هەناسە فەلسەفییەکان ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
هەناسە فەلسەفییەکان
ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت
(١٨)
مرۆڤ پێوەری شتەکانە
سەرنجێک لەهزری پرۆتاگۆراس
(١)
یەکێک لە گرفتەکانی فەلسەفەی پێش سۆکراتی، ئەوەیە کە نوسین و بیرو بۆچوونە ڕەسەنەکانیان لەبەردەستدا نەماون، ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە لەڕێگای ئەفلاتونو نوسەرانی ترەوەیە. ئەفلاتونیش خۆی نەیارێکی سەرسەختی سۆفیستەکانە، کە یەکێکیان (ئەگەر نەڵێین دیارترینیان) پرۆتاگۆراسە. لەم کورتە نوسینەدا هەوڵ دەدەم تەرکیز بکەمە سەر خودی پرۆتاگۆراسو بڕێک زانیاری پێشکەش بکەم، کە ڕەنگە بەرچاوڕوونییەک بن بۆ خوێندنەوەی دایالۆگەکەی لەگەڵ سۆکراتدا. دەبێت ئەوەش بڵێم، کاتێک دایالۆگەکانی ئەفلاتون دەربارەی سۆفیستەکان دەخوێنیتەوە، هەست دەکەیت لەناو هەموویاندا، ڕێزێکی تایبەتی بۆ پرۆتاگۆراس هەیە و حیسابی تایبەت بۆ بیروبۆچوونەکانی دەکات. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کاتێک پرۆتاگۆراس دەمرێت، سۆکرات تەمەنی پەنجا ساڵانە، بۆیە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین ئەم دووانە هاوچەرخ بوون.
پرۆتاگۆراس (٤٩٠ – ٤٢٠) پ.س لەپاڵ گۆرگیاسو پرۆدیکۆسدا، بە سۆفیستە پیرەکان ناسرابوون. ئەمانە وەک مامۆستای گەڕۆک بەشارەکانی یۆناندا دەگەڕان و قوتابییان لەخۆیان کۆدەکردەوە. لەڕاستیدا ئەم پیاوە یەکەمین کەسە خۆی وەک سۆفیست ناساندبێت، لەبەرامبەر فێرکردنەکانیشیدا، کرێیەکی بەرزی وەردەگرت، سۆکراتیش لە دادگاییکردنەکەیدا ئاماژەی پێدەدات.
بێشک لەو سەردەمەدا وشەکە ئەم مانا نەرێنییەی نەبوو، کە هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفلاتون، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر درەوشاوە مانای مامۆستای دانایی، واتە ئەو کەسەی کە ئەوانیتر فێری دانایی دەکات، دەگەیاند. گرنگترین شتێک لەبارەی پرۆتاگۆراسەوە بە ئێمە گەیشتبێت، وتە نیودارەکەیەتی: مرۆڤ پێوەری شتەکانە! بەواتای ئەوەی کە ڕاستی هەرگیز لای کەسێک نیە، هەریەکەو تێڕوانینی تایبەتی خۆی بۆ شتەکان هەیە، دواتریش ئەفلاتون وەهای لێکدەداتەوە کە مەبەستی لەوەیە ڕاستییەکی ڕەها بوونی نیەو هەر لەوێشەوە دەکەوێتە دژایەتیکردنی.
هەرچۆنێک بێت، مەبەستی پرۆتاگۆراس لە “مرۆڤ پێوەری شتەکانە” ئەوەیە کە هەر تاکێک خۆی پێوەری خۆیەتی، دەبێت لەوێوە بڕیارەکانی، بۆچوونەکانی بینا بکات و هەرچییەک لەدەرەوە بۆی دێت وەک گومان وەری بگرێت، تا ئەو کاتەی بڕیاری تایبەتی خۆی لەبارەوە دەدات. ئەم بیرۆکەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بیرمەندان داناوەو هەتا ئەمڕۆش هەر مشتومڕی لەبارەوە دەکرێتو زۆرێک بە بەردی بناغەی فەلسەفەی هیومانیزم دایدەنێن، چونکە ئەو دەڵێت تێگەیشتنی مرۆڤ لە گەردون لەهەڵوێستی تایبەتی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێت.. هەرچۆنێک بێت پرۆتاگۆراسو هاوەڵەکانی بەسەرەتای گوێزانەوە لە فەلسەفەی پێش سۆکراتییەوە بۆ فەلسەفەی سۆکراتی دادەنرێن.
وتەکە بڕگەیەکی دیکەشی هەیە: “هەموو ئەو شتانەی هەن، هەروەها ئەو شتانەش کە نین” ئەمەیان یانی چی؟ جگە لەوەی شتەکان لە پەیوەندیدا بە مرۆڤەوە ئەوەن کە هەن، هەر خۆی هەبوون و نەبوونی شتەکان پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە، مرۆڤ خۆی پێوەرە بۆ هەبوون یان نەبوونی شتەکان. یانی دەتوانین بیر لە فریشتەکان و جنۆکەکان بکەینەوە، کە لە پێوەری هەندێک لە مرۆڤەکاندا هەن و لە پێوەری هەندێکیشیاندا نین. یانی! لە کۆتاییدا ئەوە مرۆڤەکانن کە حوکم بەسەر واقیعدا دەدەن و واقیعێکی دەرەکیی بابەتییانە لەوێ نیە، ئێمە لە ڕێگای بۆچوونەکانمان و ئەزموونەکانمان و ئاستی تێگەیشتنمانەوە داوەریی جیهان دەکەین و بڕیاردەدەین چی هەیە و چی نیە، ئەوانەی هەن چۆنن! ئەوانەش کە نین، ئەگەر هەبن چۆن دەبن. هەروەها ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەوەش کە مرۆڤ دەتوانێت لە رێگای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و تۆژینەوەی ئەقڵانییەوە، جیاکاریی بکات لەنێوان ئەوەدا کە نیە، لەگەڵ ئەوەدا کە ڕاستەقینە نیە، یانی جیاکاریی لەنێوان واقیع و وەهمدا، یان لەنێوان بوون و نەبووندا. ئەمەش دیسان خاڵێکی گرنگی دیکەیە، وتم مرۆڤ دەتوانێت درک بە بوون بکات! هاوکات دەتوانێت درک بە شتێکی دیکەش بکات: نەبوون! کە تا ئێستاش یەکێکە لە گرفتاویترین چەمکەکان و پرسیاری زۆر ئایرۆنییانە دەوروژێنێت، لە نموونەی: ئایا نەبوون، هەیە؟
ئەمە چیمان پێدەڵێت؟ مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان توانای ئەوەیان هەیە درک بە بوون و نەبوونی شتەکان بکەن، دەتوانن لێیان تێبگەن. ئەم کارەش لە ڕێگای کۆمەڵێک کردەی ئەقڵییەوە ئەنجام دەدەن وەک تێبینیکردن و بەڵگەهێنانەوەو ئەزموونکردن و جۆرەها پرۆسەی مەعریفیی جیاجیا، کە بەهۆیانەوە دەتوانین بوونی شتەکان دەستنیشان بکەین، درک بە ڕووداوەکان بکەین، لە چەمک و دیاردەکان تێبگەین. هەرچۆنێک بێت پرۆتاگۆراس تەرکیزدەکاتە سەر ڕۆڵی سێنتەرییانەی ئاگایی و درککردنی مرۆیی و پێمان دەڵێت ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی لێیەوە لە واقیع تێبگەین، بەڵام چ واقیێک؟ واقیعێکی هەتا بڵێی شەخسیی. چونکە ئەزموونەکانمان و لێکدانەوە خودییەکانمان ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە دەبینن لە دەستنیشانکردنی ئەوەدا کە ڕاسەقینەیەو ئەوەش کە نا.
بەدیوێکی دیکەشدا، پرۆتاگۆراس کە دەڵێت مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە، ئەوە هەموویان دەخاتە یەک ئاستەوە! بەڵام بەڕاست، هەموویان لە یەک ئاستدان؟ کەسەیری دەوروبەرمان دەکەین دەبینین پرسەکە بە شێوەیەکی دیکەیە، هەندێک لە مرۆڤەکان، کورد وتەنی تەنها خەمی ورگی خۆیانە، درککردن و ژیریی ئەمانە لەئاستی ژیریی ئاژەڵدایەو ناتوانێت لە پرسە ئەقڵییەکاندا قووڵ ببێتەوە. کەواتە مەبەستی ئەو لە ‘مرۆڤ’ چیە؟ یان چ جۆرە مرۆڤێکی مەبەستە. هەروەها ئەگەر مرۆڤ بە ڕەهایی و بێسنوور وەربگرین، ئەوە مانای ئەوەیە هەموو مرۆڤەکان یەکسان و هاوتان، بەڵام کۆمەڵگای یۆنانی جگە لە پیاوە ئازادەکان، کۆیلەشی لێبوو. بەمجۆرە دەبێت چینی کۆیلەکان نەمێنێت و هەمووان ئازاد ببن. بێگومان ئەمەش پرۆتاگۆراس دەخاتە کێشەیەکی قووڵەوە لەگەڵ خاوەن کۆیلەکان و بگرە ژمارەیەک لە فەیلەسوفانی دیکەشەوە، وەک ئەرەستۆ بۆ نموونە، کە لایەنگیرێکی سەرسەختی سیستمی کۆیلایەتی بوو، تەنانەت پێداگریشی دەکرد لەسەر ئەوەی ئەگەر ژمارەی کۆیلەکان کەم بوونەوە، دەبێت جەنگێک ڕبگەیەنین.
دیسانەوە، ئەگەر سەرنجێکی چواردەوری خۆمان بدەین، دەبینین لە ئێستادا مرۆڤەکان زۆر بەو دیدەی پرۆتاگۆراس کاردەکەن، چەمکەکانی چاکە و خراپە، ئازادی، ماف …. هتد لە بەرژەوەندیی خۆیانەوە لێکدەدەنەوە. واتە خۆیان پێوەرن بۆ دیاریکردن و بەخشینی مانا بەو چەمکانە. بەراست! وادیارە پرۆتاگۆراس تا ئێستاش لەناوماندا دەژی، بۆچی؟ چونکە ئەو و هاوڕێکانی بانگەشەیان بۆ ڕێژەگەرایی دەکرد (واتە هەموو شتەکان ڕێژەیین). هەتا ئیمڕۆش ئەو بانگەشەیە درێژەی هەیە.
(٢)
پرۆتاگۆراس لە یەکێک لەوتە نێودارەکانیدا پێماندەڵێت کە دەتوانێت خراپترین ئەرگومێنت بکاتە باشترین؛ سۆکراتیش لە لە دایالۆگی پرۆتاگۆراسدا زۆر سەرسەختانە دژایەتی ئەم تێزە دەکات. کەچی گاڵتەجاڕیی قەدەر لەوەدایە ئەم تێزە دەبێتە یەکێک لەو تۆمەتانەی کە دواتر ئاڕاستەی سۆکرات دەکرێتو بەهۆیانەوە سزادەدرێتو ڕەوانەی مەرگ دەکرێت.
هەرچۆنێک بێت، ئەم وتەیەی پرۆتاگۆراس، بەتەنها بەسە بۆ تێگەیشتن لەمەزنیی ئەو پیاوەو لەقەڵەمدانی بە دامەزرێنەری تیۆری ڕێژەگەرایی. جا بیر لە ناوەرۆکی ئەرگومێنتەکە دەکەمەوەو هەست دەکەم باشترین پێناسەیە بۆ کەسی سۆفیست و خودی سۆفیستریی (ئەوەی عەرەب پێی دەڵێت سەفسەتە: ئەگەر وەرگێڕانێکی قۆشمەی بۆ بکەم، ڕەنگە خراپ نەبێت بڵێم هەڵیت و پەڵیت!) بۆ ئەوەی ئەم کارە بکەیت پێویستیت بە چیە؟ بەر لە هەموو شت زمانێکی لووس و تیژت لازمە، بۆ ئەوەی بتوانیت بە هەموو شێوەیەک بایبدەیت. یانی شارەزاییەکی باشت لە ڕەوانبێژییدا هەبێت، لەوەش گرنگتر، بگرە گرنگترین شت ئەوەیە جەماوەرێکی گەوجت هەبێت. بۆ ئەوەی ئەرگومێنتێکی لاواز بکەیت بە یەکێکی بەهێز، پێویستیت بە جۆرەها شێوازی قایلکردن هەیە، کە هەر هەموویان دەچنە چوارچێوەی بەهەڵەدابردنی لۆجیکییەوە
- هەوڵدان بۆ هەژاندنی جەماوەر، وروژاندنیان نەک ڕوونکردنەوەی هۆ و بەڵگەکان بۆیان، دەکرێت بترسێنرێن، یان بەڵێنی چەوریان پێبدرێت، یان هەر یەکێکی دیکە لە هەستوسۆزە بەهێز و گەرمەکان. ئەگەر سەرنجێکی جیهانەکەی خۆمان بدەیت، دەبینیت هەتا ئیمڕۆش خەڵکانێک هەن خەریکی ئەم گەمەیەن و بۆشیان دەچێتە سەر، سەرەکیترین هۆشی ئەوەیە هێشتا ژمارەی گەوجەکان هەر زۆرە. ئەگەر سەرنج بدەیت ئەمانە زیاتر لە ئاستی وتاری زارەکیدا کاران، زۆر بە دەگمەن وتارەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئاستی نوسین، بۆچی؟ چونکە ئەگەر وابکەن دەستەکانیان کەشف دەبێت.
- بەلاڕێدابردن، یان هەڵە ئاڕاستەکردن: پرسە سەرەکییەکان فەرامۆش دەکات و بابەتێکی لاوەکی دەکاتە جێگای سەرنج و بەهۆیەوە لاوازییەکانی ئەرگومێنتەکەی دەشارێتەوە.
- هانابردن بۆ دەسەڵات: قسە و وتەی کەسانی ناودار و پسپۆڕ دەهێێنێتەوە و ئاماژەیان بۆ دەکات، زۆرجار هیچ گرنگییەکیشیان بۆ بابەتەکەی نیە، بەڵکو دەیەوێت لەو ڕێگایەوە متمانەی بۆ دروست بکات و سەرنجی جەماوەرەکەی بۆ ئەو قسانە ڕابکێشێت و رەخنە لە قسەکانی نەگرن بەڵام گەوجەکان هەست دەکەن قسەکەرەکە زۆر وریایە و زۆر شارەزای بیرکردنەوەی پسپۆڕ و شارەزاکانە. بۆچی؟ چونکە خۆیان نەزانن!
شتی تریش زۆرە، وەک هێنانەوەی بەڵگەی بژاردەکراو (تەنها ئەوەی کە بەکەڵکی خۆی دێت)، لەگەڵ فەرامۆشکردنی ئەو بەڵگانەدا کە ڕەتیدەکەنەوە. ئەرگومێنتی بازنەیی، بەکارهێنانی زمان و زاراوەی ئاڵۆز تا وادەربکەوێت زۆر دەزانێت، پێوانەسازیی ساختە، زۆر شتی دیکەش ڕەنگە لە ئایندەدا وتارێک تەرخان بکەم بۆ ڕوونکردنەوەیان. بۆ ئێرە با ئەوەندە بەس بەس بێت و تەنها ئەوەندە دەڵێم: ئەم فرتوفێڵانە کاریگەرییان لەسەر جەماوەرێکی نەزان و ئاست نزم هەیە، چونکە ئەوانە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەییان نیە و زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕەوانبێژیی و زمانپاراوییەوە. دەتەوێت تاقیکردنەوەیەک بکەیت: بڕگەیەک لە قسەکانی محەمەد خانی وەربگرە (ئەوە لەبیری خۆت ببەرەوە کە هەزاران کەس ئامادەی وتارەکانی دەبن)، بە شێوازی لای خۆمان بینووسەرەوە، واتە زارە لادێیانەکەی جوانڕۆی لێ دوور بخەرەوە، بە زاری تایبەتی خۆت بینوسەرەوە. ئینجا سەیری بکە، بزانە چی دەڵێت! ئەگەر هەر بە دڵت بوو؛ ئەوە تۆ کێشەیەکی گەورەت هەیە.
پرسیارە گرنگەکە ئەمەیە: ئەگەر ئەمە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەوانەدا بکەین کە لەم سەردەمەدا قسەمان بۆ دەکەن؛ چەندیان لە تاقیکردنەوەکە دەردەچن؟ مەبەستم لەوەیە بڵێم: ئێمە هێشتاش لە سەردەمی سۆفیستەکاندا دەژین.
(٣)
با بگەڕێینەوە بۆ لای پرۆتاگۆراس. ڕۆڵی مامۆستایەکی دەبینی لە بواری فێرکردنی نیکی (فەزیلەت)ی سیاسییدا. لە گێڕانەوەیەکدا هاتووە، جارێکیان لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا بەڕێکەوت ڕمێک بەر کەسێک دەکەوێت و دەمرێت، پرۆتاگۆراس لەوێ دەبێت. لە نێوان ئەو و ئەوانەی لەوێ بوون، گفتوگۆیەکی دورو درێژ دەستپێدەکات لەبارەی فەلسەفەی هۆیەکانەوە. ئایا هۆی مردنی کەسەکە ڕمەکەیە یان ئەو کەسەی ڕمەکەی هاویشتووە؟ یاخود ئەو لایەنەی پێشبڕکێکەی ڕێکخستووە؟
بەلای پرۆتاگۆراسەوە، مامۆستا دەتوانێت نیکی فێری قوتابییەکانی بکات، دەشتوانیت کۆمەڵێک ڕاهێنانی کردەیی لەو بارەیەوە پێبدات. زۆریش گرنگیی دەدا بە بەکارهێنانی دروستی وشەکان ”ئۆرسۆپیدیا”، لە دایالۆگەکەی ئەفلاتوندا خەریکی لێکدانەوەی هۆنراوەیەکی سایمۆنیدێس دەبێتو لە وشەکانی وەرد دەبێتەوە. زۆریش لەشێوازەکانی ئاخاوتن وردبۆتەوەو وشەسازییەکی تایبەتی بۆ جۆرەکانی وەک جەختکردن، پرسیارو وەڵام، فەرمانەکان کردووە. کتێبێکیش دراوەتە پاڵی (نەماوە) ناونیشانەکەی ”لەبارەی شەڕەبۆکسەوە” یە، کە وەک میتافۆرێک بۆ ئاخاوتنو مشتومڕ و بێنەوبەرەی زمانی بەکاریهێناوە. دەشڵێن وانەی ڕەوانبێژیی وتۆتەوەو یەکێک بووە لەوانەی بەشداریی پێشبڕکێکانی ڕەوانبێژیی، لە یارییە ئۆڵۆمپییەکاندا، کردووە.
چیرۆکێکی دیکە: کوڕێکی لاو دەچێتە لای داوای لێدەکات فێری وتار و ئەرگومێنتی ناو دادگای بکات، ئەویش نرخی خۆی پێدەڵێت. لاوەکە دەڵێت لە ئێستادا من ئەو پارەیەم نیە، بەڵام ئەگەر فێرت کردم، منیش یەکەمین کەیسی دادگا کە دەیبەمەوە، کرێکەتی لێدەدەم. لەسەر ئەمە ڕێکدەکەون و کار بە باشی دەڕوات لاوەکە هەموو شتێک فێردەبێت.
بەڵام پێش ئەوەی بڕوات بە پرۆتاگۆراس دەڵێت: “گوێبگرە، من بڕیارم داوە پارەت نەدەمێ.” دوای مشتومڕێکی زۆر پرۆتاگوراس لە دادگا سکاڵای لێدەکات. ڕۆژی دادگایی دادوەرەکان هەموو بەڕێزەوە لەبەر پرۆتاگوراس هەڵدەستن، چونکە لەوەوە فێری پرسە یاساییەکان بوون. دادگا دەستپێدەکات و کوڕەلاوەکە دەڵێت: “دادوەرە بەڕێزەکان، پرۆتاگوراس پارەی ناکەوێت. چونکە ئەگەر من کەیسەکە ببمەوە، ئەوە پارەی نادەمێ، چونکە ئەو دۆڕاوە. ئەگەر ئەو بیباتەوە، ئەوە من دۆڕاندوومە، بەوەش نابێبت پارەی بدەمێ. چونکە گرێبەستی نێوانمان ئەوە بوو کە یەکەمین کەیس ببەمەوە ئینجا پارەی بدەمێ.”
ئەو کوڕە لاوەی کڵاوی کردە سەری پرۆتاگۆراس ناوی ‘یۆسالوس’ بوو، بەڵام خۆ ئێوەش دەزانن، چیرۆکە فەلسەفییەکان تەنها بۆ ئەوە نیە بزەیەک بخرێتە سەر لێوان، بەڵکو لەپشتیانەوە وانەیەک هەیە. ئەم چیرۆکە بە پارادۆکسەکەی پرۆتاگۆراس ناسراوە. کاتێک پرۆتاگۆراس بڕیاریدا سکاڵا لە کوڕەکە بکات، ئاواهی بیری کردبۆوە: ئەگەر من کەیسەکەم بردەوە، ئەوە بە پێی یاسا دەبێت پارەکەم پێبدات؛ خۆ ئەگەر دۆڕاندیشم هەر دەبێت پێم بدات، چونکە ئەو یەکەمین کەیسی خۆی بردۆتەوە.
بەڕاست! دەی خۆ ئەمە هەمان بیرکردنەوەی یوسالوسە کە لەسەرەوە خستمە ڕوو، ئەویش هەر ئاوا بیری کردۆتەوە: ئەگەر من کەیسەکەم بردەوە، ئەوە بە پێی یاسا نابێت پارەی بدەمێ، چونکە دۆڕاندوویەتی. خۆ ئەگەر دۆڕاندیشم هەر نابێت بیدەمێ، چونکە ئەو یەکەمین کەیسم دۆڕاندووە.
دەبینیت! یۆنانییەکان باش دەزانن چی دەکەن.
(٤)
لەنوسینێکیدا (لە بارەی خوداکانەوە) دەڵێت: ”من هیچم نیە لەبارەی خوداکانەوە بیڵێم، من نازانم هەن یان نا، ناشزانم چین، چۆنن. ئەم بابەتە خۆی بابەتێکی تەماوی و ناڕۆشنە، ژیانی مرۆڤیش زۆر لەوە کورتترە بەشی ئەم لێکۆڵینەوەیە بکات.” ئەم هەڵوێستە زۆر ئەگنۆستیکانەیە، واتە ئەوەی ئیمڕۆ پێی دەڵێین نازانمگەرایی. لەگەڵ ئەوەشدا ئەسیناییەکانی تووڕە کرد و لەشار دەریان کرد و، دەڵێن کۆپییەکانی کتێبەکەیان کۆکردەوەو لەئاگۆرا سوتاندیان. چیرۆکو گیڕانەوەی تریش لەبارەیەوە لە سەرچاوە دێرینەکاندا دەستدەکەون، هەندێک دەڵێن نەک هەر کتێبەکانی، بەڵکو خۆشی لەئەسینا دادگایی کراوەو سەرەنجام سوتێندراوە. دەبێت کەمێک بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم چیرۆکانەدا بکەین، بەتایبەتی ئەگەر زانیمان چەند سەدەیەک دوای مردنی بڵاوبوونەتەوە.
با زیاتر لێی ورد ببینەوە: بێشک پرسی بوون و نەبوونی خواکان گرفتێکی دیرینە و هەتا ئیمڕۆش مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت. هەرچۆنێک سەیری دەکەین دەتوانین سێ هەڵوێست لە بوون یان نەبوونیان وەربگرین، کە هیچیان خاوەنی ئەرگومێنتی یەکلاییکەرەوە نیە:
یەکەم: دەتوانین باوەڕ بکەین خوا/کان هەن. ئەمەش تەنها پرسی باوەڕە (من باوەڕم وایە کە خواکان هەن) واتە مەسەلەکە زۆر شەخسییە و قابیلی ئەوە نیە بە ئەرگومێنتسازیی بسەلمێنرێت. جگە لەوەش ڕیسکێکی گەورەی تێدایە: لە کۆتاییدا ئەگەر خوا/کان نەبن، ئەوە ژیانی خۆیان بەفیڕۆ داوە کە تەنها هەر ئەو دەرفەتەیان هەبووە.
دووهەم: نکۆڵیکردن لە بوونی خوا/کان، ئەمانە پێداگریی دەکەن هیچ بەڵگەیەکی ئەزموونی یان ئەقڵانی لەئارادا نیە بۆ ئەوەی باوەڕبکەین ئەوانە هەن. ئەمەش دیسان ڕیسکی هەیە: گەرەنتی چیە بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ئەوجۆرە بەڵگانە پەیدا نەبن.
گروپی سێهەم کە پرۆتاگۆراس یەکێکە لەوانە، ئەمانە نازانمگەراکانن و دەڵێن، ئێمە کارمان بە بوونی خوا یان نەبوونی نیە، ئێمە ژیانی خۆمان بەپێی ستانداردە دینی / نادینییەکان ڕێکناخەین.
بەڵام ئەگەر هەنگاوێک دوور بکەوینەوە و سەیری هەرسێ گروپەکە بکەین:
باوەڕداران ئاماژە دەکەن بۆ دەقە دینییەکان (قورئان، ئینجیل … هتد) و ئەزموونی تایبەتی (چیرۆکی زۆر ئەفسوناوی و سەرنجڕاکێش دەگێڕنەوە، وەک کەوتبوومە چاڵێکەوە نەمدەتوانی بێمە دەرەوە، لەناکاو ڕەشەبایەک هەڵیکرد و درەختێکی شکاند و کەوتە ناو چاڵەکەوە، پێیدا هەڵگەڕام و هاتمە دەرەوەو سوپاسی خوام کرد کە ئەو درەختەی بۆ ناردم.) هەروەها ژمارەیەک ئەرگومێنتیشیان هەیە، وەک جوڵێنەری نەجووڵاو (ئەرەستۆ).
ئەی لائیک (ئەسیست)ەکان؟ ئەوانەی بە بوونی خوا/کان ڕازی نین؟ ئەمانە خەڵکانێکن زیاتر لەگەڵ بەڵگەی زانستی و بیرکردنەوەی لۆجیکییانەدا کاردەکەن و گرنگیی بە وتەی نەسەلمێندراو نادەن.
نازانمگەراکان وەها بیردەکەنەوە کە مرۆڤ توانایەکی سنورداری هەیە و ئەو زانینەی هەیەتی بەشی سەلماندن یان ڕەتکردنەوەی بوونی خواکان ناکات.
هەرچۆنێک بێت، زۆر لایەنی وەک سایکۆلۆجیای تایبەتی مرۆڤەکان و کاریگەرییە کەلتورییەکان و مەیلە فەلسەفییەکان و پەروەردە و ئاستی زرنگی، فاکتەری گرنگن لە بڕیاردان لەوەی کام لەم سێ هەڵوێستە پێڕەو بکەن.
ئەفلاتون و دایالۆگی پرۆتاگۆراس
ئەم دایالۆگە لەماڵی کاڵیاسو لەنێوان پرۆتاگۆراسی پیرو سۆکراتی تازەپێگەیشتوودا ڕوودەدات. خەڵکێکی زۆر لە دایالۆگەکەدا ئامادەن، بەڵام تەنها سیانیان وەک سۆفیست ناسراون: هیپیاسی ئیلیس، پرۆدیکۆسی کیۆس، هەروها پرۆتاگۆراس کە مامۆستای هەردوو کوڕەکەی پێریکلێسی سیاسەتمەداری ناسراوی ئەسینایە. سۆکراتو ئەڵسابایدێسی هاوڕێی دەچنە لای پرۆتاگۆراسو ئەویش نەک هەر نکۆڵی لە سۆفیستبوونی خۆی ناکات، بەڵکو بە هونەرێکی دێرینو خانەدانیش دایدەنێت و ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کەسانی وەک هۆمیرۆسو هیسیۆدیش سۆفیست بوون و لەپشتیی ئەو هونەرەوە خۆیان لەتووڕەیی خەڵکی سادە شاردۆتەوە. پاشان ڕایدەگەیەنێت کە بە هونەرەکەی قوتابییەکانی دەکاتە هاوڵاتی باشو سۆکراتیش ئەمەی بەدڵ نیە، چونکە بەلایەوە نیکی قابیلی فێرکردن نیە، بەڵکو قابیلی بیرهاتنەوەیە. ئەمە تێزێکی سەرەکی بیرکردنەوەی ئەفلاتونە لە فۆرمەکانو لە دایالۆگی مینۆنیشدا دیسان دێتەوە سەری؛ لێرەشدا بەشی یەکەمی دایالۆگەکە پێکدەهێنێت. پاشان مشتومڕەکە بەناو یەکێتی یان دابەشکراویی نیکییدا گوزەردەکاتو دەچێتە سەر پەروەردەو لەکۆتاییشدا دەگۆڕێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی فەلسە لەبەرامەبەری سۆفیستریدا.
ئەم دایالۆگە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی ئەفلاتوون و تێیدا هەوڵدراوە سروشتی نیکی و زانین بدۆزرێتەوە. دەتوانم چەند خاڵێکی سەرەکی دەستنیشان بکەم کە سۆکرات و پرۆتاگۆراس لەسەریان ڕاوەستاون:
سروشتی نیکی: مشتومڕێکی زۆر دەکرێت کە ئایا نیکی قابیلی فێرکردنە، سۆکرات دژی ئەم بۆچوونەیە، بەڵام پرۆتاگۆراس کە هەر خۆی پیشەکەی (فێرکردنی نیکییە!) داکۆکیی لێدەکات. ئەمە زۆر بە جوانیی ئەسڵی ناکۆکیی نێوان سۆفیست و فەیلەسوفانمان بۆ ڕۆشندەکاتەوە. یانی بە بڕوای سۆفیستەکان ئەگەر لە خێزانێکی دەوڵەمەند بیت و ئامادە بیت پارە بدەیت، ئەوە سۆفیست دەتوانێت فێرت بکات و ئامادەت بکات بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە ژیانی گشتییدا. ڕەنگە ژیانی ئێمە باشترین نموونە بێت بۆ ئەو کارەساتانەی سۆفیست بەسەریدا هێناوە. باشترین بەڵگەش بێت بۆ ئەوەی سەرفکردنی پارەی زۆر بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە لە زانکۆ جیهانییەکاندا بێ ئەوەی کارە فەلسەفییەکە ئەنجام بدەیت: لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی و گەڕان بەدوای هەقیقەتدا (بەمانا سۆکراتییەکەی)، کۆتاییەکەی بە وێرانبوونی کۆمەڵگا دەبێت.
پرۆتاگۆراس کە باس لە ڕێژەییبوونی بەهاکان دەکات، دەیەوێت پێمان بڵێت کە نیکی (فەزیلەت) قابیلی دابەشکردنە و نیکییەکان جۆراوجۆر و جیاوازن و هەریەکەیان بە جیا مادەی خوێندن و فێربوونن. بەڵام سۆکرات دەڵێت هەموو نیکییەکان پێکەوە پێوەستن و بە هەموویان مانای چەمکەکە تەواو دەکەن و قابیلی دابەشکردن نین. بۆیە ناتوانین فێری ببین، بەڵکو دەبێت لە ناخمانەوەو لە توێی پرۆسەی ‘بیرهاتنەوە، یان دیسان دۆزینەوە و کۆکردنەوە’ لەناو ڕۆحماندا دەتوانین بەدەستی بهێنین.
ڕێژەگەرایی و بابەتێتی: لەسەرەوە تا ڕادەیەک بە درێژیی لەسەر وتە نێودارەکەی پرۆتاگۆراس وەستام ‘مرۆڤ پێوەری شتەکانە’ لێرەدا ئەوەندە بەسە کە بڵێم مەبەستی پرۆتاگۆراس بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوەیە پێوەری بنەڕەتی و بابەتییانە بۆ شتەکان لە ئارادا نیە، بەوەش هەردوو چەمکە گرنگەکەی ئاکار ‘چاکە و خراپە’ ڕێژەیین و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێن. سۆکرات / ئەفلاتون تەواو بە پێچەوانەوە، وا بیردەکەنەوە کە چاکەی ڕەها و خراپەی ڕەها خۆیان لە خۆیاندا و بەدەر لە پەیوەندییان بە مرۆڤەکانەوە، هەن. ئەمەش خاڵێکی تری ناکۆکی نێوانیانە.
ڕەنگە باشتروابێت لەوەزیاتر نەچمە قووڵایی بەشەکانی دایالۆگەکەوە و چێژی کەشفرکردنیان لێگەڕێم بۆ خوێنەر.