چه‌ند بنه‌مایه‌كی په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن و ئه‌رێنی
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
له‌مڕۆدا و له سه‌رده‌می ئینته‌رنێت و زیره‌كی ده‌ستكرد و له ئه‌نجامی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگاكان و گۆڕانكارییه خێراكاندا، دایكان و باوكان و له‌گه‌ڵیدا به‌خێوكاران و مامۆستایان، له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و قوتابییه‌كاندا، روبه‌رووی زه‌حمه‌تی و ئاله‌نگاری گه‌وره ده‌بنه‌وه و ئاله‌نگارییه‌كانیش، پێویستیان به ستراتیژی په‌روه‌رده‌یی نوێ هه‌یه كه گونجاوبێت له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌دا، له‌وانه‌ش باشتركردنی په‌یوه‌ندییه خێزانییه‌كان و گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان قوتابی و مامۆستا و دروستكردنی په‌یوه‌ندی و ڕایه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروست له نێوان سه‌رجه‌م ئه‌م كاراكته‌رانه: منداڵ، دایك و باوك، مامۆستا و به‌خێوكار، ماڵه‌وه، قوتابخانه.
سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ كه سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و ئینته‌رنێت و زیره‌كی ده‌ستكرده، زیاتر سه‌رده‌می منداڵه تا گه‌وره‌كان، ئه‌وان زووتر له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه دیجیتاڵییه‌دا رادێن تا گه‌وره‌كان، ئه‌وان خێراتر ده‌توانن فێری ببن و باشتر ده‌توانن به‌كاریبێنن تا دایك و باوك و مامۆستاكانیان. هه‌ر بۆیه په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن، به پله‌ی یه‌كه‌م پشت به شێوازی هاندان و ڕێزگرتن و گوێگرتن له منداڵ ده‌به‌ستێت و كار بۆ دروستكردنی متمانه به‌خۆكردن ده‌كات، به تایبه‌ت لای منداڵ. بۆ هێنانه‌دی ئه‌و متمانه‌یه لای منداڵ، پێویستمان به كارلێكی ئه‌رێنی نێوان منداڵ و دایك و باوك و مامۆستایان هه‌یه، پێویستمان به‌وه‌یه منداڵ یان قوتابی، هه‌ست بكات له‌لایه‌ن به‌خێوكاران و مامۆستایانه‌وه، ڕێزی لێده‌گرێت و حه‌ز و ویست و ئاره‌زووه‌كانی له‌به‌رچاو ده‌گیرێت و وه‌ك مرۆڤێكی خاوه‌ن ماف مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. هه‌ست بكات رێز له توانا و كارامه‌ییه‌كانی ده‌گیرێت و زانین و به‌كارهێنانه‌كانی بۆ ئامێره ئه‌لیكترۆنییه‌كان، به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێت و په‌ره‌ی زیاتری پێده‌درێت، نه‌ك وه‌ك كاتكوشتن و به‌فیڕۆدانی كات مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. وه‌لێ به‌و مه‌رجه‌ی منداڵ هه‌مو كاتی خۆی بۆ ئه‌و ئامێره ئه‌لیكترۆنییانه ته‌رخان نه‌كات، به‌ڵكو ده‌بێت كاته‌كانی بۆ دیاریكرابێت و له سنور و چوارچێوه‌یه‌كی كه‌م و سنورداردا به‌كاریان بێنێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بهدهستییهوهبێت و یاری پێبكات. لێره‌وه په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر رێچكه راست و دروسته‌كه‌ی خۆی بوو، ده‌كرێت به شێوه‌یه‌كی گشتی، به‌شداربێت له دڵخۆشی منداڵ و خێزان و قوتابخانه و پێگه‌یاندنی منداڵێكی ئه‌رێنی و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی و به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر به ئه‌رك و مافه‌كانی.
له خواره‌وه هه‌ندێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به‌و هیوایه‌ی سودی هه‌بیت و له مامهڵهكردنماندا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان و قوتابییه‌كانمان، جێبه‌جێ و په‌یڕه‌وی بكه‌ین و له‌سه‌ری بڕۆین.
یه‌كه‌م: په‌یوه‌ندیكردنی رۆژانه به منداڵه‌وه
ئاشكرایه له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا، دایكان و باوكان، به قووڵی سه‌رقاڵی ئیشوكاری فه‌رمانگه و ماڵه‌وه‌ن و به درێژایی رۆژ فشاری زۆریان له‌سه‌ره. په‌یداكردنی بژێوی ژیان و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی زینده‌گی رۆژانه، ئه‌ركی دایك و باوكی سه‌خت كردووه و ناچاریكردوون كاتێكی زۆری خۆیان بخه‌نه خزمه‌ت ئه‌و دابینكردنه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وه‌شدا، پێویسته له‌سه‌ریان له ماڵه‌وه، كاتێكی گونجاو بۆ دانیشتن و قسه‌كردن و ته‌نانه‌ت یاریكردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان ته‌رخان بكه‌ن. هه‌فتانه یان مانگانه، كاتێك بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌ی خێزانی و گه‌شتی بچوك بچوكی ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شار ئه‌نجامبده‌ن، ئه‌ڵبه‌ته ته‌رخانكردنی كاتێكی له‌و جۆره، واده‌كات په‌یوه‌ندی نێوان منداڵ و دایك و باوك، به‌هێزتر و پته‌وتر و كاریگه‌رتربێت.
دانیشتن له‌گه‌ڵ منداڵ و گوێگرتن له حه‌ز و ویست و ئاره‌زووه‌كانیان، ته‌رخانكردنی كاتێكی دیاریكراو بۆ دیالۆگ و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵ، بۆ نموونه له‌سه‌ر خوانی ژه‌مه‌كانی نانخواردن و پێش نووستن و له‌كاتی سه‌یركردنی هه‌ندێك زنجیره‌ی دراما و یارییه وه‌رزشییه‌كان، وا ده‌كات منداڵ فێری دیالۆگی كراوه و قسه‌كردن له‌سه‌ر گیڕانه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و رۆژه‌ی ژیانی ببێت و جۆرێك له متمانه به‌خۆبوونی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م دانیشتنانه‌دا گرنگه، گوێگرتنه له بیروڕاو سه‌رنجی منداڵه‌كان و پرسیاركردنه سه‌باره‌ت به بایه‌خدانه‌كانیان و ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت له ئێستادا یان له داهاتوودا به‌ده‌ستی بێنن.
به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی خێزانی له‌گه‌ڵ منداڵ، له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و گوێگرتن له یه‌كتر و ته‌رخانكردنی كات بۆ یه‌كتر، فاكته‌رێكی سه‌ره‌كییه له په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ و ئه‌رێنی. به‌هێزكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه، به‌شداره له دروستكردنی متمانه‌ی نێوان منداڵ و دایك و باوك، هه‌ر له ته‌مه‌نێكی زووی منداڵییه‌وه بۆ قۆناغی هه‌رزه‌یی و پێگه‌یشتن. لێره‌وه له‌سه‌ر دایباب پێویسته به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان هه‌بێت و گوێگرتن له هه‌ست و سۆز و پێداویستییه‌كانی منداڵ، به شێوه‌یه‌كی رۆژانه و ڕێك‌وپێك، به‌تایبه‌ت له كاتی بوونی ناكۆكی، وا ده‌كات منداڵ زیاتر په‌یوه‌ست بێت به خێزان و ماڵه‌وه و له‌كاتی قسه‌كردنیدا راستگۆبێت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی و دواتر ئه‌م راستگۆییه‌ش ده‌گوێزێته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی خێزان و بۆ ناو كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و قوتابخانه و پۆله‌كه‌ی. به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌دیهێنانی كارمهرانی و دڵخۆشی خێزانی، به‌نده به دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی و به‌هێز له نێوان منداڵ و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی.
دووه‌م: به‌شداریكردن له گه‌شتی سه‌ركه‌وتنی منداڵدا
“زۆرباشه و ده‌ستخۆش، به ڕاستی تۆ به‌توانایت”، ئه‌وه چه‌ند په‌یڤێكی ساده و ساكاره، ئاراسته‌ی منداڵی ده‌كه‌یت، كاتێك ئیشیكی باشی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی خۆی ئه‌نجامدابێت. ئه‌و وشه سادانه رۆڵێكی گه‌وره‌ی ده‌بێت له گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ منداڵ و ته‌ركیز له‌سه‌ر لایه‌نی ئه‌رێنی منداڵه‌كه ده‌كات و یارمه‌تی ده‌دات بۆ رزگاربوون له لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی و گه‌شه‌كردن و بایه‌خدانی زیاتر به لایه‌نی ئه‌رێنی.
“تۆ زیره‌ك و به‌هێزیت، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌یت ده‌توانیت ئه‌و كاره بكه‌یت”، به‌و ده‌ربڕین و ڕسته سادانه، یارمه‌تی منداڵ ده‌ده‌یت له خۆی و تواناكانی تێبگات و باوه‌ڕ به كارامه‌یی و تواناكانی خۆی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی ده‌كات و تێده‌گات ئه‌وه‌ی لێی داواكراوه، ده‌توانێت ئه‌نجامی بدات و له ئه‌نجامدانی سڵ ناكاته‌وه و له‌وه‌ش ناترسێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بكات.
“چۆن چۆنی ده‌توانم یارمه‌تیت بده‌م؟” ئه‌مه مانای وایه تۆ به‌رده‌وام هاوكاری و پشتگیری ئه‌و ده‌كه‌یت، “به بۆچونی تۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه چییه؟” واته تۆ ده‌رفه‌ت به منداڵه‌كه ده‌ده‌یت بیربكاته‌وه و خۆی به‌شوێن چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یدا بگه‌ڕێت. مامه‌ڵه‌كردن به‌م جۆره رستانه و هێنانه ئارای دیالۆگێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ، هانده‌ره بۆ تێگه‌یشتن له كێشه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو.
بۆ بونیادنان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی و به‌هێز له‌گه‌ڵ منداڵ، چه‌ندین رێگای جۆراوجۆر هه‌یه، له‌وانه به‌شداریكردن له ئه‌نجامدانی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان. هاندانی منداڵ بۆ ئه‌زمونكردنی كارامه‌یی نوێ كه یارمه‌تی ده‌دات بلیمه‌تی و به‌هره شاراوه‌كانی ده‌ربخات و ئاشكرایان بكات. ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی بۆیان له میانه‌ی كۆمه‌ڵێك رسته و ده‌سته‌واژه‌ی ساده و ساكاره‌وه. ته‌ركیزكردن له‌سه‌ر سیفه‌ت و ڕه‌فتاره باش و ئه‌رێنییه‌كانی… هتد.
سێیه‌م: كێشه‌كانی منداڵه‌كه‌ت وه‌ك شه‌شپاڵوی رۆبیك چاره‌سه‌ربكه
په‌روه‌رده وه‌ك شهشپاڵۆی رۆبیك وایه، سه‌ره‌تا مه‌سه‌له‌كه زۆر زه‌حمه‌ت و قورس ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام هه‌ر هێنده‌ی له ته‌كنیكی یارییه‌كه تێگه‌شتی، ئیدی مه‌سه‌له‌كه ئاسان ده‌بێت و به‌خێرایی هه‌مو ره‌نگه‌كانی شهشپاڵۆكه ریز ده‌كه‌یت.
هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابخانه‌ی په‌روه‌رده‌یی هه‌یه، وه‌لێ هه‌موان كۆك و ته‌بان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌وشت و هه‌ڵسوكه‌وتی خراپی منداڵ، له بۆشاییه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو ره‌فتاری نه‌شیاوی منداڵ، زۆرجار نیشانه‌ی بوونی كێشه‌یه‌كه لای منداڵه‌كه و له رێگه‌ی ره‌فتارێكی نه‌شیاوه‌وه گوزارشتی لێ ده‌كات. بۆ نمونه سه‌روه‌ختێك منداڵه‌كه وڕك ده‌گرێت و نانه‌كه‌ی ناخوات و فڕێیده‌دات و ده‌ڵێت: “ئه‌م خواردنه‌م ناوێت و شوكولاته و ئیندۆمیم ده‌وێت”، ئه‌وه ده‌یه‌وێت مه‌سجێك به دایك و باوكی بگه‌یه‌نێت كه په‌یوه‌ندی به خۆراكه‌وه نییه، به‌ڵكو خۆراكی كردووه به پاساو بۆ گه‌یاندنی كێشه‌كه‌ی.
لێره‌دا له‌سه‌ر دایك و باوك پێویسته، هه‌ندێك پرسیار له خۆیان بكه‌ن، بۆ نمونه ئه‌وه چییه منداڵه‌كه‌م له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت پێم بڵێت؟ ئه‌گه‌ر بیتوانیایه به راشكاوانه گوزارشت له بیروڕای خۆی بكات، ئایا چی پێ ده‌وتم؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر متمانه‌ی ته‌واوی به ئێمه هه‌بوایه، راسته‌وخۆ باسی كێشه‌كه‌ی بۆ ده‌كردین… هتد. ئاخر ئاشكرایه منداڵ زۆرجار ناتوانێت به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ گوزارشت له كێشه و داواكارییه‌كانی بكات و په‌نا بۆ رێگای نادیار و پێچ و په‌نا ده‌بات. راسته زانین و ده‌رككردن و په‌ی بردن به ناخی منداڵ، قورسه و ئاسان نییه. به‌ڵام وا ده‌كات دایك و باوك به شێوه‌یه‌كی خێراتر بگه‌نه چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
چواره‌م: له نێوان پشتگیركردن و دیسپلیندا، ده‌بێت یاساكانی منداڵ دابنرێت.
ئایا سه‌باره‌ت به كاتی سه‌عیكردن یان نووستن یا به‌كارهێنانی مۆبایل و ئایپاد و ته‌كنه‌لۆژیا، هیچ یاسا و رێسایهكت بۆ منداڵه‌كه‌ت داناوه؟ له‌و باره‌یه‌وه هیچ رێنماییهكت پێ وتووه؟ ئایا له حاڵه‌تی پابه‌ندنه‌بوونی منداڵه‌كه‌ت به‌و یاسایانه‌وه، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ت له‌سه‌ر سزاكان رێكه‌وتوون؟ ئایا سه‌روه‌ختێك منداڵه‌كه‌ت پێداگری زۆر ده‌كات، تۆش ئاسانكاری بۆ ده‌كه‌یت؟
ژماره‌یه‌ك له په‌روه‌رده‌ناسان، باس له‌وه ده‌كه‌ن زه‌روره دایك و باوك، سه‌باره‌ت به كات و ساتی سه‌عیكردن، نووستن، به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت و ته‌كنه‌لۆژیا و مۆبایل، به‌جێهێشتنی كۆڵان و گه‌ڕك و هاتنه‌وه بۆ ماڵه‌وه، گه‌ڕانه‌وه له بازاڕ و دوانه‌كه‌وتن به تایبه‌ت له كاتی ئێواران و شه‌واندا، كۆمه‌ڵێك یاسا و ڕێسای تووند بۆ منداڵه‌كانیان دابنێن. جگه له‌وه پێویسته دایك و باوك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك سزا رێكه‌ون، ئه‌گه‌ر هاتوو منداڵه‌كان پابه‌ندی یاساكان نه‌بوون، پێویسته به جۆرێك له جۆره‌كان و به گوێره‌ی سزا دانراوه‌كان، سزا بدرێن. لێره‌دا پێویسته دایك و باوك هاوسه‌نگی له جێبه‌جێكردنی یاساكان و سزاكاندا بپارێزن و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش له نێوان هه‌ردووكیاندا هه‌بێت. واته نابێت له‌م حاڵه‌ته‌دا ناكۆك و ناته‌بابن، به‌ڵكو پێویسته یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین، وشه‌ی سزا نابێت بمانترسێنێت و سڵ له به‌كارهێنانی بكه‌ینه‌وه. چونكه مه‌به‌ست له سزا، لێدان و ئه‌شكه‌نجه و شكاندن و سوكایه‌تی كردن و به‌كارهێنانی تووندوتیژی نییه، بۆچی؟ چونكه هه‌مو جۆره لێدان و تووندووتیژییهی دژ به منداڵ و به مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌كردنی، به ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه منداڵێكی یا شه‌رمن یا شه‌ڕانگێز دروست كه دوو حاڵه‌تی ئه‌رێنی زیانبه‌خشن.
نا نه‌خێر، به هیچ جۆرێك مه‌به‌ستمان له‌و شێوه سزایه نییه. به‌ڵكو سزاكان په‌روه‌رده‌ین و دووره له ئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و له پێناو ئه‌وه‌ی سزاكان په‌روه‌رده‌یی بن، پێویسته هه‌ر له‌سه‌رتاوه، دایك و باوك، له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان، جۆری سزاكان دیاری بكه‌ن و گفتوگۆی له‌باره‌وه بكه‌ن و پێش ئه‌وه‌ی سزا جێبه‌جێ بكرێت، ده‌بێت منداڵه‌كه به‌رچاوڕوونییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر سزاكه هه‌بێت و بزانێت بۆچی و له پای چی ئه‌و سزایه ده‌درێت و چه‌ند ده‌خایه‌نێت.
بۆ نمونه ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردبوو، ئه‌وا ئه‌و رۆژه بۆی نییه یاری دوو گۆڵی بكات یان ناتوانێت له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ی بڕواته ده‌ره‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت پێداگری زۆری كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ یاری و زۆر تكا و پاڕایه‌وه و بڕیاریدا جارێكی دی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌ی به باشی جێبه‌جێ ده‌كات. ئه‌وا له‌سه‌ر دایك و باوك پێویسته له بڕیاره‌كه‌یان په‌شیمان نه‌بنه‌وه و به یه‌كگرتوویی به منداڵه‌كه‌یان بڵێن: “ئێمه پێشتر له‌سه‌ر ئه‌مه رێكه‌وتبووین، ده‌بێت تۆ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵه‌كه‌ی خۆت بگریته ئه‌ستۆ، من ئه‌مڕۆ بیروڕای خۆم ناگۆڕم و پێشێلی ئه‌و یاسایانه ناكه‌م كه پێكه‌وه داماننابوو، تۆ ئه‌مڕۆ ده‌بێت سزای كه‌مته‌رخه‌می خۆت وه‌ربگریت و بۆت نییه بڕۆیت بۆ یاری دوو گۆڵی”.
له كاتی جێبه‌جێكردنی سزاكاندا، پێویسته دایك و باوك به زمانێكی شیرین و نه‌رم، قسه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ی بكه‌ن و خۆشه‌ویستی و په‌رۆشی خۆیانی بۆ ده‌ربڕن، بۆ نمونه ده‌كرێت پێی بڵێن: “ئێمه‌ی له پێناو تۆ ئه‌مه ده‌كه‌ین، چونكه ئێمه تۆمان خۆشده‌وێت، به‌رژه‌وه‌ندی تۆمان ده‌وێت و نامانه‌وێت فێری كه‌مته‌رخه‌می و پابه‌ندنه‌بوون به یاسا و ڕێساكانه‌وه ببیت”، ئه‌ڵبه‌ته لێره‌دا دایك و باوك ده‌بێت به‌هێز و پێداگرن بن و سووربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌یان به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌م بووه و ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ نه‌كردووه، سزایه‌كی په‌روه‌ردانه‌ی بده‌ن، باشتره سزاكه له كات و ساتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و دوانه‌خرێت بۆ كاتی دیكه. هه‌روه‌ها ده‌بێت منداڵه‌كه بزانێت بۆچی و له‌سه‌رچی سزا دراوه و ته‌واوی هۆكاره‌كانی بۆ رونبكرێته‌وه.
پێنج: دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی نه‌ك دیواری دابڕان
توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له ساڵی 2023 ئه‌نجامدراوه و له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی “سپرینگه‌ر Springer” بڵاوكراوه‌ته‌وه- ئه‌م ماڵپه‌ڕه تایبه‌ته به بڵاوكردنه‌وه‌ی توێژینه‌وه و ناوه‌رۆكی ئه‌كادیمی- ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات په‌روه‌رده‌ی سزادان/ التربیة العقابیة مه‌ترسیدارترین فاكته‌ره بۆ دروستكرنی كێشه‌ی ده‌روونی و سۆزداری و عه‌قڵی لای منداڵ. لێره‌وه پێویسته له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و كاراكته‌رانه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ منداڵ ده‌كه‌ن، چ له ماڵه‌وه یان له ناوه‌نده‌كانی خوێندن، به ته‌واوه‌تی دووربكه‌ونه‌وه له سزای لێدان، هاواركرن، ده‌ركردن، قسه‌پێوتن، شكاندن و سوكایه‌تی و هه‌مو جۆره ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، گوایه ئه‌وانه ئامرازێكی په‌روه‌رده‌ین.
له‌بری ئه‌و جۆره سزایه، پێویست پشت به سزای په‌روه‌رده‌یی ئه‌رێنی ببه‌سترێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو و له‌سه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك یان كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی تایبه‌ت، هه‌ندێك شتی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت و هۆكاری قهدهغهكردنهكهشی به زمانێكی نه‌رم و پڕ له خۆشه‌ویستی و ڕێز بۆ شیده‌كرێته‌وه، بۆی ڕوونده‌كرێته‌وه كه ئه‌وه سزایه‌كی كاتییه و له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردن و پابه‌ندبوون به یاساكانه‌وه، ئه‌و سزایه‌ش نامێنێت و هه‌مو شته‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دۆخی ئاسایی.
شه‌شه‌م: هه‌میشه مه‌ڵێ باشه
یه‌كێكه له تێگه‌شتنه هه‌ڵه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن و ئه‌رێنی، ئه‌وه‌یه دایك و باوك هه‌مو كاتێك له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیان لێبورده‌بن و هیچ داواكارییه‌كی ئه‌وان ره‌تنه‌كه‌نه‌وه و هه‌رگیز پێیان نه‌ڵێن نه‌خێر. نه‌بوونی وشه‌ی نه‌خێر و جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانی منداڵ، جۆرێكه له كاره‌سات و پێوسته كۆتایی پێبێت. په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن و ئه‌رێنی، مانای ئه‌وه نییه هه‌میشه به منداڵه‌كه‌ت بڵێت به‌ڵێ باشه به‌سه‌رچاو، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه منداڵه‌كه‌شت دڵخۆش ده‌كات.
پێویسته سنورێكی روون و ئاشكرا بۆ منداڵ دیاریبكرێت كه چی رێگه‌پێدراوه و چی رێگه‌پێدراو نییه. په‌روه‌رده‌ی مۆدرێن پێداگریی له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و شتانه ده‌كات كه له به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كه‌یه، ئه‌گه‌چی هه‌ندێكجار ئه‌و شتانه، پێچه‌وانه‌ی حه‌ز و ویست و ئاره‌زووه‌كانی منداڵه‌كه‌یه و به دڵی ئه‌و نییه. ئاسانترین و ساده‌ترین نمونه، ئه‌وه‌یه به نه‌رمی و هێمنی به منداڵه‌كه‌ت بڵێیت: “نا‌توانیت به‌رده‌وام یاری به ئامێره ئهلیكترۆنییهكانت بكه‌یت، تۆ بۆت هه‌یه له رۆژه‌كه‌دا ته‌نها كاتژمێرێك یان دوو كاتژمێر یارییان پێبكه‌یت”.
بۆ نووسین و ئاماده‌كردنی ئه‌م وتاره، سود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه
1-موقع الشارقه 24 sharjah24.ae
2-موقع mawdoo3.com
3-www.independentarabia.com
4-/www.alhadathcenter.net