دەربارەی ژنە فەیلەسوفی فەڕەنسی سیمۆن وایڵ
خانمه فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی سیمۆن وایڵ: گه‌لێك بیه‌وێت هه‌قیقه‌ت به‌ده‌ستبێنێت پێویستی به كه‌سانێكه هه‌قیقه‌تیان خۆش‌بووێت
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
فه‌یله‌سوف و چالاكوانی سیاسی فه‌ره‌نسی سیمۆن وایڵ Simone Weil (1909-1943)، له خێزانێكی یه‌هودی نا دینی/ غیر متدینة له‌دایكبووه. هه‌رچه‌نده ژیانێكی زۆر كورت ژیاوه و ته‌مه‌نی ته‌نها 34 ساڵ بووه و به‌هۆی نه‌خۆشی سیل-ه‌وه كۆچی دوایی كردووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا و له‌م ژیانه كورته‌دا، پڕ به‌رهه‌م بووه و نزیكه‌ی 25 كتێبی نووسیوه و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ڕاستییه ده‌رده‌خه‌ن كه ئه‌و خانمه فه‌یله‌سوفێكی ڕه‌سه‌ن و قووڵ بووه. كۆی به‌رهه‌مه‌كانی بریتییه له 17 به‌ش كه به‌سه‌ر حه‌وت به‌رگدا دابه‌شكراون و ده‌زگای گالیمار بڵاویكردووه‌ته‌وه. كاریگه‌ری ئه‌م خانمه نووسه‌ره، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك، وایكردووه ئه‌لبێرت كامۆ بڵێت مه‌حاڵه ئه‌وروپا له داهاتوودا هیچ پێگه‌یه‌كی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێداویستیانه‌ی سیمۆن وایڵ داوایان ده‌كات، له‌به‌رچاو نه‌گرێت.
سیمۆن سه‌ر به خێزانێكی بۆرجوازی بووه، خوشكی زانای بیركاری ئه‌ندرێ وایڵ بوو، له به‌رواری 3ی شوباتی 1909 له شوقه‌كه‌ی دایك و باوكی و له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا هاتووه‌ته دنیاوه. له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیدا، ته‌ندروستی زۆرباش بووه، به‌ڵام دوای ئه‌و ماوه‌یه، تووشی هه‌وكردنێكی تووندی ڕیخۆڵه كوێره ده‌بێت، ئیدی به درێژایی ژیانی، بارودۆخی ته‌ندروستی وه‌ك پێویست نابێت. ئه‌و منداڵی بچووكی خێزانه‌كه بووه، به هه‌مو ته‌مه‌نی، په‌یوه‌ندییه‌كی نایابی له‌گه‌ڵ براكه‌یدا هه‌بووه. خێزانه‌كه‌ی ده‌وڵمه‌نند بوون و باری ئابوریان باش بووه و هه‌ردوو منداڵه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كی باش و له ژینگه‌یه‌كی هوشیار و خوێنده‌واردا گه‌وره كردووه. وایڵ به منداڵی دڵته‌نگ و خه‌مناك بووه، چونكه باوكی به هۆی هه‌ڵگرسیانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه، له پێناو ئه‌نجامدانی خزمه‌تی سه‌ربازی، ناچار بووه بۆ چه‌ند ساڵێك ماڵه‌وه به‌جێبێڵێت و له هاوسه‌ر و دوو منداڵه‌كه‌ی دووربكه‌وێته‌وه. ئاخر سیمۆن هه‌ر له منداڵییه‌وه، كچێكی سۆزدار و به به‌زه‌یی و میهره‌بان بووه و حه‌زێكی زۆری له ڕاگرتنی پاكوخاوێنی ئه‌و ماڵه بووه كه منداڵی تێیدا به‌سه‌ر بردووه.
وه‌ك ده‌وترێت قوتابییه‌ك بووه، زیره‌كییه‌كه‌ی پێش ته‌مه‌نه‌كه‌ی كه‌وتووه، له ته‌مه‌نی دوانزه ساڵیدا به باشی زمانی یۆنانی زانیوه، پاشان فێری زمانی سانسكریتی بووه. له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا خوێندكاری قوتابخانه‌ی هێنری چواره‌م بووه. ساڵی 1927 به‌هۆی ئه‌وه‌ی له وانه‌ی مێژوو نمره‌ی كه‌می هێناوه، له خانه‌ی مامۆستایان وه‌رنه‌گیراوه. ساڵی 1928 سه‌ركه‌وتووده‌بێت و له خانه‌ی مامۆستایان وه‌رده‌گیرێت. له تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی “فه‌لسه‌فه‌ی گشتی و لۆژیك” پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێت، سیمۆن دی بۆڤار له هه‌مان تاقیكردنه‌وه‌دا پله‌ی دووه‌م به‌ده‌ستده‌هێنێت. له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی خوێندنیدا، به‌هۆی بیروڕا توونده‌كانییه‌وه، پێیده‌وترا:”كچه تووڕه‌كه”، ته‌نانه‌ت مامۆستا به‌ڕێزه‌كه‌ی ئیمیلی چاریتی نازناوی “بوونه‌وه‌ره مه‌ریخییه‌كه”ی لێنابوو.
ساڵی 1931، له خانه‌ی مامۆستایان فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه و بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵای به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌م بڕوانامه‌یه هاوتای بڕوانامه‌ی ماسته‌ره، ناونیشانی تێزی بڕوانامه‌كه‌ی به‌م جۆره بووه: “مه‌عریفه و كامڵبوون لای دیكارت”، له هه‌مان ساڵدا بووه به مامۆستا و له قوتابخانه‌یه‌كی ناوه‌ندی كچان، وانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی وتووه‌ته‌وه. پیشه‌ی مامۆستایی له ژیانه زۆر كورته‌كه‌یدا، یه‌كه‌م كار بووه كه ئه‌نجامیداوه.
به گوێره‌ی وته‌كانی هاوڕێ و نووسه‌ری ژیاننامه‌كه‌ی “سیمۆن پیترۆمۆنت”، وایڵ له ساڵانی سه‌ره‌تای ژیانیدا، بڕیار ده‌دات پێویسته سیفه‌تی نێرینه له خۆیدا كۆبكاته‌وه و قوربانی به زۆرێك له په‌یوه‌ندییه سۆزداری و ڕۆمانسییه‌كانی بدات، هه‌مو ئه‌وه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی خۆی به ته‌واوه‌تی بۆ كاره‌كه‌ی ته‌رخان بكات كه بریتی بوو له چاكردنی بارودۆخ و هه‌لومه‌رجی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ژار و نه‌داره‌كان. ئه‌مه وا ده‌كات له ساڵانی ژیانی هه‌رزه‌كاری و لاویه‌تیدا، جوانییه ساده و خاكییه‌كه‌ی له پشت دیمه‌نی نێرینه‌ییه‌وه بشارێته‌وه و زۆر به كه‌می ئارایشت/ میكیاجی كردووه و جلوبه‌رگی كوڕانه‌ی پۆشیوه.
دوای ته‌واوكردنی خوێندنی فه‌رمی، ده‌بێت به مامۆستا، وه‌لێ له ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست، له‌به‌ر خراپی باری ته‌ندروستی و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تێكی زۆری نه‌خۆشی، به شێوه‌یه‌كی پچڕ پچڕ ده‌وامی كردووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیمۆن مامۆستایه‌كی ساده نه‌بووه كه ته‌نها سه‌رقاڵی ڕایكردنی كاری فه‌رمی مامۆستایه‌تی بێت. به‌ڵكو له هه‌مانكاتدا نمونه‌ی فه‌یله‌سوفێكی به هه‌ڵوێست بووه، ده‌رحه‌ق به كێشه و گرفتی چه‌وساوه‌كان و له‌و بواره‌دا به درێژایی ژیانی، وه‌ك تێكۆشه‌رێكی سه‌ندیكایی و سیاسی تێكۆشاوه و به‌شداری خۆپیشاندان و مانگرتنه‌كانی كردووه، له‌وانه‌ی به چڕی و له نزیكه‌وه به‌شداری مانگرتنه به‌ناوبانگه‌كه‌ی ساڵی 1933ی فه‌ره‌نسای كردووه. له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی بێ كار و كرێكاران داده‌نیشت و له نزیكه‌وه ئاگاداری كێشه و نه‌هامه‌تییه‌كانیان بوو. هه‌روه‌ها ببووه هاوڕێی خوێندكاره‌كانی و زۆر به دڵسۆزییه‌وه هه‌موانی خۆشده‌ویست، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساند كۆمه‌ڵێك پرنسیپی نوێی په‌روه‌رده، له‌سه‌ر بنه‌مای یاخیبوون له په‌روه‌رده‌ی كۆنه‌باوی چه‌ق به‌ستوو، بێنێته ئاراوه.
ساڵی 1936، واته له ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا و له‌سه‌روبه‌ندی شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا و بۆ ڕوبه‌ڕووبوونه‌ی كوده‌تاكه‌ی فرانكۆی فاشیست، په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی مقاوه‌مه‌وه ده‌كات و ژیانی بۆ كاری سیاسی و سه‌ندیكایی و پشتگیری كرێكاران ته‌رخان ده‌كات. بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی باشتر له چینی كرێكار و نه‌هامه‌تییه‌كانیان تێ بگات، بۆ ماوه‌ی ساڵێك وه‌ك كرێكار، له كارگه‌یه‌كی دروستكردنی ئۆتۆمۆبێل كارده‌كات.
وه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، له‌به‌ر خراپی دۆخی ته‌ندروستی، ته‌نها بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ مامۆستای ناوه‌ندی بووه، دوای ئه‌وه به خێرایی واز له كاری وانه وتنه‌وه دێنێت و به هۆی بیروباوه‌ڕه ماركسییه‌كه‌یه‌وه كه دژ به ستالین بووه، بڕیار ده‌دات له كارگه‌كانی فه‌ره‌نسا ببێت به كرێكار. ئاخر ئه‌و هه‌میشه، هاوسۆزێكی گه‌وره‌ی هه‌ژار و نه‌دار و كرێكاران بووه و هه‌رچییه‌كی شكبردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌شیكردووه، له‌وانه كرێی مانگانه‌كه‌ی. له‌م باره‌یه‌وه بڕیار ده‌دات ڕۆژان ته‌نها به پێنج فره‌نكی فه‌ره‌نسی بژی، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌موچه‌ی مانگانه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ده‌یخاته سندوقی هاریكاری كرێكارانی كانه‌كان. ئه‌و له چاخانه و قاوه‌خانه‌كانی پاریس‌دا، له‌گه‌ڵ كرێكار و خه‌ڵكانی بێ كار و كاسبی، داده‌نیشت و سه‌باره‌ت به پابه‌ندبوونی سیاسی قسه‌ی بۆ ده‌كردن و ڕۆشنبیریی گشتی پێ ده‌به‌خشین، ئه‌مه وه‌ك فێركردنێكی گشتی جه‌ماوه‌ریی وا بوو بۆ هه‌موان. له‌وێدا كێشه و قه‌یران و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگای خۆرئاوای ساده و ئاسان ده‌كرده‌وه و ئه‌م دروشمه پرشنگداره‌ی به‌رزكردبوه‌وه: سێ دێوه‌زمه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی، بریتین له پاره و ته‌كنه‌لۆژیا و سوخره.
ئێمه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كمان لا نییه، بیسه‌لمێنێت سیمۆن وایڵ چاوی به هانا ئارێنت كه‌وتبێت. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی فیكری نا ڕاسته‌وخۆ له نێوانیاندا هه‌بووه. ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئارێنت وه‌ك نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی تۆتالیتاریزم و فیكری چه‌ق به‌ستوو ده‌ناسین، پێویسته به هه‌مان ئه‌ندازه دان به‌وه‌دا بنێین كه سیمۆن وایڵ، نووسینی به‌هێزی هه‌یه ده‌رباره‌ی فاشییه‌ت و دژ به سیستمه تۆتالیتارییه‌كان، به تایبه‌ت له نووسینه‌كانی: “تێڕامان له پرسی ئازادی و چه‌وساندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی” و نووسینه سیاسی و مێژوییه‌كانیدا كه دواتر هه‌مو ئه‌و نووسینانه له حه‌وت به‌رگدا كۆكرانه‌وه. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، فیكری فه‌له‌سه‌فی هانا ئارێت، له زۆر پرسدا، له‌گه‌ڵ فیكری سیمۆن وایڵ پێكده‌گات، له‌وانه پرسی تووندوتیژی، خراپه‌كاری، ئازادی، ئازار، هه‌قیقه‌ت، ڕه‌خنه له تۆتالیتاریزم، خۆشه‌ویستی، واته له كۆی پرسه سیاسی و ئه‌خلاقی و ئاینییه‌كان.
وایڵ به پێچه‌وانه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری چه‌په‌كانی سه‌ده‌ی بیست، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و گه‌وره‌بوونیدا، ڕێگایه‌كی جیاواز و نا باو هه‌ڵده‌بژێرێت و بووه كه‌سێكی دیندار و مه‌یلی زیاتر به‌لای ڕۆحانییه‌تدا هه‌بوو. ئه‌م خانمه ئه‌گه‌رچی تا له ژیاندا بوو، نووسین و كتێبه‌كانی سه‌رنجی كه‌سیان ڕانه‌ده‌كێشا. به‌ڵام دوای مردنی و له ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌رهه‌مه‌كانی له ته‌واوی كیشوه‌ری ئه‌وروپا و ئه‌و وڵاتانه‌ی به زمانی ئینگلیزی ده‌دوان، ناوبانگیان په‌یداكرد. له‌م باره‌یه‌وه به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی كالگاری، له نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2012، زیاد له 2 هه‌زار و 500 كاری زانستی له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوكراونه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا كامۆ ئاوا وه‌سفی ده‌كات: تاقه ڕۆحی مه‌زنه له سه‌رده‌مه‌كه‌ماندا.
ده‌وترێت زۆرجار هۆكاری سه‌ره‌كی به‌شداریكردنی له كار و چالاكی سیاسی‌دا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی به چینی كرێكاردا هاتووه‌ته‌وه. ساڵی 1915 كه ته‌مه‌نی ته‌نها شه‌ش ساڵ بووه، وه‌ك پاڵپشتییه‌ك بۆ ئه‌و هێزانه‌ی له به‌ره‌ی خۆرئاوادا بوون، شه‌كر خواردنی له‌خۆی قه‌ده‌غه كردووه.
ساڵی 1919، واته له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا، په‌یوه‌ندی خۆی به به‌لشه‌فیكه‌كانه‌وه (زۆرینه) ڕایگه‌یاند، وتاری سیاسی ده‌نووسی، به‌شداری له خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌كرد، لایه‌نگری مافی كرێكاران بوو. له‌و ڕۆژگاره‌دا كچێكی ماركسی بوو، بانگه‌شه‌ی ئاشتی ده‌كرد و ئه‌ندامی سه‌ندیكای كرێكاران بوو. ئه‌و به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نه‌چووه ڕیزی حزبی شوعییه‌وه و له بیسته‌كانی ته‌مه‌نیدا، به شێوه‌یه‌كی گه‌وره و فراوان ده‌ستیكرد به ڕه‌خنه‌گرتن له ماركسیزم.
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، ساڵی 1933 به‌شداربوو له مانگرتنه گشتییه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، داوای كرد دژ به بێكاری و كه‌می كرێ خۆپیشاندان بكه‌ن. ساڵی دواتر، له دوو كارگه‌دا بووه كرێكار، خاوه‌نداریه‌تی یه‌كێك له كارگه‌كان، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ كۆمپانیای ڕینۆ، سیمۆن له‌و بڕوایه‌دا بوو ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه‌ی، یارمه‌تی ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كی توند و به‌هێزی له‌گه‌ڵ چینی كرێكاردا هه‌بێت.
هه‌رچه‌نده پێشتر ڕایگه‌یاندبوو كه ئاشتیخوازه، كه‌چی ساڵی 1936، سه‌فه‌ری كرد بۆ ئیسپانیا، تاكو به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و وڵاته بكات و لایه‌نگری كۆمارییه‌كان بوو. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چاوی زۆر كز بوو، هاوڕێكانی له به‌ره‌كانی شه‌ڕ دووریان خسته‌وه، چونكه له‌وه ده‌ترسان سیمۆن له‌به‌ر چاو كزییه‌كه‌ی، ته‌قه له خۆیان بكات. هه‌روه‌ها له‌به‌ر چاو كزییه‌كه‌ی، جارێكیان خۆی ده‌كێشێت به مه‌نجه‌ڵێكی پڕ له ئاوی كوڵهاتوو و به‌شێك له جه‌سته‌ی ده‌سوتێت. دوای ئه‌وه، خێزانه‌كه‌ی دێن بۆ ئیسپانیا، تاكو بیبه‌نه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان. سه‌روه‌ختێك تازه گه‌یشتبووه ئیسپانیا، هه‌وڵیدا سه‌ركرده‌ی دژه فاشیست جۆلیان گۆرگین ببینێت و داوای لێ كرد وه‌ك سیخوڕێكی نهێنی، بینێرێت بۆ ڕزگاركردنی خواكین مۆرین-ی دیل، به‌ڵام گۆرگین به داواكه‌ی ڕازی نه‌بوو و پێی وت به‌دڵنیاییه‌وه له به‌رامبه‌ر هیچدا، قوربانی به خۆت ده‌ده‌یت.
سیمۆن له بواره‌كانی فه‌لسه‌فه و ته‌سه‌وف و سیاسه‌ت و ڕێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسیویه‌تی. به‌ڵام له ژیانه كورته‌كه‌یدا، جگه له هه‌ندێك وتار و یه‌ك كتێب به ناوی “سه‌ركوتكردن و ئازادی” هیچی دیكه‌ی بڵاونه‌كرده‌وه. وه‌ك وتمان ته‌نها دوای مردنی، گرنگی و بایه‌خ به به‌رهه‌مه‌كانی درا و له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 2012، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كتێب و توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی و وتار، له‌سه‌ر ژیان و كاره‌كانی نووسران.
سه‌روه‌ختێك ئه‌لبێرت كامۆ له ساڵی 1957، خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌رده‌گرێت و ده‌ڕوات بۆ ستۆكهۆڵم، یه‌كێك له ڕۆژنامه‌نووسه‌كان لێی ده‌پرسێت كێ به نزیكترین هاوڕێی خۆت ده‌زانیت. كامۆ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت شاعیری فه‌ره‌نسی ڕێنییه شار و سیمۆن وێڵ. ڕۆژنامه‌نووسه‌كه پێی ده‌ڵێت به‌ڵام سیمۆن مردووه، كامۆ وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: مردن هه‌رگیز نابێته به‌ربه‌ست له نێوان هاوڕێی ڕاسته‌قینه‌دا.
سه‌رچاوه
بۆ وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی ئه‌م وتاره، سود له‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه وه‌رگیراوه:
1-به‌شی كه‌لتووری رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت 18ی حوزه‌یرانی 2025.
3- ar.wikipedia.org
4- www.noor-book.com