بیرەوەریی بە تامی ڕۆمان سەبارەت بە کتێبی گوڵەکانی ژێر بەفر
عاسی حوسێن: ئەم کتێبەم لە ماوەی شەش ساڵدا نووسی
دیداری: ئیدریس عەلی
خوێندنەوەی کتێبی بیرەوەری، جگە لە چێژ، زانیاریی گرنگیش بە خوێنەر دەگەیەنێت، ئاشنامان دەکات بە قۆناغ و ڕۆژگارێک کە ڕەنگە کەمترین زانیارییمان لە سەری هەبیت، کتێبی (گوڵەکانی ژێر بەفر) لەو بیرەوەرییانەیە، کە بیرەوەری نووسەکەی، پێشمەرگەیەکی سادە، خاکی و خاوەن پاشخانێکی ڕۆشبیرییە (عاسی حوسێن) لەم کتێبەیدا بە زمانێکی جوان و ئەدەبی، ڕابردووی خۆی، بەرخودان و ژیانێکی جیوازمان بۆ دەگێڕیتەوە، کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لەبەر جوانیی و گرنگیی و بەهای باڵای کتێبەکە، تاکو ئێستا دوو جار چاپ کراوە… لەم کورتە دیدارەدا لەگەڵ کاک عاسی، باس لە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکەین.
سەردەم: سەرەتا حەز دەکەم بزانم چۆن بوو بیرت لە نووسینی کتیبی (گوڵەکانی ژێر بەفر) کردەوە؟
عاسی حوسێن: زۆرینەی ئەو بیرەوەرەییانەم خوێندبوونەوە کە لە لایەن بەرپرس و کەسە یەکەم و دووەمەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە دەنووسران، لە کتێبی یادەوەریی هیچ یەکێك لەواندا باسی ژیانی پێشمەرگەی نەکرابوو، هەموو باسەکان دەچوونەوە سەر ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان، یان ناکۆکیی سیاسیی لە ناو یەک حیزبی سیاسیدا، هەمووشیان پەلاماری یەکتریان دەدا و خۆیان بە بێگوناح نیشان داوە و ئەویتریان دەشکاندوە و گوناهباریان دەکردن، منیش بیرم لەوە کردەوە، دەکرێ پێشمەرگەیەکی سادەی خوارەوەش کە هەموو ئەرکە قورسەکان لە ئەستۆی ئەواندا بوون، بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە، باسی شۆڕش بکات لە دیدی خۆیەوە، واتە لە دیدی پێشمەرگەوە، نەک سەرکردەیەکی سیاسی، بەم جۆرە و بەم شێوەیە دەستم بە نووسینی گوڵەکانی ژێر بەفر کرد و لە ماوەی شەش ساڵدا توانیم یادەوەرییەکانم بەو جۆرەی کە هەیە بنووسمەوە. سەردەم: بۆ بیرهاتنەوەی قۆناغەکانی یادەوەرییەکان پشتت بە چی بەست؟
عاسی حوسێن: کاتێک بڕیارم دا یادەوەرییەکانم بنووسمەوە، هیچ نووسراوێکی یادەوەری ڕۆژانەی بەر باخاڵەم لەبەر دەست نەبوو، وەک هەندێک لە بە ناو سەرکردە و بەرپرس و تەنانەت هەندێک پێشمەرگەش هەیبوون، بۆ بەخت خراپی من ڕۆژ و مانگی کەم لە ڕووداوەکانم بیرە، هەر لەبەر ئەوەیشە کەمترین مێژووی ڕۆژ و مانگ و ساڵی تێدا تۆمار کراوە، بەڵام بە گشتی پشتم بە بیرهاتنەوەی (زاکیرەی) خۆم بەست بۆ نووسینی گوڵەکانی ژێر بەفر، خۆشبەختانە باش هاتنە دەست، کە بە شوێن ڕووداوەکاندا دەچووم، بە زنجیرە و بە دوای یەکتردا دەهاتنەوە زەینم، تا ئەمەی لێ پەیدا بوو کە ئێستا قسەی لەسەر دەکەین.
سەردەم: چۆن توانیت بەو زمانە ئەدەبیە جوانە یادەوەرییەکانت بنووسیتەوە؟
عاسی حوسێن: من لە سەرتای گەنجی و هەرزەکاریمەوە زۆر حەزم بە خوێندنەوەی ڕۆمان و چیرۆک دەکرد، ڕۆمانی زۆرم خوێندبوەوە، سوودم لەو پاشخانە ئەدەبیە بینی بۆ نووسینەوەی یادەوەریەکانم، یادەوەری بەرپرسەکانی (شۆڕش) نهێنی کۆبونەوە نهێنیەکانی تێدایە، پێوەندی لایەنە سیاسییەکان و لێکترازانیان بە یەکترەوە، پێوەندی هەر لایەنێکی سیاسی بە وەڵاتانی دەور و پشتەوە، خەڵک حەز بە زانینی ئەو نهێنیانە دەکات، بۆیە دەچن دەیخوێننەوە، لای پێشمەرگەیەکی سادەی خوارەوە، ئەم نهێنیانە نین، بۆیە پێویست بوو من بە شێوەیەکی ئەدەبی و ڕۆمانئاسا یادەوەرییەکانم بنووسمەوە، تا بتوانم خوێنەر بە دوای ئەو کتێبەدا ڕابکێشم کە ناوی گوڵەکانی ژێر بەفرە.
سەردەم: پێشتر چاوەڕێی ئەوەت دەکرد کتێبەکە فرۆش و خوێنەری باشی هەبێت؟
عاسی حوسێن: بۆ ئەوەی ڕاستگۆ بم لە گەڵتدا، پێم وا بوو زیاتر پێشمەرگە دێرینەکان و هەندێک کەسی کەمی دیکە دەیخوێننەوە، بەڵام خۆشبەختانە بەشێکی باش لە ڕۆشنبیران و خوێنەرانی دیکە و مامۆستایانی زانکۆ لێی ڕازای بوون، کە ئەمە دڵخۆشی کردم.
سەردەم: بە گشتیی گرنگیی نووسینەوەی بیرەوەری بۆ هەر کەسێک لە چیدا دەبینیتەوە؟
عاسی حوسێن: ڕاستگۆیی لە نووسین و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بێلایەنی و بەلادا نەبردنی باس و بابەتەکان،. خۆ نەکردن بە پاڵەوان و شکاندنی ئەوانی دی، گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤ بە گشتی، بە گێڕانەوەی بابەتی ڕۆمانسی و ئەوەی هەر مرۆڤێك لە ژیاندا حەزیان پێ دەکات، یان دێنە ڕێی، شەرم نەکردن لە گێڕانەوەی، ترس، هەڵاتن، شکان، بێزاربوون و… تا دوایی.
ئەگەر هەر یادەوەرینووسێک ئەمانەی سەرەوەی کرد بە بنەما بۆ نووسینەوەی یادەوەرییەکانی، سەرکەوتوو دەبێت.