەن تا هەنووکە چاکترین کاری تۆیە، چیرۆکی دروستبوونی (تریستیانۆ دەمرێت) چۆن ئەو کەسەی دەمرێت لای تۆ لەدایک بوو؟

تابوکی لە وەڵامدا دەڵێت: پێش لەدایک بوونی ڕۆمانەکە زۆرم لەناو ڕۆحی خۆمدا هەڵگرتبوو، ماوەیەکی زۆر، پێش ئەوەی ڕووناکی ببینێت، لەسەر ڕەفەی کتێبخانەکەم و ناو دەفتەر و نەستی خۆمدا دامنابوو، ژیا، بەردەوام گوێم لە دەنگی دەبوو، جارێک لەگەڵیدا دەدوام و تاوێک لێی دەتۆرام، پاشان کە بە تەواوی دەنگەکە پێگەیشت، دەستم بە نووسینی کرد، کەرەستە سەرەکییەکەم لە شێوەی تێبینیدا نووسیبوو، هەندێکیان نووسرابوون ئەوی تریم لە نهێنیدا حەشار دابوو، کە دەستم بە نووسینی ڕۆمانەکە کرد، بەشێکی زۆری ئەو یاداشت و تێبینیانەم دانا کە لام بوون.

بە هیوام خوێنەری کورد خۆی لە چێژ و جوانیی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، چونکە لە لایەکەوە تێڕوانین و دید و دنیابینی ئەو نووسەرە مەزنانە دەناسین، لە لایەکی دیکەوە تێگەیشتنمان بۆ هەندێک چەمک و بابەت دەگۆڕێت.

ناردن: