دەربارەی ئەو ٢٥ بیرمەندەی ژیانی ئێمەیان گۆڕی
بــا فــەلــسـەفـیـانــە بــیــر بــکــەیــنــەوە
ڕانانی: سەردەم
یەکێکی تر لە کتێبە گرنگ و چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (با فەلسەفیانە بیر بکەینەوە) ئەم کتیبە کۆمەڵێک وتاری نووسەری ناودار (عەلی حوسەین)ە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی)یەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.
گرنگیی کتێبەکانی ئەم نووسەرە لەوەدایە کە ئەزموونی قووڵ و دوور و درێژی خۆیمان لە بواری خوێندنەوەدا پێشکەش دەکات، ئەم نووسەرە سەرلەبەری ژیانی لەنێو کتێب و ئەزموونی گەورە نووسەراندا بەسەر بردووە، خوێندەوە و تێڕامان و ئەندێشەی خۆی، تێکەڵ بە بیر و ئەندێشە و دنیای نووسەر و هزرمەندان کردووە، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەباتە نێو دنیای ئەو کتێبانەی کە خوێندوونیەتەوە، بە خەیاڵ و داهێنان و فیکری ئەو نووسەرانەمان ئاشنا دەکات کە لە ڕەوتی ژیانی خوێندنەوەی خۆیدا ناسیونی و بە هۆی کتێبەکانیەوە جەخت لەسەر گرنگیی کتێب و خوێندنەوە دەکاتەوە.
لەم کتێبەشدا دیسان خوێنەر لە ڕێی بیر و ئەندێشەی خۆیەوە دەباتە لای ئەو کتێبە فەلسەفیانەی خوێندوونیەتییەوە و قسە لەسەر بەها و گرنگیی کتیب و نووسەرەکانیان دەکات.
ئازاد بەرزنجی، لە پێشەکیی کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە ئەمە کتێبێکە دەربارەی فەلسەفە و هزری فەلسەفی لای چەند فەیلوسووفێک، لەو فەیلەسووفانەی لەم کتێبەدا باسیان لێ کراوە (هیرا کڵیتس، سۆکرات، دیکارت، شۆپنهاوەر، کانت، هێگڵ، کێرکەگۆر، بێرتراند ڕەسڵ، هێربرت سپنسەر، داروین، ڤۆڵتێر، ئەفلاتوون، ئەلبێر کامۆ، سپینۆزا، بێرگسۆن، شپنگلەر، مارکۆزە، فۆکۆ و…) چەندینی تر.
بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: با پێکەوە چێژ لە فەلسەفە ببینین، ئەو فەیلەسووفەی لەناو جێدا گەورەترین کتێبەکانی نووسی، ئەو فەیلەسووفەی ژیانی سێکسیی لە مەترسیدارترین مەسەلەکانی میتافیزیکی خۆرئاوایی بوو، ئەرکی من ئەوەیە لە هەموو شوێنێک کێشە و دەردەسەری دروست بکەم، چۆن لێبووردە بین تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشدا کە لێبووردەیی لەگەڵیاندا سەختە، ئەو فەیلەسووفی دەسەڵاتەی تا ئێستاش خەڵک ڕقی لێ دەبێتەوە و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.
هەر وەک وەرگێڕی کتێبەکە (ئازاد بەرزنجی) ئاماژەی بۆ کردووە، بیرکردنەوەی فەلسەفی گرنگە لەبەر ئەوەی لێکۆڵینەوەیە لە پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوون و ژیان و مەعریفە و ئاکار و چاکە و خراپە و مانای ژیان، هەروەها سروشت و گەردوون و خودا و مەرگ و سروشتی مرۆیی و هەقیقەت و زەمەن و شوێن و هتد: فەلسەفە یارمەتیمان دەدات بە شێوەیەکی باشتر لە بوارەکانی تری توێژینەوە لە سروشت و مرۆڤ و گەردوون تێبگەین، هەر بەم بۆنەیەوە لە زووەوە گوتراوە فەلسەفە زانستی زانستەکانە، هەر بیرکردنەوەی فەلسەفییە کە تێڕوانینێکی هەمەگیرمان سەبارەت بە بوون دەداتێ، پاشان هەر فەلسەفەیە کە پەرە بە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەییمان دەدات و وامان لێ دەکات بە سانایی ڕادەستی هیچ دۆگمایەک نەبین و بە چاوی ڕەخنەوە لە هەموو دیاردەکانی گەردوون و سروشت و شتەکانی دەوروبەرمان بڕوانین و لێیان بکۆڵینەوە.
عەلی حوسەین، لە یەکێک لە وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەیدا، ڕوو دەکاتە خوێنەر و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئێمە پێویستە لەسەرمان فەیلەسووف بین، نەک وەک سارتەر و ویلیەم جەیمس و بێرگسۆن، یان وەک فارابی، بەڵکو وەک ئەوەی (هینتەر مید) لە کتێبی (فەلسەفە جۆرەکانی و کێشەکانی)دا پێمان دەڵێت، کە فەلسەفە چالاکییەکە مرۆڤەکان هەموو تیایدا بەشدارن، ئیدی ئەو بەشدارییە لە هۆشیارییەوە بێت یان لە ناهۆشیارییەوە: ڕاستە لە ڕێی ئەم نووسینانەوە ویستوومە چێژ وەربگرم، یان هەوڵ بدەم لە جیهان و لە خودی خۆم باشتر تێبگەم، بەڵام دوای خوێندەوەی دەیان کتێبی فەلسەفە، بۆم دەرکەوت ئەرکی فەلسەفە ئەوە نییە لە شتەکانی دەوروبەرمان تێبگەین وەکو دیکارت ویستوویەتی، هەروەها گۆڕینی جیهانیش نییە وەکو مارکس پێداگریی لەسەر کردووە، بەڵکو فەلسەفە مانای ژیانمان فێر دەکات و یارمەتیمان دەدات بەسەر ئەو مەترسیانەدا زاڵ بین کە جووڵەی ژیان ئیفلیج دەکەن، مێژوو و پەیامی فەلسەفە شایانی ئەوەن گوێ بۆ دەنگیان ڕادێرن، چونکە فەلسەفە دەهێنێ بە هۆگری و چێژەوە لەگەڵیدا بپەیڤین.
فەلسەفە بەواتا گشتییەکەی کە تێفکرین و قسەکردنە لەسەر گەردوون و ژیان، سەرگوزەشتەی مرۆڤ و شوێنی مرۆڤ لەگەردوندا، هەروەها ئەو کاریگەریانەی کە دەتوانێ لەسەری هەبێت و بە مانا تایبەتییەکەی ڕەخنە و دژبوونە بەرامبەر باوەڕ و کێشە نادیارەکان و کەوتنە سەر ڕێی ڕاستە، هەڵبەت لە ڕێگای چەندین تیۆری شیکاری و شرۆڤەیی، کە لە پرسیار و گریمانە و گومانەوە سەرچاوە دەگرێ و بە تاقیکردنەوەی هزریدا گوزەر دەکات و دەگات بە دڵنیایی. لەتەک ئەوەشدا ڕێگەی هزرین تێیدا باڵادەسته بۆ گەیشتن بە ئەبستراکتی بابەت لە ڕووی لۆژیکی و تێگەڕان و تێخوێندنەوە .
بەڵکو ئەتوانین بڵێین هەموو کایەکانی ژیان ئەگرێتەوە و بەژدار ئەبێت تیایدا، چونکە فەلسەفە پەیووەستە بەئەقڵ و ئەزموونەکانی مرۆڤ.
زۆرێک لە فەیلەسووفان بە زانستی ئەقڵ ناوی دەبەن ( ژول لاشلیە) دەڵێت: ڕاستییەکە ئەوەیە کە بابەتەکانی فەلسەفە نازانین ئەم وشەیە پڕ مانایە (نازانین) ئەمە دەلالەت لەوە دەکات کە فەیلەسووفان ناتوانن بە بابەتێکی دیاریکراو قایل بن و بگیرسێنەوه. یاخود سۆکرات دەبێژێت ” من تەنیا ئەوەندە دەزانم کە هیچ نازانم”.
لە هەر زانستێکدا بابەتی دیاریکراو بۆ لێکۆڵینەوە لەبەردەستە، بەڵام فەلسەفە جیاوازە لەوان، هەر بۆیە بە دایکی زانستەکان ناوزەند کراوە، هەموو زانستەکان لقێکی فەلسەفین و دواتر جیابوونەوە و بنچینە و یاسای خۆیان داناوە، جیاوازی فەلسەفە لە زانستەکانی تر ئەوەیە کە خوێنەر ناچار نییە بە فکرەیەکەوە پەیوەست بێت، لە پشتی هەر فەیلەسووفێک فەیلەسووفێکی تر ئامەدەگی هەیە کە فکرە نوێیەکانی لە پاشخانی فکرەکانی ئەو وەرگرتووە، لە حەقیقەتدا هیچ فەیلەسووفێک کۆتا فەیلەسووف و خاتەمی فەیلەسووفان نییە.
کانت دەڵێ: فەلسەفە شتێک نییە بزانرێت، بەڵکو دەتوانین فێری بین کە چۆن دەرگیر بین لەگەڵ فەلسەفەدا.
دەتوانین بڵێین فەلسەفە کێڵگەیەکی هزرییە کە تیایدا تاک دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە توانستەکانی عەقڵی خۆی گەشە پێ بدات و خۆی بدۆزێتەوە تیایدا، هەوڵ و کۆششی خۆی بخاتە گەڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، فەلسەفە بابەتی ئەقڵە کە گرینگترین شتە لە ژیانی مرۆڤدا، تاکە شتە کە بە یەکسانی دراوە بە مرۆڤەکان و نەتوانین بێ ئەو بژین، بۆیە لە ڕێگەی فەلسەفەوە دەتوانین ئەقڵێکی تەندروستمان هەبێت کە ئەقڵیش تەندروست بوو کۆمەڵگا تەندروست و ئارام و خۆشگوزەران دەبێت، لە فەلسەفەدا بەردەوام لێکۆڵینەوە لە ڕێگەی ئەقڵەوە دەکرێت بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامەکان.
ئەگەر ئێمە سەیر بکەین زۆرینەی بیرمەندەکانی جیهان فەیلەسووف بوون و لە ڕێگەی ئەقڵەوە خزمەتێکی زۆریان بە کۆمەڵگە کردووە و کۆمەڵگەیان هۆشیار کردۆتەوە لە ڕێگەی فکر و بەرهەمەکانیان، چونکە ئامانجی فەلسەفە و فەیلەسووفانیش دروستکردنی دەوڵەتێکە لەسەر ئەساسی دادپەروەری و یەکسانی دابمەزرێت، بۆ ئەمەش نموونەی جوانیان داوینەتە بەردەست، بۆ نموونە (کۆماری ئەفلاتون) یان (مدینة فاضلة) فاڕابی و زانستی ئاوەدانی ابن خلدون و شاری چاکە و خراپە لای ئاگۆستین، کە ئاماژە بە چۆنیەتی دروستکردنی دەوڵەتێک دەکەن و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی.
لە ڕاستیدا خوێندەوەی ئەم کتێبە بۆ نووسەر و خوێنەری کورد گرنگی و سەنگ و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە، چونکە نووسەری ئەم کتێبە لە ڕێی وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەیەوە، بە زمانێکی سادە و ڕەوان چەندین پرسی فەلسەفی دەوروژێنێت و ئاشنامان دەکات بە ئەندێشە و فیکری کۆمەڵێک فەیلوسووف و هزرمەندی گەورەی جیهان.