هەناسە فەلسەفییەکان

Loading

هەناسە فەلسەفییەکان

(٢١)

ئەفلاتون

 ئاوات ئەحمەد سوڵتان دەینوسێت

ئەفلاتون لەماوەی نێوان (٤٢٩ – ٣٢٨ پ.ز) دا ژیاوە. وەک سۆکرات، خەڵکی ئەسینا بوو، بەڵام بەپێچەوانەی سۆکراتەوە نەوەی خێزانێکی زۆر دەوڵەمەند و بەدەسەڵات بووە، خێزانەکەی میژوویەکی درێژیان هەبوو لە فەرمانڕەواییکردندا و کاریگەریی زۆری لەسەر مێژووی ئەسینا و یۆنان هەبووە. دەوترێت ئەفلاتون قوتابی سۆکرات بووە، بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە سۆکرات هیچ قوتابییەکی ڕانەگرتووە، بۆیە دەبێت تایبەتمەندێتی ئەم بەکارهێنانە لەبیر نەکەین. سۆکرات دەچوو بۆ ئاگۆرا، جیمنازیۆم، داوەت دەکرا بۆ ماڵەکان… بەکراوەیی قسەی دەکرد و پرسیاری لە خەڵک دەکرد و وەڵامیشی دەدایەوە، یەکێک لەوانەی لەوێ ئامادە دەبوون ئەفلاتونی لاو بووە، کە لەکاتی مردنی سۆکراتدا تەمەنی هەروا بیست و هەشت ساڵ دەبوو. گومان لەوەدا نیە کە ئەفلاتون ئامادەی دانیشتنەکانی سۆکرات دەبوو، گوێی بۆ شل دەگرت و سەرنجی دەدا کە چۆن خەڵک دەداتە بەر پرسیار. کێ دەزانێت! ڕەنگە پڕیشکی پرسیارکردن بەر ئەفلاتونیش کەوتبێت و جارێک یان زیاتر سۆکرات ئەویشی بەگیر هێنابێت. بەرلەوەی بچمە ناو هەر وردەکارییەکەوە، دەمەوێت خوێنەر شێوازی مامۆستایی سۆکرات و قوتابێتیی ئەفلاتون بهێنێتە پێشچاوی خۆی، تا بە باشیی لەو پەیوەندییە تێبگات کە لەنیوانیاندا هەبووە. واتە خۆی درک بەوە بکات کە ناتوانین بەو مانایەی ئێمە بۆ (مامۆستا) و (قوتابی) هەمانە، لە پەیوەندیی نیوان ئەو دوو فەیلەسوفە تێبگەین.

ئەوەی گرنگە، ئەفلاتون نوسەرێکی زۆر پڕ بەرهەم بووە، نزیکەی چل دایالۆگ لەبەردەستماندا هەن کە ناوی ئەویان لەسەرە. لەو دایالۆگانەدا هەموو ئەو بابەتانەی خستۆتە بەرچاو کە دەتوانین لە کایەی فەلسەفیدا بیریان لێ بکەینەوە. هەر لەمەشەوەی کە ئەلفرید نۆرس وایتهێد قسە نێودارەکەی خۆی کردووە: تەواوی مێژووی فەلسەفەی خۆراوایی هیچ نیە جگە لە زنجیرەیەک پەراوێز بۆ ئەفلاتون. بێگومان وایتهێد نەیویستووە ستایشی ئەفلاتون بکات، واتە ئەو ناڵێت ئەفلاتون وەڵامی هەموو پرسیارە فەلسەفییەکانی داوەتەوە و هیچی بۆ ئێمە نەهێشتۆتەوە؛ بەڵکو مەبەستی لەوەیە کە ئەفلاتون گفتوگۆی لەبارەی پرسە فەلسەفییەکانەوە کردووە. بۆ نمونە لە دایالۆگی (یاساکان)دا، سیاسەت و سیستمی سیاسی دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ، لە فایدروسدا، لەبارەی سایکۆلۆجیا (ئەوسا وا نەناسرابوو) وە دەدوێت. لە سیاتیتۆسدا، پرسی زانین دەخاتە بەر ڕۆشنایی لێکۆڵینەوە، دەپرسێت بابەتی زانین چیە، ئەمەش بە ئێپستمۆلۆجی ناسراوە. ئیتر هەروا دەتوانین بەسەر دایالۆگەکاندا بگەڕێین و دەبینین هەریەکەیان تەرخانن بۆ پرسێكی فەلسەفیی، تا لە ئاکامدا دەبینین ئەو ژانرەی پێی دەوترێت فەلسەفە، لەوپەڕی کەماڵ و جوانییدا، دەخاتە بەردەستمان. ئەفلاتون کارە هەرە قورسەکەی ئەنجام داوە، ئەوەی کە دواتر هیچ کەسێکی دیکە نەیتوانیوە وەک ئەو بکات. بە کورتی ئەفلاتون لە کایەی فەلسەفەدا نەینوسیوە، بەڵکو ئەو فەلسەفەی نوسیوە، واتە ئەوەی ئەو نوسیوێتی بووە بە فەلسەفە، بەجۆرێک ڕەنگە زێدەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێم فەلسەفە بە ئەفلاتون دەناسرێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ماوەیەکی زۆر و لەژێر کاریگەریی ئاینی مەسیحییدا، ئەفلاتون لەبیرکرابوو، بەڵام هەردوو سەدەی نۆزدەو بیست، سەدەی زیندوو بوونەوەی ئەفلاتون بوون و تا ئێستاش هەر بەردەوامیی هەیە.

لەڕووی کرۆنۆلۆجییەوە، کاری ئەفلاتون دەبێت بە دوو بەشەوە: بەشێکی بایۆگرافیای کردەوەکانی سۆکراتە، وەک دایالۆگی ئەپۆڵۆجی کە تێیدا سۆکرات دژی تۆمەتبارکەرانی دەوەستێتەوە. ئەم دایالۆگە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی کارکردنی ئەفلاتون و ڕەنگە لە دەوروبەری ساڵی ٣٨٥ پ.س دا نوسرابێت. لەم ماوەیەدا زۆر لەژێر کاریگەریی سۆکراتدا بووە، پاشان لە ماوەی دووهەمیدا، کە بە ماوەی ناوەڕاست ناسراوە، کە تێیدا دایالۆگەکانی گۆرگیاس و کۆمار و چەند دایالۆگێکی دیکەی نوسیوە، دەستیکردووە بە سەربەخۆبوون لە سۆکرات و هزری خۆی پێشدەخات، تا لە دواهەمین قۆناغیدا، لە دایالۆگەکانی وەک سۆفیست و پۆلیتیکۆس و پارمێنیدێس، سۆکرات دەبێتە کەسایەتییەکی لاوەکی، زۆرجاریش وەها دیارە کە ئەفلاتون ڕەخنە لە قۆناغەکانی پێشووتری خۆی بگرێت و زیاتر لە سۆکرات دوور بکەوێتەوە.

ئەم قۆناغبەندییە گرنگییەکی زۆری پێدراوەو لاپەڕەی زۆری بۆ ڕەشکراوەتەوە، بە دڵنیاییش توانایەکی زۆری لێکدانەوەی کارەکانی ئەفلاتونی هەبووە. شێوازێکی سەرنجڕاکێش و دڵگیر بووەو لەکاتی خۆیدا سودێکی زۆری گەیاندووە. بەڵام هەرچۆنێک لێی ورد دەبینەوە دەبینین ئەم شێوازە کێشەی زۆرەو ناتەواویی زۆری تێدایە. لەلایەکەوە خەمڵاندنی خاڵە  یەک لەدوای یەکەکانی پەرەسەندنی ئەقڵیی و هزریی ئەفلاتون ئاسان نیەو جێگای مشتومڕە، لە لایەکی دیکەشەوە، ئەقڵی مرۆڤ بەشێوەیەکی ستوونی هەڵناکشێت و هەڵگرتنی شوێنپێکانی بیرکردنەوەی مرۆڤەکان ئەگەر مەحاڵ نەبێت، ئەوە زۆر قورسە. بەمجۆرە مەسەلەکە هەمووی جگە لە خەمڵاندن و ئەندێشەکردن زیاتر شتێکی دیکە نیە: ئەفلاتون لەم قۆناغەدا ئاواهی بیری کردۆتەوە، پاشان ئەمەی لە مێشکدا بوو، ئینجا کاری لەسەر ئەوە کردووە، دوایی بەرەو ئەوێوە ڕۆیشتووە. ئیتر هەر تۆژەرەو کاری خۆی جیا لەوانیتر ئەنجامداوە. بۆیە دەبینین چەندین لیستی جیاجیامان بۆ ڕیزبەندیی دایالۆگەکانی ئەفلاتون لەبەردەستدایە. لەکۆتاییدا بە جێگایەکیان گەیاندووە کە زۆر قایلکەر نیە. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکدا، ئەم شێوازە ئەوەندە گرنگیی نەما، لاوازییەکانی بەشێوەیەک زەق بوونەوە، کە نەدەکرا پەردەپۆش بکرێن.

ئەم قسانەم تەنها بۆ ئەوە بوو کە بڵێم من لەم نوسینەی خۆمدا ئاواهی کار لەسەر دایالۆگەکانی ئەفلاتون ناکەم، کەم تا زۆر مەبەستم نیە ڕەخنە لەو شێوازە بگرم و هەم ئامانجی نوسینەکەشم ئەمە نیە. ئەی بەدیلم بۆ ئەمە چیە؟ ئەوەی من کاری لەسەر دەکەم بیرۆکەکانە، چەمک و تێڕوانینەکانە، هەربۆیەشە بڕگە و پەرەگرافی جۆراوجۆر لە دایالۆگە جیاجیاکانەوە وەردەگرم و ڕۆشناییان دەخەمە سەر، دوای گەشەکردن و پێشکەوتنی ئایدیاکان دەکەوم و کارم بە کرۆنۆلۆجیای کارەکانی ئەفلاتون نیە. هەربۆیەشە بەلامەوە گرنگ نیە چی هی ئەفلاتونی سەرەتا، یان ناوەڕاست یاخود کۆتاییە. ئەوەی بۆ من گرنگە ئەفلاتونە، بیرکردنەوەو پشکنینە فەلسەفییەکانێتی. من گرنگیی دەدەم بەو چەمکانەی ئەفلاتون کاری لەسەر کردوون، بە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆیدا، بە تایبەتی سۆفیستەکان. ئەم کارەش بەهەمان شێوازەکەی خۆی دەکەم: شێوازی دیالەکتیکی. منیش پرسیار دەکەم و هەوڵ دەدەم وەڵامی پرسیارەکان لای ئەفلاتون بدۆزمەوە و پاشان لێپرسینەوەیان لێبکەم، تا دەگەمە جێگایەک کە هەست دەکەم لەوە زیاتر ناتوانم بچمە پێشەوە. ئەفلاتون دایالۆگی نوسیوە و منیش دایالۆگی لەگەڵدا سازدەکەم. ئەو ڕەخنە لە سۆفیستەکان دەگرێت و ئەوانەی بە پێش سۆکراتی ناسراون دەخاتە سەر مێزی توێکارییکردن، منیش هەروا لەگەڵ ئەو دەکەم.

دەمەوێت، پێش ئەوەی بەردەوام ببم، کێشەی سۆکرات یەکلایی بکەمەوە. بەڵگەی زۆر هەن کە سۆکرات کەسایەتییەکی مێژوویی بووە، بەناوشاردا گەڕاوەو پرسیاری لەخەڵک کردووە، ئەفلاتونیش لەپاڵ زۆر کەسی دیکەدا پێی سەرسام بووە، خەڵکانێکی دیکەش هەبوون کە لێی بێزار بوون و سەرەنجام لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا ژەهر خوارد دەکرێت بێ ئەوەی هیچ نوسینێک لەدوای خۆی جێبهێڵێت. بەڵام من کارم بەم سۆکراتە نیە، ئەوەی من مامەڵەی لەگەڵ دەکەم سۆکراتە وەک کاراکتەرێک لە دایالۆگەکانی ئەفلاتوندا؛ واش لە قەڵەم دەدەم کە نوێنەرایەتی هزری ئەفلاتون خۆی دەکات. لە زۆربەی دایالۆگەکاندا، سۆکرات قسەکەری سەرەکییە، جڵەوی دایالۆگەکان بەدەستی ئەوەوەیە، خۆی ئاڕاستەیان دەکات بۆ ئەو جێگایانەی دەیەوێت. من خۆم بەپرسیاری ئەوەی کامە ئەفلاتونەو کامە سۆکراتە سەرقاڵ ناکەم، بەڵکو هەردوکیان وەک یەک کەس دەبینم. شتێکی زۆر ناماقووڵە وەها مامەڵە لەگەڵ ئەفلاتوندا بکەین کە بایۆگرافینوسی سۆکراتە، بەڵکو ئەوەی هەیە ئەوەیە ئێمە لەبەردەم بیرمەندێکی بلیمەتداین کە مێژووی فەلسەفەی خۆراوایی ژمارەیەکی یەکجار کەمی لەم بلیمەتانە پێشکەش کردووین. ئەمە جگە لەوەی مەحاڵە بتوانین لە دایالۆگەکانی ئەفلاتونەوە کاراکتەری ڕاستەقینەی سۆکرات دروست بکەینەوە. نەخێر، کە بە وردیی دەڕوانین، دەبینین ئەفلاتون سۆکرات نا، بەڵکو سۆکراتەکانی هەیە! ئەمەش باسێکە کە لێرەدا ناتوانم لەسەری بڕۆم.

بەڵێ ئەمە کێشەی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانم کارەکەم ڕابپەڕێنم باز بەسەر ئەم کێشەیەدا دەدەم و گوێ نادەمە ئەوەی لەکوێدا سۆکرات تەواو دەبێت و ئەفلاتون دەست پێدەکات، بەڵکو من لەگەڵ فەیلەسوفێکی مەزندا کاردەکەم کە ناوی ئەفلاتونە و هەر ئەویش کەسایەتییەکانی خۆی دەخوڵقێنێت. ئەم گرفتە بۆ کەسایەتییەکانی دیکەش دروستە؛ واتە ئایا ئەوە ئەفلاتونە قسە دەخاتە سەر زاری کەسێتییەکان، یاخود ئەوە قسەی خۆیانە؟ بە واتایەکی دیکە: ئایا ئەم دایالۆگانە بەڕاستی ڕوویانداوە، یاخود ئەوە ئەفلاتونی نوسەرە دەیانخوڵقێنێت. ئەم پرسە بۆ سۆفیستەکان بە تایبەتی زۆر ڕەوایە، بە تایبەتی ئەگەر زانیمان ئێمە تێکستە ئەسڵییەکانی ئەوانمان لەبەردەستدا نیە، بەڵکو لەڕێگای ئەفلاتون و چەند کەسێکی دیکەوە پڕیشک و سەرەپارچەیان تۆمارکراون کە ئەوانیش دیسان نازانین ئایا دەقی ڕەسەنی ئەوانن، یاخود داڕشتنەوەی بیرۆکەکانن. بۆ ئەوەی زۆر درێژی نەکەمەوە، من ناوی سۆکرات بەجۆرێک بەکاردەهێنم کە کاراکتەرێکە ئەفلاتون وەک نوسەرێکی بلیمەت دایڕشتووە، بەڵام زۆریش لەگەڵ ئەوەدام (بێ ئەوەی بتوانم بیسەلمێنم) کە بۆچوونەکانی سۆکرات، هەمان ئەوانەی ئەفلاتون خۆین.[1]

ئێمە لەبەردەم واقیعێکداین: ئەفلاتون دایالۆگی نوسیوە، بۆیە هەرگیز بە دەنگی خۆی نەدواوە، جگە لەوەش نوسینەکانی ئەفلاتون گەرچی تێکستی تۆمارکراون، بەڵام لەبەرئەوەی دایالۆگن، زیاتر دەتوانین بڵێین ئەوانە گوتارن لەناو ئاخاوتندا، نەک لەناو دەقی نوسراودا. بەرلەوەی زیاتر لەسەری بڕۆم، با سەردانێکی فایدروس بکەین. لەوێدا سۆکرات ڕەخنەیەکی دڵگیر لە نوسین دەگرێت، وەک شتێکی هێمایی لەقەڵەمی دەدات، کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی یادەوەریی و بەهرەی بیرکردنەوەی مرۆڤ، کاتێک پشت بە دەقی نوسراو دەبەستین ئیتر هۆیەکمان بە دەستەوە نامێنێت بۆ بیرکردنەوە یاخود یادهاتنەوەی بیرۆکەکان.

سۆکرات زۆر بە توندی دژی نوسینە، ئەو پێیوایە کە دەقی نوسراو زیاتر لە تابلۆیەک دەچێت کە لەوێدا دانراوە، هەمان شت بە هەموو کەس دەڵێت، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە بەدحاڵیبوونێکی گەورە ڕوودەدات. ئەو زیاتر دایالۆگی بەلاوە پەسەندە نەک نوسین، گفتوگۆکردن گەرموگوڕترە، باشتر دەتوانین گوزارشت لە بیرکردنەوەمان بکەین. هەرچۆنێک بیر لەم بڕگەیە دەکەینەوە، دەبێت ئەمە قسەی سۆکراتی ناو مێژوو بێت، نەک ئەوەی ناو دایالۆگەکانی ئەفلاتوون. ئایا دەشێت ئەفلاتوون کە خۆی ژمارەیەک تێکستی نوسراوی زۆر قەشەنگی بەرهەم هێناوە ڕای وای هەبێت؟ دەشێت ئەمە قسەی خۆی بێت و خستبێتیە سەر زاری سۆکرات؟ لەڕاستیدا تەنانەت لێرەشدا هێشتا هەر ناتوانین بە دڵنیایی پێداگریی بکەین و بڵێین: وایە! بەڵام هەرچۆنێک بێت زۆر نزیکترە لە جیهانبینیی سۆکراتەوە. دیسانەوەش کێشەکە ئەوەیە کە نمونەی ئاوا ڕوون زۆر کەمن و لە سەرانسەری کارەکانی ئەفلاتوندا، جیاکردنەوەکە ڕوون نیە، بگرە مەحاڵیشە. ئێمە بەڕاستی نازانین لەکوێدا سۆکرات تەواو دەبێت و ئەفلاتون دەستپێدەکات.

ئەگەر بە خێرایی سەیرێکی ئەو سەرنجەی سۆکرات بکەین کە دەڵێت نوسین یادەوەریی لاواز دەکات، دەبێتە هۆی ڕوودانی بەدحاڵێبوون و کێشمەکێش، چونکە هەماشت بە هەموو کەس دەڵێت، بەڵام کەسەکان هەمان تێگەیشتنیان بۆی نابێت. ئەگەر بیرێکی زیاتری لێ بکەینەوە: ئەفلاتون دایالۆگی نوسیوە، دایالۆگیش تێکستێکی نوسراوە، بەڵام ڕۆڵی وتراو دەبینێت. ئەمە یانی چی؟ کارەکانی ئەفلاتون ناچنە قاڵبێکەوە کە بڵێین کتێبێکی هەیە ناوی تیۆری زانینە، یاخود ناوی مێتافیزیکە، یان تەرخانە بۆ یەکێک لەو دوانە، وەک ئەوەی دواتر ئەرەستۆی قوتابی ئەو دەیکات. ئەوانەی ئەفلاتون فرە ڕەنگ و فرە دەنگن، ڕایەڵە جۆراوجۆرەکانی بیرکردنەوە دەخەنە ڕوو، هەمیشە وەک ئاخاوتن، وەک دەمەتەقێ، یان ئەگەر زاراوە تەکنیییکە بەکاربهێنم، وەک ئەرگومێنتی ئەقڵیی دەکەونە ڕوو. ئەوەش وادەکات بەردەوام بتوانین شتی نوێتریان لێبخوێنینەوەو سۆکرات وتەنی “تابلۆ”یەکی مردوو نەبن. ڕەنگە ئەفلاتون خۆشی هەر ئەمەی لە مێشکدا بووبێت، بۆیە هانای بردووە بۆ شێوازی دایالۆگ و دیالەکتیک. ئەمە ئەگەر ئەو ڕاستییە ڕەچاو نەکەین کە پێشتر هەوڵی نوسینی شانۆیی هەبووە. یانی بەجۆرێک لە جۆرەکان دایالۆگی نوسیوە، بۆ ئەوەی خۆی لەو گرفتانە قوتار بکات کە سۆکرات پێداگرییان لەسەر دەکات و بە کێشەی نوسین لەقەڵەمیان دەدات.

بێگومان، ئەوەش دەزانین کە ئەفلاتون هەرگیز لەسەر زاری خۆی هیچی نەوتووە/نەنوسیوە! واتە لەناو گوتارەکاندا، جێگایەکی بۆ خۆی تەرخان نەکردووە، هەرگیز وەک کاراکتەرێک دەرناکەوێت. بە واتایەکی دیکە، کاتێک بەر دایالۆگە ئەفلاتونییەکان دەکەوین، هەمیش ئەم پرسیارە بە زەینماندا گوزەر دەکات: ئەوەی قسە دەکات، سۆکراتە یاخود ئەفلاتون؟ لەکۆتاییشدا سەرکەوتوو نابین کە هیچ شێک بدەینە پاڵی نوسەرەکە، واتە ئەفلاتون. کاتێک سۆکرات گوزارشتێک دەخاتە ڕوو، هەرگیز ناتوانین گریمانە بکەین ئەوە گوزارشتی ئەفلاتونە. لەسەرەوە زۆر لەمبارەیەوە دوام، نامەوێت دووبارەی بکەمەوە. بەڵام خوێنەری دایالۆگی ئەفلاتونی ئەزمونی ئەوە دەکات کە لە هەر جێگایەکدا هەستی کرد دەستی گەیشتووە بە دیدێک یان بۆچوونێک کە تایبەت بێت بە ئەفلاتون، زۆری پێناچێت هەستەکەی دەڕەوێتەوەو ئەفلاتون وەک ئاو لەنێوان پەنجەکانییەوە دەڕژێتەوە بۆ ناو دایالۆگەکە و لە ناو هەرا و زەنای کاراکتەرەکاندا خۆی بزر دەکات. ئەو بە ئەنقەست وایکردووە، تێکستێکی بەرهەمهێناوە کە هەمیشە دەتوانین خوێندنەوەی خۆمانی بۆ بکەین.

قەرزی ئەفلاتون بۆ سۆکرات چیە؟ چی لە سۆکراتەوە فێر بووە؟ ئەمانە پرسیارە زۆر سەختەکانن، چونکە وەک لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، ئەم دووانە بەجۆرێك بەناو یەکدا چوون کە ناسینەوەو جیاکردنەوەیان زەحمەتە. ئەوەی زۆربەی سەرچاوەکان جەختی لێدەکەن ئەوەیە کە سۆکرات عاشقی پرسیارکردن بووە، بەردەوامیش خۆی لە وەڵامدانەوە دزیوەتەوە. سۆکرات هەرگیز داوای کرێی لەکەس نەکردووە، بەڵام داوای چی بکات؟ خۆ ئەو وەڵامێک پێشکەش ناکات، تیۆرێکی نیە بیخاتە ڕوو، تا لەبەرامبەریدا شایستەی کرێیەک یان خەڵاتێک بێت. ئەفلاتون زۆر لێزانانە ئەم لایەنەی سۆکراتی قۆستۆتەوەو دایالۆگەکانی پڕن لە پرسیاری بێ وەڵام، لەکۆتاییدا بێ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە لەسەرەتاوە پێوەی خەریک بوون، کۆتایی بە گفتوگۆکان دێت.

هەرچۆنێک بێت، سروشتی دایالۆگەکانی ئەفلاتون بەجۆرێکە کە خوێنەر ناچار دەکەن بکەوێتە گفتوگۆکردن لەگەڵ دەقێكی نوسراودا، لەگەڵ نوسیندا، ئەو نوسینەی کە سۆکرات دەڵێت وەک تابلۆیەک وایە. بەڵام خۆ تەنانەت تابلۆش ئەگەری لێکدانەوەی جیاوازی هەیەو مەرج نیە دەقاودەق قسەکەی سۆکرات دروست بێت کە دەڵێت هەمان شت بە هەموو کەس دەڵێت. سەبارەت بە دایالۆگەکان ئاماژە بۆ چەند ئاستێک دەکەم: هەمیشە کە دەچینە هەر یەکێکیان دەبینین تەنها دایالۆگێک نیە، بەڵکو چەند دایالۆگێکە لەناو یەک دەقدا. ئەمە چۆن؟ ئێمە لە دایالۆگەکاندا یەکسەر یاخود دوای پێشەکییەکی قەشەنگ بەسەر کەسێکدا دەکەوین کە سۆکرات گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات. ئەم کەسە بە بەردەوامی خۆی بە دانا و زرنگ و لێزان و شتی تر دادەنێت، سۆکراتیش زیاتر فووی تێدەکات و دەیسەلمێنێت کە ئەو کەسە ئاواهییە. ئەمە ئەو کەسەیە کە لە کۆتایی دایالۆگەکەدا وەک گەمژە دەردەکەوێت و ڕوون دەبێتەوە کە لە ئاستی لافلێدانەکانی خۆیدا نیە. بۆ نمونە لە کتێبی یەکەمی کۆماردا کە تراسیماخوس دێتە ناو گفتوگۆکانەوەو سۆکرات (کوردوتەنی) سووک و سەلیمی دەکات و ئیتر تا کۆتایی نۆ کتێبەکەی دیکە، جارێكی دیکە بەشداریی گفتوگۆکان ناکات. بەجۆرێك کە نازانین لەوێ ماوە یاخود شوێنەکەی جێهێشتووە.

پاشان جەماوەرێک لەوێن کە دەزانن ئەم کەسە خۆ بەزلزانە لە ئەنجامدا تێدەکەویت و سۆکرات دەیکات بە پەند. ئەمانە شوێنکەوتووی سۆکراتن، یاخود ئەوانەن کە بەردەوام لەدەوری خڕدەبنەوەو ئامادەی گفتوگۆکانی دەبن. ئەمانەش ئاستێکی دیکەی دایالۆگەکەن و سۆکرات هەوڵ دەدات شتێک بۆ ئەوان ڕوون بکاتەوە. دوای ئەوە ئاستێکی دیکە دێتە پێشەوە کە تایبەتە بە ئەفلاتون و شێوازی داڕشتنی دایالۆگەکان و ستایڵی کارکردنی فەلسەفییانەی ئەو: دایالۆگی نێوان ئەفلاتون و خوێنەر، واتە دایالۆگی نێوان ئەفلاتون و ئێمە. لەکاتی خوێندنەوەی دایالۆگەکاندا زۆرجار وامان لێدێت پشتیوانی لە یەکێک لە کاراکتەرەکان دەکەین و لەبەر خۆمانەوە دەڵێین: “کورە وریابە، بەمجۆرە قسە مەکە، سۆکرات دەتخاتە تەڵەوە.”  یاخود دەڵێین “وامەڵێ! بەڵکو بەشێوەیەکی دیکە بدوێ… وەڵامی ئەم پرسیارە بەوجۆرە نیە، بەڵکو بە جۆرێکی ترە.” تەنانەت زۆرجاریش لە دڵی خۆماندا پێشنیار دەکەین بۆ ئەوەی دەبێت چ جۆرە وەڵامێک بداتەوە. زۆرجار دەبینین کاراکتەرێک گوزارشتێکی زۆر خراپ دەکات و سۆکرات سوودی لێ وەردەگرێت، یاخود سۆکرات ڕایدەکێشێت بۆ جێگایەک کە نابێت بچێت؛ ئەگەر بۆمان بکرایە، دەچووینە ناو دایالۆگەکەوەو قسەکانمان پێدەبڕین و بەسەر ئەو کاراکتەرەدا دەمانقیژاند: کورە تۆ دەزانیت چی دەکەیت؟ گفتوگۆ چۆن ئاواهی دەکرێت؟ ئاخر تۆ لەبەردەمی سۆکراتدا ڕاوەستاویت.

ئەمەش وایکردووە کە جارێكی دیکە سۆکرات و ئەفلاتون لەناو یەک بۆتەدا بتوێنەوەو ڕایەکەی سۆکرات لەبارەی نوسین / تابلۆ وە بەسەر ستایڵی نوسینی ئەفلاتوندا پیادە نەبێت. چونکە بە بەردەوامی خوێنەری دیکە، لێکدانەوەی دیکە بۆ دایالۆگەکان هەیەو گرنگیی و مەزنیی کاری ئەفلاتونیش لێرەدایە. دایالۆگەکان لێناگەڕێن ئێمە هەروا ڕاگوزەر بەلایاندا تێبپەڕین، بەڵکو ڕامان دەکێشنە ناو گروپی قسەکەرەکانەوە، لەوێدا ئەفلاتون زۆر ڕاستەوخۆ قسەمان بۆ دەکات و گفتوگۆمان لەگەڵ دەکات. ئەگەر ڕێگایەک هەبێت بۆ جیاکردنەوەی ئەفلاتون و سۆکرات لە یەکتریی، ڕەنگە ئەم ئاستەی دایالۆگەکە بێت. ئەمە دایالۆگێکە لە فەزایەکی سەمەرەدا، هەم زەمەنێکی تایبەتی نیە و هەم نوسراو نیە و هەم بەردەوامیش دەگۆڕێت. هەربۆیە هەمیشە وا هەست دەکەم ئەفلاتون نەک هەر هاوچەرخمانە، بەڵکو لە ماڵەکەی تەنیشتمەوە خەریکی کارەکانی خۆیەتی.

من وەک بۆچوونی تایبەتی خۆم، هەرجارێک کە دایالۆگێکی ئەفلاتون دەخوێنمەوە، خۆم دەبینمەوە پێڵاوەکانی یەکێک لە کاراکتەرەکانم لە پێ کردووە، واتە خۆم خستۆتە جێگای ئەو زۆر بە قورسیی دەستم داوەتە گفتوگۆکردن لەگەڵ سۆکراتدا. لەئەنجامی ئەوەشدا زۆر بە باشی لەوە تێدەگەم کە چۆن بە پێچەوانەی ڕایەکەی زینۆفۆنەوە، خەڵکێکی زۆری شار ڕقیان لە سۆکرات هەڵگرت و کۆتاییەکەشی بەوە گەیشت کە هەموومان دەیزانین. ڕەنگە تا ئێرە بە باشی ڕوونم کردبێتەوە کە چۆن دایالۆگی ئەفلاتونیی کێشت دەکات بۆ لای خۆی، هەروەها بەشێوەیەک لە شێوەکان وەڵامی پرسیارێکی دیکەشم داوەتەوە: بۆچی دوای ئەفلاتون، نوسەرەکان زۆر بە دەگمەن هانایان بۆ ئەم شێوازەی نوسین بردووە، کە وەڵامەکەی زۆر ڕاشکاوانە و زۆریش کورتە: چونکە زۆر زەحمەتە.

ئێستا دەمەوێت گۆشەنیگاکە پێچەوانە بکەمەوە: لەپاڵ ئەو هەموو قسانەدا کە لەپێشەوە کردم بۆ مەحاڵێتی جیاکردنەوەی سۆکرات و  ئەفلاتون لەیەکتریی، هێشتا هەر هەڵەیەکی کوشندەیە کە وابزانین یەک کەسن، یاخود یەکسانیان بکەین بە یەکتریی. یەکێک لە بەرچاوترین هۆیەکانی ئەمە، ئەوەیە کە تێکستی دایالۆگەکان دەخوێنینەوە، دەبینین زۆرجار ئەفلاتون لە زاری کاراکتەرەکانی دیکەوە ڕەخنە لە سۆکرات دەگرێت و ڕەخنەکانیشی ماقووڵن (دیارە وەک لەسەرەوە وتم ئەفلاتون نوسەری ڕاستەقینەی دایالۆگەکانە، نەک نوسەرەوەیان). بەڵام ئەگەر پێداگریی بکەین، دەتوانین بڵێین ئەمە ڕەخنە لە خۆ گرتنە. نمونەیەکی زۆر دڵگیر بۆ ئەمە دەهێنمەوە:

یەکێک لە دایالۆگە زۆر ناسراوەکانی ئەفلاتون ناوی سیمپۆزیەمە. لە ئەسینا کەسێک خەڵاتی وەرگرتووە، بەو بۆنەیەشەوە ژمارەیەک کەسی لە ماڵەکەی خۆی داوەتکردووە بۆ خواردن و خواردنەوە. بەڵام لەسەر پێشنیاری یەکێک لە ئامادەبووان، ئاهەنگەکە دەگۆڕێت بۆ قسەکردن لەبارەی خۆشەویستییەوە. هەریەکەیان لای خۆیەوە وتەیەک دەدات و دواهەمینیان سۆکراتە. بەڵام دوای ئەوەی سۆکرات قسەکانی خۆی دەکات، کەسێکی مەست پەیدا دەبێت، کە دۆستێکی نزیکی سۆکراتە، لای خۆیان جێگایەکی بۆ دەکەنەوەو ئەویش لای خۆیەوە وتەیەک دەدات. بەڵام وتەکانی ئەو دەربارەی سۆکراتە نەک خۆشەویستی. ئەم کەسە ئەڵسابایەدیسە و پێش ئەوەی قسە بکات، سۆکرات دەڵێت، ئەگەر قسەی نادروست بکەیت، قسەکانت پێ دەبڕم و وەڵامت دەدەمەوە.

ئەڵسابایەدیس چیرۆکێکی زۆر قەشمەرانە لەبارەی سۆکراتەوە دەگێڕێتەوە، لەبری ئەوەی ستایشی سۆکرات بکات، ڕەخنەی زۆر چزێنەری لێ دەگرێت. لەناو قسەکانیدا ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی گەرچی سۆکرات زۆر ئاشقی داناییە، بەڵام هیچ حیسابێک بۆ مرۆڤەکان ناکات. کەسێکی زۆر ساردوسڕە، زۆر ئارامەو تووڕە نابێت، من هەرچییەک دەکەم هیچ گرنگییەکم پێنادات. کەچی سۆکرات هیچ ناڵێت.

ئەوەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەوەیە ئەفلاتون کۆتا قسە نادات بە سۆکرات، بەڵکو دەیداتە ئەڵسابایەدیس، واتە دایالۆگەکە بە ڕەخنەگرتن لە سۆکرات کۆتایی دێت. ئەمە بۆچی؟ ئەمە ئەو جێگایەیە کە ئەفلاتون بانگهێشتی خوێنەران دەکات بۆ ئەوەی بێنە ناو دایالۆگەکەوە، بەشداریی تێدا بکەن. ئەفلاتون دەیەوێت خوێنەر چی بکات؟ ئەو لێدەگەڕێت ئەڵسابایەدیس بە ئارەزووی خۆی و لە گەرمەی مەستیدا (وەک دەڵێن مەست بوون حاڵەتی ڕاشکاوییە) قسەکانی خۆی بە سۆکرات بڵێت و لێش ناگەڕێت سۆکرات هیچ وەڵامێک بداتەوە؛ بۆ ئەوەی ئێمە حوکم بدەین، بڕیاری ئەوەی قسەکانی ئەڵسابایەدێس تا چەند دروست و ڕەوان، بۆ ئێمە لێدەگەڕێت و کاتی خۆشی بۆ خوێنەرە ئەسیناییەکانی جێهێشتووەو داوایان لێدەکات لەوێوە دید و بۆچوونەکانی خۆیان بخەنە ڕوو. من هەست دەکەم ئاماژەیەکیشی تێدایە بۆ ئەوەی خوێنەرەکانی بخاتە هەڵوێستێکەوە، تێیدا بیر لە دادگاییکردن و ژەهرخواردنی سۆکرات بکەنەوە.

ئەمە چۆن بکەین؟ دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای وتەکەی سۆکرات لەبارەی خۆشەویستی و پەیژەکەی دایۆتیما و جۆرەکانی خۆشەویستی و کۆی ئەو قسانەی سۆکرات لە دانیشتنەکەدا پێشکەشی کردن. ئەگەر تۆ خوێنەرێکی جدییت، دەبێت دوای قسەکانی ئەڵسابایەدێس، وتەکەی سۆکراتیش بخوێنیتەوە، بۆ ئەوەی بگەیت بە حوکمدانێکی تایبەت بە خۆت. ئەمەش دەمانباتەوە بۆ سەر پرسیارەکەی پێشووتر: بۆچی ئەفلاتون دایالۆگی نوسیوە؟ ئەمەش دیسان وەڵامێکی دیکەیە بۆ جیاوازیی نێوان گوتاری نوسراو و گوتاری وتراو، کە زۆر لەسەری ڕاوەستاین. دواجار دەگەینە ئەو قەناعەتەی کە شێوازی دایالۆگ، گوتاری نوسراو لە حاڵەتە ستاتیکییەکەی دەردەهێنێت و گوڕو تینێکی دیکەی پێدەبەخشێت و دەیخاتە ڕەوشێکی دینامیکییەوە.

کاتێك دایالۆگی ئەفلاتون دەخوێنمەوە، هەست دەکەم کەسایەتییەکان لە ماڵەکەی من کۆبوونەتەوە، کاتێک کە قسە دەکەن ڕێک سەیری ناوچاوی من دەکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەوان ڕێک مەبەستیان ئەوەیە لەگەڵ مندا بدوێن. واتە ڕێک لەو ئاستە سێهەمینەدا کە پێشتر ئاماژەم پێدا. من بە دڵنیایی پێداگریی دەکەم لەسەر ئەوەی کە ناتوانین دایالۆگی ئەفلاتون بخوێنینەوە، ئەگەر نەبین بە یەکێک لەوانەی قسە دەکەن، دەبێت ئێمەش قسەی خۆمان هەبیت.

بەمجۆرە دایالۆگەکانی ئەفلاتون، هەر خۆیان جیاکاریی لەنێوان خوێنەراندا دەکەن، یاخود خوێنەری جیاجیا بۆ ئەو دایالۆگانە هەن. هەندێکیان هەروا ڕاگوزەر ئەوەی ئەفلاتون نوسیوێتی دەیخوێننەوەو تێدەپەڕن. ئەمانە ناتوانن هیچی ئەوتۆی لێ هەڵبکڕێنن و هەروا بە سادەیی دەڵێن: “تەواوە ئەم قسانە (مەبەستیان قسەکانی سۆکراتە) هەموویان قسەی ئەفلاتونن.” لای ئەمانە سۆکرات بە تەواوەتی یەکسانە بە ئەفلاتون و هیچ کێشەیەکیشیان نیە. هەندێکی دیکەیان وەها دایالۆگەکان دەخوێننەوە کە ئەفلاتون وەک عەریزەنوسێک دەبینن، کە هیچی نەکردووە جگە لەوەی گفتوگۆیەکی نوسیبێتەوە کە بەڕاستی ڕوویداوە. ئەمانەیان خراپترین جۆری خوێنەرەکانن. هەندێكی دیکەشیان بەناچاریی و بۆ مەبەستی سەرڕێخستنی ئەرگومێنتەکان سۆکرات وەک کاراکتەرێک بەدەستی ئەفلاتونەوە دادەنێن، من خۆم یەکێکم لەمانە. وەک پێشتر وتم مەحاڵە بتوانین بزانین لەکوێدا سۆکرات تەواو دەبیت و ئەفلاتون دەستپێدەکات.

لە کۆتاییدا، دەبێت بڵێم دایالۆگەکانی ئەفلاتون پاڵمان پێوە دەنێن بۆ ئەوەی خۆمان بیر بکەینەوە، بەشێوەیەکی فەلسەفییانە بیربکەینەوە. دایالۆگەکانی ئەفلاتون جۆرێکن لە وەرزش، وەک چۆن لە جیمنازیۆم، یان لە وەرزشگا خەریکی بەهێزکردنی ماسولکەکانی جەستەمانین، لە ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون، کە ئێستا دایالۆگەکانی نوێنەرایەتی دەکەن، خەریکی بەهێزکردنی ئەقڵمان دەبین. هەربۆیەشە ناوبەناو دەگوترێت ئەفلاتون فەیلەسوف نیە، بەڵکو فەلسەفەیە.

[1] ئەم پرسە ئەوەندەش ئاسان نیە، چونکە نەک تەنها سۆکرات، بەڵکو بەڵگە هەن کە زۆربەی کاراکتەرەکانی دیکەش کەسایەتی مێژوویین و لە سەرچاوەی دیکەشدا ناویان هاتووە، بگرە تۆژەران لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵیانداوە تێکستەکانی ئەوانەیان کە نوسەرن دروست بکەنەوە، گەرچی بە شێوەیەکی کەموکورتیش بێت. بەڵام من بۆ مەبەستی بەڕێخستنی ئەرگومێنتەکەم، زۆر گرنگیی بەمە نادەم.

ناردن: