كارل یاسپه‌رس… به‌ڵێ بۆ ڕۆشنگه‌ریی ڕۆحانی ئیماندار
كارل یاسپه‌رس… به‌ڵێ بۆ ڕۆشنگه‌ریی ڕۆحانی ئیماندار
قه‌شه‌كان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ئاینیان كردبوو به زنجیر و كۆت و به‌ند
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
ئێمه به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ، سه‌رسامبووین به فه‌یله‌سوفه بێباوه‌ڕه‌كانی خۆرئاوا، له نمونه‌ی ماركس و هایدگه‌ر و سارته‌ر و ده‌یانی دیكه. بگره ته‌نانه‌ت له‌و بڕوایه‌دابووین ئه‌گه‌ر كه‌سێكی مولحید نه‌بیت، نا‌توانیت ببیت به فه‌یله‌سوفێكی گه‌وره. به هه‌ڵه پێمانوابوو فه‌یله‌سوفی ئیماندار، ته‌نها ده‌توانێت ببێت به كه‌سێكی دواكه‌وتوو له ڕووی عه‌قڵی و بگره تائیفییه‌وه. بۆچی؟ چونكه ئاینداری به درێژایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، په‌یوه‌ست بوو به داخران له ناو دیواری تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌وه. به‌ڵام دواتر، بۆمان ده‌ركه‌وت، به ڕاستی فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی ئیماندار هه‌یه، نه دواكه‌ووتن و نه تائیفین. له‌وانه كارل یاسپه‌رس كه هاوسه‌رده‌می هایدگه‌ر و ڕكابه‌ری ئه‌و بوو بۆ عه‌رشی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیا.
مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌و گفتوگۆ و باسوخواسه به پیت و به‌رهه‌مداره‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ڕۆشنگه‌رییه‌وه، كه‌وتبووه ناو فیكری ئه‌وروپییه‌وه، تایبه‌ت بوو به په‌یوه‌ندی نێوان زانست و ئیمان یان فه‌لسه‌فه و ئاین. هه‌ندیك هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م گفتوگۆ گه‌وره‌یه، له دوو بژارده‌ی تووندڕه‌ودا كورتبكه‌نه و بژارده‌ی سێیه‌می نه‌بێت: یا ئه‌وه‌تا ئیماندارێكی ته‌قلیدی تائیفییت، زانست و فه‌لسه‌فه ره‌تده‌كه‌یته‌وه. یا ئه‌وه‌تا فه‌یله‌سوفێكی بێباوه‌ڕیت و هه‌مو جۆره ئیمان و بڵندگه‌راییه‌كی یه‌زدانی ره‌تده‌كه‌یته‌وه.
به‌ڵام یاسپه‌رس پێیباش بوو هێڵی سێیه‌م بگرێته‌به‌ر: واته هێڵی ناوه‌ڕاست كه عه‌قڵ و ئیمان، پێكه‌وه كۆده‌كاته‌وه. ئه‌و ڕازینابێت قوربانی به فه‌لسه‌فه بدات، وه‌ك چۆن له به‌رامبه‌ردا ڕازینابێت قوربانی به ئاین، یان با بڵێین جه‌وهه‌ری ئاین بدات. ئه‌مه ئه‌و هێڵه ناوه‌ڕاسته عه‌قلانییه‌یه كه بۆ ئێمه له جیهانی عه‌ره‌بی- ئیسلامی‌دا گونجاوه. هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كمان له‌وه‌دا نییه په‌یڕه‌وی له هێڵی ماددیی بێباوه‌ڕی ڕووت بكه‌ین كه هه‌نووكه له خۆرئاوا به‌ربڵاوه.
ئه‌م بیرمه‌نده گه‌وره‌یه-یاسپه‌رس- له وتارێكیدا به ناونیشانی “ئیمان و ڕۆشنگه‌ریی”، شتێكی ئاوا ده‌ڵێت: دوو تێگه‌شتن بۆ ئاین هه‌یه: تێگه‌شتنێكی نه‌ریتخوازی ئوسوڵی كه له بنه‌مادا له‌سه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێكی كوێرانه ڕاوه‌ستاوه. له‌گه‌ڵ تێگه‌شتنێكی مۆدرین كه له‌سه‌ر بنه‌مای زانست و عه‌قڵ و تێڕوانینی فه‌له‌سه‌فی ڕاوه‌ستاوه. وه‌لێ كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، به‌شی هه‌ره زۆری خه‌ڵك، ناتوانن جیاوازی له نێوان ئه‌و دوو جۆره تێگه‌شتنه‌دا بۆ ئاین بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شه زۆره‌ی خه‌ڵك، پێیانوایه ڕۆشنگه‌ریی به زه‌روره‌ت به‌ره‌و بێباوه‌ڕی ده‌ڕوات. به‌ڵام ئه‌و تێگه‌شتنه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، تێگه‌شتنێكی هه‌ڵه‌یه یان ناته‌واوه.
كه‌واته ئاخۆ ده‌بێت ڕۆشنگه‌ریی چی بێت؟ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، پێویسته ئه‌وه بزانین، ڕۆشنگه‌ریی ناكۆك و دژه له‌گه‌ڵ ده‌مارگیریی كوێرانه كه باوه‌ڕی به هه‌ندێك فیكری دۆگمایی هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی بیخاته ژێر هه‌ڵسه‌نگاندی ڕه‌خنه‌ییه‌وه. ڕۆشنگه‌ریی دژایه‌تی بیرۆكه‌ی سیحر و جادوگه‌ری و خورافات ده‌كات. ڕازینابێت به ناوی ئیمان یان عه‌قیده‌ی ئاینییه‌وه، كۆت و به‌ند بخرێته سه‌ر ئازادی بیركردنه‌وه. هه‌روه‌ها دژایه‌تی حوكمی پێشوه‌خته و بیرۆكه‌ی كۆنی تائیفی ده‌كات كه زه‌ره و زیانه‌كانی سه‌لمێنراوه، بگره سه‌لمێنراوه مه‌ترسییان بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا هه‌یه.
ڕۆشنگه‌ریی داوامان لێده‌كات، به‌رده‌وام هه‌وڵ و تواناكانمان، له پێناو گه‌ڕان به دوای حه‌قیقه‌تدا، بخه‌ینه‌گه‌ڕ و باوه‌ڕ به هیچ شتێك نه‌كه‌ین، ته‌نها دوای ئه‌وه‌ی له سایه‌ی پێوه‌ره عه‌قڵی و لۆژیكییه‌كان، له بێژه‌نگی ده‌ده‌ین و ته‌ته‌ڵه‌ی ده‌كه‌ین. لێره‌وه جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوان ئیمانێك له‌سه‌ر خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێكی كوێرانه ڕاوه‌ستاوه، له‌گه‌ڵ ئیمانێك له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵ و ڕۆشنگه‌ریی ڕاوه‌ستاوه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، كانت، فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ریی ده‌ڵێت ڕۆشنگه‌ریی، واته گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ له قۆناغی كه‌م عه‌قڵییه‌وه، بۆ قۆناغی پێگه‌یشتن و ته‌مه‌نی كامڵبوون.
ئه‌ڵبه‌ته مرۆڤ پێشتر له سه‌ده‌كانی مه‌سیحییه‌تی ئه‌وروپیدا، به شێوه‌یه‌كی كوێرانه، گوێڕایه‌ڵی قه‌شه‌كان بوو، هه‌رچییه‌كیان بوتایه، به‌ڕاستی ده‌زانی و ملكه‌چی ده‌بوو، بێ ئه‌وه‌ی هیچ گفتوگۆیه‌كی له‌سه‌ر بكات. ئه‌مه‌ش مانای وابوو، ئه‌و مرۆڤه وه‌ك منداڵ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا، واته وه‌ك قاسرێك كه عه‌قڵی نییه. ئیدی له ساته‌وه‌ختی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌رییه‌وه، واته سه‌رده‌می عه‌قڵ و زانست، داوا له مرۆڤ كرا، به شێوه‌یه‌كی تاكه كه‌سی ئازاد بیربكاته‌وه، واته به ئازدانه و له ده‌ره‌وه‌ی شێخ و قه‌شه‌كه‌ی بیربكاته‌وه. مرۆڤ له سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی كۆت و به‌نده‌كه‌ی فڕێ‌دا و گه‌یشته ته‌مه‌نی كامڵبوون.
به‌ڵام با بڕۆینه نێو ورده‌كاریی زیاتره‌وه
هه‌ندێك له قه‌شه و كاهینه‌كانی مه‌سیحی ده‌ڵێن: سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی له ئه‌وروپا، باوه‌ڕی ئاینی له‌ناوبرد. هه‌ر بۆیه نه‌فره‌تی خودا له ڕۆشنگه‌ریی و سه‌رجه‌م ڕۆشنگه‌ران! هه‌ر ئه‌مه‌شه، ژماره‌یه‌ك له ڕۆشنبیرانی جیهانی عه‌ره‌بی، ده‌ستیانكردووه به وتنه‌وه‌ی و دووباره‌كردنه‌وه‌ی. ئاخر زۆرجار گوێمان لێده‌بێت قسه به ڕۆشنگه‌ریی ده‌ڵێن و سوكایه‌تی پێده‌كه‌ن، بۆ نمونه ده‌ڵێن: په‌نا به‌خوا ئه‌م كه‌سه ڕۆشنگه‌ره! ئه‌م كه‌سه ڕۆشنگه‌ره خوا لێمانی دوورخاته‌وه! ئۆف، ئۆف، ئۆف! به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی كه ئه‌و قسانه ده‌كه‌ن، له كۆنه‌پارێزه‌كانی عه‌ره‌بن، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین له كۆنه‌په‌رسته‌كانی عه‌ره‌بن…
كه‌واته ئایا ڕاستی چیرۆكه‌كه چییه؟ كارل یاسپه‌رس شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت كه ئه‌مه ناوه‌رۆكه‌كه‌یه‌تی: گومانی تێدا نییه، ڕۆشنگه‌ریی رایدیكاڵیزمی تووندڕه‌و، بووه هۆی وێرانكردنی كه‌له‌پوری مه‌سیحی كه له بێشكه‌وه بۆ قه‌بر، له مه‌لۆتكه‌ییه‌وه بۆ گۆڕ، ژیانمانی له‌سه‌ر بونیاد نرابوو. ئیمان و بیر و باوه‌ڕه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه سه‌دان ساڵه وه‌ك میرات، له باو و باپیرانمانه‌وه، بۆمان ماوه‌ته‌وه. ڕۆشنگه‌ریی ئێمه‌ی هه‌تیو خست، به‌جێیهێشتین و گه‌یاندینی به بۆشایی، گه‌یاندینی به لێواری نه‌هلیزم. ئاخر ڕۆشنگه‌ریی ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه و به په‌له و ڕوكه‌شانه لێی تێگه‌یشتین، ئه‌وه كاره‌ساته.
به‌ڵام ئه‌م فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌یه، پێیوایه ئه‌و ڕه‌خنانه، ته‌نها به‌سه‌ر ڕۆشنگه‌ریی هه‌ڵه‌دا یان به‌سه‌ر تێگه‌یشتنی هه‌ڵه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، پراكتیز ده‌كرێت. كه‌واته با خه‌ڵكی دڵنیابن و ترسیان نه‌بێت و ئارامببنه‌وه! چونكه تێگه‌شتنی هه‌ڵه له ڕۆشنگه‌ریی، یان با بڵێین تێگه‌شتنی لوتبه‌رزانه و خۆبه‌زلزان، له‌و باوه‌ڕه‌دایه هه‌مو مه‌عریفه، ته‌نها له‌سه‌ر عه‌قڵ بنیادنراوه. ئه‌مه له كاتێكدایه عه‌قڵ، ده‌بێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی پێویست به‌كاربێت بۆ ڕووناكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له شوێنێكی باڵاتر له عه‌قڵ، پێشكه‌شی ده‌كرێت. پاشان تێگه‌شتنی هه‌ڵه له ڕۆشنگه‌ریی، ئه‌و مه‌عریفه به‌شه‌كیانه‌ی/ الجزئیة كه مرۆڤ له ڕێگه‌ی عه‌قڵی ئه‌زمونگه‌ریی خۆیه‌وه به‌ده‌ستیهێناوه، ده‌گۆڕێت بۆ حه‌قیقه‌تی ره‌ها یان حه‌قیقه‌تی كۆتایی و ته‌واوه‌تی. ئێمه كه ئه‌مه ده‌ڵێین، ده‌زانین ئه‌و مه‌عریفانه، كاتی و تێپه‌ڕن و هه‌مو مێژووی زانست ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت.
ئاشكرایه تیۆره زانستییه‌كان، یه‌ك له دوای یه‌ك دێن و یه‌كتری ڕاستده‌كه‌نه‌وه یان هه‌ندێكیان ئه‌وانی دیكه‌یان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. سه‌رباری ئه‌وه، تێگه‌شتنی هه‌ڵه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، مرۆڤ فریوده‌دات و وای لێده‌كات خۆی به شت بزانێت و له‌و بڕوایه‌دابێت هه‌ر خۆی به ته‌نها، خاوه‌نی مه‌عریفه‌ی ته‌واوه‌تییه. ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه مرۆڤ به ته‌نها هه‌ر خۆی كۆ/ الكل بێت و سه‌ر به گروپێكی گه‌وره‌تر نه‌بیت كه تێیده‌په‌رێنێت… لێره‌دا مانای بوونه‌وه‌ری باڵا، واته خودای گه‌وره، هه‌روه‌ها مانای شكۆمه‌ندی بڵند یان بان سه‌رو/ الفوقیة، لای ڕۆشنگه‌رانی ڕووكه‌ش و به‌په‌له، شاردراوه‌ته‌وه.
ئێمه كاتێك ئه‌و قسانه ده‌كه‌ین، ده‌زانین هه‌مو ژیانی مرۆڤ، پێویسته له ژێر ڕووناكی باوه‌ڕ به په‌روه‌ردگار و شكۆی باڵا یان لووتكه‌ی باڵای مۆراڵ، ڕێگای خۆی بگرێته‌به‌ر. به كورتی، تێگه‌شتنی هه‌ڵه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، وا ده‌كات مرۆڤ بڕوای به‌وه بێت ته‌نها خودی خۆی به‌سه و پێویستی به هیچ یارمه‌تیدانێكی دیكه نییه، یان پێویستی به یارمه‌تی و هیدایه‌تێك نییه، له ده‌ره‌وه یان له‌سه‌روی خۆیه‌وه ئاراسته‌ی بكرێت. هانی زانست ده‌دات نه‌ك ئیمان.
هه‌نووكه ئه‌م پرسیاره ده‌خه‌ینه‌ڕوو: كه‌واته مانای ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆشنگه‌ریی چییه؟ كارل یاسپه‌رس ئاوا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه: ڕۆشنگه‌ریی تێگه‌شتنێكه پێشوه‌خته سنور بۆ عه‌قڵ دیاری ناكات. پێشتر له ڕێگه‌ی گریمانه‌ی دۆگمایی و تائیفی چه‌قبه‌ستووه‌وه، سنور بۆ عه‌قڵ دانانێت. چونكه عه‌قڵ پێویسته ئازاد و ده‌ستكراوه بێت، بێ بوونی كۆت و به‌ند یان سنوری ناڕه‌وا. ئه‌ڵبه‌ته تێگه‌شتنی ڕاسته‌قینه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، ته‌نها به لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بیرۆكه تووندڕه و ده‌مارگیره‌كان، خورافات و ئه‌فسانه تائیفییه‌كانه‌وه ڕاناوه‌ستێت، به‌ڵكو خۆی ده‌خاته شوێنی گومان و ڕه‌خنه‌لێگرتنه‌وه، ئاخر عه‌قڵی ڕۆشنگه‌ریی، عه‌قڵێكی مه‌عسوم نییه، ئه‌وه ته‌نها عه‌قڵی دۆگمایی چه‌قبه‌ستووه، له‌و باوه‌ڕه‌دایه عه‌قڵێكی مه‌عسومه.
بێگومان عه‌قڵی ڕۆشنگه‌ریی، بۆ ئه‌وه نه‌هاتووه مه‌عسومییه‌تی عه‌قڵی تیۆلۆژیا لاببات و خۆی به عه‌قڵێكی مه‌عسومییه‌تی نوێوه، شوێنی بگرێته‌وه. ئازادی توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه و لێوردبوونه‌وه به كراوه‌یی ده‌مێنێته‌وه و پێویسته به‌سه‌ر خودی ڕۆشنگه‌ریی خۆشی‌دا پراكتیز بكرێت، چونكه ڕۆشنگه‌ریی له سه‌ره‌وه‌ی ڕه‌خنه و له سه‌ره‌وه‌ی پشكنین نییه. تێگه‌شتنی دروست و ڕاسته‌قینه بۆ ڕۆشنگه‌ریی، ڕێڕه‌و و پرۆسه‌كانی عه‌قڵ، تێكه‌ڵ به به‌ها باڵاكانی ئه‌خلاق ناكات. ئه‌م به‌ها باڵایانه، ده‌كرێت له ڕێگه‌ی پرۆسه فیكرییه‌كانی عه‌قڵه‌وه، ڕووناكبكرێنه‌وه. وه‌لێ ناكرێت له عه‌قڵدا، ئه‌و بنه‌ما یان بنچینانه بدۆزیته‌وه كه ئه‌و به‌هایانه‌ی له‌سه‌ر ڕاوه‌ستاوه. ئه‌وانه عه‌قڵی مرۆڤ تێده‌په‌ڕێنن یان له سه‌رو‌ی عه‌قڵی مرۆڤه‌وه‌یه، ئه‌وه هه‌یبه‌تی بان مرۆڤییه.
ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه له ڕۆشنگه‌ریی تێگه‌یشتین، ئه‌وا ئیمان، به مانا جه‌وهه‌ریی و ناوه‌كی و ئازادانه‌ی وشه‌كه، له‌ناونابات. به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، مرۆڤ تا زانین و زانیارییه‌كانی فراوان و زۆرتر بوو، ده‌بێته هۆی فراوانبوونی ئیمان و ڕووناكییه‌كانی. ئێمه به یه‌ك مه‌رج ئه‌وه ده‌ڵێین، ئه‌وه‌یش ئه‌وه‌یه ئیمانی ناوه‌كی و ئیمانی ده‌ره‌كی تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین كه به‌نده له‌سه‌ر سروت و ڕێوڕه‌سمه‌كانی كڵێسا و قاڵبی شكڵبه‌ستوو كه سروشتێكی ڕقاویی و زۆره‌ملێیان هه‌یه.
دواتر یاسپه‌رس جیاوازی نێوان تێگه‌شتنی ڕاست و دروست بۆ ئاین و تێگه‌شتنی هه‌ڵه بۆ ئاین ڕوونده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت: “جیاوازی له نێوان جه‌وهه‌ری ئاین و ئه‌و لێكدانه‌وه دۆگمایی و ده‌مارگیرییه تائیفییه‌ی قه‌شه‌كان به درێژایی سه‌ده‌كان ئه‌نجامیانداوه، هه‌یه. ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتن له جه‌وهه‌ری ئاین، بریتی بێت له ئازادی و خودی یه‌زدان، ته‌نها له ڕێگه‌ی ئازادییه‌وه، بۆ مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌وا ئێمه له هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌وروپی له مه‌سیحییه‌ت تێده‌گه‌ین و ده‌زانین بۆچی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ریی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا. ئاخر مه‌سیحییه‌ت، له هه‌ندێك قۆناغیدا، گۆڕابوو بۆ كۆت و به‌ندی تاقه‌تپڕوكێن و كۆیلایه‌تی. بگره گۆڕابوو بۆ دادگاكانی پشكنین، ڕۆشنگه‌ریی دژ به هه‌مو ئه‌وانه هاته‌ئاراوه.
به‌ڵێ، قه‌شه‌كان ئاینیان گۆڕی بۆ كۆت و به‌ند، بۆ دروستكردنی ڕق و كینه، كردیان به كۆمه‌ڵێك سروت و ڕێوڕه‌سمی شكڵی. ئیدی تۆ ناچاربوویت، به زۆری زۆرداری و له ده‌ره‌وه‌ی ویستی خۆت، باوه‌ڕ به هه‌ندێك عه‌قیده و سروت بكه‌یت. به واتایه‌كی دی، ئه‌وان ئاینیان گۆڕی بۆ پێچه‌وانه‌كه‌ی، بۆ ڕق لێبوونه‌وه له ئاین. ئه‌مه له كاتێكدایه ئاین، خۆشه‌ویستی و عه‌قڵانییه‌ت و ئازادییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، وێنه‌یه‌كیان به‌خشی به یه‌زدان، دژ و پێچه‌وانه‌ی سروشت و جه‌وهه‌ری یه‌زدانه. یه‌زدان خێری ڕه‌هایه، ڕاستی ڕه‌هایه، دادپه‌روه‌ریی ڕه‌هایه و جگه له خێر و خۆشی، هیچی دیكه‌ی بۆ به‌نده‌كانی ناوێت.
(له نێوان دوو كه‌وانه‌دا، سه‌یركه‌ن قسه‌كانی لێره‌دا، چۆن هاوتایه له‌گه‌ڵ قسه‌ی موعته‌زیله له ئیسلامدا، بێ ئه‌وه‌ی ئاگاداری موعته‌زیله بووبێت). به‌ڵام قه‌شه‌كان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا، سه‌باره‌ت به جه‌وهه‌ری یه‌زدانی گه‌وره، وێنه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازیان خستبووه‌ڕوو. ئه‌وان خودایان له شێوه‌ی جه‌لادێك خستبووه‌ڕوو كه هیچ ئیش و كار و خه‌مێكی نییه، ته‌نها ترساندن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خه‌ڵك نه‌بێت! وه‌لێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م دید و تێڕوانینه، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده بڵاوببوه‌وه، ببوو به ڕاستییه‌كی واقعی و قابیلی هیچ جۆره گفتوگۆیه‌ك نه‌بوو.
لێره‌وه بۆ ئێمه قورس و زه‌حمه‌ت بوو، دید و تێڕوانینێكی دی بۆ ئاین و بۆ خودا بخه‌ینه‌ڕوو، تێڕوانینێك نزیكبێت له ئه‌سڵی یه‌كه‌مجاری ئاین و جه‌وهه‌ره‌كه‌ی. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی دوژمنایه‌تی خۆیان بۆ ڕۆشنگه‌ریی ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌وانه‌ن ناتوانن له‌و تێڕوانینه كۆنه بێنه‌ده‌ره‌وه كه وه‌ك میرات، له باو و باپیرانه‌وه ماوه‌ته‌وه. ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و تێڕوانیینه ڕاهاتوون، واته به ڕاده‌یه‌ك له‌سه‌ر كۆیلایه‌تی ڕاهاتوون، وایان لێهاتووه چێژ له ئازادی وه‌رناگرن و ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان هه‌ست ده‌كه‌ن پێویستییه‌كی ده‌روونیان به ملكه‌چكردن بۆ قه‌شه‌كان هه‌یه، ئاخر ئه‌و قه‌شانه وا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی وته‌بیژی فه‌رمی خودان له‌سه‌ر زه‌وی! به‌ڵام ئه‌گه‌ر وا له یه‌زدان تێگه‌یشتن كه بنچینه‌ی ئازادی ڕه‌ها و خێر و دادپه‌روه‌ریی و ڕاستییه، ئه‌وا هیچ ناكۆكییه‌ك له نێوان ڕۆشنگه‌ریی و ئیماندا نامێنێته‌وه و ئیمان دوای سه‌ركه‌وتنی ڕۆشنگه‌رییش، هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. بگره ڕووناكییه‌كه‌ی زۆر به‌هێزتر ده‌بێت و ده‌بێته ڕووناكی له‌سه‌ر ڕووناكی: ڕووناكی ئیمان و ڕووناكی عه‌قڵ، رووناكی ئاین و ڕووناكی فه‌له‌سفه! كه‌واته خه‌ڵكینه دڵنیابن و له ڕۆشنگه‌ریی مه‌ترسن.