چی لـه ئاركـۆن ماوه‌ته‌وه؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
زۆرجار ئه‌م پرسیاره‌م لێ كراوه: چی له ئاركۆن ماوه‌ته‌وه؟ هه‌مو جارێك هه‌ست به دڵته‌نگی و بێزارییه‌كی زۆر ده‌كه‌م. هه‌مو جارێك هه‌ستم كردووه پێویسته ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵام بده‌مه‌وه و بڵێم: هه‌مو شتێكی یان تا ڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌مو شتێكی ماوه‌ته‌وه. ئاشتبوونه‌وه مێژووییه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ئیسلام و مۆدێرنه‌ی لێ ماوه‌ته‌وه. ئاشتبوونه‌وه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ئیسلام و ڕه‌وتی هیومانیستی لێ ماوه‌ته‌وه، له ڕۆژگاری دڕندایه‌تی و هه‌مه‌جییه‌تی گروپه تووندڕه‌وه‌كاندا كه ناوبانگی ئیسلامیان له جیهاندا شێواندووه و هه‌مو ڕه‌نگێكی مرۆیی و به‌زه‌یی و میهره‌بانیان له‌م ئاینه پاكژه داماڵیوه. ئاشتبوونه‌وه مێژووییه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ئیسلام و ئاینه ئیبراهیمییه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك یه‌هودی و مه‌سیحی لێ ماوه‌ته‌وه. ئاشتبوونه‌وه مێژووییه گه‌وره‌كه‌ی نێوان مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌كانی لێ ماوه‌ته‌وه كه به درێژایی مێژوو له‌گه‌ڵ یه‌ك ناكۆك و ڕكابه‌ربوون.
ئاركۆن هه‌مو ئه‌مانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پته‌وی زانستی و مێژوویی و فه‌لسه‌فی به‌ده‌ستهێناوه، نه‌ك به شێوه‌یه‌كی ڕووكه‌ش و له‌سه‌ر شێوازی “هێشتنه‌وه‌ی ڕیش و ده‌ستماچكردن”، هه‌مو ئه‌وه له محه‌مه‌د ئاركۆن ماوه‌ته‌وه. ئایا ئه‌وه كه‌مه؟ ئه‌مه زۆره و له زۆر زۆرتره. ئاخر ئه‌وان كاتێك ئه‌و پرسیاره‌ت لێ ده‌كه‌ن، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه بڵێن له فیكری ئاركۆن تێگه‌یشتووین و وه‌رگیراوه و هه‌زمكراوه و كه‌لتووری عه‌ره‌بی چیتر پێویستی پێی نییه. ئه‌مه شتێكه هه‌رگیز ڕاست نییه، خۆزگه ڕاست بووایه و ئێمه‌ش ئاسوده ده‌بووین و ئیسراحه‌تمان ده‌كرد. ئا له‌به‌ر ئه‌وه، ئه‌م ده‌رفه‌ته ده‌قۆزمه‌وه، تاكو مه‌سه‌له‌كان ڕوونبكه‌مه‌وه و حساباته‌كان یه‌كلایی بكه‌مه‌وه.
به‌ڵێ، ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵام ده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم: هه‌مو شتێكی ماوه‌ته‌وه، به تایبه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه سه‌ركه‌وتوو و نایابه‌كه‌ی بۆ دیواره‌كانی تیۆلۆژیای دۆگمای داخراو و بیروباوه‌ڕی ته‌سكی تائیفی و مه‌زهه‌بی. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ناوكه ڕه‌قه‌ی ته‌كفیركردن كه به هۆی ڕه‌گ و ڕیشه قووڵه‌كه‌ی و جێگیربوونی به درێژایی سه‌ده‌كان، خه‌ریكه وای لێدێت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ بێت. ئه‌مه‌یه له محه‌مه‌د ئاركۆن ماوه‌ته‌وه و گرنگییه‌كه‌ی و بلیمه‌تییه‌كه‌شی هه‌ر لێره‌دایه. شه‌رحكردن و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه پێویستی به چه‌ندین به‌رگه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بیری لێده‌كه‌نه‌وه، ئاركۆن هه‌مو ئه‌و كارانه‌ی له خۆشویستنی بۆ ئیسلام و موسڵمانانه‌وه كردووه، نه‌ك ئه‌وه‌ی ڕقی لێیانبێت، ئاخر ئه‌و به دڵ و به گیان له‌گه‌ڵیان توابوه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان بوایه یان نه‌یار و دوژمنی ئه‌وان بوایه، بۆ نمونه ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ماددیی و بێ باوه‌ڕ بوایه، ئه‌وا لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م هه‌مو هه‌را و ده‌نگدانه‌وه گه‌وره‌یه‌ی نه‌ده‌بوو. ئه‌وه‌ی ئاركۆن به درێژایی په‌نجا ساڵی به‌رده‌وام كردوویه‌تی، خزمه‌تكردنی موسڵمانان و په‌رۆشی ئه‌و بووه بۆ موسڵمانان و ده‌رهێنانیان بووه له قاوغی چه‌ق به‌ستووییان و له سه‌ده دوور و درێژه‌كانی داڕمان. هه‌روه‌ها به‌رهه‌مه سه‌ره‌كییه‌كانی ماونه‌ته‌وه؛ كه مێژووی فیكری عه‌ره‌بی كوناوده‌ر كرد و دابڕانی له‌گه‌ڵ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست هێنایه ئاراوه. به‌رهه‌مه‌كانی له ڕووناك كردنه‌وه‌ی قووڵاییه تاریك و پێچ و په‌ناكانی كه‌له‌پوور، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یان به‌ده‌ستهێناوه. سه‌یری توێژینه‌وه‌كه‌ی بكه‌ن له‌سه‌ر قورئانی پیرۆز. بۆ نمونه سه‌یری شیكارییه ئاركۆلۆژییه قووڵه‌كه‌ی بكه‌ن بۆ سوره‌تی “ئه‌لكهف”، له‌وێدا به شێوه‌یه‌كی بێ وێنه، ته‌واوی توانا فیكری و ئه‌كادیمییه‌كانی خۆی خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌وه وانه‌یه‌كی فیكری گه‌وره و نایابه. سه‌یری كتێبه قه‌به‌كه‌ی بكه‌ن كه ده‌زگای “ئه‌لساقی” ساڵی 2017 به ناونیشانی “خوێدنه‌وه‌كان بۆ قورئان/ قرا‌ءات فی القرا‌ن” بڵاویكرده‌وه… هتد. ئه‌وه نمونه‌ی مشتێكه له خه‌روارێك.
دوای هاتنی ئاركۆن، كه‌لپووری عه‌ره‌بی –ئیسلامی، چیتر به‌و شێوه‌یه لێكنادرێته‌وه كه پێش هاتنی ئاركۆن لێكده‌درایه‌وه. ئه‌و مێژووی ئیسلامی بۆ دوو به‌ش دابه‌شكرد: پێش ئاركۆن و دوای ئاركۆن. ئێمه سه‌روه‌ختێك له پاریس، سه‌باره‌ت به “مێژووی فیكری ئیسلام”، گوێمان له لێكچه‌ره هه‌فتانه‌ییه‌كانی ده‌گرت، گێژ و وڕ ده‌بووین. پاشان دوای ته‌واوبوونی لێكچه‌ره‌كه، ده‌چووینه ده‌ره‌وه بۆ كافێكانی ده‌وروبه‌ری سۆربۆن، له‌وێدا چه‌ندین كاتژمێر گفتوگۆمان له‌سه‌ر ده‌كرد و هه‌ندێكجار تا دره‌نگانی شه‌و ده‌ماینه‌وه، ئێمه سه‌باره‌ت به وانه‌كانی ئاركۆن، له‌ناوخۆماندا هه‌م هاوڕابووین و هه‌م ناكۆك، هاوارمان ده‌كرد و ده‌نگمان به‌رزده‌كرده‌وه و خه‌ریك بوو ده‌ست بده‌ینه یه‌خه‌ی یه‌كتر:
به ئاسوده‌یی ده‌نووم و هزرم پڕه له بیرۆكه
كه‌چی خه‌ڵك بێدارن و مشت‌ومڕ له‌سه‌ر بیرۆكه‌كانم ده‌كه‌ن(*)
ئێمه هه‌ستمان ده‌كرد له‌به‌رده‌م بیرمه‌ندێكی زه‌به‌لاحداین، كۆی مێژووی فیكری ئیسلامی، له سه‌ره‌تاوه بۆ كۆتاییه‌كه‌ی، له یه‌ك ساتدا ده‌خاته‌ڕوو و زۆر به وردی باسی ده‌كات. ئێمه هه‌ستمان ده‌كرد له ئاهه‌نگێكی فیكریداین، له ڤیستیڤاڵێكی فیكریداین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه، پێده‌چێت پرۆژه‌كه‌ی ئاركۆن، له هه‌مو ئه‌و پرۆژه فیكرییانه‌ی دیكه بایه‌خدارتر و گرنگتربێت كه به درێژایی په‌نجا ساڵی ڕابردوو، باسیان له كه‌له‌پوور و تازه‌كردنه‌وه‌ی كه‌له‌پوور كردووه. جیاوازییه‌كی جۆرایه‌تی له نێوان پرۆژه‌كه‌ی ئاركۆن و پرۆژه‌كه‌ی ئه‌واندا هه‌یه، ئه‌و له لایه‌ك و سه‌رجه‌م بیرمه‌ندانی دیكه‌ی عه‌ره‌ب، له نمونه‌ی محه‌مه‌د تالبی، هیشام جه‌عیت، محه‌مه‌د عابد جابری، عه‌بدوڵڵا ئه‌لعره‌وی له لایه‌كی دی.
ئه‌و ناوانه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ناوه به‌ناوبانگه‌كانی فیكری عه‌ره‌بین، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نه‌یانتوانی كێشه‌ی كه‌له‌پوور بۆ ئێمه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌یانتوانی داخرانه مێژوییه‌كه بكه‌نه‌وه. نه‌یانتوانی تاشه‌به‌ردی كه‌له‌پوور، به ئه‌ندازه‌ی تاڵه موویه‌ك له شوێنی خۆی بجووڵێنن. ته‌نها ئاركۆن توانی ئه‌وه بكات و به‌ده‌ستی بێنێت. مه‌زنی و نه‌مری ئاركۆن ئا لێره‌دایه. هه‌ر بۆیه، كۆی ئه‌م وتاره‌شم ته‌نها بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ته‌رخانكردووه.
پێویسته له دید و تێڕوانین و هه‌ڵسه‌نگاندنماندا هه‌ڵه نه‌كه‌ین، ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی عه‌ره‌ب، له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم بۆیان، بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بوو، له دیواره دۆگماییه داخراوه‌كانی باوه‌ڕی كه‌له‌پووری تیۆلۆژیای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بێنه‌ده‌ره‌وه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌سڵه‌ن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بیریان له شتێكی له‌و جۆره كردبێته‌وه. ئاركۆن هه‌میشه جیاوازی ده‌كرد له نێوان پانتایی عه‌قڵی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست له‌گه‌ڵ پانتایی عه‌قڵی سه‌ده‌كانی مۆدێرنه. هه‌میشه جیاوازی ده‌كرد له نێوان سه‌قفی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌قفی مۆدێرنه. ئه‌و ئازادییه فیكرییه نایابه‌ی ئه‌مه‌ی دووه‌میان ڕێگه‌ی پێده‌دات، له‌وه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌رگیز و به ڕه‌هایی ڕه‌تده‌كرایه‌وه.
ئه‌ی باشه من بۆچی له سوریا هاتمه ده‌ره‌وه و ڕۆشتم بۆ پاریس؟ له زانكۆی دیمه‌شق نه‌مامه‌وه و ڕۆشتم بۆ زانكۆی سۆربۆن؟ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده هه‌ڵمژم. من به دوای چاره‌سه‌رێك یان فریادڕه‌سێكدا ده‌گه‌ڕام، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی كێشه شه‌خسی و فیكرییه‌كانم، كه‌ڵه‌كه‌بوون و تا ده‌هات خراپترده‌بوون و منیان گه‌یانده سه‌ر لێواری خه‌ره‌نده‌كه.
ئێمه تا ئێستاش، مه‌حكومین به فه‌زای سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، نه‌ك فه‌زای سه‌ده‌كانی مۆدێرنه، به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كانی ئاینه‌وه. سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه، به خه‌یاڵی ئه‌و بیرمه‌نده به‌ناوبانگانه‌ی عه‌ره‌بدا نه‌هاتووه كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان به ناوه‌كانیان كردووه. كه‌واته كوا له كوێیه ئازادییه گه‌وره‌كه‌ی فیكر كه له گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بیدا چاوه‌ڕێی ده‌كرێت؟ تكایه نیشانم بده‌ن. ئه‌وه ته‌نها ئاركۆن بوو، ئه‌و دیواره لاهوتییه‌ی تێكدا كه هه‌زار ساڵه وه‌ك شاخه‌كان له عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌معیدا جێگیر بووه و ڕه‌گی داكوتیوه، ئاركۆن به ته‌واوه‌تی له‌و عه‌قڵیه‌ته هاته ده‌ره‌وه. بگره ئێمه‌شی فێركرد چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك له‌و عه‌قڵیه‌ته بێینه ده‌ره‌وه.
ئه‌و له لێكچه‌ره هه‌فتانه‌ییه به‌ناوبانگه‌كانی له زانكۆی سۆربۆن، هه‌میشه به ئێمه‌ی ده‌وت: ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كان بكه‌نه‌وه و هه‌وای پاكی ده‌ره‌وه هه‌ڵمژن. بۆچی خۆتان له نێو دیواری داخراوی تائیفه‌كه‌تان و مه‌زهه‌به‌كه‌تان و چه‌قبه‌ستووییه‌كه‌تان زیندانی كردووه؟ سه‌یركه‌ن ئه‌وروپا، چۆن چۆنی له زیندانه تیۆلۆژییه‌كانی و قه‌فه‌زه عه‌قائیدییه‌كانی ڕزگاری بووه. سه‌یركه‌ن بزانن چۆن دابه‌شبوونه مه‌زهه‌بییه ته‌كفیرییه‌كانی تێپه‌ڕاند كه پێشتر له ناوه‌وه هه‌لاهه‌لای كردبوو؟
ئه‌ڵبه‌ته تێگه‌شتنێكی دیكه بۆ ئاین هه‌یه، جگه له تێگه‌شتنی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست كه ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی قه‌سابخانه‌كان و ته‌قینه‌وه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان. عه‌ره‌ب كه‌ی له‌وه تێده‌گات؟ موسڵمانه‌كان كه‌ی له‌وه تێده‌گه‌ن؟ ئیخوان و خومه‌ینییه‌كان كه‌ی له‌وه تێده‌گه‌ن؛ كه ئێمه‌یان گلاندووه له چه‌ندین ململانێی وێرانكه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌مو جیهاندا.
لێره‌وه تاقه پرۆژه‌یه‌ك كه له‌م سه‌رده‌مه‌دا مانای هه‌بێت، بریتییه له پرۆژه‌ی “ڕه‌خنه له عه‌قڵی ئیسلامی” نه‌ك “ڕه‌خنه له عه‌قڵی عه‌ره‌بی” له‌سه‌ر شێوازی جابری یان ئه‌وانی دیكه. من كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێم، ڕێزێكی زۆرم بۆ جابری و هه‌وڵه فیكرییه‌كانی هه‌یه. وه‌لێ ئه‌و نه‌یتوانی كه‌لتوور له كه‌لتوور ڕزگار بكات، یان نه‌یتوانی كه‌لتوور له‌و وزه كه‌لتوورییه سه‌ركوتكه‌ره ترسناكه ڕزگار بكات كه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه، به میرات ماوه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت من له‌و بڕوایه‌دا نیم، خودی جابری خۆی له‌وه ڕزگار كردبێت. ئه‌سڵه‌ن كوا ئه‌و ڕۆشنبیره عه‌ره‌به‌ی كه لێی ڕزگار بووه؟ نیشانمی بده‌ن تاكو ده‌ستبه‌جێ ده‌سته‌كانی ماچ بكه‌م و له‌به‌رده‌میدا بچه‌مێمه‌وه. ته‌نها ئاركۆن ئه‌و په‌ڕجووه فیكرییه‌ی به‌دیهێناوه، ته‌نها ئاركۆن توانی ئه‌م درزه بكاته دیواری داخراوی مێژووی فیكری عه‌ره‌بی. ته‌نها ئه‌و بوێری ئه‌وه‌ی هه‌بوو ده‌رگا داخراوه كڵۆمدراوه‌كه بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یه ده‌ڵێم كۆی پرۆژه‌كانی تازه‌كردنه‌وه‌ی كه‌له‌پوور كه‌وتن یان شكستیانهێنا و ته‌نها پرۆژه‌كه‌ی ئاركۆن له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به خۆڕاگری مایه‌وه.
كێ له ئێمه، پێیوانییه تاقه پرۆژه كه له‌م چركه‌ساته مێژووییه‌ی هه‌نووكه تێیدا ده‌ژین، بریتییه له پرۆژه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن له عه‌قڵی ئیسلامی: واته ڕه‌خنه‌گرتن له عه‌قڵی تیۆلۆژیا كه له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه به میرات ماوه‌ته‌وه، نه‌ك ڕه‌خنه له عه‌قڵی عه‌ره‌بی؟ له ڕاستیدا شتێك نییه به ناوی عه‌قڵی عه‌ره‌بی یان فه‌ره‌نسی یا ئه‌ڵمانی یا چینی یاخود ڕووسی…هتد. عه‌قڵی مرۆڤایه‌تی له سه‌رتاپای گۆی زه‌ویدا، یه‌ك عه‌قڵه. به‌ڵام ئه‌م عه‌قڵه، به درێژایی مێژوو، به قۆناغی پله‌به‌ندیدا تێپه‌ڕیوه تا به گوێره‌ی په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی زانست و فه‌له‌سه‌فه و هه‌لومه‌رجه‌كان، گه‌شه‌ی زیاتر و زیاتری كردووه.
به‌م مانایه، عه‌قڵێكی ئاینی غه‌یبانی شاراوه هه‌یه، كۆنترۆڵی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئیسلامی و مه‌سیحی كردبوو، بگره هێشتا و تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش، كۆنترۆڵی جیهانی ئیسلامی كردووه و تێیدا باڵاده‌سته. ئه‌گه‌رنا هه‌ژموونی شه‌پۆلی ئیخوان- سه‌له‌فی- خومه‌ینی- به‌سه‌ر جیهانی عه‌ره‌بی و ئێرانی و توركی، چ مانایه‌كی هه‌یه؟ هه‌رچی ئه‌وروپای مه‌سیحییه، ئه‌م داخرانه تیۆلۆژییه ته‌كفیرییانه‌یان تێپه‌ڕاندووه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی تا بینه‌قاقایان تێیدا نوقم ببوون. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه ئه‌وروپا، بۆڕی ئێمه‌ی داوه‌ته‌وه و ئێمه‌ی به چه‌ندین ساڵی ڕووناكی له دوای خۆیه‌وه به‌جێهێشتووه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌مه‌یه ئێمه هێشتا له نێو ململانێ تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌كاناندا په‌له‌قاژه ده‌كه‌ین، له كاتێكدا ئه‌وروپا هه‌مو ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی تێپه‌ڕاندووه. ئه‌وروپا سه‌ره‌تا خودی خۆی له خۆی و میراته كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ڕزگار كرد، پاشان وه‌ك ڕۆكێت ده‌رپه‌ڕی. یه‌كه‌مجار به‌سه‌ر خودی خۆیدا سه‌ركه‌وت. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خودی خۆیدا سه‌ركه‌وێت، به‌سه‌ر كۆی جیهاندا سه‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا به‌سه‌ر دێوه‌زمه‌ی كه‌له‌پووری ته‌كفیری ترسناكدا سه‌رنه‌كه‌وتایه كه نیشتبووه سه‌ر سینه‌ی، ئه‌وا نه‌یده‌توانی ده‌رپه‌ڕێت و ئه‌م هه‌مو زانست و فه‌لسه‌فه و ته‌كنه‌لۆژیا مۆدێرنه به‌دیبهێنێت.
لێره‌وه ئه‌و شته‌ی پێویسته ڕه‌خنه‌ی لێبگرین و هه‌ڵیوه‌شێنینه‌وه، ئه‌م عه‌قڵه تیۆلۆژیا ته‌كفیرییه چه‌ق به‌ستووه‌یه كه وا ده‌زانێت، به ڕه‌هایی خاوه‌نی هه‌قیقه‌تی ئیلاهییه و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش، خه‌ڵك سه‌رده‌بڕێت و جیهان ده‌ته‌قێنێته‌وه. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه نه محه‌مه‌د عابد جابری و نه ئه‌وانی دیكه، بوێری ئه‌وه‌یان نه‌بوو خۆی له قه‌ره بده‌ن و باسی بكه‌ن. ئه‌م بابه‌ته تا ئێستاش له كۆی فیكری عه‌ره‌بیدا، بابه‌تێكی بیر لێ نه‌كراوه‌یه یان مه‌حاڵه بیری لێ بكرێته‌وه.
سه‌رچاوه
به‌شی كه‌لتووری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 22ی حوزه‌یرانی 2025