دەربارەی نوێترین وەرگێڕانی شـێـرزاد حـەسـەن
نوێترین کتێبی وەرگێڕدراوی مامۆستا شێرزاد حەسەن لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بە ناونیشانی
تۆ بە سەر خۆتدا زاڵیت؟
( ئەم کتێبە وەک ڕێبەرییەکە بۆ ئەو کەسانەی گەرەکیانە بەسەر ژیانی خۆیاندا زاڵ ببن ).
گزنگ حەسەن ڕەسوڵ
بە سەرخۆتدا زاڵبوون، بۆ هەمووان چەمکێکی یەک قەبارە نییە بۆ هەریەکێک لە ئێمە مانای جیاوازی هەیە، بۆیە بزانە بۆ تۆ مانای چییە؟ خۆکۆنتڕۆڵکردن یاخود خۆبەڕێوەبردن بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بریتییە لە دەستپێکردنی گەشتێک، کە گەڕانەوەیە بۆ خۆت!
لە سەردەمی بێوچانی مۆدێرندا، مرۆڤایەتی لە هەموو ڕوویەکەوە فشارێکی زۆری دەکەوێتە سەر. بە ڕادەیەک خەمۆکی ودڵەڕاوکێ بوونەتە هاوڕێی بێدەنگ، فشاری کارەکانمان و چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا و شێوازی ژیانی جەنجاڵی و زۆرشتی تر لەم ئاژاوەگێڕییەدا وادەکات شتێکی بەنرخ لەدەست بدەین ئەویش خۆکۆنتڕۆڵکردنە، تەنانەت جەوهەری ئەوەی کە کێین لە دەست بدەین؟!
لە ئێستادا ئەم کتێبە نەخشە ڕێگایەکی گشتگیرە بۆ هەرکەسێک، کە بییەوێت بەرپرسیارییەتی ژیانی خۆی بگرێتە ئەستۆ. بۆ ئەم مەبەستە بە شێوەیەکی تایبەت داڕێژراوە، کە تیایدا تێڕوانینە تیۆرییەکان لەگەڵ ڕاهێنانە کردارییەکان(پراکتیکییەکان) ئاوێتە دەکات بۆ زیاتر بەهێزکردن و گەشەپێدانی لایەنی کەسی و پیشەیی و چەندین تەوەری سەرەکی لە خۆی دەگرێت وەک: ( بەکارهێنانی ئەوپەڕی توانای مێشک، ئاگایی ونائاگایی، گۆڕینی بیرو بڕواکان، باوەڕبەخۆبوون، جەختکردنەوەو سووربوون، پەیوەندییەکان، تێگەیشتن لە پێویستییەکانی خۆت، ئیرەیی، فۆبیاکان، ڕەخنە، هاندان، ڕووبەڕووبوونەوەی ترسەکان، تووڕەیی، گوناهباری…تاد، هەروەها ئامرازو ڕاهێنانی پراکتیکی وەک خۆهەڵسەنگاندن، دانانی ئامانج،…تاد، و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکان کە پێکدێت لە پاشەکشەکردن و مامەڵەکردن لە گەڵ کاریگەرییە نەرێنییەکان. دواتر باس لە کۆمەڵگاو پاڵپشتیکردن و کاریگەرییە درێژخایەنەکان دەکات.
وێندی گرانت وەک شارەزایەکی بواری گەشەپێدانی کەسی، لە کتێبەکەدا بۆ باشترکردنی خود تیشک دەخاتە سەر گەشەپێدانی کەسی و زاڵبوون بە سەر بەربەستە دەروونییەکان، لە ڕێگەی ئەو تەکنیکە ناوازانەوە کە لە فۆڕم و ناوەڕۆکدا خستویەتییە ڕوو وایکردوە ئەم کتێبە لە کتێبەکانی تری گەشەپێدانی کەسی جودابکاتەوە. ئەمەش بە بەکارهێنانی تەکنیکە پراکتیکییەکانی وەک: Self-hypnosis, Visualization, and mindfulness، ئەگەر بە کورتی تیشک بخەینە سەر هەریەک لەم تەکنیکانە دەبینین (Self-hypnosis ) خود- خەواندن بەهۆی پراکتیزەکردنەوە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ گەیشتن بە نائاگایی وبەرەوپێشبردنی گۆڕانکاری بەردەوام تاوەکو شێوازی بیرکردنەوەی و ڕەفتارە نەرێنییەکان بگۆڕێت و چارەسەری بکات، واتا وەک ئامرازێک بۆ خۆباشترکردن بەکاردەهێنرێت. هەروەها تەکنیکی ( Visualization ) بینین، ئامرازێکی بەهێزە بۆ دەرخستی ئارەزووەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان لە ڕێگەی پڕاکتیزەکردن و دروستکردنی وێنە یان سیناریۆی دەروونی کە لەگەڵ ئامانج و ئارەزووەکاندا بگونجێت، دەستکەوتی ئەم جۆرە تەکنیکە لە ڕێگەی خەیاڵکردنەوە بەدەست دێت. تەکنیکی ( minsfulness ) وردبینی، هاندەرێکی سەرەکی تەرکیز و ئامادەبوون و ئاگاداربوونە لە بیرکردنەوەو هەستەکانی مرۆڤ، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون وکەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان. شایەنی باسە هەمووئەو تەکنیکانە لە کتێبەکەدا ڕێبازێکی گشتگیرن لە بەهێزکردنی مرۆڤ بۆ گەشەکردنی خودی.
بۆ ئەم مەبەستە هەر بابەتێک لە کتێبەکە بگریت بۆ زیاتر تێگەیشتن و فێربوون بە پرسیارکردن و ڕاهێنانی کرداری کۆتایی پێدێت. هەموو ئەمانە هەڵسەنگاندنی خودی لە خۆدەگرێت، کە یارمەتی خوێنەران دەدات ئاستی کۆنتڕۆڵکردنی ئێستایان بەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیانیاندا پێوانە بکەن وەک: پیشە، پەیوەندییەکان، باشبوونی کەسی…تاد. لێرەدا گرانت مۆدیۆلی جیاوازی دانانی ئامانج مان پێ دەناسێنێت، لەوانە Specific, Measurable, Achievable, Relevant, Time-bound. هەریەک لەم لایەنانە گرنگییەکی زۆری هەیە لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی کارو دانانی ئامانجەکاندا. هەموو ئەوانە چوارچێوەیەک دروستدەکەن بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەکان و زیادکردنی ئەگەری سەرکەوتنی دەرئەنجامەکان. لەگەڵ ئەوانەشدا چوارچێوەیەک بۆ خوێنەر دابین دەکات تا وەکو لە ژیانی خۆیاندا دروستیبکەن.
شایەنی باسە لێرەدا ڕێنماییەکان فڕەلایەنەیە واتە ستڕاتیژییەکان تەنیا بۆ بەهێزکردنی لایەنی کەسی نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەو قووڵترو لە سەر ژیانی مرۆڤ دەخاتەروو. چونکە بەلای وێندی گرانت ەوە بۆ گەشەکردنی کەسی گرنگە مرۆڤ خاوەندارییەتی لە کردارەکانی بکات، لەو ڕووەوە بە دواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان تەندروستی دەروونی و جەستەیی دەکات. هەموو ئەمانە وەک پلانێک ڕێچکە دەگرن و یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان لە ژیاندا.
کەواتە ئەم تەکنیکانە وەرگرتنی بەرپرسیارێتییە بەرامبەر هەست وبیرکردنەوەو کردارەکان، کە نووسەر لە کتێبەکەیدا چالاکانە لە ڕێگەی ڕاهێنان و ڕێنمایی کراوە بەشداری بە خوێنەردەکات. هەروەها نووسەر تۆنی گفتوگۆو گێڕانەوەی حیکایەتە کەسییەکان وەک چیرۆک و ئەزموونی کەسی دەخاتەڕوو، بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری هەریەک لە لایەنەکانی سۆزداری، دەروونی، جەستەیی..تاد، ئەمانەش پەیوەندییەکی بە هێز لە گەڵ خوێنەردا دروست دەکەن و خوێنەر بە هاندراوی دەهێڵنەوە، تاوەکو خاوەندارێتی لە کردارو بڕیارەکانی بکات و تەنها پشت بە پاڵنەرە دەرەکییەکان نەبەستێت. هەموو ئەمانەش لە ڕێگەی خۆکۆنترۆلکردنەوە دەستەبەر ئەبێت، بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەم کتێبەوە خوێنەردەتوانێت بە شێوەیەکی ئەرێنی و بە متمانەو کۆنترۆلی زیاترەوە ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەکانی ژیانی ببێتەوە.
کەواتە، تەندروستی تۆ- چ دەروونی وچ جەستەیی- بەندە بە شێوازی بەڕێوەبردنی ژیانت، ئەمەش پەیوەستە بەوەی تا چەند دەسەڵات دەدەیت بەو دەنگ وهێزە دەرەکییانەی کە هەوڵی داگیرکردنت دەدەن، بەڵام لێرەدا ڕاستییەک هەیە کە دەبێت لەبیرت بێت: ژیانت تەنها هی تۆیە، ئەوە هی تۆیە کە بژیت، هی تۆیە کە بەردەوامبیت، هی تۆیە بڕیار بدەیت- جا بڕیارەکان ڕاست بن یان هەڵە دەبێت هی تۆ بن. تەنیا خۆت دەتوانیت بڕیار لە سەر ئاڕاستەی ژیان وئامانجەکەت بدەیت – لە ڕێگەی ئەوهەڵبژاردنانەی دەیکەیت سەرکەوتن وشکستت لە ژیانتدا دیاریدەکەیت. پاڵنەرەکانی خۆت بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بەو دەستەواژەیەوە کە تۆخاوەنی خۆتیت. هەرچەندە بە ئاگادارییەوە پێویستمان بە کەسانی دیکەیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەک دروست بکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە بەرپرسیارییەتی ئەوان نییە پێداویستییە پاڵنەرەکانمان بۆ بەدیبهێنن. هەربۆیە لە کۆتاییدا ئێمە ئەوکەسەین کە پاڵنەری خۆمانین، کەسێکیش کە پاڵنەرێکی باشی خۆیەتی دەتوانرێت ئەوەی تێدا ببینرێت کە چۆن هەوڵدەدات بۆ گەیشتن بە خەونەکانی.
زۆرجار ڕێگە دەدەین ژاوەژاوی ئەوانی دیکە زاڵ ببێت بەسەر دەنگی خۆماندا. ئێمە حوکمەکانیان، بۆچوونەکانیان، چاوەڕوانییەکانیان بە جۆرێک هەڵدەمژین تا دەنگی بیرکردنەوەکانی خۆمان لەبیر دەکەین. لەدەستدانی خۆت بۆ دڵخۆشکردنی کەسانی تر هیچ ڕێگەیەکت ناداتێ بۆ ژیانکردن، هەربۆیە پێش ئەوەی ڕەسەنایەتی خۆت بکەیتە قوربانی بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانی تر، بوەستە، لە خۆت بپرسە: ئایا من بۆ ئەوان دەژیم، یان بۆ خۆم؟
خۆکۆنتڕۆڵکردن پێویستی بە بوێری هەیە بۆ وەستانەوە لە بەهاکانتدا و سەربەخۆبوون ولە باوەشگرتنی ئەو کەسەی کە دەتەوێت ببیت. ئەمەش پەیوەستە بە بێدەنگکردنی ژاوەژاوی جیهان وگوێگرتن لە بێدەنگیەکانی ناوەوەی خۆت.
کەواتە، ژیانت وەربگرەوە. گوزارشتی لێ بکە. بژی. با بە هەموو مانایەکی وشەکە هی تۆ بێت.