خستنەڕووی کتێبی “لەم تیرۆریستە ڕزگارم بکەن!”

Loading

ڕۆشنگەریی وەک سەرەتا

خستنەڕووی کتێبی “لەم تیرۆریستە ڕزگارم بکەن!”

خوێندنەوەی: سەردەم

کتێب و وتارەکانی هاشم ساڵح بە کوردی ڕووبەرێکی بەرینیان داگیر کردووە، هەر لەم سەرەتایەدا دەبێت ئەوە بپرسین زەروورەتی وەرگێڕانی ئایدیاکانی ئەم نووسەرە بۆ دنیای ئێمە چەند گرنگ و پێویستن؟ ئەگەرچی ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وەرگێڕانەیە کە دەقەکانی هاشم ساڵحیان کردووە بە کوردی، بەڵام دەتوانین لە خوێندنەوەی وتار و کتێبە بەکوردیکراوەکانی ئەم نووسەرەوە بگەین بەم وەڵامە: هاشم ساڵح لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە کە ئایدیا و بیرێکی ڕوونیان لەسەر ئەو بابەتانەیە کە دەیاننووسن، ئەو بە سادەیی گەیاندنی بیرەکان ناسراوە، بە زمانێکی ڕەوان و بێ گرێوگۆڵ، جیا لەوە هاشم ساڵح خەسڵەتی کورتنووسی و چڕنووسی هەیە، هەوڵ دەدات لە چەند پەڕەیەکی کەمدا کۆمەڵێک زانیاری و چێژ بخاتە بەردەستی خوێنەرەکەی، هاوکات ئەو دەست بۆ ئەو جومگانە دەبات کە لەمڕۆدا کاران و ڕۆڵیان هەیە لە بونیادنانی شارستانییەتێکی کۆییدا.

یەکێک لەو وەرگێڕە چالاک و بە سەلیقانەی کە ساڵانێکە کار لە وەرگێڕانی کتێب و وتارەکانی هاشم ساڵح دەکات هەورامان وریا قانعە، ئەم وەرگێڕە نەک هەر ئەوەی کە تەنیا کردەیەکی میکانیکیانەی وەرگێڕان ئەنجام بدات، بەڵکو بە تەڵبژێرکردنی ئەو وتارانەی کە دەتوانن بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی ڕۆ بنێن لە دنیای کوردیدا ناسراوە، جیا لەوەش زۆر بە ئەمانەتەوە هەوڵ دەدات ئەو بیرانە بگوازێتەوە لە زمانێکی ڕوون و ڕووناکدا، خوێنەری کورد لە ڕێی وەرگێڕانەکانی هەورامان وریا قانعەوە هاشم ساڵح وەک خۆی دەناسێت، بۆیە کارەکانی ئەم وەرگێڕە ئازیزە جێی دەست خۆشی و پێزانین.

یەکێک لەو کتێبە چکۆلانەی هەورامان وریا قانع کردوویەتی بە کوردی، کتێبی “لەم تیرۆیستە ڕزگارم بکەن!”ی هاشم ساڵحە، کتێبەکە لە کۆمەڵێک وتاری کورت کورت پێکهاتووە، کە هەریەکەیان دنیایەک دەپشکنن، قۆناغێک و ئەزموونگەلێکی دیاریکراو دەخەنە بەردەست، بە تێکڕا دەتوانن کۆلێکشنێکی ڕەنگاوڕەنگ دروست بکەن، کە وەک مۆزایکێکی جوان لەسەر نەخشە و ڕووبەری یادگەدا ئامادەییان هەبێت.

هاشم ساڵح لەبەر ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆ هەڵکەوتوە و لە فەڕەنسە خوێندوویەتی، ئەم ئەزموونە بۆ ئەو هەمیشە وەک چەقێک دەمێنیتەوە، ئەو شارستانییەتە گەورە و دەوڵەمەندەی فەڕەنسە لە نیگا و خوێندنەوەی ئەودا بەردەوام ئامادەیی هەیە، بۆی دەگەڕێتەوە و دەیپشکنێت، قۆناغگەلێک لەو شارستانییەتەدا هەن کە دەتوانن بۆ ئێستاش درێژ ببنەوە، ببنە خاڵی بەراورد و پێکگرتن لەگەڵ ئەو ئەزموونانەی لە وڵاتانی عەرەبی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، بێگومان ئەم پێکگرتنانە بۆ هاشم ساڵح هەمیشە هاوشانی ڕەخنەیەکی کۆنکرێتییە و وەها تەماشای دەکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیرانێکی قووڵدایە، ئەگەر سەردەمانێک خاوەنی ڕۆشنگەری بووبێت، ئێستا ئەو دەستکەوتە نەماوە و لە جێی ئەوە توندوتیژی و تایفەگەری و دۆگمای ئایینی و عەشیرەتگەری جێیان گرتووەتەوە و خوێن بەری ئاسۆی بینینی گرتووە. ئەمە خاڵێکی درەوەشاوەی هاشم ساڵحە کە بەردەوام هەوڵ دەدات پەردە لەسەر ئەو دیاردانە لا بدات کە بوونەتە هۆی پاشکەوتن و نەزانی ئەو تاریکییەی شارستانییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوە.

ئەم کتێبە بە سەردەمی ڕێنیسانس وەک قۆناغی بەئاگاهاتنەوەی ئەورووپا دەست پێ دەکات، پاشان دێتە سەر ڕیفۆرمی ئایینی و ڕۆشنگەری و فەلسەفە، دواتر ڕۆڵی مۆنتینی وەک بیرمەندێک بەسەر دەکاتەوە، لەم سێ وتارەدا بە وردی چەندین وێستگەی گرنگ دەپشکنێ بە دوای ڕووناکیدا، بە دوای ئەو کەسانەدا چرابەدەستی ئەو سەدە تاریکانە بوون، لەوێشەوە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگ دەنێرێت بۆ ئێستا و ئەمڕۆ. وتارەکانی دوای ئەم سێ وتارە چەقیان ئەدەبیاتە، بەسەرکردنەوەی هەندێ مەسەلەی گرنگی ئەدەبی و فیکرییە، هەڵدانەوەی ژیاننامەی چەندان داهێنەرە کە چۆن و لە کوێدا دەستیان پێ کردووە و کاریگەر و ڕۆڵیان تا هەنووکەش بەردەوامە. لەو ناوانەش: “لامارتین، ئەلفرێد دو مووسیێ، ئارسەر ڕامبۆ، سیلڤادرۆ دالی و…”

پاشتر چەند وتار دێن، بە ناوەکانی: “ئەی تاریکبینەکان، دەستتان لەسەر ئافرەت هەڵبگرن، بۆچی شارستانییەتە جوانەکان خۆیان دەکوژن؟، مێژووی ئەدەبی فەڕەنسی لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە تا ئەمڕۆ، سوریالیزم… فەلسەفەی ئازادی”، هاوکات وتارێک کە بووە بە ناونیشان بۆ کتێبەکەش: “لەم تیرۆریستە ڕزگارم بکەن!” ئەم وتارانە، هاوشان بە کۆی وتارەکانی نێو کتێبەکە، دەتوانن کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری بنەخشێنن، کە لە دەوری ئازادی، سەربەخۆیی، تاکگەرایی، دیموکراسی، مۆدێرن و ژیانێکی دادپەروانە بۆ هەمووان بخولێنەوە، بێگومان ئەمە نەرمترین ڕەوتارە لە هەریەک لەو چەمکانە، بە پێشاندانی ئەزموونی پێچەوانە، ئەو ئەزموونانەی بوونەتە جێی سەرنجی نووسەر و وەک هۆکارێک بۆیان دەگەڕێتەوە تا لەو ژیانە شەرەفمەندانەی کە پێویستە هەر تاکێک ئەزموونی بکات، لێی بەئاگا بێت.

ڕەگی توندوتیژی، کە لە مێژوو کۆنترە، دەتوانێت خاڵی کۆکەرەوەی ئەم کتێبە بێت، توندوتیژی لە سادەترینەوە تا تیرۆر، تیرۆری جەستە و فیکر و… لەو وتارەدا کە بووە بە ناونیشان بۆ کتێبەکەش جۆرێک لە تیرۆر دەخاتە بەرچاو؛ ئەویش هەڵەچنی و ئیدیتۆری کتێبە لە لایەن کەسانی نەزانەوە، کە دەبێتە هۆی شێواندنی سەرلەبەری ئایدیای نووسەر، ئەمە بە بیرەوەرییەکی خۆی دەگێڕتەوە، کە تێیدا کتێبێکی ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە (تیرۆرە) بووەتەوە و لە دوایین ساتدا، بەر لەوەی چاپ و بڵاو بێتەوە، پێی زانیوە و کارەکەی ڕاگرتووە. کەوایە تیرۆر و جۆرەکانی توندوتیژی لە هەموو جێیەکن، تەنانەت لەناو هەڵەبڕی و ئیدیتۆریشدا!

ئەم کتێبە شیاوی خوێندنەوەیە، خوێنەران پاش خوێندنەوەی هەست بە ئارامی دەکەن، کۆمەڵێک پرسیار لایان دروست دەبێت، کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ژیانی ڕۆژانەیان، تا ڕوونتر و وردتر ببینن و بڕیار بدەن و لە پەنجەرەیەکی واڵاترەوە لە ژیان و ئەوانیتر بڕوانن.

ناردن: