نووسه‌ران كاتێك نانووسن چی ده‌كه‌ن؟
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
نووسین وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لێی تێگه‌یشتووه، ته‌نها بریتی نییه له قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز، یان بریتی نییه له بوونی كۆمپیوته‌ر و پرێنته‌ر و نووسینگه‌یه‌ك. ئه‌وه له‌وانه‌یه ساته‌وه‌ختی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی نووسین بێت. به‌ڵام چركه‌ساتی ڕاسته‌قینه‌ی له‌دایكبوونی نووسین، ئه‌وانه نییه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌یه كه نووسه‌ر ده‌یانخوێنێته‌وه و ئه‌وه‌ی تێیدا ده‌ژی له بچوكترین و ساده‌ترین مه‌سه‌له‌ی ڕۆژانه‌ی ژیانی، چ له ماڵه‌وه بێت یان له‌سه‌ر شه‌قام و نێو كافێكان بێت، هاوكات بینینی شته پشتگوێخراوه‌كان و به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی دیكه و هونه‌ره‌كانی دی و سه‌رجه‌م ورده‌كارییه هه‌ره بچووكه‌كانی ژیان.
وه‌ك ده‌وترێت نووسین پرۆسه‌یه‌كه تێیدا لایه‌نی ده‌روونی و هزری تێكه‌ڵ ده‌بن و مه‌زاج ڕۆڵێكی گه‌وره ده‌بینیت له چۆنیه‌تی كاركردنی ئه‌و پرۆسه‌یه و ده‌ستنیشانكردنی ساته‌وه‌خته‌كانی نووسین. له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌و سروت و ڕێكارانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م پیشه‌یه ده‌یگرنه‌به‌ر، له یه‌كێكیانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دیكه‌یان جیاوازه. بێگومان ئه‌و سروت و شێواز و ئاراستانه‌ی كه له پرۆسه‌ی نووسیندا ده‌گیرێنه‌به‌ر، به تێپه‌ڕبوونی كات ده‌بنه به‌شێك له كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌كه.
بۆ نموونه ئارنست هیمنگوای ڕۆژانه ڕاهاتبوو400 وشه بنووسێت، پێش ئه‌وه‌ی خه‌زێنه‌ی ئه‌و وشانه‌ی ته‌واوببێت، له نووسین ڕاده‌وه‌ستا و به‌شی ئه‌وه‌ی ده‌هێشته‌وه كه دواتر گه‌ڕایه‌وه بۆ پرۆسه‌ی نووسین، بتوانێت به ئاسانی ده‌ستپێبكاته‌وه و به‌رده‌وام بێت. هارۆكی مۆراكامی له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی نووسه‌ری پیره‌مێرد و ده‌ریا ده‌ڕۆیشت، له‌و خاڵه‌دا ڕاده‌وه‌ستا كه هه‌ستی ده‌كرد ده‌توانێ زیاتر بنووسێت، پاشان به ئاسانی ده‌یتوانی له‌و خاڵه‌وه، ده‌ست به نووسین بكاته‌وه. ئه‌وه‌ی له ئه‌زموونی مۆراكامی جێگای سه‌رنج و بایه‌خه، گرنگیدانی بوو به وه‌رزشی به پێ ڕۆیشتن و به‌شداریكردنی له پێشبڕكێی ماوه درێژدا. له‌م باره‌یه‌وه سبستیان باری ده‌ڵێت ئه‌نجامدانی شتێكی دیكه جگه له نووسین، سودی بۆ نووسین ده‌بێت. لێره‌وه ئه‌و چالاكیانه‌ی له ڕواڵه‌تدا وا ده‌رده‌كه‌ون سودی نییه و ته‌نها جۆرێكه له كاتكوشتن، له‌وانه‌یه له كایه‌ی داهێناندا، یارمه‌تیده‌ربێت بۆ دۆزینه‌وه و ڕوناككردنه‌وه‌ی ڕێچكه‌ی نوێ و ئه‌فراندنی زیاتر.
هه‌رچۆنێك بێت، زه‌حمه‌ت و ئه‌سته‌مه ته‌نها وێنه‌ی نووسه‌ر وا بكه‌ین كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر مێز و كورسییه‌كه‌یه‌تی و پاڵه‌وانی وشه‌كانه و سه‌رقاڵی نووسینه. چونكه ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی لێوه هه‌ڵده‌گۆزێ و ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌كانی نووسین و به‌رهه‌می ده‌خاته به‌رده‌ست، هیچ نییه جگه له واقیعی ژیان كه پڕپڕه له ههموجۆریی.
نووسه‌ری به‌ریتانی جۆناسان كو Jonathan Coeكه ساڵی 1961 له شاری پێرمینگهام هاتووه‌ته دونیاوه ده‌ڵێت: “حه‌ز ده‌كات له شوێنی قه‌ره‌باڵغ و پڕ له ده‌نگه ده‌نگدا بنووسێت، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر تۆ ته‌ركیزت له‌سه‌ر كاره‌كه‌ت بێت، ئه‌وا ده‌نگه ده‌نگه‌كه‌ی ده‌وروبه‌رت هه‌ر هه‌موی ده‌ڕه‌وێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر به دوای بیرۆكهیهكهوهیت و نا‌توانیت بیگریت، ئه‌وا له‌وانه‌یه ده‌نگی ده‌نگی ده‌وروبه‌رت، یارمه‌تیت بدات ئه‌و بیرۆكه‌یه ڕامكهیت”.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بابه‌تی گه‌نگه‌شه‌كردن و گفتوگۆكردنه، ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ره‌كان قسه‌ی له‌باره‌وه ناكه‌ن، مه‌به‌ستمان ئه‌و ڕۆژانه‌یه كه تێیدا نووسه‌ران، سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی نووسین نییه. ئه‌و كات و ساتانه‌ی نووسه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی مێز و كورسییه‌كه‌یه‌تی و دووره له قه‌ڵه‌م و كاغه‌ز، ئایا ئه‌و ڕۆژ و كاتانه، كاتی ئاساین و تێیدا نووسه‌ر هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده هه‌ڵده‌مژێت، یان وا حسابی ده‌كات كه ئه‌و جۆره ڕۆژ و كاته‌ی به‌فیڕۆ چووه و له‌ده‌ستیداوه، یان نه‌خێر ئه‌و ڕۆانه به‌شێكن له دیمه‌نه گشتییه‌كه‌ی نووسین و یارمه‌تی نووسه‌ر ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌ست ده‌كاته‌وه به نووسن؟
له‌م باره‌یه‌وه نووسه‌ری عێراقی لوئه‌ی حه‌مزه عه‌باس ده‌ڵێت: “كاته سه‌خت و دژواره‌كانی، ئه‌و كاتانه‌یه كه به بێ پرۆژه‌ی نووسین به‌سه‌ریان ده‌بات و تێیدا هه‌ست به ناسه‌قامگیری ده‌كات. بگره ئه‌و جۆره كاتانه، وهرزگهلێكن به هه‌وری خه‌مۆكی داپۆشراون. وه‌لێ هه‌ر كه ده‌ستی به پرۆژه‌ی نووسینێك كرد، هه‌مو ئه‌و ناسه‌قامگیری و خه‌مۆكییه ده‌ڕه‌وێنه‌وه و ساته‌وه‌ختی دره‌وشانه‌وه ده‌ژیم، یان وه‌ك ئه‌وه‌ی وشه‌كان هێزێكی ئه‌فسوناویان هه‌بێت، له‌و نیگه‌رانی و خهمۆكییهم ده‌رمده‌هێنێت و له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌مبه‌ن”.
لوئه‌ی حه‌مزه دانه‌ری كتێبی “نووستن له‌پال كتێبدا” باس له‌و كاتانه ده‌كات تێیدا به‌تاڵه و نانووسێت، ڕوو له خوێندنه‌وه ده‌كات كه هه‌رگیز له خوێندنه‌وه دانابڕێت و ده‌بێته شوێنی تێڕامان و دوواندنی خودی خۆی و ئه‌وی دی. هه‌روه‌ها سه‌یری فیلم ده‌كات، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناوجه‌رگه‌ی دڵی ژیاندا بێت، ئه‌و له میانه‌ی سینه‌ماوه، جیهان به ورده‌كارییه‌وه ده‌بینێت. هه‌رچی به پێ ڕۆشتنه، ئه‌وه وه‌رزشی ڕۆژانه‌یه‌تی و ته‌نها پله‌ی گه‌رمای شاره‌كه‌ی ڕێگری لێده‌كات، ئاخر ئه‌و شاره‌ی لێی ده‌ژی، ساڵانه پله‌ی گه‌رماكه‌ی ده‌گاته لێواری دۆزه‌خ. به پێ ڕۆشتن وزه‌ی نووسین و حه‌زه ناوه‌كییه‌كه‌ی بۆ نووسین، نوێده‌كاته‌وه و هانیده‌دا ده‌ست به پرۆژه‌یه‌كی تازه‌ی نووسیت بكاته‌وه.
شاعیری لوبنانی خاتوو نه‌دا ئه‌لحاج، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ئه‌و كاتانه‌ی هیچ شتێك نانووسێت، هه‌ست ناكات له پرۆسه‌ی نووسینه‌وه دووره، چونكه هه‌مو ئه‌و پرۆسێسه‌ی له ناخیدا ڕووده‌دات، ئاماده‌ی ده‌كه‌ن بۆ نووسین. ئه‌وه‌ی له ناخیدا گێنگڵ ده‌دات، له حاڵه‌تی توانه‌وه‌ی به‌رده‌وامه له نێوان هۆشیاری و نه‌ست. ئه‌وه‌ی لای ئه‌م خانمه گرنگه، بریتییه له نوێبوونه‌وه‌ی ژیان له‌گه‌ڵ شه‌پۆله ناجێگیرهكانیدا، چونكه مرۆڤ له حاڵه‌تی په‌ڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامدایه، نووسینی شیعر به‌رجه‌سته‌كردنێكی زیندووه بۆ ئه‌م په‌ڕینه‌وه‌یه.
نه‌دا پێیوایه له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌ی فه‌له‌ستین ڕووده‌دات، پێویسته پارێزگاری له ڕیتمی هێمنانه‌ی ژیانی خۆی بكات، نابێت له قوڕاوی نائومێدی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌داندا نوقم ببین. چه‌كی ئه‌و له‌نێو جه‌رگه‌ی ئه‌و جیهانه نه‌سره‌وته‌ی تییدا ده‌ژی، بریتییه له ده‌ستگرتن به پاكژی و میهره‌بانی و ئومێده‌وه، ئه‌وه‌ی وایلێده‌كات ڕۆنه‌چێته نێو ده‌ریای نیگه‌رانیی و نائومێدیی، ئیمانه ڕۆحییهكهیهتی كه لێیه‌وه نیعمه‌تی هۆشیاری به به‌هاكانی ژیان و مرۆڤ و بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه هه‌ڵده‌گۆزێت.
نه‌دا ئه‌لحاج له نێوان خوێندنه‌وه و نووسین، ڕۆشتن به پێ به نێو سروشتی نزیك له ماڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت كه ناوچه‌یه‌كه 600 مه‌تر له ئاستی بێروت به‌رزتره. له‌گه‌ڵ باڵنده و پاسارییه‌كان، خۆی له نێو بێده‌نگی دارستانه بچووكه‌كه‌دا ده‌شارێته‌وه، له سیحری خۆرئاوابوون ڕاده‌مێنێت كه به‌سه‌ر شینایی ده‌ریاكه‌دا پهرشبووهتهوه. هه‌ندێكجار له‌و ساته‌وه‌ختانه‌دا كه چێژ له ته‌نهایی و گۆشه‌گیرییه به‌نرخه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، تێكسته شیعرییه‌كانی ده‌نووسێت. بۆ خوێندنه‌وه ئه‌و كتێب و وتارانه هه‌ڵده‌بژێرێت چێژی پێدهبهخشتن و خه‌یاڵ و مه‌عریفه‌ی فراوانتر ده‌كه‌ن. هه‌مو شتێك لای ئه‌و كۆگایه‌كه بۆ نووسین و وه‌ك ڕووناكی و سێبه‌ره‌كه‌ی، وه‌ك دره‌خت و شیله‌كه‌ی، وه‌ك هه‌ناسه و هه‌واكه‌ی. نه‌دا جیاوازی ناكات له نێوان ژیان و نووسین، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه كاری نووسین ناكات و لێدوانه‌كانی به‌م پرسیاره ته‌واو ده‌كات: ئایا فاسیله‌یه‌ك له نێوان باڵنده و ئاسماندا هه‌یه كاتێك یه‌كده‌گرن؟
ئه‌میر تاج رۆماننوسی سودانی، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: “به شێوه‌یه‌كی ڕۆژانه نانووسم، ته‌نها ئه‌و كاتانه نه‌بێت كه ڕۆمانێكم به‌ده‌سته‌وه‌یه و خه‌ریكی ته‌واوكردنی ده‌بم. له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕۆژانه له به‌یانییه‌وه تا نیوه‌ڕۆ كاری تێدا ده‌كه‌م، پاشان ده‌ڕۆم بۆ سه‌ر ئیشه‌كه‌م كه خستوومه‌ته ئێوارانه‌وه. ئه‌گه‌ر پابه‌ندبم به نووسینی وتارێك بۆ لایه‌نێك یان وه‌ڵامی گفتوگۆیه‌ك بده‌مه‌وه كه به‌ڵێنم به ڕۆژنامه‌یه‌ك داوه له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامی بده‌م، ئه‌وا داده‌نیشم و ئه‌و كارانه ته‌واوده‌كه‌م. جگه له‌وانه، ڕۆژانی من ئاساییه و له نێو خێزانه‌كه‌مدا بهسهریدهبم و پێداویستییه‌كانی دابینده‌كه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌ركه كۆمهڵایهتییاكان له نمونه‌ی سه‌ردانیكردن بۆ لای خزمان و دۆستان و هاوڕێیان و به‌شداریكردن له بۆنه گشتی و تایبه‌ته‌كاندا ئه‌نجامده‌ده‌م. له ڕاستیدا من ناتوانم به خۆم بڵێم نووسه‌رێكم خۆم بۆ نووسین ته‌رخانكردووه یان ڕۆژانه ده‌نووسم.
ئه‌م ڕۆماننوسه‌ی سودان له درێژه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: “له هه‌فته‌یه‌كدا سێ ڕۆژ به پێ ده‌ڕۆم، كاتێك له ئیش مۆڵه‌تم وه‌رگرتبێت و نه‌ڕۆمه‌وه بۆ سه‌ر ئیشه‌كه‌م، ڕۆژانه به پێ ده‌ڕۆم و چێژی لێوه‌رده‌گرم، پێموایه وه‌رزشی به پێ رۆیشتن، وه‌رزشێكی ئاسان و به سوده و سه‌یركردنی ته‌له‌فزیۆن له چوارچێوه‌ی بایه‌خدانه‌كانی مندا نییه و زۆر به ده‌گمه‌ن سه‌یری به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیۆن ده‌كه‌م. له‌و كاته‌وه‌ی شه‌ڕ له وڵاته‌كه‌مدا به‌رپابووه، هیچ به‌رنامه‌یه‌كی وا له ته‌له‌فزیۆن نییه سه‌رنجم ڕاكێشێت. به‌ڵام له‌وانه‌یه سه‌یری هه‌ندێك فیلم و زنجیره‌كان و هه‌ندێك به‌رنامه‌ی دیكۆمێنتاری بكه‌م. خه‌یاڵم لای ئه‌و دهستنووسانهم نییه كه له ناو ئامێری كۆمپیوتهرهكهمدایه، ژماره‌یه‌كی كه‌می ئه‌و جۆره ده‌ستنووسه‌م هه‌یه كه ته‌واو نه‌كراون و ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ لایان و وه‌ك ده‌قی پشتگوێخراو لێیاندهڕوانم. چونكه له‌وانه‌یه هه‌ستكردنم بۆیان نه‌مابێت.
نووسین له ژیانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی عێراقی عه‌لی حسێن، به تێپه‌ڕبوونی كات بووه‌ته سروتێكی ڕۆژانه. دانه‌ری كتێبی “بۆچی كتێبه بێزاركه‌ره‌كان بخوێنینه‌وه؟” په‌یڕه‌وی ئامۆژگارییه‌كه‌ی تۆما مان ده‌كات كه ده‌ڵێت هه‌مو رۆژێك یه‌ك لاپه‌ڕه ده‌نووسم، پاشان پێداچوونه‌وه و پاكنووسی ده‌كه‌م و له دۆسێیه‌كدا هه‌ڵیده‌گرم، دوای ساڵێك ده‌بینم ڕۆمانێكم نووسیوه له 365 لاپه‌ڕه پێهاتووه. به‌م شێوه‌یه عه‌لی حسێن فێری ئه‌وه بووه هیچ ڕۆژێك له ڕۆژه‌كانی ژیانی، بێ نووسین به‌فیڕۆ نه‌دات و نووسین بووه‌ته به‌شێك له چنینی ژیانی ڕۆژانه‌ی و ئه‌وه‌ی ڕۆژانه ده‌ینووسێت، زیاد له جارێك پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. دوای ئه‌وه‌ی نووسینه‌كه‌ی ده‌بێت به‌ده‌ستنووس، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ده‌كات و له‌وانه‌یه هه‌ندێك شتی بۆ زیاد بكات و هه‌ندێكی لێ لاببات.
نووسه‌ری سعودی خاتوو عهود عه‌بدولكه‌ریم، سه‌باره‌ت به‌و ڕۆژه‌ی تێیدا هیچ نانووسێت ده‌ڵێت: “ڕۆژه‌كه له ده‌وروخولی په‌تای نووسین ده‌سوڕێته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ڕووباری خوێندنه‌وه و كتێبێك یان دووانی لێده‌رده‌هێنێت و ده‌ڕوات بۆ قاوه‌خانه‌یه‌ك، باخچه‌یه‌ك، شه‌قامێكی له‌بیركراو، له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیكه‌دا، به‌شداری ده‌كات له دانیشتن له‌گه‌ڵ كتێب و پێكه‌وه به ده‌نگی به‌رز و له‌به‌رده‌م ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌ست به خوێندنه‌وه ده‌كه.
عهود ئه‌و كاتانه‌ی نانووسێت، جارجاره ده‌ڕوات بۆ بازاڕه میللییه‌كان و له شوێنه‌كه و خه‌ڵكه‌كه راده‌مێنێت، له كڕین و گفتوگۆكانیان، له شه‌ڕ و دهماقاڵێكانیان، راده‌مێنێت و به‌دوای سیما و ڕوخساری ڕۆمانئامێزدا ده‌گه‌ڕێت، تاكو له واقیعه‌وه بیانگوازێته‌وه بۆ خه‌یاڵ، له پانتایی شوێنه‌وه بیانگوازێته‌وه بۆ سه‌ر پانتایی كاغه‌ز. ئه‌و كاتانه‌ی نانووسێت، جارێكی دی ئه‌وانه ده‌خوێنێته‌وه كه پێشتر نووسیویه‌تی، به هه‌ستێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ناوه‌كی ده‌یانخوێنێته‌وه و تێبینی و په‌راوێزه‌كان له‌سه‌ر ڕسته‌كان ده‌نووسێت، وه‌ك: گوزارشتێكی كرچ و كاڵه، وشه‌كان دووباره بوونه‌ته‌وه، ڕسته‌یه‌كی ساده و هاكهزاییه، به‌م شێوه‌یه ده‌ست ده‌كات به سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نووسینه‌كه تاكو ده‌بێت به تێكستێكی جوان و لای خوێنه‌ر شایه‌نی خوێندنه‌وه‌یه. به كورتی ئه‌م خانمه سعودیه، هه‌مو شته‌كانی ده‌وروبه‌ری، ده‌خاته خزمه‌تی ئاره‌زووی نووسین.
نووسه‌ری میسری یاسر عه‌بدولحافز، ئه‌و كاتانه‌ی تێیدا نانووسێت، خۆی به بینینی یاری تۆپی پێ سه‌رقاڵ ناكات، چونكه ئه‌و به‌و جیهانه سه‌رسام نییه. هه‌روه‌ها به پێ ڕۆیشتن به وه‌رزش دانانێت، به‌ڵكو به یه‌كێك له كاره‌كانی داده‌نێت كه له ته‌مه‌نێكی زووه‌وه له‌سه‌ری ڕاهاتووه و بووه‌ته شتێكی ڕۆتین له ئه‌جێنداكانی ژیانیدا. به‌ڵام هه‌مو ئه‌وانه، نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م نووسه‌ره له وه‌رزش داببڕێت، یاسر له یاری “ئایكیدۆدا” پشتێنی سه‌وزی به‌ده‌ستهێناوه و له‌م ڕۆژانه‌دا مه‌شق و ڕاهێنان له‌سه‌ر هه‌مان یاری ده‌كات و به‌نیازه پشتێنی شین به‌ده‌ستبێنێت، هه‌روه‌ها یۆگا و تای چی ده‌كات، به‌ڵام له‌و دوو یارییه‌دا، وه‌ك ئایكیدۆ سه‌ركه‌وتوو نییه.
نووسه‌ری لونانی خاتوو كاتیا ئه‌لته‌ویل، پێیوایه نووسین پیشه نییه، به‌ڵكو شێوه ژیانه، كیانێكه له نووسه‌ر جیانابێته‌وه. كاتیا بۆچوونی وایه نووسه‌ر له مۆڵه‌ت یان له پشووی كۆتایی هه‌فته بێبه‌شه، كاتی به تاڵی نییه و كاتی نییه بۆ جێبه‌جێكردنی هیوایه‌ته‌كانی، ئاخر نووسین لای ئه‌م خانمه بریتییه له كیان، بریتییه له خود. هه‌ر بۆیه نووسه‌ر له ڕۆژانی شه‌مه و یه‌ك شه‌ممه له نووسین ڕاناوه‌ستێت. له كاتژمێر پێنجی ئێواره له نووسین ڕاناوه‌ستێت. نووسین پێویستییه، كارێكی ڕۆژانه‌یه ته‌نانه‌ت له كاته‌كانی نووستنیشدا.
ئاماده‌كردنی نووسه‌ری عێراقی كه‌یلان محه‌ممه‌د
سه‌رچاوه ماڵپه‌ڕی /alarab.co.uk، به‌رواری 2ی ته‌موزی 2024
تێبینی: بابه‌ته‌كه زۆر له‌مه درێژتربوو، ئێمه ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان لێ وه‌رگێڕا.