تەنیا خۆڵەمێش دەزانێ بوون بە قەقنەس یانی چی

Loading

شیعری: یۆسیف برۆدسکی
و لە ڕووسییەوە: شیروان مەحموود محەمەد

تەنیا خۆڵەمێش دەزانێ بوون بە قەقنەس یانی چی

منیش، نزیکبینانە، بۆپێشەوە دەڕوانم و پێتان دەڵێم:

با، گشت  شتێک، لە گەڵ خۆیدا نابات،

ئەو گسکە پانەی کۆڵان دەماڵێت، هەموو شتێک لوول نادات.

ئێمە وەک ئاغزەجگەرەیەکی پلیشاوە، وەک تفێک

لەژێر کورسییەکدا، کە گۆشەکەی ڕێگە بە ڕووناکیی نادات، دزەی ژێرەوە بکات
لە باوەشی قوڕدا دەمێنینەوە،
لێی دەکەوین و ڕۆژانمان دەژمێرین

تا بە گڵ، بە خڵتە و بە توێژاڵێکی کولتووریی دەبین

تا ئەرکیۆلۆگێک(1)، کە خاکەنازەکەی لە گڵ ناوە،

دەمی بۆ قڕقێنەیەک  هەڵدێنێتەوە،

لێ ئەوەی دەیدۆزێتەوە،

وەک ئارەزوویەکی ژێرخاکنراو،

 وەک هەرەمێکی هەڵەوگێڕدراو،

 لە هەموو دنیادا
دەنگ دەداتەوە

.

” كەلاکێکە!” هەناسەیەک دەداتەوە و زگی خۆی دەگرێ

بەڵام دەردەکەوێت کە دووری
کەلاک لەئێمەوە،

 لە دووری باڵندەکان لە ئاسمانەوە زیاترە،

چونکە بە کەلاکبوون_ مانای ئازادبوونە لە خانەکان،

دەربازبوونە لە یەکپارچەیی و شکۆمەندییە بۆ گەردیلەکان

١٩٨٦
١. ئەرکیلۆگ: کەسێکی پسپۆڕ لە ئاسەوارناسییدا.

ناردن: