جیهان چاوه‌ڕێی دواهه‌مین ڕۆمانی ماركیز ده‌كات كه ده‌یویست بیدڕێنێت
جیهان چاوه‌ڕێی دواهه‌مین ڕۆمانی ماركیز ده‌كات كه ده‌یویست بیدڕێنێت
ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
گابرێل گارسیا ماركیز(1927-2014) ، سه‌روه‌ختێك له ته‌مه‌نی 87 ساڵیدا ماڵئاوایی له ژیان ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دوای تێپه‌ڕبوونی ده ساڵی ڕه‌به‌ق به‌سه‌ر كۆچكردنیدا، دوای ئه‌وه‌ی یه‌ك ده‌یه‌ی ته‌واوه، رووناكی سه‌ر زه‌وی به‌جێهێشتووه و میوانی تاریكی گۆڕی سارد و سڕی ژێر زه‌وییه. كه‌چی ئه‌وه‌تا ته‌واوی جیهان، به تایبه‌ت خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بیات و ده‌زگا گه‌وره‌كانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، چاوه‌رێی ده‌رچوونی دواهه‌مین ڕۆمانی ده‌كه‌ن.
ماركیز كاتێك له قۆناغه‌كانی كۆتایی ته‌مه‌نی نزیكده‌بێته‌وه، له كاتێكدا پیری و نه‌خۆشی ده‌رد و خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ژیان، په‌لاماری جسته شه‌كه‌ته‌كه‌ی ده‌ده‌ن و یاده‌وه‌ری تێكده‌ده‌ن، له كاتێكدا تارمایی مه‌رگ، له نێو ماڵه‌كه‌یدا، ورده ورده لێی نزیك ده‌بێته‌وه. ئا له‌و كات و ساتانه‌دا، هه‌وڵێكی زۆر ده‌دات دواهه‌مین ڕۆمانی بنووسێت و ته‌واوی بكات، ڕۆمانێك باس له ژیانی نهێنی سێكسی ژنێك ده‌كات، هاوسه‌رگیری كردووه و له ناوه‌ڕاستی ته‌مه‌نیدایه، ژنێك دوای چوار ده‌یه له ته‌مه‌ن، خولیای ئازادی و ئه‌زمونكردنی جۆرێكی دی له ژیان، ده‌كه‌وێته سه‌ری.
خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب له ساڵی 1982، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆمانه نوێیه‌ی ته‌واو بكات، لانی كه‌م پێنج جار ڕۆمانه‌كه‌ی نووسیوه‌ته‌وه و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك، هه‌ر خه‌ریكی پیاچوونه‌وه و گۆڕانكاری و پوخته‌كردنی بووه و خێرا خێرا، له قه‌راغی لاپه‌ڕه‌كانه‌وه، په‌راوێز و تێبینی زۆری نووسیوه. دوای جێهێشتنی و چوونه‌وه‌سه‌ری، كردنه‌وه‌ی و داخستنی، سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی و سه‌یركردنی. كه‌چی دوای ئه‌و هه‌مو ماندووبوون و نووسینه‌وه و سڕینه‌وه و چاككردن و ده‌ستكاریكردنه، ته‌سلیمی چاره‌نووسی پیری ده‌بێت و حه‌وسه‌ڵه‌ی به‌رده‌وامی و نووسینی نامێنێت و بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌دات: دڕاندنی ڕۆمانه‌كه.
سه‌باره‌ت به‌و دۆخه و به‌و حاڵه‌ته، گۆنزالۆ گارسیا ماركیز، كوڕه بچووكه‌كه‌ی ماركیز ده‌ڵێت: “به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ پێی وتم ده‌بێت ڕۆمانه‌كه بدڕێنیت و له‌ناویببات”، وه‌لێ گۆنزالۆ، ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی باوكی جێبه‌جێ ناكات و ڕۆمانه‌كه به فه‌رامۆشی له‌بریچوونه‌وه ناسپێرێت، لاپه‌ڕه‌كانی نادڕێنێت و هیچی لێ فڕێناداته ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر هه‌موی هه‌ڵده‌گرێت.
سه‌روه‌ختێك باوك له ساڵی 2014، ئه‌م جیهانه و ڕۆمانه ده‌ستنووسه‌كه‌ی به ناته‌واوی به‌جێده‌هێڵێت. دوای مردنی ئه‌م ڕۆماننووسه، چه‌ندین ده‌ستنووس و تێبینی و چه‌ند به‌شێكی ڕۆمانه‌كه، له ئه‌رشیفخانه‌ی سه‌نته‌ری هاری ڕانسۆم، له زانكۆی ته‌كساس له ئۆستن، هه‌ڵده‌گیرێن و ده‌شاردرێنه‌وه.
ڕۆمانه‌كه كه نزیكه‌ی 769 لاپه‌ڕه‌ی ده‌ستنووسه، له‌وێ، له‌و سه‌نته‌ره ده‌مێنێته‌وه و كه‌س ناچێت به‌لایدا. تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی ماركیز، دژ به ویست و وه‌سیه‌تی باوكیان، بڕیارده‌ده‌ن ڕۆمانه‌كه له تاریكی ئه‌و سه‌نته‌ره ده‌ربێنن و رۆحی چاپكردنی بكه‌ن به‌به‌ردا. هه‌نووكه، دوای ده ساڵ له مردنی خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆمانه‌كه، وا بڕیاره ئه‌و ڕۆمانه كه ئه‌مه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی “تا ئاب/ حتی اغسطس”، له‌م مانگه‌دا و له 30 ده‌وڵه‌ته‌دا، چاپێكی جیهانی بكرێت و بڵاوببێته‌وه.
ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه باس له خانمێك ده‌كات ناوی “ئانا ماگدالینا باخ”ه، هه‌مو ساڵێك، له مانگی ئاب، ده‌ڕوات بۆ دوورگه‌یه‌كی كاریبی، تاكو سه‌ردانی گۆڕی دایكی بكات. له‌م گه‌شتانه‌یدا كه بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌م له هاوسه‌ره‌كه‌ی و خێزانه‌كه‌ی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له هه‌مو سه‌ردانێكیدا خۆشه‌ویستیكی نوێ بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه.
ئه‌م ڕۆمانه وه‌ك كۆتاییه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بۆ ژیان و كاره‌كانی ماركیز، لێیده‌ڕوانرێت كه یه‌كێك بوو له عیملاقه‌كانی ئه‌ده‌بی جیهانی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ. ته‌نانه‌ت پرسیار له‌وه ده‌كرێت چۆن ده‌بێت ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كتێب و به‌رهه‌مانه‌دا بكات كه دوای مردنی نووسه‌ره‌كه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه و له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌كه‌یدا نه‌گونجێت.
ئه‌ڵبه‌ته مێژووی ئه‌ده‌بیات، نمونه‌ی له‌و جۆره‌ی تێدایه، نزیكترین نمونه له ئێمه‌ی كورده‌وه، ته‌واوكردنی قه‌سیده‌كه‌ی شاعیری گه‌وره خوالێخۆشبوو شێركۆ بێكه‌سه. كاك شێركۆ دوای مردنی، قه‌سیده‌یه‌كی به ناوی پاسكیل، به ته‌واونه‌كراوی به‌جێهێشت، پاشان ئه‌م چامه ته‌واونه‌كراوه، له‌لایه‌ن هه‌ڵۆی كوڕییه‌وه، ته‌واوكراو چاپ و بڵاوكرایه‌وه. ره‌نگه تاقه جیاوازی ئه‌مه‌ی كاك شێركۆ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ماركیز، له‌وه‌دابێت، ماركیز به‌ر له مردنی، وه‌سیه‌تی كردووه ڕۆمانه‌ی بدڕێنریت و له‌ناوببرێت، واته چاپ نه‌كرێت. وه‌لێ كاك شێركۆ، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم، ئه‌و وه‌سیه‌ته‌ی نه‌كردووه. له نمونه مێژوویه‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ماركیز، ده‌كرێت به كورتی باس له‌م دوو نمونه‌یه‌ی خواره‌وه بكه‌ین:
سه‌روه‌ختێك فرانز كافكا، تووشی نه‌خۆشی سیل ده‌بێت، وه‌سیه‌ت بۆ ماكس برۆد-ی هاوڕێی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی بسوتێنێت، داوای لێده‌كات ئاگر له ته‌واوی كاره‌كانی وه‌ربدات. به‌ڵام هاوڕێكه‌ی “خیانه‌تی” لێ ده‌كات و وه‌سیته‌كه‌ی جێبه‌جێ ناكات. به‌مه‌ش ئه‌و هاوڕێ “ناپاكه” كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می نایابی له سووتان پاراست و دڵی نه‌هات گڕ له وشه و ڕسته و په‌ره‌گرافه‌كان بدات، چاوی به‌ریایی نه‌دا دوكه‌ڵی سووتاندنی به‌رگ و لاپه‌ڕ و ناوی كافكا ببینێت، له‌وانه دادگا، قه‌ڵا، ئه‌مریكا، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌سیه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ بكردایه، ئه‌وا مرۆڤایه‌تی و هه‌وادارانی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان، ئه‌و شاكارانه‌یان له‌كیس ده‌چوو. كه‌واته سڵاو له‌و خیانه‌ته پاك و بێگه‌رده‌ی هاوڕێكه‌ی كافكا ئه‌نجامیدا، خۆزگه كۆی خیانه‌ته‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ماكس بۆرد ده‌بوو.
هه‌روه‌ها ڤلادیمێر نابۆكۆف، داوای له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كرد، دواهه‌مین ڕۆمانی “أصل لورا” له‌ناوببن. كه‌چی كوڕه‌كه‌ی، دوای تێپه‌ڕبوونی زیاد له سی ساڵ، به‌سه‌ر مه‌رگی باوكییدا، ئه‌و ده‌قه ته‌واونه‌كراوه‌ی چاپ و بڵاوكرده‌وه. هه‌ندێك له‌و كارانه‌ی دوای مردنی نووسه‌ره‌كانیان بڵاوده‌كرێنه‌وه، نییه‌ت و مه‌به‌ستی نووسه‌ر له ده‌قه‌كه‌دا، ڕوون نییه. ئه‌مه وا له خوێنه‌ران و ڕه‌خنه‌گران ده‌كات، پرسیاری ئه‌وه بكه‌ن كاره‌كه-ده‌قه‌كه- تا چ ڕاده‌یه‌ك ته‌واو بووه و سه‌رنووسه‌ره‌كان تا چ ئاستێك ده‌ستوه‌ردانیان له ده‌ستنووسه‌كه‌دا كردووه.
له هه‌ندێك جاردا، ده‌زگا ئه‌ده‌بییه‌كان ڕوبه‌ڕووی ڕه‌خنه ده‌بنه‌وه، چونكه تێوه‌گلاون له شێواندنی میراتی ئه‌ده‌بی نووسه‌ره‌كه، ئه‌وه‌ش به هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی كارێك كه له ئاستی پێویستدا نییه یان ناته‌واوه. هه‌ندێك له ده‌زگاكان له‌م ڕووه‌وه، زیاتر هه‌وڵی قازانجی ماددیی ده‌ده‌ن و گوێ به ناوه‌رۆك و كولیتی به‌رهه‌مه‌كه ناده‌ن.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ لای دوو كوڕه‌كه‌ی گارسیا ماركیز، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چی له ڕۆمانه‌كه‌ی باوكیان “تا ئاب” بكه‌ن، چونكه ماركیز هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی بۆ ڕۆمانه‌كه، دژبه‌یه‌ك و ئاڵۆزبووه. ئاخر ماركیز، كات هه‌بووه، زۆر به چڕی ئیشی له ڕۆمانه‌كه‌دا كردووه و له ساتێك له ساته‌كاندا، ده‌ستنووسه‌كه‌ی ناردووه بۆ وه‌كیله ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی. به‌ڵام كاتێك به هۆی خڵه‌فانه‌وه، یاده‌وه‌ری تێكده‌چوو، بڕیاریده‌دا ده‌ستنووسه‌كه‌ی وه‌ك پێویست باش نییه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو كوڕه‌كه‌ی باسی ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 2012، ماركیز چیتر نه‌یده‌توانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و هاوڕێ هه‌ره نزیكه‌كانی بناسێته‌وه، ته‌نها مارسیدس بارشا-ی هاوسه‌ری ده‌ناسییه‌وه. هه‌روه‌ها زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا، ته‌واو بكات. هه‌ندێكجار ده‌ستی داوه‌ته كتێبێك و ده‌كه‌وته خوێندنه‌وه‌ی، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت كتێبه‌كه خۆی نووسیویه‌تی. ماركیز لای خێزانه‌كه‌ی ددانی به‌وه‌داناوه بێ یاده‌وره‌ییه‌كه‌ی، هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. ئه‌ڵبه‌ته له‌مه‌دا ناحه‌قی نه‌بووه، چونكه ئه‌و له نووسینه‌كانیدا، پشتی به یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌به‌ست و خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره و پڕ به‌سه‌رهات بوو بۆی، له‌م باره‌یه‌وه به ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی وتووه به بێ یاده‌وه‌ری “هیچ نییه”.
ئا له‌و دۆخه ناهاوسه‌نگ و ناجێگیره‌دا، له حاڵه‌تی تووندبوونی خڵه‌فان و تێكچوونی یاده‌وه‌ریدا، گومانی له باشی و به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌ی كردووه، تاوێ په‌سه‌ندی كردووه و تاوێكی دی ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه، ده‌مێك پێی باش بووه و ده‌مێكی دی پێی خراپ بووه. له‌م باره‌یه‌وه، ڕۆدریگۆ ماركیز، كوڕه گه‌وره‌كه‌ی ده‌ڵێت: “توانای حوكمدانی به‌سه‌ر كتێبه‌كه‌دا نه‌مابوو، ته‌نانه‌ت نه‌یده‌توانی شوێنی پڵۆتی/ حبكة ڕۆمانه‌كه‌ش بكه‌وێت”.
دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر مه‌رگی نووسه‌ری سه‌د ساڵ ته‌نیایی، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی، هه‌ست ده‌كه‌ن باوكیان له حوكمدانی به‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه‌دا، زۆڵ دڵڕه‌ق بووه. سه‌باره‌ت به‌وه یه‌كێك له كوڕه‌كانی ده‌ڵێت: “ده‌ستنووسه‌كه زۆر له‌وه باشتره كه پێشبینیمان ده‌كرد”. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی، ددان به‌وه‌داده‌نێن ڕۆمانی “تا ئاب” له خانه‌ی شاكاره‌كانی پۆلێن ناكرێت. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، ترسیان هه‌یه له‌وه‌ی هه‌ندێك له وه‌شانخانه‌كان، به بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره له‌و میراته‌ی باوكیان بۆی به‌جێهێشتوون، ڕۆمانه‌كه چاپ نه‌كه‌ن و گۆنزالۆ ده‌ڵێت: “بێگومان، له‌وه نیگه‌رانین وا ته‌ماشامان بكه‌ن كه ته‌نها دوو كه‌سی چاوچنۆكین”.
به پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه قه‌به‌كانی كه به واقیعی ئه‌فسوناوی ناسراوون، له نمونه‌ی خۆشه‌ویستی له زه‌مه‌نی كۆلێرا و سه‌د ساڵ ته‌نهایی كه نزیكه‌ی 50 ملیۆن دانه‌ی لێفرۆشراوه. ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی دیكه‌ی، به‌رهه‌مێكی ساده و ساكاره، نوسخه ئینگلیزییه‌كه‌ی كه بڕیاره له‌م یه‌ك دوو ڕۆژه‌دا بڵاوبكرێته‌وه و خاتوو ئان ماكلین وه‌ریگێڕاوه، ته‌نها 107 لاپه‌ڕه‌یه.
هه‌ردوو براكه، پێیانوایه، ڕۆمانه نوێیه‌كه، به‌هۆی كۆمه‌ڵێك هۆكار، خه‌رمانێكی به‌هاداره بۆ كۆی كاره‌كانی گابرێل ماركیز، له‌وانه لایه‌نێكی تازه‌ی ماركیز ده‌رده‌خات، یه‌كه‌مجاره له به‌رهه‌مه‌كانی ماركیزدا، گێڕانه‌وه‌كه تیشك ده‌خاته سه‌ر پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه و چیرۆكێكی گه‌رموگوڕێ ژنێك ده‌گێڕێته‌وه له كۆتایی چله‌كانی ته‌مه‌نیدایه، ئه‌م خانمه دوای 30 ساڵ له هاوسه‌رگیری، به‌دوای ئازادی و به‌دیهێنانی خود دا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش له میانه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی نا شه‌رعییه‌وه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، ئه‌م دوو برایه، تا دوا سنور، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌ستكاری ده‌قه‌كه نه‌كه‌ن و نه‌یگۆڕن. هه‌روه‌ها بڕیاریانداوه هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك ڕاستنه‌كه‌نه‌وه و هیچ په‌ره‌گرافێك زیاد نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له ده‌ستنووسه‌كان یان له تێبینییه‌كانی ماركیزدا نه‌هاتبێت.
سه‌رچاوه
1-رۆژنامه‌ی الشرق الاوسط، 11 ئازاری 2024
2.wikipedia.org
3- www.arageek.com