مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن

Loading

مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبێکی جوان و سەنگینی بە ناوی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) چاپ و بڵاو کردەوە، بابەتی ئەم کتێبە ئەدەبییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوانەکانی ئەدەبی تورکی، ڕۆمانێک کە بە هەموو هێز و وزە و بوونیەوە، دەیەوێت پەردە لەسەر چیرۆکی تراژیدی و قوربانییە نادیارەکانی ئەودیو شیش و پەنجەرە و دیوارە بەرز و ئەستوورەکانی زیندان هەڵبداتەوە کە تیایدا کۆمەڵێک ژن ئازار دەدرێن و کەس گوێی لە هاواریان نییە، ئەم ڕۆمانە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) نووسیویەتی و لە لایەن (جەبار سابیر) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

لە ڕاستیدا یەکێک لە پێوەرەکانی هەر وەرگێڕێکی سەرکەوتوو، جگە لە شارەزایی زمان و ئاگادار بوون لە تەکنیکەکان و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری، بریتییە لەوەی چ دەق، یاخود بابەت و تێکستێک هەڵدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان کە نزیک بێت لە زەوق و چێژی خوێندنەوەی خوێنەرانی ئەو زمانەی دەقەکەی بۆ وەردەگێڕێت، هاوکات لایەنێکی دیکەی وەرگێڕی باش ئەوەیە کە ئەزموونی تازە، یاخود نووسەرانێک کە پێشتر بە ئێمە نامۆ بوون، پێمان بناسێنێت و ئاشنامان بکات بە ئەزموون و بەهرە و دونیابینی و شێوازی نووسینیان، جەبار سابیری وەرگێڕ لە ڕۆمانی (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) هەم ڕۆمانێکی شایستەی هەڵبژرادووە کە دنیاکەی و بابەت و چیرۆک و کاراکتەر و ڕووداوەکانی نزیکن لە خەم و خەون و دنیای تراژیدی ئێمەی کردەوە، هەم ناوێکی دیکە و ئەزموونێکی دیکەی لە ئەدەبی تورکی بە ئێمەی خوینەرانی کورد ناساند و وای کردووە هەر کەسێک ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، تامەزرۆی ئەوە ببێت کۆی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە تورکە بخوێنێتەوە، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بە ئێمە دەگات، ئەدەبێکی بەرگریی و سیاسییە، ڕەخنەی قووڵی نووسەرێکی ناڕازییە لە سیستمی حکومڕانی و یاسا، پیشاندانی بونیادی کۆمەڵایەتی و سیاسیی وڵاتێکە، کە پایەکانی دەسەڵاتی هێند کۆن و درزبردوون، ترسی لە بچووکترین جیاوازی و جووڵە و ناڕەزایەتی هەیە.

بە درێژایی دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی ڕژێمە دیکتاتۆر و فاشیستەکان، زیندان شوێنیک بووە بۆ تەمبێ کردن و سزادان و لەناوبردنی کەسانێک کە بە دۆخ و ژیانی باو، یاخود ئەوەی دەسەڵات بە زۆرەملێ سەپاندوویەتی ناڕازین و چاویان لەسەر دونیا و ژیانێکی دیکەیە، بەرخودان دەکەن و ڕێگاکانی سەرکەوتن بە سەختی دەبڕن، حکومەتە فاشیستەکان بۆ سەرکوتکردن و بێدەنگ کردنی دەنگە ئازا و ئازادەکان، گرنگییەکی زۆر بە دروستکردنی زیندان و دۆزینەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دەدات، هێندەی مەبەستیەتی دیواری زیندانەکان بەرز و ئەستوور بن، نیو هێندە مەبەستی نییە پۆلی قوتابخانەکان دڵگیر و فراوان بن، هێندەی لە خەمی تاریک کردنی ژوورەکانی ئینفرادیدایە، لە خەمی ئەوەدا نییە پارکێک لە کۆڵانێکی میللیدا دروست بکات، بە گشتی زیندان بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان شوێنێکە بە تەکنیکی جیاجیا مرۆڤی ناڕازی تێدا دەخەسێنرێت، ملکەچ و ڕیسوایان دەکەن، زۆر جاریش ئەگەرچی کۆمەڵێک هاوچارەنووس پێکەوە بەندن و لە یەک کاسەدا تاڵاو دەنۆشن، بەڵام لە لایەن جەللادەکانەوە دەکرێن بە دووژمنی یەکتر و تۆوی ڕق و نەفرەت لە نێوانیاندا دەچێنن، ئەو میکانیزمانەی لە زیندانەکاندا مرۆڤی پێ لەناو دەبەن، هەزار جار لەوە سەختتر و گرانترە کە ژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤەکان دروست بکەن… ئەم ڕۆمانە (مەهێڵە تەقە لە کۆلارەکان بکەن) کتومت دەرخەری ئەم ڕاستییەیە و ئاوێنەنمای ئەو ژیانە نالەبارەیە کە لە زیندانەکاندا دەگوزەرێن.

ئەم ڕۆمانە لە ڕێگەی چەند نامەیەکەوە کە (باریش)ی منداڵ بۆ (جۆن)ی دەنێرێت، چیرۆکی غەمگینی کۆمەڵێک هاوبەندی ژنانمان بۆ دەگێڕێتەوە کە هەر یەکەیان بە تۆمەت، یان تاوانی جۆراوجۆری وەک سیاسی و کۆمەڵایەتی زیندانی کراون، لە ڕاستیدا باریش زۆر لەوە منداڵترە بتوانێت نامەکان بنووسێنت، بەڵکو گەورەکانی نێو زیندان بۆی دەنووسن و لە زاری بارییشەوە، ڕووداوە ڕۆژانەییەکانی نێو زیندانی ژنان، خەون و ئاواتەکان، ڕزگاری و بەدیهاتنی ئامانجەکان بۆ جۆن دەگێڕێتەوە، جۆن خانمێکی زیندانی بووە و پێشتر لە هەمان زینداندا بووە، بەڵام ئازاد کراوە، ئەگەرچی باریشی منداڵ بە هۆی بەندکردنی دایکیەوە کەوتۆتە نێو زیندان و هیچ شتێک دەربارەی دنیای دەرەوە نازانێت و لە زینداندا ئاشنا دەبێت بە شتەکان، بەڵام لەگەڵ جۆن پەیوەندییەکی قووڵی هەبووە لە زینداندا، جۆن هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ وا بووە بۆ باریش و لە ڕێی ئەوەوە ئاشنا بووە بە دنیای دەرەوە و هەمیشە ڕێنمایی کردووە و ڕاستییەکانی ژیانی بۆ باس کردووە، لەو نامانەدا کە باریش بۆ جۆنی دەنێرێت و هیچ مەعلوومیش نییە دەگەن بە دەستی یان نا، تێدەگەین کە چی دەگوزەرێت لە دۆزەخی ئەودیو دیوارە ئەستوورەکانی زیندان، بە هۆی ئەو نامانەوە گوێبیستی چیرۆکە غەمگینەکانی زیندانییەکان دەبین، بێگومان هەر کام لە زیندانییەکانیش چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە و دیسان بە هۆی نامەکانی ئەو منداڵەوە بەر قوربانییە گەورەکان دەکەوین، بەر ئەو ژیانە نالەبارە دەکەوین کە مرۆڤ دووچاری تاوان و لادان دەکات، ئەو هۆکارانەمان بۆ باس دەکات کە وا دەکات مرۆڤ بە دەستی خۆی ژیانی خۆی تاڵ بکات، هاوکات نموونەی مرۆڤی سیاسی و خۆڕاگرمان پیشان دەدات، مرۆڤگەلێک کە خاوەنی بیروباوەڕ و ئومێدێکی گەورەن بە ژیانێکی باشتر.

یەکێک لەو نموونە بەرجەستانەی کە ترسنۆکی دەسەڵاتی فاشیستمان پیشان دەدات، بوونی گومانە لە هەموو جموجووڵێکی زیندانەکان، تەنانەت کاتێک لە یەکێک لە ژوورەکاندا کتێبێک ئاشکرا دەبێت، تەواوی جەللاد و بەڕێوەبەرانی زیندانەکە دەکەونە حاڵەتێکی نائاسییەوە و فەزای ترس بە هەموو لایەکدا بڵاو دەبێتەوە، بوونی کتێبێک کە لە خودی کتێبخانەی نێو زیندانەکەوە، لە لایەن یەکێک لە زیندانییەکانەوە خواستراوە بۆ خوێندنەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و فاشیستانە، سڵ لە هەموو جۆرە ڕۆشنبیری و وشیارییەکی ئینسانەکان دەکەنەوە و گرەوەی تەمەنیدرێژی و ملهوڕییان لەوەدا دەبیننەوە کە نەوەیەکی گەمژە و بیرنەکەرەوە و نەخوێندەوار پەروەردە بکەن، تا ملکەچ و ڕازی بن بەو یاسا و سیستمەی کە دایانڕشتووە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

هەر وەک وەرگێڕی ئەم ڕۆمانە (جەبار سابیر) ئاماژەی پێ داوە (فەریدە چیچەک ئۆغڵۆ) لە ساڵی ١٩٥١ لە ئەنکارا لەدایک بووە، کۆلێژی تەلارسازیی لە زانکۆی میدڵ ئێستی ئەنکارا تەواو کردووە و دواتر چووەتە ئەمریکا، ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی پەنسلڤانیا دکتۆرای لە تەلارسازیدا وەرگرتووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا و وەک یاریدەدەری مامۆستا وانەی گوتووەتەوە، ساڵی ١٩٨٠ بە هۆکاری سیاسی دەستگیر کراوە و چوار ساڵ حوکم دراوە، پاش ئازادبوونی، لە خانەیەکی بڵاوکردنەوەدا کاری پێداچوونەوەی تەواو کردووە: ئەم ڕۆمانە بە شێوەی نامە لە زاری مندڵێکەوە نووسراوە، کە لەگەڵ دایکیدا لە زیندانە و نامەکانی بۆ ژنێک دەنێرێت کە پێشتر لە زیندان بووە و بەرلەمان ئازاد کراوە، منداڵەکە دنیای دەرەوەی نەبینیوە و لە نامەکاندا باسی ئەو شتانە دەکات کە یەکەمجارە دەیانبینێ و دەیانبیستێ، ناوەڕۆکی نامەکان باس لە ئازادی و مرۆڤایەتی و جیهانێک دەکەن کە مرۆڤ لەوێدا ڕێزلێگیراو بێت، ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە تورکیا، شەپۆلێکی زۆری گرتن و ڕاودوونان لە دژی کۆمۆنیستەکان دەست پێ دەکات، ئەم ڕۆمانە باس لە زیندانێکی تورکیا دەکات کە لەوێدا کۆمەڵێک ژن هەن و هەندێکیان لەسەر بیروبۆچوونی جیاوازم بە تایبەت کۆمۆنیستی دەستگیر کراون و ڕۆژانە سووکایەتییان  پێ دەکرێت.

ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە، تەنیا هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنی بچووکی ئەم ڕۆمانە جوانە، دڵنیام خوێنەری وشیار و زیرەک لە ساتی خوێندنەوەیدا درک بە کۆمەڵێک لایەنی جوانی دیکەی ڕۆمانەکە دەکات و زۆر نهێنی هەیە لەناو ڕووداوەکاندا بەرهەڵدای دەکات، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە هەم بە نووسەرێک و ئەزموونێکی دیکەمان ئاشنا دەکات، هەم چێژ دەبینین و هەم ئاگاداری ڕەوشی سیاسی یەکێک لە قۆناغە مێژووییەکانی وڵاتی تورکیا دەبین کە چۆن لە پرۆسەیەکی شێتانەدا کۆمەڵێک ژنی چالاکی کۆمۆنیست دەخرێنە نێو ترسناکترین زیندانەکانی وڵاتی تورکیاوە.

ناردن: