سەفەرنامەیەک بە تامی ڕۆمان
سەفەرنامەیەک بە تامی ڕۆمان
ڕانانی: ئیدریس عەلی
هەندێک کتێب هەن بە تەنها جارێک تینوێتی خوێنەر ناشکێنن، ئەمە سیحرێکە تەنها مەگەر لە نووسەرە ورد و خەیاڵفراوان و بەئەزموونەکان بوەشێتەوە، خوێندنەوەی چەند جارەی ئەو جۆرە کتێبانە لە هەناوی خۆیاندا هەڵگری کۆمەڵێک کۆد و نهێنین، هەر جارێک بچیتەوە سەریان، بەر تازەیی و نوێبوونەوە دەکەویت، زمان و گێڕانەوەی ڕووداوەکان لە خوێندەوەکانی پێشووتر ناچێت، کتومت وەک ئەو ڕێگا درێژە وایە کە وا هەست دەکەین یەکەمجارتە هەنگاو بە سەریدا دەنێیت و دڵنیا نیت لەوەی دەگەیت بە کوێ.
کتێبی (سەفەرنامە)ی نووسەر و شاعیر (هیوا قادر) کتومت لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە تەنانەت لە کتێبەکانی دیکەی خۆی، چ ئەوانەی پێش سەفەرنامە، چ ئەوانەی پاش سەفەرنامە نووسیونی ناچێت، ڕەنگە بەشێکی پەیوەندیی بەو حاڵەتە سایکۆلۆجی و تووڕەبوونە ڕۆحی و دەروونیەوە هەبێت کە لە ساتی نووسینیدا هەیبووە، تووڕەبوونێک هەم وەک نووسەر، هەم وەک ئینسان، تووڕەبوونی ئینسانێک و شاعیرێک لەو دۆخەی تێیدا ژیاوە، سەریهەڵگرتووە بۆ مەنفا، توورەبوونێک کە هەم توورەبوونێکی سیاسییە، هەم توورەبوونی کەسێکە کە ژیانێکی پڕ لە نیگەرانی ژیاوە.
سەفەرنامە لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە هەم چێژێکی بێئەنداز دەدات بە خوێنەر، هەم ئەزموونێکیشی پێ دەبەخشێت، ڕاستە (هیوا قادر) لەم کتێبەدا باس لە خۆی و ڕووداوەکانی ژیانی خۆی دەکات، بەڵام بێ هیچ دوودڵییەک یاداشتی ژیانی نەوەیەکیشە و چیرۆکی خەم و ئازار و دڵشکانی زۆر کەسی تریش دەگێڕێتەوە.
سەفەرنامە، گەشتێکی پێچەوانەی نووسەرێکی بە ئەزموون و خەیاڵفراوان و مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و ژیاندۆستە کە لە ئەورووپاوە، پاش چەندین ساڵ لە مەنفابوونی دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، ڕەسمی ئەو قۆناغە یەک لە دوای یەک و پڕ لە عەزابانەمان بۆ دەکێشێت کە لە ساتی گەڕانەویدا بینیونی، هەر لە گەیشتنەوەی بە وڵاتی سووریا، تا ئەو ساتەوەختەی لە دەرگای ماڵە پڕ لە بیروەریی و خەیاڵە حەرامەکانی سەردەمی گەنجێتییەوە دەچێتە ژوورێ، عەزابی ئەو هاتنەوەیە لە ئەورووپاوە بۆ نیشتمان، هیچی لە عەزابی ئەو ساتەوەختە کەمتر نییە کە ماڵ و شار و نیشتمانی تێدا جێهێشت، هیوا قادر، لە سەفەرنامەدا بە وردی باس لە نەفرەتی کوردبوون دەکات.
وەنەبێ نووسەر لە گەشت و گەڕانەوەکەیدا تەنها باس لەو ڕووداوانە بکات کە لە ڕێی گەرانەوەیدا بینونی، بەڵکو لە ڕێی خەیاڵەوە، بە فلاشباگ گەشتێکی دوورتر دەکات بە ناو خۆیدا، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی، گەنجێتی و خەونە حەرام و تابۆکان، عەشقی تاکلایەنە و دۆخی وڵات، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاشنابوونی بە کتێب و خوێندنەوە، شەرمی گەنجێک لە گەڕەک و شارێکی بزێو و یاخیدا، دەستبردنی بۆ پشکۆکانی نووسین و کتێب، ئەو پرسیارانەی زۆر زاتین و لە ڕێی گەشتی دوورودرێژی نێو کتێب و ئەزموونەکانەوە بە وەڵامەکانیان دەگات، تووڕەبوون و هەڵچوون، چەپاندنی سێکسی و ئاکامە خراپەکانی لەسەر هزر و ڕۆح و دەروون، هەموو ئەمانە، وەک دەروونناسێک ڕۆدەچێتە قووڵاییە تاریکەکانی نێو خۆی و دەوروبەریەوە، هاوکات بێ شەرمکردن و ماسک، ئازا و ئازاد پەردە لەسەر نهێنییەکانی نێو ناخ و ژیانی خۆی و نەوەکەی هەڵدەماڵێت.
لەگەڵ گێڕانەوەی گەشتەکەیدا، خوێنەر گەنج دەکاتەوە، دەیباتەوە بۆ سینەماکانی جاران، بۆ ئەوینە شەرمن و تاکلایەنەکان، نووسینی نامە و هەرگیز نەگەیشتنی بە دەستی مەعشووق، هەڵچوونی سیاسیانەی گەنجان لە قوتابخانەکان و وتنەوەی درووشمە حەماسییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا،وەهمی ڕزگاری و ئازادبوون، فرۆشتنی کتێب و ڕۆیشتن بۆ بەغدا تا بە پارەکەی بۆ یەکەمجار لەشی سۆزانییەکان ببینێ و وەک گەنجێک تامی یەکەم سێکس بکات، هەموو ئەمانە بە زمانێکی تەواو شاعیرانە و دروستکردنی کەشێکی سینەمایی ئەوتۆ کە خوێنەر لە ڕێی وەسفی شوێن و کەسەکان و گێرانەوەی ڕووداوەکانەوە، وا هەست بکات خۆی لە تەواوی ئەو قۆناغانەدا ژیاوە و بەشێکە لە دیمەن و گێرانەوەکان.
بە گشتی دەکرێت بڵێین ئەم سەفەرنامەیە، واتە لەو ساتەوەختەوەی کە نووسەر لە وڵاتی سویدەوە سواری فڕۆکە دەبێت و و دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بیانویەکن بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ژیانی ڕاستەقینەی خۆی، چیرۆک و ڕووداوەکانی قۆناغە یەک لە دوای یەکەکانمان بۆ بگێڕێتەوە، بیانوویەکن بۆ ئەوەی باس لە عەزابی کوردبوون بکات لە هەر شوێنیکی دنیادا بێ، ئەو وەهمە بڕەوێنێتەوە کە ئەورووپا بە بەهەشت ناوزەد دەکات، شێواوی نەخشەی سیاسیی، دۆخی شەڕی ناوخۆ و لەگۆڕنانی هەزاران خەونی جوانمان پیشان دەدات.
نووسەر خۆی لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پلانی نووسینی کتێبی (سەفەرنامە) لە هیچ کام لە پلانی پێشوەخت و ناوەختی نووسینەکانی پێشووتری ناچێت: ئەمەش پەیوەندیی بە ژیانی تایبەتی سەروەختی نووسینی کتێبەکەوەیە، چونکە ئەو ڕۆژانە تەواو ژیانی کۆمەڵایەتیم بەسەر یەکتردا ڕووخابوو، بە تەنیا دەژیام و ماندووی دەستی بینین و نەبینینی منداڵەکانم بووم، لە گێژاوی تەنگەژەیەکدا ئەژیام، دنیای لێ بچووک کردبوومەوە، تاریکی سەرلەبەر داگیری کردبووم، بەڵام بە تەواوەتی ئەوە لە لام ڕوون بوو، کە ئەبێت پێش هەر کەس، بۆ ڕۆحی خۆمی بسەلمێنم ژیانم خۆش دەوێت.
کتێبی سەفەرنامە، کتومت کۆکراوەی ئەم پەڕەگرافەی نووسەر خۆیەتی، ئەو باس لە دنیایەک ئازار، خەم و دڵشکان دەکات، دڵشکانی ئەوینداری، سیاسی و کوردبوون، بەڵام تژییە لە دونیابینییەکی ئینسانی و لێوانلێوە لە ئایدیای ژیاندۆستی، خوێنەر لەم کتێبەدا بەر دەیان ساتەوەختی ئینسانی و ژیاندۆستی و تەنانەت باڵندە و ئاژەڵدۆستیش دەکەوێت، نموونەی ئەو دیالۆگەی لەگەڵ کچەکەیدا سەبارەت بە چۆلەکە، نموونەیەکی باڵایە، کاتێک کچەکەی داوای ئەوەی لێ دەکات چۆلەکەی بۆ بکڕێت، بەڵام چونکە لە دووکانی باڵندەفرۆشەکانی سوید چۆلەکە نافرۆشرێت، ناچار لەسەر شۆستە دوو بەچکە دەگرێت و دەیباتەوە بۆ کچەکەی، بەڵام ڕێنمایی کچەکەی دەکات هەر کە بەچکەکان گەورە بوون ئازادیان بکات، هاوکات دوو جۆر ڕوانینمان پیشان دەدات بۆ پەروەردەکردنی منداڵ، دوو ژینگەی تەواو جیاوازمان پێ دەناسێنێت، منداڵی خۆی هاوڕێکان کە چۆن ئازاری کیسەڵ و باڵندە و ئاژەڵیا داوە لە کوردستان، لەگەڵ مناڵیی کچەکەیدا لە وڵاتی سوید کە دادەکانی باخچە منداڵەکان فێر دەکەن گووڵ بۆ ئەو بۆقە بەرن کە لە سەرەمێکوتەییەوە گەورەیان کردووە و بە بۆقی دەیخەنەوە ناو ئاو، ئەمە نموونەی دوو جۆر پەروەردەی کۆمەڵایەتییە لە دوو ژینگە و دوو کولتووری جیاوازدا.
دەکرێت ئەم کتێبە لە زۆر ڕەهەند و ڕووەوە بخوێنرێتەوە و جگە لە چێژ، سوودیشی لێ ببینرێت، هەم لە ڕووی پەروەردەییەوە، هەم لە ڕووی سایکۆلۆجی و دەیان ئەزموونی دیکەی ژیانەوە، چونکە ئەو ڕاستە ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و بە دەوری ڕۆحی خۆیدا دەسووڕێتەوە، بەڵام هاتووەتە نێو سنووری ژیانی زۆربەشمانەوە و بەشێک لە ژیان و چیرۆکی ئێمەش دەگێڕێتەوە، بە تایبەت ئەو قۆناغەی وا بە لێشاو گەنج و پیر، بە خاوخێزانەوە ڕێگەی مەرگیان دەگرتە بەر و بەرەو ئەورووپا کۆچیان دەکرد، ئەوە ساتەوەختێک بوو کوردبوون بە زەبرترین قامچی بەر پشتی دەکەوت بە دەستی کورد خۆی، شەڕی ناوخۆ لە خوێناویترین ئاستی خۆیدا بوو، ئیدی دەنگی تەقە و شریخەی ئاڕبیجی لە کۆڵان و شەقامەکاندا دەبیستران، تەرمەکان لە تیڤی و ڕۆژنامەکانەوە پیشان دەدران و جەلاد و قوربانی هەر کورد خۆی بوو، ئەمە لە کاتێکدا برسێتی و بێکاری هەڕەشەیەکی جیددی بوون لەسەر ژیان خەڵک.
ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە هیچ نییە جگە لە پیشاندانی لایەنی کەم لە جوانی و گرنگیی ئەم کتێبە، بێگومانم خوێنەر خۆی لە من وریاتر و وردترە، لە ساتی خوێندوەیدا بە جوانیی زیاتر و ئەزموونی زۆرتر دەکەوێت، ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ هاندانی خوێنەر تا خۆیان لە چێژی خوێندوەی بێبەش نەکەن، ڕاستە نووسەر دوای سەفەرنامە ئەزموون قووڵتر و دەوڵەمەندتری هەیە لە بواری نووسینی شیعر و ڕۆماندا، بەڵام دەشێت ئەم کتێبەی یادەوەری خۆشتر لای خوێنەر جێ بهێڵێت.