دەرهێنانی شانۆیی کتێبێکی گرنگ بۆ شانۆکاران

Loading

ڕانانی: سەردەم

کتێبی (دەرهێنانی شانۆیی) یەکێکی دیکەیە لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، هەر وەک لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت، بابەتی کتێبەکە شانۆییە و لە لایەن دەرهێنەر و ڕیژیسۆر(د. فازیل جاف) نووسراوە، نووسەری ئەم کتێبە ناوێکی درەوشاوەی نێو دنیای شانۆ، ئەکادیمیا و نووسینی شانۆییە، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لەو هونەرە گەورە و گرنگەدا هەیە و خاوەنی چەندین کتێبە لەمەڕ شانۆ و دنیای شانۆ تەکنیکەکانی شانۆ و پرۆسێسی دەرهێنانی شانۆیی، هاوکات لە ڕووی کاری دەرهێنانی شانۆییەوە، چ لە ئەوروپا، چ لە وڵاتە عەرەبییەکان و کوردستان، ناوێکی ناسراوە و یەکێکە لە ئەکادیمیستە دیارەکانی نێو بوار و دنیای شانۆ، وەک ڕیژیسۆر چەند نمایشێکی کارکردنی لەسەر دەقی نووسەرانی وەکو سترێندبێرگ، ئەلکسەندەر ئوسترۆجسکی، ئێدوارد کۆلتیس، بیکێت، شەکەسپیر، ژان ژینیە، چ لەسەر ئاستی هونەری و چ لەسەر ئاستی پێداگۆکی پەروەردەیی لە کوردستان و لە مەغریب و تونس ئەنجام داوە، لەسەر ئاستی زانیاری و خوێندەوە و سەرچاوەی نوێیش، ئاشنای سەرچاوەی زانیاری و کتێبی نوێ بە زمانی ئینگلیزی و ڕوسی و سوێدی و عەرەبییە، ئەو زانیاریانە کاریگەرێتییان لە دید و ڕوانگە و بەشێک لە بۆچوونە ئەکادیمییەکانیشی هەبووە: نایشارمەوە پاش ئەم ئەزموونە بچووکەم، هەندێک لەو بۆچوونانەم، کەم تا زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ڕەنگە بڕێک دەوڵەمەندتریش بووبن، ئەمە وای لێ کردووم هەندێک جار سەرزەنشتی خۆم بکەم و بە خۆم بڵێم ئێستا پاش ئەزموونی ئەم دوایەم، نەک ئەوسا، نەک دە ساڵ لەمەوبەر، خۆم بە لەبارتر دەزانم، دەربارەی دەرهێنانی شانۆیی تەکنیکەکانی کتێب بنووسم.

ئەم کتێبە (دەرهێنانی شانۆیی) یەکێکی ترە لە ئەزموونە بەرچاوەکانی ئەم ڕیژیسۆرە دیارەی کورد کە تێیدا ئاشنامان دەکات بە هونەری شانۆ و کاری دەرهێنان، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ڕەوتی ڕیژیسۆر، فۆڕمەکانی شانۆی ئاسیایی، ڕیژیسۆری ڕاڤەکەر، ڕیژسیۆر و کردەی جەستەیی، ڕیژیسۆر و دیدار لەگەڵ تێکستدا، ڕیژیسۆر و ڕێبەرایەتی شانۆ، ڕیژیسۆر و ڕێبەرانی شانۆ، ڕیژیسۆر و شانۆی پێداگۆکی و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

 نووسەر و ڕیژیسۆر د، فازیل جاف، لە پێشەکیی کتێبکەیدا ڕاستەوخۆ ڕووی دەمی دەکاتە شانۆکارانی گەنج و پێیان دەڵێت کە ئەم کتێبە دەنووسم، ڕووی دەمم لە تۆ دەکەم، تۆی شانۆکاری گەنج، کە تازە هەنگاو بۆ ناو دنیای ڕیژیسۆری دەنێی، هاوکات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ک هەر لە سەرەتاوە وای بە باش زانیوە ڕاستەوخۆ قسەیان لەگەڵدا بکات، دیالۆگیان لەتەکدا ساز بکات، دەشزانێ لە دیالۆگدا دەبێ هەر نەبێ دوو کەس بەشدار بن، بەڵام تۆی شانۆکاری لاو بە درێژایی نووسینی ئەم کتێبە لە زەین و ئەندێشەیدا ئامادە بوویت پرسیار و بۆچوونەکانت دەیانوروژاند و هانیان دەدا بۆ ئەوەی ڕوانگە و دیدی خۆی دەربارەی هونەر و تەکنیکی ڕیژیسۆری گەڵاڵە بکات: لە زۆربەی بەشەکانی ئەم کتێبەدا هەوڵم داوە شێوەی ئاخاوتن بەکار بێنم، چونکە پێم وایە ئاخاوتن باشترین شێوازی لەیەکترگەیشتنە، دیالۆگ کاریگەرترین میتۆدە بۆ فێربوون، بۆیە فۆڕمی هەوڵ بدە وا بکەی، هەوڵ بدە وا نەکەی، یان دەبێ بەم جۆرە بێ، یان نابێ بەم جۆرە بێ، فۆڕمێکی نزیکە لە دیالۆگی ڕاستەوخۆ، مەبەستیش لەم شێوازە ئەوەیە کە بۆچوونەکانم ڕاستەوخۆ و بە ئاسانی و ڕوون و ڕەوانی پێت بگەن، بۆچوون و دەرئەنجامەکانی ناو ئەم کتێبە نابێ وەکو وانەی کۆتایی و ڕاستیی نەگۆڕ و قسەهەڵنەگر، یان وەکو سەرزەنشت و ئامۆژگاریی کەسێکی مامۆستا وەربگیرێت، چونکە بە بۆچوونی من لە هونەردا کەس مامۆستا نییە، هەموو قوتابین، بەڵام دەبێ جیاوازیی شانۆکاران و هونەرمەندان تەنیا لە ئەزموون و کاری پراکتیکیدا بەدی بکرێ، هەر ئەزموونیش پێوەری ڕاستەقینەیە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ڕەوتی ڕیژیسۆر) د. فازیل جاف، باس لەوە دەکات کە گومان لەوەدا نییە کە پیشەی ڕیژیسۆر، وەک پیشەیەکی سەربەخۆ، دیارەیەکی نوێی جیهانی شانۆیە، بەڵام نابێ ئەو ڕاستییە لە بیر بکەین کە ڕیژیسۆر کەسایەتی خۆی لە شانۆدا هەر هەبووە، ئەوەندەیە کەسایەتی ڕیژیسۆر سەربەخۆ نەبووە، بگرە خۆی لە کەسایەتی نووسەردا حەشار دابوو و بۆ خۆی وەکو ئێستا دەسەڵاتێکی سەربەخۆی نەبووە: دەرهێنانی شانۆیی، وەک پسپۆڕایەتییەکی سەربەخۆ، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە سەریهەڵدا، پێشتر نووسەر، وەکو باسمان کرد، ڕیژیسۆری شانۆنامەکەی خۆی بوو، بۆیە وای پێویست دەکرد وەک ڕیژیسۆر دەستڕەنگین و کارامە و وەستا بێت، ئەم کارامەییەشی تەنیا بە مەشق و ڕاهێنان و کارکردنی بەردەوام لەناو شانۆیەکدا و لەگەڵ تیپێک، یان لەگەڵ تاقمێکی شانۆکاردا بەدەست دەهێنا، هەر بە قاڵبوون لەناو گرووپ لە ڕێگەی پراکتیککردنەوە، نووسەر ئاشنای کەرەسەی نووسین و بنەماکانی هونەری دراما و فێری سەنعەتی نووسین دەبوو.

لە ڕاستیدا وەک زانراوە شانۆ یەکێکە لە بەشەکانی هونەر و جۆرێکە لە ئەدەب، بە مانای هونەریی خۆی، فۆرمێکە لە هونەر کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەقی ئەدەبی دەگۆڕدرێت بۆ دیمەن و پێشکەش بە بینەر دەکرێت، شانۆکار ئەم دیمەنانە لەگەڵ جووڵەکانیان لەسەر ستەیجی شانۆ پێشکەش دەکەن. مرۆڤ دەتوانێت شانۆ بە شێوەیەکی تر بناسێنێت: شانۆ دیاردەیەکی هونەرییە کە لەسەر بنەمای دیدارێکی ئامانجدار لە نێوان ئەکتەرەکان و بینەران، لە کات و شوێنێکی تایبەت و دیاریکراودا، بە ئامانجی نیشاندانی چرکەساتێکی ئەدەبی، پێک دێت.

دەرکەوتنی شانۆ، جیا لە هونەرەکانی تر و جیا لەوان، لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە دەستی پێ کردووە، ئەگەر مرۆڤ خوێندەوار، بیرمەند و سیاسی بێت، بێگومان ئاشقی داهێنان و ئاشقی جوانی دەبێت؛ هەر بۆیە دەبینین کە نواندن و تەقلیدکردنی هەندێک کەس، یان هەندێک ئاژەڵ، ڕەفتارێکی سروشتیی مرۆڤە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لاسایی کردنەوە و نواندن زگماکین. چالاکییەکانی وەک سیحر کردن، ڕێوڕەسمی ئایینی، شایی، دیلان و گۆرانی، نیگارکێشان، نەخشاندنی دیوار و بەرد و پێشکەشکردنی قوربانی بۆ خودایان، وەک سەرەتای هونەری شانۆ سەیر دەکرا.

هەروەها مرۆڤەکان لە ڕووداوە سروشتییەکان و دروستبوونی کۆمەڵێک شتی سەیر و سەمەرە دەترسان و نەیاندەزانی چۆن هاتوونەتە ئاراوە. چونکە هۆکاری کارەساتە سروشتییەکان و یاسا سروشتییەکانیان نەدەزانی، خۆف و ترس دەچووە نێو دڵیانەوە و لەبەردەم ئەو ڕووداوانەدا سەریان دادەنواند و دەبوون بە عابد، سیحری هونەر لەو سەردەمەوە دەست پێ دەکات. بەپێی باوەڕی ئەوان، لەنێو هێزە زیندووەکانی سروشتدا، ڕۆحی تایبەت هەبووە، وەکو هەست و سۆزی مرۆڤ، بەو هۆیەشەوە سەما و یارییان دروست کرد کە لە ڕەفتاری ئاژەڵان دەچوو. کاتێک خواردنی باشیان هەبوو، شاییان دەگێڕا و کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد. هەموو ئەو هۆشیارییانە بوون بە هەستی خوڵقاندنی شانۆ.

پێش لەدایکبوونی عیسا، لە سەدەی پێنجەم و چوارەمدا، بیرۆکەی شانۆ لە ژیانی یۆنانییە کۆنەکاندا دەرکەوت، ئەوکات شانۆ بە شێوەیەکی خەمبارانە (تراژدی) دەربڕدرا و تەوەری خۆی لە مێژوو و چیرۆکەکانەوە وەرگرت.

دیسان لەو سەدانەدا، یۆنانییەکان و فارسەکان پێکەوە شەڕ دەکەن و دواتر یۆنانییەکان سەردەکەون و پێشڕەوی دەکەن. لەو سەردەمەدا شارەزایانی یۆنانی، “ئەرەستوو و ئەفلاتوون” بە بۆچوونێکی بەهێزەوە شانۆیان لێک دەدایەوە و پەرەیان پێ دا.

شانۆ بەسەر دوو بەشدا دابەش کراوە: “تراژیدی و کۆمێدی” ئەم دابەشبوونەی شانۆ گرێدراوە بە شارستانییەتی یۆنانییەکانەوە. ئەمەش بەو ئاهەنگانەش ئاشکرا دەبێت کە لە یۆنان پێشکەش بە یەکێک لە خودایان بە ناوی “Diyonisyos” دەکرا.

بێگومان ئەم نووسینە تەنیا هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەم و بچووکی ئەم کتێبە، دەنا کتبەکە بۆ خۆی دەریایەکە لە زانیاری بەسوود بۆ هونەرمەندان بە تایبەت و فێرخوازان و ئارەزوومەندانی هونەری شانۆ و کاری دەرهێنان.

ناردن: