ڕانانی: ئیدریس عەلی
یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (ماسییە زێڕینەکە) ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەری نێوداری بە ڕەگەز فەڕەنسی (ژان ماری گوستاڤ لوکلیزیۆ) نووسراوە و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (حەمەکەریم عارف) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی هەرێم بەردەستە.
ئەم ڕۆمانە ڕەهەندێکی قووڵی ئینسانی هەیە و جیهان لە چیرۆکی غەمگینی کیژۆڵەیەک ئاگادار دەکاتەوە کە لە تەمەنی شەش ساڵیدا، لە زێدی خۆی، لە وڵاتی مەغریب دەدزرێت و پاشان دەفرۆشرێت بە پیرەژنێک، چیرۆکی گەشتی دوور و درێژی لەیلامان بۆ دەگیڕێتەوە بەنێو دنیایەکی دڵڕەقدا کە بە هۆی ڕابردووە تەڵخەکەی و بێ ناسنامەیی و ڕەنگە ڕەشە ئەفریقییەکەی پێستییەوە، تەواوی ژیانی دەکەوێتە نێو نائارامییەوە.
نووسەری ئەم ڕۆمانە بە هۆی ئەو خەمە گەورە و ئینسانییەی سەبارەت بە بابەتی ڕەگەزپەرستی، دڵڕەقیی دنیا، بێمافیی ئینسانەکەنەوە هەیەتی، ڕۆمانەکەی بە شێواز، تەکنیک و زمانێکی سادە و ڕەوان، دوور لە فەنتازیای پڕ لە گڕێی گێڕانەوە نووسیوە، ڕەنگە ویستبێتی ئامانج و پەیامەکەی بەم سادەییە بگەیەنێت و پێمان بڵێت کە لە سەردەم و دنیایەکی نائارامدا دەژیین، چونکە هێشتا بازاڕی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، بە تایبەت بە منداڵەوە گەرمە و هێشتا لەو وڵاتانەی وا بانگەشەی مافی مرۆڤ، ئازادی و بەختەوەریی دەکەن، کەسانێک هەن، بە هۆی جیاوازیی ڕەگەزی، ئایینی و چینایەتییەوە، ژیانێکی سسەخت و نالەبار دەژیین.
هەندێک ڕووداوی نێو دنیای ڕۆمان واما لێ دەکەن کە وا هەست بکەین بەر ڕووداوێکی ڕاستەقینە دەکەوین، یاخود پێمان وا بێت چیرۆکەکە لە ژیانێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە، بێ ئەوەی خوێنەر بۆی گرنگ بێت ڕووداوەکە بەرهەمی خەیاڵی نووسەر، یاخود بەرهەمی ژیانی راستەقینەیە، بە قووڵی ڕۆدەچێتە نێو کەش و فەزای ڕۆمانەکەوە، ئاشنا دەبێت بە کاراکتەر و ڕووداوەکانی، سات بە سات لەگەڵ بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنی ڕووداوەکاندا دەڕوات، هەست بە لێدانی ترپەی دڵی کارەکتەرەکان دەکات.
ئەم ڕۆمانە بە سروشتی خۆی لەو چوارچێوە گشتییەدایە کە خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەیدا هەست دەکات گوێبیستی چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەبێت، چونکە خوێنەر تێ دەگات کە لە دنیایەکدا کە جیاوازیی ڕەگەزیی بوونی هەبێت و ڕەنگی پێست و بیروباوەڕە ئایینییەکان و پێگە چینایەتییەکان ببن بە پێوەر، ئیدی مەعلوومە (لەیلا)ی نێو ڕۆمانی (ماسییە زێڕینەکە) لە لایەن چەتە و مافیاکانەوە دەدزرێت و لە زێد و شووناسی ڕەسەنی خۆی دووری دەخەنەوە، کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت و چواردەوری بە مرۆڤی هەلپەرست، دڵڕەق و تەماعاوی دەتەنرێت، بە چاوی سووک تەماشا دەکرێت و نیگای سێکسیی شەهوەتبازانی تێ دەگیرێت.
بێگومان بەشبەحاڵی خۆم تا ئەم کتێبەم تەواو کرد، بۆم پرسیار نەبوو کە (مریەم) واتە کاراکتەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە خودێکی ڕاستەقینەیە، یان دروستکراو و زادەی خەیاڵی نووسەر، چونکە ئیدی لێرەدا ئەو دیوارە ڕووخاوەم بینی کە نێوانی خوێنەر و کتێبەکە لێک دادەبرێت، بەڵکو ئەوەی بۆم گرنگ بوو ئەوە بوو کە خودی کارەکتەرەکە بۆ کوێم دەبات و دواجار ئەو پەیامەی نووسەر لە ڕێگەی پاڵەوانەکەیەوە دەیەوێت بیگەیەنێت پێم، چۆن دەیگەیەنێت، میلان کۆندێرا، لە کتێبی هونەری ڕۆماندا پێمان دەڵێت: هەموو ڕۆمانەکان پێوەندییان بە نهێنیی خودەوە هەیە، هەر کاتێک تۆ بوونەوەرێک، کارەکتەریکی خەیاڵیت دروست کرد، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبیتەوە: خود چییە؟ چۆن مرۆڤ تێی دەگات؟
هاوکات ڕیچارد باخ، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەگەر تۆ بۆ ماوەیەکی زۆر کەم ببیتە کارەکتەرێکی ناو ڕۆمان، ئەوسا تێ دەگەیت، کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمان، هەندێ جار لەو خەڵکە ڕاستەقینەترن، کە جەستەیان هەیە و دڵیان لێ دەدات.
لێرەوەیە دەتوانین ئەو وەهمە لای خۆمان بسڕینەوە کە کارەکتەرێکی وەک (لەیلا) کە قوربانییەکی گەورەی نێو دنیای سەرمایەداریی و سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەیە، خودێکی واقیعی و سەر بە چیرۆک و دنیایەکی ڕاستەقینەیە یاخود نا، چونکە ئەوەی ڕۆماننووس، لە ڕێی ئەم کاراکتەرەوە بۆمان دەگێڕێتەوە، بواری پرسیارێکی لەم شێوەیەمان بۆ ناهێڵێتەوە و یەقینمان دەداتێ کە بەڵێ ئێمە لە دنیایەکداین کە مرۆڤ هێشتا بە گەلێ هۆکاری جیا جیا، خاوەنی ژیان و جەستەی خۆی نییە، سنووری ئازادیی بۆ دیاریی دەکرێت و وەک کەسێکی نامۆ و لایدە، بێکەڵک و زیانبەخش تەماشا دەکرێت.
کاتێ (لەیلا) منداڵ دەبێت لە لایەن چەند کەسێکەوە دەدزرێت و دواتر دەفرۆشرێت بە پیرەژنێکی تەنیا بە نێوی لالە ئەسما، ئەم پیرەژنە کەسێکی میهرەبانە، لە لاکەوە ڕۆڵی دایک و داپیرە، لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی مامۆستایەک دەبینێت بۆ لەیلا، بەڵام دوای مردنی لالە ئەسما، ئیدی کوڕ و بووکەکەی زۆر دڵڕەقانە دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکەی لالە ئەسمادا دەگرن و ژیان لە لەیلا تاڵ دەکەن، زۆر جار لە لایەن کوڕەکەی لالە ئەسماوە بە چاوی پڕ لە شەهوەتەوە سەیری لەیلا کراوە و پەلاماری داوە، بەڵام لەیلا بەو ژیانە ڕازی نابێت و هەڵدێت، ئیدی لە ڕێی هەڵاتنی لەیلاوە بەر کارەکتەری جیا جیا، شوێن و ڕووداوگەلی جیا جیا دەکەوین، چ لە سنووری ئەفریقا، چ تا ئەو کاتەی بە قاچاخ سەفەر بۆ وڵاتی فەڕەنسا دەکات.
لەیلا بە ئومێدی ژیانێکی باشتر سەری خۆی هەڵدەگرێت و ڕوو دەکاتە وڵاتی فەڕەنسا، بەڵام لەوێش نەفرەتی ڕەگەزی و پێگە چیناتەییەکەی وەک تارمایی بە شوێنیەوەن و ژیانی لێ دەکەن بە دۆزەخ، لەوێش بەر گەلێ کەسایەتی و چیرۆک و ڕووداوی دڵتەزێن دەکەوێت، چ وەک پەنابەرێک کە یاساغە، چ وەک ڕەشپێستێک کە هەموان بە چاوێکی نزمتر لێی دەڕوانن، دواجار ئەم کیژە گەنجە، ئازارەکان چۆکی پێ دانادەن و خەمی شووناسی ڕاستەقینە، کە لە منداڵییەوە لێ زەوت کرابوو، وای لێ دەکات بە بەهێزی درێژە بە ژیان بدات و بە ئومێدێکی زۆرەوە خەون بەو ڕۆژەوە دەبینێت بگەڕێتەوە بۆ زێد و خاک و نیشتمانی خۆی لە بیابانی مەغریب.
ژان ماری گوستاڤ، ١٩٤٠ لە شاری نیس لە فەرەنسا لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی (موریس)ە کە دوورگەیەکی لە بیر کراوە لە ئۆقیانووسی هێمندا. ساڵی ٢٠٠٨ لەبەر ڕۆمانی (بیابان) کە کولتووری بیابانی باکووری ئەفریکا بەسەر دەکاتەوە، خەڵاتی نۆبێڵی وەرگرتووە. ڕەخنەگری ناسراو موریس نادۆ کە توانای پێشبینیکردنی بەهرەی شاراوەیشی هەیە، لە بارەی ژان ماری گوتبووی: (بەهرەیەکی ئەدەبییە، هاکا دونیای سەرسام کرد.) لوو کلێزیۆ بە نووسینی ئەدەبی سەفەرنامە ناسراوە، ئەدەبێک دەرگەی بە ڕووی ئەوانی دیکەدا کراوەیە و پڕ بە پێستی دەربڕینەکە، ئەدەبێکی ئینسانییە. لوو کلێزیۆ کە ئەدەبی فەرەنسایی خوێندووە، نامەکەی لە بارەی ئەو (دوورەپەرێزی)یەوە بووە کە لە شیعری شاعیری گەڕیدە: (هەنری میشۆ)دا هەستی پێ کردووە. یەکەمین سەفەری لوو کلیزیۆ بۆ بانکۆک دەبێت، بەڵام چونکە مەسەلەی ئەو بازرگانیی سێکسە دەورووژێنێت کە لەوێ بە منداڵانەوە دەکرێت، هەر زوو لە تایلاند دەردەکرێت.
ژان ماری گوستاڤ، ساڵی ١٩٦٣ یەکەمین ڕۆمانی بە ناونیشانی (ڕاپۆرتێک لە بارەی ئادەمەوە) بڵاو دەکاتەوە، چلوپینج ساڵ دواتر لەسەر ڕۆمانێک کە ١٩٨٠ دەینووسێت و ناوی لێ دەنێت (بیابان) و تێیدا دیوی ناوەوەی ژیانی گەلی (تەواریق)ی سارای باکووری ئەفریکا بەسەر دەکاتەوە، نۆبڵ وەردەگرێت. گەشترین لایەنی نووسینی لوو کلێزیۆ ئەوەیە، باس لە کولتووری گەلانی ئەفریکا و (هیندییە سوورەکان) دەکات، باس لەو شارستانییانە دەکات کە هەڕەشەی سڕینەوەیان لەسەرە و هەر لەو سۆنگەیشەوە ڕۆمانەکانی دەکەونە خانەی ئەدەبی پۆست کۆڵۆنیالییەوە.
لوو کلێزێۆ لەگەڵ ژنەکەیدا کە خەڵکی مەغریبە و ناوی (جمێعە)یە، زۆر جار پێکەوە بۆ گۆشە دوورەکانی دنیا، بە مەبەستی ناسینی کولتووری گەلانی دوورەدەست سەفەر دەکەن و هەر پێکەوەیش چەند کتێبێکیان نووسیوە. ئەوە بە لای لوو کلێزیۆوە زۆر جێی بایەخە، ڕووناکی بخاتە سەر ئەفسانە و داستان و شارستانیی (هیندییە سوورەکان) هی ئەو سەردەمەیان کە هێشتا کۆلۆمبۆس دەرکی بە هەبوونی ئەو ناوچانە نەکردبوو.
لوو کلیزیۆ کە دایکی فەرەنساییە و باوکی ئۆگەندایی، ڕۆمانێکی بە ناوی (ئەفریکایی)یەوە، بە زمانێکی ئاسان و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و ڕاشکاوییەوە نووسیوە، تێیدا بەدووی خۆیدا دەگەڕێت و لە هەوڵی ئەوەدایە، پردێک لە نێوان خۆی و ڕەگوڕیشەدا ڕۆ بنێت. ئەفریکایی جۆرێکە لە نووسینەوەی ژیاننامە، ئاخر تێیدا باسی ئەو سەفەرەی خۆی دەکات کە بۆ یەکەم جار بە هەشت ساڵی لە فەرەنساوە بۆ لای باوکی دەچێت کە لە دارستانەکانی (ئوگاندا)دا پزیشکێکی گەڕۆک دەبێت، پزیشکێک ژیانی بۆ بە هاناچوونی هەژارانەوە تەرخان کردووە. لوو کلێزیۆ لە ڕۆمانی (بیابان)دا، جەنگەڵەکانی ئەفریکا بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە دنیای بیابانە گەورەکەی، زێدی هاوسەرەکەی دەکات و باسی ئەو زەمینە لەبیرکراوەمان بۆ دەکات کە هێندە پاکژە، هەر دەڵێیت تازەکی خودا خوڵقاندوویەتی.