زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم گەیشتە ١٠٠ دۆسییە و ماڵئاوایی لە خوێنەرانی دەکات

Loading

زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم گەیشتە ١٠٠ دۆسییە و ماڵئاوایی لە خوێنەرانی دەکات

دەزگای سەردەم لە ڕەوتی درێژخایەنی کارکردنیدا، هەمیشە بە جەخت و چاوێکی تیژەوە، بەخەمی نوێبونەوە و فراوانکردنی کتێبخانەی کوردی لە سەرچاوە جیاواز و بیرە نوێیەکان کاری کردوە و بۆ ئەم مەبەستەش زیاد لە پلان و ڕێگایەکی گرتوەتە بەر، بۆ پێکانی ئامانجەکەی.

زنجیرەی دۆسییەکانی سەردەم کە هەر ژمارەی تایبەت بو بە پرس و لایەنێکی دیاری ڕۆشنبیری و فیکری، زنجیرەیەکی گرنگی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بوو، کە لە ژمارە ١ ەوە دەستی پێکرد و بە ژمارە ١٠٠ لە ژێر ناونیشانی “دەروازەیەک بۆ ناسیونالیزم” کۆتایی پێدێت.

سەبارەت بە پرۆژەی زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم، سەرۆکی دەزگای سەردەم، نووسەر و وەرگێڕ”ئازاد بەرزنجی”، لە دواهەمین ژمارەدا پێشەکییەکی نووسیوە و تیایدا چیرۆکی دەستپێکردن و هەنگاونانی یەکەمین دۆسییەکان دەگێڕێتەوە تا گەیشتن بە ژمارە ١٠٠، کە کۆتا ژمارەی دۆسییەکانە.

لە بارەی وەستانی پرۆژەکەوە، نووسەر و وەرگێڕ، هەڵکەوت عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم بە سایتی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمی ڕاگەیاند: زنجیرەی دۆسییەکانمان گەیاندە کۆتایی و بەتەماین لەبری دۆسییەکان زنجیرەیەکی نوێ دەربکەین، کە ئێستا ئامادەکاری بۆ دەکەین، لەژێر ناونیشانی (زنجیرەی داهێنەران) کە بایەخ بە داهێنەرەکانی هەموو بوارەکان (زانستی، زانستی مرۆڤایەتی، هونەر بە هەموو شێوەکانیەوە…هتد)، دەدات.

پێشەکییەکەی نووسەر و وەرگێڕ، ئازاد بەرزنجی:

 

پەیڤێک سەبارەت بە دۆسیەکانی سەردەم

 

چەند مانگێک دوای دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و پاش چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی دەزگاکە، بڕیار لەسەر دەرکردنی چەند گۆڤارێک و زنجیرەیەکی بەردەوامی کتێب درا. یەکێک لەو گۆڤارانەی بڕیاری لەسەر درا، گۆڤاری «سەردەم» بوو، کە گۆڤارێک بوو دوو مانگ جارێک ژمارەیەکی لێ دەردەچوو و مامۆستا ڕەووف بێگەرد سەرنووسەری بوو، منیش بەڕێوەبەری نووسین بووم. ئەم گۆڤارە تایبەت بوو بە وەرگێڕان لە زمانەکانی ترەوە بۆ زمانی کوردی و پتر گۆڤارێکی فیکری و ئەدەبییش بوو.

بوونی گۆڤارێکی وەها لەو ڕۆژگارەدا گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە تەوژمە فیکری و ئەدەبییەکان و ئەزموونی ئەدیبان و بیرمەندانی جیهان. هەر لەم ڕوانگەیەوە بە باشمان زانی لە هەر ژمارەیەکدا دۆسیەیەکی تایبەت هەبێت سەبارەت بە تەوژمێکی فەلسەفی یان بزووتنەوەیەکی فیکری، یاخود کەسێتییەکی دیار و کاریگەری ناو دونیای فیکر و ئەدەب و فەلسەفە. ئیتر ئەوە بوو یەکەمین دۆسیەمان لە ژمارە (١)ی گۆڤارەکەدا بۆ «ڕۆمانی نوێ» تەرخان کرد و لەوە بەدوا لە هەر ژمارەیەکدا دۆسیەیەکی ترمان دیاری دەکرد و گۆڤارەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠١٤.

لەو ساڵەوە و بە هۆی شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی بۆ دەزگای سەردەم، ناچار بووین گۆڤارەکان ڕابگرین، لە نێویاندا گۆڤاری «سەردەم»یش، بەڵام دوای وتووێژێک لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕ و ئەندامی ئەنجومەنی دەزگاکە کاک هەڵکەوت عبدوڵڵا، بە باشمان زانی ئەو دۆسیانەی کە لە ژمارە یەکی گۆڤارەکەوە بڵاوبوونەتەوە، هەر یەکەیان بە جیا دووبارە لە کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەینەوە، تا نەوەی نوێ و ئەوانەی بێبەش بوون لە خوێندنەوەی ئەو دۆسیانە، سوودمەند بن لێیان و ڕاپەڕاندنی ئەم کارەش کەوتە ئەستۆی کاک هەڵکەوت، بەڵام ژمارەی دۆسیەکان سنووردار بوو، بۆیە وەختێ ئەو دۆسیانە تەواو بوون کە پێشتر لە «سەردەم»دا بڵاو بووبوونەوە، پێکەوە لەگەڵ کاک هەڵکەوتدا وامان بە باش زانی کۆمەڵێک دۆسیەی نوێش بکرێ و تا ژمارە (١٠٠) بەردەوام بێت. ئەوە بوو کاک هەڵکەوت عەبدوڵڵا بە پەرۆشەوە ئەم کارەی ئەنجام دا و ئێمەش لە دواهەمین ژمارەی «دۆسیەکانی سەردەم»دا بە پێویستمان زانی ئاماژە بە هەوڵ و کۆششی لێنەبڕاوەی کاک هەڵکەوت بدەین لەم پڕۆژەیەدا و سوپاس و پێزانینی خۆمانی ئاڕاستە بکەین.

                               ئازاد بەرزنجی

            سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

             سەرپەرشتیاری گشتیی زنجیرەکانی کتێب

ناردن: