جوان؛ هێندەی ئەڤینی کیژانی گوند

خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کۆمەڵەچیرۆکی “لەگەڵ باراندا ببارێ” هەڵبژاردەیەکی چەند چیرۆکێکی هاوچەرخی فارسییە، وەرگێڕی بە سەلیقە و پەیڤشیرین، خالید فاتیحی ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کردوونی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە لە هەشت چیرۆک پێک هاتووە، بەم ناوانە: “مانگا: غولامحسێن ساعیدی، لەگەڵ باران ببارێ: ئەمین فەقیری، ئابی و ئەوینەکەی: ئەمین فەقیری، منداڵی خەڵک: جەلال ئەل ئەحمەد، شەوی بێ سپێدە: عەلی ساڵحی، ئەو بەفرە، ئەو بەفرە نەفرەتییە: جەمال میرسادقی، پیاوە ئێسکە پەیکەرەکە: مەهدی ڕەزایی، دەروازە: ئەبوتورابی خوسرەوی”. ئەم چیرۆکانە نموونەی مشتن لە خەرواری چیرۆکی نوێی فارسی، کە تێیدا هەریەک لەو چیرۆکنووسانە نوێنەرایەتیی بەشێک لەو دەنگانەی چیرۆکی فارسی دەکەن کە لەمڕۆدا دەنووسن. هەڵبژاردنی چیرۆکەکان دەرخەری سەلیقەی وەرگێڕن و ئەگەرچی کەشوهەوا و ئاستی هونەرییان چونیەک نییە، بەڵام دەتوانرێت کۆمەڵێک لایەنی هاوبەشیشیان تێدا بدۆزرێتەوە، کە ڕەنگە زەقترین و بەرچاوترینیان سادەیی بێت لە گێڕانەوە و گرێچندا، کە ڕەنگە هاوبەشێتیی ئەم خاڵە بۆ ڕوودانی شوێنی چیرۆکەکان بگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی گوند و دیمەنی ڕەنگاوڕەنگی ناو سروشتە. پێچەوانەی بەشێکی زۆر لەو چیرۆکانەی لەمڕۆدا و بە ناوی چیرۆکی نوێی فارسییەوە دەنووسرێن، کە تێیاندا ئاڵۆزیی و ناڕوونییەک بەرجەستە دەکرێتەوە و خوێنەر تووشی مەلەل و سەرلێتێکچوون دەبێت، بنەماکەشی بۆ ئەو نوختەیە دەگەڕێتەوە کە ئەو نووسەرانە بڕوایان بە وەها شێوازێک لە گێڕانەوە هەبێت و پێیان وابێت کە دەبێت چیرۆکی نوێ هەر بەو جۆرە ئاڵۆز و ناڕوونییە بنووسرێت، لە کاتێکدا ئەگەر ئاڵۆزییەکیش هەبێت دەبێت خودی بابەتەکە وەها پێویستییەک دروست بکات، نەک ئەوەی کە چیرۆکنووس بۆ خۆی ئەو ئاڵۆزییە بسازێنێت، کە دواجار ئاڵۆزییەکە دەستهەڵبەت و تەنیاوتەنیا لەپێناو ئاڵۆزیدایە و هیچ زیادەیەک بە داهێنان لە کایەی چیرۆکدا ناکات. هەڵبژاردەی ئەم چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان، لە ئاستی ناوەڕۆکدا سادە و ڕەوانن، ئەم سادەیی و ڕەوانییە ڕاستەوخۆ تێهەڵکێشی گێڕانەوە و ئاستە هونەرییەکانی تریش بووە و هەر بەو سادەیی و ڕەوانییەش دەگەنە خوێنەر و چێژێکی تایبەت دەبەخشن بە بەردەنگ. بێگومان گواستنەوەی ئەم دۆخە لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕ دەگەڕێتەوە و خودی فاتیحی لەو ڕووەوە سەرکەوتووانە ئەم گوڵبژێرەی، وەک چەپکێک گوڵی بۆنخۆش پێشکەش بە چیرۆکخوێنانی کورد کردووە.

لەو بڕوایەوە، کە نووسەری ئەمەریکی توبیاس وۆڵف پێی وایە هەر چیرۆکێک دنیایەکی سەربەخۆی خۆی هەیە و گشتبێژیی سەبارەت ئەدەبیات قسەی پووچەڵە، چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” هەڵدەبژێرین و هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو چیرۆکە هەندێک ئایدیا بچنینەوە.

چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” لە نووسینی ئەمین فەقیرییە، کە یەکێکە لە چیرۆکنووسە دیارەکانی فارس، ئەم چیرۆکە تێمایەکی سادەی هەیە و لە گوندێکدا ڕوو دەدات، تێیدا چیرۆکی ئەوینی ژنێک و مامۆستای گوندەکە دەگێڕێتەوە، چیرۆکەکە بە تراژیدیا و نەهامەتی کۆتایی دێت، خەمێک لە دڵی خوێنەردا بەجێ دەهێڵیت، بەڵام کرۆکی ئەم باسە دەبێت گەڕان بێت بە شوێن ئەو ئەفسوونەدا کە: چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە سادەیە بەو گێڕانەوە خۆشڕەوتە، ئەوەندە دڵنشین و جوان بێت؟

بەر لە هەر شت، دەبێت ئاماژە بەو پێشکەشکردنە بدەین کە چیرۆکنووس نووسیویەتی: “بۆ: سوهراب سپێهری”، بێگومان “پێشکەشکردن” لە ڕەخنەی نوێدا جێی خۆی هەیە و ڕەخنەگر دەبێت هەڵوەستەی لە بەرانبەردا بکات، ناوی سوهراب سپێهری شاعیر و نیگارکێش لەو چیرۆکەدا، یان پێشکەشکردنی چیرۆکەکە بەو، بێ هۆ نییە و چیرۆکنووسیش هەر لەخۆڕا ئەو کارەی نەکردووە، بۆ کەسێک کە ئاشنای دنیای شیعریی سوهراب بێت کردنەوەی ئەو گرێیە پاش خوێندنەوەی چیرۆکی “ئابی و ئەوینەکەی” کارێکی هێندە زەحمەت نییە؛ سوهراب سپێهری لە شیعرەکانیدا، بێگومان لە نیگارەکانیشیدا، بەردەوام گەڕاوەتەوە سەر ژینگە و سروشتێکی پاک و بێگەرد، کە تێکەڵ بە تاڵە ناسکەکانی ڕۆح و دەروونی خۆیی کردوون و لە فەزایەکی عیرفانیدا پێشکەشی کردووین، دنیای سوهراب سپێهری دنیایەکی بێخەوش و پاکژە، دنیای جوانییە لە بیرکراوەکانە، گەڕانەوەیەکی بەردەوامە بۆ سروشت و جوانیی ڕامنەکراو و نەشێوێنراو، بێگومان گوند و ناو دڵی سروشت و دەوروبەری گوند کانگای ئەو دنیایە شیعرییەی سوهرابن، کە لەوێدا هەڵگۆزتەی جوانییەکان دەکات و بە هەمان خەمڵیوی، دەیانکات بە وێنە و نیگاری شیعری. چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییش لەو ژینگەیەدا دەڕسکێت، ڕێک لەناو ئەو جوانییە بێگەردەدا ڕووداوەکانی دەچنێت، هەر دەڵێیت پێبەپێی سوهراب و دنیا تایبەتەکەی دەچێتە پێشەوە و ئەگەر سوهراب بە شیعر ئەو دنیایەی نەخشاند، ئەوا ئەمین بە چیرۆک سەرلەنوێ ئەو ژینگەیە نیشانگر دەکات و ئەڤینێک تێکەڵ بەو فەزا گوندییە و لە دڵی سروشتێکی هەراودا، پێشکەشمان دەکاتەوە. وێنەی “ئابی”، کە ژنی نێو چیرۆکەکەی ئەمین فەقیرییە و کارەکتەری سەرەکی چیرۆکەکەیەتی، بە سانایی دەتوانین لە شیعرەکانی سوهراب سپێهریدا بیدۆزینەوە، جارێک لە وێنەی خۆشەویستدا، جارێک لە وێنەی دایکدا، جارێک لە وێنەی خوشکدا و جارێک لە وێنەی ژنێکی نەناسراودا دەردەکەوێت و نیگای شاعیرانەی سوهراب بەرەو خۆی وەردەچەرخێنێت. کەوایە بێ هۆ نییە پێشکەشکردنەکە.

چیرۆکەکە بە قاوێک دەست پێ دەکات، کە مەحموود (فەڕاشی قوتابخانە) لە دایکی بیستووە: ئابی حەزی لە مامۆستایە و نێوانیان هەیە. مامۆستا ئاگای لەم باسە نییە، نەک هەر ئەوە، تا ئێستا ئابی نەدیتووە. ئێواران کە وەک خووی هەمیشەیی دەچێتە گەڕان و بە دێدا دەسووڕێتەوە، ڕێی دەکەوێتە کانی و گوێی لە گفتوگۆی ژنێک دەبێت لەگەڵ ژنێکی تر کە لە کانییەوە دەچنەوە: “ئابی، مامۆستا!” ئابی ئاوڕ دەداتەوە، یەک دەبینین؛ نیگایەک و سڵاوێک. خەندەیەکی قووڵ لە ڕووخساردا، “بەژنوباڵا جوانەکەی، کەزییەکانی کە بە پێنج لۆ هۆندبوونەوە، کە دەگەیشتنە سەر پشتێنی.” ئەوە یەکەم بینینە. کێ دەتوانێت عاشقی ئەو جوانییە نەبێت! بەڵام ڕێگەی ئەوین هەمیشە پڕ هەڵەت و نەگەیشتنە، ئابی ژنە و منداڵێکی هەیە و مێردێکیش، وێڕای ئەوەی دۆخی داراییان دا‌غانە و بە کورتی خێزانێکی قەیرانلێدراون.

وەسفی جوانییەکانی چیرۆکنووس بۆ ئابی لەگەڵ وەسفی سروشتی گوندەکە بەردەوام تێهەڵکێش دەبن و ڕەنگ و جوانی لە یەکتر وەردەگرن، خوێنەر لەو نێوانەدا بە وردی هەست بەو ڕایەڵە پتەوەی نێوان جوانیی سروشت و ژن لە چیرۆکەکەدا دەکات، دوو جوانی لە ترۆپکدا، دوو جوانی دوور لە دنیای ژاوەژاوی شار. بەڵام ژیانی گوندیش زەحمەتی خۆی هەیە و ڕەنجێک کە ڕەنگە لەم دوورەوە، لە شارەوە، ئێمە نەیبینین، هەر ئەو سروشتەی کە ڕەنگە بۆ ئێمە خواست و ویست بێت و وەک ئیلهامێک لێی بڕوانین، بۆ گوندنشینێک ڕەنجە و لە بەیانیڕا تاکو سپێدەی داهاتوو ململانێی لەگەڵ دەکات و ڕەنگە لە زۆرینەی جارانیشدا شکست بخوات. ماڵەکان لەبەر زۆری کار، داوا لە مامۆستا دەکەن دەوامی منداڵەکانیان بۆ بکاتە یەک تاق، مامۆستا بەو جۆرە دەکات. مامۆستا کاتی زیاتری هەیە، لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەیەوە تەماشای ئاوایی دەکات، تەماشای خەڵک و ئابی.

مێردی ئابی (نازلی) دەگەڕێتەوە، بە کەینوبەینی ئابی و مامۆستا دەزانێت، هەڵدەکوتێتە سەر مامۆستا و پارەی لێ دەسەنێت، هەڕەشەی لێ دەکات، دیارە کە پیاوێکی بەدخوو و خوێڕییە، دەزانێت کە ئابی هاتووە بۆ لای مامۆستا، بۆ قوتابخانەکە، بەڵام وەک ناتوانێت ڕێگری بکات لەو ئەڤینەی کە ڕێوشوێنی خۆی گرتووە، لەو ئەڤینەی کە ترس ناناسێ و لە دڵدا جێگیرە.

لە ئاواییەکەی ئابیدا دووبەریی هەیە، شەڕێکی دێرین، کە ڕەگی داکوتاوە و هەنووکە بووەتە دۆژمنایەتی و هۆکارەکەشی لەسەر ئاوە. چیرۆکەکە لەگەڵ هەڵکشانی ئەوینی نێوان مامۆستا و ئابی، ئەو دووبەرەکییەش نەدیو ناگرێ و لە جێیەکدا، کە دەبێتە خاڵی ڕوودان لە چیرۆکەکەدا، ئەو دوو بەرەیە پێکدا هەڵدەپژێن و ئەوەی کە ڕوو دەدات ڕوو دەدات و سەری ئابی بە قووڵایی چاڵ دەبێت و دەقڵیشێت، مامۆستا شەوەکەی دەچێت بۆ لای، نازلی دەڵێت: “ئێستا ئابی مرد! بۆ تۆیش وا باشترە بچی بە منداڵەکانی خەڵک ڕابگەی.” بەڵام ڕاست ناکات، بەیانی کە خوشکی ئابی دێتە قوتابخانە ڕاستییەکە دەڵێت: “نا مامۆستا، نازلی درۆی کرد، سەرلەبەیانی مرد.”

ڕەنگە بەو جۆرە درامییە کە ئەم خوێندنەوەیەمان هێناوە، ئێرە جێی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بێت کە چییە وای کردووە ئەم چیرۆکە هێندە جوان و دڵنشین بێت؟ وەڵامەکە بچووک و ئاسانە، ئەو ڕاستگۆییە سادەیەی نێو دڵی ئابی، ئەڤینە پاکژەکەی، ئەو خەمە قووڵەی کە لە بزەیدا شاردوویەتییەوە، سەرزیندووێتی ئەم چیرۆکەن، ئەم چیرۆکە جوانە وەک هەموو کیژانی گوند، وەک ئەڤینی ڕازداری کیژانی گوند.

تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی دیکە لە کتێبە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە بواری توێژینەوەی فەلسەفیدا، بریتییە لە کتێبی (تیۆرەکانی کولتوور لە سەدەی بیستەمدا) ڕووناکبیر و بیرمەندی گەورەی عەرەب (د. حسێن بەشیرییە) نووسیویەتی و لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیر و وەرگێر (د. مەنسوور تەیفوری) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە کۆمەلێک وتار و هەر یەک لە وتارەکان چەند ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە: تیۆرییە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری، گرامشی و تیۆری هێژمۆنیی کولتووری، ڕێبازی لویس و بەئەمەریکیبوونی کولتوور، کولتووری جەماوەری لای ئۆرتیگا یی گاسێت، بنەماکانی بیری پاشبونیادگەری و پاشمۆدێرنیزم، ژان بۆ دیار و تیۆری کولتووری پاشمۆدێرن، ڕەخنەی فێمێنیستیی کولتوور و میدیاکانی کولتووری جەماوەری و چەندنین ناونیشانی دیکە.

هەر وەک خودی دکتۆر حسێن بەشیرییە لە پێشەکیی کتێبەکەدا خستوویەتیە ڕوو، بابەتی سەرەکیی توێژینەوەکەی، لێکدانەوەی ئەو تیۆرانەی کولتووری جەماوەری مۆدێرنە کە لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان گرتووە، پانتایی توێژینەوەکەیان بەشێکی بچووکی بواری بەربڵاوی خوێندەوەی کولتووری  پێک دێنێ، کە بابەتەکەی خوێندنەوەی کولتوورە وەک کۆمەڵەیەکی ڕێکخراوی نۆرم، بەها و ڕێسا، خەڵک، کەم تا زۆر هۆشیارانە، یان ناهۆشیارانە، بەپێی وەها کۆمەڵەیەک دەژین: لە مانایەکی بەربڵاوتردا، کولتوور سەرجەم بەرهەم و بەرهەمهێنانی مرۆییە بەرامبەر پرۆسە و بەرهەمهێنانی سروشت، ئەگەر پەرە بەم واتایەش بدەین، سرووشتیش دەبێتە بەشێک لە کولتوور، چونکە سرووشت وەک چەمک، تێگەیشتنێکی مرۆیی و دەرهەستە و هەر بۆیەش وەک دیاردە کولتوورییەکانی دیکە، مێژوومەندە.

دکتۆر مەنسوور تەیفوری، لە پێشەکییەکی چڕ و پڕ لە زانیاریدا سەبارەت بە کولتوور، پێی وایە ئەوەی کە کولتوور فرەڕەهەندە پێناسەیەکی یەکە و تەنانەت گشتییش نییە کە هەموو ڕەهەندەکانی دیاری بکات، هیچ کە تەعبیرە لە هەوڵێک بۆ دابەزاندنی کۆمەڵێک شتی لێکجودا و مێژوویی و ناچونییەک لە دڵی چەمکێکی تایبەتدا: کە خۆی هەمان عەزرەتی ڕاڤە و کورتکردنەوەی جیهان و مێژووی بۆ زیهنی مرۆیی تێکەڵە و ئەمەش بە ناچاری دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتمەندیی دەرهەستی چەمکی کولتوور وەک هەموو چەمکێکی دیکە، تەعبیریشە لەوەی کە کولتوور شتێکی ئەزموونکردە و تووند بە ئەزموونی تاک و کۆمەڵگەکانەوە گرێ دراوە، واتە ئەوە تاک و کۆمەڵگەکانن کە ئەزموونی خۆیان بۆ جیهان لە شێوەی چەمکی کولتووردا چڕ دەکەنەوە، کەواتە کولتوور ئەزموونکردنە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکدا بە ناوی (تیۆرە مارکسیستییەکانی کولتوور و کولتووری جەماوەری) ئەوە خراوەتە ڕوو کە بنەڕەتەکانی بیروڕای مارکسیزم سەبارەت بە کولتوور بە گشتی، دەبێ بڵێین تێگەیشتنی مارکسیزم بۆ کولتووری مۆدێرن و جەماوەری، بەپێی یان لە چوارچێوەی ئایدۆلپۆژیادا شێوەگیر دەبێ و چەممکی ئایدۆلۆژیا لەگەڵ چەمکە سەرەکییەکانی دیکەی بیری مارکسیستیدا پەیوەستە: لە ڕوانگەی مارکسیستیدا، بە گشتی کولتووری جەماوەری بیچمێکی یەکێکە لە شێوەکانی سەرخان، هەر بۆیە بۆ تێگەیشتن لە کولتووری جەماوەری، پێویستە بەرهەمی کولتووری لە بەستێنی زەمەنیی خۆیدا و بەپێی هەلومەرجی مێژوویی بەرهەمی کولتووری بخوێنرێتەوە.

دکتۆر حسێن بەشیرییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەندێ خوێندنەوەی مارکسیستی ئەم دواییانە هەوڵیان بۆ ڕوونکردنەوەی کولتووری جەماوەریی مۆدێرن وەک بەرهەمی دەسەڵاتی چینی زاڵ، بە تایبەت دەسەڵاتی ئەو چینە بەسەر میدیای کۆییدا داوە، لەم ڕوانگەیەشەوە میدیای کۆیی مۆدێرن، کە هەڵگری سەرەکیی کولتووری جەماوەرییە، دەورێکی گرنگ لە شەرعیکردنەوەی نایەکسانیی هێز و ساماندا دەگێڕن و ئەم نایەکسانییە لای چینەکانی خوارتر وەک شتێکی سروشتی دەنوێننەوە.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (تیۆرە پارێزگارانەکانی کۆمەڵگە و کولتووری جەماوەری، دکتۆر حسێن باس لەوە دەکات ک لە سەدەی بیستەمدا، بڵاوبوونەوەی کولتووری جەماوەری مۆدێرن لە ڕێگەی میدیای گشتییەوە، دژکردەوەی جۆراوجۆری بەرامبەر نوێنراوە، بە زۆری گرووپی زاڵ و ڕۆشنبیرانی ئەو گرووپانە حەز دەکەن لە ڕوانگەی هەڵوێست و بەهای زاڵەکانەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی پانتایی کولتوور بکەن: گەلێ نووسەر، لە هۆرکهایمەرەوە تا فرۆم و ئاڕنێت، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی جەماوەریی مۆدێرنیان بۆ هەندێک خاڵ کورت کردووەتەوە.

لە هەمان بابەتدا توێژەر باس لەوە دەکات کە بە ڕای هەندێک نووسەرانی پارێزگار، کولتووری جەماوەری تەنها لە کۆمەڵگەی جەماوەریدا دروست دەبێت و پەرە دەگرێ، بە ڕای ئەوان دیموکراسی بە هۆی هاوشێوەکردن و تەخت و ترازکردنەوەی ئیمتیازی کۆمەڵایەتی، دەورێکی گەورەی لە دروستبوونی کۆمەڵگەی جەماوەرییدا هەبووە: دیموکراسی بەها و کولتووری هەموو گرووپ و چینێک بە هاوسەنگ دەزانێ و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی هاوشێوەکردنی بیر و ویستی زۆربە و مل بە حوکمی بیر و چەشەی زۆرینەی ژمارەیی خەڵک دەدات، بەم پێیە، دیموکراسی دەورێکی گەورە لە بەجەماوەریکردنی کۆمەڵگە و کولتووری نوێدا دەگێڕێت.

بە بۆچوونی دکتۆر حسێن بەشیرییە، وەک لەم کتێبەدا دەردەکەوێت، هەندێ نووسەر پێوەری چەندێتی بەکار دێنن و ئەو بەرهەمانە سەر بە کولتووری جەماوەری دەزانن کە جێی حەز، یان کەڵکی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بن: هەندێکی دیکە گرنگیی بە چییەتی کۆمەڵایەتی بەرخۆران و کەڵکبەرانی ئەو بەرهەمانە دەدەن و چینی خوارەوە بە بەرخۆری سەرەکیی کولتووری جەماوەری دەزانن، لەم ڕوانگەیەدا، کولتووری جەماوەری لە بواری ئاڵۆزیی ناوەکی، بەهای ئەخلاقی، چۆنێتی ڕەخنەگرانە، کەڵکداری، چۆنێتی جوانیناسانە و توانای ڕاکێشانی جەماوەردا، جیاوازیی ئاشکرای لە کولتووری بەرز هەیە.

بەپێی تێڕوانین و بۆچوونەکان، زاراوەی کولتوور چەندین پێناسەی جیاوازی هەیە، بەڵام بەگشتی پێناسەکان جەخت لەسەر هەمان شت دەکەنەوە. کولتوور ئەدگار، تایبەتمەندی و زانینی گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە (بۆ نموونە کورد) کە بە ڕێی زمان، هزر، ئایین، خواردن، ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، موزیک و هونەرەوە پێناسە کراون. ئەمانە پشکدار و هاوبەشن لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە و گرووپێک خەڵکی دیاریکراو، بە ڕێی فێربوونەوە دەگوازرێنەوە و یارمەتی شێوەدان بە بیروباوەڕەکان و ڕەفتارەکان دەدەن.

یەکێک لە پێناسە یەکەمییەکانی کولتوور ساڵی ١٨٧١ لە لایەن ئێدوارد تایلۆرەوە کراوە: ”کولتوور، یان شارستانییەتی، سەرجەمێکی ئاڵۆزە، پێک دێ لە: زانین، باوەڕ، هونەر، یاسا، مۆڕاڵ، داب و نەریت. هەروەها هەر توانست و ڕەفتارێکی دیکە کە لە لایەن مرۆڤەوە، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگە بەدەستهێنرابێ”. پێناسەیەکی دیکەی نوێتری کولتوور بریتییە لە ”ئایدیا، هزر، بەها و دەرککردنە هاوبەشەکان. هەروەها گواستنەوەی کۆمەڵایەتیانەی ئەو ئایدیایانەی کۆمەڵگەیە کە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموون و دیارهێنانی ڕەفتار و پەرچاندنیان لەنێو ئەو ڕەفتارانەدا بەکاردێن”.

واتا کولتوور سەرجەمی چالاکییە هزری و ڕەفتارییەکانی نەتەوەیەک، یان گرووپێک خەڵکی دیاریکراوە لە سەردەمێکدا. لە هزر، زمان، زانین (زانیار_مەعریفە) [وێژە، هونەر، زانست و فەلسەفە]، داب و نەریت، بەهای کۆمەڵایەتی، ڕەوشت، کەلەپوور، باوەڕ، ئایین و شێوەی ژیان پێک دێ.

سەرجەم کولتوورەکان گەرەکە پێویستی و ئاتاجە فیزیکی، سۆزەکی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەندامەکانیان دابین بکەن، هەروەها ئەندامە نوێیەکان بە کولتوور بکەن، هاڤڕکێ و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن و گەشە بە توانستی مانەوەی ئەندامەکانیان بدەن. کولتوور شتێکی هەمەکی و گەردوونییە لە نێوان سەرجەم گرووپەکانی مرۆڤ و تەنانەت لە نێوان هەندێ لە ئاژەڵانیشدا هەیە.

سەرەڕای ئەو جیاوازیانە، هێشتاش ئەندامانی ئەو کولتوورانە هاوبەشن لە کولتوورە گەورەکەدا. کولتوورەکان لەنێو زۆر لە سیستەمی دەوڵەتاندا هەن، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمانە فرەیین و پتر لە گرووپێکی ئێتنیکی یان کولتوورێک لەخۆدەگرن.

بە گشتی ئەم نووسینە کورتە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە گرنگە، بێگومان خوێنەری وشیار خۆی لە ساتی خوێندەوەیدا بەر زانیاری و چەمک و بابەتی گرنگ و گەورە دەکەوێت، ئەم کتێبە لە زۆر ڕووەوە گرنگە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی، چونکە لە لایەکەوە دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندی فیکری و مەعریفیمان بۆ ڕەهەندە جیاوازەکانی کولتوور، لە لایەکی دیکەوە بەر کۆمەڵێک تێز و دید و دونیابینی جیاوازی فیکری و فەلسەفی دەکەوین کە بۆ بابەت و چەمکی کولتوور کراوە.

 

پیتەر بروک بە گیڕانەوەی دانا ڕەئووف

خستنەڕووی: “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”

 

خوێندنەوەی: بەختیار حەمەسوور

 

ناساندنی ئەزموونە گرنگ و بنچینەییەکانی بواری ئەدەبیات و هونەر، یەک لەو خاڵە جەوهەریانەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دنیای ئێمە، بە تایبەت لە بواری شانۆدا، کە ڕەنگە بەراورد بە ژانرەکانی دیکە، کێڵگەیەک بێت کەمتر کاری تێدا کرابێت، بە وەها کارێک دەتوانین دەروازەی بەرین بەسەر شانۆکاران و بینەران و سەرجەم ئەو کەسانەدا بکەینەوە کە خولیا و کەڵکەڵەی شانۆیان هەیە، بەوەش هەم تێکڕا ئاشنای ئەزموونە جیاوازەکان دەبین و هەمیش دەتوانین لە کارکردن و لێکدانەوەکانمدا بۆ دەق و نمایش، جێکەوتە ببن. بێگومان ئەمە کارێکە لە پلەی یەکەمدا دەکەوێتە سەر شانی ئەو نووسەرانەی لە بواری شانۆدا دەنووسن و ئاگاییەکی هەمەلایەنانەیان لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکانی هونەرمەندانی شانۆ هەیە، چ وەک دەرهێنانەکانیان، چ وەک ئەو نووسین و کتێبانەی کە لە بواری شانۆدا بوون بە سەرچاوە و تیۆری کارکردن. هونەرمەند و نووسەر دانا ڕەئووف ساڵانێکە بێوچان لەو بوارەدا کار دەکات، بە تایبەت لە ناساندنی ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان، لە نمایشە چەشناوچەشنەکانی شانۆ لە وڵاتە جیاوازەکان، بێ پشوودان خەریکە دەنووسێت و شانۆکاران و خوێنەرانی بواری شانۆ، بەو دنیا بەرینە ئاشنا دەکات. یەکێک لەو کتێبە زۆر گرنگانەی دانا ڕەئووف نووسیویەتی، کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا”یە، کە بە شێوەیەکی تر و لە ناوەوە، ئەم دێڕەش وەک ناونیشانی لاوەکی نووسراوە: “تێڕوانینیێک لە ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک لە ڕوانگەی چەمکی پانتایی بۆشەوە”. کتێبەکە لە قەبارەی ٣٦٥ لاپەڕەدا، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

کتێبەکە بە نامەیەکی پیتەر بروک بۆ دانا ڕەئووف دەست پێ دەکات، بەم چەند دێڕە:

پاریس

١٧/٩/٢٠٠٢

بەڕێز کاک دانا

من زۆر هەژام بۆ خەمخۆریی ئێوە لە سەرقاڵبوونتان بە کارەکانی منەوە، هیوادارم ئەو کارە شتێکی بەسوود بووبێت بۆ ئێوە، هەروەها تەماننا دەکەم کتێبەکەش لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت.

لەگەڵ سڵاوێکی دۆستانەدا

پیتەر بروک

 

مەبەست لەو نامە کورتە ئەوەیە کە دانا ڕەئووف بە ئاگاداری خودی نووسەر دەستی داوەتە نووسینی ئەم کتێبە، وەک لە ناوەڕۆک و کۆمەڵێک پەراوێزیشدا هاتووە، گفتوگۆی تایبەتی هەبووە لەگەڵ خۆی پیتەر بروک و خێزانەکەی پیتەر بروکدا و ئەوانیش ـ بە تایبەت هاوسەرەکەی ـ کۆمەڵێک سەرچاوە و تۆماری دەنگی و ڕەنگی خستووەتە بەردەست دانا ڕەئووف تاکو سوودیان لێ وەربگرێ و لە دووتوێی کتێبەکەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوود لەو سەرچاوانە وەرگیراوە، هەر ئەم کارە هەمەهەنگی و ئاگاییە بە جۆرێک کەوتووەتەوە کە کتێبێکی زیندوو و چێژبەخش بێتە بەرهەم، کە خوێنەرەوە لەگەڵ ڕەوتی هەڵدانەوە و بەرەوپێشبردنی پەڕەکاندا، ماندوو نەبێت و لێیەوە سوودمەند بێت.

پیتەر بروک (١٩٢٥ لەدایک بووە ـ ٢٠٢٢ لە پاریس کۆچی دوایی کردووە)، ئەم هونەرمەندە هەر لە تەمەنەنێکی کەمەوە خولیای شانۆ دەبێت و دەست دەکات بە کارکردن لەو بوارەدا. دانا ڕەئووف لەم کتێبەدا، ئەگەرچی ئەو لە سەرەتاوە سنوورەکەی کێشاوە و نووسیویەتی کە مەبەستیەتی پیتەر بروک لە ڕێگەی “چەمکی پانتایی بۆش”ەوە بخوێنێتەوە، بەڵام هەوڵی داوە لەو مەودایەدا، واتا لە نێوان لەدایکبوون تاکو مردنی، لەسەر وێستگە گرنگەکانی ژیانی بوەستێت و لەگەڵ ئەوەی بابەتێکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی گشتی دەربارەی ئەزموونی ئەم دەرهێنەرە پێشکەش دەکات، هاوکات دەتوانین بڵێین کتێبێکی شێوە بایۆگرافیاشە، کە تێیدا پیتەر بروکی نێو ژیانی ڕۆژانەش دەناسین.

“پانتایی بۆش” ناوی کتێبێکی گرنگی پیتەر بروکە و دەتوانین بڵێین کۆی فەلسەفە شانۆییەکەتی و چەشنە مانیفێستۆیەکە، بەو واتایەی کە هەر شوێنێک دەکرێت شوێنی نمایشی شانۆیی بێت، پیتەر بروک پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە “شوێنێکی بۆشم بدەرێ، شانۆیەکت دەدەمێ”، ئیدی ئەم شوێنە هیچ مەرج نییە ڕێکخراو و دیزاینکراو بێت، بەڵکو دەکرێت هۆڵێکی فەرامۆشکراو و نادیدە بێت، هەروەک ئەوەی بروک لە پاریس کردوویەتی، هۆڵێکی کۆنی پەڕپووتی دیتووەتەوە و بڕیاری داوە نمایشەکەی لەوێدا بکات بێ ئەوەی هیچ دەستکارییەکی ئەوتۆی بکات، تەنانەت کورسییەکان هێندە شەقوشڕ بوون، جلی چەند بینەریان دڕاندووە و دواتر پیتەر بروک زیانەکەی بۆ قەرەبوو کردوونەتەوە. بروک گرووپێکی نێونەتەوەیی هەبووە، کە پێکهاتوون لە کەسانی جیاواز، لە شار و وڵات و زمانی جوداوە، بەردەوام لە گەشتی شانۆییدا بوون و کۆی نمایشەکانیش هەمیشە لەو پانتاییە بۆشانەدا بوون، ئەمەش کارێکی کردووە لە ئایدیاکەی بروک تێبگەن و ئەو هەموو سەرکەوتنە بچننەوە پێکەوە. دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار، لەم کتێبەیدا، بە شێوەیەکی تایبەتی کار لەسەر هەمان چەمکی “پانتایی بۆش” دەکات و هەوڵ دەدات بمانباتە ناو ئەو پانتاییەوە، ئایدیای ڕوونی بروک سەبارەت بەو چەمکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر.

کتێبی “پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا” لە هەشت بەشی سەرەکی پێک هاتووە، بەم ناونیشانانە: “بەشی یەکەم: پیتەر بروک کێیە؟، بەشی دووەم: دەروازەیەک بۆ ڕەوتی شانۆی پیتەر بروک، بەشی سێیەم: هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەر شکسپیر، بەشی چوارەم: ئەنتۆنین ئارتۆ: قۆناغی شەستەکان و شانۆیەکی ئەزموونگەری، بەشی پێنجەم: مەڵبەندێک بۆ شانۆیەکی نێونەتەوەیی (بەرەو شانۆیەکی میتۆلۆژی)، بەشی شەشەم: پیتەر بروک و هونەری ئۆپێرا، بەشی حەوتەم: فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی کارکردن، بەشی هەشتەم: کۆتایی و بەرئەنجامە گشتییەکان”. لێرەدا جێی ئاماژە بۆ کردنە کە هەریەک لەم هەشت بەشە، چەندان وردەناونیشانی تریان لەژێردا کۆبووەتەوە، کە سەرجەمیان تەکمیلەی ناونیشانی بەشەکە دەکەن و بە هەموو بەش و وردەبەشەکانیش شوناس و پێگە و ئەزموونی پیتەر بروک دەنەخشێنن.

دانا ڕەئووف لە ناسین و ڕۆچوون بە قووڵایی ئەزموونی پیتەر بروکدا زمانێکی سادە و سانا بەکار دەهێنێت، خوێنەر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەڕۆکی کتێبەکەدا پردی پەیوەندی دروست دەکات و ئایدیا سەرەکییەکانی وەردەگرێت. بەشی یەکەم و دووەم وەک بنەمایەکی گشتین هەم بۆ ژیانی پیتەر بروک، هەم بۆ ئەزموونی کارکردنی لە شانۆشدا، بەو دوو بەشە خوێنەرەوە وێنایەکی دەربارەی ئەم نووسەر و دەرهێنەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت کە هەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ کەسێکی جیاواز ڕووبەڕووە، کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە خەونی گەورەی هەبووە و بە شوێن دەنگ و ڕەنگی خۆیدا گەڕاوە، دواتر و لە درێژەی ئەو گەشتەدا، سەرجەم ئەو جۆشش و کۆششانە دەبینینەوە کە پیتەر بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا داونی و بەر و بەرهەمەکەی، ئەو ئەزموونە ڕەنگاڵەیی و دەوڵەمەندەیە، کە بەشێکی بەچاو و گرنگی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو.

بەشی سێیەمی کتێبە تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک لەسەر دەقەکانی ولیام شکسپیر، ئەمە یەکێکە لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبە و دانا ڕەئووف هەوڵی داوە بە وردی ئەو چییەتیی و چۆنێتیی ئەو کارکردنەی بروک لەسەر دەقە شانۆییەکانی شکسپیر دەستنیشان بکات، ئەویش بە هێنانەوەی چەند دانە لەو نمایشانەی بروک لە ژیانی هونەری خۆیدا کردوونی و لێدوانی هەمەلایەن لە بارەیانەوە. ئاشکرایە بە ئێستاشەوە لە تەواوی دنیادا دەقەکانی شکسپیر بەردەوام ئامادە دەکرێنەوە و دەخرێنە سەر شانۆ، بێگومان هەر دەرهێنەرە و بە شێواز و جیهانبینیی خۆیەوە، وەک دانا ڕەئووف دەریخستووە، پیتەر بروک لە نمایشەکانیدا هەوڵی داوە شکسپیرێکی نوێ پێشکەش بکاتەوە، ئەویش بەوەی کە لە بنەتاوە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە دەقەکاندا کردووە و لەگەڵ گرفت و بابەتە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا گونجاندوونی، ئەوەشی لەو بڕوایەوە هێناوە کە بەڵێ، شکسپیر ئەو توانستەی هەیە بێتە ئەمڕۆوە و ئاماژەکانی لە چەند سەدەی پێشترەوە بۆ ئێستا بنێرێت، بەڵام بەو مەرجەی دەرهێنەر بتوانێت ئەو توانستە بناسێتەوە و لە بۆتەیەکی نوێدا دایبڕێژێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین شکسپیری بروک شکسپیرێکی ئەمڕۆییە و دەتوانێت لە ئێستادا هاوشانی ئێمە بدوێت و ببینێت.

بەشی چوارەم تایبەتە بە کارکردنی پیتەر بروک بە میتۆدی ئەنتۆنین ئارتۆ، کە بە میتۆدی توندوتیژی ناسراوە، لەم میتۆدەدا ئەوەی گرنگی هەیە جووڵەی جەستەیە و سڕینەوەی وشە و دیالۆگە لە ئەکتەر، جەستە و جووڵەکانی جەستە دەبنە چەق و دەرهێنەر تەرکیز و مامەڵە لەگەڵ جووڵەی جەستەدا دەکات، جووڵە دەبێت‌ بە زمان و پەیڤ، دانا ڕەئووف بە خستنەڕووی میتۆکەی ئارتۆ و چەند نموونە لە کارەکانی پیتەر بروک، کە سەر بەو میتۆدەن لە کارکردن، دەریدەخات کە چۆن بروک بە شوێنپێهەڵگرتنی ئارتۆ توانیویەتی دەروویەکی تر بەسەر ئەو تیۆرەدا بکاتەوە.

بەشی پێنجەم لە گرنگترین و سەرنجبزوینترین بەشەکانی کتێبەکەیە، دانا ڕەئووف لەم بەشەدا دیوە ڕۆژهەڵاتی و نێونەتەوەییەکەی پیتەر بروک بەسەر دەکاتەوە و دەریدەخات کە بروک لە میراتی نێونەتەوەیی چ بەرهەم و داهێنانێکی پێشکەش کردووە. پیتەر بروک لەو دەرهێنەرانەیە کە بەردەوام لە هەوڵی نوێگەریدا بووە، بە خۆیی و ستافەکەیەوە وڵاتەووڵات و شاربەشار گەڕاون و نمایشیان کردووە، هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و چوونەتە ئەفەریقا و ئەمەریکا، لە میراتی ئەدەبیاتی هیندستان، دەقێکی مێژوویی و کۆنینەی ئەو وڵاتەی کردووە بە شانۆ، ئەویش دەقی “مەهابەهارتا”یە، مامەڵەکردنی ئەم دەرهێنەرە لەگەڵ ئەم دەقەدا لەسەر ڕوانینێکی نوێیە بۆ ئەو دەقە کۆنە، کاتێک لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەورووپا و ڕۆژئاوا ئەم دەقە نمایش دەکات، بە شوێن ئەو ڕەگەدا دەگەڕێت کە دەتوانێت ببێت بە پردێک لە نێوان دوو شارستانی مەزنی وەک ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. ڕەنگە سەیرترن نمایشی پیتەر بروک ئەو نمایشەی بێت کە دەقەکەی لەسەر بنچینەی “منطق الطیر”ی فەرەیدەدین عەتار بێت، کە ئەو بە ناوی “کۆنفرانسی باڵندەکان” ئامادەی کردووە و پێشکەشی کردووە، بە هەرحاڵ، خوێنەرەوە بۆ خۆی دەتوانێت وردەکاری ئەو نمایشانە و دەنگدانەوەیان لە سەروەختی خۆیان و پاشتریشدا، لە کتێبەکەدا بخوێنێتەوە.

بەشی شەشەم تایبەتە بە مامەڵەکردنی پیتەر بروک لەگەڵ هونەری ئۆپێرادا، واتا ئەو هونەرە کلاسیکە چۆن و بە چ ئیمکانێک دەیخاتە دووتوێی نمایشەکانییەوە، لێرەشدا چەند تراژیدیا، لەوانە: “کارمن، دۆن جیۆڤانی، شمشاڵی ئەفسوونای” وەک نموونە وەردەگرێت و بە وردی تاوتوێیان دەکات.

بەشی حەوتەم بەشێکی تایبەتە، کە دەتوانین بڵێین چکاوەی کۆی ئەو ئەزموونە دوورودرێژەی پیتەر بروک دەردەخات کە پێی گەیشتووە، ئەویش فۆرمێکی ساکارە، ساکار بە قووڵاییەکی ناوازەوە، پیتەر بروک چڵاوچڵێکی بێوێنەی لە فۆرمدا کردووە، لە دوایین وێستگەی ئەزموونەکەیدا فۆرمێکی ساکار دەدۆزێتەوە و وەک خاڵێکی گەش کاری لەسەر دەکات، بێگومان گەیشتن بەو فۆرمە کارێکی سانا نییە، بەڵکو دنیابینییەکی بەرین لە پشتیەوە وەستاوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە لە “فۆرمێکی ساکار” قووڵاییەک بەرهەم بێت، کە هەم ڕوون بێت، هەمیش سادە و هاوکات ناوازە لە لایەنی هونەرییەوە.

کتێبی خستنەڕووی پانتایی بۆش و دەروازەیەک بۆ شانۆیەکی جودا وێڕای زانیاری چڕوپڕ لەسەر هونەرمەندێکی مەزنی وەک پیتەر بروک، دەتوانێت چێژێکی تایبەتیش بە خوێنەرەکەی بدات، هاوکات بە هەوڵی کەسێک ئاشنابێت کە لەپێناو خەونەکەیدا، هەموو سەختییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک لە دوابەش و “دواوتە”شدا دانا ڕەئووف نووسیویەتی: “هەر کەسێک لە بواری شانۆدا کار بکات، جا قوتابیی شانۆ، ئەکتەر، ڕیژیسۆر، یان ڕەخنەگر و لێکۆڵەرەوەی شانۆیی بێت، ناتوانێت بروک و ڕۆڵی بروک لە گەشەکردنی شانۆیی جیهانیدا فەرامۆش بکات. هەرچەندە ئەمڕۆ بروک بە هەمان وزە و هێزی شەستەکان، یان حەفتا و هەشتاکانەوە کار ناکات، بەڵام ئەوەی ئەو کردوویەتی، ئەوەی ئەو بۆ شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی جیهانی، بۆ دەستپێکی تری شانۆ و بۆ ڕۆڵی شانۆ بنیادی ناوە، بناغەیەکی پتەوە و کاریگەرییەکی بێئەندازەی بەسەر ڕەوتی شانۆوە هەیە. ئەو کاریگەرییە لە کارەکانماندا، لە تێڕوانینماندا بۆ شانۆ، لە نووسینەکانماندا، لە پێناسەکردنی شانۆ بۆشەکاندا، لە هەموو پڕۆسەی شانۆییدا دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێک زیاتر پێویستمان بە گرووپی نێونەتەوەیی و بەرجەستەکردنی شانۆی ڕۆژهەڵاتە لە شانۆی ڕۆژئاوادا، لە کولتووری ڕۆژئاوادا، لە سترکتووری دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا و بە پێچەوانەشەوە. بروک ئەم دەروازەیەی بۆ کردینەوە، زمانێکی گلوبالیزمی بۆ شانۆ خوڵقاند و شانۆی کردووەتە پێداویستییەکی ڕۆژانەی هەموو خەڵک.”   

سەبارەت بە دێڕی نێو نامەکان

خستنەڕووی: “نامەکان”

خوێندنەوەی: سەردەم

“نامەکان” کتێبێکی شاعیر جەمال شارباژێڕییە، کە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا و لە دووتوێی ٣٢٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک لایەنەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە و لەم خستنەڕووەدا هەوڵ دەدەین سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکە بەرچاوڕوونی بخەینە بەردەست خوێنەری ئازیز.

جەمال شارباژێڕی یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرەکانی کورد، لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و لەو کایەدا چەپکێک شیعری ناسک و کۆمەڵێک دیوانی جوان و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە. ئەم شاعیرە یەکێک بووە لە ئەندامانی گرووپی “ڕوانگە” و لەگەڵ هەریەک لە “شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، کاکەم بۆتانی و جەلالی میرزا کەریم” بەیاننامەی “ڕوانگە”یان ئیمزا کردووە و لە نوێکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت شیعری کوردیدا، ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. دیارە لێرەدا جێی ئەوە نییە جێگە و پێگەی “ڕوانگە” هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام لە کتێبی “نامەکان”ی جەمال شارباژێڕیدا، چەند جار ناوی “ڕوانگە” و هاوەڵەكانی هاتووە و ئەو چەند دێڕەش وەک یادێک بوو لەو پڕۆژە ئەدەبییەی ئەو کۆمەڵە نووسەرەی کورد.

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی سادە و ڕوون کتێبی “نامەکان” بناسێنین، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم کتێبە یادی کۆمەڵێک نووسەر و هاوڕێ و کەسی نزیکی جەمال شارباژێڕییە لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەنیدا، هەڵبەت کتێبەکە لەو ڕووبەرە بەرینترە و لەو سەرنج و تێبینینانەوە کە نووسەرەکەی دەربارەی هاوڕێکانی و ڕووداوەکان نووسیویەتی، دەتوانێت وێنایەکی گشتی لە هەندێ مەسەلەی گرنگیش بدات بە دەستەوە، بەوەش هەم دەتوانین ڕۆڵی ئەو کەسانە سەبارەت بە ڕووداوەکان بزانین، هەمیش نزیکی جەمال شارباژێڕی لەو کەسانە و خودی ڕووداوەکانەوە تاووتوێ بکەین.

لێرەدا هەوڵ دەدەین چەند بەشێک لە کتێبەکە وەربگرین، تاکو ڕوونتر ئایدیای سەرەکی “نامەکان” بخەینە بەرچاو. یەکێک لە کەسێتییە دیارانەی لەم کتێبەدا جەمال شارباژێڕی بەسەری کردووەتەوە، مامۆستا و کوردپەروەر و ڕۆشنبیر عەبدوڵڵا جەوهەرە، جەمال شارباژێڕی چەند دێڕێکی ناسک و تایبەت بە باڵای ئەم مامۆستایەدا دەبڕێت و بەم جۆرە دەنووسێت: “عەبدوڵڵا جەوهەر ڕۆشنبیرێکی هەستناسک و کوردپەروەر، لەسەرخۆ دەدوا و لە گفتوگۆکانیدا هەرگیز وشەی بێگانەی بەکار نەدەهێنا، بە کوردییەکی پەتی پوخت کە دەدوا لە گوێگرتن لێی، تێر نەدەبوویت. لە ناوەڕستی پەنجاکاندا بە هۆی مامۆستای هەرگیز لە یاد نەچووم فەرەیدوون عەلی ئەمینەوە ناسیم، کە ناوبراو لە خوێندنگەی سەرەتایی چوارتا لە پۆلی پێنج و شەشەمدا خوێندکارێکی لە ناخی هەستەوە گوێگری بووم، کە کوردی و مێژووی بۆ ئامادە دەکردین، هەستی کوردایەتی لە ناخماندا دەچاند، یەکێک لەو خوێندکارانەش کە پێکەوە بووین، بەڕێز فەتاح ئاغا بوو، کە لە دواڕۆژدا ئەو خەباتگێڕەی لێ دەرچوو، کە لەپێناوی کوردایەتیدا خۆی بە شەهیدکردن گەیاند، هەزار دروود بۆ گیانی فەتاح ئاغا و مامۆستا فەرەیدوونی نەمر و هەروەها عەبدوڵڵا جەوهەر عەبدوڵڵا جەوهەر کە دەستپێکی سەرەتای ئەم لێدوانەم بوو، لە سلێمانی، نزیک سەرا، سەرەتای شەقامی مەولەوی، کتێبخانەیەک هەبوو بە ناوی “گەلاوێژ”ەوە، ئەگەر نەڵێم پایتەخت، سەنتەری ڕووناکبیرانی سلێمانی بوو، بە نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانەوە… بەردەرگاکەی لەو هەڤاڵانە جمەی دەهات، هەر لە بەردەمی ئەو کتێبخانەیەدا مامۆستا فەرەیدوون بەڕێز عەبدوڵڵا جەوهەری پێناساندم. […] بیرمە شەوێکیان سێقۆڵی من و شێرکۆ بێکەس و لەتیف عەلی لە ماڵی کاک عەبدوڵڵا جەوهەر بەسەر برد، ئەو کاتە لە گەڕەکی عەقاری لە خانوویەکدا دەژیا، کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو شەرەفی ئەوەم پێبڕا کە بەرهەمەکانی منیش لە باوەش بگرێت، لە پاشدا ئەو کتێبخانەیەی پێشکەش بە نامەخانەی سلێمانی کرد.” ئەو بەشەمان بۆ ئەوە نووسییەوە تاکو شێوازی کتێبەکە بخەینە بەرباس، جەمال شارباژێڕی لە هەر هاوەڵێکی چەشنێک لەو پارانۆمایە دەنووسێت، وێنایەک دەدات بە دەستەوە لەو کەسە، لە پەیوەندیی خۆی بەو کەسەوە، جۆری پەیوەندییەکە، کاریگەرییەکان، ئەو زەمەنەی لەگەڵ ئەو کەسەدا یەکتریان ناسیوە، زۆر وردەکاری تر، بۆ نموونە ئەگەر ئەو کەسە ئەدیبێک بێت، جەمال شارباژێڕی هەوڵ دەدات سەبارەت بە توانای ئەدەبی و بەرهەمەکانی باری سەرنجی خۆی بنووسێت، دیارە کۆی ئەم وردبوونەوە بە تایبەت لە زەمەن و شوێندا، کەشێکی دیکۆمێنتاری بە کتێبەکە بەخشیوە، کە لە هەندێ ڕووەوە، دەتوانێت وەک بەڵگە و سەرچاوە، لە ڕۆژ، مانگ و ساڵدا، لە ساخکردنەوەی هەندێ کەس و شوێندا، پەنای بۆ ببرێت.

سەبارەت بەو نامانەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، دەتوانین دابەشیان بکەین بەسەر چەند جۆرێکدا، هەندێک لە نامەکان سەرسامین بە بەهرەی شاعیرێتیی جەمال شارباژێڕی، کە یان بە شیعر، یان بە وەسف و پەخشان نووسراون و تێیدا ستایشی هەستی ناسک و جوانیناسانەی شارباژێڕییان کردووە. بەشێکی تری نامەکان شەخسین و لە چوارچێوەی خێزان و خزم و هاوڕێیانی نزیکدا ئاڵوگۆڕ کراون، بەشێکی تریان نامەی ئەدەبین و لە پرسە ئەدەبییەکان دەدوێن، لێرەدا یەکێک لە نامە ئەدەبییەکان وەک نموونە وەردەگرین، کە نامەی جەمال غەمباری شاعیرە بۆ شارباژێڕی:

مامۆستای شاعیرم کاکە جەمال شارباژێڕی…

بەڕێز و نرخدار

ڕێزی بێپایان… سڵاوی گەرم…

شیعر گەورەیە، هێندەی گەورەیی کەون و هەموو شتەکان… بەڵام ئینسان گەورەترە، بۆیە شیعر هەردەم لەپێناوی ئینسان و خەم و ژان و تاڵی و شیرینی ئەودا ئەخرێتە کار.

مامۆستا گیان! خوێندنەوەی پڕ تامەزرۆیی شیعرەکانت و ئەو ئاه و هەناسە گەرموگوڕانەی کە بوونەتە ڕەنگی هەمیشەیی وشەکانت، هەمیشە ئەمبزوێنن و حەز ئەکەم شتێک بڵێم، جا ئەو شتە لە شیعر بچێ یان نا ئەوەیان شتێکی ترە… گرنگ ئەوەیە منیش لەگەڵ تۆدا ئەمەوێ ئەو هەناسانەت هەڵمژم.

ئەم چەند وشەیەی خوارەوە (ئەگەر بشێ کە ناو بنرێن شیعر) پێشکەشی موعاناتە پیرۆزەکەت بێ… لەگەڵ ڕێزی برایانەما.

واژۆ

برای دڵسۆزت: جەمال غەمبار

سلێمانی: ٢٧/ ١٠/ ١٩٨٠

ئەم کتێبە هەر نامە نییە، یاد و وتار و گفتوگۆش هەن، کە هەریەکەیان دەتوانن چمکێک لە ژیانی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی جەمال شارباژێڕی ڕوون بکەنەوە. بۆ وێنە، کاتێک نووسەر “کەریم شارەزا”ی بەسەر کردووەتەوە، لەگەڵ ئەو باسەدا، چەند وتاری کەریم شارەزاشی هێناوە کە دەربارەی ئەزموونی شیعری جەمال شارباژێڕی نووسیویەتی، یان ئەو گفتوگۆیانەی کە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا لەگەڵی کراون، وەک خۆیان دانراونەتەوە، یاخود ئەو پڕۆژەیەی، کە وەک نامەیەک ئاراستەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە و لەژێر ناوی “بەرەو شۆڕشێکی سپیی ڕۆشنبیری” و لە شازدە خاڵدا کۆمەڵێک پێشنیار و داواکاری بۆ چاکسازی لە دۆخی ڕۆشنبیری کوردستاندا دەخاتە ڕوو. مەبەست لەم هەمەچەشنێتییەی ئەم کتێبە، کە تێیدا زۆرینەی چالاکییە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی ئەم شاعیرەی لەخۆ گرتووە، ڕەنگە ئەوە بێت کە یارمەتی ئێمە بدات بە شێوەیەکی تایبەت کۆمەڵێک لایەنی شاراوە و بە ڕواڵەت ڕووکەشی ئەم شاعیرە بزانین، بەڵام ئەگەر وردتر دیقەت لە کۆی ئەو چالاکیانە بدەین، تێدەگەین کە تێکڕا دەلالەتن لە هەست و نەستی شاعیرێکی سۆزگەرا، شاعیرێک کە لە ژیانی ئاساییشدا شاعیرانە ژیاوە و مامەڵەی کردووە.

وەک یادێک لە هاوڕێیەتیی نێوان شێرکۆ بێکەس و جەمال شارباژێڕی لێرەدا چەند دێڕ لەو نرخاندنەی شارباژێڕی دەنووسینەوە، کە لەم کتێبەدا هاتووە:

“ساڵی ١٩٥٥ کە هاتمە سلێمانی بۆ خوێندنی دوای دەرچوونی سلێمانی، لە سانەوی سلێمانی دوو مانگێک دەوامم کرد و لە ناوخۆیی (داخلی) شوێن نەمابووەوە ناچار پەنام بردە بەر پیشەسازی، چونکە ناوخۆییەکەی لەگەڵ خۆیدا بوو… لەوێ ئەوانەی لە شاریش بژیایانە لە ناوخۆیی وەردەگیران. بەو هۆیەوە شێرکۆ پاش ئەوەی ساڵێک لە ناوەندی مابووەوە، وای بە چاک زانیبوو کە ئەویش بێتە قوتابخانەی پیشەسازییەوە، بە تایبەتی کە سوودی لە ناوخۆییەکەش وەردەگرت. چونکە ئەو کاتە لە لانەی دایک و باوکی بێبەش بوو، بە هۆی کۆچی دوایی بێکەسی باوکییەوە، دایکیشی لەگەڵ خوشکەکانی لە بەغدا دەژیان، هەرچەندە چەند ساڵێک دوای ئەوە ئەوانیش گەڕانەوە سلێمانی.

هەر لە یەک ساڵی پەیوەندیمان بە پیشەسازییەوە، یەکترمان ناسی و دەستپێشخەرییەکە لە منەوە بوو، بە تایبەتی کە دەیانگوت ئەمە کوڕی فایەق بێکەسی شاعیرە، منیش لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بە بێکەس ئاشنا بووبووم. هاوڕێیەتیمان پەرەی سەند و لەگەڵ ئەودا هیی تریشمان دەبوونە هاوەڵ… هەرچەندە من لەپێش ئەودا دەستم پێ کرد و بەرهەمم زۆرتر و تا دوای ناوەڕاستی شەستەکان، بەڵام ئەویش لەوەدوا گوڕی دایە خۆیی و “گۆران” واتەنی کە فەرمووبووی: جەمال شاعیرێکی زگماکە و شێرکۆش لە پڕێکدا هەڵمەت دەبات، وەک چۆن مارێک لە هێلانەکەیەوە دەردەچێت.

درێژترین کات و تەمەنم کە دەتوانم بڵێم هەمیشە بەیەکەوە بووین لە چاخانە و یانە و ماڵی یەکتری و قوتابخانە و دایەرەشی لێ دەربچێ و بیریشمان زۆر لە یەکترییەوە نزیک بوو، بەڵام من لەو ئەهوەنتر بووم، بە تایبەتی ئەو زۆر توندوتیژ بۆ مەسەلەکان دەچوو، من بە هێمنی.”

گرنگیی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا

خستنەڕووی: “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لە پایە گرنگەکانی هونەر موزیکە، موزیک وێڕای ئەوەی دەتوانێت هەستی جوانیناسانەمان بجووڵێنێت و بەرەو ئەو دنیا ئەفسووناوییەی خۆ بەکێشمان بکات، هاوکات دەتوانێت چێژێکی تایبەتییش ببەخشێت پێمان و یارمەتیدەرمان بێت لە گۆڕینی دۆخی دەروونیمان بۆ ناخ و ڕۆحێکی خاوێن و پاکژ. غیابی موزیک لە ژیانی ڕۆژانەدا، ئەگەرچی لە لای عام شتێکی ئەوتۆ نییە و ڕەنگە سانا لێی تێپەڕن، بەڵام ئەو غیابە کاریگەریی نەرێنیی زۆری دەبێت لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتار و گفتارمان. لێرەدا بە شێوەیەکی تایبەت دەربارەی ڕۆشنبیری موزیک چەند سەرنجێک دەنووسین، لە میانەی خوێندنەوەی نوێترین کتێبی نووسەر و هونەرمەند زۆزک قەرەداخیییەوە.

وەک چۆن گوێگرتن لە موزیک کارێکی چێژبەخش و تایبەتە، بەو جۆرەش خوێندنەوە دەربارەی موزیک و مێژووەکەی و ڕۆڵی لە قۆناغە جیاوازەکانی سەرجەم کولتوورەکاندا، گرنگ و جێی بایەخە، بەداخەوە کتێبخانەی کوردی لە هەندێ لایەنەوە پڕە لە کەلێن و بۆشایی گەورە گەورە، یەکێک لەو لایەنانە موزیکە، ئەم نوقسانییە هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕان دەگرێتەوە، ئەوەی بۆچی بەو جۆرەیە و کارێکی ئەوتۆ لەو بوارە ناوازەیەدا نەکراوە، ڕەنگە پرسیارێک بێت لە پلەی یەکەمدا یەخەی هونەرمەندەکانمان بگرێتەوە، ئێمە شایەدی چەند کتێبی گرنگین دەربارەی موزیکی کوردی کە نووسەرەکانیان هونەرمەندی موزیکزان نین، بەڵام دەبێت پێویستییەکی مێژوویی و هەستکردن بەو بۆشاییە بەرینە پاڵی پێوە نابن تا ئەو کارانە بکەن، بۆ وێنە مامۆستا محەمەد حەمەباقی، دوو کتێبی گرنگ و پڕبایەخی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردوون، کە یەکەمیان دەربارەی “مێژووی موزیکی کوردی”یە و ئەوی تریان تایبەتە بە هونەرمەند “سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی”، بە هەقەت ئەو دوو کتێبە لەو کتێبانەن کە بۆ هەموو کوردێک گرنگن بیانخوێنێتەوە و باشتر و دروستتر لە سەرچاوە و مێژووی هونەری موزیکەکەی بگات. هاوکات نووسەر و توێژەر نزار سابیر کتێبێکی گرنگی نووسیوە بە ناوی “ناسیۆنالیزم و موزیک”، کە کارێکی بەپێز و شیاوی ستایشە. بێگومان چەند ناوی تریش هەن لەو بوارەدا کاریان کردووە و کارەکانیان جێگەی سەنگینی خۆی لە کتێبخانەی کوردیدا گرتووە، بەڵام وەک هونەرمەندان و نووسین لە بواری موزیک و بە تایبەت ڕۆڵ و کاریگەری، وەک وترا هێجگار کەم و تەنکن، یەکێک لەو هونەرمەندانەی ساڵانێکە بە بواری پراکتیکی و نووسین خزمەت دەکات، هونەرمەند زۆزک قەرەداخییە، ئەم هونەرمەندە تاکو ئێستا لە بوارە جیاوازەکانی موزیک و هونەردا حەڤدە کتێبی چاپ و بڵاو کردووەتەوە، کە دەتوانین بڵێین هەریەک لەو کتێبانە کتێبی دانسقەن و خوێنەران و هونەرمەندان دەتوانن لێیان سوودمەند بن. ئەوە وێڕای ئەو بابەتە هەمەلایەن و ئەو بەشداری و چالاکییە هونەرییانەی تێیاندا کارا بووە و باسی پێشکەش کردوون، خەسڵەتێکی بەرچاوی نووسین و کتێبەکانی ئەم هونەرمەندە دەتوانێت لەو خاڵە درەوشاوەدا بەرجەستە ببێتەوە، کە بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان، بێ هیچ زیادە و دووبارەکردنەوەیەک، پوخت ئایدیاکەی دەخاتە دووتوێی ڕستە و پاراگرافەکانییەوە، کە ئەمەش خەسڵەتێکی گرنگی هەر جۆرە نووسینێکە، کە بێ ناوبەند و ڕایەڵ بگاتە خوێنەر و دۆخێکی ناچاری وا دروست نەکات کە گرفتی تێنەگەیشتن و ئاڵۆزی لا دروست بکات، لەم ڕووەوە زۆزک قەرەداخی کارێکی باش دەکات، کە لە کتێبێکی بچکۆلە و تەنکدا، پەیامەکەی دەگەیەنێت و خوێنەر نەک ماندوو نابێت، بەڵکو چێژ لە زانیاری و ئەو وردەکارییانەش وەردەگرێ کە خراونەتە ڕوو.

کتێبی “موزیک و گەشەپێدانی مرۆیی” نوێترین کتێبی زۆرک قەرەداخییە، لە دووتوێی سەد لاپەڕەدا باسێکی هەمەلایەن لە پەیوەندی نێوان موزیک و لایەنە هەستی و مرۆییەکان پێشکەش دەکات، لەژێر ناونیشانی سەرەکی کتێبەکەدا ئەم دەربڕینە، وەک ناونیشانی لاوەکی دانراوە: (ئەو ڕەهەندە هونەرییە گرنگانەی پێویستە موزیککارانی نەوەی نوێ ئاشنای بن). کتێبەکە سەرەڕای پێشەکییەک، لەم بەش و ناونیشانانە پێک هاتووە: “گرنگیی هونەر، کاریگەریی موزیک لەسەر مرۆڤ، خوێندن و خوێندەواری لە بواری موزیکدا، گرنگیی خۆیی لە بواری هونەردا، گەشەپێدانی توانای خۆیی، هونەر پێویستە نەتەوەیی ـ جیهانی بێت، گرنگی بەرنامەدانان و پلانڕێژی، خۆسنووردارکردن، بەرپرسیارێتی، هاوبەشپێکردن لە بەرهەمی هونەریدا، ستایشی هونەری جوان و ناوازەی هاوپیشەکان، موزیکدانان، ڕەخنە، لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان، کۆبەندی”. لە هەریەک لەو بەشانەدا بەوپەڕی چری و کورتبڕییەوە باس لە ڕۆڵی هونەر بە گشتی و موزیک بە شێوەیەکی تایبەت، دەکات.

کتێبەکە بە شێوازێکی زۆر مەنهەجی و ڕێنوێنیکەرانە نووسراوە، ئەگەرچی ڕووی لە گشتە، بەڵام  تایبەتتر فێرخوازانێک دەدوێنێت کە تازەکی دەستیان داوەتە موزیک و دەیانەوێت لەو بوارەدا کار بکەن و خۆیان بەرەو پێش بەرن و لە داهاتوودا خزمەت پێشکەش بکەن. نووسەر زۆر جەخت لە توانای تاک دەکاتەوە، وزەی تاک سەرچاوەی هەموو داهێنانێکە، بەو مەرجەی ئەو وزەیە بە شێوەیەکی وەها ئاڕاستە بکرێت کە نوختەی ئامانج بپێکێ، نەک بەو جۆرەی بە هەموو لایەکدا پەرشوبڵاو ببێتەوە و بەهەدەر بڕوات. نووسەر پێداگری ئەوە دەکات هونەرمەندان دەبێت بچنە فێرگە و خولی جیاواز جیاواز ببینین، لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و خاوەن دیدگاوە پەرە بە توانا سەرەتاییەکانی خۆیان بدەن و خۆیان بە شوێنێک و کەسێکەوە سنووردار نەکەن و نەبەستنەوە.

پرسێکی زۆر گرنگی نێو ئەم کتێبە پرسی بەجیهانیبوونی موزیکە، زۆزک قەرەداخی دیدێکی تەندروست پێشکەش دەکات، بەوەی کە جیهانیبوونی موزیک دەبەستێتەوە بە نەتەوەوە، نەتەوە بە سەرجەم کولتوور و داب و نەریت و تەقالیدەکانیەوە، کۆیەک کە خەسڵەت و تایبەتمەندی پێک دەهنێت کە دەبێتە شوناس بۆ ئەو خەڵکانەی سەر بەو خاک و زمانەن و پێیەوە دەناسرێنەوە، بێگومان هەر نەتەوەیەکیش وەک چۆن خاوەنی جلوبەرگ و خواردنی تایبەتمەندی خۆیەتی، خاوەنی موزیک و گۆرانی خۆیشیەتی، ئەمەش ئەو پردەیە کە دەبێت وەک سەرەتایەکی پتەو لە نێوان فێرخواز و نەتەوەدا ڕۆ بنرێت، واتا فێرخواز لە ناوەند و کلاسەکاندا ئاشنای ئەم موزیکە نەتەوەییەی خۆی بکرێت، بە وردی سەرجەم لایەنەکانی پێ بناسرێت، لەوەش گرنگتر بتوانێت گوێی لێیان پڕ بێت و ئەلف و بێی ژەندنەکەی، لەسەر ئەو ئاوازانە کۆک بکات کە موڵکی نەتەوەکین و لە خانەی موزیکی فۆلکلۆر و زارەکیدا ناسێنراون. دیارە ئەم خاڵە بە چەندان نموونەی هونەرمەندان لە دنیادا ڕوون دەکاتەوە، مەرجی بەجیهانیبوونی موزیک لە ڕێگەی کەناڵی موزیکی نەتەوەییەوە فەراهەم دەبێت، ئەو هونەرمەندانەی ئەمڕۆ وەک هونەرمەندانی جیهانی بواری موزیک و ئاواز ناسراون، ئەگەر گوێیان بۆ بگرین و دەربارەیان بخوێنینەوە، دەبینین گەشەیان بە موزیکی نەتەوەیی خۆیان داوە و سەرچاوەی سەرجەم داهێنەکانیشیان لە هەوا و سروشتی نەتەوە و خاک و زمانەکەی خۆیانەوە هەڵگۆزتە کردووە. نیسبەت بە موزیک و گۆرانی کوردی ئەمە پرسێکی زۆر ئەمڕۆییە، دەبیستین ڕۆژانە چۆن موزیک و گۆرانی کوردی لە مۆرکی نەتەوەیی خۆی دادەماڵرێت و ڕووت دەکرێتەوە.

کتێبەکە ئاستی بەرپرسیارێتیی خوێندکار بەرانبەر بە موزیک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و جیهانی دیاری دەکات، هاندانێکی جوانە لەو کایەدا، کە هەم هەوڵ بۆ فێربوونی ئامێرێکی موزیک بدەین، هەم چێژ لە جوانی و ئەفسوونی ئەو دنیایە فراوانە وەربگرین، بێگومان ئەو کەسانەی ڕۆحیان ئاوێتەی موزیکە کەسانێکن ئارام و لەسەرخۆن، ئەو کەسانەن کە دۆخە ناشیرین و هەنووکەییەکان فریویان نادات و بە هێمنییەوە درێژە بە خەون و پڕۆژە ئێستەتیکییەکانیان دەدەن و چاویان لە ئایندەیەکی باشتر و گەشترە بۆ هەمووان.

شانۆنامەی سوکرات

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە شانۆییە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە شانۆنامە بەناوبانگەکەی نووسەر و فەیلەسووف و مێژوونووسی فەرەنسی (ڤۆڵتێر) کە لەبارەی دادگایی کردنەکەی سوکراتی گەورە فەیلەسووفەوە نووسیویەتی، ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئاوات ئەحمەد سوڵتان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و بەشێکە لەو بایەخە گەورەیەی کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بە شانۆ و کتێبی شانۆیی دەدات، بەو ئومێدەی شانۆکار و هونەرمەندانی کورد سوودی لێ ببینن لە بەرهەمە شانۆییەکان و نمایشەکانیاندا.

هەر وەک وەرگێڕ لە پێشەکییە کورت و پوختەکەی کتێبکەدا ئاماژەی پێ کردووە، ڤۆڵتێر ساڵی ١٧٥٩ شانۆیی سوکراتی نووسیوە، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوێکی مێژوویی دەگێڕێتەوە، مەبەستی سەرەکی ڕەخنەگرتن بوو لە حکومەت و دەسەڵاتداران و ئایین، لەم شانۆییەدا، پێچەوانەی ڕووداوە مێژووییەکەوە، سوکرات بەرامبەر ژمارەیەک دادوەر دەوەستێتەوە، کە ڕاستییەکەی ئەوەیە سوکراتی ڕاستەقینە، لە بەردەمی دەستەیەکی ٥٠٠ کەسیدا سزای ژەهرخواردنی بەسەراد دەدرێت: لە شانۆییەکەدا زۆرێک لە هاوڕێکانی سوکرات کە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکەدا، لە دادگا ئامادە بوون، فەرامۆش کراون، وەک ئەفلاتوون و ئەنتیسینێس و ئەریستیپۆس و زۆری تریش، لەبری ئەوان ژمارەیەک قوتابی بێناو دانراوە، کە لە کۆتایی شانۆییەکەدا دەردەکەون، ڤۆڵتێر (سوکرات)ی وەک کەسێک ناساندووە، کە باوەڕی بە بوونی یەک تاکە خودا هەیە، بەڵام ڕووداوە مێژووییەکان و بیرمەندان و مێژوونووسان ڕایان وا نییە و قسەی پێچەوانەیان هەیە لەو بارەوە.

کارەکتەرە درامییەکانی نێو دووتوێی ئەم شانۆنامەیە بریتین لە:

سوکرات

ئانیتوس: سەرۆکی کەشیشان

میلیتوس: یەکێک لە دادوەرانی ئەسینا

گزانتیپ: هاوسەری سوکرات

ئاگلیا: کچێکی جاحێڵی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

سۆفرۆنیموس: لاوێکی ئەسینایی، سوکرات خۆی پەروەردەی کردووە

دریکسا: ترێپاندەر، ئاکرۆس: هاوڕێی ئانیتۆس

دادوەرەکان: قوتابیانی سوکرات، سێ زمانلووسی لایەنگری ئانئتوس.

بە گشتی وەک ئاماژەمان پێ دا ئەم شانۆنامەیە سوودی لە واقیعێکی مێژووی وەرگرتووە، ئەویش دادگاییکردنی گەورە فەیلەسووفی ئەسینا و دنیا (سوکرات)ە، بەڵام پێچەوانەی ڕەوتە واقیعییەکە، بە زمانێکی گاڵتەجاڕانە ڕووداوەکانی گێراوەتەوە و دەستکاری سروشت و پێگە و هەڵوێستی کارەکتەرەکانی کردووە، بێگومان کارەکتەرەکانیش بە هەمان شێوە واقیعین و ڕەهەندی مێژووییان هەیە و نزیک بوون لە خودی سوکرات و ڕووداوەکان و دادگاییکردنەکەوە،  ڤۆڵتێر، لە ڕێگەی زمانە گاڵتەجاڕییەکەیەوە، کۆی دەسەڵات و سیستەمە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ڕەخنەبارانیان دەکات.

ئەم نووسەر و فەیلەسووفە، ناوی تەواوی (فرانسۆ ماری ئەرویت)ە و نازناوی ڤۆڵتێری هەیە، لە ٢١ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٩٤ لە پاریسی فەرەنسا، لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە. کوڕە بچووکی خێزانەکەی بووە و کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە حەوت ساڵان، دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ڤۆڵتێر ئەرکی بەخێوکردنی گرتووەتە ئەستۆ، باوکی کەسایەتییەکی ئازادیخوازی دوور لە ئایینی هەبووە و لە تەمەنی لاویدا (ڤۆڵتێر) کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی.

لە ساڵی ١٧٠٤، ڤۆڵتێر چووەتە کۆلێجی لوویسی مەزن کە قوتابخانەیەکی تایبەتی ئایینی بووە لە پاریس، دوای تەواوکردنی خوێندن، پەیوەندی ڤۆڵتێر بە باوکییەوە تێک چووە و باوکی ویستوویەتی کە ناچاری بکات وەکو پارێزەر کار بکات و لە بواری یاسا پیشەیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، باوکی ڕێگری کردووە لەوەی ببێت بە نووسەر، ڤۆڵتێر داواکانی باوکی ڕەتکردووەتەوە و باوکی لە میرات بێبەشی کردووە، بۆیە ئەویش وازی لە نازناوی خێزانەکەی هێناوە و نازناوی ڤۆڵتێری هەڵبژاردووە، هەموو کارەکانی بەو ناوەوە بڵاو کردووەتەوە و یەکەمین کاری ئەدەبی لە ساڵی ١٧١٨ لەژێر ناوی ڤۆڵتێرەوە بڵاو کردووەتەوە.

ڤۆڵتێر نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردووەتەوە و شانۆگەریشی نووسیوە، بە هۆی بیروبۆچوونەکانی و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی زیندانی کراوە و لە فەرەنسا دوور خراوەتەوە، لە ساڵی ١٧١٦ ڤۆڵتێر دوور خراوەتەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی فەرەنسا، چونکە ڕەخنەی گاڵتەئامێزی لە لوویس فیلیپی دووەمی ئەوکاتەی دەسەڵاتداری فەرەنسا گرتووە، ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

پاشان بە هۆی بڵاوکراوەکانییەوە لە زیندانی باستیل بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراوە، دواتر لە ساڵی ١٧٢٦ بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانی باستیل دووبارە دەستگیر کرایەوە بە هۆی ئەوەی شیعرێکی ئابڕووبەری نووسی سەبارەت بە پەیوەندییەکی قەدەغەکراوی خۆشەویستی نێوان پاشای ئەوکاتەی فەرەنسا، هێنری چوارەم و کچەکەی، چونکە ئەو ماوەیە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاوبووبووەوە کە پاشا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچەکەی خۆی هەیە. دوای ئازادکردنی دووبارە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فەرەنسا دوورخرایەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو، هاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیرە ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کرد. لە کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هەمەجۆر، ڤۆڵتێر کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاتژمێری سویسری کردووە و لەو پڕۆژەیەدا وەکو بازرگانێک ناوبانگی زۆری دەرکردووە.

بە پێی زانیارییەکان (ڤۆڵتێر) هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئێمیلی دووچاتلێیە خانمە زانای بیرکاری ئەو سەردەمە هەبووە، پەیوەندییەکەیان ماوەی ١٦ ساڵی خایاندووە و لە شارۆچکەی سێرای ژیاون. ڤۆڵتێر لە خۆشەویستەکەیەوە ئیلهامی نووسینی لە بارەی بابەتە زانستییەکانەوە وەرگرتووە، دوای جیابوونەوەیان ڤۆڵتێر لەگەڵ کچێکی خوشکی ژیاوە و دەنگۆ هەبووە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی کچێکی بچووکی بە ناوی ماری فرانسۆ لە ئەستۆ گرتووە.

سەبارەت بە ئەزموونی نووسینی ڤۆڵتێر، زانیارییەکان هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر نووسیویەتی و ئالوودەی قاوە بووە. ڤۆڵتێر کتێب، وتار، شانۆگەری، شیعر، نامە، دەستنووس، ڕەخنەی ئەدەبی، بابەتی مێژوویی، وتاری سیاسی و ڕەخنەئامێز، لە هەموو ئەم بوارانە بەرهەمی هەبووە. ژمارەی نامەکانی بە ٢١ هەزار نامە خەمڵێندراوە و پەنجا شانۆگەری نووسیوە، ئەو بڕوای بە بوونی خوا هەبووە، بەڵام بڕوای بە ئایین و کڵێسا و شێوازی مامەڵەکردن و قۆڕخکاریی قەشەکانی کڵێسا نەبووە، دژی دەسەڵات بووە، بۆیە شێوازی نووسینی جیاواز بووە و هەموو ئەم بیرۆکانەی کاردانەوەی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە، ڤۆڵتێر بە پێشەنگی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بە “باوکی ڕۆشنگەری” ناسراو بووە.

گرنگترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و فەیلەسووفە بریتین لە:

– ناودارترین بەرهەمی شیعری ڤۆڵتێر بریتییە لە شیعری Henriade  کە لە ساڵی ١٧٢٣ بڵاوی کردەوە، لەگەڵ شیعری The Maid of Orleans  کە شیعرێکی درێژ بوو، سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی پێش مردنی تەواوی بکات، بەڵام شیعرەکە دوای کۆچی دوایی ڤۆڵتێر، بڵاو کرایەوە و ناوبانگی زۆری دەرکرد.

–  دیارترین بەرهەمی شانۆگەری و شانۆنامەی ڤۆڵتێر بریتییە لە شانۆگەری Oedipus کە لە ساڵی ١٧١٨ لەسەر شانۆ پێشکەش کرا، پاشان زنجیرە شانۆنامەی تراجیدی نووسییەوە که ناوبانگترینیان بریتی بوو لە شانۆنامەی Mariamne لەگەڵ شانۆگەری Zaïre  و شانۆگەری Nanine.

– نووسراو و کتێبەکانی ڤۆڵتێر مێژوویین ناودارترینیان سەردەمی لوویسی چواردەهەم The Age of Louis XIV لەگەڵ توێژینەوەیەک بە ناوی نەریت و کڕۆکی گەلان، لەم توێژینەوەیەدا ڤۆڵتێر مێژووی کۆمەڵایەتی و هونەریی گەلانی ڕابردووی لە سەردەمە جیاوازەکان خستووەتە ڕوو و لێکۆڵینەوەی لە بارەیانەوە کردووە.

–  هەروەها گرنگترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێر لەسەر شێوازی کورتە چیرۆک و ڕۆمانن، نموونەی Micromégas، خەونی پلاتۆ Plato’s Dream، لەگەڵ ڕۆمانی ناودار Candide، هاوکات فەرهەنگی فەلسەفی Dictionnaire philosophique کە فەرهەنگێکی چڕی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و دژی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئەو سەردەمە بووە ناودارترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێرە.

ڤۆڵتێر لە ٣٠ ی ئایاری ساڵی ١٧٧٨ لە پاریسی پایتەخت کۆچی دوایی کردووە. مەراسیمی بە خاکسپاردنی لە کڵێسا بۆ ئەنجام نەدراوە، چونکە کەسێک بووە باوەڕی بە کڵێسا و مەسیحییەت نەبووە و دژی ئایین بووە.

گەردەن زەردێ شتێک لە شیعر زیاتر

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەرەستوو لە بەشێک لە شرۆڤەکانی خۆیدا لەمەڕ چییەتی شیعر و کاری شاعیر، پێی وایە کاری شاعیر ئەوە نییە کە ڕووداوەکان بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵکو دەبێ بەو جۆرە کە لەوانەیە ڕووی دابێت، بیگوازێتەوە. ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە جیاوازی شاعیر و مێژوونووس لەوەدا نییە کە ئەم بە شیعر ڕووداوێک بگێڕێتەوە و ئەو بە پەخشان: چونکە لەوانەیە مێژووی “ھێردۆتیش” بھۆنرێتەوە، بەڵام بەمە نابێ بە شیعر و ھەر مێژووە. شیعر لە مێژوو فەلسەفیترە و گشتبینترە، بەڵام مێژوو وردبینە و دەپەرژێتە سەر وردەکارییەکان.

هیچ کام لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەب، هێندەی شیعر کێشەی لەسەر نییە، کێشە بە مانای وشە کوردی و باوەکە نا، بەڵکو کێشە بە مانای ئەوەی زۆرترین مشتومڕ، گفتوگۆ و دیدی جیاواز و ناکۆکی لەسەرە سەبارەت بەوەی چی شیعرە؟ شیعر خۆی چییە؟ سنوور و سیستەمەکانی چین و چەندین چەمک و دەستەواژەی دیکە کە وا دەکەن هەرگیز نەگەین بەو دەرئەنجامەی کە چی بە شیعر بزانین و چی بکەینە دەرەوەی بازنەی شیعرەوە، ئەم مشتومڕ و ناکۆکییانە مێژوویەکیان هەیە و  بەشێک لە فەیلەسووفەکانیشیان بە خۆیانەوە سەرقاڵ کردبوو، باسەکە درێژ دەبێتەوە بۆ مێژووی و سەردەمی نوێ، تا دەگات بە سەرهەڵدانی چەندین قوتابخانە و ڕاڤەی تیۆری، چونکە خۆی لە ڕاستیدا شیعر هەڵگری شوناسێکی ئاڵۆز و سرکە و ناخرێتە نێو یەک چوارچێوەی تێگەیشتن، یاخود پێناسەوە، سروشتێکی ئەوتۆی هەیە کە توانای هەڵگرتنی کۆمەڵێک توخم و ڕەگەز و لقی دیکەی نێو کایەکانی سەرخانی ژیانی هەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکانیش، جیاوازتر لە ژانر و تێکستە نووسراوەکانی دیکە، بەر شوێنیکی جیاوازتری خوێنەر دەکەوێت و کار لە پنت و پانتاییەکی دیکەیدا دەکات، ئیدی هەر خوێنەرە و بەپێی ئاستی تێگەیشتن و زەوقی هونەریی خۆی، مامەڵە لەگەڵ ئەو شیعرەدا دەکات، کە بەری کەتووە.

بێگومان قسەیەکی نوێ ناکەین گەر بڵێین ژانری شیعر لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا، مێژوویەکی دێرینتری هەیە لە چاو لقەکانی دیکەی ئەدەب و هونەر، بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و ئاستی بەرەوپێشچوونی هزر و ئەندێشەی تاکەکان، شیعریش لە ڕووی زمان، دەربڕین، فۆڕم و گوزارشتکردنەوە،گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەشێکی زۆری ئەو گۆڕانکارییەش لەگەڵ ڕەوتی ژیانی مرۆڤی کورددا هاوئاواز و هاوڕیتم بەرەوپێشەوە چووە، چونکە وەک دیارە شیعر زۆر ڕاستەوخۆتر کاریگەری لەسەر هۆشیاری تاک هەبووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لەنێو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاجیاکاندا هەبووە، بە مانایەکی دیکە شیعر هێزی ئەوەی هەیە گوزارشت لە دۆخەکان، ڕووداوەکان، سەردەم و خودی خەمە زاتییەکانی ئینسان بکات، بەڵام بەم دواییانە بەشێک لە لێکۆڵیاران و ڕەخنەگران، نکوڵی لە ڕۆڵی ئێستای شیعر دەکەن و پێیان وایە شیعر چ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی فیکر و دونیابینی و تێگەیشتنی تاکی کورد نەماوە، تەنانەت دەزگاکانی چاپ و وەشاندنیش، پشتیان کردووەتە چاپکردنی دیوانە شیعرییەکان، بەڵام کاتێک نامیلکەیەکی شیعری بە قەبارە بچووک و بە شیعرییەت و ئیستاتیکا و خەیاڵ و ناوەڕۆک گەورەی وەک (گەردەن زەردێ) دەکەین، تێدەگەین لەوەی کە هێشتا شیعری باش توانای ئەوەی هەیە خوێنەر موخاتەبە بکات و بیخاتە ژێر باندۆر و هەژموونی هونەریانەی خۆیەوە، کاریگەریی لەسەری هەبێت و دنیایەکی پەنهانی بۆ ئاشکرا بکات، دنیایەکی نوێ کە تێیدا مرۆڤ هەیە، کێشە و ئازار و خەون هەن،  ئەمەش وا دەکات دەزگایەکی بەناوبانگی وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بچێتە پای لە چاپدان و بڵاوکردنەوەی تاکوتەرا دیوانی شیعری، کە نامیلکە شیعریی (گەردەن زەردێ) یەکێکە لەو کارە باشانەی لە ماوەی ڕابردوودا چاپی کردووە، لەم ڕێگەیەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە هێشتا شیعری باش و کاریگەر و نوێ ماوە و هێشتاش دەزگایەک هەیە شانبەشانی هونەر و کایەکانی دیکە، گرنگی بە شیعر و ناساندنی شیعر و چاپکردنی دیوانی باش دەدات.

بێگومان ئەم کۆمەڵە شیعرە، واتە گەردەن زەردێ، بەرهەمێکی هێمن و ئارامی شاعیرێکی سەر بە نەوەیەکی نوێیە (بەشدار سامی) نووسیویەتی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم کۆمەڵە شیعرە پێک هاتووە لە چەند تێکستێکی نوێ و جوانی وەک: دیسان دڵتەنگیتان،  جیابوونەوە، تەرمێک، ژان، سەبارەت بە دڵشکان، گەڕانەوە بە ڕێگە کۆنەکەدا، ئەو ڕستانەی نیوەشەوان گڕ دەگرن، جەنابی حاکم، غنی للحب، لە ڕۆژێکی دژواردا شەفیقەفەندی، کە ماندوو بووم، لە ناوی خۆی دەگەڕا، گەردەن زەردێ، بیرەوەری وەک دەرپێیەکی پیس و چەندین ناونیشانی دیکەی شیعری.

لە ڕاستیدا شیعرەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەی (بەشدار سامی) نەک لە ڕووی زمان و گوزارشت و بەرهەمهێنانی وێنەی شیعری و ئیستاتیکی و رەگەزە پێکهێنەرەکانی بونیادی تێکستی شیعرییەوە جیاوازن، بەڵکو لە ڕووی داڕشتن و کورتی و درێژی دێڕەکانیشەوە جیاوازن، جوانیی ئەم حاڵەتەش لەوەدایە کە دێڕەکان چەند درێژتر بن، هەناسە شیعرییەکان درێژتر دەبنەوە تووشی تەنگەنەفەسی نابن و لە ڕیتم و ئاواز دەرناچن: سەبارەت بە خۆر تا لە شارەکەی ئاوا نەبێت، تاریک داهات/ سەبارەت بە مێژوو، تا شارەکەی فەرامۆش نەکات، پەنیر و ژاژیی خستە ڕستەوە، سەبارەت بە چاندنی یەک ملیۆن درەخت، هاواری کرد، سەبارەت بە وشکە ساڵی، وەک مەڕدارەکان خەمبار بوو.

ئەم پەڕەگرافەی سەرەوە نموونەیەکە لەو دێڕە شیعرییە درێژانەی کە هیچ قەتع و پچڕانێکی تیدا نییە و تا کۆتایی بەم نەفەسە شیعرییە دەڕوات، وێنە لە دوای وێنە، مانا و دەلالاتی جیاواز بەرهەم دەهێنێت، لێرەوەیە ئاستی جیاوازیی ئەم شاعیرە، تخووبەکانی فرەوانتر دەکات و ئەو دەنگانە دەگەیەنێت کە پێشتر نەگەیشتوون، بە مانایەکی دیکە، بە هێمنی ئەو دەنگانە دەگەیەنێت، کە پێشتر بە دەنگی بڵند و بەرز گەیەنراون.

لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە شیعرییەدا، ئێمە لە ڕێگەی شیعرەوە بەر یادەوەریی کەسێک دەکەوین کە خودی شاعیرەکەیە، جگە لە یادەوەریی تاکەکەسی خۆی، بەر یادەوەریی سەردەمەکەی، ڕۆژگارەکەی، ڕووداو و چیرۆکەکانیش دەکەوین، هاوڕێیەتی ڕۆژانە کە لای بەشدار بایەخ و گرنگی و بەهای مرۆیی و ئیستاتیکی خۆی هەیە، لەنێو شیعرەکانیدا ڕەنگدانەوەیەکی جوانی هەیە و ڕەهەندی ئیبداعی وەرگرتووە: دیسان ژان و دیسان خەم و دیسان ترس و دیسان کەوتن/ دیسان بیرکردنەوە، دیسان شەونەخەوتن، دیسان تاریکی داهاتن، دیسان گریام و دیسان گوتم،: دایە/ دیسان گوتم سەرمام بووە/ دیسان بابم/ دیسان گوتی: ئەم کەوتنە سەرما نایکات.

تێکستەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بەرهەمی ململانێی ئینسان، هاوکات شاعیرێکە لەگەڵ یەکێک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کە ئەویش شێرپەنجەیە، جەنگی شاعیرێکە بە شیعر و وشە، لەگەڵ ئازار و مەرگ و کەوتندا، لەم شیعرەدا کە زیاتر فۆڕمێکی نامەیی پێوە دیارە بۆ یەکێک لە هاوڕێ دڵسۆزەکانی خۆی کە کاک (دانا فایەق)ە، بە ڕوونی دەچینە نێو دۆخی سایکۆلۆژیی کەسێکەوە کە شێرپەنجە گەرەکیەتی بیخات، بەڵام ئەم بە هێزی خەیاڵ و وشە، جەنگەکە دەباتە نێو پانتاییکی دیکە، ئەم دێڕە زۆر سادەیە کاتێک دایکت پێت بڵێت: ئەوە بۆ ڕەنگت تێکچووە و بێهێز دیاریت؟ تۆش پێی بڵێیت: چ نییە دایکی من، هەر وا کەمێک سەرمام بووە! لەوەش سادەتر گومانی باوکتە کاتێک خۆی دەکات بەنێو وتووێژەکەی تۆ و دایکتدا و دەڵێت: ئەم کەوتنە هی سەرما نییە! سادەن لە ڕووکەشدا، سادەن وەک وێنەیەکی شیعریی کە بەشدار لە ژیانی ڕۆژانەی خێزانەکەیدا وەریگرتووە، بەڵام کە دەچێتە نێو پرۆسە شیعرییەکەوە، ئیدی لە مانا سادەییە ڕۆژانەییەکان بەتاڵ دەبێتەوە و ڕەهەندێکی قووڵتر وەردەگرێت، چونکە ئەو باس لە دۆخێکی دیاریکراو و تایبەتی خۆی دەکات، ئاخر ئەو هێشتا خەریکی شاردنەوەی ئازارە لای دایک و باوکی، ڕاستەوخۆ ناڵێت شێرپەنجەمە، ناڵێت ئازارم زۆرە و هاوار ناکات و وشەی ڕاستەوخۆ دەرنابڕێت، بەڵکو لە شیعرەکاندا تەواو خۆی ڕووت دەەکاتەوە برینەکانی جەستە و ڕۆحی ئاشکرا دەکات و بە دەنگێکی نەوی و بە دزییەوە ئازارەکان دەگێڕێتەوە:

مرۆڤێک کە گوێ لە مۆسیقا ناگرێت/ چیرۆکی نییە/ مرۆڤێک، کە چیرۆکەکەی ناگێڕێتەوە/ ترساوە/ مرۆڤێک کە ترساوە/ شەقامەکان دەناسێتەوە/

ئەو مرۆڤەی چارەنووسی تاریک داهات و هیچ ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە/ نەخۆش بوو/ ئەو مرۆڤەی نەفرەتی لە خۆشەویستەکەی کرد/ نەخۆش بوو.

بە گشتی ئەم کۆمەڵە شیعرەی بەشدار سامی، هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆیانن، شایانی خوێندنەوە و هەڵوەستە لەسەر کردنن، سەر بە دنیایەکن کە تیایدا ئاسان شتەکان و مرۆڤەکان وێران دەبن، بەڵام ئاسانتر ژیان ڕۆ دەنرێتەوە و مرۆڤەکان لە کەوتن و شکست دەگەڕێنەوە، کەرەستە شیعرییەکان بابەتگەلی نێو ژیانن، ڕۆژانە چ لە ژیاندا و چ لە تێکستەکاندا بەریان دەکەوین، کەچی لێرەدا، لەنێو پانتایی ئەم شیعرانەدا، پێناسەی دیکەیان هەیە، چونکە شوناسیان گۆڕاوە و ڕۆڵێکی دیکەیان پێ دراوە.

ڕژانی ترس و تاریکایی

خستنەڕووی: “ژێرزەمینەکەی بەغدا”

خوێندنەوەی: سەردەم

ئەدەبیاتی عێراقی پاش ڕووخانی سەددام حسێن، یانی لە پاش ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەدەبیاتێکی تایبەتە، بە کۆمەڵێک خەسڵەت و سیماوە، ئەم ئەدەبیاتە لە هەناوی سەردەمەکەی خۆیەوە سەری دەرهێنا و نووسەران و هونەرمەندان هەوڵیان دا کە بابەتەکانیان ڕاستەوخۆ لەو دۆخ و ساتانەوە هەڵبگۆزن کە تێیدا دەژین، بێگومان یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی جددی ئەو ئاوڕە کۆنکرێتییەیە کە لە زەمەن و ساتەوەختی خۆی دەیداتەوە، تێیدا هەوڵ دەدات هەموو ناوەڕۆک و تێماکانی ئەو زەمەنە لە فۆرمێکی هونەریدا پێشکەش بکاتەوە، بەوەش دەرچەیەک بەسەر کۆی ئەو زەمەنەدا واڵا دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان و گشتگیر، دۆخی عێراق بە گشتی و شارێکی گەورە و گرانی وەک بەغدا لە دوای پڕۆسەی ئازادییەوە، دۆخێکی تەواو ترسناک و تاریک بوو، بێگومان ئەم دۆخە بۆ ئێستا و داهاتووش بەردەوامی هەیە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بە سانایی لێرە و لەوێ و لە شێوە و شکڵی جیاواز جیاوازدا دەبینێرێتەوە. تیرۆر و تۆقاندن، شەڕی ئایینی و تایفەگەری، دەرکەوتنی گرووپە توندڕۆ و بیرتاریکەکان لەو دەرکەوتانەن کە لە پاش ٢٠٠٣وە فەزای گشتیان داگیر کرد و ترس و بیمیان بە هەموو کوچە و کۆڵانێکی شارەکاندا بڵاو کردەوە، عێراق گیرۆدەی شەڕێکی خوێناویی بوو، تێیدا هەزاران کەسی بێگوناه تەرمی هەلا هەلابوویان لەسەر شەقامەکان کەوت و نەناسرانەوە، سەدان کەس بێسەروشوێن بوون و سەدانی تریش لەتاو ئەو دۆخە تفت و تاڵە وڵاتیان جێهێشت و چیدی بۆی نەگەڕانەوە، ژیانی هەرڕۆژەی کەسانی نێو ئەم نیشتمانە بیمارە کەوتە بەردەم هەڕەشە و لەناوبردن، بژاردەیەک نەمایەوە بۆ ئاشتەوایی و ژیانی سادە، ئەم ستایلە نوێیە لە مەترسی و سڕینەوە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەندانی داگیر کرد، بۆیە دەبینین لە دوای ئەو مێژووەوە ژمارەیەکی زۆر دەقی ئەدەبی و هونەری نووسران و کێشران، کە ڕەنگدانەوەی ئەو زەمەنە ترسناکە بوون، لە پلەی یەکەمیشدا ئەم نواندنەوەیە لە ڕۆماندا بەرجەستە بوو، دواتریش ژانرەکانی تر هەوڵی بەهونەریکردنەوەی ئەم بابەتانەیان دا.

“ژێزەمینەکەی بەغدا” کتێبێکی بچکۆلەیە، لە نووسینی هۆشەنگ وەزیزی و لە وەرگێڕانی مامۆستای هێژا و کۆچکردوو، ئەحمەد محمەد ئیسماعیلە، کە هەر لێرەدا و لەگەڵ چاپبوونی ئەم کتێبە، داخێک سەر و دڵمان دەگرێ، ئەویش ئەوەیە کە وەرگێڕی کتێبەکە چیدی لێرە نییە و کتێبەکە بە چاپکراوی نابینێت.

ڕەنگە سەرەتا ناسینی ناوێکی وەک “هۆشەنگ وەزیزی” خراپ نەبێت.

هۆشەنگ وەزیزی کێیە؟

هۆشەنگ وەزیزی، ساڵی ١٩٦٧ لە هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٠ کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە. لە ناوەڕاستی نەوەدەکاندا کاتی شەڕی ناوخۆ، ڕووی لە سووریا کردووە، لەوێ لە بواری شانۆ و ڕۆژنامەنووسیدا کاری کردووە و لە ڕۆژنامە عەرەبییەکاندا نووسینی ئەدەبی و سیاسی بڵاو کردووەتەوە.

 کۆتایی نەوەدەکان ڕووی کردە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وتار و لێکۆڵینەوەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو کردوونەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێ نیشتەجێیە.

تا ئێستا ئەم شانۆنامانەی بڵاو بوونەتەوە:

١/ الستیلاء (دەستبەسەرداگرتن)، بۆ ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و بڵاو بووەتەوە. لە بەغدا و هەولێر نمایش کراوە.

٢/ فلانة.

٣/ امکنة اسماعیل، ساڵی ٢٠١٥ لە پێشبڕکێی “الهیئة العربیة للمسرح” خەڵاتی یەکەم و ساڵی ٢٠٢١ لە فیستیڤاڵی شانۆیی نێودەوڵەتیی بەغدا، خەڵاتی باشترین دەقی پێ بەخشرا.

٤/ قبو بغداد.

٥/ العاصفة.

هەندێک لە شانۆکانی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی “قرتاج” و بەغدا نمایش کراون. هەروەها کتێبی “بلاد مابین عراقین”ی بەچاپ گەیاندووە، کە ساڵی ٢٠١٤ لە (دار نون) چاپ بووە و بریتییە لەکۆمەڵەوتارێکی سیاسی دەربارەی مێژووی نزیک و ئێستای عێراق.

کتێبی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” یەکەم کتێبی وەرگێڕاوی هۆشەنگ وەزیرییە، کە تێیدا دوو دەقی شانۆیی گرتووەتە خۆ، دەقەکان لەژێر ناوی “باهۆز” و “ژێرزەمینەکەی بەغدا” پێشکەش کراون. هەر دوو دەقەکە لە کۆمەڵێک لایەنەوە خاڵی هاوبەش و تەکاندەریان هەیە، ئەگەر وەک هێڵی درامی تێیان بڕوانین، دەبینین هێڵە درامییەکە بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە نەختە نەختە ڕووناکی دەخاتە سەر کەس و ڕووداوەکان، واتە لە پنتێکەوە دەست پێ دەکات و چیدی لەو پنتەدا نامێنێتەوە و وەک شەپۆلێک هەڵدەکشێت و خوێنەر (وەک دەقخوێندێک) تێکەڵ بەو هەڵچوون و کەفوکوڵەی ڕووداوەکان دەکات. وەک لایەنی ناوەڕۆکیش، بێگومان هەردوو دەقەکە خاوەنی یەکە و پێکهاتە بنچینەیی و سەربەخۆکانی خۆیانن، ڕەنگە لە ڕووی خستنە سەر تەختی و شانۆ و ئامادەکردنیان بۆ نواندن، کەمترین زەحمەتی بخەنە سەرشانی دەرهێنەر و ستافی کارکردنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا کە دنیای هەردوو دەقەکە دنیایەکی کامڵ و تەواوە، هاوکات کۆمەڵێک لایەن و نوختەش هەن کە تێیدا یەک دەگرنەوە و دواتر وەک دوو ڕووبار دەتوانن بڕژێنە ناو زەریایەکی بەرینتر.

شانۆنامەی “باهۆز” چیرۆکی دوو پیاوە لە ژوورێکدا، چیرۆکێکی ئاڵۆز و تێکڕژاو بە یادەوەری و تراوما، لەگەڵیشیدا ژنێک و دوو کرێکار دێن و دەردەکەون جارجار. باهۆز بۆ خۆی چەشنێک لە مەترسیییە، کە لە لایەن سروشتەوە هەڵدەکا و ڕەنگە شتانێک و کەسانێک لەگەڵ خۆی ببات، باهۆزی نێو ئەم دەقە شانۆییەی هۆشەنگ وەزیزی هەمان ڕۆڵ دەبینێت، لە یادەوەریدا، لە ترسێکی شاراوەدا، لە ئێستای فەوتاو و داهاتوویەکی لێڵدا. دوو پیاو سەرەکی نێو ئەم دەقە ماندوون، داهێزراون بە نەهامەتی و ڕۆژگارێکی تێکشکاو، زەین و یادەگەیان شێواوە، زۆر جار لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا دەچنە جێی یەکتر و لێکتر دەگۆڕێن، گەمەیەکی ترسناک، کە تێیدا لە یەکەم مەترسی هەڵچنیندا، دەلالەت لە لەدەستدانی ناسنامەی تاکەکەسی دەکات. فەزای گشتی “باهۆز” فەزای ترس و تۆقینی ئەو ساڵانەیە کە پاش ڕووخانی سەددام حسێن و بە ناوی ئازادیی عێراقەوە ناسێنران، ترسێک لە تاریکاییدا لە بۆسەدایە، لە هەر چرکەیەکدا ڕەنگە بگاتە سەرمان و ژیانمان لەگەڵ خۆیدا بەرەو نادیار و سڕینەوە ببات. “باهۆز” بە وردی و لە پەراوێزدا، لە ڕێی گێڕانەوەی یادەوەریی شێواو و فەوتاوی دوو کەسێتییەوە، دەمانباتە نێو ئەو پانتاییە بەرینەی کە دەرزیئاژنە بە تۆقین، بە زاڵبوونی هێزی تاریکی و مەرگ.

شانۆنامەی “ژێرزەمینەکەی بەغدا” هەڵدانەوەی چیرۆکە خۆفناکەکانی ژێرزەمینی بەغدای پاش ٢٠٠٣یە، ئەو چیرۆکانەی کە گوێ لە بیستنیان و چاو لە بینینیان دەتۆقێت؛ چیرۆکگەلێک کە نووسین فریای نووسینەوەیان ناکەوێت، لەو ژێرزەمینەدا هۆشەنگ بە خاتری گەڕان بە دوای چیرۆکێکدا، چەندین چیرۆکی تراژیدی دەگێڕێتەوە، کە دواتر نازانین کێ قوربانییە و کێیش جەللاد، سیما و ناسنامەکان لە عێراقی پاش ٢٠٠٣دا وەها تێکەڵ و پێکداچوون، جیاکردنەوەیان کردەیەکە نزیک لە مەحاڵ. “ژێرزەمینەکەی بەغدا” باس لە گیرانی پیاوێک دەکات لە لایەن ژنێکەوە و بردنی بۆ ژێرزەمینێک و بەستنەوەی، تا ئەوەی ددان بە تاوانێکدا بنێت، تاوانی کوشتنی کوڕەکەی کە چواردە ساڵی تەمەن بووە، هێڵی درامی ئەم شانۆیە، کە خاڵێکی خامۆشەوە دەست پێ دەکات، لەگەڵ بەرەو پێشبردنی ڕووداوەکان و ناسێنەری کەسەکان، ئەو هێڵە گرژ و توند دەبێت، بە جۆرێک لە دوایین دیمەنەکاندا خوێنەر ڕەنگە نەتوانێت لەگەڵیاندا بەردەوام بێت، ئەگەر بەردەوامیش بێت بێگومان بە ئازارێکی قورس و دەروونێکی ماندوو و داهێزراوەوە، کتێبەکە تەواو دەکات و دایدەنێت و لەبەر خۆیەوە دەڵێت: ئای خوایە، چ کتێبێکی خەمگین بوو!

پرسی نواندنەوەی کارەسات لە ئەدەبیات و هونەردا، پرسێکی ئەخلاقییە و زۆر تیۆریسیەن و لێکۆڵیار دەربارەیان نووسیوە، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرینەیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نواندنەوەی کارەساتە گەورەکان لە نووسیندا مەحاڵە، بەڵام سەلمایشە کە خودی بەتێماکردنی کارەسات هەوڵێکی گرنگ و گەورەیە بۆ لە یاد نەکردن و بیر نەچوونەوە. دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکاوە کۆمەڵێک هەوڵ دراون، بە جیاوازی ئاستی بەرهەمەکان، هەوڵگەلێکی گرنگ و بەرچاو بوون لە تۆمارکردن و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو ساڵ و ڕووداوە جەرگبڕانەدا. ئەم دوو هەوڵەی هۆشەنگ وەزیزی، کە تێیدا لە ڕێی ژانری شانۆوە تەعبیری لەو زەمەنە کردووە، دوو هەوڵی گرنگ و بە بایەخن، جێگەی ئەوەن خوێنەر بە وردی بیانخوێنێتەوە و لەو مەرگەساتە تۆقێنەرە باشتر شارەزا بێت.

شیاوی وتنە نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی پێشەکییەکی گرنگ و وردی بۆ کتێبەکە نووسیوە، کە تێیدا هەوڵی ناساندنی هۆشەنگ وەزیزی دەدات و دەروازەیەکی بەرینیش بەسەر هەردوو دەقەکەدا واڵا دەکات، تاکو باشتر خوێنەر هان بدرێت بۆ تێگەیشتن لە هەندێ پەنا و پەسێوی نادیاری هەردوو دەقەکە.

ئەم کتێبە لە لایەن وەرگێڕی بەئەزموونی کورد: “ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل”ەوە وەرگێڕاوە، “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”یش لە دووتوێی ١٣١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

چەند سەرنجێک دەربارەی نەنە پەریزادم گێڕایەوە

ڕانانی: سەردەم

 

کتێبێکی دیکەی گرنگ و سەرنجڕاکێشی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) ئەم کتێبە داستانە و لە لایەن (گێرد مانێ- ئاننێ ڤێننێ شیلدە) کۆکراوەتەوە و هەردوو نووسەر و وەرگێڕ (بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی) بە زمانێکی زۆر سادە و ڕوون، بێ گرێ و تاسە، لە سویدییەوە وەریانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

هەر وەک لە دەستپێکی کتێبەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان، ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەوروپایی و چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمریکای لاتین و یەک دانەیشی هی ئەکسیمۆیە، وێرای پەرشوبڵاوی جیۆگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن: کتێبەکە یەکەم جار لە زمانی نەرویجییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش هاوین و پاییزی ساڵی ١٩٨٦ لە زمانی سوێدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەند ترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین، هەر بۆیە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سوێدی.

ئەم کتێبە، واتە (نەنە پەریزادم گێڕایەوە) لە چەندین چیرۆکی فۆلکلۆر و داستانی جۆراوجۆری میللەتانی جۆراوجۆر  پێکهاتووە کە هەر یەکەیان ناونیشانێکی سەربەخۆی خۆیان هەیە و ناونیشانەکانیش کتومت گوزارشت لە ڕووداوەکانی نێو داستانەکان دەکەن، بە مانایەکی دیکە، هاوئاهەنگییەک لە نێوان خودی ناونیشان و بابەتی داستانەکاندا هەیە، لەوانە: ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن  کرد، خەیاڵپڵاو، ماسییە زێڕینەکە، زەماوەندی جرج، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقارشەقارە؟ هەسارەگەشەی گەلاوێژ، کناچە و مانگ، چوار براکە و چەندین ناونیشانی دیکە.

ئەم چیرۆک و داستانانە لە لایەکەوە بە زمانێکی چێژبەخش گێڕدراونەتەوە، لە لایەکی دیکەوە پڕن لە پەند و حیکمەت و ئامۆژگاری، هاوکات دەوڵەمەندیی خەیاڵی مرۆڤیشمان پێ دەناسێنێت کە چ توانایەکی گەورە و داهێنەرانەیان هەبووە لە خولقاندنی کەش و فەزایەکی تەواو هونەری و خەیاڵئامێزدا، هەر یەک لەو چیرۆک و داستانانە، سەر بە دونیا و فەرهەنگ و میللەتانی جیاوازن، کەچی لە هەندێک حاڵەتدا شێوە و دەربڕین و داستانەکانیان هێندە نزیکن لە یەکترەوە، هەر دەڵێی نووسەرێک نووسیونیەتەوە، بە تایبەت لە شێوازی گێڕانەوە و موفرەداتی نێو داستانەکاندا، کە تژین لە مرۆڤی جۆراوجۆر، لە باڵندە و ئاژەڵ و گیانداری سەیر سەیر، لە شوێنی دڵگیر و خۆش کە مرۆڤ بە حەسرەتەوەیە تەواوی ئەو چیرۆکانە ببنە ژیانێکی ڕاستەقینە و تیایدا بژین.

کتێبی (نەنە پەریزادم بۆی گێڕامەوە) کۆمەڵێک داستانی جۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، هەر یەک لەو داستانانە چیرۆکی سەرکێشی و قارەمانێتی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە، هاوکات بەشێکیشیان لەسەر دونیای ئاژەڵ و گیاندار و باڵندەکانە، بەڵام گەمەیەکی سەیر بە سیفەت و تایبەتمەندییەکانیان کراوە، ئەو جرجەی هەموان بێزی لێ دەکەنەوە، لەم داستانانەدا خۆشەویست دەبن، ئەو ئاژەڵە دڕندانەی ترس و بیم بڵاو دەکەنەوە، لەم داستانەندا ڕۆڵی چاکەکار و بە بەزەییان پێ دراوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە دوو جۆر مرۆڤیش لەنێو ئەم داستانانەدا دەبینرێن، مرۆڤی میهرەبان و زۆرزان، بەرژەوەندخواز و دڵباش، دڕەندە و بە ویژدان، کە دواجار دەشێت وەک ئەزموونێکی گەورە لێیان بڕوانین و لێیانەوە فێری ژیانێکی باشتر بین، فێر ببین ئاژەڵ و باڵندەمان خۆش بوێت، بە شێوەیەکی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و کێشەکاندا بکەین و هێندە بە هەڵپە نەبین لە ژیاندا بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەرامەکانمان، ملی براکانی خۆمان و ئەوانی دیکەش بشکێنین.

چیرۆک و ڕووداوە ئەویندارییەکانیش لەنێو ئەم داستانانەدا، دیسان بابەتگەلێکی دیار و بەرچاون و یەکێکن لە تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی فۆلکلۆری و چیرۆکە داستانییەکان، ئەو عەشق و ئەوینە پاکەی لەنێو داستانەکاندا هەن، بەرهەمی خەیاڵێکی فراوان و گەورەی مرۆڤەکانن لە ڕابردوویەکی دێریندا کە بۆ مانەوە و بەردەوامیی بە ژیان، پەنایان بۆ گێڕانەوە و خولقاندن و ئەفراندن بردووە، سەرکێشی و ڕاکردن و مەعشووق ڕفاندن، تا دەگات بەوەی پادشاکان کچە نازدارەکانی خۆیان بدەن بە سواڵکەر و گەدا و هەژاران، تەنها لەبەر ئەوەی دڵدارەکان سەرکێشییان کردووە تا بگەن بە یەک، یاخود بە مەرجە سەختەکان ڕازی بوون و دوور خراونەتەوە، لە ژیانێکی شاهانەوە ڕوویان لە ژیانێکی هەژارانە کردووە.

نەنە پەریزادم گێڕایەوە، تژییە لە داستانی چێژبەخش کە ئەستەمە خوێنەر بە تەنیا جارێک تێر ببێت لە خوێندنەوەیان، بە پێچەوانەوە، جار لە دوای جار کە دەیخوێنیتەوە، پەند و حیکمەت و جوانیی زیاتری تێدا دەبینیت، زیاتر هۆگریان دەبیت و چێژی پتریان لێ دەبینیت، چونکە وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، ئەم داستانانە سەروەتی ڕۆحی و بەرهەمی خەیاڵی فراوانن، ڕۆژگارێکیش دەماودەم لێرەولەوێ گێڕدراونەتەوە و چەندین نەوەیان بەم شاکارانە کردووەتە خەو، یاخود مەجلیس و دانیشتن و میواندارییەکانیان پێ گەرموگوڕ کردووە و بە شێوەی نواندن، چیرۆکەکانیان گێڕاوەتەوە، بێگومان بەها و نرخی ئەم گەنجینە پڕ زێڕ و زیوەی ناوی داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆرە، تا زەمەن و سەردەمانی داهاتوویەکی دوور، سەنگ و بەها و چێژی خۆیان لە دەست نادەن، زۆرێک لە گەورە نووسەر و هزرمەندەکانی دونیا، بە سەرچاوەی یەکەمی خۆیانی دەزانن و بەشێکیان لەژێر پاڵتۆ فراوانەکەی ئەم داستانانەوە هاتوونەتە دەرەوە.

بە گشتی داستان، واتە سامان، یان کەلەپووری خەڵک، بەم پێیە فۆلکلۆر بە ھەموو ئەو سامان و کەلەپوورە کۆنانە دەڵێن کە بە درێژایی مێژوو دەستکرد و بەرھەمی بیر و خەیاڵ و هزری خەڵک بوون و ماونەتەوە، وەک: پاشماوەکانی جلوبەرگی میللی کۆن و ئێستا، ڕایەخ و ھۆی تێدا خواردن (قاپ، کاسە و کەوچک) و گەلێک چەشنی پیشەسازی و نەقش و نیگار و جۆری خواردەمەنی و گەلێک شتی تر کە شەقڵی تایبەتی میللەتێک، لە بەرھەمێکی دەستکرد، یان بەرھەمی بیردا بھێڵێتەوە.

ھەندێک جار لە ناو فۆلکلۆردا بەشی بیر، یان بەشی ئەدەب جیا دەکەنەوە و پێی دەڵێن (بەرھەمی سەرزاری خەڵک) ئەو بەرھەمەش ئەوەیە کە بەسەر زارەوەیە، دەماودەم و پشتاوپشت، کوڕ لە باوکەوە، منداڵ لە دایکەوە دەیبیستێت و دەمێنێتەوە، لەبەر ئەمە داستان و ئەدەبی فۆلکلۆر، بە بەرھەمی تاقە کەسێک دانانرێت، بەڵکو دەدرێتە پاڵ ھەموو میللەت و وەک بەرهەمی میللەتێک دەبینرێت، لە راستیدا ئەمانە بەرھەمێکن کە ھەموو گەل خوڵقاندوونی و هەموان دەست و ڕۆڵیان هەیە لە هۆنینەوەیاندا، بەرھەمی داستان و فۆلکلۆر شێوەیەکی سادەی وای ھەیە  کە ھەموو خەڵک لێی تێبگات و شەقڵی تایبەتی ئەو گەلە، یان ئەو زەمان و دەورانەی خۆی پێوەیە .

هەر وەک زانراوە ئەم داستانانە بەرهەمی فۆلکلۆر و کەلەپووری میللەتانن، جا بەرھەمی فۆلکلۆر و داستان،  بە شێوەیەکی بەرچاو و زۆر لە ناو خەڵک و میللەتاندا بوونی هەبووە و لەم بارەوە کتێبگەلی بێ شومار هەر لە دەزگای چاپ و پەخشی سەدرەم چاپ و بڵاو کراونەتەوە، کە باس لە بنەما و تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەدەبە دەکەن، لە ڕاستیدا تا کاتی بڵاو بوونەوەی خوێندەواری و شارەزابوونی خەڵک و ڕاھێنانیان لەگەڵ ئەدەبیاتی نوسراودا، لە ڕابردوودا کەم کەس ھەبووە شتێک لە داستان و فۆلکلۆری گەلەکەی خۆی نەزانیبێت و لەبەری نەبووبێت و بە گوتن و گێڕانەوە، لە بۆنە، یاخود میوانداری و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا دەری نەبڕێت.

داستان و ئەدەبیاتی فۆلکلۆر، لە ناو ھەر میللەتێکدا، چەندین بەش و جۆری ھەیە، بێگومان ئەم بەش و جۆرانەش ڕەنگە ھەندێکیان لە فۆلکلۆری ھەموو میللەتانی دونیادا، یاخود لە فۆلکلۆری چەند میللەتێکدا یەک بن، یاخود هاوبەش بن، خۆ ڕەنگیشە ھەندێکیان جودا بن لە یەکتر و خاڵی هاوبەشیان کەمتر بێت، لەبەر ئەم هۆکارە، ھەر میللەتێک دەتوانێت چەشنەکانی داستان و بەرھەمی ئەدەبی فۆلکلۆری خۆی دەست نیشان بکات، هیچ نکولییەک لەو ڕاستییەش ناکرێت کە ئێمەی میللەتی کوردیش، هاوشانی میللەتانی دراوسێ و ناوچەکە و دونیا، خاوەنی داستانی گەورە و ئەدەبێکی دەوڵەمەندی لەو شێوەین.

ژیانی مۆدێرن وەک گرێکوێرەی قەیتان

خستنەڕووی: “قاچار قوچار”

 

بەختیار حەمەسوور

 

کچ و کوڕێک، کە ئێستا ئیدی ژنومێردن و لە مانگی هەنگوینیدان، ڕوویان لە شارێکی تر و هاوینەهەوارێکی جوان کردووە، لەپڕ تازەزاوا هەوەسی دەبزوێ و لە چەقی بازاڕکردندا، بە تازەبووک دەڵێت دەبێت بگەڕێنەوە هۆتێل، دەگەڕێنەوە و هەر بە پەلە جلەکانیان دادەکەنن، تازەزاوا دەیەوێت قەیتانی جلەکانی تازەبووک بکاتەوە، قەیتانەکە لێک دەئاڵۆزکێ و بەوەش ئاستەنگ دروست دەبێت. تازەبووک بزەیەک دەیگرێ و دەڵێت: “قەیتانەکە تووشی قاچار قوچار بوو!” تازەزاوا دەڵێت ئەوە چ زمانێک بوو قسەت پێ کرد، تازەبووک دەڵێت ئەوە زمانێکی تایبەتە و لە تەواوی دنیادا تەنیا چوار کەس دەیزانن: دایکم، باوکم، براکەم و من. چیرۆکەکەش بەو جۆرەیە: کاتێک براکەی بە منداڵی خەریکی دەزووی کۆلارە بووە و تەواوی دەزووەکە پێکدا ئاڵۆزکاوە، ئەویش هەرچەند دەکات بۆی لێک جیا ناکرێتەوە و تەواو وەڕز و بێزار دەبێت، دەزووەکە فڕێ دەدات و دەڵێت: “هەموو قاچار قوچار بووە.” ئیدی لەوێوە لەو خێزانەدا ئەو وشەیە هاوبەرنبەری وشەی “ئاڵۆزکان” دەبێت؛ کە وایە ناوی ڕۆمانە سەرناوی “ئاڵۆزکان”ـە و بەوەش جیا لەو خێزانە چوار کەسییە، تازەزاوا و تەواوی هەموو ئەو کەسانەش کە ئەم ڕۆمانە دەخوێننەوە، دەزانن هاوواتای “قاچار قوچار” چییە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” لە نووسینی نووسەری هیندی ڤیڤیک شانبهانگە، جەبار سابیر لە زمانی فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە درێژەی چاپکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٣دا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی بە قەوارە بچکۆلەیە و لە ١٣٧ لاپەڕەدا نووسراوە، بەڵام یەکێکە لە ڕۆمانە گرنگەکانی ئەدەبی نوێی هیندی، بە تایبەت لەم دە ساڵەی دواییدا. ڤیڤیک شانبهانگ ساڵی ١٩٦٢ لە هەرێمی کاناتاکای باشووری خۆرئاوای هیندستان لەدایک بووە. ڤیڤیک بە دیالێکی کانادەیی دەنووسێ، کە زاراوەی فەرمی ئەو هەرێمەیە. ئەم زاراوەیە یەکێکە لە بنزارەکانی زمانە دراویدییەکان، کە نزیکەی چل ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن. ئەم نووسەرە تا ئێستا هەشت کتێبی بڵاو کردووەتەوە، کە پێک دێن لە دوو ڕۆمان و دوو شانۆنامە و پێج کۆمەڵەچیرۆک. ڕۆمانی “ماچی سەکینە” ٢٠٢٣ بڵاو بووەتەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانەی، واتا “قاچار قوچار” ساڵی ٢٠١٥ بڵاو بووەتەوە و جگە لەوەی بۆ زۆرینەی دیالێکتەکانی زمانی هیندی وەرگێڕاوە، یەکەمین کتێبی ڤیڤیک شانبهانگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی و دەنگدانەوەیەکی زۆری دەبێت.

ئەگەر بمانەوێ چەند دێڕێک سەبارەت بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە و هاوچەشنەکانی بڵێین، ئەوا دەتوانین بنووسین کە ئەدەبیاتی لەم شێوەیە، ئەدەبیاتێک کە سەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نزیکییەکی کولتووری زۆری لەگەڵ ئێمەدا (وەک کورد) هەیە، دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت لە کۆمەڵێک لایەنەوە، یەک لەوانە لە ڕووی تێما و بابەتەوە، بە نموونە ئەم ڕۆمانە، تێماکەی هەر دەڵێیت لەنێو کۆمەڵگەی خۆماندا ڕوو دەدات، ئەو کێشە و گرفتانەی تووشی خێزان و تاک دێن، هەمان ئەو کێشە و گرفتانەن کە لای ئێمەیش برەویان هەیە و بەردەوام دەبنە ئاستەنگ و لەمپەڕ لە بەردەم ژیانی هەرڕۆژەماندا. خاڵێکی تر ئاشنابوونی دەنگی نوێی ئەدەبیاتە بە خوێنەرانی کورد، نووسەرانێک، کە بە نووسین دیدگای جیاوازیان بۆ دنیای دەوروبەریان هەیە و بە نووسینەکانیان بەشدارییەکی کارا دەکەن لە سەرخستن و بەرچاویی کۆمەڵگەکەیان بە هەموو ئەوەی کە هەیانە. خوێندنەوەی ئەم دەنگە تازانە، کە لە پەنجەرەی وەرگێڕانەوە دێنە پانتایی ئەدەبیاتی کوردی، دەروازەیەکی گرنگ بەسەر فرەشێوازی و فرەدەنگی نووسیندا دەکەنەوە، چیدی خوێنەری کورد دەق بە یەک شێواز و دەنگەوە ناگرێ و هەمیشە لە خەیاڵیدا نووسەرانی تریش هەن بە دیدگا و ڕوانینی جیاوازەوە.

ڕۆمانی “قاچار قوچار” نوێنەری سەردەمی ئێستای کۆمەڵگەی هیندستانە، ئەگەرچی کۆی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە ڕووبەرێکی مینیماڵ و لە چوارچێوەی خێزانێکی چەند ئەندامیدا ڕوو دەدات، بەڵام خوێنەر لە خوێندنەوەی کۆی کارەکەدا دەگات بە وێنەیەکی گەورەتر، کە هەمان وێنەی ئەمڕۆی هیندستانە لە دنیای مۆدێرندا. چیرۆکی ڕۆمانە باس لە خێزانێکی چوار کەسی دەکات، کە هاوکات مامێکیشیان لەگەڵیان دەژی، واتە پێنج ئەندام. ڕیتمی ڕۆمانە و گەڵاڵەی دروستبوونی کۆی ڕووداوەکان، لەپڕ و یەکجار نییە، بەڵکو بە شێوەی نەختە نەختە و هێور هێور دەخرێتە ڕوو، خوێنەر لە هەڵدانەوەی هەر بەشێک و دەستپێکی بەشێکی نوێدا، بەشێک لەو هێڵە سەرەکییەی لەبەر چاو ڕوون دەبێتەوە کە نووسەرەکەی هەر لە سەرەتاوە خەریکە دەیچنێت. لەپاڵ ئەوەی کە ماڵێک و مێزیک هەیە ئەندامانی خێزان لە دەوری کۆ دەبنەوە و خەریکن چیرۆکەکە دەگێڕنەوە، هاوکات چەند شوێنی وەک کافێ و کارگە و شەقامیش هەن، کە رۆڵی بنچینەیی دەگێڕێن لە گورانی حەکایەتەکەدا.

ڕۆمانەکە لە کافێیەکدا دەست پێ دەکات و لە هەمان کافێدا کۆتایی دێت. بەسەرهاتەکان سەرەتا بە سادەیی ڕوو دەدەن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام لەبەرەوە هەرجارەو بە هۆکارێک ئەم سادەییە لەبەین دەچێت، سەرەتا بە لەدەستدانی کاری باوک دەست پێ دەکات، لە کارەکەی دەردەکرێت کە کاری دابەشکردنی چایە، ئەمەیش بە هۆکاری ئەوەی کە دنیا بەرەو پێش چووە و کاری دابەشکردن چیدی پێویستی بە کەس نییە و شتانی تر، ئامرازەکانی دنیای نوێی ئەمڕۆ، دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەم دیمەنە (لەدەستدانی کاری باوک و ناردنەوەی بۆ ماڵەوە) دەمانخاتەوە یادی شانۆنامەی “مردنی دێوەرەیەک”ی هێنری میلەر، لەوێشدا باوک تووشی هەمان کارەسات دەبێتەوە، نوختە سەرەکییەکە لە هەردووکیاندا ئابوورییە، بەو جیاوازییەوە: لای میلەر کارەساتەکە بەردەوام دەبێت و بە خۆکۆژی باوک دەگات، بەڵام لای ڤیڤیک باوک دەچێتە بارێکی باشتر لەوەی پێشوو.

“قاچار قوچار” بە شێوەیەکی زۆر تایبەت دەرگیری چینی ناوەندی کۆمەڵگەیە، ئەو چینەی زۆرترین جووڵە و ململانێی تێدایە بۆ ئەوەی دانەبەزێت بۆ چینی خوارتر و لە کۆشش و جۆشش دایە بۆ هەڵکشان بەرەو چینی سەروو. ئەم خێزانە کاتێک لە ڕێی مامیانەوە دەست دەدەنە کاری داوودەرمانفرۆشتن، باری گوزەرانیان بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێ و بەوەش خانووەکەیان لە خوارووی شارەوە دەگوازنەوە بۆ سەرووی شار. ئیدی ئەو ژیانە ساکارەی پێشووش نامێنێت، دەبێت بە ژیانێکی پڕکار و پڕجووڵە، ژیانێک کە تەرخان دەبێت بۆ پارەپەیداکردن، پیاوەکان هەر زوو دەچنە دەرەوە و درەنگانێک دەگەڕێنەوە.

گێڕەرەوە، کوڕی ماڵەکەیە، لە نێوان منداڵی و ئێستایدا گەمەی گێڕانەوەمان لەگەڵدا دەکات، بەردەوام لە ڕێی گێڕانەوەکانی ئەمەوە ئێمە کەسانی خێزانەکە و ئەوانی تریش دەناسین، بە هەموو تایبەتمەندییەکیانەوە. لە مەجەرای ڕۆمانەکەدا ئێمە دەتوانین ئەو هێڵە ببینینەوە کە چۆن چینێک پێیدا هەڵدەکشێ بەرەو سەرووتر، چۆن لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک خەسڵەت بۆ هەمیشە دەگۆڕێن و لە هەوایەکی تردا و بە جۆرێکی تر، دەژین. گێڕەرەوە (کە هەمان تازەزاوایە وا لە سەرەتادا ناوی هات) کاتێک هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک بە ناوی “ئانیتا” دەکات و سەر بە خێزانێکی مامۆستایە و ئەمانیش کاسبکار، ڕوونتر ئەو جیاوازییە چینایەتییە دەردەخات، هەر ئەم جیاوازییەشە سەرئەنجامەکەی دەگاتە لێک جیابوونەوە.

هێڵکاری ڕۆمانەکە بە جۆرێک کێشراوە کە لە ڕێی هەر کەسێتییەکەوە گۆشەیەک لە کۆمەڵگە ڕوون بکرێتەوە، بە واتایەی تر، هەر کارەکتەرێک لەم ڕۆمانەدا پنتێک لە پەناوپەسێوێی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مۆدێرنی هیندی پێشان دەدات، هەر ئەمەش کارێکی کردووە کە “قاچار قوچار” لەو ڕووبەرە بچووکەدا پڕ بێت لە چیرۆکی پێکداهەڵپژاو و سەیروسەمەرە، کە تێکڕاش دەگەڕێنەوە و لە چەقێکدا، کە بنەماڵەیە، یەک دەگرنەوە. زمانی گێڕانەوە زمانێکە لە نێوان تەنز و ڕاشکاویدا دێت و دەچێت، لەگەڵ هەڵکشانی ڕووداوەکاندا ئەم زمانەش دراماتیکتر دەبێت، هاوکات لە کورترین دەربڕین و چڕتر ڕستە سوودمەندە، بێگومان دەستگرتن بەم تایبەتمەندییانەوە، لە پلەی یەکەمدا بۆ وەرگێڕی کوردیی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە.

ژیان لەمڕۆدا، لە سەردەمی مۆدێرندا، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر و سەختتر دەبێت، ئینسانەکان لێک دوور دەکەونەوە، بە تایبەت بۆ ئەو چینەی کە دەستی تێکەڵ بە سەرمایە دەبێت و پارە هاری دەکات، “قاچار قوچار” ڕێک لەو نوختەیەدا گوتارەکەی ئاراستە دەکات، خێزانێک کە ڕۆژانێک لە دەوری یەکدی کۆ دەبوونەوە و گاڵتە و لە خۆشەوسیتییەوە ناووناتۆرەیان لێکتر دەنا، ئێستا کاتی ئەوەیان نییە، لە بڕگەیەکدا، بۆ ساتێک خێزانەکە دەکەونەوە ناو ئەو دنیایە و لە دەوری مێزێک خڕ دەبنەوە، چما ئەوەی سەدەیەک بێت ئەو شێوەژیانەی ڕابردوویان بەجێ هێشتبێت. ئێستا ئیتر گرفتەکان بەو سادەییەی پێشوو نین، ئاڵۆزکاون، کەسەکان خەریکە بە یەکتر نامۆ دەبن، یەکتر ناناسنەوە، ئەگەرچی لەژێر یەک سەقفیشدا دەژین.

ئەم ڕۆمانە لە ئایدیایەکی سادەوە؛ گرێکوێرەی قەیتانی تەنوورەیەک، ناوەکەی بۆ هەڵبژێردراوە، بەڵام فراوانتر ئەم ئایدیایە دەکشێنێت بۆ دۆخی کۆمەڵگە لە سەردەمی ئەمڕۆماندا، وردتر: دەریدەخات کە لە ژیانی هەریەکەماندا کۆمەڵێک گرێکوێرە هەن، کە ژیانمان پێیانەوە بەستراوە و تووشی جۆرێک لە وەستان هاتووە. دوایین وشەی گێڕەرەوەش جەختی هەمان ناونیشان و کۆی ڕووداوە ئاڵۆزەکانی ڕۆمانەکەیە، لەو کاتەدا لە کافێکە دانیشتووە و دەستی بە پەرداخێک، کە نائاگا لە دەستی بەر بووەتەوە، بڕاوە، کابرای قاوەخانە، کە ناوی ڤینسنتە پێی دەڵێت: “قوربان، باشترە دەستت بشۆریت، خوێناوی بووە. ئەمە دۆخی گێڕەوەیە: «وشک دەبم. چ باسە؟ ئەمە چ گڵۆڵەیەکی ئاڵۆزکاوە کە تێیدا گیرم خواردووە؟ بە دڵنیاییەوە ڕێگەی چوونە دەرەوە لە گڵۆڵەکە دەدۆزرێتەوە… وشەکان خۆبەخۆ هێرش بۆ مێشکم دەهێنن: قاچار قوچار.»

کاتێک واقیع بە شوێن شانۆدا دەڕوات

خستنەڕووی: “دواشەوی لۆرکا”

بەختیار حەمەسوور

 

گرنگی شانۆ هەر لەوەدا نییە کە چێژ و خۆشییەک لە نمایشەکەی وەربگرین، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان پاژێکی ژیانی ئێمەیە لەسەر تەختەی شانۆ، تەعبیرە لە دۆخ و حاڵی ئێمە لە بڕگەیەکی مێژووییدا، هۆشیارییەکی گرنگە لە ئاست ئەوەی لە دەوروبەرمان گوزەراوە، یان خەریکە دەگوزەرێت، یان لە داهاتووی نزیک و دووردا ڕوو دەدات، بۆیە شانۆ پێبەپێی ژیان دەتوانێت کارا بێت، دەتوانێت ژیان بگوشێتە هەناو خۆی و بینوێنێتەوە، ئەوەش خەسڵەتی هەموو دەقە گرنگ و جیهانییەکانی شانۆیە. پرسی دەق لە شانۆدا، لە پرسە جددییەکانە، مامەڵەکردنی دەرهێنەر لەگەڵ دەقدا بەشێکی بنچینەیی سەرکەوتن، یان سەرنەکەوتنی نمایشە، بۆیە دەق وەک بنەمایەکی سەرەکی هەموو نمایشێک مەرجێکی لەپێشە، دواتر جومگەکانی تر دێن. وەک چۆن هەموو دەقێکی شانۆیی ئەگەرێکی کراوەیە لە بەردەم دەرهێنەردا تاکو کاری لەسەر بکات و بیخاتە سەر تەخنەی شانۆ و نمایش بکرێت، لە هەمان کاتدا ئەگەرێکی کراوەیە وەک هەر دەقێکی ئەدەبی بچێتە بەردەم خوێنەر و بیخوێنێتەوە، ئەوە دیدێکی باو و باڵادەستە کە پێی وایە دەقی شانۆیی تەنیا بۆ نمایشە، دیدێکی کورتهێن و پووچەڵە، کەم نین ئەو دەقە شانۆییانەی کاریگەرییان لەسەر تەواوی ژانرەکان هەبووە و بەردەوامیش لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا، لە لایەن لێکۆڵەران و بیرمەندانەوە، وەک نموونە و پانتاییەک بۆ پراکتیک، بۆی گەراونەتەوە.

کتێبی “دواشەوی لۆرکا” کتێبەکە هەردوو بوارەکەی گرتووە، لەم کتێبەدا چەند دەقی شانۆیی هەن و لەپاڵ ئەوەشدا چەند خوێندنەوە هەن کە بۆ چەند نمایش کراون، نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجی خاوەنی ئەم کتێبەیە و کتێبەکەش دەچێتە خانەی وەرگێڕان و ئامادەکردن و نووسینەوە، ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، لە دووتوێی ٢٠٨ لاپەڕەدا چاپ کراوە و پێک هاتووە لەم بابەتانە:

پێشەکی

دەقی شانۆیی

  • ڕۆژژمێری پیاوێکی سەیر: ئازاد بەرزنجی
  • بەهێزتر: ئۆگەست ستریندبێرگ
  • دواشەوی لۆرکا لە ڤیزنار: جەلیل قەیسی
  • گوڵی بەهار هات: جەلیل قەیسی
  • ئەی شاعیران ماڵئاوا: جەلیل قەیسی

ڕەخنەی شانۆیی

  • سەبارەت بە نمایشی (کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی)
  • سەبارەت بە نمایشی (کۆچبەران)
  • سەبارەت بە نمایشی (مارا ـ ساد)

لە پێشەکییەکەدا، بەرزنجی باس لە سەرەتاکانی خۆی لەگەڵ شانۆدا دەکات و دەنووسێت: «شانۆ لە ژیانمدا هەمیشە ئەو ماڵە بووە کە تێیدا هەستم بە ئارامییەکی ڕۆحیی زۆر کردووە. ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوە بێت کە لەو کاتەوەی قوتابیی سەرەتایی بووم؛ عاشقی نواندن بووم و هەر لەو ڕۆژگارەشدا بەشداریم لە یەک دوو کاری شانۆییدا کردووە. بۆیە ڕەگوڕیشەی ئەو هەستەم دەگەڕێتەوە بۆ مناڵی، پاشانیش لاوی.» پاشتر لە درێژەی هەمان باس، لە گەشتەکەی لەگەڵ شانۆدا دەدوێت، چ وەک ئەوەی هەمان بەش دەخوێنێت، چ وەک ئەوەش بە نووسین، وەرگێڕان، نواندن، دەرهێنان و ئامادەکردنەوە سەرقاڵ و چالاک دەبێت. ئەم کتێبەش: “دواشەوی لۆرکا” بەرهەمی بەشێکی بچووک لە شەونخوونی ئەو ساڵانە و ئەو پڕۆژە شانۆییانەیە کە ئەم نووسەر و وەرگێڕە ئەنجامی داون.

دەقە شانۆییەکان پێنج دەقن، کە هەریەکەیان دەقی بە بایەخ و گرنگن، دەقی یەکەم کە ئازاد بەرزنجی خۆی نووسیویەتی، لە چیرۆکی “ڕۆژژمێری شێتێک”ی نووسەری ڕووس: گۆگۆڵەوە وەری گرتووە، شیاوی ئاماژە بۆ کردنە ئەم چیرۆکە لە زمانی ڕووسییەوە لە لایەن جەلال تەقییەوە کراوە بە کوردی. دەقی دووەم دەقی “بەهێزتر”ی نووسەری گەورەی سوێدی: ئۆگەست ستریندبێرگە. سێ دەقی دوایینی ئەم کتێبە، بەرهەمی نووسەری دیار و چیرۆکنووس و شانۆنووسیی شاری کەرکووک و ئەندامی “گرووپی کەرکووک”، جەلیل قەیسییە. (دواتر خوێندنەوە بۆ یەکێک لە دەقەکانی جەلیل قەیسی دەکەن.) بەشی دووەمی کتێبە خوێندنەوەی سێ نمایشی شانۆیین، کە بوونەتە جێی سەرنجی ئازاد بەرزنجی و هەوڵی داوە باری سەرنجەکانی بە شێوەیەکی ڕوون و سادە دەرببڕێت، یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم سێ خوێندنەوەیە ئەوەیە، کە نووسەر کەشێکی وەهای خولقاندووە کە ئەگەر خوێنەر نمایشەکەشی نەبینیبێت، لە هێڵە درامیەکە دانەبڕێت، ئەویش بەوەی کە تێما شانۆییەکەی داڕشتووەتەوە و لە قاڵبی داستانێکدا گێڕاویەتیەوە.

دواشەوی لۆرکا لە «ڤیزنار»

وەک لە سەرەتای شانۆکەدا هاتووە، جەلیل قەیسی بە بۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شاعیری مەزنی گەلی ئیسپانیا: “فیدریکۆ گارسیا لۆرکا” ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە. هاوکات سەبارەت بە ناوی “ڤیزنار” نووسراوە: ئەو شوێنەیە کە لۆرکای تێدا گیرا، شەوێک تێیدا مایەوە و پاشان لە ڕۆژی داهاتوودا گوللەباران کرا. شانۆنامەکە دەربارەی دوایین شەوی لۆرکایە، ئاشکرایە کە لۆرکا شاعیرێکی گەورەی ئیسپانیا و جیهانە، ئەم شاعیرە لە لایەن ڕژێمی پاشایەتی ئیسپانیا و دەسەڵاتدارانی فرانکۆوە دەگیرێت و دواتر بە تۆمەتی ئاژاوە و هاندانی خەڵک لە دژی دەسەڵات، گوللەباران دەکرێت. ڕەنگە پرسیار بێت هەڵبژاردنی ئەم بابەتە بۆ شانۆ، لە لایەن نووسەرێکی وەک جەلیل قەیسییەوە، سەرچاوەکەی بۆچی بگەڕێتەوە؟ دەقەکەی قەیسی، بەپێی مێژووی نووسینەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، واتا سەروەختی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە تەواوی عێراق و کوردستاندا، جەلیل قەیسی ئەو دۆخە سەرکوتکاریی و دیکتاتۆرییەتەی ئیسپانیا وەک ماسکێک لە ڕووی ئەم دەقە دەپۆشێت بۆ پێشاندانی هەمان دۆخی ڕۆشنبیران و خەڵک لە عێراق و ژێر چەپۆکی ڕژێمی بەعسدا، ئەگەرچی ئەو دوو دەسەڵاتە سەر بە دوو شوێن و کاتی جیاوازیشن. شانۆنامەکە وێنایەکی گشتییە دەربارەی دۆخی ئیسپانیا، ڕووداوەکانی دەقەکە لە ساڵی ١٩٣١وە دەست پێ دەکەن، ئەو کاتەی پاشا هەڵدێت و هەواڵەکەی لە ڕۆژنامەدا بڵاو دەبێتەوە، بەوەش کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی دێت و دەسەڵاتی کۆماری لەو وڵاتە دێتە سەر حوکم، هەروەک ئەوەی لە عێراقیشدا ڕووی دا. بێگومان هەر ئاڵوگۆڕێکی لەو چەشنە لە وڵاتدا، بێ خوێنڕشتن مەحاڵە، بۆیە شانۆنامەکە نەک بەو جۆرەی بچێتە ناو ڕووداو و کارەساتی خوێنڕشتنەکانەوە، بەڵکو لە ڕێی ئەو ترسە پێشوەختەی خەڵک لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لایان دروست دەبێت، دەیەوێت وێنای ڕۆژانی پاشتر بکات، ئەو ڕۆژانەی کە دێن و پڕن لە حاڵەتی نائاسایی و ترسناک.

دواتر شانۆنامە باز بەسەر چەند ساڵێکدا دەدات و لە مێژووی (١٧ی ئابی ١٩٣٦)دا دەوەستێت؛ ئەمەش ئەو ڕۆژەیە کە لۆرکای شاعیر تێیدا دەستگیر دەکرێت. سەبارەت بە جۆری لێکۆڵینەوە و گرتن و لێپێچینەوە لەگەڵ لۆرکادا، چەندین گێڕانەوە هەن، ئەوەی ئەم دەقە شانۆییەش یەکێکی ترە لەو گێڕانەوانە و زادەی خەیاڵی بە بڕشتی جەلیل قەیسییە. ئەفسەری لێکۆڵەر: “خۆسیە کۆزمان” بە شێوەی توند و بریندارکەرانە لێپرسینەوە لەگەل لۆرکادا دەکات، لۆرکاش وەک شاعیرێکی زرنگ و شۆڕشگێڕ بەرەو ڕووی دەوەستێتەوە و لە بەرانبەر هەموو ئەو تۆمانەی ئاڕاستەی دەکرێن، دەڵێت لەبەر خۆشەویستی خاکی ئیسپانیا و خەڵکەکەی کردوونی، شاعیرانە بەرگری لە بیروباوەڕی خۆی دەکات، بیروباوەڕی ئەو شیعر و گۆرانییەکانین کە بەسەر زاری هەموو خەڵکی ئیسپانیاوەن. کۆتایی ئەو لێپێچینەوە توندە، بڕیاری گوللەبارانکردنی لۆرکایە. پاشان لۆرکا دەبرێتە ژوورێکی تاکەکەسی و لەوێ دوو کەس دەبینێت، یەکەمیان خزمەتکارە ئافرەتەکەیەتی بە ناوی “ئەنخیلینا”، دووەمیش مۆسیقاری مەزنی غەرناتە “دیۆنسیکۆ گۆنزالیز”، کە ئەویش وەک لۆرکا دەستبەسەر کراوە بە هەمان حوکم، حوکمدراوە.

لە درکاندنێکدا بۆ ئەنخیلینا، لۆرکا باس لە پێشبینیی مەرگی خۆی دەکات، کە هەر لە مناڵییەوە وێنای کردووە و دەڵێت: «ئەنخیلینا دەزانیت من هەر لە منداڵیمەوە دڵم وا خەبەری دەدامێ کە مردنێکی سەیر دەمرم… بەڵکو مردنێکی زۆر دراماتیکیانە… منداڵ بووم… بەیانییەکیان خەوم زڕا و بەر لەوەی خۆر هەڵبێت هەڵسام ـ هێشتا ئاسمانی “ئەستریمادۆر” تەم گرتبووی… لە نێوان دوو پەیکەری شکاو و کۆندا دانیشتم و تەماشای خۆرم دەکرد کە خەریک بوو هێدی هێدی هەڵدەهات… پەیکەرەکان لە مەڕمەڕ دروست کرابوون و پاشماوەی سەدەی هەژدەیەم بوون… لەو شوێنەی منی لێ بووم، کۆمەڵێک کۆشکی چۆڵ هەبوون، لە کۆشکە کۆنەکانی پیاوە گەورەکانی ئیسپانیا دەچوون… لەپڕێکدا بەرخێکم بینی بە لای مندا تێپەڕی؛ لە ڕانەکەی جیا بووبووەوە، لەناو کۆشکە وێرانەکانەوە شەش بەراز پەیدا بوون و بە هەڵپە شاڵاویان بۆ بەرخەکە برد و لە ماوەی چەند دەقیقەیەکدا ملیان شکاند و لەتوپەتیان کرد. ئەگەرچی کە ئەوەم بینی زۆر ترسام، بەڵام لە جێی خۆم نەجووڵام و سەیری بەرازە ڕەشەکانم دەکرد چۆن لەژێر باڵی ترسوبیمی ئەو بەرەبەیانەدا ملی بەرخەکەیان شکاند. خۆسیە کۆزمان و پیاوەکانیش وەکو ئەو بەرازانە ملی من دەشکێنن… هەر لە منداڵیمەوە دڵم ختوورەی دەکرد کە کەسانێک لەتوپەتم دەکەن.»

کۆتایی ئەم شانۆنامەیە کۆتاییەکی جیاوازە، تەکنیکی شانۆیە لەناو شانۆدا، لە دیمەنی بردنی لۆرکاوە بۆ دەرەوەی زیندان و جێبەجێکردنی ئەو حوکمەی وا بە سەریدا دراوە، لە هەمان ئەو کاتەدا گرووپێک کار لەسەر نمایشی شانۆنامەی “زەماوەندی خوێن”ی لۆرکا دەکەن، هەواڵ دێت نووسەری ئەو شانۆنامەیە لە لایەن پیاوانی دەسەڵاتەوە گوللەباران کراوە. کۆتا دیالۆگیش دیالۆگی “لۆلا”یە، هەمان ئەو کچی هەواڵی مەرگی شاعیری مەزنی ئیسپانیا دەهێنێت، لۆلا ڕوو بە بینەران دەوەستێت و دەڵێت: «خانمان… بەڕێزان… لە کاتێکدا ئەم هۆڵە جێدەهێڵن، هیوادارم منداڵە ئەندەلووسییە شەهیدەکەمانتان لە بیر نەچێتەوە، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش خەم دایگرتن، پەنا ببە بەر وشەکانی ئەو… چونکە ئەم غەرناتییە بۆ ئەوە خولقاوە کە خەمی دڵە شەکەت و ماندووەکان بڕەوێنێتەوە.»

دەسا با شاعیرێک بکڕین

“دەبێت شاعیرەکان لە باخچەکاندا جێ نەهێڵین”

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەم ناونیشانەی سەرەوە، یەکێکی دیکەیە لە کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بابەتی کتێبەکە ئەدەبەییە و یەکێکە لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەدەبی پوورتوگالی، ڕۆمانێکی هێندە کورت، کە خۆی نادات لە سەد لاپەڕە، بەڵام لە ناوڕۆکدا هێندەی کتێبێکی چەند بەرگیی قەبە و گەورە، هەم چێژت پێ دەبەخشێت هەم هۆشیاری.

ئەم ڕۆمانە، لە لایەن نووسەرێکی فرە بەهرەی وڵاتی پوورتوگالەوە نووسراوە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس، وێنەکێش، میوزیکژەن و ڕۆماننووس، هاوکات لە لایەن (کاردۆ عەبدولڕەحمانەوە) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، دەسا با شاعیرێک بکڕین، ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

ئەم کورتەڕۆمانە باس لە زۆر شت دەکات کە پەیوەنددارن بە دونیای چواردەورمانەوە، لە ئیستا و داهاتووی مرۆڤایەتی دەدوێت، هەڕەشە گەورەکانی سیستەمی ئابووریی سەرمایەداریمان بۆ دەخاتە ڕوو،  هەر لە ناونیشانەکەوە خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە کە خۆی ئامادە بکات بۆ گەشتێکی جیاوازی خوێندەوە، خۆی ئامادە بکات بۆ بەرکەوتنێکی قووڵتر  و هەمەلایەنتر لەگەڵ کۆمەڵێک کاراکتەری سەیر سەیر و جیاواز، ڕووداوگەل و چیرۆکی نەبیستراو و دەست بۆ نەبراو، گەشتێک کە خوێنەری وریا هەر زوو ئاشنا دەبێت بە ڕێگا و پەردە لەسەر ڕووبەرە نادیارەکان هەڵدەماڵێت و پنت بە پنت، بە پانتاییە فراوانەکانیدا دەگەڕێت.

ئەم ڕۆمانە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆمیدیانە، یاخود گاڵتەجاڕانە دێتە پێش چاو، بەڵام لە ڕاستیدا تراژیدیای مرۆڤی نوێمان پیشان دەدات لە سایەی سیستەمی نوێی ئابووریی جیهانییەوە، بە شێوەیەک نووسراوە کە مرۆڤەکانی هەر کۆمەڵگایەک، یاخود هەر تاکێکی ئەم جیهانە، وا هەست بکات چیرۆکەکانی ئەو دەگێڕێتەوە و باس لە کۆمەڵگاکەی ئەو و خودی ناخ و هزری ئەو دەکات.

ڕۆمانی (دەسا با شاعیرێک بکڕین) دنیای دڵڕەق و پڕ لە ئاریشە و قەیرانی ئەمڕۆمان بۆ شی دەکاتەوە، دنیایەک کە سیستەمی ئابووری، کاریگەریی خۆی لەسەر هەموو ئاستەکانی ژیانی تاکەکان داناوە و لە چوارچێوەی گرتووە، مرۆڤ و ژیان و گەردوونی لە قاڵبێکدا پێناسە کردووە و مێشک و هزریانی لەسەر یەک ڕیتم و جۆر لە ژیانکردن و دونیابینی و جوانی و چێژ و خەیاڵ میقات کردووە، دنیایەک کە بە هۆی جەنجاڵی و بەیەکداچوونی تۆڕە ئاڵۆزەکانی بەرژەوەندی و باڵادەستیی چینی سەرمایەداری، کە بۆ بێبەهاکردنی ژیان و بە ئامێرکردنی مرۆڤەکان، دەستی بۆ هەموو شتێک بردووە و هەموو جووڵەیەکی خستووەتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی خۆیەوە، بۆ ئەوەی سەرئەنجام مرۆڤی تاکڕەهەند و یەک ڕەنگ و یەک جۆر بیرکرەوە بخولقێنیت، ئەویش لە ڕێی ئەو هەژموونە ئابووریی و باڵادەستییە حوکمڕانییەی کە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی، لە دونیای نوێی مرۆڤایەتیدا ڕابەرایەتی دەکات.

ڕۆمانی دەسا با شاعیرێک بکڕین، ڕۆمانێکە ڕەخنەی ڕادیکاڵی و ڕیشەیی لەو نەزم و نیزامە دەگرێت کە هەموو شتێکی کردووە بە ژمارە و پێوانە، کە مرۆڤی ناچار کردووە هێندەی هەیەتی، هێندە بیر بکاتەوە و هەمیشە لە بیری ئەوەدا بێت کە قەیرانەکان دەتوانن لە پایەکانی ژیانی بدەن و  لەقی بکەن و شکۆی مرۆڤانەی دابڕمێنن، نرخی کاڵا و بەروبوومەکان گران بکەن و ناچارت بکەن لە ڕێی ژمارەکانەوە حیساب بۆ هەنگاونان، خواردن، گەڕان و هەموو جووڵەکانی ژیان بکەیت.

گێڕەرەوەی ڕۆمانەک کچی پیاوێکی سەر بە چینی سەرمایەدارییە و دابونەریتە ئەرستۆکراتییەکانی لە خانەوادەکەیاندا جێبەجێ دەکرێت،  خێزانێک کە خاوەنی هەموو شتێکن لە ڕووی دارایی و پێگە و کەسایەتی خۆیانەوە، پەیوەندییەکانیان بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چینەکەی خۆیان دەبەنە پێشەوە، یان پاشەکشە دەکەن لێی، ماڵێک تەنراو بە دنیای بێ ڕۆحی ماددی، حیساب بۆ گرام بە گرامی خواردنەکانیش دەکەن، بەڵام ماڵێکە بێ خەیاڵ، بێ پرسیار و جوانییە سادەکانی ژیان، هەر بۆیە لەسەر پێشنیاری کچەکە، کە داوا دەکات شاعیرێک بکڕن و لە بری باڵندە و ئاژەڵ و سەگ و پشیلە، شاعیرێک لە ماڵەکەیاندا بەخێو بکەن، سەرەتا بۆ سەرگەرمیی خێزانەکە تەماشای بابەتەکە دەکەن، بەڵام دەواتر بە هاتنی شاعیرەکە بۆ نێو خێزانەکە، کاریگەرییەکی زۆر لەسەر جۆری ژیان و بیرکردنەوەی تاکەکانی خێزانەکە دروست دەکات، بەوەی هەر لە ساتی گەیشتنی شاعیرەکەدا، خەیاڵیش دەگاتە ماڵەکە، بێگومان ئەم ماڵە کە نموونەیەکی دونیای سەرتاسەریی سەرمایەدارییە لەم ڕۆمانەدا، ئەوەی بە لایانەوە گرنگ نەبووبێت خەیاڵ بووە و پێێان وا نەبووە کە خەیاڵ دایکی، یاخود دروستکەر و خولقێنەری هەموو شتەکانە، پێیان وا نەبووە کە تەواوی ئەو شتە گەورە و بچووکانەی لەم دونیایەدا هەن، سەرەتا لە خەیاڵدا بوون، دواتر بیریان لێ کراوەتەوە، ئینجا دروست کراون، بۆیە لێرەوە ئەم ڕۆمانە بە گرنگییەکی زۆرەوە باس لە بەهای خەیاڵ و ڕۆڵ و کاریگەریی خەیاڵ دەکات لە ڕەوتی گەشەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری و ژیانیشدا.

بوونی شاعیرەکە لەنێو ئەو خێزانەدا، واتە بوونی دونیایەکی جیاواز، زمان و تێگەیشتن و دونیابینییەکی جیاواز، کە بێ ئەوەی پێشتر چ حیسابێکیان بۆ کردبێت، یاخود بیریان لێ کردبێتەوە و بە گرنگیان زانیبێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموو ئەندامانی خێزانەکە سوودی لێ دەبێنن و هەموو نووسین، ئاماژە، هەڵسوکەوت و جووڵە و قسەیەکی شاعیرەکە، بۆ ئەوان دەبێت بە ئەزموونێک و هەست بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەن کە پێشتر بەبێ بوونی خەیاڵ و دیدگایەکی شاعیرانە، لە ژیانیاندا هەبووە، واتە ئەو چێژە ماددییەی لە ڕێی سەرمایەوە دەستیان کەوتووە، بە چێژێکی راستەقینەیان زانیوە، بەڵام کاتێک قەیرانی ئابووری دروست دەبێت، ترسێکی گەوتر سەرلەبەری خێزانەکە دادەگرێت، یەکەم شت بیر لە کەمکردنەوەی خەرجی ڕۆژانە دەکەنەوە، دواتر شاعیرەکە دەبەن لە باخێکدا بەرەڵای دەکەن، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە دواجار خێزانەک لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە و دایککە چیدی ئەو ملکەچی و بێدەنگییە قبووڵ ناکات کە پێشتر تیایدا بووە و شتێکی گرنگ بەدەست دەهێنێت، کە ئەویش ئازادییە، ئەم ئەزموونەش تەنها لە شاعیرەکەوە فێر دەبێت و لەوەوە لە بەها و گرنگیی ئازادی تێدەگات، لێرەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات کە شاعیرەکە چ سوودێکی پێ گەیاندوون، چ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕەوتی ژیان و بیرکردنەوەیان هەبووە و چۆن چۆنی ژیانە ڕاستەقینەکە و چێژە گەورەکەی ژیانی پێناساندوون.

بێگومان ئەم ڕۆمانە فرەڕەهەندە و باس لە تەنها یەک جۆر بابەت، یان چیرۆک ناکات، بەڵام هەر چۆنێک لێی بڕوانین، لە لایەکەوە ڕەخنە لە دونیای ساردوسڕو بێ گیانی ماددییانەی سەرمایەداری دەگرێت، لە لایەکی دیکەوە شکۆی خەیاڵ پیشان دەدات کە چ ڕۆڵێکی بونیادی هەیە، هەم لەسەر ژیان، هەم لەسەر تێگەیشتن و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، بە تایبەت لە سەردەم و دونیایەکدا، کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە خۆری شیعر ئاوا بووە و شیعر ئەو هێز و توانایەی نییە کە دەست بخاتە ناو ژیانەوە و کاریگەری لەسەر پێشهات و کۆمەڵگە و ڕووداوەکان و عەقڵەکان هەبێت، لێرەدا و لەنێو جەرگەی ڕووداوەکانی نێو دووتوێی ئەم ڕۆمانەوە، دەگەین بەو یەقینەی کە هەر شتێک زادەی خەیاڵ بێت، توانای مانەوەی زیاترە و کاریگەریی ئەوتۆش لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و پەیوەندی و مرۆڤەکان جێ دەهێڵێت.

هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکدا، وەرگێڕی ڕۆمانەکە خستوویەتییە ڕوو، نووسەری ئەم ڕۆمانە (ئەفۆنسۆ کرووش) چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پوورتوگالییە، ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی (فیگوبرا دا فوز) لەدایک بووە، کۆلێژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە، یەکەمین چیرۆکی لە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهانی)ی بڵاو کردەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆر لە بارەیەوە دروست بوو، خەڵاتی (کامیلو برانک)ی بەدەست هێنا.

نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پوورتوگال و ئەروپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاتر لە بیست زمان وەرگێڕدراون.

ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت، دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاوی کردووەتەوە، ناوی (کوشتنی خوا)یە، لە ساڵی ٢٠١٠ دا چیرۆکی (ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن)ی بڵاوکردەوە، لەگەڵ (مەسیح بیرە دەخواتەوە) کە ئەمیان بە یەکێک لە دیارترین چیرۆکی پوورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا دادەنرێت.

بە گشتی ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکە و سادەیە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هان بدەین دەست بە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێشە بکەن، خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە سەرنج و وێناکردنەکانمان بۆ دونیای سەرمایە و پەرژەوەندیخوازیی ئەو نەزم و نیزامە دەگۆڕێت، هاوکات ئاگادارمان دەکاتەوە کە لە چ ئێستا و لە چ فەزایەکی دڵڕەق و تووند و سارددا دەژین، کە چۆن ئابووری سیفەت و تایبەتمەندییە مرۆییەکانی لێ سەندووینەتەوە هەموو شتێکی، بە ناوەکانیشمانەوە کردووە بە ژمارە.

کۆمەڵگەی شاعیرکڕ، یان کۆمەڵگەی سەرمایەداری

خستنەڕووی: “دەسا با شاعیرێک بکڕین”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

سەرەتا دەکرێت لەم خاڵەوە دەست پێ بکەین و وەک باسێک بیخەینە بەرچاو، ئەویش پرسی ناوی نوێ و ئەدەبی نوێیە بۆ ناو پانتایی کولتووریی، ئەویش لە ڕێگەی کاری وەرگێڕانەوە، زەروورەتی ئەم کردەیە، واتا کردەی وەرگێڕانی ناوێک کە پێشتر بە خوێنەری کورد ئاشنا نییە و هیچ کارێکی نەکراوە بە کوردی، لە بەرانبەر ئەو ناوە دیارانەی کە ئەگەر هەموو بەرهەمەکانیشیان وەرنەگێڕابێت بۆ سەر زمانی کوردی، ئەوا دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆر لە کارەکانیان تەرجەمە کراونەتەوە و بەردەستن، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەردوو کارەکە گرنگ و جێی بایەخن، بەڵام لێرەدا و بە شێوەیەکی تایبەت (نیسبەت بە کتێبی بەرباسەوە) دەتوانین گرنگی دەنگی نوێ لە پانتایی وەرگێڕاندا دەربخەین، بەو واتایەی ئەو ئەدەبیاتە نوێیەی هەنووکە لە دنیادا دەنووسرێت و خوێنەرانێکی زۆر پێشوازی لێ دەکەن و نووسەرەکانیان خەریکی چنینەوەی خەڵاتە ئەدەبییەکانن و بەردەوامیش بۆ زمانە زیندووەکان وەردەگێڕدرێن، بۆ ئێمەیش وەک کورد، وەک نووسەران و خوێنەران، ئاشنابوون بەو دەنگە جددی و نوێیانە هێجگار گرنگە و دەتوانێت کاریگەریی ناوازەی هەبێت، ئاسۆی تازە بەسەرماندا بکاتەوە و هاوکات پەیی بەو دنیا نوێیە ببەین کە نووسەران دەیخولقێنن و پێشکەشی دەکەن، ئەوە جیا لە گرنگی لایەنە هونەرییەکانی ئەو دەقانە، کە بە فۆرمی تازە و تەکنیکی نوێباو و ئەمڕۆیی، فەزایەک دەسازێنن کە پڕە لە سەرکێشی و جوانی لە داهێنان و نوێگەریدا.

ئەفۆنسۆ کرووش بۆ خوێنەرانی کورد ناوێکی نوێیە، ڕۆمانە چکۆلەشی “دەسا با شاعیرێک بکڕێن” بە هەمان شێوە ناوێکی نوێیە، وەرگێڕەکەشی “کاردۆ عەبدولڕەحمان” دیسان ناوێکی تازەیە بۆ وەرگێڕانی کوردی، کە واتە ئێمە لە بەردەم کتێبێکی تازەداین بە هەموو بارەکاندا. ئەفۆنسۆ کرووش، چیرۆکنووس و وێنەکێش و میوزیکژەنێکی پورتوگالییە. ساڵی ١٩٧١ لە ناوچەی فیگویرا دا فوز لەدایک بووە. کۆلیژی هونەرە جوانەکان و پەیمانگەی هونەری شێوەکاریی لە شاری لیشبۆنە تەواو کردووە. یەکەمین چیرۆکی ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە. دوای ساڵێک (فەرهەنگی چیرۆکی جیهان)ی بڵاو کردووەتەوە، کە مشتومڕ و ڕەخنەیەکی زۆری لە بارەوە کرا؛ خەڵاتی “کامیلو کاستیلو برانک”ی بەدەست هێنا. نووسینەکانی کرووش چەندین خەڵاتی تریان لەسەر ئاستی پورتوگال و ئەرووپا بەدەست هێناوە و بۆ زیاد لە بیست زمان وەرگێڕدراون. ئەم چیرۆکنووسە، هەمیشە ناونیشانی جێسەرنج و مشتومڕ بۆ چیرۆکەکانی دادەنێت. دووەم کتێبی کە ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کردووەتەوە، ناوی “گۆشتی خودا”یە، لە ساڵی ٢٠١٠دا چیرۆکی “ئەو کتێبانەی باوکم لووش دەدەن”ی بڵاو کردەوە، لەگەڵ “مەسیح بیرە دەخواتەوە” کە ئەمەیان بە یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین چیرۆکی پورتوگالی لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردووەدا دادەنرێت.

“دەسا با شاعیرێک بکڕین” نۆڤلێتێکی بچکۆلە و یەک پشووە، خوێنەر دەتوانێت هەر دەستی دایە، لەگەڵ ڕووداوەکانیدا تێهەڵکێش ببێت و بچێتە نێو جوگرافیای گێڕانەوەیەکی ناباو و سەیر، گێڕانەوەیەک کە ڕەنگە بۆی، یەکەم جار و سەرەتا بێت. چیرۆکی ئەم نۆڤلێتە بەسەرهاتی خێزانێکی چوار کەسیی دەگێڕێتەوە، ئەوان و ناوماڵەکەیان چەقی ڕووداوەکانن و هەموو شتێکی لەوێوە ئاراستە دەکرێت. خێزانەکە لە چینی خوار ناوەندەوەن، ئەم چینە بزوێنەری بەشێک لە کایەکانی کۆمەڵگەن، پایەیەکی گرنگن لەناو دنیای شاردا و دەتوانن بە کردە جووڵە بخەنە ڕەوتی شلوشاوی شار. ئیدی ئەو جموجووڵە هەرچییەک بێت، بچووک یاخود گەورە، ئەوەی کە گرنگە ڕێک لەو کاتەدا کە خەریکە شتەکان بەرەو چەقبەستوویی و نەگۆڕان دەچن، ئەوان کارێک دەکەن کە ئەو دۆخە بشڵەقێت، ئەم ڕۆمانە بە بیرۆکە سەیروسەمەرەکەیەوە لەو سۆنگەیەوە سەرچاوەی گرتووە، بیرۆکەکەی کەمێک ناواقیعی و نالۆژیکییە: کڕینی شاعیرێک و هێنانی بۆ ماڵەوە! بەڵام ئەمە ڕوو دەدات و تەواوی هێڵە لاوەکییەکانیش بە دەوری ئەم بیرۆکەیەدا دەخولێنەوە، بە واتایەکی تر دەکەونە خزمەتی ئەو بیرۆکەیەوە. خێزانەکە شاعیرێک دەکڕن، بۆ بچووکترین منداڵی خۆیان، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموویان بەو شاعیرە و دنیاکەیەوە سەرقاڵ دەبن، یان شاعیرەکە بە نواندنی کردارەکانی ئەفسوونباریان دەکات و دەیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم نۆڤلێتە زمانی گێڕانەوەکەیەتی، زمانی گێڕانەوەی ئەم دەقە زمانێکی تەنزئامێز و کۆمیکە، ڕێک هەڵگۆزتەی تێمای سەرەکیی دەقەکەیە، زمانە دنیایەک ڕۆ دەنێت، کە هەمیشە وەک چەقۆی دوو دەم دەتوانێت بپکێت، دنیایەک کە دنیای شاعیرانە، دنیایەک کە دنیای سەرمایەدارییە، ئەم نۆڤلێتە زۆر بە وردی ئەو خەتانە پێشان دەدات کە وەک وردەگێڕانەوە دەڕژێنە نێو ڕووباری شاگێڕانەوەکەیەوە. دۆخی شاعیران لە سەردەمی ئێستادا، سەردەمی سەرمایەداری، دنیایەکی پارادۆکسە، پێکەوە هەڵناکەن، ئەوەی بە “خەونی شاعیران” ناسراوە، لەم زەمەنەدا خەونێکی پووچەڵە و بڕ ناکات، لە درێژە و مەتنی نۆڤلێتەکەدا ئەو خەونە شاعیرانەیە بە شێوەی جیا جیا هاتووە، جارێک وەک شەو و مانگ، جارێک وەک پەپوولە و گوڵ و… نووسەر نایەوێت ئەم هەڵنەکردنە بە وشەیەک ڕایی بکات، بەڵکو دەیەوێت لە بەگەڕخستنی ئەو زمانە تایبەتەوە حاڵەتەکە بخاتە بەرچاو، گاڵتە بەو دنیایە دەکات، بە خودی شیعر نا، بەڵکو بە شاعیرانێک کە هێشتا ئەوداڵی غەزەلخوانین، هێشتا گۆرانی بۆ گوڵ و مانگەشەو دەڵێن، لە کاتێکدا زەمەنەکە هێجگار زبرە و لە مێژە لەو خەونانە تێپەڕیوە، دەبێت شاعیران خەونی نوێ دابهێنن، خەونگەلێک کە تەعبیر لەو سەردەمە بکات وا تێیدا دەژین، نەک خەونی چەند سەدە لەوەوبەر ببیننەوە. ئەمە هاوسەنگی نییە، هاوتەریبییە لە نێوان دوو دنیای بە ڕواڵەت پێک ناکۆکدا، بەڵام لە ناوەخندا دەتوانن هاوشان بڕۆنە پێش و بەرگەی قورسییەکانی یەکتر بگرن، دۆزینەوەی ڕێگەی یەکگرتنەوەی شیعر و سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا ڕەنگە سانا نەبێت، بەڵام شاعیرانێکی درککەر، شاعیرانێک کە چاویان لە قووڵایی واقیع و بێڕەحمی ئەمڕۆ بڕیوە و نادادییەکان ئازاری ویژانی شاعیرانەیان دەدات، دەتوانن لەو جێگەیەدا، لەو پۆخڵەواتییەشدا، شیعر ببیننەوە.

خاڵێکی ناوازە لەم کورتەڕۆمانەدا نەبوونی ناوە، بە تایبەت ناوی کەسێتی، لە بری ئەوە ژمارە و پیتمان هەیە، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ئاڵۆزییەک پێک بهێنێت، بەڵام پشتینەی ئەم ناوانە بۆ دەقەکە نەوتراوەکانی دەق تۆختر و دەوڵەمەندتر دەکەن. نەبوونی ناو، ناسینەوەی کەسەکان بەپێی ژمارە و پیت، دەلالەتە لە ونبوونی شوناس، لە دنیای نوێدا، لە سەدەی بیستویەکدا، لە باڵادەستبوونی پارە و ساماندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە “دەسا با شاعیرێک بکڕین” دەنگی سەردەمەکەی خۆی بەدەنگ هێناوە، ڕەخنەی دەکات، بەو بارودۆخە ڕازی نییە و بە شێوەیەکی تەنزئامێز دەرگیری دەبێت.

ئەم کورتەڕۆمانە وەک چۆن بە سەرەتایەکی ناوازەوە دەست پێ دەکات، بەو جۆرەش بە کۆتاییەکی سەیرەوە خوێنەر بەجێ دەهێڵێت، کۆتاییەک کە ناتوانیت ناوێکی دیاریکراوی بخەیتە سەر، ئایا ئەوە بەشێکە لە ڕەوتی گێڕانەوەی نۆڤلێتەکە، یان نا، وتارێکە دەربارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەدا، کۆتاییەکە بە چەند داتا و بەڵگە ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییە لە کۆمەڵگە جیاکاندا دەردەخات و خوێنەریش ڕەنگە بڵێت ئێ، ئەمە بۆ، لەپای چی ئەم باسە! ڕەنگە قورس بێت وەڵامێکی قەتعی و یەکدەست بەو گومان و ڕاڕاییە، بەڵام ئەگەر بە هەمان ڕێڕەو کە لەگەڵ فۆرم و ناوەڕۆکی “دەسا با شاعیرێک بکڕین”دا هاتوون درێژە بدەین، ئەوا دەتوانین بەم جۆرە کۆتاییەکە بخوێنینەوە: کۆتاییەکە دەیەوێت پێگە و ڕۆڵی نووسەر، بە تایبەت چیرۆکنووس و ڕۆماننووس، لە دنیای ئەمڕۆدا دیاری بکات، لە بەرانبەر ئەو پێشهات و ڕووداوانەی بەردەوام لە دەوروبەری دەگوزەرێن، بە تایبەت کێشەی سەرمایەداری، کە گرفتێکی بنچینەیی کۆمەڵگە جیاوازەکانە و زۆرێک لە خێزانەکان بەو گرفتەوە دەناڵێنن و تا ڕادەی هەڵوەشانەوە، هەڵدەوەشێنەوە. لە ڕووی فۆرمیشەوە، دەتوانین بڵێین کە دەقەکە هەڵگری فۆرمێکی جیاوازە و هەواڵی داوە ئەو جیاوازییە بە جومگە بە جومگەوە دەربخات، بێگومان کۆتاییش بەشێکی گرنگە لە جومگەکان و کۆتایی ئەم نۆڤلێتەش جەختی ئەو جیاوازییە دەکاتەوە.

گفتوگۆی دوو هاوڕێ لە پاییزی تەمەندا

خستنەڕووی: “ماڵێک بە لێژەبانی سوور”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“بیرۆکەی سەرەتایی ئەم گفتوگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە هەستم کرد عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ هاوپۆلی قۆناغی خوێندنی ناوەندی بوون. داوام لە ئایدین ئاغداشلۆ کرد، داوەتی کیاڕۆستەمی بکات بۆ ماڵەکەی و ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ڕازی بوو، کیاڕۆستەمیش داوەکەی ئەوی قبووڵ کرد. بەڵام بەرهەمی ئەم دیدارە لەوە پێشبینیکراوتر بوو کە وێنام دەکرد؛ گفتوگۆیەکی دوورودرێژ، کە بەشێکی ساڵی ٢٠١٤ لە ساڵنامەی ڕۆژنامەی “شەرق”دا بڵاو بووەتەوە و بە هۆکاری دوورودرێژبوونی تەنانەت بەر لە چاپ، لە ڕۆژنامە، عەباس کیاڕۆستەمی پێشنیاری کرد. باشترە وەک کتێبێکی بچووک بە ناونیشانی “ماڵێک بە لێژەبانی سوور” بڵاو ببێتەوە.” ئەمە گوتەی مەرجان سائیبییە، کە ئامادەکاری ئەو کتێبەیە کە تێیدا دوو هاوڕێی قۆناغی ناوەندی، کە هەردووکیان تەمەنیان سیازدە ساڵ بووە، دێنە گفتوگۆ و یادەوەریی ئەو قۆناغە و دواتر دەگێڕنەوە؛ ئەوانیش هەردوو هونەرمەندی دیاری ئێران، دەرهێنەری سینەمایی عەباس کیاڕۆستەمی و هونەرمەندی شێوەکار ئایدین ئاغداشلۆیە.

گفتوگۆ یەکێکە لەو کەناڵانەی کە تێیدا دەتوانرێت ئاسۆی بیرکردنەوەی نووسەران و هونەرمەندا سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی کەسی و گشتی، داهێنان و هەندێ بابەت کە ڕەنگە بۆ کەسانێک کە خولیا و ئارەزوومەندی ئەو نووسەر یان هونەرمەندەن، دەرچە و کلیلێکی گەورە بێت بۆ کردنەوەی زۆر لایەنی نەدیتراو و نەبینراو. گفتوگۆ عادەتێکی هەیە کە ڕاستەوخۆ دەگات، ئایدیاکان ڕوونن و وەڵامەکان دوور لە ئاڵۆزی دەتوانن بەیان بکرێن. لە ڕێی گفتوگۆوە باشتر دەتوانین باکگراوندی نووسەر یان هومەرمەند بزانین، دەتوانین پەیی بە قووڵایی هەندێ باس ببەین کە دەگمەن دەکرێ لەناو کارەکانیدا بدۆزرێنەوە. سروشتی گفتوگۆ سادەکردنەوەی هەندێ ئاڵۆزییە، ڕێیەکی تەخت و ڕێکە بۆ گەیشتن بە دڵی ناوەڕۆک.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە بچکۆلەیە، کە وەک لەژێر ناونیشانی سەرەکیدا هاتووە “گفتوگۆ لەگەڵ عەباس کیاڕۆستەمی و ئایدین ئاغداشلۆ”، نموونەی ئەو گفتوگۆیانەیە کە تێیدا سەرلەبەر تەرخانە بۆ یادەوەریگەلێک کە دەچنە خانەی یادەوەریی ڕۆژانە و زەمەنێکی دوورەوە، یادەوەریگەلێک کە سەروەختیان ئاماژەکان بۆ داهێنان کاڵن و گرەنتی نییە لەو یادەوەرییانە دوو کەسی بەناوودەنگ دەربێن. کاتێک ئەم وتووێژە ساز دەبێت، کە هەردوو هونەرمەند حەفتاوسێ ساڵیانە، گێڕانەوەی بەسەرهات و بیرەوەرییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سیازدە ساڵی، واتە شەست ساڵ لەوەوبەر. لەو کاتەدا کە عەباس کیاڕۆستەمی لە قوتابخانەیەکی زۆر خراپەوە ڕوو دەکاتە ناوەندی جەم و لەوێ وەک غەریبەیەک تێکەڵ بەو دنیایە دەبێت، هەست بەو جیاوازییە کولتووری و ئابوورییە دەکات لە هەردوو شوێنەکەدا، بۆیە زۆربەی کاتەکان بە تەنیا و لە گۆشەیەکدا دەوەستێت و بەس تەماشا دەکات؛ کردەی “تەماشا”، کە کردەیەکی تەواو سینەماییە، هەر لەو کاتەوە لە عەباسدا دەردەکەوێت و ئایدین ئاغداشلۆ جەختی ئەم لایەنەی کیاڕۆستەمی دەکاتەوە و دەڵێت ئەو بەردەوام تەماشای دەکرد و هەموو شتەکانی تۆمار دەکرد. ئەم هاوڕێیەتییە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ ڕۆژێی ناو ئەو ناوەندییە و چەندین دۆخ و شێواز بە خۆیەوە دەگرێت، تەنانەت دەگاتە کە جارێک دەکەونە شەڕ لەگەڵ یەکتر، دەگێڕنەوە کە ڕەحلەیان بە دەرگای پۆلەکەوە ناوە، بە تەنیا هەردووکیان لە پۆلدا بوون و ئیتر پەلاماری یەکتریان داوە، تا توانیویانە لە یەکتریان داوە، تەواو شەکەت بوون، قوتابییەکان لە پەنجەرەوە سەیریان کردوون، دواتر کە هیچ تینێکیان تێدا نەماوە، هاتوونەتە دەرەوە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کتێبە چکۆلەیە، کە ڕەنگە لایەنە زۆر جوانەکەشی بێت، کەمتر هەردوو هونەرمەند زۆر کەم دێنە ناو باسە جددییەکانەوە، زیاتر دەوری هەندێ یادەوەری دەدەنەوە، کە سەر بە قۆناغێکن هێشتا هیچیان ناو نین و تەنیا گەنجێکن لە سەرەتای خۆپێگەیاندندا. وتووێژەکە زۆر هاوڕێیانەیە، بەسەرکردنەوەی دەیان ناوی ترە کە هاوڕێی ئەو قۆناغەیان بوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەرییەکیان هەبووە، یاخود ڕووداوێکیان لە لا بەجێ هێشتوون. بێگومان لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکاندا هەردووکیان زاکیرەییەکی ڕوون و تیژیان هەیە، بەڵام عەباس کیاڕۆستەمی وردتر و دەقیقترە، بە جۆرێک کە ئایدین لە بیرهێناوەنەوەی هەندێ ناو و ڕووداودا، تووشی شۆک و سەرسامی دەبێت.

پێگەی عەباس کیاڕۆستەمی پێگەیەکی جیهانییە، لەم گفتوگۆیانەشدا ئەمە بەرجەستە بووەتەوە. سەرەتایەک بۆ کتێبەکە لە لایەن ئایدین ئاغداشلۆوە لەژێر ناوی “چاوەڕێی دەنگی پێی بووم” نووسراوە، تێیدا باس لەو چاوەڕوانییە دەکات کە پاش ئەو هەموو ساڵە بڕیارە عەباس کیاڕۆستەمی بێت بۆ گەلەری ژێرزەمینەکەی و لەوێ ئەو گفتوگۆیە بکەن، باس لە هەستە وردەکانی خۆی دەکات، لە ڕێکوپێکی شتەکان و شیاویان لە ئاست قەڵافەتی بەشکۆیی کیاڕۆستەمیدا. با پێکەوە گوێ لەم هەستە تایبەتانە بگرین:

“قبووڵی کرد کە بێتە گەلەرییەکەی من و لە ژێرزەمینی سەر شەقامی سوهرەوەردیی باشوور، لە کاتی خۆیشیدا هات، چەند کارێکی باشی کرد، چونکە دڵم لای بوو و خەریکبووم ماڵی گسکدراوم لە خۆوە دووبارە گسک دەدایەوە و ڕێکوپێکم دەکرد و سەیری پەرداخەکانم دەکردەوە، تا نەبا شوێنپەنجەیەک، یان پاشماوەیەکی ڕەنگینیان بە سەرەوە مابێت، چووم لە کۆگای کتێبەکان دوایین تابلۆم بە زەحمەتی زۆر دەرکێشا و لەسەر مێزی کارەکەم دامنا، تا بە دیاری بیدەم بەو و کەلوپەلی قاوەم ڕێک خست، کە کەلوپەلێکیش نییە و خێرا قاوە دەکەمە کوپگەلێکەوە، کە لە فرۆشگەی مۆزەخانەکان کڕیومە و لەسەر هەریەکێکیان وێنەی کاشییەکانی ئیزنیک، چاپ کراوە و هەمووی لەسەر سینییەکی ڕەشی پلاستیک دادەنێم ـ کە وێنەی پەپووسڵێمانکەیەک لە کاتی ڕاکردندا لە ناوەڕاستیدا هەڵکۆڵراوە ـ.”

لە بەرانبەردا، کاتێک گوێ لە عەباس کیاڕۆستەمی دەگرین تێدەگەین کە ئەم هاوڕێیەتییە بنەماکەی چەند پتەو و دروست بووە، ئەویش لەو جێیانەدا کە باسی کاریگەریی ئایدین ئاغداشلۆ دەکات لەسەر خۆی، کاریگەرییەکە پەیوەستە بە هەمان قۆناغەوە، قۆناغی ناوەندی، کە تێیدا ئایدین ئاغداشلۆ نەخۆش دەکەوێت و بەو هۆیەوە ساڵێکی ڕەبەق نایەتەوە بۆ قوتابخانە، ئایدین لەو ساڵەدا بەس خەریکی خوێندنەوە دەبێت، کاتێک دەگەڕێتەوە، بە گوتەی کیاڕۆستەمی ئایدینێکی ترە و چیدی ئەوەی پێشوو نییە، لێرەوەیە وەک دەرهێنەرێکی جیهانی، کیاڕۆستەمی باس لەو کاریگەرییەی ئایدین دەکات کە هەیبووە لەو سەردەمەدا، بەوەی کە ئەو کتێبانەی خوێندوویەتیەوە داویەتی بە عەباس و عەباس لەوێوە ئاشنایەتییەکی پتەو لەگەڵ ئەدەبیات و بە تایبەت شیعردا پەیدا دەکات.

لە میانی ئەم گفتوگۆیانەوە چەند دەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لە ئێراندا تاوتووێ دەکرێن، ناوگەلێک دێن کە هەر وەک ئەمان لەو کاتەدا ناو نەبوون و دیار نەبوون، بەڵام دواتر لەو ناوە هەرە دیارانەی نووسەران و هونەرمەندانی فارسن لە تەواوی دنیادا. بە گشتی کەشێکی گاڵتەئامێز و پڕ لە یادەوەریی خۆش و پێکەنین زاڵە بەسەر تەواوی کتێبەکەدا، هەر ئەمەش وای کردووە کە کتێبەکە خۆشدەست و خۆشخوێن بێت، هێڵی تۆخی هاوڕێیەتی ئەم دوو هونەرمەندە هاوتەریب بە درێژایی شەست ساڵ کشاوە، لە زۆر کات و شوێندا ئەم دوو هونەرمەندە لە یەکتر دابڕوان، بەڵام بەردەوام لە نەستی یەکدا ئامادەییان هەبووە، کتێبەکە نموونەیەکی جوانی ڕاستگۆیانەی دوو هونەرمەند بەیان دەکات، کە چ لەگەڵ یەکتر و چ لەگەڵ بەرهەم و بیرکردنەوەیاندا، تەبا و کۆکە. ئەمەش دەکرێت ببێتە مۆدێلێک بۆ چاولێکەری نێوان هەردوو هاوڕێیەک لە هەر جێیەکی ئەم دنیایەدا بن، جا گەر کەسی ئاسایی بن، یان لە دوو پێگەی بەرزی ئەدەبی و هونەری یان هەر پایەکی تردا ڕاوەستابن.

وەرگێڕی ئەم کتێبە خنجیلە و جوانە جەبار سابیرە، کە ڕاستەوخۆ لە زمانی فارسییەوە کتێبەکەی کردووە بە کوردی، کوردییەکی شیاو و شایستە بە وتووێژێکی لەو چەشنە. جەبار سابیر کە ئەمڕۆ ناوێکی چالاک و پڕکاری کایەی وەرگێڕانە، لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویەتی: “خوێندنەوە و گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە، ئەم دوو هونەرمەندە گرنگ و کاریگەرەی ئێرانی هاوچەرخ، زۆر بە سادەیی و بێ ڕتووش باسی ژیان و قۆناغەکانی ژیانیان دەکەن، ئەوەی چۆن خۆیان پێگەیاندووە و بوونەتە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەیش وەک کورد بێین، سەیری کارەکانیان بکەین و سوودیان لێ وەربگرین و سەرسام بین پێیان.” کتێبەکە لە لایەن “دەزاگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە دووتوێی ١١٠ لاپەڕەدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ئەو کاتەی ئەزموونی نووسەرێک دەخوێنینەوە

خستنەڕووی: کۆچیرۆکی “خۆرکەوتن”

خوێندنەوەی: سەردەم

کۆبەرهەم لە کۆمەڵێک لایەنەوە یارمەتیدەرە، یەکەم: ئەوەیە کە خوێنەر ئاشنا دەبێت بە هەنگاوەکانی نووسەر، واتە دەبینێت لە کوێدا بەرەو پێش چووە و لە کوێشدا دابەزیوە. دووەم: کۆبەرهەم ئەو باشییەی هەیە کە دەرفەتێکی ناوازە دەخاتە بەردەم لێکۆڵەر کە بە سانایی بەرهەم و کتیبەکانی نووسەرێکی لەبەر دەستدا بێت بۆ توێژینەوە و هەر بوارێکی تری لێکۆڵینەوە، کە نەبوونی بەرهەمەکانی نووسەرێک لەبەر دەست ڕەخنەگردا، بەردەوام گرفتێکی سەرەکی بووە. سێیەم: ئەزموونی نووسەران بە لانیکەمەوە پەنجا ساڵ نووسین دەبێت، ڕەنگە یەکەمین کتێبەکانی نووسەرەکە سەروەختێک بووبێت کە لە ئێستا زۆر دوور کەوتبێتەوە، بە هیچ جۆرێک نەتوانرێت ئەو کتێبە لە هیچ کتێبفرۆشییەک، یاخود لە کتێبخانەی گشتی و ناوەندەکان دەست بخرێت، بەڵام کاتێک دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی سەرجەم بەرهەمی ئەو نووسەرە، ئەوە خزمەتێکی گشتی دەکات، جیا لە یەکەم کەس بە خودی نووسەرەکە، بە هەموو کەسانێک کە ئەوداڵی خوێندنەوە و بە تایبەتیش بەرهەمی ئەو نووسەرەن. چوارەم: بە چاپکردنی کۆبەرهەمی نووسەرێک دەتوانرێ باشترین ئامادەییەک بڕەخسێنرێ بۆ ئەو نووسەرە، تاکو خۆی و بەرهەمی لە بیر نەچنەوە و بەردەوام بە بینینی کۆبەرهەمەکەی و خوێندنەوەی، بیرمان بێتەوە کە ئەو نووسەرەشمان هەبووە.

حەمەفەریق حەسەن ناوێکی ناسراو و دیاری نێو ئەدەبیاتی کوردییە، ئەو لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، بەردەوام بە نووسین و بڵاوکردنەوە ئامادەیی خۆی لەنێو پانتایی ئەدەبی کوردیدا سەلماندووە، لە کۆمەڵێک بواردا نووسین و بەرهەمی هەیە، کە دیارترینیان: چیرۆک، ڕۆمان، ئەدەبی فۆلکلۆر، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و هونەریی، وەرگێڕان، یادداشت، لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسییانە و… حەمەفەریق حەسەن لەو نووسەرانەیە کە لە هەریەک لەو کایانەدا بەرهەمی بە بڕشت و ناوازەی پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە، کارەکانی بە جۆرێکن کە بە وردی لەنێو دنیای کوردیدا جێ دەگرن، چونکوو سەرچاوەکەیان مێژوو و ژان و خەمی گەلی کوردە، لەناو جەرگەی ئەو پانتاییەدا ئایدیاکانی هەڵدەگۆزێ و دەینووسێتەوە، هەر بۆیە بەردەوام لەگەڵ دنیای نووسین و بیرکردنەوەی ئێمە نزیکە و ئەو گرفت و خەم و تەنگەژانەی ئەو وەک تێما کاریان لەسەر دەکات، هیی ئێمە و هەموومانن.

بێگومان حەمەفەریق حەسەن نووسەرێکی دەستڕەنگینی کوردە، ئەو زیاد لە هەر شت وەک چیرۆکنووس ناسراوە و لەو ڕووەشەوە وەک نووسەرێکی دەستپێشخەر و نوێکەرەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەری تری کورددا، لە بەرەو پێشبردنی چیرۆکی کوردی و جێگیرکردنی چیرۆک وەک ژانرێکی مۆدێرن، ڕۆڵی گرنگ و بەرچاوی هەبووە. ئەگەر چیرۆکی کوردی پێشتر جۆرێک لە کەشی حەکایەت و زارەکی بەسەریدا زاڵ بوو، ئەوا لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا تەکانێکی دا و خۆی نوێ کردەوە وەک ژانرێکی هونەری چڕ و تۆکمە، کۆمەڵێک چیرۆکنووس لە پانتایی چیرۆکی کوردیدا چەسپاندیان. هەوڵەکانی حەمەفەریق حەسەن هەر لە سەرەتاوە دەریدەخات کە لەپێناو جۆرێکی تر لە گێڕانەوەدا بێنە مەیدان، ئێمە ئێستاش کاتێک یەکەم کۆمەڵەچیرۆکی ئەو دەخوێنینەوە، تێدەگەین کە لە نووسەرانی پێش خۆی و تەنانەت هاوسەردەم و هاونەوەکانیشی جوودا بووە، کۆمەڵەچیرۆکی “سێبەری ئەسپەشێ” کە ساڵی ١٩٧٧ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، ئەم کتێبە لە حەوت چیرۆک پێک هاتووە، بەم ناوانە: “ئەستێرەیەک لە ڕۆژی ڕوونا، سێبەری ئەسپەشێ، بووک و زاوا، خاڵێکی ڕەش بەسەر شەقامە گشتییەکەوە، خاچ، قولاپی چاوەکان و وەرزی کەوبووار”، دەمانەوێ لەسەر ئەم کۆمەڵەچیرۆکە لەنگەرێک بگرین، تا گزنگی ئەو سەرەتایە کەمێک دەربخەین.

سەرەتا با گوێ لەو پێشەکییە بگرین کە نووسەری لاو لەو کاتەدا، بۆ کۆمەڵەچیرۆکەکەی “سێبەری ئەسپەشێ”ی نووسیوە: “هەموو کەسێک سەرەتا، کە دەست دەداتە پێنووس و خۆی لە بواری ئەدەبدا تاقی دەکاتەوە، جا شیعر بێت یان چیرۆک، مەڵۆیەکی ئەوتۆی پێ نییە شیاوی ئەوە بێت بخرێتە سەر جۆخینی ئەدەبەکەی، چونکە لە ڕووی هونەرییەوە زیاتر لاسایی نووسەرانی کۆن و هاوچەرخی خۆی دەکاتەوە و شوێنپێیان هەڵدەگرێ. جا ئەگەر لە ئەنجامی خۆپێگەیاندن و بیرکردنەوە و تەقەللادا، توانیی ڕێچکەیەکی جیاواز بدۆزێتەوە، ئەوا توێشووی خۆی پێیە و لە خەم ڕەخسیوە، دەنا ئەگەر هەر جوینەوە و لاساییکردنەوە بێت، ئەوا مەیدان بۆ کەسانی تر چۆڵ بکات و لەکۆڵ ئەدەبەکە ببێتەوە گەلیک باشترە.

بەشبەحاڵی خۆم، ئەوانەی بە ناوی چیرۆکەوە، لە سەرەتای هەنگاوەکانمدا لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە، ئەوانەیان وا لێرەدا دەستنیشانیان دەکەم، لە ڕووی هونەرییەوە شایانی بڵاوکردنەوە نەبوون. جارێک وەک تەکنیک هەر وێرانن. چ قورەتە هەوڵم دابێ داهێنانێکی سادە و ساکار چییە بهێنمە کایەوە. یان بە دوای بابەتێکی نوێی کەسنەزاندا گەڕابم. حەرام، پەیم بە هونەری چیرۆکنووسین هەر نەبردووە. لەم ناوەشدا تەنیا خۆم زەرەرمەند بووم.

جا خوێنەری هاوڕێم، من داوات لێ دەکەم ئەگەر ئەم چیرۆکانەی لای خوارەوەت بەرچاو کەوت بیانخەیتە پشتگوێ. تەنانەت ئەو کەسانەی کە دواڕۆژ بیبلۆگرافیا بۆ چیرۆکی کوردی چاپ دەکەن، یان ئەوانەشی نیازی لێکۆڵینەوەی چیرۆکیان هەیە. داوایان لێ دەکەم ئەم بەرهەمانەم لەسەر نەکەن بە ماڵ و نەیدەنە پاڵ من، من بێبەریم لێیان.” دواتر ناوی چەند چیرۆک دەهێنێت. مەبەست لە نووسینەوەی ئەم چەند دێڕە ئەوە بوو، کە حەمەفەریق حەسەن کاتێک بڕیاری چاپ و بڵاوکردنەوەی یەکەم کۆمەڵەچیرۆک دەدات، هەست بە ئاستی لاوازی بەشێک چیرۆکەکانی دەکات و نایانخاتە کتێبەوە، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە چیرۆکنووس ڕازی نییە لەو هەوڵانەی سەرەتا و ڕوانینی بۆ چیرۆک گۆڕاوە و دەزانێت چیرۆکی هونەری چییە. لە “سێبەری ئەسپەشێ”دا ئەو چیرۆکانە دەخوێنینەوە کە لە ڕووی هونەرییەوە بۆ سەروەختی خۆیان تازەن، هەوڵێکن بۆ نوێکردنەوە و دەروازەیەکن بۆ ڕەنگڕێژکردنی داهاتووی چیرۆکنووسێک.

گێڕانەوە لای حەمەفەریق حەسەن گرنگترین خەسڵەتە، ئەو هەمیشە لە چیرۆکەکانیدا هەوڵ دەدات لە چڕترین ڕستە و دەربڕین، بۆ کێشانی دیمەنێک و دروستکردن و ناسینی کەسێتییەک، سوود وەربگرێت، بێگومان یەکێک لەو خاڵانەی کە وای کردووە ئەم نووسەرە ئازیزەمان لەو خەسڵەتەدا سەرکەوتوو و جیاواز بێت، زمانی گێڕانەوەیەتی، زمان لای حەمەفەریق حەسەن پاراو و بێ گرێیە، کوردییەکەی شیاو و شایەن بەوەیە کە لێیەوە فێر بین، نەک هەر بە تەنیا لە هونەری گێڕانەوەدا، بەڵکو بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگ و زاڵبوون بەسەر زمانی باو و پڕ هەڵەی ئەمڕۆی کوردیدا. تێکەڵکردنی دنیای کۆن و بەسەرچوو و موتووربەکردنی بە ئەمڕۆ و ئێستا، ئەو توخمەیە کە لە چیرۆکەکانی حەمەفەریق حەسەندا بە زەقی دەبیرنێت، لەوەش فەزایەکی تایبەت بەرهەم هاتووە، کە دەتوانێت سەر بە دوێنی ئێمە بێت و هاوکات ئەمڕۆشمان بدوێنێت. بێگومان ئەم شێوەیە تێکەڵکارییە تایبەت و داهێنراوی حەمەفەریق حەسەن نییە، بەڵکو زۆر پێش ئەو کراوە، بەڵام ئەم بە شێوازی خۆی ئەو ئیمکانەی بەگەڕ خستووە و دەتوانین بڵێین داهێنانی تێدا کردووە. هاوکات حەمەفەریق حەسەن بە شێوازی تر و ئیمکانی تریش چیرۆکەکانی گێڕاونەتەوە، بۆ نموونە تەکنیکی سینەما لە چیرۆکدا، کە ڕەخنەگر و نووسەر عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی بە وردی و چڕی دەربارەی ئەم لایەنەی چیرۆکەکانی حەمەفەریق حەسەن دواوە و نووسیویەتی.

ئەم کۆچیرۆکەی حەمەفەریق حەسەن لە قەوارەیەکی گەورەدا و بە ژمارەی ٦٤٨ لاپەڕە، لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا چاپ وبڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە حەوت کۆمەڵەچیرۆکی نووسەری تێدا کۆ کراوەتەوە، بەپێی نوێترین کۆمەڵەچیرۆک ڕیزبەندی کراوە بۆ یەکەم کۆمەڵەچرۆکی. ناوی کۆمەڵەچیرۆکەکان ئەمانەن: “کۆچیرۆکی مێزەرفڕێنەکانی شەو، کۆچیرۆکی ڕۆبۆتەکان دەچنە بەهەشت، کۆچیرۆکی شەوەکەی عەریف زبالە، کۆچیرۆکی ملوانکەی ستیل، کۆچیرۆکی دووربین، کۆچیرۆکی ڕستێک زەنگیانەی ئاوی و کۆچیرۆکی سێبەری ئەسپەشێ”. ناوی هەندێک لە چیرۆکە دیار و جوانەکانی ناو ئەم کتێبە: “ڕاوەقوڵینگ، ئەسپێک، خاوەنەکەی خۆشناوێ، پەرجووەکانی باوکی کۆچکردووم، بەرزاییەکانی پیرەمەگروون، ژوان، ڕادیۆ بێدەنگەکە، ژنێک وەک قۆخی گەییو تەڕ، لە کێ بپرسم لە کوێن؛ کەسێ لەوێ نەماوە، شەپۆلەکانی ئەتڵەسی، دووربین، سلێمانی بە کەپیتاڵ ئێس، ملوانکەی ستیل، لاوکی سوارە”.

حەمەفەریق حەسەن بەردەوامە لە بەخشش و داهێنان، هەر کات و لە هەر شوێنێکدا قسە دەربارەی چیرۆکی کوردی بکرێت، بێگومان دەبێت ناوی حەمەفەریق حەسەن بێت و جێگەی شیاوی خۆی پێ بدرێت. خوێندنەوەی ئەم کۆچیرۆکە دەرخەر و بەرجەستەکەرەوەی ئەو ئەزموونە گرنگ و ناوازەیە.

د. عەزیز گەردی لە نزیکەوە

چەند قسەیەک دەربارەی کتێبی “مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا” گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز گەردیدا

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

قسەکردن لەسەر ئەدەبیاتی کوردی، بە تایبەت لە هەردوو لکی وەرگێڕان و شارەزایی لە عەرووز و هونەرەکانی شیعری کلاسیک و ڕەوانبێژیدا، بێ ناوهێنانی د. عەزیز گەردی قسەیەکی ناتەواوە و کەم دەهێنێت. د. عەزیز گەردی تەواوی تەمەنی بۆ خزمەتکردن بە ئەدەبیاتی کوردی و ناسنامە و مێژووی نەتەوەکەی تەرخان کرد، پتر لە نیو سەدە ژیانی خۆی بەخشی بە وشە، بە وەرگێڕان و بە بەرینکردنەوەی زمانی کوردی. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین د. عەزیز گەردی هەر بە تەنیا خۆی هێندەی ناوەندێک و دامەزراوەیەک کاری بۆ زمان و ئەدەبیاتی کوردیی کردووە، ئەوەش بە تەنیا سەیرکردنی پێرستی ئەو ناوونیشانەدا دەردەکەوێت کە ئەو چاپی کردوون و لە ساڵە دوور و درێژەکانی کاروانی خەباتی زمانی کوردیدا، بڵاوی کردوونەتەوە. بێگومان ئەو کتێبانەی د. عەزیز گەردی کاری لەسەر کردوون، هەریەکەیان شوێن و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە لە کتێبخانەی کوردیدا، ئەو بە مەبەست ئەو کتێبانەی لەناو سەدان هەڵبژاردەدا هەڵبژاردووە و کردوونی بە کوردی، کە ڕەنگە خوێنەری هۆشیار درک بەو تەڵبژێرییە بکات کە ئەم پیاوە ماندوونەناسە کردوویەتی. هەر کتێبێک لەو کتێبانە دەتوانرێت بە جیا وەربگرێت و قسەی دەربارە بکرێت، لە لایەنی زمانەوانی و ئاستی وەرگێڕان و ناوەڕۆک و هونەری وەگێڕانەوە شەنوکەو بکرێن، ئەو کاری خۆی کردووە، بێ ئەوەی هیچ قسەیەکی هەبووبێت لەسەر کارەکانی، بێدەنگانە و دوور لە ژاوەژاوی نێو دنیای ئەدەبی کوردی، خزمەتی خۆی کردووە و بێمننەت بووە لە قسەوقسەڵۆکی ئەم و ئەو، قەت نەهاتووە بە شانوباهۆی خۆی و کارەکانیدا هەڵنێ، لێگەڕاوە. بە جۆرێکی تر دەتوانین وەها بنووسین: قسەی ئەو لەگەڵ ئێمە و هەموو ئەوانی تریش، کتێبەکانی بوون، لە ڕێی کتێبەکانییەوە بۆچوون و قسەی خۆی لەگەڵ ئێمەدا کردووە.

بە درێژایی ژیانی ئەدەبی خۆی، د. عەزیز گەردی گفتۆگۆی نەکردووە، جیا لە یەک جار ئەویش لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لە ڕۆژنامەی “برایەتی”دا، کە مارف عومەر بەرزنجی (مارف عومەرگوڵ) لەگەڵیدا سازی کردووە، ئیتر لەو کاتەوە بێدەنگییەک و دوورەپەرێزییەک د. عەزیز گەردی دەگرێتەوە و تەرک لە هەموو ڕۆژنامە و گۆڤارێک، کاری خۆی دەکات. چەندان ڕۆژنامەنووس و کاناڵ ڕوویان لێ ناوە و ئەو، بە نەخێر جوابی کردوون. کتێبی “مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا” گفتوگۆ لەگەڵ عەزیز گەردیدا، کە جووتیار قارەمان ئامادەی کردووە، تێیدا د. عەزیز گەردی دواندووە، ئەم گفتگۆیە دوایین وتووێژی ئەم پیاوە بێدەنگەیە، شایەتیدانە لەسەر کۆمەڵێک پرس و بابەت. ئەم کتێبە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە دووتوێی ١١١ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە کەسێک کە لای هەندێک بووبوو بە مەتەڵێکی هەڵنەهێنراو؛ ژیانی، بیرکردنەوەی، کارکردنی، بۆچوونی دەربارەی دەوروبەر و هەموو ئەوانەی کە دەبوو بزانرێت، ئەم کتێبە دەتوانێت کلیلێک بێت بۆ چوونە نێو پانتایی ئەو ژیانەی کە بە توندی بە ڕووی هەموواندا داخرابوو.

کتێبەکە بە پێشەکییەک دەست پێ دەکات، جووتیار قارەمان باس لە ئاشنایەتی خۆی و د. عەزیز گەردی دەکات و دواتریش لە کۆی پڕۆژەکە دەدوێت، کە چۆن گەیشتووەتە ئەوەی بەردەست. وەک هاتووە: “ئەم کتێبە پوختەی زیاد لە شەش سەعات گفتوگۆیە لەگەڵ د. عەزیز گەردیدا، کە لە تەممووز و ئاب و ئەیلوولی ٢٠٢٠دا کراوە و ئەوەی بە پێویست زانراوە تەڵبژێر کراوە و نووسراوەتەوە.” دواتر کۆمەڵێک سەرنج و ڕوونکردنەوەی پێویست سەبارەت بە وەڵام و قسەکانی د. عەزیز دەخاتە ڕوو، کە دەتوانێت خوێنەر باشتر لەگەڵ مەبەستی پشت دێڕەکاندا گرێ بداتەوە و باشتر تێیان بگات. جووتیار قارەمان لە شێوەی یادداشتێکی ئەدەبیدا، لە چەند جار دیتن و چوونە دەرەوەی خۆی و د. عەزیز گەردی لە هەولێر و دەوروبەری هەولێر، دەدوێت، لێرەدا ئێمە ئینسانێک دەبینین بە ڕۆحێکی گەنجانەوە لەگەڵ گەنجێکدا پیاسە دەکات و چەند ڕازی نەدرکاو، دەدرکێنێت و بۆچوونی خۆی لەسەر شوێن و کەس و ڕووداوەکان دەر دەبڕێت. هەر لەمیانی ئەم یەکتر دیتن و پیاسەکردنانەوەیە کە سەرەتای ئەم گفتوگۆ هەمەلایەنە دادەمەزرێت و دەبێت بەم کتێبە.

لەم کتێبەدا کۆمەڵێک دیو و لایەنی پەیپێنەبراوی د. عەزیز گەردی دەبینین، چ لە بابەتی ژیانی تایبەتی، ج لە بابەتی ژیانی کۆمەڵایەتی، هاوکات بە شێوەیەکی بەربڵاو و گشتگیر دەربارەی کارەکانی لە کایەی وەرگێڕاندا، ژیانی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا، ژیانی زانکۆیی وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار، بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی دەربارەی نووسەران و کەسایەتییەکانی کورد و جیهان، بە شێوەیەکی ڕوون و ڕەوان، دەڵێت. لەمیانی ئەم گفتوگۆیانەدا چیرۆکی هەندێک لە نووسین و وەرگێڕانەکانی دەدرکێنێت، کە بۆ خوێنەری ئەو بەرهەمانە هەستێکی خۆش و چێژبەخشە، باس لە وەرگێڕانی “داغسانی من”ی ڕەسووڵ حەمزاتۆڤ دەکات، لە بەربەستەکانی بەردەم چاپی ئەو کتێبە، لەوەی پاش چاپبوون، چۆن ناوی عەزیز گەردی وەک وەرگێڕێکی لێزان و بەسەلیقە، بۆ هەمیشە دەچەسپێت. با گوێ لە یەکێک لەو یادەوەرییانە بگرین، لە زاری د. عەزیز خۆیەوە: «چیرۆکێک هەیە هیی [نووسەری فەڕەنسی] ئەلفۆنس دوودێیە، بە ناوی “دوا وانە”، کە ئەڵمانیا ناوچەیەکی فەڕەنسا داگیر دەکات، زمانی فەڕەنسی قەدەغە دەکات. ئەو چیرۆکە باسی دوایین وانەی فەڕەنسی دەکات کە مامۆستاکە قەشەیەکە بە خوێندکارەکان دەڵێت ئەمە دوا وانەیە و ئیدی قەدەغە دەکرێت و… هتد. ئەوجا بە عەرەبی و فارسی زۆر کەس وەریانگێڕاوە، بەڵام کەسیان لە فەڕەنسییەوە نەیانکردووە. ئەمن ویستم بیکەم، بەڵام لەبەر چ نەمکرد؟ چیرۆکێکی دیکەی ئەوم خوێندبووەوە ـ کاتی خۆی لە مووسڵ کەنیسەیەک هەبوو دەچووین لەوێ کتێبمان دەخواست ـ بە ناوی “وانەی یەکەم”… وانەی یەکەم چ بوو؟ باسی ئەوە بوو کە ئەڵمانەکان هاتبوون زمانی خۆیانیان سەپاندبوو، یەکەم وانەی زمانی ئەڵمانی کە کابرای مامۆستای ئەڵمان دەچێتە ژوورەوە، چۆن بە زەبروزەنگ زمانەکەیان بەسەردا دەسەپێنێت. ئەوجا من گەڕام ئەمەم دەست بکەوێت، گوتم هەردووکیان وەردەگێڕم. ئەمم دەست نەکەوت. ئیتر خۆمم لەویش نەدا.»

لە شێوەی گفتوگۆکەدا، کەشی شێوەزاری هەولێری ـ بە تایبەت لە قسەکانی د. عەزیز گەردیدا ـ زاڵە، ئەمەش دۆخێکی وای خولقاندووە کە گفتوگۆکە زیادتر شێوەیەکی زارەکی هەبێت نەک پوختەکراو و زمانێکی ستاندارد، ڕەنگە ئەمە لەو ڕووەوە بەجێ بێت کە خوێنەر جۆری دەربڕین و فۆنەتیکی د. عەزیز گەردی شارەزا دەبێت و لە گوێیدا دەزرنگێتەوە، بەڵام بێگومان مشتوماڵکردنی بۆ بارێکی پوختەکراو و خستنە سەر شێوەیەکی ستاندارد، ئەو شێوازە دەفەوتا، لەگەڵ ئەوەشدا گەر کرابا، گفتوگۆکە زانستیتر دەبوو.

شیاوی ئاماژە بۆ کردنە د. عەزیز گەردی چەند بەرهەمی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاو بووەتەوە، ڕەنگە گرنگترینینان کتێبی “کۆمیدیا”کەی دانتی بێت، کە لە سێ بەرگی گەورە و لە بۆکسێکدا، چاپ بووە. هاوکات “ڕۆڤار”، کە بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیرییە و هەر ژمارەی تایبەتە بە داهێنەرێکی کورد و لە لایەن دەزگای سەردەمەوە وەرزانە بڵاو دەکرێتەوە، ژمارەیەکی تایبەت کرد بە د. عەزیز گەردی؛ ژمارە ٩٥، بەهاری ٢٠٢٣. لەو ژمارە تایبەتەدا چەندین نووسەر و هاوڕێ و وەرگێڕی د. گەردی بە نووسین و یادداشت بەشدار بوون تێیدا، هەریەکە و چمکێک لە ژیان و بەرهەمی ئەم نووسەر و وەرگێڕە مەزنەیان بەرز نرخاند، هەر لەو ژمارەیەدا نموونەی دەق لەو چوار زمانەی کە د. عەزیز گەردی لێوەی وەرگێڕاوە، هێنراوەتەوە، ئەوانیش هەریەک لە زمانەکانی: ئینگلیزی، فەڕەنسی، عەرەبی و فارسین.

د. عەزیز گەردی لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا کۆچی دوایی کرد. ئەو خاوەنی کتێبخانەیەکی دەگمەن و دەڵەمەندە، پاش خۆی چەند کاری چاپ نەکراو بەجێماون و کۆی ئەو میراتە گەورەیەش لە ئەرشیف و دەستنووس و کتێبی چەشناوچەشن، لە چاوەڕوانی مووزەیەکی شیاو و شایستەدان، بەو هیوایەی لە داهاتووی نزیک یان دووردا، ئەو پڕۆژەیە بخرێتە سەرپێ و هەمووان بتوانن لەو کانیاوە زووڵاڵ و ڕوونەی شاسواری وەرگێڕان و نووسینی ئەدەب و زمانی کوردی، سوودمەند بن.

بەسەرهاتی نووسەرانی ڕووس

خوێندنەوەی کتێبی “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا”

 

بەختیار حەمەسوور

 

ئەمە سێیەم کتێبی نووسەر و لێکۆڵەر “د. جەودەت هۆشیار”ە کە لە لایەن وەرگێڕی بەتوانا و بەسەلیقەوە، “سەباح ئیسماعیل، دەکرێت بە کوردی. پێشتر هەریەک لە کتێبەکانی “ڕۆمان لە نێوان  ئەندێشە و خەیاڵدا” و “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس” بڵاو کراونەتەوە، دوو کتێب بوون کە خوێنەری خۆیان لە خوێندنەوەیان هەم چێژی بینیوە هەم سوودێکی زۆر، هەر لە ڕێی ئەو دوو کتێبە سەرەتایەکی لەگەڵ ئەو نووسەرەدا دامەزراندووە، کە سەرەتایەکی گرنگ بووە بۆ ئەوەی دواتر هەر کتێبێک کە ناوی ئەم نووسەرەی لەسەر بێت، هیچ دوودڵی و گومانێکی نەبێت و بیکڕێت و دەست بە خوێندنەوەی بکات، بێگومان بەشێک لەم متمانە و دامەزراندنی ئەم گرێبەستە سەرەتاییە بۆ خودی وەرگێڕەکەی دەگەڕێتەوە، کە ساڵانێکە جەنگاوەرئاسا لە زمانی عەرەبییەوە خەریکی وەرگێڕانی نوێترین و باشترین ئەو کتێبانەیە کە دەردەچن و بە کوردییەکی جوان و ناوازە، پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و خوێنەرانی دەکات. نوێترین کتێبی ئەم وەرگێڕە کتێبێکی تری د. جەودەت هۆشیارە بە ناوی “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکوشی بەلشەڤیزمدا”، شیاوی باسە ئەم کتێبە و دوو کتێبی پێشووتری هەمان نووسەر لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە چاپێکی جوان و ڕێکوپێکدا، چاپ و بڵاو کراونەتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین هەندێ سەرنج و بەرچاوڕوونی دەربارەی ئەم کتێبە بەنرخە بخەینە ڕوو، بەو هیوایەی ئەم کتێبە گرنگە لە ڕووبەرێکی بەریندا پێشوازی لێ بکرێت و بخوێنرێتەوە.

د. جەودەت هۆشیار یەکێک لەو خوێندکارانە بووە کە لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیستدا، لە عێراقەوە چووەتە ڕووسیا و لەوێ خوێندوویەتی، خوێندنەکەی پڕبەرهەم بووە، وەک زۆرێک لەو خوێندکارانە نەبووە کە چوونەتە ئەوێ و دواتر کە گەڕاونەتەوە، بێبەرهەم و دەستەباڵ بوون، بەڵکوو بە ئەڤینێکی قووڵەوە لەگەڵ زمان و ئەدەبیاتی ڕووسیدا تێکەڵ بووە و بۆ ڕۆچوون بە قووڵایی ئەو ئەدەبیاتە دەوڵەمەند و گرنگەدا، بچووکترین دەرفەتی لەدەست نەداوە. د. جەودەت هۆشیار بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ شوێن، کەسێتیی و نووسەرانی ڕووسدا پێک هێناوە، شوێنپێی ئەو ڕووداوانەی هەڵگرتووە کە بوونەتە جێی سەرنج و بایەخی ئەو کاتەی ڕووسیا و بە تایبەت لەناو نووسەراندا، بۆ وێنە قاوەخانە و شەقام و مووزە و ئەو هۆڵانەی شاعیران و نووسەرانی ڕووس لێی کۆبوونەتەوە و بەرهەمەکانیان لە بەردەم هەوادانی شیعر و ئەدەبیاتدا خوێندووەتەوە. ئەم پشکنینە بە وردی بە نووسینەکانی د. جەودەت هۆشیارەوە دیارن و بەدواداچوونەکانی بە دوای وردترین و بچووکترین زانیاری دەربارەی ئەو نووسەرانە و بەرهەمەکانیان، لە شێوەیەکی ناوازەدا پێشکەشی کردوون. ئەگەر لە کتێبی پێشتردا “تراژیدیای نووسەرانی ڕووس” د. جەودەت گۆشەیەکی ژیان و بەسەرهاتی دەستەیەک نووسەری ڕووسدا خستبێتە ڕوو، ئەوا لەم کتێبەیدا “نووسەرانی ڕووس لەژێر چەکشی بەلشەڤیزمدا” گۆشەیەکی تری کۆمەڵێک نووسەری ڕووسمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بەشێک لەو نووسەرانە بۆ خوێنەری کورد نائاشنان و هیچ بەرهەمێکیان نەکراوە بە کوردی، د. جەودەت هۆشیار لەم کتێبەدا بەربڵاوتر بەرەو پانتای ئەدەبی ڕووسی دەکشێت و وێنایەکی گەورەتر لەو ئەدەبیاتە دەدات بە دەستەوە. خوێنەر بە خوێندنەوەی هەر وتارێک لەم کتێبەدا هان دەدرێت بە شوێن ئەو نووسەر و ڕووداوانەدا بگەڕێت، بێگومان ئەمەش بۆ ئەو شێوازە ئەفسووناوییە دەگەڕێتەوە کە نووسەرەکەی پێڕەوی کردووە لە گواستنەوەی زانیاری و گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا.

ئەم کتێبە وێڕای پێشەکییەکی تێروتەسەل، کە د. جەودەت هۆشیار تایبەت بۆ چاپە کوردییەکە نووسیویەتی، لە کۆمەڵێک وتاری هەمەچەشن پێک هاتووە، کە تێکڕا لە دەوری ئەدەبیاتی ڕووس و نووسەرانێکی دیار و کاریگەر لەو ئەدەبیاتەدا، دەخولێتەوە. لەو پێشەکییەدا، کە لەژێر ناوی “نەهامەتیی نووسەرانی ڕووس بەدەست بەلشەڤیکەکانەوە”یە، وێڕای بەرچاوڕوونییەکی پێویستی نووسەر بۆ بابەتەکانی کتێبەکە، لە دوایین پاژدا و لە سیاتشی وەرگێڕەکەیدا دەنووسێت: “ئەمە سێیەم کتێبی منە نووسەر و وەرگێڕ سەباح ئیسماعیل بۆ زمانی کوردیی وەردەگێڕێت. گومانی تێدا نییە وەرگێڕانی ڕاستەقینە و هاوکوف و هاوسەنگ لە دانان زەحمەتترە، چونکە گواستنەوە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دی، بەڵکو پڕۆسەیەکی داهێنەرانەیە، بۆیە وەرگێڕانەکانی سەباح ئیسماعیل، کە کتێبخانەی کوردیی بە دەیان کاری بەهادار دەوڵەمەند کردووە، بە کتێبە خاکییەکانی منیشەوە، بەرز ڕادەگرم.”

وتارەکانی دووتوێی ئەم کتێبە لەم ناونیشانە پێک هاتوون: «ئۆلگا ئیڤینسکایا… ئیلهامبەخشی پاسترناک و پاڵەوانی ڕۆمانی دکتۆر زیڤاگۆ، ئازارەکانی بۆریس پاسترناک، ئانا ئاخماتۆڤا… شاژنی خودان مۆرک تراژیدی، سێرگی دۆڤلاتۆڤ: گەڕانەوەی ساتیری خەمبار، سڤیتلانا ئەلکسێڤیچ و سیمفۆنیای ئازاری مرۆیی، ئەنار ڕەزاێڤ: من بە هەست ڕۆژهەڵاتی و بە بیرکردنەوە ڕۆژئاواییم، کۆتایی ئەفسانەی شۆلۆخۆڤ، چۆن لیۆند بریژنێڤ بوو بە نووسەر؟، لە حزووری نازم حیکمەتدا، شۆچکۆڤ و کافکا کۆنگرەی ڕۆمان لە لینینگراند، ئایا نابۆکۆڤ ڕۆمانی “لۆلیتا”ی لە نووسەرێکی نەناسراوی ئەڵمانی دزیوە؟، بوونین بە عەرەبی… دۆزینەوەیەکی درەنگی نووسەرێکی دڵگیر، ئەرتسیباشێڤ… مۆنێی ئەدەبی ڕووسی، سەرهاتی بابل لەگەڵ گۆرگیدا: گەڕان بە دوای جوانیی داواکراو لە ژیاندا، ڕووتێکردن و دوورکەوتنەوەی نێوان هەردوو کەڵەنووسەری ئەدەبی ڕووسی، پاڵتۆکەی گۆگۆڵ و یاخیبوونی مرۆڤی ستەملێکراو، “سووک و ڕیسواکان” خوێندنەوەیەکی نوێ، “هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆڵەوە دەرچووین” لە کوێوە هاتووە؟، ئەستێرەکانی سەردەمی زیوینی ئەدەبی ڕووسی لە ژێرزەمینی “سەگی بەرەڵا”دا، تۆڵستۆی و خەڵاتی نۆڵی ئەدەب، ڕۆژێک لە میوانداریی چیخۆڤدا، ئایا ئەدەبی ڕووسی مردووە؟»

یەکێک لە لایەنە گەش و چێژبەخشەکانی ئەم کتێبە، خاڵێکە کە کەم لێکۆڵەر و نووسەری وتار درکی پێ دەکەن و بەو جۆرە کار دەکەن، ئەو خاڵەش ئەوەیە کە د. جەودەت هۆشیار دەربارەی هەر نووسەرێک، یاخود ڕووداو و پرسێکی ئەدەبی دەنووسێت، شێوەیەکی درامی دەدات بەو بابەتە، ڕایەڵ و سکێچی چیرۆکێک دەربارەی ئەو مەسەلەیە دروست دەکات، بە شێوەیەک کە تۆ هەست دەکەی دەقێکی درامی ـ دیکۆمێنتاری دەربارەی ئەو نووسەر، یاخود ڕووداو و پرسە ئەدەبییە دەخوێنیتەوە، گەڵاڵەیەکت لا دروست دەبێت، بە جۆرێک کە هیچ بەرهەمێکی ئەو نووسەرەشت نەخوێندبێتەوە، لە ئادیدیا و دنیای تایبەتیی دانەبڕێیت. بۆ نموونە یەکێک لە وتارەکانی ئەم کتێبە دەربارەی چیرۆکنووس “ئیزاک بابل”ە، وتارەکە ناوی “سەرهاتی بابل لەگەڵ گۆرگیدا: گەڕان بە دوای جوانیی داواکراو لە ژیاندا”یە، بابل نووسەرێکی درەوەشاوەی ئەدەبی ڕووسی و دنیای کورتەچیرۆکە، بەداخەوە تاکو نووسینی ئەم دێڕانەش هیچکام لە کتێب و چیرۆکەکانی وەرنەگێڕدراون بۆ سەر زمانی کوردی، کاتێک خوێنەر وتارەکەی د. جەودەت هۆشیار لەم کتێبەدا دەربارەی ئیزاک بابل دەخوێنێتەوە، وێنایەکی گشتی سەبارەت بەو نووسەرە لا دروست دەبێت، دەزانێت چۆن ئەم نووسەرە شەڕی خۆسەپاندنی خۆی کردووە لەناو پترسبۆرگی پڕ لە نووسەری داهێنەردا، کاتێک لە تەمەنی بیستویەک ساڵیدا و لە گوندەوە دەچێتە ئەو شارە بە باقوبریقە، لەوێ چۆن یەک لە دوای یەک دەرگای ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەسەر خۆی چیرۆکەکانیدا دادەخرێن، بەڵام ئەو هەر دەرگا دەکوتێ و دواتر لە ڕێکەوتێکدا دەچێتە ئۆفیسی ڕۆژنامەکەی ماکسیم گۆرگی و پاش چەند ڕۆژ کە گۆرگی دەستنووسی چیرۆکێکی لێ وەردەگرێ و ئەم دەگەڕێتەوە بۆ ئۆفیس و وەڵامی گۆرگی، گۆرگی بە ستایشەوە چیرۆکەکەی بابل پەسەند دەکات و لە دوایین دێڕی ئەو ستایشنامەیەدا دەڵێت: “دەستخۆشیی ئەم ڕێگەیەت لێ دەکەم گەورەم”؛ دەبێت ئەوە بزانین بابل کاتێک ئەم ستایش و سەرسامییە لە گۆرگی دەبیستێت گەنجێکی تازەکارە و گۆرگیش لەوپەڕی دەرکەوتن و قەڵافەتی درەوشاوەی ئەدەبی خۆیدا و ناوێکە لە ناوە گەورەکانی ئەدەبی ڕووسی. بە کورتی، هەر کام لەم وتارانە دەخوێنینەوە هەمان میتۆدی نووسین تێیاندا ڕەچاو کراوە، د. جەودەت هۆشیار خوێنەرەکەی بە وردەزانیاری و دەربڕینی شۆکهێن و ناوازە، تاکو دوایین ڕستەکان لە دڵەڕاوکە و چاوەڕوانیدا دەهێڵێتەوە. بە داخەوە ئەم شێوازە لە نووسین کەمتر لە لایەن نووسەرانی کورد و لە ئەدەبی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت، شێوازێک کە دەتوانێت خوێنەر هان بدات بە شوێنپێی نووسەر و بەرهەمەکانیدا بگەڕێت و بە تاسەوە بیانخوێنێتەوە.

وێڕای ئەو شێوازە ئەفسووناوییە، د. جەودەت هۆشیار پەردە لەسەر کۆمەڵێک کتێب و نووسەر لا دەبات، کە ڕەنگە بۆ خوێنەری کورد زۆر تازە بن و ئیدی لەمەبەدوا لەگەڵ ناوهێنانی ئەو کتێب و نووسەرانەدا، هەڵوێست و قسەیەکی تری دەبێت.

ڕێبازەکانی رەخنەی ئەدەبی

خوێندنەوە و ڕاڤەکردن

ڕانانی: سەردەم

 

دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بەردەوامە لە چاپکردنی زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم، ئەم دۆسیانە بە شێوەی زنجیرەی کتێب چاپ دەکرێن، هەر جارەو بابەتێکی فیکری، فەلسەفی، مێژوویی، ئەدەبی و هونەری و ئاینی و سیاسی دەکاتە تەوەر و لە ڕێگەی دید و سەرنجی نووسەر و هزرمەندانەوە، بە شێوەیەکی قووڵ و فرەڕەهەند، تیشک دەخاتە سەر ئەو چەمک، یاخود بابەتە دیاریکراوەی کە دۆسیەکە هەڵوەستەی لەسەر کردووە، هاوکات لە ڕێگەی باشترین وەرگێڕکارانی کوردەوە، کاری وەرگێڕانیان بۆ دەکرێت  و پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کورد دەکرێن.

ڕێبازەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، یەکێکی دیکەیە لە زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم، کۆمەڵێک نووسەر و ڕۆشنبیری جیهانی نووسیویانە و لە لایەن نووسەر و ڕووناکبیر (عەتا قەرەداخی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: ناساندنی زاراوەی ڕەخنە، ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵناسی، ڕەخنەی ئەدەبی و دەروونزانی، ڕەخنە و زانستی زمان، ڕەخنەی بودنیادگەری، خاسیەتەکانی ڕەخنەی هەڵوەشاندنەوە، دیمەنەکانی ڕەخنەی فێمینیستی و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە، کە لە شێوەی وتاردا نووسراون.

بێگومان هەر وەک لە خودی ناونیشانی کتێبەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کتێبەکە و بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بە دەوری بازنەیەکدا دەخولێنەوە، یاخود دەکرێت بڵێین خاڵی هەرە گەورەی هاوبەشی نێوان وتار و نووسەرەکانیان، بریتییە لە ڕەخنە، ڕەخنەی ئەدەبی و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بێگومان بوونی ئەم جۆرە بابەت و کتێبانە، بۆ خۆیان گرنگی و سەنگ و بەهای تایبەتیان هەیە بۆ نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ئێمە و دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە فراوانبوونی سنوورەکانی هزر و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی نووسەرانی ئێمەدا، سەبارەت بە تێکست و خوێندنەوە و ڕەخنەی ئەدەبی، لە ڕاستیدا ڕەخنەی ئەدەبی وەک چەمکێک دەمێک ساڵە لەنێو پانتایی ئەدەبیات و ڕۆشنبیریی ئێمەدا قسە و مشتومڕی لەسەرە، بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین لە ڕابردوو و ئێستادا خاوەنی وەرەقەیەک، یاخود نموزجێکی بەرهەمهێنراوی ئەدەبیی ڕەخنەیین کە توانای ئەوەی هەبێت هەمەلایەنانە بە قووڵایی و پانتایی دەقدا شۆڕ بێتەوە و بەرمەبنای تیۆر و ڕێبازە نوێیە ئەدەبی و ڕەخنەییەکان، ڕاڤەی تێکست، یاخود خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ کردبێت؟ بێگومان ئەم پرسیارە گەلێ وروژێنەرە و هەڵگری ئیشکالیەتیشە، بۆیە دەشێت وەڵامەکەی لێگەڕێین بۆ کەسانێک کە خاوەنی دید و دونیابینی و تیۆرییەکی ڕەخنەیی قووڵ و فرەڕەهەند بن، لێرەدا قسە لەسەر خودی چەمکی ڕەخنە نییە، بەڵکو قسە لەسەر گرنگی و بەهای دەوڵەمەندی مەعریفیی ئەم کتێبەیە کە بە خوێندنەوەی، خۆبەخۆ ئاشنا دەبین بە فۆڕمێکی دیکە لە بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە چەمک و بابەتی ڕەخنەی ئەدەبی.

پشتئەستوور بەو پێشەکییە کورت و چڕەی نووسەر و وەرگێڕ (عەتا قەرەداخی) بۆ کتێبەکەی نووسیوە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە مێژووی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی ڕەخنەی ئەدەبی، مێژوویەکی کۆنە و بۆ ئاخاوتن لەسەر ئەو مێژووە، بە لایەنی کەمەوە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ لای ئەفلاتوون، بۆچوونەکانی ئەو لەسەر شیعر و جۆری پەسەندی شیعر ئەویە کە شیعری پەسەند بریتییە لە دانانی تێڕوانینێکی تیۆری سەبارەت بە یەکێک لە ڕەگەزە دیارەکانی ئەدەب، کە شیعرە: ئێمە لە وەرگێڕانی ئەم بابەتەدا بەدوای ئەو باسانەدا نەگەڕاوین کە پەیوەندییان بە مێژووی ڕەخنەی ئەدەبییەوە هەیە، بەڵکو ئەو باسانەمان هەڵبژاردووە کە ڕێبازە دیارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و خاسیەت و شێوازی ئەو ڕێبازانە و چۆنیەتی کارپێکردنیان دەناسێنێت، هەوڵمان داوە زیاتر ئەو باسانە هەڵبژێرین کە لە مێژووی دەرکەوتنی ڕێبازە دیارەکانی ڕەخنەی ئەدەبیدا دیار و خاوەن دید و تێڕوانینی ئاشکرا و جێگیرن و میتۆدی کارکردن پێشکەش دەکەن.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا کە (ئەبرامز) نووسیویەتی بە ناوی (ناساندی زاراوەی ڕەخنە) تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ڕەخنە ئەو لقەی لێکۆڵینەوەیە کە پەیوەندیی بە پێناسەکردن، پۆلێنکردن، لێکدانەوە، هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکانی ئەدبەوە هەیە: بۆ بودنیادنانی زنجیرەیەک زاراوەی پێکەوە پەیوەست، دەبێت جیاکردنەوەکان و گرووپکردنەکان لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی بەرهەمەکانی ئەدەبدا دابنرێن و بەکاربهێنرێن.

لە بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی کتێبەکەدا بە ناوی (ڕەخنەی ئەدەبی و کۆمەڵناسی) کە لە لایەن (دایڤد دەچز)ەوە نووسراوە، دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە لە ڕەخنەی نوێدا توێژینەوەی بنەما و پاشخانە کۆمەڵایەتییەکانی نووسەر و ئەو کاریگەرییەی فاکتەرە کۆمەڵاتەییەکان لەسەر بەرهەمەکەی هەیانبووە، پێویستە بە لایەنی کەمەوە و بە شێوەیەکی گشتی وەک توێژینەوەی دەروونزانیانەی باری عەقڵیی نووسەر بخرێنە ڕوو، چونکە ئەم دوو بوارە پێکەوە دەڕۆن: دیارترین جۆری ڕەخنەگری مارکسی کە ئاسایی بە شێوەیەکی بەربڵاو ڕووناکی دەخاتە سەر شتەکان، کاتێ ئاماژە بۆ هۆکارەکان دەکات، هیچ شتێکی نییە وەک ڕەخنەگر بیڵێت، وەک چۆن هەندێک کەس بەرهەمە ئەدەبییەکان لەسەر بنچینەی بنەما ئەدەبیەکان دەنرخێنن، بە هەمان شێوە ئەویش بە ئاسانی سەرنجی خۆی لەسەر هۆکاری کۆمەڵایەتی کۆ دەکاتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکەی، بەم جۆرە بڕوابوون بەوەی کە هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیی بەرهەمهێنانی هەڵوێستی ئیستاتیکایان داوە.

سەبارەت بە (ڕەخنەری فۆرمالیست)یش، کە وتارێکی نایابی (ڕۆبێرت دیابنی)ییە، خوێنەر بە جۆرێکی دیکە لە ڕەخنە ئاشنا دەبێت، هەر وەک نووسەری ئەم وتارە باسی کردووە، ڕەخنەگرانی فۆرمالیست وەک هونەرێکی جیاواز سەیری ئەدەب دەکەن و ئەدەب بەو ژانرە دادەنێن کە سەرچاوەکانی زمان بەکار دەهێنێت بۆ پێکهێنانی ئەزموون و گواستنەوەی مانا و دەربڕینی هەڵچوون: فۆرمالیستەکان بۆ دیاریکردنی مانای ئەدەب، جەخت دەکەنە سەر شێوەی بەرهەمی ئەدەبی و بایەخیش بە ڕەگەزە ئەدەبییەکانی وەک گرێچن و کاراکتەر، یان کەسێتی و شێوەی  دەربڕین و وێنە و بونیاد و جیهانبینی دەدەن، فۆرمالیستەکان لە مامەڵەکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا وەک سیستەمی سەربەخۆ لەگەڵ بەشە لە ناوەوە  پەیوەست و پێکەوە بەستراوەکاندا ڕەفتار دەکەن و بە شێوەیەکی نموونەیی زانیاریی بایۆگرافی یان زانیاریی مێژوویی لە ڕاڤەکردنەکانیاندا بە شتێکی دەرەکی و ناپەیوەست دادەنێن.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکی سادە و خاکەرایانەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەم یاخود گچکەی ئەم کتێبە، بێگومان کتێبەکە بە قەبارە گچکەیە، بەڵام لە ناوەڕۆک و ناواخندا مانای مەزنیان هەیە، بە تایبەت کاتێک وتارەکان دەخوێنیتەوە، وەک ئەوە وایە چەندین کتێب و سەرچاوەی قەبە و گەورەت بە کۆمەڵێک زمانی زیندووی دونیا خوێندبێتەوە، بۆیە داوا لە نووسەران بە گشتی و بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری ڕاڤەکرن و خوێندنەوە و ڕەخنەی ئەدەبیدا کار دەکەن و دەنووسن، ئەم کتێبە لەدەست خۆیان نەدەن و بیخوێننەوە، بێگومان بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە، ئاسۆکانی هزر و ڕۆشنبیریت فراوان دەکەیت و تێگەیشتنت بۆ زۆر چەمک و بابەت گۆڕانیان بەسەردا دێت.

دەربارەی کتێبی سێ ژیانەکەی ئاڵتوون

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

ئەم کتێبە واتە (سێ ژیانەکەی ئاڵتوون)ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتە، بابەتی ئەم کتێبە بیرەوەرییە، ئاڵتوون باساران کە خانمێکی کوردی باکوورە، ژیانە پڕ لە زەحمەتەکەی خۆی گێڕاوەتەوە و لە لایەن خانمە نووسەری سویدی (ئانیکا توور)ەوە نووسراوەتەوە، دەتوانین بڵێین کتێبێکی هاوبەشە لە نێوان ئەو دوو خانمەدا، کتێبێک کە جگە لە چێژی گێڕانەوە و ئەفسوونی نووسین و ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی، لێیەوە فێری زۆر شت دەبین و گەلێ زانیاری تێدا بەدەست دەهێنین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و کێشە و خەمە سەختەکانی کوردانی باکور، بە دیاریکراویش ژنان و کچان کە لە لایەکەوە بوونەتە قوربانیی خێزانە باوکسالارەکان، لە لایەکی دیکەوە بوون بە سووتەمەنی سیاسەت و چەوساندنەوەی نەتەوەیی.

کتێبەکە سێ بەشی ژیانی ئاڵتوون باساران دەگێڕێتەوە، ژیانی یەکەم لە وڵاتی تورکیا، واتە ئەو گوندەی وا تیایدا لەگەڵ خێزان و کەسوکارەکەیدا دەژی، واتە ساڵانی ١٩٥٧ تا ١٩٨٣ دەگێڕێتەوە، ژیانی دووەمی ئاڵتوون، دەکەوێتە وڵاتی سوید و پێکهاتووە لە ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٩١، ژیانی سێیەمیش پێکهاتووە لە ژیانی نێوان یوگوسلاڤیا، سوید و تورکیا، ساڵی ١٩٩١.

هەر وەک لە کتێبەکەدا پێی ئاشنا دەبین، ئاڵتوون ژنێکی کوردە و لە کۆتایی پەنجاکاندا لە دێیەکی بچووک لە تورکیا لە دایک بووە، خێزانەکەی ئاڵتوون، هەر وەک گەلی کورد لە باکووری کوردستان هیچ ئازادییەکیان نەبوو، ئاڵتوون لە دوای تەنیا پێنج ساڵ لە قوتابخانە، بێ ویستی خۆی بەشوو دەدرێت، لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا، هاوسەرەکەی ئاڵتوون لە تورکیا هەڵدێ و دەچێت بۆ وڵاتی سوید، پاشان ئاڵتوون  و سێ منداڵەکەشی بە دوایدا دەچن بۆ سوید، لە سوید ئاڵتوون بواری خوێندن و کاری بۆ دەڕەخسێت، بوارێک کە بە دڵخۆشییەوە وەری دەگرێت، بەڵام دواجار تراژیدیایەک ژیانی ئەم ژنە دەگۆڕێت، بەڵام بە هێز و وزە و ئیرادەیەکی پتەوەوە دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیان.

لە دەستپێکی کتێبەکەدا (ئانیکا توور) باس لەو ساتەوەخت و سەردەم و قۆناغە دەکات کە تیایدا ئاڵتوونی وەک پەنابەرێک لە وڵاتی سوید ناسیوە، کاتێک بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمنارێکی ئەدەبی ڕوو لە یەکێک لە کتێبخانەکانی ئەو ناوچەیە دەکات کە ئاڵتوون لێی نیشتەجێیە، لە دوای سیمینارەکە ئاڵتوون خۆی پێ دەناسێنێت و ژیانە پڕ لە کێشە و ئازار و تێکشکاوەکەی خۆی بە چەندین قۆناخ بۆ دەگێڕێتەوە.

ئەم کتێبە بە وردی وێنای ژیانی کوردان و گوندنشینانی باکووری کوردستانمان لە ڕێگەی خانمێکی پەناهەندەی وەک ئاڵتوونەوە بۆ دەگێڕێتەوە، بارودۆخی ژیانی خەڵک، پەیوەندییە خێڵەکییەکان، باڵادەستی پیاو، پەیوەندییەکان و کار و هۆیەکانی بەرهەمهێنان، کە بریتی بووە لە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.

ئاڵتوون منداڵی خێزانێک بووە کە باوکی پێنج ژن و دوانزدە منداڵی هەبووە، بە گوتەی خۆی لە وڵاتی تورکیا ئاسایی نییە پیاوێک پێنج ژنی هەبێت “بەڵام باوکی من پیاوێکی ئاسایی نەبووە، باوکم لە ماڵەوە پاشا بوو، قسەکانی سەنگی مەحەک بوون، بڕیاری بەسەر هەموو کەسێکدا دەدا.”

ئاڵتوون وەک کچە گوندییەک کۆمەڵێک خەونی جوانی دەبێت بۆ ژیانی خۆی، ئەو بەپێی ئەو نەخشەیە بێت بۆ پاشەڕۆژی کێشاویەتی، دەبوو جوانترین ژیانی هەبێت، بە تایبەت لە ڕووی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، بەڵام لە گوندەکەی ئەواندا کچان تەنها بۆیان هەیە تا قۆناغی سەرەتایی بخوێنن، کاتێکیش هێشتا کیژۆڵەیەک دەبێت، دەدرێت بە پیاوێک بێ ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەو پیاوەی بینیبێت، یاخود شارەزای سروشت، یاخود دڵخوازی خۆی بێت، بە هۆی هاوسەرگیرییەوە لە گوند و خێزانەکەی خۆی دوور دەکەوێتەوە بۆ گوندێکی دیکە، گوندێک کە ئەم نامۆیە بە خەڵکەکەی، تەنانەت لەوێ مافی ئەوەشی نییە بە ئازادی ئەو جلوبەرگە بپۆشێت کە دڵی خۆی دەیەوێت.

پاش ماوەیەک ژیانکردن لەو ژینگە و دۆخە تازەیەدا، تێدەگات کە هاوسەرەکەی کەسێکی قوماربازە و هەرچی پارەیەک کە دەستیان دەکەوێت لە قوماردا دەدۆڕێنێت، چەندین جار دەتۆرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان  بۆ ماڵی باوکی، بەڵام بە هۆی پەیوەندییە خێڵەکییە دواکروتووەکانەوە، بۆ پیاو عەیبەیەکی گەورەیە کچەکەی بتۆرێت “بە جلی بووکێنییەوە دەچیتە ماڵی مێردەکەت، بە کفنەوە دێیتە دەرەوە” ئەمە ئەو ئیدیۆمە دواکەوتوانەیە کە ژنی پێ زنجیر دەکرێت.

ئاڵتوون بیرەوەرییەکانی خۆی زۆر ئازایانە گێڕاوەتەوە و دەستی بۆ قووڵترین برینەکانی خۆی بردووە، دەشێت ئەو ئازار و موعاناتەی ئەم ژنە باسیان دەکات، ژان و غەمی هەزاران ژن بێت کە بوون بە قوربانیی بەها کۆن و پەیوەندییە دواکەوتووە ئایینی و خێڵەکییەکان، بەڵام وەک ئەم جورئەت و بوێریی ئەوەیان نەبێت بیگێڕنەوە، بە تایبەت لە باسکردنی پەیوەندییە خێزانییەکاندا، چ ماڵە باوانی، چ ماڵی مێرد و خەزوور و خەسووی، جوانییەکەشی لەوەدایە ئەگەرچی باس لە دڵڕەقی و خراپی باوک، یان مێردەکەی دەکات، بەڵام شتێک لە جوانییان هەر باس دەکات و تەواوی بوون و هەڵسووکەوتیان، دوژمنکارانە ناسڕێتەوە، یاخود لە هیچ شوێنێکدا نایەت بە خەیاڵیدا کە تۆڵەیان لێ بکاتەوە، بە پێچەوانەوە لە خراپترین دۆخی ژیانی خۆی و منداڵەکانیدا، تا ئەو کاتەش کە ڕوو دەکەنە وڵاتی سوید و مافی مانەوە بەدەست دەهێنن، وەک ژنێکی خاوەن ئیرادە و بەهێز و ژیاندۆست دەردەکەوێت.

ڕەنگە سەختترین قۆناغ و ساتەوەختی ژیانی تراژیدیی ئەم ژنە ئەو ساتە بێت کە لە وڵاتی سویدەوە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، بەڵام لە وڵاتی یوگوسلاڤیا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبن و مێردەکەی و کچە گەورەکەی دمرن، خۆی و دوو منداڵەکەی دیکەشی بە موعجیزە لە مردن ڕزگاریان دەبێت.

بە گشتی ئەم کتێبە بۆ خوێنەر هەم چێژبەخشە، هەم پڕە لە وانە و ئەزموون، بە تایبەت بۆ خانمان، فێریان دەکات چۆنچۆنی ڕووبەڕووی تەنگوچەڵەمەکانی ژیان ببنەوە، نەڕوخێن و ئازار ژیانیان لەبەرچاو ناشرین نەکات، جەنگی بردنەوەی ژیان بکەن و نەڕوخێن، خاوەنی ئابووریی سەربەخۆی خۆیان بن و پەیوەندییەکانیان لەسەر ئاستێکی فراوانتردا درێژە پێ بدەن، لە لایەکی دیکەوە ڕێنمایی ئەو خێزانە کوردانە دەکات لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا نیشتەجێن، کە فشار نەخەنە سەر کوڕ و کچەکانیان و ژیرانە چاودێرییان بکەن، ڕێگەیان بدەن ئەوروپیانە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن، بەر کولتوور و فەرهەنگ و کەسانی سروشت جیاجیای گەلانی دیکە بکەون و لێیانەوە فێر بن، ئەزموون و وانەی ژیانیان لێ وەربگرن و بەرمەبنای مرۆڤی نوێی سەرزەمینێکی نوێ و شارستانییەتێکی نوێ، بناغەی گەشەی ژیانی ئێستا و داهاتوویان دابڕێژن.

پرسی زمان و قەدەغە کردنی زمانی دایک لە نێو خێزان و کۆمەڵگە و ناوەندەکانی فێربوون و خوێندندا، یەکێکی دیکەیە لە کێشەکانی کوردانی باکوور، کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆ سڕینەوەی شوناسی کورد، یەکێکی دیکەیە لەو کێشە زەقانەی کە لەم کتێبەدا و لە بیرەوەرییەکانی ئاڵتووندا باس کراون، بێگومان ئەم گرفتە لە مێژە سەری هەڵداوە و دەوڵەتی تورک جۆرەها شێوازی زەبروزەنگ و توندوتیژی دەگرێتە بەر بۆ ئەوە ڕیشەی زمان لە نێو کوردانی ئەو وڵاتەدا ببڕیتەوە، بێگومان یەکێک لە کۆڵەکە بنچینەییەکان و بوون و مانەوەی هەر نەتەوەیەک، بریتییە لە زمان و پاراستن و گەشەپێدانی زمان، دەوڵەتی تورکیش لە سۆنگەی دژایەتیی لەمێژساڵەی کوردەوە ئەم سیاسەتەی گرتووەتە بەر، بەڵام ڕۆحییەتی کوردانەی کوردانی باکوور، لە چەندین فۆڕم و شێوازی دیکەی هونەری و ئەدەبی و چالاکی سیاسییدا خۆی نمایش دەکاتەوە و درێژە بە تەمەنی پڕ لە بەرخودانی خۆی دەدات.

 

ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا

ڕانانی: سەردەم

 

یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی (ڕەدووکەوتن لە کوردستاندا) بابەتی ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی شیکارییە سەبارەت بە بابەتی ڕەدووکەوتنی ئافرەتان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، لێکۆڵینەوەکە لە لایەن (بوار نوورەدین)ەوە نووسراوە، بێگومان ئەم نووسەرە دەمێک ساڵە بە چڕی ڕۆچووەتە نێو بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەمەڕ ئەم پرسە دەست بۆ نەبراوە، هاوکات بە شێوەیەکی زانستی هۆکار و ڕەهەندە مێژووییەکان و کولتوور و فەرهەنگ و باری ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانەی شی کردووەتەوە کە تیایدا ڕەدووکەوتن ڕوودەدات، بێگومان نووسەری ئەم کتێبە لە گەلێ بواری دیکەدا تویژینەوە و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە بابەتگەلێکی دیکە لە شێوەی کتێبدا پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کردووە، کە دەشێت هەر یەک لەو کتێبانە ببنە سەرچاوەی دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوە.

ئەم کتێبە لە چەندین بەش و تەوەر و ناونیشانی جۆراوجۆر پێک هاتووە کە بریتین لە: ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی کۆمەڵگای کوردستان، سروشتی کوردستان، پێگەی ئافرەت لە کولتووری کوردیدا، ڕەنگدانەوەی ڕەدووکەوتن لە فۆلکلۆری کوردیدا، هۆکارەکانی ڕەدووکەوتن، جیاوازیی تەمەنی هاوسەرگیری، سەربەستی کولتووری، باری شارستانی و ئاستی ڕۆشنبیری، هەندێ هۆکاری لقەکی، بنەماکانی ڕەدووکەوتن، لەخۆبوردن و قوربانیدان، ئاکامەکانی ڕەدووکەوتن، شێواندنی خێزان، جۆرەکانی ڕەدووکەوتن، پێگەی هەڵگر و ڕەدووکەوتوو لە شەریعەتی ئایینی ئیسلام و قانوونی عێراقیدا، دیاریکردنی ناوچەکانی ڕەدووکەوتن و لەنێو پێڕەوانی ئایینەکاندا… و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

لە ڕاستیدا ئەم توێژینەوەیە بە زمانێکی ڕوون و دوور لە گرێ و گۆڵ نووسراوەتە، خوێنەر وا لێ دەکات هەم چێژ لە خوێندنەوەی ببینێت، هەم بەر کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ و کەمبیستراو بکەوێت، بە تایبەت لەو بەشانەدا کە بە شێوەی مەیدانی و وتووێژ لەگەڵ خەڵکانی ناوچە جیاجیاکاندا سەبارەت بەم چەمک و پرسە دەکات.

نووسەری ئەم کتێبە وەک خۆی لە سەرەتادا ئاماژی پێ کردووە، لە مێژووی کارکردنیدا لەسەر فۆلکلۆری کوردی، سەرەتا ساڵی ٢٠٠٤ کاری لەسەر دەنگ و پێگەی ژن کرد و لێکۆڵینەوەیەکی بە ناونیشانی (دەنگی مێینە لە گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیدا) ئامادە کرد: دواتر بابەتێکی گرنگتر سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش ڕەدووکەوتن، یان بڵێین سنووربەزاندن و سەرکێشییەکی گەورەی ژن بوو، هەرچەندە هەستم بە ئاڵۆزی و گرانیی بواری لێکۆڵینەوەکە کرد، بەڵام دواجار بڕیارم دا لاسایی ژن بکەمەوە و ئەو بابەتەی بە شەرمەوە لە کۆڕی مەسڵەتکردندا ناوی دەهێنرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و فراوانی لەبارەوە بکەم.

بە گوتەی بوار نوورەدین ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ بە ناونیشانی (ڕەدووکەوتن لە کەلتووری کوردیدا) دوو جار چاپی کردووە و بە چەند قۆناغێک، دەستکاری و گۆڕانکاریی زۆری لەم لێکۆڵینەوەیەدا کردووە و بە زانیاری زۆرتر فراوانی کوردووە: لە نووسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبەدا، جگە لەو سەرچاوانەی بەکارم هێناون، چەند پێشهاتێکیش هاوکارم بوون، لە هەندێ ناوچەدا ژیاوم، کە ئەم دابانەیان تێدا باو بووە، هەروەها تێکەڵاوی و پەیوەندیم لەگەڵ بەشێکی شارەزایانی بواری کولتوور و فۆلکلۆری خەڵکی کوردستاندا هەبووە، سەرباری ئەوانە، لە ماوە ئەم بیست ساڵەدا، بە هۆی ئامادەکردنی دەیان بیبلیۆگرافیاوە، سەروکارم لەگەڵ سەرچاوەکاندا بووە، هەموو ئەمانە هۆکاری کۆکردنەوەی کۆمەڵێک زانیاری بوون لەبارەی ڕەدووکەوتن، لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا.

سەبارەت بە بایەخی ئەم لێکۆڵینەوەیە، بوار نوورەدین ئاماژەی بە کۆمەڵێک خاڵی گرنگ داوە لەوانە: ڕەدووکەوتن، دابێکی دێرینی هەندێ کۆمەڵگەیە، بە تایبەت کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە زۆربەی ناوچەکان، لەنێو زۆربەی چین و توێژەکان، پەیڕەوانی ئایین و ئاینزاکانی کوردستاندا هەبووە و هەیە، کە سەپاندنێکی ئازادانە و ئازایانەی ژنە.

ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە ڕەدووکەوتن هیچ کتێبێکی سەربەخۆی بە زمانی کوردی لەبارەوە نەنووسراوە، تەنها لە چەند سەرچاوەیەکدا لێکۆڵینەوە، یان بابەتێکی لاوەکی لەبارەوە نووسراوە: ئەوەندەی زانیاریمان هەبێت بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و تورکیش، کتێبی سەربەخۆی لەبارەوە نەنووسراوە.

نووسەری ئەم کتێبە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەم دابە بە شێوەیەکی گشتی لە شێوەزاری کوردیی ناوەڕاستدا، بۆ بکەری مێینە ڕەدووکەوتن و بۆ بکەری مێینەش بکەری هەڵگرتنیان پێ دەگوترێت: لە کرمانجی ژووروودا بۆ هەردوو توێژەکە بەزۆری وەی ڕڤان و ڕەڤاندن، بۆ بکەری نێرینەش هەڵگرتن بەکار دەهێنن.

لە ڕووی حوکمی شەریعەتی ئایینی ئیسلامەوە سەبارەت بەم بابەتە، لەم کتێبەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ئەگەر نێرینەیەک ژندار بێت و ژنێک هەڵبگرێت و پاشان سێکسیشی لەگەڵدا بکات، حوکمەکەی بەردبارانکرنە هەتا مردن، ئەگەر کوڕێک ژنێک، یان کچێک هەڵبگرێت و سێکسی لەگەڵدا نەکردبێت، دەچێتە دەرگایەکەوە پێی دەگوترێت (تعازیر) واتە سەرزەنشتکردن، سنووری سزاکەی دیاری نەکەراوە و حوکمێکی دیاریکراوی نییە، بەپێی بڕیاری دادوەر دەبێت، سزاکەی زۆرجار بەندکردن، یان پێبژاردنە، تەنها سێکسکردن-زینا تاوانە، کە بۆ پیاوی ژندار و ژنی مێرددار بەردبارانکردنە تاکو مردن، بۆ سەڵتیش نێرینەی بێ ژن و ئافرەتی بێ مێرد، سزاکەی سەد داری حەددە.

لە ڕاستیدا بابەتی ڕەدووکەوتنی ئافرەت لەنێو گەلێک داستان و چیرۆک و هۆنراوە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا باس کراون و وەک نیشانەیەکی ئازایەتیی ژنی کورد، یاخود پچڕانی زنجیر و ڕووخاندنی دیوارەکانی پەیوەندی پیشان دراون، بەڵام لە بنەڕەتدا ڕەنگە هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕیتەوە کە ژنی ڕەدووکەوتوو لەو دۆخ و ژینگە خێزانییەکی تیایدا دەژی نیگەران بێت، ڕەنگە لە ڕابردوودا لە لایەن نێرە گەورەکانی خێزانەوە بەزۆر درابێت بە شوو، کەسێک مێردی بووبێت کە دڵخوازی ئەم نەبووە، یاخود درەنگ سوارچاکی خەونەکانی بینیبێتەوە، ئەمەش لە شوێن، ناوچە، ژینگەی کۆمەڵایەتی و خێزانی و خێڵەکی گۆڕانی بەسەردا دێت، وێرای هەموو ئەمانەش، ئەم کتێبە بە قووڵی ڕۆچووەتە نیو ڕەهەندە مێژوویی، کولتووری، ڕۆشنبیری تاک و ناوچە و کۆمەڵگەکانەوە، ئەو هۆکارە جۆراوجۆرانەی شیکردووەتەوە کە بوونەتە خۆشکردنی زەمینەی ئەنجامدانی ڕەدووکەوتنی ژنی کورد، یاخود ژنهەڵگرتن لە لایەن پیاوی کوردەوە.

هاوکات ئەو حوکم و یاسا شەرعی و قانوونیانەشی باس کردووە کە بۆ بکەری ئەم دابە دیاری کراوە، چ لە ڕووی یاسایی و ئایینییەوە، چ لە ڕووی بەرخود، یاخود تۆڵەی بنەماڵەکانەوە، واتە ئەو پیاوانەی کچەکەیان، یاخود خوشک و ژنەکەیان ڕەدوو کەوتوون، ئەوەی بیستوومانە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە حوکم و سزاکان جیاوازن، دەگوترێت لە هەندێک ناوچە بەوە واز دەهێنن کە ژن و پیاوە ڕەدووکەوتووەکە لە یەکتر مارە بکرێن و ببن بە ژن و مێرد، لە هەندێک شوێنی دیکە بێبەرییان دەکەن، یاخود سزای جۆراوجۆر دەدرێن.

بە گشتی ئەم کتێبە یەکێکە لە کتێبە بەسوودەکان و دەتوانین بڵێین تاکە سەرچاوەی زانستی و مەیدانیشە سەبارەت بە پرسی ڕەدووکەوتن کرا بێت، چونکە ئەم دابە چەندین ساڵە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، دەبیستین و دەبینین کە ژنێک ڕەدوو کەوتووە، پیاوێک ژنێکی هەڵگرتووە، بەڵام نەمانزانیوە هۆکارەکان، ڕەهەندەکان، مێژوو و فاکتەرە بنچینەییەکانی چین، نەمانزانیوە ژنێک بۆ ڕەدوو دەکەوێت، دواتر بە چی دەگەن، سزاکەیان چییە، لێیان خۆش دەبن یاخود چی، ئابووری، ئایین و فەرهەنگ و کولتوور چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان هەیە لەسەر ئەم پرسە.

ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتێبە، هاندانێکە بۆ خوێنەری کورد بۆ ئەوەی بزانێت لە ئێستادا کتێبخانەی کوردی یەکێک لە باشترین کتێبەکانی لەخۆ گرتووە، ئێمە دڵنیاین خوێنەری ژیر و وریا لە ساتی خوێندەوەی ئەم کتێبەدا زیاتر ئاشنا دەبێت بە زانیارییەکانی ناوی، دواتریش تێدەگات کە لە جۆری ئەو توێژینەوانەیە بێ گەڕان و شەونخونی و سەرچاوە پەیدا کردن و ماندوو بوون نەهاتووەتە بوون.

ئەو حەکایەتانەی نەنە دەیانگێڕێتەوە

سەرنجێک لەسەر “نەنە پەریزادم گێڕایەوە”

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

ئەدەبی زارەکی گەلان، بە تایبەت ئەدەبیاتی داستان، لە گەنجینە بە نرخەکانی میللەتانن، کە تێیدا یەکەمین ڕەگەزە بنچینەییەکانی ئەو میللەت و گەلانەی تێدا ڕۆ نراوە و لێیەوە ڕسکاوە، ئەدەبی زارەکی سەرەتایە، ئەم ئەدەبیاتە تاکو ئەوەی گەیشتووە بە ئەدەبیاتی نووسراو و مشتوماڵکراو، ڕێیەکی درێژی چەند سەدەیی بڕیوە، لە درێژەی ئەو ماوە زەمەنییەدا ئەم داستان و بەیتە زارەکییانە بەسەر زار و دەماودەم و سینگاوسینگ هاتوون و چاخەکانیان بڕیوە و گەیشتوونەتە ئێمە، کە ئەمڕۆ لە بەردەم کۆمپیوتەرێکدا دانیشتووین لەبارەیانەوە دەنووسین و لێکۆڵینەوە دەکەین. وردبوونەوە لەم ئەدەبیاتە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتنێکی بەرفراوان لە نەریتی گەلان و ئەو خەسڵەتە کۆنانەیان کە دەشێت لەمڕۆشدا بە فۆرمی جودا، درێژەیان هەبێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەمەڕ یەکێک لەو کتێبە گرنگانە بدوێین کە بەم دواییانە لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەو کتێبەش ناوی “نەنە پەریزادم گێڕایەوە”یە، کە هەردوو نووسەر گێرد مانێ و ئاننێ ڤێننێ شیلدە کۆیان کردووتەوە و نووسیویانە، هاوکات هەردوو نووسەر و وەرگێڕی کورد: بەختیار ئەمین و ئەمجەد شاکەلی لە سویدییەوە کردوویانە بە کوردی.

لە “پێشەکی” ئەم کتێبەدا، کە هەردوو وەرگێڕ نووسیویانە، هاتووە: “ئەم کۆمەڵە داستانە، بریتییە لە بیستوچوار داستان. دە داستانی ئاسیایی، هەشتی ئەورووپایی، چواری ئەفریقایی، یەک دانەی ئەمەریکای لاتین و یەک دانەشی هیی ئەسکیمۆیە. وێڕای پەرش و بڵاویی جوگرافی، داستانەکان تا ڕادەیەک هاوبەشن و نوێنەرایەتیی کەلەپوور و فەرهەنگی هاوبەشی گەلانی گێتی دەکەن. کتێبەکە بۆ یەکەم جار لە زمانی نۆروێژییەوە کراوەتە سویدی و ساڵی ١٩٨٠ چاپ کراوە و بڵاو کراوەتەوە. ئێمەیش هاوین و پاییزی ١٩٨٦ لە زمانی سویدییەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئەوەمان لە بیر بووە و زانیومانە وەرگێڕان لە زمانی ڕەسەنەوە کارێکی چاکتر و پەسەندترە، بەڵام ئێمە هەڵبەتە بۆ خۆمان زمانانی ڕەسەنی ئەو داستانانە، کە زۆر جیاوازن، نازانین. هەر بۆیەشە پەنامان بردووەتە بەر زمانی سویدی. لە وەرگێڕانەکەدا گرنگیمان بە بەکارهێنانی وشە و بێژە و زاراوەی جیاوازی زمانی کوردی داوە و هیواشمان لەوەدا زێدەتر نزیکبوونەوەی دیالێکتە جیاوازەکانی زمانەکەمان و دەوڵەمەندکردنی گەنجینەی زمان و ئاشناکردنی زارۆک و لاوانی کوردە بە زمانەکەمان. ئومێدەوارین بەم کارە چکۆلەیە سووچێکی ئەو کەلێنە مەزنەی ئەدەبی هەژاری زارۆکی کوردمان پڕ کردبێتەوە. بە پێویستیشمان زانی فەرهەنگۆکێکی چکۆلە بۆ واتە و شیکردنەوەی بێژەکان چێ بکەین. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، واتە: دوای سیوشەش ساڵان و دوای گەڕانێکی زۆر، ڕەشنووسی وەرگێڕانە کوردییەکەمان پەیدا کرد و پێویستی بە پێداچوونەوەیەک دەکرد. ئیدی لە پڕۆسێسی پێداچوونەوە و ئامادەکردنی کوردییەکەیدا بۆ پەخشکردنی وەک کتێب، هاوڕێیەکی چالاک و ڕۆحسووک، کاک زاهیری عەبەڕەش، دڵسۆزانە کۆمەکی پێ کردین و هاوبەشی ماندووبوونمان بوو، کۆڵێک سوپاسی دەکەین و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین.”

ئەوە باشترین و پوختترین ناساندنی کتێبەکەیە لە لایەن خودی وەرگێڕانەکەیانەوە. بەڵام ئەم کتێبە خاوەنی ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەندە، پڕە لە قووڵایی خەیاڵ و فەنتازیای ناسک، دەتوانێت خوێنەر لە هەر ئاست و تەمەنێکدا بێت، بەو پانتاییە بەرینەدا بەرێت و ئاشنای بکات بە کۆمەڵێک داب و ڕەفتار و تایبەمەندی ئەو گەل و میللەتە جیاوازانە. ئەگەر بمانەوێت لە پەیوەندیدا بە داستانی گەلانی ترەوە ئەم داستانانە تەماشا بکەین، بۆ نموونە بە تایبەت لە پەیوەندیدا بە داستانی فۆلکلۆری کوردییەوە بیانخوێنینەوە، دەبینین زۆر ڕەگەز و ڕوانین و ئایدیا لەم داستانانەدا هەن کە لە داستانە کوردییەکانیشدا هاوبەشن، ئەمە بێئەوەی کە کاریگەری نزیک و دوور لە نەقڵی ئەو داستانانەدا ڕووی دابێت، بەڵکوو ئەمە خەسڵەتێکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە، کە لە سەرەتاوە جۆرێک ژیان و ڕوانین و کۆمەڵێک دابونەریت باو و لە برەودا بوون، کە بوون بە خاڵی کۆکەرەوەی سەرجەم گەلە جیاوازەکان، ژیانی سادە و ڕۆژانەیی خەڵکی، لەناو خانووی گڵین و نزمدا، لەگەڵ ئەو سروشتە خەمڵیوەدا، لەناو گوند و پێدەشتەکاندا، لەو خاڵە دیارانەن کە تێیدا جۆرێک لە هاوبەشییان پێک هێناوە، لە یەکخستنی ژیانی ئەو گەل و زمانە جیاوازانەدا. ململانێکان لە کۆندا زۆر پێک دەچن، ململانێی خێر و شەڕ، ململانێی سروشت و هێزە نادیارەکان، ململانێی کەسەکان لەسەر ڕووبەرێکی چکۆلە و شتی سادە و… بێگومان کۆی ئەو شێوە ژیانە لە ناوەڕۆکی داستانەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و ئەوەش بووە بەو ڕەگەزە هاوبەشەی لە سەجەمیاندا دەتوانین بیدۆزینەوە.

خاڵێکی تر کە لە ناوونیشانەکەشدا هاتووە، ناوی “نەنە”یە، نەنەکان بەردەوام سەرچاوەی داستان و حەکایەتەکانن، ئەمە خاڵێکی سەرنجبزوێنە لەم کتێبەدا، لە کۆی هەر بیستوچوار داستانەکە، داستانێک نییە کە ناوونیشانی کتێبەکەی هەڵگرتبێت، واتە ناوونیشانی هیچ کام لە داستانەکان “نەنە پەریزادم گێڕایەوە” نییە، بەڵام خوێنەر هەر داستانێک لەم داستانانە دەخوێنێتەوە، هەست دەکات نەنەیەک لە بەردەمیدا دانیشتووە و بە کاوەخۆ و زمانێکی شیرین داستانەکەی بۆ دەگێڕێتەوە.

ناوی داستانەکان ئەمانەن: “ئەو کەڵەشێرەی خۆی فێری هێلکەکردن کرد، گوودبراند، خەیاڵپڵاو، جاڵجاڵۆکەی فێڵباز، ڕێوی و ماسییەکان، پیاوە پیرەکە، ماسییە زێڕینەکە، چیکیبۆ و قازەکە، زەماوەندی جرج، داپیرە و چنگ، سەنجار – ژنێکی زیرەک، کیسەڵ و کەروێشک، چما کەللەی کیسەڵ شەقار شەقارە؟، لە بەسەرهاتەکانی مەلا نەسرەدین، قەلەڕەش و کونەپەپوو، هەسارە گەشەی گەلاوێژ، چەقەڵ و ماریشۆک، ئاسکێلاد و دێوە دە پێشبڕکێی خواردندا، کناچە و مانگ، دوو هاوڕێی چینی، مێکوت و بکوت!، جرج و وشتر، شادۆتی بابمۆ و چوار براکە.” وەک لە ناوونیشانەکانیشدا دەبینین، ئاژەڵ و دنیای باڵندەکان پانتاییەکی گەورەی ئەم داستانانەن، خوێنەر کاتێک داستانەکان دەخوێنێتەوە وردتر درک بەو دنیایە دەکات، ئەمەش بۆ خۆی جەختکەرەوەی ئەو هاوبەشییە گەورەیە لە سەرجەم داستانی گەلاندا، کە لە زمانی ئاژەڵان و فڕندانەوە بەسەرهاتەکان دەگێڕدرێنەوە و حیکمەتی باش و خراپ پێشان دەدرێت. نموونەی هەرە بەرجەستە و نایاب لە بەگەڕخستنی ئەو دنیایەدا، “کلیلە و دمنە”ی نووسەری هیندی بەیدەبایە، کە لەمڕۆدا بووە بە دەقێکت جیهانی و بۆ کۆی زمانە زیندووەکانی گەلان وەرگێڕدراوە.

نوختەیەک کە جێی لەسەر وەستانە، گرنگی ئەم داستانەنەیە بۆ ئەدەبی نوێ و مۆدێرن، ڕەنگە ئەمە بۆ هەندێ جێی سەرنج بێت، بەڵام ئەمە سەلماوە کە ئەدەبیاتی زارەکی و داستانەکان بنەمایەکی سەرەکین بۆ ئەدەبی مۆدێرن، زۆرێک لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەی نوێ، بە تایبەت لە ئەمەریکای لاتین و وڵاتانی ئەورووپا، بە گەڕانەوە بۆ ئەو میراتە دەوڵەمەندەی داستان، نووسراون و دەنووسرێن، واتە نووسەران سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ داستانە فۆلکلۆرییەکان و هەوڵ دەدەن پردێک لەو نێوانەدا، نێوانی دنیای کۆن و سوننەتی لەگەڵ دنیای مۆدێرن و پیشەسازی دروست بکەن، لە لێکدانی ئەو دوو دنیایەدا شتێکی نوێتر بەرهەم بهێنن، کە هاوکات ئەمڕۆیی بێت و تاموبۆنی کۆنیش بدات، نووسەرێکی وەک بۆرخیس نموونەی ئەو هەوڵە سەرکەوتووەیە لە چێکردنەوەی ئەو پردەدا، گاربرێل گارسیا مارکیز نموونەیەکی درەوەشاوەی تری ناو ئەو کایە فراوانەیە، مارکیز بە گەڕانەوە بۆ داستانەکانی نەتەوەکەی خۆی، بە گەڕانەوە بۆ ئەو حەکایەتانەی بە منداڵی لە لایەن گەورەکانی بنەماڵەکەیەوە بۆی کراون، بە تایبەت نەنەی، ڕۆمانێکی گەورە و شاکارێکی ئەدەبی وەک “سەد ساڵ تەنیایی” دەنووسێت. بێگومان کەم نین لە چەشنی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەی سەرچاوەکەیان گەڕانەوەیە بۆ ئەدەبیاتی زارەکی، لە نموونەی ڕۆمانی کوردی، دەتوانین ئاماژە بە “گوڵی شۆڕان”ی عەتا نەهایی و چەندانی تر بدەین.

دەربارەی ڕۆمانی پان ی كنووت هامسون
ڕانانی: ڕاهۆزكامەران
شەوانی هاوین و ئاوی مەنگ و دارستانی خامۆشی بێکۆتایی. نە هیچ هاوارێ، نە هیچ تەپەی پێ بە ڕێگەکاندا، دڵم دەڵێی پڕە لە شەرابی سوور…لە ڕۆمانەکەوە:
“کنووت پدرسۆن” کە دواتر بەهۆی هەڵەیەکی چاپەوە ناوەکەی بۆ ئەبەد دەگۆڕێت بە “کنووت هامسۆن” لە ١٨٥٩ لە خێزانێکی گوندنشینی نەرویج لە دایکبووە، دایکی ناوی “تۆرا پێدەرسۆن_Tora Pedersen”ە.
هامسوون خوێندنێکی پچڕ پچڕ و نا ڕێکخراوی هەبووە، نەیتوانیوە لە ڕێگەی خوێندنەکەیەوە هیچ بەدەست بهێنێت، ساڵێک لێرەو دوان لەوێ خوێندوێتی و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە، زیاتر کەسێکبووە بەرهەمی ئەزموون و خوێندنەوە و ئەندێشەکانی خۆی، بەشێکی زۆری گەنجی دەربەدەر و برسی بووە، ساڵانێکی زۆر لە نێوان ئەمەریکا و ئەوروپای خۆرهەڵات لە ڕاکردندابووە و دواتریش لە باکوری نەرویج گیرساوەتەوە.
هامسوون بە یەکێک لە پێشەواکانی بزوتنەوەی شەپۆلی هۆش لە ئەدەبدا دادەنرێت، لە ڕێبەرە کاریگەر و یەکەمینەکانی ئەو قۆناغەی ئەدەبی مۆدێرنە، ئەو دەیگوت کە ئامانجی ئەدەبی مۆدێرن دەبێت وردەکارییەکانی ئەقڵی مرۆڤبێت، دەیگوت نووسەران دەبێت وەسفی ” چپەی خوێن و سکاڵای مۆخی ئێسک” بکەن. ئەو نووسەرێکی یەک شێواز نەبوو، لەساڵی ١٩٢٠ دا خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی درایە و ئەویش خەڵاتی نۆبێڵەکەی بەخشی بە گۆبڵز(وەزیری ڕاگەیاندنی هیتلەر) بەمەش هێندەی تر دڵی نەرویجییەکانی لەخۆی زویرکرد، چیرۆکی پەیوەندی هامسوون بە نازییەکانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی جەنگی جیهانی، کاتێک ئەڵمانیا نەرویج داگیر دەکات، هامسوون بەخۆشەویستییەوە دەربارەی ئەمە ستایش دەکات و دەنووسێت، خۆی وەک لایەنگری نازییەت نیشاندەدات و کاتێکیش هیتلەر دەمرێت، هامسون لە ڕۆژنامەیەکی ناوداری نەرویج، وتاری مردنی دەنووسێت و وەک “پێشەنگی مرۆڤایەتی ناوی دەهێنێت” ئەمەش وەک پەڵەیەک بەمێژووی بیرکردنەوە و هەڵوێستی هامسونەوە ماوەتەوە.
خاڵی سەرنج ڕاکێشی گێڕانەوەی هامسوون ئەو دابەشبوونە ناوەکییەیە بەسەر سروشت و هاوکات دونیای نوێدا ڕودەدات لە کارەکانیدا، ئەو چەند ڕۆمانتیکانە دەگێڕێتەوە، چەند جڵەو بۆ هەست و تێکەڵبوونی ناوەکی شلدەکات هاوکات هێندەش شرۆڤەکارانە، دەربارەی ئەخلاق و ڕێکەوت و بەرەو پێشچوونەکانی ژیانی شار و شارستانیەتەکان، وردەکارانە دەگێڕێتەوە، ئەو چەند وەستایەکی شارەزایە لە دەرون و دونیای ناوەوەی مرۆڤ و چەند کاریگەرە بە دۆستیۆڤسکی هێندەش لە دونیای مادی و شارستانییەتی نوێ و دەرکەوتە نوێیەکانی سەرمایەداری و کاریگەریان بەسەر مرۆڤەوە خوێندکاری مارکسە و شارەزایانە دەنووسێت.
کنوت هامسون لەیەکەم ئەو نووسەرانەیە کە ڕۆمانەکانی لەدەوری “من” دەسوڕێنەوە، من”ێک، بەڕواڵەت ئاسایی، بەڵام لەناوەوە دەوڵەمەند، فرە ڕەهەند، گۆشەگیر و خاوەن تێبینی و سەرنج لەسەر ئەوانیتر. تۆماس گلانی ناو ڕۆمانی “پان” نموونەیەکی دیاری ئەو کاراکتەرانەیە.
***
ڕۆمانی پان لە ڕوانگەیەکەوە چیرۆکێکی خۆشەویستیی پڕ ململانێیە دەربارەی تۆماس گلان و ئێدڤاردای پاکیزە، چیرۆکەکە لە ساڵی ١٨٥٥ لە وڵاتی نەرویج لە هاوینێکدا ڕوودەدات و وەک دوو بەش نووسراوە، بەشی یەکەم کە وادەردەکەوێت، بیرەوەری گلان بێت و بەشی دووەمیش وادیارە لەلایەن بکوژەکەیەوە لە هیندستان نووسراوە.
تۆماس گلان ڕاوچییەکی تەنیایە کە لەگەڵ سەگەکەی ئیزۆپ، دوو بە دوو لە کوخێکدا لەناو دارستانێکدا دەژین، گلان کەسێکی کۆمەڵایەتی نییە و پێی باشترە لە بیابان و دارستانەکاندا، بەڕاوکردن و ڕامان لە چواردەوری کاتەکانی بباتە سەر، ڕۆژەکانی لەگەڵ تفەنگ و سروشت و سەگەکەیدا تێپەڕێنێت، بۆیە بەشە یەکەمینەکانی ڕۆمانەکە، بەڕامان و وردبوونەوە لە سروشت و گیا و باڵدار و هەستکردن بە جوانییەکانی ناوچەکە دوور لە تێکەڵبوون بە خەڵکی دەچێتە پێشەوە، بەقوڵبوونەوە لە زەوی وەک بەرجەستەبوویەکی ئەبەدی و تێکەڵبوو بە وجودی خودی گلان.
کارەکە سەر ڕێژ لە وەسفی شیعری و هاڕمۆنیای بارکراو بە مەزاجییەت و تاکایەتی دەڕواتە پێش، لەناکاو دروستبوونی چەشنێک پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ گلان لەگەڵ خەڵکانی شارۆچکەیەکی نزیک ئەو کوخەی لێیدەژی، هاو چەشنی ڕاکێشانی ئەنکیدۆ بۆ ناو شارستانی ڕایدەکێشێتە ناو ژیانی کۆمەڵەوە و ساتەکانی پڕدەکات لە دودڵی، ڕاڕایی، هەستگەلی لێکدژ… وای لێدەکات بەشداری ئاهەنگەکانی شەوانە و گەشتەکان بکات، ئەوانی دی بناسێت، لەگەڵیاندا بخوات، بخواتەوە و گفتووگۆ بکات، بەڵام ئەم بەشدارییانە تۆماس گلان خۆشحاڵ ناکەن، بەرکەوتنی ئەو سروشتە کێوی و نا ڕێکخراوەی ئەو، ئەو تەنیاییە دێرین و دەق گرتووەی لەگەڵ ئەوانیتر هەر جارەو دڵشکان و نائومێدییەکی زیاتر لە دەرونیدا دروستدەکات. هەر ئێوارە خوانێک، هەر گەشتێکی بەکۆمەڵ، بەهۆی ئیرەییە زۆرەکەیەوە لە ئێدڤاردای کچی بازرگانەکە، ئێدڤاردا ماک، ئەوکچەی خۆشەویستییەکی ناساز، منداڵانە و پڕ بێنەوبەردە لەنێوانیاندا گەشە دەکات و هیچیشیان لەوی تریان ناگەن. چین چین نائومێدی لەبانی یەک لە ژیانیدا هەڵدەچنێت.
پەیوەندییەکانی تۆماس گلان بەوانیترەوە پەیوەندی شەهوەت ئامێزن، بۆنموونە، ئێڤای ژنی ئاسنگەرەکە، پێویستییەکی قوڵی نەبوونی خۆشەویستی، دەیبەستێتەوە بە تۆماس گلانەوە، هاوچەشنی سۆنیای ناو خاڵەڤانیا بە دکتۆرەوە، شتێک لە فۆڕمی بێ پەنایی، بێ کەسی و تەنیاییەکی قورس…بەڵام بۆ تۆماس گلان، پەیوەندییەکان، پێکەوەبوون و ڕاموسانەکان، هیچ نین بێ لە کات بەسەر بردن و چێژ و چێژ و چێژ.!
لەپاش تێکەڵبوونی زیاتری گلان بە ئێدڤاردا و دروستبوونی چەشنێک پەیوەندی سۆزداری نا ڕێکخراوی پڕ لە بانگێشت و یەکتر ڕەتکردنەوە لە نێوانیاندا، پاشتر هاتنە ناوەوەی دکتۆرئەسترۆڤ بۆ ناو ڕوداوەکان و شەوە ئاهەنگەکان، وروژاندنی گومانی گلان و سەرنج ڕاکێشانی ئێدڤاردا. جۆرێک هەست بەکەمی کردن و پرسی گرنگی چینایەتی دێتە کایەوە، ئەسترۆڤ- دکتۆرە، سەر بە دونیای نوێ و شارستانییە، ئامادەیی ئەو ئاما دەیی زۆر ڕێکاری شارستانیانەیە بۆ مامەڵەکردنی کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی تۆماس گلان کە تەواو کێوی و نا ڕێکخراو و شەهوەت پەرستانە لە هەموو شتێک دەڕوانێت، ئەمەش بۆ تۆماس گلان لەبەرامبەر ئێدڤاردا و دکتۆر و پاشتریش بارۆندا سەرهەڵدەدات و هەمان ئەو سێکوچکەیەی ناو خاڵەڤانیا دێتە کایەوە کە خوێنەرانی چێخەف لە خاڵە ڤانیادا لەنێوان، ڤانیا و سۆنیا و یەلینا و دکتۆردا دەیبینن…
ڤانیا دڵی بە یەلیناوەیە، یەلینا ژنێکی مێرددارە(ژنی پرۆفیسۆرە) و هیچ مەیلێکی بۆ ڤانیا نییە، ڕاڕا و دڵ شکاو لەپیری و دڵپیسی مێردەکەی، چەشنێک مەیل و هەست بەنزیکی کردن بۆ دکتۆر جار جار دایدەگرێت و دەیشارێتەوە، دکتۆر عاشقی یەلینایە، سۆنیا عاشقی دکتۆرە و دکتۆر نایبینێت!
لێرەشدا، ئێڤا عاشق، یان پێویستییەکی قوڵ دەیبەستێتەوە بە گلانەوە، گلان خۆشی ناوێت و بەڕونی دیارە کە ئێڤا بۆ ئەو بێ لە پەیوەندییەکی جەستەیی هیچی تر نییە، ئەم عاشقی ئێدڤاردا ماک ە وخۆشەویستییەکەیان هیچ شایەن بە تێگەیشتن نیە، لەولاشەوە تا ڕادەیەک پێوەستی ئێدڤاردا بە دکتۆرەوە دەبینین و ئاوا پەیوەندییەکان لەناو ناکامی و تێنەگەیشتنێکی قوڵدا دێن و دەچن. جیاوازییە چینایەتیە تۆخەکانی نێوان کارەکتەرەکان وهاتنی بارۆن بۆ ناوەوە و بەدەستهێنانی ئێدڤاردا ماک، بەجۆرێک تەواو ئەوە ڕوندەکاتەوە کە هێز و پارە و دەسەڵات، لە دونیای نوێدا هاوکێشەکان یەکلایی دەکەنەوە… کنوت هامسون لە ڕێگەی فەزا سازی و کارەکتەر چنینێکی وردەوە ئەمەی ئێجگار باڵا نیشانداوە.
***
ناونیشانی ڕۆمانەکە،”پان” تەواو پێوەستە بە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی تۆماس گلانەوە، کلیلێکی گرنگە بۆ ڕونتر بینینی دیوە پەنهانەکەی کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، گلان. پان لە میسیۆلۆجیای یۆناندا خواوەندی دەر و دەشت و کێوی بوونە و بە سروشتە کێوی و ڕاوچییەکەی، مەیلە زۆرەکەی بۆ ژن و دوورکەوتنەوەی لە قەرەباڵخی ناسراوە، لە سەرچاوەکاندا بە کوڕی هێرمس ناو هێنراوە و ناسنامەی دایکیشی بابەتی ناکۆکی بووە و لە زۆر سەرچاوەدا پێنێلۆپ بە دایکی دادەنرێت، پان لەبری ئەوەی لەگەڵ خواوەندەکان لە ئۆڵۆمپیوس نیشتەجێ بێت، ڕۆژەکانی لە دارستانەکانی ئەرکادیا بەتەنیا و لەناو کێوەکاندا بەسەردەبات، نزیکی لەگەڵ دیۆنسیۆس هەبووە و پێکەوە شەرابیان خواردووەتەوە، عاشقی سێرنێکس بووە، لە ئەڤینی ئەودا فلوتی ژەنیوە، ئەو تا ئێستاش وەک مێتافۆڕێکی گرنگی پێش شارستانییەت و خۆدانە دەست ڕۆتین و بەندو باوی کولتوور بەکاردەهێنرێت، هامسونیش لە هۆشیاری قوڵی خۆیەوە ناوی ئەوی وەک تابلۆیەک بە دیواری پێشەوەی ڕۆمانەکەیدا هەڵواسیوە و لە پێشچاوی خوێنەراندا وەک پێشگۆییەک دایناوە.
ڕۆمانەکە لەلایەن وەرگێڕ و فلوتژەنێکی جوانی کوردەوە “هاودەم ساڵح جاف” ەوە کراوە بەکوردی، کوردییەکی ڕەوان و بێ گرێ و دەزگای دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ڕۆمانی “پان” کورت، سەخت، شاکارێکی پڕ هەست و دڵشکانە، کارەکە بە هێواشی و وردییەکی لە ڕادە بەدەرەوە نووسراوە، هەموو شتێک تیایدا ئاماژەیە بۆ قوڵبوونەوەیەکی زۆر لە سروشت، لە ئاکار و خووە دەرونییەکانی مرۆڤ لە لایەن نووسەرەوە و ئەمەش وای لە کارەکە کردووە، قورسبێت لە یەک ڕەهەندەوە خوێندنەوەی بۆبکرێت و پێویستی بە بینینێکی گشتگیرتر هەیە بۆ ڕۆمان و ئەدەبیات. من پێشنیاری خوێندنەوەی ئەم شاکارەتان بۆ دەکەم.

بە بۆنەی چاپی نوێی ڕۆمانی

(هەزار خۆری درەوشاوە)وە

ڕانانی: سەردەم

ڕۆمانی هەزار خۆری درەوشاوە لەلایەن نووسەری ئەمریکی، بە ڕەگەز ئەفغانی (خالید حوسەینی )ەیەوە، لە ساڵی 2007 دا بڵاو کراوەتەوە و بۆ چەندین زمانی دونیا وەرگێڕدراوە، یەکێک لەو زمانانە کوردییە و وەرگێڕ و نووسەری ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێرانی بۆ کردووە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

 نووسەر لەم ڕۆمانەدا، وەک ڕۆمانەکانی دیکەی، چیرۆکی مەینەتی و نەهامەتییەکانی خەڵکی ئەفغانستان دەگێڕێتەوە، تەوەرەکانی ئەم ڕۆمانە باس لە لایەنەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکات، نووسەر زۆر بە چڕی تیشک دەخاتە سەر ژیانی کچان و ئافرەتانی ئەفغانستان، لە نێو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری و ناڕۆشنبیر و دەسەڵاتێکی پەرگیر و تووندڕەودا، کە  ژیانیان لە ژێر زەبروزەنگی خێزان و کۆمەڵگە و دەوڵەتدا دەگوزەرێنن و دواتر یان دەکوژرێن، یان دووردەخرێنەوە.

هەموو ئەم ئازار و ژیانە نالەبارە لە هەردوو کەسایەتی (مەریەم و لەیلا)دا ڕەنگ دەداتەوە، مەریەم کچی ئافرەتێکە کە پێشتر  کارگوزاری ماڵێکی دەوڵەمەند بووە، پیاوی ماڵەکە دەست درێژی دەکاتە سەری و منداڵی لێ دەخاتەوە، دواتر بۆ ئەوەی لە ئابڕووچوون و کێشە و هەرای ژنەکانی ڕزگاری بێت، دایکەکە لە شار دوور دەخاتەوە، لە بناری چیایەک کوخێکی بۆ بونیاد دەنێت، مەریەم کچێکی زیرەک و تێگەیشتووە، تاکە گوناهی ئەوەیە هاتۆتە ژیانەوە و لە تەواوی تەمەنیدا ناوی (حەرامزادەی) لەنێو کۆمەڵگادا بەسەردا دەبڕێت، بێئەوەی هیچ پەیوەندییەکی بەو گوناه و هەڵەیەوە هەبێت، کاتێک پیاوێک و ئافرەتێک ئەنجامی دەدەن، هەرچی کەسایەتی لەیلایە پەروەردەکراوی خێزانێکی ڕۆشنبیرە، بەڵام بەهۆی تۆپبارانی شەڕی نێوخۆی ئەفغانەوە، دایک و باوکی لەدەست دەدات، لێرەوە ژیانە تاڵەکەی دەست پێ دەکات، کاتێک تەنیا و بێکەس دەمینێتەوە و دەکەوێتە ژێر جەور و ستەمی پیاوەوە، ئەوەی نووسەر وێنای دەکات، ئافرەتان لە هەموو بارودۆخێکدا، لە جەنگ و لە ئاشتی، هەمیشە قوربانی یەکەمن، جا چ بگات بەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا بژین و هیچ لایەن و پەناگەیەک نەبێ لەسەریان بە جواب بێت و هەمیشەش تاوانباری سەرەکی پیاوانن، بەڵام ئافرەتان دەبن بە قوربانی، هەروەک (نانا)ی دایکی مەریەم دەڵێت: وەک چۆن میلی قیبلەنما ڕوو لە باکوورە، پەنجەی تاوانبارکردنی پیاو هەردەم ڕووی لە ئافرەتێکە.

بەشێکی تری ئەم ڕۆمانە ئاوڕدانەوەیە لەو جەنگ و کاولکاریەی ئەفغانستان تووشی هاتووە، هەر لە ڕوخاندنی سیستەمی پادشایی و دواتر هاتنی سوپای سووری سۆڤیەت و داگیرکردن، دواتر شەڕی نێوخۆیی و ململانێی گروپە دژ بە یەکەکان، کە هەریەکەیان پشکی شێریان لە کاولکاری و کوشتاری خەڵک پێ دەبڕێت و هەمووشیان خۆیان بە ڕاست و خاوەن حەق دەزانن، بە جۆرێک شارێکی وەک کابوڵ دابەش دەبێت بۆ چەند پارچەیەک و هەر پارچەیەک لەلایەن گرووپێکەوە دەسەڵاتداری دەکرێت، بە جۆرێک ئەگەر بتەوێ لەمسەری شارەوە بچیت بۆ ئەوسەری شار، دەبێت چەندین بازگە و خاڵی پشکنین و لێپرسینەوە ببڕیت، بەمەش برسێتی و کاولکاری تەواوی وڵات دەگرێتەوە، بە جۆرێک مرۆڤ لە برسا و لە ترسا ژیان دەباتە سەر و زۆرینەی خەڵکیش ئاوارە دەبن و ڕوو لە وڵاتانی دراوسێ دەکەن، تاوەکو بزووتنەوەی تاڵیبان دروست دەبێت و وڵات لە ئاژاوە و گرووپەکان پاک دەکاتەوە، نووسەر بە جۆرێک باسی ئەوکاتە دەکات، کە تاڵیبان بووە بە فریادڕەس و ڕزگارکەری خەڵکی ئەفغان لە تۆپباران و شەرە گوللەی نێو شەقام بە شەقام و دزی و ڕێگرییەکانی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام دواتر برسێتی و بێکاری تەنگ بە گەلی ئەفغان هەڵدەچنێ و خەڵکی ناچار دەبن منداڵەکانیان بسپێڕن بە خانەی هەتیوان… دواتر دەردەکەوێت تالیبانیش بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە جگە لە پڕۆژەیەک بۆ ترساندن و تاریکستان، هیچت دیکە نییە.

خالید حوسێنی، پزیشک و ڕۆماننوسی ئەفغانی، دوای ئەوەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ خانەوادەکەی بۆ ئەمەریکا کۆچ دەکەن، دوای ماوەیەک خۆی بۆ نووسینی ڕۆمان تەرخان دەکات و بە نووسینی دوو ڕۆمانی سەرەتای “کۆلارەباز و هەزار خۆری درەوشاوە” بە وێنەیەکی زۆر جوان و کوالێتی بەرز، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەفغانستانمان لە ۲٥ ساڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا پیشان دەدات.

هەر وەک لای خوێنەرانی بەرهەمەکانی ئاشکرایە، کە نووسەر لە یەکەم ڕۆمانیدا بە ناوی (کۆلارەباز) گوزارشتمان لە دۆخی قوربانیدانی پیاوان لە وڵاتەکەیدا بۆ دەکات، کە چۆن دوای شکستهێنانی کۆماری ئەفغانستان لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەبنە قوربانی شەڕە یەک لە دوای یەکەکان، کە بەرۆکی وڵاتی گرتووە.

دواتر “خالید حوسێنی” لە ڕۆمانەی “هەزار خۆری درەوشاوە” لە ڕێگەی گێڕانەوەی ژیانی پڕ لە نەهامەتی و چەرمەسەری دوو ژنی گەنج بە ناوەکانی “مریەم و لەیلا”ەوە، لە واقیعی ژیانی ژنانی ئەفغانستانەوە وەریگرتوون، نووسەر وێنەی ئەو دۆزەخەمان بۆ دەکێشێت، کە لە ۲٥ ساڵی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا بە هۆی شەڕەکانەوە بەرۆکی ژنانی ئەفغانستانی گرتبوو.

نووسەر، لە ڕۆمانەکانیدا دەیەوێت بە خوێنەرانی بەرهەمەکانی لە جیهاندا بڵێت: ئەو کاتەی، کە شەڕە ماڵوێرانکارەکان بوونە ناسنامەی وڵاتەکەی (ئەفغانستان) ئەوکات ئەگەر پیاوانی وڵاتەکەی تەنیا قوربانییان بە دەستی شەڕەکانەوە دابێت، ئەوا ژنانی وڵاتەکەی دوو جار قوربانیدەر بوون بە دەست شەڕەکان و کولتووری ترادسیۆن و پیاوانی کۆنزەرڤاتیڤی وڵاتەکەیەوە. ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی باس لە چەوساندنەوەی مرۆڤ بە دەست تاڵیبانەوە دەکات، ڕووداوەکانی ناو ئەفغانستان دەخاتە ڕوو، ئەو لە ڕۆمانەکانیدا، تەنیا ئافرەت نەچەوساوەتەوە بە دەست تاڵیبانەوە، بەڵکو پیاوانیش بەشێکن لەو دەردیسەریانەی، کە لە شارەکەدا بوونیان هەبووە.

بە گشتی دەقە ئەدەبییەکانی خالید حوسێنی، حوكم و شەرعی نادادپەروەرانەی تاڵیبانی ئیسلامی بۆ شەرعییەت دان بە كوشتار و کۆمەڵکوژی و كۆنەپەرستی خۆیان، مێژوویەك لە نەهامەتی و كوشتار و کۆمەڵکوژی هۆشیار دەکەنەوە، كە لە هۆلاكۆ و جەنگیزخان و پۆل پۆت و سەدام حسێن دەچێ‌. بەڵام لەژێر ناوی دنیا و مەزهەب  و شمشێری ئیسلامیدا، كە مرۆڤایەتی شەرم دەكات لێی، مێژووی ژنە بە دەست پیاوی جەللادەوە، مێژووی ژنە بە دەست كۆمەڵگەی سوننەتی و خێڵەكی، مێژووی ژنە بە دەست خێزانی دواكەوتوو، مێژووی ژنە بە دەست باوك و برای ناهۆشیار، مێژووی ژنە بە دەست دنیا و مەزهەب  و ئیسلامییەوە، مێژووی ژنە بە دەست حزبی ئیسلامی و دین و شەریعەت، مێژووی ژنە بە دەست مەلا و مزگەوتەوە، مێژووی ژنە بە دەست تاڵیبانەوە كە ئیدیعای نوێنەرایەتی خوا دەكات لەسەر زەوی،‌ مێژووی ژنە و مێژووی سەركەوتنی ژنیشە بەسەر ناعەدالەتی و سوكایەتی و لێدان.

لە ڕاستیدا چاپی نوێی ئەم کتێبە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو خوێنەرانەی لە چاپەکانی پێشوودا دەرفەتی خوێندەوەیان نەبوو، بە تایبەت لای هەموان ئاشکرایە وەڕگێرکارێکی ناوداری وەک ئازاد بەرزنجی کە بە وشیاریی و شارەزاییەکی زۆرەوە وەریگێڕاوە، ڕۆمانەکەی هێندەی دیکە جوانتر کردووە و چێژێکی زیاتری بە خوێنەر بەخشیوە.

 

ڕانانی: ئیدریس عەلی

یەکێکی تر لە بەرهەمە چاپکراوە ئەدەبییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە ڕۆمانی (کۆمیدیای تارماییەکان) نووسەری ناودار (فازیل عەزاوی) نووسیویەتی و لە لایەن شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد (دلاوەر قەرەداغی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کورد، لە ڕاستیدا کاک دلاوەر لە ئەزموونی کاری وەرگێڕانیدا، زیاتر بەو بەرهەمە ئەدەبی و ڕۆمانانە ئاشنامان دەکات کە زمانێکی پڕ لە ئەفسوون و کەشێکی شیعرییان هەیە، بەرهەمگەلێک لەم وەرگێڕ و شاعیرەوە پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کورد دەکرێن، کە هەر لە بنەڕەتدا وا دەزانرێت بە کوردی نووسراون، ئەمەش بەشێکە لە شارەزایی زمان و وریایی لە هەڵبژاردنی ئەوەی کە زەوق و سەلیقەی خوێنەری ئێمە دەیەوێت، بێگومان کاک دلاوەر بەشبەحاڵی خۆی جگە لە شاعیربوونەکەی، خوێنەرێکی ورد و کونجکوڵیشە بە زمانەکانی سویدی، فارسی و عەرەبی… ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی متمانەیەکی گەورەی خوێنەر بەرامبەر بە بەرهەمەکانی ئەم شاعیر و وەرگێڕە.

ڕۆمانی (کۆمیدیای تارماییەکان) لەو ڕۆمانانەیە کە خوێنەری تایبەتی دەوێت، خوێنەرێک تا ئەندازەیەک ئاگاداری باری سایکۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیریی و ئەدەبی بێت، خوێنەرێک مرۆڤناس و مێژووناس کۆمەڵناس بێت، ئاگای لە نووسەرە جیهانییەکان هەبێت، هەم دونیابینی و فیکر و ئەندێشەیان، هەم کاراکتەر و بەرهەمەکانیان، چونکە ڕووداوەکان خێران و زەمەن و کەسەکان لەپڕ  وناکاو دەردەکەون و دیار نامێنن، ڕۆمانەکە گێڕانەوەی چیرۆکە غەمگینەکانی کەسێکی ڕۆشنبیرە کە بە هۆی تەنگوچەڵەمەکانی ژیانەوە دووچاری تەنگەژەی دەروونی بووە و لە نێوان ژیان و مردن، واقیع و زیندەخەوندا ژیانی نێو کتێبان دەژی، ئەو کتێبانەی کە پێشتر خوێندوونیەتەوە، نووسەر و کاراکتەرەکانیان، چیرۆک و ڕووداوەکانیان، هەموو ئەمانە تێکەڵ بە گێڕانەوەی ژیانی ڕابردووی خۆی دەکات، نووسەر بە شێوەیەکی هێند شارەزا و زیرەکانە ژیانی نێو کتێبان و کاراکتەری ئادەمی گرێداوەتەوە بە ژیانی ئێستا و دۆخی وڵاتەوە، خوێنەر وا لێ دەکات لە یەک ساتدا هەست بکات چەند کتێبێک دەخوێنێتەوە، چەند کاراکتەرێک دەناسێت و بەر چەندین ڕووداو و گێڕانەوە دەکەوێت.

کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە ناوی (ئادەم)ە، ئادەم لە لایەکەوە نمایندەی مێژووی مرۆڤە، لە لایەکی دیکەوە واقیعی ڕووداوەکان، دۆخ و گوزەرانی ئێستا دەخاتە ڕوو، وێنەی گشتی وڵاتێکمان بۆ دەکێشێت، کە جەنگ و تاوان، سسیستمی سیاسی و حکومڕانیی دڵڕەق، مێژووەکەی و ئێستای ئینسانەکانی هەڵکێشاوە لە خوێن و ژیانی نابووت کردووە، کەرامەت و بەها ئینسانییەکانی ژێرپێ ناوە، چ مانایاکەی بۆ جوانی، پیرۆزی و خەون نەهێشتووەتەوە، نووسەر لە رێگەی ئەم شا پاڵەوانەوە بە زنجیرە دەمانمباتەوە بۆ مێژووی مرۆڤایەتی و سەرەتای سەرهەڵدانی خیانەت،  ئازار،  چەوساندنەوە، کوشتن و تاوان و دوژمنایەتی و ڕق، دەمانباتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی پرسیار و گومانی مرۆڤ لە دیاردەکان، جەنگ و بەدبەختییەکان کە بەرۆکی مرۆڤیان گرتووە و لە مێژووی کۆنەوە درێژ بووەتەوە تا ئێستا.

 لە ڕاستیدا ڕەنگە یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوە نەبێت کە چارەنووسی بەشەرییەت  و وڵاتێکی لەم کاراکتەرە عێراقییەدا چڕ کردبێتەوە، بەڵکو پیشاندانی ئەو دۆخ و ژینگە و هەلومەرجەیە کە مرۆڤی ژیر و ڕۆشنبیر و خوێنەر، لە وڵاتێکدا تێی دەکەوێت کە داهێنان و جوانی، هیچ گرنگی و بەهایەکیان نییە، جەنگ هەموو شتێکی بە ڕۆحی مرۆڤەکانیشەوە وێران کردووە، کۆمەڵگە بووە بە نەخۆشخانەیەکی گەورەی پڕ لە نەخۆشیی دەروونی.

کاراکتەری ڕۆمانەکە، کەسێکی نائارامە و لە دڵەڕاوکەیەکی هەمیشەییدا دەژی، تارمایەکانی ڕابردووی ژیانی دێنەوە نێو زیهن و بەرچاو، گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات و ترس و گومان داگیریان کردووە، ئادەم،  لە نێوان مەرگ و ژیان، خەون و زیندە خەوندا سەفەر بۆ ڕابردووی ژیانی خۆی دەکاتەوە، لە ژیانی تاکەکەسیی خۆیەوە وێنای گشتیی کۆمەڵگە و مرۆڤەکانمان بۆ دەکێشێت، هەموو ئەو  نووسەرانەی کە ئەم ڕۆژگارێک خوێنەری کتێبەکانیان، سەرسامی فیکر و ئەندێشەیان بووە، دێنەوە نێو زیندەخەونەکانیەوە، لەگەڵیان گەشت دەکات، دەبن بە شاهیدی ڕووداوەکان، گفتوگۆ لەگەڵ خۆیان و کاراکتەری نێو چیرۆکەکانیاندا دەکات، دەستکاری چارەنووسیان دەکات  و مەجرا و ئاڕاستەی ڕووداوەکانیان پێ دەگۆڕێت، یەکێک لەو نموونانە، گەورە نووسەری ڕووس (دۆستۆیڤیسکی) نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی (تاوان و سزا)یە، کوتومت سروشتە ئاساییەکەی هێناوە و گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات، قومار و خواردنەوەکانی، ئەو گەنجە خوێندکارەی پیرەژنە سووخۆرەکە دەکوژێت لە ڕۆمانی تاوان و سزادا، بە تەورێکەوە دوای ئادەم کەوتووە، لێرەدا گفتوگۆیەکی قووڵ و جوان دروست دەبێت سەبارەت بە چەمکی کوشتن کە بێگومان پێویست دەکات خوێنەر خۆی بیخوێنێتەوە.

بە گشتی زۆر گرنگە خوێنەری کورد ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، چونکە بەر شێواز، تەکنیک، زمان و جۆرێکی دیکە لە ڕۆمان دەکەوێت، بە دیاریکراویش بە زمانێکی شیعری هێند باڵا و جوان نووسراوە، خوێنەر پڕ دەکات لە شیعرییەت… ئەم نووسینە بە هەموو سادەیی و خاکەڕایی خۆیەوە هیچ نییە جگە هاندانێک بۆ خوێنەر تا دەستیان بەم ڕۆمانە ڕابگات و بیخوێننەوە، بێگومان ئەگەر بەشێک لە جوانیی ڕۆمانەکە پەیوەندیی بە زمان، کەش، تەکنیک و شێوازی گێڕانەوەکەوە هەبێت، ئەوا بەشێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی وەرگێرانە باڵاکەی دلاوەر قەرەداغی.