ڕۆمانی تاوانەکەی کۆلینی لە وتووێژێکی کراوەدا

ڕۆمانی تاوانەکەی کۆلینی لە وتووێژێکی کراوەدا
سازکردنی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی تاوانەکەی کۆلینی، ڕۆمانێکی ئەڵمانییە و باس لە چەمکی یاسا، تاوان و گیانی تۆڵەکردنەوە دەکات، ڕووداوەکان لە ساتی جەنگی جیهانیدا ڕوویان داوە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ ئەردەڵان عەبدوڵڵا، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، ڕاستەوخۆ لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕدراوە بۆ سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەم وتووێژەدا ئەردەڵان عەبدوڵڵا باس لە ڕەهەندەکانی ڕۆمانەکە و دنیای نووسەرەکەی دەکات.

سەردەم: بە گشتی دنیای ئەم ڕۆمانە چییە و خۆت وەک وەرگێڕێک چۆن تاوانەکەی کۆلینی دەناسێنیت؟

تاوانەکەی کۆلینی دەتوانم بڵێم رۆمانێکە باس لە قۆناغێکی زۆر ناشیرین و خراپی ئەڵمانیا دەکات، کە ئەویش ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانییە.  تێیدا نووسەر هەوڵیداوە، لەرێگەی تاوانێکەوە، تیشک بخاتە سەر مێژوویی دڕندەیی سەردەمی نازییەکان، چۆن هەموو  ئەوروپایان خەڵتانی خوێن و وێرانکردن کردووە. لەهەمانکاتیشدا نووسەر هەوڵیداوە، لەرێگەی باسکردنی مێژووەوە، تیشکیش بخاتە سەر کێشەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا، بەتایبەتی بەهێزبوونی رەوتی پۆپۆلیستیی و ڕاستڕەوی لە ئەڵمانیا. ئەم رۆمانە دەچێتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسی مۆدێرنەوە، کە نووسەر تەنها جەخت لە تاوانێکی ئاسایی ناکاتەوە، بگرە لەرێگەی تاوانێکەوە، نووسەر دەتوانێت کۆمەڵێک پەیامی کۆمەڵایەتیی و مێژوویی و ئینسانی بگەیەنێتە خوێنەر.

سەردەم: لە نێو ئەدەبیاتی گەورە و فراوانی ئەڵمانیدا چۆن ڕێت لەم نووسەرە کەوت و بڕیارت دا ڕۆمانەکەی وەرگێڕیت؟

هەمیشە کە دەگەڕێمەوە ئەڵمانیا سەردانی کتێبخانەکان دەکەم، لەهەمانکاتیشدا بە بەردەوامی سەیری گۆڤار و سایتە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا دەکەم، رۆمانی تاوانەکەی کۆلینی لە ریزی رۆمانە باشەکانی ساڵی 2011  ی ئەڵمانیا بوو. لەهەمانکاتیشدا ڤێردنیاند ڤۆن شیراخ، یەکێکە لە نووسەرە نوێکانی ئەڵمانیا. هەمیشە زۆر دۆست و برادەریش داوایان لێدەکردم، کە هەوڵ بدەم رۆمانی نوێی ئەڵمانی وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی. کاتێکیش رۆمانەکەم خوێندەوە، چ ناوەڕۆکەکەی، هەروەها شێوازی نووسینەکەش، زۆر بەلامەوە جوان بوو، بۆیە بڕیارمدا وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی.

سەردەم: ڕۆمانەکە باس لە تاوان و ئاکامەکانی جەنگ و ڕۆحییەتی تۆڵەسەندنەوە دەکات، ئایا ئەم چەمکی تۆڵەسەندنەوەیە لای ئەوروپییەکان حاڵەتێکی ئاساییە؟ مەسەلەی رۆحیەتی تۆڵەسەندنەوە زۆر کەم لەناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا و ئەوروپی ماوە، بەڵام مەسەلەی تۆڵەسەندنەوە پەیوەندی بە کەسایەتیی مرۆڤەوە هەیە و هەربۆیە وەکو هەڵسووکەتی تاک هەر ماوە. بەڵام بە بڕوای من نووسەر زیاتر ویستوویەتی باس لە تاوانی ئەڵمانییەکان بکات لە ئیتالیا، کە چۆن گەلی ئیتالیا بۆتە قوربانی، چونکە کەمتر لە جیهاندا باسی تاوانی ئەڵمانەکان لە ئیتالیا کراوە، زیاتر فۆکسی جیهان لەسەر کۆمەڵکوژی جووەکان بووە.  هەروەها باسی   ئەوە بکات، کە چۆن زۆرێک لە تاوانبارەکانی رژێمی نازی، دوای نەمانی جەنگ هیچ دادگایی نەکراون و بە ئازادی ژیاون. سەردەم: کاردانەوە و کاریگەریی ڕۆمانەکە لەسەر خەڵک و ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا چۆن بوو؟ کاریگەرییەکی زۆر باشی  هەبوو، هەتاوەکو سێ مانگ لە لیستی کتێبە پڕ فرۆشەکانی کتێبخانەکانی ئەڵمانیا  بوو، جگەلەوەش لەناو میدیا و رۆژنامە ناسراوەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و سویسراش، وتاری باشی  لەبارەوە نووسراوە، دەتوانم بڵێم ئەم رۆمانە بووە پاسپۆرتێک بۆ نووسەر،  نەک لە ئەڵمانیا بگرە لە ئەوروپا و جیهان پێی ناسرا.

سەردەم: بە گشتی پرۆسەی وەرگێڕان و وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە بۆ سەر زمانی کوردی چ گرنگییەکی هەیە بە تایبەت بۆ خوێنەری کورد؟
وەرگێڕانی هەموو رۆمانێکی بیانی بۆ سەر زمانی کوردی، سوودی بۆ خوێنەری کوردی دەبێت” بەمەرجێک باش وەرگێڕابێت! ” چونکە رۆمان وێنەیەکی گشتی وڵاتان و شارستانیەتە جیاوازەکانی جیهانمان پێ پیشان دەدات. هەروەها لەرێگەی وەرگێڕانیشەوە، ئێمە دەتوانین ئاگاداری شێوازی نوێی نووسینی  رۆمان بین و سوودی لێوەربگرین.

سەردەم: گەر دەکرێت باسێکی نووسەری ڕومانەکە و بەرهەمەکانی دیکەیمان بۆ بکە و پێمان بڵێ ئایا بەنیازیت بەرهەمەکانی دیکەی وەرگێڕیت؟
فێردیناند ڤۆن شیراخ لە ساڵی 1964 لە میونخ لەدایکبووە، کۆلیژی یاسای لە شاری بۆن تەواوکردووە. ماوەی بیست ساڵە وەکو پارێزەر کار دەکات و لە بەرلین دەژی. خاوەنی 12 رۆمانە و دوو شانۆگەریشی نووسیوە. یەکەمین کتێبی  بەناوی ” تاوانکاران Verbrechen“” ساڵی2009 نوسیویەتی، هەر لەهەمانساڵدا خەڵاتی Kleist-Preis   وەردەگرێت. دواتر  ساڵی 2010   Schuld تاوان” نووسی،  ئەم دووانە بریتی بوون لە کۆمەڵێک کورتە چیرۆک، سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێنا. دواتر ساڵی2011   رۆمانە ناودارەکەی” تاوانەکەی کۆلینی”  نووسی کە ناوبانگێکی باشی لە ئەلمانیا و جیهاندا پێ پەیدا کرد و بۆ 32 زمانی جیهانی وەرگێڕاوە. له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی به‌ریتانی نوسیویه‌تی: (ئه‌م رۆمانه‌ گوزارشت له‌و هه‌ست به‌تاوانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌ناخی زۆرێك له‌ نه‌وه‌ نوێكه‌ی ئه‌ڵمانیدا هه‌یه‌.) ساڵی 2019 ش ئەم رۆمانە کراوەتە فیلمێکی سینەمایی. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم کارەکانی تری نووسەر وەربگێڕمە سەر زمانی کوردی.