مێژووی سەت ساڵەی تورکیا لە ڕۆمانێکدا وتووێژ لەگەڵ فەرهاد چۆمانی
سازکردنی: ئیدریس عەلی
ڕۆمانی (دوێت لە بەرزەخدا) یەکێکە لە بەرهەمە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە لایەن (بیت بەنەر) و (سەڵاحەدین دەمیرتاش) نووسراوە و (فەرهاد چۆمانی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەم وتووێژەدا لەگەڵ فەرهادی وەرگێڕ، قسە لەسەر دنیای ڕۆمانەکە دەکەین.
سەردەم: چۆن بوو وا بیرت لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە کردەوە و چ شتێک لەم ڕۆمانەدا بۆ تۆی وەرگێڕ گرنگ بوو؟
فەرهاد چۆمانی: لە ڕاستیدا ئەوەی دەیڵێم بۆ هەموو ئەو کتێبانەی وەرمگێڕاون و وەریان دەگێڕم دروستە: دەیخوێنمەوە، ئەگەر سەرنجی منی ڕاکێشا و چووە ڕێزی ئەو کتێبانەی هیوا بخوازم بە کوردی هەبێت، ئەگەر بزانم کتێبێکە بۆ زمان و خەرمانی وێژەی ئێمە گرنگە، وەری دەگێڕم. ئەم ڕۆمانە لەوەدا تایبەتمەندی خۆی و پێویستی وەرگێڕانی خۆی بەسەردا سەپاندم، کە مێژووی سەت ساڵەی کۆماری تورکیا لە ڕێگەی ژەنەڕاڵێکی خانەنشینبووی کەمالیست و پارێزەرێکی کوردی پێشووتر ئەشکەنجدراو بە دەست هەمان ژەنەڕاڵ و هەمان عەقڵییەتی تورک-سەنتەری ئازار دراوە. لە ڕاستیدا ئەو دوو کاراکتەرە نەک هەر تەنیا نوێنەرایەتی دوو ڕوانگەی جودا دەکەن، بەڵکو دوو دنیابینی و دوو بونیادی جیاوازی سایکۆلۆژی، ئیتنیکی و مۆڕاڵی دەکەن، کە سەرباری ئەوەی جیاوازییان زۆرە و ئەو عەقڵیەتەی ژەنەڕاڵ نوێنەرایەتی دەکات هێندەی تر ئەو جیاوازییانەی قووڵتر کردوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەر بە زۆر خراونەتە چوارچێوەیەکی جوگرافی لکێندراو. ئەمەش وای کردووە بۆ ئەوەی نێوکۆی ئەو جوگرافیایە ئارام بێت، بە زەبروزەنگ، پاکتاوی نەژادی، قەدەغەکردنی زمان و بوونی نەتەوەکەی پارێزەر، کە کوردە بیانەوێ ئەو ئارامییە بەدی بهێنن. دیارە ئێمە ئەم باسەمان زۆر لە کتێبە مێژووییەکان خوێندووەتەوە، بەڵام کاتێک دوو نووسەر یەکێکیان تورک و یەکێکیان کورد دەیانەوێ بە ڕێگەی ڕۆمانەوە شەنوکەوی ئەم پرسە بکەن، بێگومان و بە بڕوای تەواومەوە دەڵێم، سەرنجڕاکێشتر و کاریگەرتر دەبێت لەچاو نووسینی مێژووناسان.
سەردەم: پێتوایە لایەنی سۆزداری زاڵە بەسەرتا بۆ وەرگێڕانی کتێبەکانی دەمیرتاش، یان خودی کتێبەکانی بەهای ئەدەبیی بەرزیان هەیە؟
فەرهاد چۆمانی: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. من نەک لەگەڵ بەڕێز دەمیرتاش، لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک هاوسۆزی ئایدۆلۆژیم نییە. بە درێژایی ئەزموونی کاری ئەدەبیم جگە لە بوونی سۆزم بۆ ئەدەبی کوردی، سۆزم بۆ هیچ ڕەوت و پارت و لایەن و کەسایەتییەکی سیاسی نەبووە. بەڵام ئەوەی ئەزموونی دەمیرتاش جیا دەکاتەوە و وای کردووە بە پەرۆشییەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر کتێبێکی بە پێویستی بزانم وەریبگێڕم ئەوەیە؛ بڕوانە تایبەتمەندی کەسایەتی دەمیرتاش؛ لە گەنجییەتییەوە تەمەنی خۆی بەخشیوەتە دۆزی کورد، سەرەتا لە ڕێگەی پارێزەرییەوە، دواتر وەک کاراکتەرێکی سیاسی بەگژ کێوی قافی عەقڵیەتی سەنتەریزمی تورکچیەتی بووەتەوە. دوای ئەوەی زیندانیش دەکرێت لە پەلوپۆ ناکەوێت، بەڵکو شێوازی خەباتەکەی خۆی دەگۆڕێت، وەک چۆن کرمێک دەچێتە قۆزاخە و پەپوولەیەکی لێ تەجەلی دەبێت، ئەویش لە هەناوی کەسایەتییە سیاسییەکەیەوە، ئەدیبێکی بە توانای لێ دێتە دەرەوە و وەک بەخششێک دەبەخشرێتە جوانترکردنی دنیا بە وشە.
