خواردنگەیەک بۆ پێکدادانی کولتوورەکان
خواردنگەیەک بۆ پێکدادانی کولتوورەکان
خستنەڕووی کتێبی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو”
خوێندنەوەی: سەردەم
دەقی شانۆیی دەتوانێت وێڕای نمایش، هاوکات لە ڕێی خوێندنەوەشەوە کاریگەریی بەرچاو دابنێت، ئەگەرچی لای ئێمە، لەنێو خوێنەرانی کورددا ئەمڕۆ خوێندنەوەی دەقی شانۆیی کەمتر بووە بە کولتوور، ئەمەش زیادتر لەو ڕوانگەیەوە هاتووە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا دەبێت لەسەر تەختی شانۆ نمایش بکرێ و ببینرێت، لە کاتێکدا ئەو دیوەشی هەیە، واتە دەتوانرێت وەک هەر دەقێکی تری ئەدەبی بخوێنرێتەوە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشی و پێزانینە کە کەسانێکی بەرچاو لەو کایەدا کار دەکەن و کۆمەڵێک دەقی زۆر گرنگی جیهانیان وەرگێڕاوە و کردوویانە بە کوردی، کە خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ئەو دەقانە و چێژێکی زۆریان لێ وەر بگرن.
دەقی شانۆیی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لە نووسینی نووسەری تورک کونگویر دیلمان و لە وەرگێڕانی نووسەر ڕەووف حەسەن، یەک لەو دەقە شانۆییە گرنگانەیە کە دەتوانێت دەرچەیەکی گەنگ بەسەر خوێنەرەکەیدا بکاتەوە و هاوکات چێژێکی زۆریش لە خوێندنەوەی وەر بگرێت. وەرگێڕ دەربارەی نووسەری ئەم شانۆنامەیە دەنووسێت: “کونگویر دیلمان نووسەری ئەم شانۆنامەیە، وێڕای ئەوەی بە دیدی و بۆچوونێکی پێشکەوتنخوازی و مرۆڤدۆستی سەردەمانەوە کارەکەی ڕاپەڕاندووە، ئەو دید و بۆچوونانەی کەوا بۆ سەد ساڵێک دەچێت بوونەتە خولیای ڕۆشنبیرانی خۆرهەڵات، ئەوا وەک تەکنیکی نووسینی شانۆنامە چ لە ڕووی سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و چ لە ڕووی زەمەنی ڕووداوەکان و هەروەها کۆکردنەوەیان لە یەک جێگەدا و لە یەک فەسڵیشدا و تەنانەت لە ساتەوەختێکیشدا… لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەو شێوازە نووسینە تایبەتمەندەیەتی کە لەو بڕوایەدام بەر لە دیلمان کەسی دی پەیی پێ نەبردووە، هەموو ئەمانە بەڵگەی لێزانین و بەسەلیقەیی و بوێری نووسەرن.” هەروەها وەرگێڕ لە سەرەتای کتێبەکەدا و لەژێر ناونیشانی “ئەم شانۆنامەیە!”دا دەنووسێت: “ئەوەی ئەم شانۆنامەیە بخوێنێتەوە لەوە بێگومان دەبێت کە هونەری دراما لای تورکەکان ڕەگوڕیشەیەکی تۆکمە و دێرینی هەیە، هێندە دێرین، تا چەند سەدەی بەر لە زایین، ئەو سەردەمەی چەند ڕەچەڵەکێکی تورک دەیان ساڵ فەرمانڕەوایی چینیان دەکرد، یاخود لەو دەوروبەرەدا دەژیان. کاریگەری ئەمەش بە ئاشکرا بەم شانۆنامەیەوە دیارە و شانۆی ڕووداوەکانیش تیایدا هۆنگ کۆنگی سەر بە وڵاتی چینە.”
ئەم دەقە کورتە لە دوو بەشدا پێشکەش کراوە، شوێن هۆنگ کۆنگی پایتەختی چینە، کات دیارینەکراوە، بەڵام شوێنەکە دیاریکراوە؛ چێشتانەیەک. کۆمەڵێک کارەکتەر ڕۆڵی سەرەکین لەم شانۆنامەیەدا، ژن و مێردێک کە لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ چین بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینیان، بە ناوەکانی جەنابی جۆناسان و خاتوو جۆناسان، هاوکات شاعیرێک بە ناوی وۆنگ و خۆشەویستەکەی بە ناوی لولو خانم، ئەمان دنیایەکی تایبەتییان هەیە و زیاتر لە کەشێکی ڕۆحانی و بووداییدا دەژین، گاسۆنێک، جۆ کە کەسێتییەکی سەیر و سەمەرەی هەیە و زیادتر وەک ڕاوچی مەیموون دەیناسین.
شانۆنامەی “خواردنگەی مەیموونی زیندوو” لەسەر بیرۆکەیەکی ترسناک دامەزراوە، کە دەکرێ چەندین دەلالەت بدات بە دەستەوە و هەر کەسە بەپێی تێگەیشتنی خۆی لێی بدوێ، بیرۆکەکەی بەم جۆرەیە: لەم خواردنگەیەدا مێشکی مەیموون پێشکەش بە میوانەکان دەکرێ، مەیموونێکی زیندوو دێنن و لە قەفەسی دەنێن، پاشان مێشکی دەردەکەن و دەرخواردی میوانەکانی دەدەن، ئەم ژن و پیاوە ئەمەریکییە هاتوون تا چێژ لەم خواردنە ببەن، مانگەکەیان تایبەتتر و خۆشتر ببێت، ئەم کارەش لە لایەن جۆ و گارسۆنەکەوە ئەنجام دەدرێ، لە بەشی یەکەمدا تاوتووێی ئەم ڕووداوەیە و میوانەکان چاوەڕێن کە ڕوو بدات و ببینین، بەڵام لە دوایین ساتدا، لەو کاتەدا کە جۆ دەیەوێ بیهێنتە دەرەوە مەیمونەکە لە قەفەس هەڵدێت و لە دەستیان دەڕوات. بەوەش لەو خۆشی و چێژە بێبەری دەبن.
لە بەشی دووەمدا شاعیرەکە و خۆشەویستەکەی دێنە ناوەوە، ئەگەرچی لە بەشی یەکیشدا شاعیرەکە هەیە و لولو خانیش دواترێ دێت، بەڵام کەمترین قسەیان هەیە و لە کەشێکی دابڕاودان لەگەڵ ئەوانی تر، لە بەشی دوودا شاعیرەکە بەوەی کە ئامادەیە لەبری بڕێک پارە ـ کە کەمیش نییە ـ ڕۆڵی مەیموونە ببینیت و ژن و پیاوەکە دڵخۆش بکات، بە واتای ئەوەی ئامادەیی ئەوە دەر دەبڕێت کە مێشکی ئەم دەر بهێنن، ئەمە دیمەنێکی ترسناکە بەردەوام ئێمە دەخاتە ناو خۆفێکی زۆرەوە، کە خەریکە بەبەر چاومانەوە مامەڵەیەکی ترسناک دەکرێ، مامەڵەیەک کە لەسەر ژیان و مردنە، بەڵام ئەوەی لەم نێوانەدا دەگوزەرێ زیادتر لەوەیە، ئێمە لە ڕێی دیالۆگەکانەوە ـ بە تایبەت هیی ژن و پیاوە ئەمریکییەکە ـ تێدەگەین کە ئەوان خاوەنی هەندێ دیدگان لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی و چینی بە تایبەتی، کە ئەم دیگایانە بەدەر نیین لە هەمان گوتاری کۆلۆنیالیزم، بە واتای داگیرکاری، کە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکات، هاوکات ئەم دیدگایە سەرڕێژە لە نیاز و مەبەستێک کە ڕۆژئاوا لەسەر ڕۆژهەڵات بونیادی ناوە و لەسەر بەتاڵانکردن و ڕووتکردنەوەی ڕۆژهەڵات ـ بە خاک و ئینسان و سەروەت و سامانییەوە ـ هەیەتی، ڕۆژئاوا لە دیدی ڕۆژئاوادا ئەویدییەکی بێئاگا و دواکەوتووە، ئەم هاتووە تا بە ساناترین شێوە فریوی بدات و لەبەینی ببات.
لەم شانۆنامەیەدا و لە نیگای ئەو ژن و پیاوەوە کە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوان، بە ئاسانی ئەو نیگا تەوسئامێز و گاڵتەجاڕییە دەبینین، کە چۆن دەخوازێت تاکەکانی ڕۆژهەڵات لە بەردەمیدا ببنە کۆیلە بۆ بەسەربردنی دڵخۆشییەکی ڕاگوزەر، دیالۆگەکان دەربڕی ئەو هەستە ناجۆرانەن، ڕەنگە ئەمە یەکێک لە ئایدیا زۆر سەرەکییەکانی پشتی ئەم دەقە کورتە بە ناوەڕۆک دەوڵەمەندە بێت.
بێگومان نابێت ڕۆڵی شاعیرەکە فەرامۆش بکەین، کە هەر کات دەپەیڤێت جۆرێک لە هەستی شاعیرانە دەسازێنێت، کە دەتوانین بە نوێنەری ڕۆحی شاعیرانەی ڕۆژهەڵاتی دابنێین، بە تایبەت بۆ ئەدەبیاتی چینی، بە دیاریکراویش بۆ ڕۆحی بوودا، کە بۆ ئێستا لە تەواوی جیهاندا بووە بە ڕۆحێکی باڵکێش. ئەو دەربڕینە شیعرییانەی کە دوایین ساتی لە سەردانی شاعیرەکە لە لایەن لولو خانمەوە دەگوترێن، جوانترین دەربڕینەکانن، با پێکەوە چەند دێڕی بخوێنینەوە:
چاوەڕوانم بە خۆشەویست/ لە کەنار ڕووبارە زەردەکە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت خۆر ئەوساکە لە کوێ دەبێت!/ لەژێر پردی ڕووبارەکەدا بوەستە/ گۆناکانت تەواو گرژ بوون/ ئایا لە ڕووخساری مندا کەنارەکەی دی دەبینیت؟/ هۆنکا هۆ… ڕووبارە زەردە/ سەدا و بانگێکی ئاسمانی لەودیوی چیای شاسییەوە دێت/ دەترسم ئەم گۆرانییە لێوەکانم هەڵوەرێنێت/ با ڕووبارە زەردەکە بێت/ تاکە ئومێدمان هەر ئەوە/ ئازیز لە کن نزیکترین تاشەبەردەوە ڕاوەستە/ کێ دەزانێت ئەوسا خۆر لە کوێدا دەبێت/ نەخەڵەتابیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە/ دەنا بەیەکگەیشتمان زۆر مەحاڵ دەبێت/ یادەوەری سەختە هێندەی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوە/ نواڵەکان بە شەتڵە چەڵتووڵ چێنراون/ ئەو ژنانەی ڕەنگیان بە ڕەنگی قامیشن/ قاچوقولیان لەنێو ئاودا نقووم بوون و بێ پشوودان چەڵتووک خاوێن دەکەنەوە و/ گۆرانییەکە دەڵێنەوە/ خۆشەویستەکەم!/ لە کەناری ڕووبارە زەردەکە چاوەڕوانم بەلە کن لێژاییەوە بوەستە/ ئەی کێ دەزانێت ئەوساکە جێگەی خۆر لە کوێ دەبێت/ وریابە نەکەیت گۆرانییەکەت لەبیر بچێتەوە.
لە کۆتاییدا دەکرێت ئەم پێشنیارە بە شانۆکارانی کورد بدەین، کە بتوانن هەرچی زووترە ئەم دەقە لە شێوازێکی سەردەمیانەدا و نزیک بە کەشوهەوای کوردانە، ئامادەی نمایش بکەن، بێگومان دەرهێنەری سەرکەوتوو و بە هاوکاری ستافێک لە ئەکتەری لێهاتوو، دەتوانن لەم دەقە (خواردنگەی مەیموونی زیندوو) نمایشێکی تایبەت و ناوازە پێشکەش بە بینەری کورد بکەن. بەو هیوایەین لە داهاتوودا ئەم دەقە لەسەر تەختی شانۆ ببینین، بە زمانی کوردی.