بۆچی فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل له فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین ده‌ترسێت؟
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
له ئێستادا ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل، به یه‌كێك له فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی فه‌ره‌نسا داده‌نرێت. ئه‌و له زانكۆی سۆربۆن مامۆستا بووه، هه‌روه‌ها له گرنگترین زانكۆكانی ئه‌وروپا و جیهان، وانه‌بێژێكی دیار و به‌ناوبانگ بوو. هه‌ندێك له كتێبه‌كانی، له كتێبخانه‌كانی فه‌ره‌نسادا، سه‌ركه‌وتنێكی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه. ئه‌مه‌ش شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره، چونكه كتێبه فه‌لسه‌فییه‌كان، زۆرجار قورس و ئاڵۆزن و ته‌نها ده‌سته‌بژێره‌كان ده‌یكڕن.
سپینڤێل پێیوایه شارستانییه‌ته‌كان و كه‌لتووره‌كان، له‌یه‌كتر جیاوازن و یه‌كسان نین. له‌وانه‌یه شارستانییه‌تییه‌ك له سه‌رده‌م و قۆناغێكی دیاریكراودا پێشكه‌وتووبێت، دواتر هه‌مان شارستانییه‌ت له سه‌رده‌م و قۆناغێكی دیكه‌دا دواكه‌وتووبێت. یان به پێچه‌وانه‌وه. ئاخر شارستانییه‌ته‌كان به‌رده‌وام له سوڕانه‌وه‌دان و تاسه‌ر به یه‌ك شێوه نامێننه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دڵخۆشه به‌یانی دڵته‌نگه. گه‌وره‌ترین به‌ڵگه بۆ ئه‌وه، شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامییه كه له نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی هه‌شت و دوانزه‌ی زاینی، له هه‌مو شارستانییه‌تییه‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی، باڵاده‌ستتر و سه‌ركه‌وتووتر بوو. ئه‌مه له ڕۆژگاری سه‌رده‌می نه‌مری و زێڕیندا بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌غداد پایته‌ختی ڕۆشنبیریی جیهان بوو، ڕووناكییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی گۆی زه‌ویدا ده‌دره‌وشایه‌وه. غه‌رناته و قورتوبه، له ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپای تاریك و ده‌مارگیریدا، دوو پایته‌ختی ڕووناكی و لێبورده بوون. ئه‌وه له سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی گه‌وره‌ی ئومه‌وی “عه‌بدولره‌حمانی سێیه‌م” و كوڕه‌كه‌ی “ئه‌لحكامی دووه‌م”دا بوو، له‌و كاته‌دا كتێبخانه‌كه‌ی قورتوبه، لانی كه‌م 400 هه‌زار كتێبی تێدابووه. ئا به‌م شێوه‌یه قورتوبه، شارستانییه‌تییه‌كی پرشنگدار بوو. له‌و ساته‌دا پاریس یان له‌نده‌ن یا ئۆكسفۆرد، له كوێی قورتوبه‌دا بوون، ئاخر ئه‌وان له‌و كاته‌دا نوقمی شه‌وه‌زه‌نگ و تاریكییه‌كی قووڵ ببوون.
كاتێك ئه‌درێ كۆنت سپینڤێل قسه‌ی له‌و جۆره ده‌كات، ئه‌مه مانای وایه ڕقی له ئاینی مه‌سیحییه كه ئاینی باوك و باپیرانی بووه؟ ئایا ده‌یه‌وێت مافه‌كانی لێ زه‌وت بكات یان بێ ڕێزی پێ بكات؟ نه‌خێر، هه‌رگیز شتێكی له‌و جۆره‌ی ناوێت. چونكه ئاینی مه‌سیحی، له پاڵ ئاینی ئیسلام، یه‌كێكه له ئاینه گه‌وره‌كانی مرۆڤایه‌تی. ئه‌و ته‌نها دان به حه‌قیقه‌تی مێژوویی، حه‌قیقه‌تی بابه‌تیدا ده‌نێت. له‌و سه‌رده‌مه‌دا جیهانی ئیسلامی، له پێش جیهانی مه‌سیحییه‌وه بووه. وه‌لێ له ئێستادا، چه‌رخی زه‌مانه له دژی ئێمه‌ی عه‌ره‌ب و موسڵمانان سوڕاوه‌ته‌وه و ئێمه چیتر ناوه‌ندی شارستانییه‌تی جیهان نین. هه‌ی هوو! قوتابییه‌كه‌ی پێشوومان- ئه‌وروپا- جێگای ئێمه‌ی گرتووه‌ته‌وه. هه‌نووكه ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی شانزه‌هه‌مه‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، بووه‌ته سه‌نته‌ری فه‌لسه‌فه و زانست و دره‌وشانه‌وه‌ی ژیاری. ئا به‌م شێوه‌یه، ئه‌وه‌ی دواكه‌وتوبوو، بووه‌ته پێشكه‌وتوو، ئه‌وه‌شی پێشكه‌وتوو بوو، بووه‌ته دواكه‌وتوو.
فه‌یله‌سوفه فه‌ره‌نسییه‌كه له‌سه‌ر وته‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: “له ئێستادا، ته‌واوی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، بوونه‌ته په‌ناگایه‌كی گه‌رمی بزووتنه‌وه‌ی تووندڕه‌وی تاریكبین و ده‌مارگیری كوێرانه‌ی ئاینی. هه‌نووكه ئه‌وان تووشی هه‌مان ئه‌و به‌ڵا و ئافاته بوون؛ كه ئێمه پێشتر له‌سه‌رده‌می دادگاكانی پشكنین و فه‌تواكانی ته‌كفیری ئاینی كه خه‌ڵكیان به ملیۆنان ده‌كوشت، تووشی ببووین.
ئێمه له‌و ڕۆژگاردا به‌ده‌ست شه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌كانی نێوان كاسۆلیك و پرۆتستانته‌كانه‌وه ده‌مانناڵاند. به‌ڵام ئه‌وان، له حاڵی حازردا و له ناوجه‌رگه‌ی سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا، به‌ده‌ست شه‌ڕه مه‌زهه‌بییه‌كانی خۆیانه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌مه‌ش ئه‌و ماوه مێژووییه جیاوازه‌یه كه ده‌كه‌وێته نێوان ئێمه و موسڵمانان: چوار سه‌ده سه‌باره‌ت به تایه‌فه‌گه‌ری و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاینی. چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش ناكرێت جیهانی عه‌ره‌بی له ئاسۆی نزیك و بینراودا، له‌م نوقمبوونه ترسناكه بێته ده‌ره‌وه. ئه‌مه كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره، كێشه‌یه‌كی قورس و سه‌خت و ئاڵۆزه، كێشه‌ی نه‌وه‌كانه”.
دواتر فه‌یله‌سوفه فه‌ره‌نسییه‌كه ئه‌م پرسیاره ده‌كات و ده‌ڵێت: “ئایا ئیسلامی ڕۆژگاری سه‌رده‌می زێڕینی به‌غداد و ئه‌نده‌لوس، هه‌مان ئیسلامی بن لادن و مه‌لا عومه‌ر و زه‌رقاوی و خه‌لیفه شومه‌كه‌ی به‌غدادی و داعش و ئه‌لقاعیده و به‌ره‌ی نوسره و تالیبان و ده‌یان ڕێكخراوی دیكه‌یه كه هه‌ر هه‌مویان له هه‌ناوی سه‌رده‌می تاریكییه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه؟ وه‌ڵامه‌كه: نه‌خێر هه‌رگیز هه‌مان ئیسلام نییه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته له ئێستادا نه‌وه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوانه‌مان بیرنه‌چێته‌وه. ئه‌وه‌تا ئه‌وان به وێنه، بانگه‌واز و تۆماری ئاگرین بڵاوده‌كه‌نه‌وه و تێیدا هه‌ڕه‌شه له حكومه‌ته‌كانیان و گه‌لانی عه‌ره‌بی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت، به ناوی شۆڕشی كۆنه‌په‌رستی و دواكه‌وتوویی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه، چه‌ندین سه‌ده بۆ دواوه بیانگه‌ڕێننه‌وه”.
لێره‌وه ئێمه ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین: لای ئێمه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپا، هێشتا سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست باڵاده‌سته و سه‌ركه‌وتووه به‌سه‌ر سه‌ده‌كانی مۆدرێنه‌دا. ئه‌مه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وروپایه. ئه‌وروپا به ته‌واوی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هاتووه‌ته ده‌ره‌وه، كه‌چی میلله‌ته باش و دڵساف و هه‌ژار و برسییه‌كه‌ی لای ئێمه، هێشتا نوقمی تاریكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته. من خودی خۆم، به‌رهه‌می سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستم، باوكم مه‌لایه‌كی تاریكبینی مۆن و تووڕه‌بوو، هه‌مو جیهان لێی ده‌ترسا (له نێوان دوو كه‌وانه: ته‌نها ژنه‌كه‌ی لێی نه‌ده‌ترسا و ئه‌و له ژنه‌كه‌ی ده‌ترسا).
فه‌یله‌سوف ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل، له دوا دیداری له‌گه‌ڵ گۆڤاری “ئێكسپرێس”ی پاریسیدا، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌مان پێده‌ڵێت: “دان به‌وه‌دا ده‌نێم له ئێستادا من له فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئیسلامی ده‌ترسم، له ترسناكییه‌كه‌ی و ته‌كفیركردنه‌كه‌ی و ته‌قینه‌وه‌كانی ده‌ترسم. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه، تووندڕه‌وی ئینجیلی له ئه‌مریكا یان تووندڕه‌وی هیندۆسی له هیندستان، له‌بیر بكه‌ین. من له یه‌ككاتدا، دژی تێكڕای فه‌نده‌مێنیتاڵیزم و فێنده‌مێنیتاڵیسته‌كانم. وه‌لێ پێویسته دان به‌وه‌دا بنێین، به‌دیاریكراوی له‌م چركه‌ساته‌دا، فێنده‌مێنیتاڵیسته ئیسلامییه‌كان، له هه‌مویان تووندڕه‌وتر و ترسناكترن. ئه‌وان بوون له 11 ئه‌یلول، بگره ته‌نانه‌ت پێش 11 ئه‌یلولیش، جیهانیان ته‌قانده‌وه”.
ئاشكرایه ڤۆڵتێر به هه‌مو هێزی خۆی، دژایه‌تی دادگاكانی پشكنینی ده‌كرد، ئه‌و دادگایانه‌ی له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا، به‌ربڵاو و باڵاده‌ستبوون. ئه‌گه‌رچی خودی ڤۆڵتێر له باوباپیرانییه‌وه، له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی كاسۆلیك بوون. ئه‌مه‌ش له سه‌یر سه‌یرتره. ئاخر ڤۆڵتێر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ر به مه‌زهه‌بی زۆرینه بوو، بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خسی، به‌ده‌ست هیچ جیاكارییه‌كی تائیفییه‌وه گرفتار نه‌بووه. كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ره‌نگاری تائیفه‌كه‌ی خۆی بوه‌وه و دژ به هه‌ژمونی زۆری تائیفه‌كه‌ی و ته‌كفیركردنی ئه‌وانی دیكه و سه‌ركوتكردن و چه‌وساندنه‌وه‌یان، ڕاوه‌ستا. لێره‌دا با له‌سه‌ر بابه‌تێك ڕێبكه‌وین: زۆر ئاسانه هێرش بكه‌یته سه‌ر تائیفه‌كانی دیكه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌مینه بوون. به‌ڵام زۆر قورس و سه‌خته، به‌ركه‌وتنت له‌گه‌ڵ تائیفه‌كه‌ی خۆت هه‌بێت و به‌ره‌نگاری ببیته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر تائیفه‌ی زۆرینه بێت و خاوه‌نی هه‌ژمون و باڵاده‌ستییه‌كی مێژوویی بێت و دڵنیابێت له شه‌رعییه‌ت و ڕه‌وایه‌تی خۆی. مه‌زنی ڤۆڵتێر ئا لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل، له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا ده‌ڵێت: “من له‌گه‌ڵ ڕۆشنگه‌رییم، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنم، له‌گه‌ڵ چه‌مكی عه‌قڵانی مۆدرێنه‌م بۆ ئاین و ئاینداری. ئه‌وه چه‌مكێكه به شێوه‌یه‌كی ته‌واوه‌تی گه‌رنتی ئازادی ئاینیت بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت: واته كه‌سێكی ئاینداربیت یان هه‌رگیز كه‌سێكی ئایندار نه‌بیت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك هاوڵاتییه‌ك ده‌مێنیته‌وه و هه‌مو ماف و ئه‌ركه‌كانت پارێزراو ده‌بێت. من چاودێری دراوسێكه‌م ناكه‌م، تا بزانم ڕۆژانی یه‌ك شه‌ممه ده‌ڕوات بۆ كڵێسا و له‌سه‌ر ئه‌وه لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ناكه‌م. ئه‌وه ئیشی من نییه و په‌یوه‌ندی به منه‌وه نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دزی و گزی كرد و ده‌ستدرێژی كرده سه‌ر مافی كه‌سانی دیكه، ئه‌وا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر وه‌ك پزیشكێك یان مامۆستایه‌ك یا ئه‌ندازیارێك، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، له كاره‌كه‌ی كه‌مته‌رخم بوو، ئه‌وا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م”.
فه‌یله‌سوفه فه‌ره‌نسییه‌كه، له‌سه‌ر وته‌كانی به‌رده‌وامه و ده‌ڵێت: “من دژی تائیفه‌گه‌ریم، دژی ڕه‌گه‌زپه‌رستیم، دژی ده‌مارگیری كوێرانه‌ی ئاینیم كه هه‌نووكه هه‌ندێك ناوچه‌ی جیهانی ئیسلامی گرتووه‌ته‌وه.
لێره‌وه من ناتوانم بڵێم هه‌مو شارستانییه‌ته‌كان یه‌كسانن، ئه‌و شارستانییه‌ته‌ی ڕێز له مافه‌كانی مرۆڤ و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌كان ده‌گرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی یان ڕه‌گه‌زپه‌رستی، جیاوازی له نێوان هاوڵاتییه‌كاندا ناكات، ئه‌وه شارستانییه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی خاوه‌ن مه‌یلێكی مرۆڤدۆستانه‌یه. له ئێستادا ئه‌و شارستانییه‌ته بریتییه له شارستانییه‌تی ئه‌وروپا یان به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتییه له شارستانییه‌تی خۆرئاوا. ئه‌و شارستانییه‌ته‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه دابین نه‌كات، شارستانییه‌ت نییه. بۆچی ئه‌مه ده‌ڵێن؟ چونكه ئێمه له ئه‌وروپا، له سه‌رده‌می تاریكی ئاینییه‌وه، گواستوومانه‌ته‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕووناكی ئاینی و زانستی و فه‌لسه‌فی. لای ئێمه چیتر به شێوازی ته‌كفیركردنی تائیفی، سه‌یری ئاین ناكه‌ین، وه‌ك ئه‌وه‌ی باوباپیرانمان له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا ده‌یانكرد.
ئێمه له ڕابردوودا، له‌سه‌ر شوناس و ناسنامه، یه‌كترمان سه‌رده‌بڕی: ئه‌مه كاسۆلیكه و ئه‌وی دیكه پرۆتستانته و ئه‌م دوانه پێكه‌وه دانویان نه‌ده‌كوڵا و كه‌سیان چاره‌ی ئه‌وی دیكه‌یانی نه‌ده‌ویست. بگره نه‌یانده‌توانی له یه‌ك كۆڵان یان ته‌نانه‌ت له یه‌ك شه‌قامدا، پێكه‌وه بژین. گه‌ڕه‌ك و كۆڵانی كاسۆلیكه‌كان، به ته‌واوه‌تی دابڕابوو له گه‌ڕه‌ك و كۆڵانی پرۆتستانته‌كان. وه‌لێ له حاڵی حازردا، هه‌مو ئه‌و ده‌مارگیریه كوێرانه‌یه، ته‌واو به‌رته‌سكبووه‌ته‌وه و چیتر له فه‌ره‌نسا، ئینگلته‌را، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌نده یاخود وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپای پێشكه‌وتوو، بوونی نه‌ماوه. هه‌نوكه له‌و وڵاتانه، به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هاوڵاتیاندا ده‌كرێت، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر چ ئاین و ئاینزایه‌كه. ئاین بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هه‌موان. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، ئه‌وروپا بۆڕی جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی داوه‌ته‌وه و باڵاده‌ستتره. ئه‌ڵبه‌ته جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی، ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت، نوقمی نێو ململانێ تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كانه، ململانێیه‌ك توێژێكی به‌رفراوانی له كه‌سه ده‌مارگیره خوێنڕێژه‌كانی گرتووه‌ته‌وه”.
دواتر ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل، ئه‌م په‌ره‌گرافه بۆ وته‌كانی زیاد ده‌كات و ده‌ڵێت: “له ئه‌وروپا، له سه‌رده‌می دادگاكانی پشكنین و جه‌نگی خاچپه‌رسته‌كان و كوشتوبڕه تائیفییه‌كانه‌وه، گواستمانه‌وه بۆ سه‌رده‌می مافه‌كانی مرۆڤ و سڕینه‌وه و له‌ناوبردنی تائیفه‌گه‌ری كه وێران و هه‌لاهه‌لای كردبووین… له كوشتوبڕ و قه‌سابخانه‌ی سانت بارتیلمی دژ به كه‌مینه‌ی پرۆتستانت كه ڕابه‌ر و سه‌ركرده توندڕه‌وه‌كانی كاسۆلیك، ته‌كفیریان ده‌كردن و خوێنیان حه‌ڵاڵ كردبوون، گواستمانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ریی و لێبورده‌یی و هاوڵاتیبوونی ڕاسته‌قینه كه به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان و بێ بوونی هیچ جیاكارییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی یان مه‌زهه‌بی، هه‌موان ده‌گرێته‌وه. ئایا ئه‌مه كه‌مه؟”.
ئێمه وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه و ده‌ڵێین: نه‌خێر ئه‌وه زۆر زۆره، بگره له زۆر زۆرتره. به‌خۆشیتان بێت، ئێمه ئیره‌یی به هه‌مو ئه‌م پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن و ڕۆشنگه‌رییه‌تان ده‌به‌ین. به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م پرسیاره له فه‌یله‌سوفه فه‌ره‌نسییه‌كه ده‌كه‌ین: ئایا ئێوه ئه‌وه‌تان به ئاسانی و ساده‌یی به‌ده‌ستهێنا؟ ئایا له نێوان شه‌و و ڕۆژێكدا، توانیتان كۆتایی به تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بگه‌رایی بێنن؟ ئاخۆ له چاو تروكانێكدا، توانیتان یه‌كێتی نیشتیمانی به‌ده‌ست بێنن؟ یان ئه‌وه سێ یاخود چوار سه‌ده‌ی خایاند، واته له سه‌ده‌ی شانزه‌وه بۆ سه‌ده‌ی بیست؟ ئیدی بۆچی داوا له ته‌واوی جیهانی عه‌ره‌بی یان ئیسلامی ده‌كه‌ن، له میانه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌م و دیاریكراودا، هه‌مو ئه‌وه به‌دیبێنێت؟ ئه‌مه مه‌حاڵه، به‌ڕێزم ناتوانن له چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا ئه‌وه به‌دیبێنن. له كاتی ئێستادا، به‌دیهێنانی ئه‌وه، له‌سه‌رو توانای جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌وه‌یه. بێگومان ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی تایفه‌گه‌ری و مه‌زهه‌بگه‌رایی بكه‌ین و یه‌كێتی نیشتیمانی ڕاسته‌قینه به‌دیبێنین كه بێ جیاوازی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان بگرێته‌وه، چاوه‌ڕێی سێ یان چوار سه‌ده‌ی دیكه ناكه‌ین. وه‌لێ ده‌توانین ئه‌و ئامانجه به‌رز و پیرۆزه، به خێراییه‌كی باش به‌ده‌ستبێنین. ده‌توانین دوای بیست یان سی ساڵی داهاتوو به‌ده‌ستی بێنین!.
پاشان ئه‌ندرێ كۆنت سپینڤێل ئه‌م بیرۆكه جه‌وهه‌رییه‌مان پێده‌ڵێت كه هه‌م سه‌رسام و هه‌م دڵخۆشی كردین: “هه‌ست ده‌كه‌م زیاتر له موسڵمانێكی ڕۆشنگه‌ری مۆدرێنه‌وه نزیكترم، تا له فه‌ره‌نسییه‌كی ڕه‌گه‌زپه‌رستی سه‌ر به ڕه‌وتی ڕاستڕه‌وی تووندڕه‌و، ئه‌گه‌رچی منیش وه‌ك ئه‌و فه‌ره‌نسیم. وه‌لێ من هه‌رگیز كه‌یفم به ئایدۆلۆژیای جیاكاریی ڕه‌گه‌زپه‌رستی نایه‌ت. ڕۆشنبیرانێكی زۆری عه‌ره‌ب هه‌یه هاوشێوه‌ی منن، كه‌یفیان به ئایدۆلۆژیای توندڕه‌وی خوێناوی سه‌ر به داعش و ئه‌لقاعیده نایه‌ت”.
دواجار ئه‌م فه‌یله‌سوفه فه‌ره‌نسییه، به‌م بیرۆكه‌یه كۆتایی به وته‌كانی ده‌هێنێت: “وه‌ك چۆن ڤۆڵتێر، توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر فێنده‌مێنیتاڵیزمی مه‌سیحی له چاپه كاسۆلیكییه‌كه‌یدا كه ترسی خستبووه دڵی سه‌رده‌مه‌كه‌یه‌وه. به هه‌مان شێوه ئێمه‌ش به‌سه‌ر فێنده‌مێنیتاڵیزمی داعشیدا سه‌رده‌كه‌وین كه ترسی خستووه‌ته دڵی سه‌رده‌مه‌كه‌مانه‌وه، ئه‌مه ڕاستییه‌كه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره. به‌ڵام كه‌ی ئه‌وه ڕووده‌دات؟ خوا ده‌زانێت و هه‌ندێك كاتی پێویسته، ئه‌ڵبه‌ته له كۆتایدا ته‌نها ڕاستی سه‌رده‌كه‌وێت. لێره‌وه شه‌ڕی ڕۆشنگه‌ری كه ڤۆڵتێر له سه‌ده‌ی هه‌ژده ده‌ستی پێكرد، تا حاڵی حازر به‌رده‌وامه. ئا له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، دوای ئه‌وه‌ی داعش گورزی خۆی له دڵی فه‌ره‌نسا وه‌شاند، خه‌ڵك به لێشاو ڕوویان له كتێبخانه‌كان كرد، تاكو به‌رهه‌مه‌كانی ڤۆڵتێر بكڕن و بیخوێننه‌وه”.
سه‌رچاوه
به‌شی كه‌لتوری له ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 26 شوباتی 2025