دیوێکی تر ئەوەیە دەمیرتاش نایەت وەک سیاسییەکانی تر لە زیندان چیرۆکی قارەمانێتی و هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بنووسێتەوە و بە ئێمە و خوێنەران و مێژووی بفرۆشێتەوە، بەڵکو لە زیندانەوە چیرۆکی ئەوانە دەگێڕێتەوە کە لە دەرەوەن و دەچەوسێنرێنەوە. چیرۆکی ئەوانەی لە زمان خراون، ئەوانەی بە یاسا لە هەموو مافێک بێبەش دەکرێن. ئەو ژنانەی دووچاری کوشت و کوشتار و دەستدرێژی خێزانی و کۆمەڵگە دەبنەوە.
لای من هەر تەنیا دەقی نووسەران گرنگ نییە، بەڵكو هەڵوێست و کەسایەتی و پێداگرییەکانیشیان لەسەر ماف و ئازادییەکان گرنگە. ئەو وای کردووە. دیارە لە تەواوی تورکیا دەمیرتاش تەنیا بەهۆی پاشناوە سیاسییەکەیەوە ناخوێنرێتەوە. بەڵکو ئەدەبەکەی ئەو و کتێب دوای کتێب گەشەکردنی وەک نووسەرێک و بوونی بە پێنووسێکی کارامە وای کردووە هێندە بە فراوانی بخوێنرێتەوە. ئەگەرچی لای ئێمە لە باشووری کوردستان گوێم لە زۆر لافی وا دەبێت کە دەقەکانی سادە و لاوازن، بەڵام ئەوانەی وا دەڵێن بێ ئاگان دەمیرتاش بە ١٤ زمانی زیندووی جیهان دەخوێندرێتەوە. من نازانم پێوەری ئێمە بۆ “لاوازی” و “بەهێزی” دەق چییە. بەڵام ئەوە دەزانم بۆ هەڵسەنگاندنی هەر دەقێکی ئەدەبی دووچاری سەرلێشێوانێکی سەیر بووین.
سەردەم: بێگومان ڕۆمانەکە ڕەهەندێکی سیاسیی و مێژوویی هەیە، پرسی کورد تا چەند بە گرنگییەوە باس کراوە تێیدا؟
فەرهاد چۆمانی: کاتێک سینان، پارێزەرە کوردەکە و هاوڕێکانی دادگاییەکی نا فەرمی و لەسەر ئاستی کەسی بۆ ئایڤاز دەرەی ژەنەڕاڵی خانەنشینبوو دادەنێن. دادگاییکردنی تەنیا ژەنەڕاڵێک نییە، دادگاییکردنی ئەو ڕابردووە خوێناوی و ئەو مشتە ئاسنین و ئەو زەبروزەنگ و عەقڵیەتە داخراوەیشە کە کوردی چەوساندووەتەوە. بۆیە پرسی کورد لەم ڕۆمانەدا دەتوانم بڵێم تێمە و ڕایەڵەی سەرەکییە.
سەردەم: گرنگیی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەری کورد چییە و بۆ دەبێت کورد بیخوێنێتەوە؟
فەرهاد چۆمانی: گرنگە بۆ ئەوەی لە گۆشەیەکی جیاوازترەوە لەو پرسە بڕوانین، پرسی ماف و ئازادییەکانی کورد لە تورکیا. دیارە شێوازی ڕیالیستانەی گێڕانەوەی ڕۆمانەکە و بوونی زانیاری زۆر و کۆلاجکردنی کێشەی هاوشێوەی کورد و تورک لە لای گەلانی تر وا دەکات خوێنەر بەرچاوڕوونتر بێت بۆ ناسینی ئەو مێژووە و ئاشنابوون پێی.
سەردەم: ئەم ڕۆمانە لە لایەن دوو کەسەوە نووسراوە و وەک خۆت ئاماژەت بۆ کردووە هێشتا یەکتریشیان نەبینیوە، ئەدی ئەم چیرۆکە چۆنە و چۆن ئەم ڕۆمانە بەرزە هاتە بوون؟
فەرهاد چۆمانی: نەک هەر لەم ڕۆمانەدا، بەڵکو لە تەواوی کارەکانی دەمیرتاش ئەوە جوانە ئێمە هەر تەنیا چیرۆکی ناو کتێبەکان و کاراکتەرەکانیان ناخوێنینەوە، بەڵكو خودی کتێبەکەش چیرۆکی هەیە. بێنە بەر چاوت چیرۆک بە چیرۆک، بە زەحمەتی زۆری پارێزەرانەوە دێنە دەرەوە. تا کۆدەبنەوە و دەبنە کتێب. لەم ڕۆمانەدا ییت بەنەر و دەمیرتاش، سەرەتا بە ڕێگەی گۆڕینەوەی نامەی دۆستانە و هاوسۆزی ئەدیبانە نامە دەگۆڕنەوە و هەر بە ڕێگەی نامە بڕیار دەدەن ڕۆمانێکی هاوبەش بنووسن، یەکێکیان دەست پێ دەکات و ئەو بەشەی نووسراوە بۆ ئەوی دی دەنێرێت، ئەویش ڕووداوەکان دەباتە پێشەوە و دەیداتەوە ئەوی تر. بەم شێوەیە، بە شێوازی دوێت و چڕینی دوانە ڕووداوەکان دەچنن تا بە کۆتایی دەگات. بڕوانە، ئەگەر ئەم شێوازی نووسینە بخەینە چوارچێوەی هونەری پێرفۆڕمانسییەوە، کە لە دنیادا زۆر باوە، چی دەبینین؟… ئەمەیە کە ئێمە لامان وایە ئەدەبی دەمیرتاش شتێکی ئاساییە، ئەوە دەبینین؛ ئەم شێوازەی کارکردنە هاوارێکە ڕوو بە دنیا، پێمان دەڵێت لە چ دۆخێکی ناهەموار و بگرە سەختتدا، بەبێ دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سەرچاوەکان، بەبێ سەفەرکردن و بینینی پێویست بۆ نووسین، دەنووسێت. کاتێک بە کوردی نانووسێت و بە تورکی دەنووسێت ئێمە لەو پێرفۆڕمانسە ناگەین کە ئەمە خۆی لە خۆیدا هاوارە بە ڕووی پاکتاوی نەژادی. ڕەنگە بۆ نووسەرانیش وانەیەکی گرنگ بێت، کە لە دەرەوەن و هێشتا ناتوانن ڕۆمانێکی وەها بەرز بنووسن. ئەدی ئەگەر لە زیندان بوایەن، دەکرێ ئەمە پرسیارێک بێت نووسەران لە خۆیان بکەن.
سەردەم: ڕۆمانەکە جوان کوردێنراوە و وخوێنەر چێژ لە زمانەکەی دەبینێت، بەڵام پێم بڵێ چۆن توانیت بەم شێوە جوانە وەریگێڕیت و ئەو گرفتانە چی بوون لە ساتی وەرگێڕانیدا هاتنە ڕێت؟
فەرهاد چۆمانی: من سوپاست دەکەم وای دەبینیت. ئەوەی چۆن توانیومە تەنیا ترس و بەرپرسیاریەتییە وام لێ دەکات وەها کار بکەم. من کتێب لە دوای کتێب ترسنۆکتر و بەرپرسیارتر دەبم بەرانبەر زمان و ئەدەبی کوردی. لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەی خۆشمدا زەینێکم هەر بە لای ئەوەدایە چۆن زیاتر فێری کوردی بم و هەنبانەی وشانم دەوڵەمەندتر بکەم. وەک ڕاوچی پەیڤان دەکۆشم ئامادەتر بم بۆ کاری داهاتووم. دەزانم سبەینێ، کە دادگایی دوێنێمانە هەر دێ، بۆیە دەمەوێ ئەمڕۆ بە دڵسۆزییەوە کار بکەم.
ئەوەی لە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانەدا بۆ من سەخت بوو ئەوەبوو دوو نووسەر، بە دوو شێوازی جیاواز و تایبەتمەند بە خۆیان نووسیویانە. من دەبوو وا بکەم گوڵچنی چنینی نووسینیان نەشێوێنم، شێوازی خۆیان لەگەڵ مانای وشەکان وەربگێڕم، دنیابینییەکەیشیان بە وەرگێڕانەکەشەوە دیار بێت. جگە لەم خەمانە، ئەوەی تر هەر وەرگێڕان هەر عەشقە.