سەرکێشییەکانی مەیمونێک

میخائیل زۆشینکۆ

لە ڕووسییەوە: کەیوان صدیق

پێداچوونەوەی: شیروان محموود

لە شارێکی باشوور، باخچەیەکی ئاژەڵان هەبوو. باخچەیەکی بچووک، کە تێیدا: پڵنگێک، دوو تیمساح، سێ مار، کەرەکێویەک، یەک نەعامە، مەیموونێک، یان بە سادەیی بڵێین، مەیموونێکی بچکۆلانە، دەژیان.

بێگومان ئاژەڵی بچووکی جۆراوجۆر، وەکو: باڵندە، ماسی، بۆق و هەروەها شتی بچووکی دیکەی بێبایەخ لە جیهانی ئاژەڵان، لە باخچەکەدا هەبوون.

لە سەرەتای جەنگدا، کاتێک فاشیستەکان ئەم شارەیان بۆمباران کرد، بۆمبێک ڕاست دەیدا بەم باخچەی ئاژەڵانەداو بە دەنگێکی کەڕکەری گەورە دەتەقێتەوە و هەموو ئاژەڵەکان دووچاری شڵەژان دەکات.

جگە لەوەش، دەستبەجێ و بەیەکەوە سێ مارەکە کوژران، کە ڕەنگە ڕاستییەکی هێندە قورس نەبێت. هەروەها، بە داخەوە نەعامەکەش بەرکەوت و کوژرا.

لەنێو ئاژەڵەکاندا، ئەوەی لە هەموویان زیاتر تۆقیبوو، مەیموونەکە بوو، مەیموونە بچکۆلانەکە. شەپۆلی تەقینەوەکە قەفەسەکەی ئەوی هەڵگێڕابۆوە و لەو ڕەفەیەی لەسەری دانرابوو، کەوتبووە خوارەوە. بەو هۆیەوە لایەکی قەفەسەکە شکابوو، مەیمونەکەمان ڕاستەوخۆ لە قەفەسەکەوە کەوتبووە سەر پیادەڕێی باخچەکە.

لەگەڵ ئەوەی مەیموونەکە کەوتبووە سەر پیادەڕێی باخچەکە، بەڵام وەک ئەو کەسانەی خوویان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە گرتەوە لەوێ پاڵنەکەوت، بەڵکو دەمودەست بە درەختێکدا هەڵگەڕا. لەوێوە بازیدایە سەر پەرژینی باخچەکە، لە پەرژینەکەوە بۆ سەر شەقامەکە و دواتر وەک سەرگەردانێک هەڵهات.

مەیمونەکە ڕادەکات و ئۆو نەخێر، بیر دەکاتەوە ئەی ئەگەر  ئێرەش بۆمباران بکەن، ئەوا من هیچ ناخوازم لێرە بمێنمەوە. کە واشی لێهات، هەتا هێزی تیابوو کەوتە ڕاکردن. ئەوەندە خێرا ڕادەکات، وەک ئەوەی سەگ پاژنەی پێی بگرێت.

مەیمونەکە هەموو شارەکەی بە ڕاکردن تەی کرد. بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە سەر ڕێگای خێرای ئۆتۆمبێل. بەدرێژایی ئەم ڕێگایە ڕادەکات و شارەکە جێدە‌هێڵێت. بەڵام، مەیمون مرۆڤ نییە و تێناگات مەسەلە چییە و چی لە دەوری دەگوزەرێت. هیچ واتایەک بۆ مانەوەی لەو شارەدا نابینێت.

ڕایکرد، ڕایکرد و ماندوو بوو. شەکەت و بڕستی لێ بڕابوو. سەرکەوتە سەر درەختێک و بۆ ئەوەی هێزی بێتەوەبەر، مێشێک و دوو کرمی خوارد و لەسەر ئەو لقەدارەی دانیشتبوو، خەوی لێ کەوت.

لەو کاتەدا، ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی بە ڕێگاکەدا تێپەڕی. شۆفێرەکەی لەناکاو مەیمونێکی لەسەر درەختێک بینی، پێی سەیر بوو. بەهێمنی لێی نزیک بوویەوە، بە پاڵتۆکەی دایپۆشی و خستییە ئۆتۆمبیلەکەیەوە. شۆفێرەکە بیری کردەوە : (باشترە بیکەمە دیاری بۆ یەکێک لە ناسیاوەکانم، وەک لەوەی لێرە لە برسێتی، سەرما و ناڕەحەتییەکانی دیکەدا  لەناوبچێت). هەربۆیە لەگەڵ مەیموونەکەدا ڕۆیشتن.

شۆفێرەکە گەیشتە شاری باریسۆڤ و ڕۆیشت بەلای ئیش و کارە فەرمییەکانی خۆیەوە و مەیموونەکەی لە ئۆتۆمبیلەکەدا جێهێشت و پێی گوت:

– لێرە چاوەڕێم بکە ئازیزم، ئێستا دەگەڕێمەوە.

بەڵام مەیموونەکەمان چاوەڕێی نەکرد، لە پەنجەرە شکاوەکەی ئۆتۆمبیلەکەوە هاتە دەرەوە و ڕۆیشت بۆ پیاسەکردن بە شەقامەکاندا.

مەیموونەکەمان ڕێدەکات و وەکو ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، بە شەقامەکەدا پیاسە دەکات، دەگەڕێت و کلکی بەرز کردۆتەوە. خەڵک بێگومان سەریان سوڕماوە و دەیانەوێت بیگرن. بەڵام گرتنی ئەوەندە ئاسان نییە. چالاک و لەش سووکە. بەخێرایی لەسەر چوار پێی ڕادەکات. هەربۆیە خەڵکەکە نەیانتوانی بیگرن و ڕاکردن بەدوای مەیموونەکەدا بێهوودە بوو، تەنیا ماندووبوونیان بۆ مایەوە.

مەیموونەکە هێزی لێبڕاوە و ماندووە. بێگومان حەز دەکات شتێک بخوات.

جا لەو شارە، لە کوێ دەتوانێت شتێک بخوات. لە دەرەوە هیچی وای لێ نییە بۆ خواردن بشێت. بەو کلکەشەوە ناتوانێت خۆی بکات بە کافتریا یان بە فرۆشگای هەرەوەزیی دا[1]. سەرەڕای ئەوەش، پارەی پێ نییە. داشکاندن نەکراوە و کارتی (کۆبۆن)ی خۆراکیشی نییە. چی کابووسێکە.

هەرچۆنێک بێت، چووە ناو یەکێک لەو فرۆشگا هەروەزییانەوە. هەستی کرد لەوێ شتێک هەیە بۆ خواردن دەست بدات. لەوێ سەوزە لە خەیار، گێزەر و شێلمیان بە دانیشتوان دەفرۆشت.

بازیدایە ناو فرۆشگاکە و بینی سەرەیەکی درێژ وەستاوە. بەڵام، نەخێر، ئەو لە ڕیزەکەدا نەوەستا و پاڵی بە خەڵکەوە نەنا بۆ ئەوەی بگاتە لای ئەو مێزەی شتەکانی لەسەر دانراوە، بەڵکو ڕاستەوڕاست، بە بان سەری کڕیارەکاندا خۆی گەیاندە لای ژنە فرۆشیارەکە. بازی دایە سەر مێزەکە و بەبێ ئەوەی بپرسێت کیلۆیەک گێزەر بە چەندە، گورزەیەک گێزەری هەڵگرت. وەک باسی دەکەن ئاوا بووە. مەیموونەکە بە کڕینەکە دڵخۆش بوو و لە فرۆشگاکە دەرچوو. بەڵام، تێناگات چی دەگوزەرێت و هیچ هۆکارێک نابینێت بۆئەوەی بێ خواردن بمێنێتەوە.

بێگومان لە فرۆشگاکەدا قڕەقڕ و پشێوی دروست بوو. خەڵکەکە هاواریان کرد. ئەو ژنە فرۆشیارەی شێلمی لەسەر مێزەکە دانابوو، ئەوەندە واقوڕمابوو، وەخت بوو لە هۆش خۆی بچێت. لە ڕاستیدا حەقی بوو بترسێت، کاتێك لەبری کڕیارێکی ئاسایی، شتێکی کوڵکن بە کلکێکەوە لە تەنیشتییەوە ئەم مێز و ئەو مێز دەکات. جگە لەوە، پارەش نادات. خەڵکەکە دوای مەیموونەکە کەوتن بۆ دەرەوە، ئەویش ڕادەکات و گێزەر دەجوێت، دەیخوات و تێناگات چی دەگوزەرێت.

لەپێش هەموویانەوە، کوڕانی هەرزەکار ڕادەکەن، لە پشتیانەوە گەورەکان. لە دواوە پۆلیسێک ڕادەکات و فیکە لێ دەدات.

لەپڕ، لە شوێنێکی نادیارەوە سەگێک پەیدابوو، ئەویش بەدوای مەیموونەکەماندا ڕایکرد. ئەم سەگە بێ ئابڕووە، نەک هەر دەگەڤێت و دەوەڕێت، بەڵکو هەوڵدەدات بە ددانەکانی مەیموونەکەمان بگرێت.

مەیموونەکەمان خێراتر غار دەدات. ڕادەکات و ڕەنگە بیر لەوە بکاتەوە: (ئای، نەدەبوو باخچەی ئاژەڵان جێبهێڵم. لە قەفەسەکەدا هەناسەدان ئاسانترە. بەدڵنیاییەوە یەک دەرفەت بێتەپێشەوە، بۆ باخچەی ئاژەڵان دەگەڕێمەوە).

هەربۆیە ئەوەندەی هێزی تیابێت خێرا ڕادەکات، بەڵام سەگەکە بەدواوەیەتی و خەریکە دەیگرێت.

دواتر مەیموونەکەمان، بەسەر پەرژینێکدا بازدەدات، کاتێک سەگەکە خۆی بۆ هەڵدەدات، تا لانیکەم قاچی مەیمونەکە بگرێت، مەیموونەکە بە هەموو هێزی خۆیەوە گێزەرێک بە لووتیدا دەدات. لێدانەکە ئەوەندە بەهێز بوو، سەگەکە هاواری لێ هەستا و بە لووتی شکاوەوە هەڵهات بۆ ماڵێ. ڕەنگە سەگەکە بیری لەوە کردبێتەوە: (نا، خەڵکینە، باشترە لە ماڵەوە بە ئاسوودەیی پاڵبکەوم وەک لەوەی مەیمونێکتان بۆ بگرم و ڕووبەڕووی ئەم شتە ناخۆشانە ببمەوە).

لە کورتی بیبڕینەوە، سەگەکە ڕایکرد و مەیموونەکەمان بازیدایە ناو حەوشەکە.

لەو کاتەدا، لە حەوشەکەدا، کوڕێکی هەرزەکار- ئەلیۆشا پاپۆڤ خەریکی دار وردکردن بوو.

ئەلیۆشا کاتێک خەریکی دار وردکردن بوو، کتوپڕ مەیموونێکی بینی. لە ڕاستیدا ئەو مەیموونی زۆر خۆش دەویست. بەدرێژایی ژیانی. خەونی بەوە بینییوە مەیموونێکی ئاوای هەبێت. لەناکاو، ئەوە مەیموون.

ئەلیۆشا چاکەتەکەی داکەند و دای بە سەر مەیموونەکەدا، کە لە گۆشەیەکدا لەسەر پلیکانەکان خۆی شاردبوویەوە.

کوڕەی هەرزەکار، مەیموونەکەی هێنایەوە بۆ ماڵەوە. نان و چای پێدا. مەیمونەکەش بەمە زۆر قایل بوو، بەڵام بە تەواوی دڵخۆش نەبوو، چونکە داپیرەی ئەلیۆشا، ڕقی لێی بوو، و دەستەبەجێ مابەینیان تێکچوو. هاوارێکی بەسەر مەیموونەکدا کرد و تەنانەت ویستی چەپۆکێک بە دەستیدا بکێشێت، هەموو ئەمەش لەبەرئەوەی کاتێک چایان دەخواردەوە، داپیرەی ئەلیۆشا، ئەو پارچە چکلێتەی بەشێکی لێ خواردبوو، دەخاتە سەر ژێرپیاڵەیەک، مەیمونەکەش چکلێتەکەی داپیرە دەڕفێنێت و دەیخاتە دەمیەوە. بەڵام، ئەوە مەیموونە، خۆ مرۆڤ نییە. مرۆڤ بوایە، ئاوا بەبەرچاوی داپیرەوە شتەکەی نەدەبرد. بەڵام، ئەو ڕاست لەبەردەمیدا ئەو کارەی کرد و ئەوەندەی نەمابوو داپیرەی ئەلیۆشا بخاتە گریان.

– داپیرە گوتی: بەڕاستی ئەمە زۆر ناخۆشە، کاتێک ماکاکێک (مەیموونێک) بە کلکەوە لە ئەپارتمانێکدا دەژیت. بە ڕووخساری نامرۆڤانەی دەمترسێنێت. لە تاریکیدا باز دەداتە بان سەرم و چکلێتەکانم دەخوات. بەتوندی ڕەتیدەکەمەوە لەگەڵ مەیموونێک لە ئەپارتمانێکدا بژیم.  دەبێت یەکێکمان، لە باخچەی ئاژەڵان بژیت. هەر بەڕاست، دەبێت من بگوازمەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان؟ نەخێر، لێگەڕێ، باشترە ئەو لەوێ بێت و منیش لە ئەپارتمانەکەی خۆم درێژە بە ژیان دەدەم.

ئەلیۆشا بە داپیرەی گوت:

– نا داپیرە، پێویست ناکات بچیتە باخچەی ئاژەڵان، من گەرەنتی ئەوە دەدەم کە مەیموونەکە هیچی دیکەی تۆ نەخوات. وەکو مرۆڤ پەروەردەی دەکەم، فێری دەکەم بە کەوچک نان بخوات، لە کوپدا چا بخواتەوە. سەبارەت بە بازدانەکانی، ئەوا ناتوانم ڕێگری لێ بکەم لە هەڵگەڕان بەو گڵۆپەی بە بنمیچەکەوە هەڵواسراوە و بێگومان لەوێشەوە ڕەنگە خۆی هەڵبداتە بان سەری تۆ. ئەوەی گرنگە، ئەگەر ئەمە ڕوویدا تۆ مەترسە. ئاخر ئەمە تەنیا مەیموونێکی بێ زیانە و بە بازدان و ئەمبەر و ئەوبەر لە ئەفەریقا ڕاهاتووە.

ڕۆژی دواتر، ئەلیۆشا چوو بۆ قوتابخانە. داوای لە داپیرەی کرد ئاگای لە مەیموونەکە بێت. بەڵام، داپیرەی، ئاگای لێی نەبوو. بیری کردەوە (هەر ئەمە مابوو، چاودێری ئەم دێو و درنجە بکەم). لەگەڵ ئەم بیرکردنەوانە، داپیرە بە ئەنقەست لەسەر کورسیەکە خەوی لێ کەوت.

پاشان، مەیموونەکەمان لە پەنجەرە کراوەکەوە چووە دەرەوە. بەو بەرەی شەقامەکەدا ڕۆیشت کە خۆر لێی دەدا. ڕوون نییە کە ئایا تەنها حەزی کردووە پیاسەیەک بکات، یان ڕەنگە بڕیاری دابێت دیسانەوە تەماشایەکی فرۆشگاکە بکات و شتێک بۆ خۆی هەڵبگرێت، بێگومان بە پارە نا، هەر ئاوا..

لەو کاتەدا، پیرە پیاوێک- گاڤریلیچی کەمئەندام، بە شەقامەکەدا تێدەپەڕی، دەچوو بۆ حەمام. سەبەتەیەکی بچووکی بەدەستەوە بوو، پێشۆر (سابوون) و جلی ژێرەوەی تێدابوو.

پیرەپیاو، مەیموونەکەی بینی و سەرەتا تەنانەت باوەڕی بە چاوەکانی نەکرد کە ئەوە مەیموونە. پێی وابوو، خەیاڵی کردووە، چونکە پێشتر پەرداخێک بیرەی هەڵدابوو.

بە سەرسامییەوە سەیری مەیموونەکە دەکات و ئەویش سەیری پیرەپیاوەکە دەکات. مەیمونەکە ڕەنگە بیربکاتەوە (ئەم داهۆڵە چییە بە سەبەتەکەی دەستییەوە؟).

ئاخرییەکەی، گاڤریلیچ  بۆی دەرکەوت کە ئەمە مەیموونێکی ڕاستەقینەیە، نەک خەیاڵیی. پاشان بیری کردەوە و گوتی: ( بابزانم نایگرم، بەیانی دەیبەمە بازاڕ و بە ١٠٠ ڕۆبڵ دەیفرۆشم. بە پارەکەی دە پەرداخ بیرە لەسەر یەک فڕ دەکەم). بەم بیرکردنەوانەوە، دەستی بە گرتنی مەیموونەکە کرد و گوتی:

– پش، پش ، پش… وەرە بۆ ئێرە.

نا، ئەو دەیزانی کە ئەمە پشیلە نییە و هاوکات نەیدەزانی بە چی زمانیك گفتوگۆی لەگەڵ بکات. تەنیا دواتر درکی بەوە کرد، ئەمە بوونەوەرێکی باڵای جیهانی ئاژەڵانە. ئەوکاتە کڵۆ شەکرێکی لە گیرفانی دەرهێنا و پیشانی مەیمونەکەی دا، بۆی کەوتە سەرئەژنۆ و  پێی گوت:

– مەیموونی جوانکیلە، حەز ناکەیت پارچەیەک شەکر بخۆیت؟

مەیمونەکە دەڵێت: (تکایە، حەز دەکەم). لە ڕاستیدا ئەو هیچی نەگوتووە، چونکە نازانێت قسە بکات. تەنیا هاتە لای گاڤریلیچ ، کڵۆ شەکرەکەی گرت و دەستی بە خواردنی کرد.

گاڤریلیچ، بە دەستەکانی هەڵیگرت و لە سەبەتەکەیدا داینا. ناو سەبەتەکە گەرم و گوڕ و خۆش بوو. مەیموونەکەمان لەوێ بازی نەدا و نەهاتە دەرەوە. لەوانەیە بیری لەوە کردبێتەوە ( با ئەم کەڵتەکۆنە لە سەبەتەکەیدا هەڵمبگرێت، تەنانەت سەرنجڕاکێشیشە).

سەرەتا گاڤریلیچ بیری لەوە کردەوە کە بیباتە ماڵەوە، بەڵام دواتر نەیویست بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ مەیموونەکەدا چوون بۆ گەرماو. گاڤریلیچ بیری کردەوە (باشتر، لەگەڵ ئەو دەچم بۆ گەرماو، لەوێ دەیشۆم، پاک و جوان دەبێت و قردێلەیەکیش لە ملی دەبەستم. بۆ ئەوەش، لە بازاڕ پارەیەکی زیاترم دەدەنێ)

بەو شێوەیە، لەگەڵ مەیموونەکە هاتن بۆ گەرماو، و بەیەکەوە دەستیان بەخۆشووشتن کرد.

گەرماوەکە، زۆر گەرم بوو، گەرم هەر وەک ئەفەریقا. مەیموونەکەمان بە کەشێکی ئاوا گەرم زۆر قایل و دڵخۆش بوو، بەڵام هێشتا بە تەواوی نا، چونکە گاڤریلیچ بە سابوون شۆردی و کەفی سابوونەکە پەڕییە دەمییەوە. بێگومان تامی ناخۆش بوو، بەڵام ئەوەندەش نا هەتا هاوار بکات و چڕنووک بگرێت یان ڕەتیبکاتەوە خۆی بشوات. بە گشتی مەیموونەکەمان دەستی کرد بە تفکردنەوەی کەفەکە، بەڵام ئەمجارەیان کەفی سابوونەکە چووە چاوییەوە، بەهۆی ئەمەوە بە تەواوی عەقڵی لەدەستدا ، قەپی لە پەنجەی گاڤریلیچ گرت، خۆی لە دەستی دەرباز کرد و وەک شێت لە گەرماوەکە بازی دایە دەرەوە.

مەیمونەکە خۆی کرد بەو ژوورەدا، کە خەڵکی جلەکانیان لێ دەگۆڕی و لەوێ هەمووانی ترساند. کەس نەیدەزانی ئەمە مەیموونە. بینیان شتێکی سپی بە  کەف داپۆشراو بەو ناوەدا ئەمبەر و ئەوبەر دەکات. سەرەتا چووە سەر قەنەفەکە، دواتر بۆ سەر ئاگردانەکە. لە ئاگرادنەکەوە بۆ سەر سندوقێک، لەوێوە بۆ بان سەری کەسێک، دیسانەوە بۆ سەر ئاگردانەکە.

هەندێک لە سەردانکەرانی گەرماوەکە توڕەبوون و هاواریان کرد و گەرماوەکەیان جێهێشت. مەیموونەکەشمان ڕایکرد و بە پلیکانەکاندا هاتە خوارەوە.

لەوێ، لە خوارەوە پەنجەرەی بلیتفرۆشتن هەبوو، مەیموونەکە بازیدایە ناو ئەم پەنجەرەیە و پێی وابوو لەوێ ئارامتر دەبێت و دوور دەبێت لە ژاوەژاو و جەنجاڵی. بەڵام، ژنە کاشێرێکی قەڵەو لەوێ دانیشتبوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە دەنگی بەرز قیژاندی و لە بلیتخانەکە ڕایکردە دەرەوە و هاواری کرد:

– پاسەوان! وادیارە بۆمبێک بەر بلیتخانەکەم کەوتووە. هەندێک (ڤالێریان)[2]م بەرێ.

مەیموونەکەمان لەم هەموو هاوارکردنە بێزار ببوو. لە بلیتخانەکەوە بازێکی دا و بە شەقامەکەدا ڕایکرد.

بەو شێوەیە بە لەشی تەڕ و کەفاوییەوە بە شەقامەکەدا ڕایدەکرد. دیسانەوە خەڵکیش بەدوایدا ڕادەکەن. لەپێش هەموویانەوە، کوڕانی هەرزەکار ڕادەکەن، لە پشتیانەوە گەورەکان و لە دوای ئەوان پۆلیسێک و لە دوای پۆلیسەکە، گاڤریلیچی بەساڵاچوو، کە جلەکانی بە تەواوی لەبەر نەکردبوو، و پێڵاوەکانی بەدەستەوە بوو.

جارێکی دیکە، سەگێك لە شوێنێکی نادیارەوە پەیدابوو. هەمان ئەو سەگەی دوێنی مەیمونەکەی ڕاو دەنا.

مەیموونەکەمان بە بینینی سەگەکە، بیری کردەوە (باشە، خەڵکینە، ئێستا من یەکجاری تیادەچم). بەڵام، سەگەکە ئەم جارە بەدوایدا ڕاینەکرد. سەگەکە تەنیا تەماشای مەیموونە ڕاکردووەکەی دەکرد و هەستی بە ئازارێکی توند لە لووتیدا کرد و ڕاینەکرد، تەنانەت ڕووی وەرگێڕا. ڕەنگە بیری کردبێتەوە (لووتی زیادەم هەڵنەگرتووە (نییە) تا دیسان بە دوای مەیمووناندا ڕابکەم). سەگەکە هەرچەندە ڕووی وەرگێڕابوو، بەڵام بە توڕەییەوە دەگەڤی و دەیگووت، ڕابکە، وا هەست بکە من لێرەم.

لەم کاتەدا، کوڕەکەمان- ئەلیۆشا پاپۆڤ لە قوتابخانە گەڕایەوە و مەیموونە خۆشەویستەکەی لە ماڵەوە نەدۆزییەوە. زۆر دڵتەنگ بوو، تەنانەت فرمێسک لە چاوی هات. پێی وابوو، جارێکی دیکە مەیموونە ئازیز و خۆشەویستەکەی نابینێتەوە.

ئەلیۆشا لە وەڕەسی و دڵتوندی خۆی لە ماڵ چووە دەرەوە. دڵپڕ و خەفەتبار بە شەقامەکەدا ڕێ دەکات، لەپڕتاو دەبینێت خەڵک ڕادەکەن. سەرەتا، پێی وانەبوو کە بەدوای مەیموونەکەی ئەودا ڕادەکەن، وایزانی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە هەڵدێن. بەڵام مەیموونەکەی خۆی بینی، هەموو گیانی تەڕ و کەفاوییە. خۆی گەیاندە لای و بە دەستەکانی هەڵیگرت و لە خۆی نزیک کردەوە، بۆ ئەوەی نەیدا بە کەس.

ئیتر هەموو ئەو کەسانەی ڕایاندەکرد، وەستان و دەوری کوڕەکەیان دا.

لێرەدا، لەناو قەرەباڵغی خەڵکەکەوە گاڤریلیچی پەککەوتوو قوتبوویەوە و پەنجە گازلێگیراوەکەی پیشانی هەمووان دا و گوتی:

– خەڵکینە، ڕێگە بەم کوڕە مەدەن مەیموونەکەم هەڵبگرێت، سبەی بەنیازم لە بازاڕ بیفرۆشم. ئەمە مەیموونی خۆمە و قەپی لە پەنجەم گرتووە. وەرن سەیری پەنجە ئاوساوەکام بکەن. ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە من ڕاستی دەڵێم.

– ئەلیۆشا پاپۆڤ گوتی:

نەخێر، ئەوە مەیموونی ئەو نییە، هی منە. دەبینین چەند بە خۆشحاڵییەوە هاتە باوەشم. ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە من ڕاستی دەڵێم.

لەنێو ئاپۆڕای خەڵکەکەوە، کەسێکی دیکەش پەیدا دەبێت، هەمان ئەو شۆفێرەی کە مەیموونەکەی بە ئۆتۆمبیلەکەی هێنا بۆ شار و دەڵێت:

نەخێر، ئەمە مەیموونی ئێوە نییە. هی منە، چونکە من هێنام بۆ شار. بەڵام، من دەگەڕێمەوە بۆ خزمەتی سەربازیی، مەیموونەکە دەبەخشم بەو کەسەی کە وا بەخۆشەویستییەوە لە باوەشی گرتووە، نەک بەو کەسەی دەیەوێت بێبەزەییانە لە بازاڕ، بۆ خاتری چەند پەرداخە بیرەیەک، بیفرۆشێت. مەیموونەکە هی کوڕەکەیە.

دوای ئەو قسانە، هەموو ئامادەبووان چەپڵەیان لێدا و ئەلیۆشا پاپۆڤیش لە خۆشیاندا دەدرەوەشایەوە و ئەوەندی تر مەیموونەکەی لە ئامێزگرت و بە ڕێز و شکۆوە بردیەوە بۆ ماڵەوە.

گاڤریلیچ بە پەنجە گازلێگیراوەکەیەوە، ڕۆێشت بۆ گەرماوەکە تا خۆشووشتنەکەی تەواو بکات.

لەو کاتەوە مەیموونەکە لای ئەلیۆشا پاپۆڤ دەژیت و ئێستاش هەر لای ئەوە. بەو نزیکانە، چوومە شاری باریسۆڤ و بە مەبەست سەرێکم لە ئەلیۆشا دا، هەتا بزانم مەیموونەکە حاڵی چۆنە لای ئەو. ئۆ، مەیموونەکە باش دەژیت. بۆ هیچ شوێنێک ڕاناکات. زۆر گوێڕایەڵ بووە. بە دەستەسڕ لووتی دەسڕێت. چکلێتی کەس نابات. داپیرە زۆر لێی ڕازییە و لێی توڕە نابێت و نایەوێت مەیموونەکە بگەڕێتەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان. کاتێک چوومە ژوورەکەی ئەلیۆشا، مەیموونەکە لەپشت مێزەکەوە، وەک کاشێرێک لە سینەما، جیددی دانیشتبوو. بە کەوچکی چا، شۆربای برنجی دەخوارد.

ئەلیۆشا پێی گوتم:

– مەیموونەکەم وەکو مرۆڤ پەروەردە کردووە. ئێستا هەموو منداڵان و تەنانەت هەندێک لە گەورەکانیش دەتوانن وەکوو نموونە چاوی لێ بکەن.

[1]  لە سەردەمی سۆڤێت بەو فرۆشگایانە دەگوترا کە بە نرخێکی کەم کاڵایان دەفرۆشت و خەڵک دەبوونە ئەندام لەو فرۆشگایانە و کارتی تایبەت بە خۆیان هەبوو. و.

  [2]  دەرمانی ئارامکەرەوە.و.

وێنەی وەرگێڕی بابەت: