مەترسییەک کە لە بەردەمماندا دەمی کردووەتەوە

مەترسییەک کە لە بەردەمماندا دەمی کردووەتەوە

خوێندنەوەی کتێبی “لێوار: دیوە شاراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا”

خوێندنەوەی: سەردەم

لە سەر بەگەکەی، وێنەی سێ ستوونی کارگەیەک بەرچاوە، لە دوو ستوونیاندا دووکەڵ یان تۆز و خۆڵی بەردهاڕین، بە چڕی و پڕاوپڕی لوولەکە ستوونییەکان دێنە دەرەوە و بە هەوادا بڵاو دەبنەوە، ئەمە دیمەنێکی سادەی ئەم سەدەیەیە، سەدەی بیست و یەک. بێگومان ئەم دیمەنە مێژوویەکی دێرینی هەیە، دەرکەوتنەکەی ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە سەرەتاکانی هاتنی پیشەسازی و کارگە گەورەکان و بە شێوەیەکی گشتییش دنیای نوێی سەرمایەداری. دیزاینی ئەم بەرگە بەو دەلالەتانەوە کە هەڵگری وەها وێنەیەکن، ترسناکە، هەر لە سەر بەرگەکەوە پێماندەگوترێت کە ئێمە لە بەردەم مەترسییەکداین، مەترسییەک کە لە مێژە زاری کردووەتەوە و بە کەڵبە و ددانە تیژەکانی خەریکە قەپاڵمان لێدەگرێت، دەتوانین هەر لێرەوە، لە دەرگای ئەوەڵی کتێبی “لێوار: دیوە شاراوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا”وە بچینە ناو ئەو پانتایی ناوەرۆکەوە، کە بەش بەش و دێڕ بە دێڕ توێژەر هەڵگۆزتەی کردوون.

سەرەتایەک

ئەم کتێبە لە نووسینی توێژەر و چالاکەوانی بواری ژینگە: خالید سلێمانە، ئەم توێژەرە ساڵانێکە بە نووسین و کردار لە بواری ژینگەدا چالاکی دەنوێنێت، ئەم کتێبەش دەکرێت وەک بەشێک لەو چالاکییانە بخوێنرێتەوە و دابنرێت. کتێبەکە بە شێوازێکی سادە و ڕەوان بابەتێکی ئەمڕۆیی و جددی دەخاتە ڕوو، کۆی کتێبەکە لە ٢١٥ لاپەڕەی قەبارە بچووکدا پێشکەش کراوە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هەندێ لایەنی ئەم کتێبە بخەینە بەرچاو، بە هیواین دەروازەیەک بە سەر بەشەکانی نێو کتێبەکەدا واڵا بکەین.

زمان

وەک گوترا، لەم کتێبەدا نووسەر هەوڵی داوە بە زمانێکی ڕوون خۆی بەیان بکات و ئایدیاکانی بخاتە بەردەست خوێنەرەکەی، بە شێوەیەکی پانۆرامایی زانیارییەکانی ڕیزبەندی دەکات، میتۆدی ئەم کتێبە متیۆدێکی نە تەواو زانستی، نە تەواویش تاکەکەسییە، بەڵکو لە سەر هەردوو ڕاستەهێڵەکە بیرۆکەکانی خۆی دەچنێت. توێژەر لە نێوان مێژووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە سەر گۆی زەوی لە تەواوی جیهاندا تا دەگات بە ئەمڕۆ، لە ڕێی خستنەڕووی چەندان بەڵگە و داتا و وەسفی وردی هەندێک جار پەخشانئامێزی ئەدەبییەوە پێشکەش دەکات، هەر لە سەرەتاشەوە، لە بەشێکدا، کە دەکرێت پێشەکی یان دەروازە بێت، بەم ناونیشانە: “ئەم کتێبە بۆ؟”، بە ڕوونی نیاز و مەبەستی ئەم کتێبە دەدرکێنێت. پاشتر بەشەکان بەرەودوای یەک: “با لە بێستانسوورەوە دەست پێبکەین، ژانگرتن بە ‘ئەنترۆپۆسین’ەوە، سروشت لە چاوی مێیینەی بەرزەکەوە، بۆماوە قورسەکانی کۆلۆنیالیزم، لەناوچوونی شەشەم لە گوندەکەی مندا، لەناوچوونی شەشەم ڕاستییە یان خەیاڵ؟، لە تاریکیی بۆمبی ئەتۆمیدا، بە دەم ژماردنی ئەستێرەکانی کاکێشانەوە دەخەوتم، گەمەی کۆتایی جیهان، کچە لاسارەکەی زەریای هێمن، کۆڕەوی ئاو، حەوزی ناوەڕاست وەک گیرفانی بچووک، کوردستان لە پاڵ حەوزێکی گەرمدا، دەرزییەکی سەرمایەداری بۆ بەرگەهەوا”، ئەو بەشانەن کە تەواوی کتێبی لێوار پێک دەهێنن لە زمانێکی پوختەکراودا.

ناوەرۆکی ئەم کتێبە

دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە سەرچەشنە لە کتێبخانەی کوردیدا، ئەویش لەو ڕووەوە کە شێوەی ئەم کتێبە تا هەنووکە یان نییە، یان ئەوەندە کەمە لە ئاستی نەبووندایە. کتێبەکە بە شێوەیەکی پوخت لە کێشەی کەشوهەوا و گۆڕانکارییەکان لە دنیادا دەدوێت، هەوڵ دەدات سەرچاوەی ئەو مەترسییانە دەستنیشان بکات کە بوونەتە هۆی ئەم گۆڕانکارییە ترسناکە، کە خەریکە بە دەستی خۆمان زەوی زیندەبەچاڵ دەکەین و ڕووناکیی ژیان دەکوژێنینەوە. توێژەر لە کنەوپشکینەکانی بۆ گەیشتن بە تێکچوونی ژینگە و کەشوهەوای جیهان، چەندان سەرچاوە و توێژینەوەی زانستی و یادەوەریی کۆیی و تاکەکەسی هەڵدەداتەوە، بە وردی ئەوە دەردەخات کە بۆچی ئێمە لە ئێستادا کەوتووینەتە بەردەم مەترسی و خەرەندی کۆتایی جیهان. کتێبەکە ئەگەرچی لە بازنەی بابەتێکی پسپۆڕانەدا هەڵدەسووڕێت، بەڵام شێوازی نووسینەکەی بە جۆرێکە، دەتوانێت ڕووی لە هەمووان بێت، چونکە ئەمە کتێبێکە بۆ هەموو کەس، بۆ هەموو تاکێک کە لە سەر ئەم زەوییە دەژی، بە تایبەت بۆ ئاخێوەرانی کتێبەکە، کە کوردن و کەمترین زانیاریی دروست و ڕاستیان سەبارەت بەو گۆڕانکارییە گەورانە هەیە لە بەرگەهەوا و چینەکانی دەوری زەوی و ئاسمان و دەریا و زەریا و هەموو ئاژەڵ و باڵندەکانی دەوروبەرماندا ڕوو دەدات.

لە نێوان یادەوەری و زانستدا

توێژەر، خالید سلێمان لەم کتێبەدا، لە چەند جێدا بۆ یادەوەریی منداڵیی خۆی و گوندەکەی دەگەڕێتەوە، هەوڵ دەدات لەو ڕێیەوە دەرچەیەک بۆ چوونە نێو بابەتەکەی بکاتەوە. با پێکەوە ئەم چەند دێڕە بخوێنینەوە: “لە شەوە تاریکەکانی هاویندا، لە سەربانی ماڵەکەمان، بەردەوام ئەستێرەم دەژمارد. ئەمە یەکێک بوو لە وانە سەرەتاییەکانی ماتماتیک لە ژیانمدا. ئەوە یەکەم گەشتم بوو بە ناو ئاسماندا کە حەز دەکەم ناوی لێبنێم پاڵتۆکەی زەوی. سەرەڕای ئەوەی ئەستێرەکان لە تاریکیی شەودا دەدرەوشانەوە و سەرسووڕهێنەر بوون، ژماردنەکە لە بن نەدەهات و قورس بوو. هەموو جارێک خەیاڵم لە نێو ئەستێرە پەرشوبڵاوەکاندا دەڕۆیشت، ئیتر بیرم دەچووەوە چەند ئەستێرەم ژماردووە. دەگەڕامەوە سەر ژماردن و ئەستێرە دوای ئەستێرەم دەخستە ناو زەمبیلی خەیاڵی منداڵیمەوە. بەو شێوەیە، لە تاریکیی شەوانی هاویندا، کە ئێمە لە سەربانی خانووە قوڕەکانمان دەخەوتین، لە سەر ڕێگەی کاکێشان و بە دەم ژماردنی ئەستێرەوە خەوم لێدەکەوت.”

گێڕانەوە و نووسینەوەی ئەم یادەوەرییە، کە زیادتر لە شیعر و خەیاڵێکی پەتیی داهێنەرانەوە نزیکە، لێرەدا تەنها بۆ خوشی و چێژێک نییە، بەڵکو بە مەبەستە و توێژەر لە گوزەری ئەم یادەوەرییەوە، دیارنەمان و ونبوونی هەمیشەیی ئەستیرەکان لە ئاسماندا، لە ئێستادا، بە هۆی تێکچوون و پیسبوونی ژینگە و هەواوە، گرێ دەدات. بۆیە لە درێژەی ئەو بەشەدا ئەم دێڕانە دەنووسێت: “ئەمێستا چەند دەیەیەک لەو پەیوەندییە دوورین کە لەگەڵ هەسارەکانی ڕێڕەوی کاکێشاندا کۆی دەکردینەوە. لە کاتێکدا بیری ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕە دەکەم، بیریش لەوە دەکەمەوە کە ئاخۆ مرۆڤ تا کۆتایی توانای ژماردنی ئەستێرەکانی دەبێت، ئاخۆ دەکرێت دراوسێکانی زەوی لە بەرچاو ون بن و نەمێنن؟”

لە شوێنێکی تردا، دیسان بە گەڕانەوە بۆ یادەوەریی منداڵیی لە گوندی “کانی بامێ” لە گەرمیان، باسی باوکی و خۆی و خوشکێکی دەکات، چیرۆکەکە زۆر غەرەزدارە، زۆریش بە وردی لە ژێی ئەو کەمانە دەدات کە توێژەر مەبەستیەتی، لەو دێیەدا کە باوکی سەرقاڵی کشتوکاڵە، نیوەڕوان خۆی و خوشکەکەی خواردنیان بۆ باوکیان بردووە، لە جارێک لەو جارانەدا بەچکە لەقلەقێک دەگرن و دایکەکەی، بە ئاسمان و نزمییەوە، دوایان دەکەوێت، تا دەگەنە باوکی و باوکی هەر زوو تێدەگات کە چ باسە، بە چەند قسەی سادە باسی پەیوەندیی باڵندە و مرۆڤیان بۆ دەکات، دواتر سوودەکانی باڵندە لە سروشتدا و بەردەوامیی هەر چەشنێک لە چەشنەکان بۆ زیندووڕاگرتنی ژینگە و سروشت و دەوروبەر. ئەمە بە سەرێک وانەیەکە و بە سەرێکی تر توێژەر باس لە لەناوچوون و تێدابردنی سەدان چەشن و جۆری باڵندە و ئاژەڵ و درەخت دەکات، بەمەش ئێمە دەبینە شایەتحاڵ بە سەر “لەناوچوونی شەشەم”ەوە لە سەر گۆی زەوی.

ئەو داتایانەی دەمانتۆقێنن

خالید سلێمان بە درێژایی ئەم کتێبە، سەدان داتا بە سەرچاوە و ساڵ و لیژنەی هاوبەشی پسپۆڕان لە تەواوی دنیادا دێنێتەوە، ئەم داتایانە دەری دەخەن کە ئێمە لە سەر زەوی، ڕۆژ بە ڕۆژ لە مەترسیی لەناوچوون و فەوتانداین، سەرەتاش لە زیندەرەوانی دەوروبەرمانەوە لە چەندان سەدە پێشترەوە دەستی پێکردووە و ئێستا گوژمی ئەو لەناوچوونە زۆر خێراتر و بەلێشاوتر بووە. هۆکاری ئەم تێکچوونە گەردوونییە، لە زۆر شوێندا و بە خاڵ دەخاتە پێشچاو.

هەڕەشەی نەمانی جۆرەکان چین؟

یەکەم: تێکدانی لانەی گیانداران لە دەرئەنجامی کشتوکاڵ و لەناوبردنی دەوەن و دارستانە سروشتییەکان.

دووەم: زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی گیانداران وەک بازرگانی و ڕاووشکار و… هتد.

سێیەم: پیسبوون لە دەرئەنجامی سووتاندنی وزەی ژێر زەوی (نەوت، گاز و خەڵووز)، بەکارهێنانی پلاستیک و کەرەستەی کیمیایی وەک نایترۆجین و هۆکاری تر.

چوارەم: بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ژیانی کێوییانە و ئاویدا.

پێنجەم: دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی جۆری داگیرکەر و مشەخۆر، کە هەڕەشە لە کۆمەڵگەی جۆرە ڕەسەنەکان دەکەن. وەک بڵاوبوونەوەی جۆرێک لە قارچکی ژەهراوی، کە لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای ئەم سەدەیەدا بوو بە هۆی نەمانی جۆری بۆقی ئاڵتوونی لە ئەمریکاری باشووردا.

شەشەم: گۆڕانی کەشوهەوا: ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زریان، کەمبوونەوەی ئاو و خۆراک، توانەوەی ڕووبارە بەستووەکانی جەمسەرەکان، کە لانەی جۆرە جەمسەرییەکان تێک دەدات. هەروەها زیانەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا لە سیستەمی ژینگەیی دوورگە زەریاییەکاندا، ئەو زیانانەش لەولاوە بگرە کە دەگاتە مەرجانەکان.

یەکێک لەو بەشانەی کە زۆر سەرنجڕاکێشە، بەستنەوەی کۆلۆنیالیزمە بە تێکچوونی کەشوهەوا و فەوتانی چەشن و گەرمبوونی گۆی زەوی و نەمانی سەدان جۆر لە ئاژەڵی ئاوەکی و وشکایی، بێگومان سەرمایەداری لە بەرگی پیشەسازیدا، هۆکار و یارمەتیدەرێکی تری ئەم شێواندنە بووە و هەیە، ئەوەش کە گرنگە ئەوەیە، توێژەر کوردستان لەم تێکچوونە گەردوونییە هەمەگیرەدا ڕادەگرێ و ئەو مەترسییانەی کە هەن، لە نموونەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و… دەخوێنێتەوە.

ئەم کتێبە؛ لێوار، لەو کتێبانەیە کە سەرەتایەکی ئاگایانە لەمەڕ ژینگە و سروشت و تێکچوونی زەوی و بەرگەهەوا و دەیان بابەتی پێکپەیوەست بەو بوارەوە پێشنیار دەکات، وادەکات وشیارانە مامەڵە بکەین، بیر لەو مەترسی و تەنگەژانە بکەینەوە کە ئابڵوقەیان داوین، لە سەر زەوی و لە ئاسمان، لە دارستان و بیابان و چەقی شارەکان، لە گوند و شاخ و دۆڵەکان، لە کۆچ و ڕەوی هەمیشەیی سەدان جۆر باڵندە و ئاژەڵ و ڕووەک، پێتدەڵێت: هەموو پێکهاتەکان لە گۆڕانێکی خراپدان بەرەو خراپتر! ئەم کتێبە، لە پێناو سەلامەتیی زەوی و خودی ژیاندا، پێویستە بخوێنرێتەوە.