شاعیر و نه‌فره‌تی لێكدانه‌وه‌ی شیعر
وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌مه‌ی خواره‌وه گفتوگۆیه‌كی ئه‌ده‌بیی نێو دونیای میدیای ئه‌لكترۆنییه، سه‌باره‌ت به‌وەی کە ئایا شیعر لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكریت یان نا؟ من لێره‌دا پوخته‌یه‌كی ئه‌و گفتوگۆیه ده‌كه‌مه كوردی.
گفتوگۆكانی دونیای ئه‌لیكترۆنی، هه‌ر هه‌موی چه‌له‌حانێ و ڕق و كینه و خراپ نییه، هه‌ر هه‌موی بێ كه‌ڵك و بێ به‌ها نییه. به‌ڵكو هه‌ندێك گفتوگۆی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌پێزی تێدایه كه له نێوان ڕۆشنبیران و ئه‌دیب و شاعیران و فێرخوازانی مه‌عریفه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌هایه‌كی گرنگیان هه‌بێت، وا ده‌كات داهێنه‌ران له بواره جیاوازه‌كاندا، گروپ و بازنه‌ی فره جۆر و هه‌مه ڕه‌نگ دامه‌زرێنن و بیروڕا بگۆڕنه‌وه، هه‌رچه‌نده زۆر دوورن له‌یه‌كتر و له‌وانه‌یه هه‌ر یه‌كه‌یان سه‌ر به شار و سه‌رزه‌مینێكی دیكه‌بن.
له یه‌كێك له‌و گفتوگۆیانه‌دا، شاعیری سعودی “جاسم ئهلصحیح”، له ماڵپه‌ڕی “التدوین” له پێگه‌ی تویته‌ر، ده‌رگای گفتوگۆی له‌سه‌ر بابه‌تێكی ئه‌ده‌بی ده‌رباره‌ی (فیتنه‌ی لێكداهوهی شیعر) خسته سه‌رپشت. ئیدی ژماره‌یه‌كی زۆر به‌شدارییان له گفتوگۆكه‌دا كرد و به دیدی وتێڕوانینهكانیان، ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد. به‌و پێیه‌ی ئه‌وه یه‌كێكه له ئه‌زمونه جوان و سودبه‌خشه‌كانی میدیای ئه‌لیكترۆنی، له گۆڕینه‌وه و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیریی و مه‌عریفی، كورته‌یه‌كی گفتوگۆكه ده‌خه‌ینه‌ڕوو. بابه‌تی گفتوگۆكه ئه‌مه‌یه: ئایا ده‌قی شیعری قابیلی لێكدانه‌وه‌یه؟ یان ئایا لێكدانه‌وه‌ی شیعر، جوانی و تایبه‌تمه‌ندی و ستاتیكای شیعر ناشێوێنێت؟ ئایا لێكدانه‌وه‌ی شیعر نابێت به نه‌فره‌ت؟ ئاخۆ كاتێك لێكدانه‌وه‌ی دوور و دریژ بۆ شیعر ده‌كرێت، شیعر ماهییه‌تی له‌ده‌ست نادات؟
بیروڕای زۆرینه‌ی به‌شداربووان، ئه‌وه بوو شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی تێكسته شیعرییه‌كانی نه‌مرن، لێكدانه‌وه‌یان بۆ ناكات. یه‌كێك له به‌شداربووان قسه‌یه‌كی موته‌نه‌بی شاعیر ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: “كوڕی جنۆكه له من باشتر لێكدانه‌وه بۆ شیعره‌كانم ده‌كات”. به‌شداربوویه‌كی دیكه، وته‌یه‌كی شاعیری كۆچكردووی عێراق “مسته‌فا جه‌مال ا‌لدین” ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: “سه‌خترین شت به‌لای دڵه‌وه، ئه‌وه‌یه داوای لێ بكه‌یت، لێكدانه‌وه بۆ ترپه‌كانی بكات”. به‌شداربوویه‌كی دیكه ده‌ڵێت: “شیعر وه‌ك سێبه‌ری مرۆڤ وایه، ئه‌گه‌ر به مه‌به‌ستی كه‌شفكردنی، ڕووناكیت خسته سه‌ر، نامێنێت و ونده‌بێت”.
ماڵی شیعر و ماڵی نیشته‌جێبوون
شاعیره سعودییه‌كه جاسم ئهلصحیح، له ده‌ستپێكدا و بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆكه ده‌ڵێت: ماڵی شیعر، وه‌ك هه‌ر ماڵێكی دیكه‌ی نیشته‌جێبوون، بونیاد ده‌نرێت. ماڵی شیعر له ده‌سته‌واژه‌كان و ئاماژه‌كان و سیمبوله‌كان پێكدێت و پڕه له بیرۆكه و هه‌ست و سۆز. كاتێك داوا له شاعیر ده‌كه‌ین، لێكدانه‌وه‌یه‌كی وردمان بۆ ماڵی شیعر بۆ بكات، وه‌ك ئه‌وه وایه داوای ڵێ بكه‌ین، ماڵه شیعرییه‌كه‌ی دوای دروستكردنی، بڕوخێنێت و بیگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی”.
وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ پشتگیریكردنی ئه‌و بیرۆكه‌یه، خانمه شاعیری لوبنانی “سارا ئه‌لزین” قسه‌یه‌كی ئه‌دۆنیس به نمونه ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: “شیعر پێچه‌وانه‌ی( نقیض) ڕوونییه، كه وا ده‌كات شیعر ببێته ڕووكارێكی بێ قووڵایی. هه‌روه‌ها شیعر پێچه‌وانه‌ی ته‌مومژه، كه وا ده‌كات شیعر ببێت به ئه‌شكه‌وتێكی داخراو”.
به‌شداربوویه‌كی دیكه كه شاعیره و ناوی “هادی رسول”ه، وته‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گری تونسی “عبدالسلام ئهلمهسهدی” به نمونه ده‌هێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: “لێكدانه‌وه، مانای ناقۆڵا ده‌خاته‌ڕوو، به‌ڵام ڕاڤه‌كردن (ته‌ئویل) گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تێكسته‌كه‌دا ده‌كات…. پرۆگرامه‌كانی خوێندن ڕه‌واجیان به شه‌رحی شیعر و لێكدانه‌وه‌ی ماناكانی دا. ئه‌مه‌ش ئه‌و بیرۆكه باوه‌ی بڵاوكرده‌وه كه شیعر شه‌رح ده‌كرێت. یه‌كێك له كێشه‌كانی وه‌رگر، ئه‌وه‌یه جیاوازی ناكات له نێوان لێكدانه‌وه و ڕاڤه‌كردندا”.
شاعرێكی دیكه‌ی سعودی كه ناوی “حسێن ئال دهامر”ه، دیدێكی دیكه ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: “من هه‌میشه وه‌ك تابلۆیه‌كی هونه‌ری، سه‌یری ماڵی شیعر ده‌كه‌م. بیهێنه به‌رچاوی خۆت كاتێك داوا له وێنه‌كێشه‌كه ده‌كرێت، شیكردنه‌وه بۆ ئه‌و ڕه‌نگ و گۆشانه بكات كه له تابلۆكانیدا هه‌ڵیبژاردوون، یان داوای لێ ده‌كرێت ڕوونكردنه‌وه و ورده‌كاریی سیمبول و ده‌لاله‌تی تابلۆكانی بخاته‌ڕوو، ئایا ئه‌مه ڕه‌وایه؟ نه‌خێر هه‌رگیز ڕوا نییه. به‌ڵام بۆ سه‌لامه‌تی و پارێزگاریی له شیعر و ڕاڤه‌كردنی، پێویسته ڕاڤهكردنهكان له‌لایه‌ن ڕهخنهگرهكانهوه بێت، نه‌ك له‌لایه‌ن خودی شاعیره‌كه‌وه”.
خانمه شاعیرێكی دیكه كه ناوی “سومه‌ییه عادل”ه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌نووسێت: “ماڵی شیعر له‌وه گه‌وره‌تره لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، چونكه له كاتی نووسینی شیعردا، هه‌ست و سۆزی شاعیر، به‌شێكی دانه‌بڕاوه له‌و ماڵه شیعرییه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و هه‌ست و سۆزه بۆ خوێنه‌ر به‌جێده‌هێڵین تاكو به پێی بارودۆخی خۆی بیگاتێ و ده‌ركی پێبكات. خوێنه‌ر چۆنی بووێت، ئاوا لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات. له‌وانه‌یه خوێنه‌ر له دۆخێكی تایبه‌تدا و به‌هۆی خه‌مباریی خۆیه‌وه، شیعرێك به قووڵی بخوێنێته‌وه، جیاوازه له خوێندنه‌وه‌ی له دۆخێكی دیكه‌ی هه‌مان خوێنه‌ردا”.
یه‌كێكی دیكه له به‌شداربووان كه شاعیره و ناوی “علی بن محه‌مه‌د ئه‌لقه‌ره‌نی”یه، ده‌ڵێت: “شیعر كۆكردنه‌وه‌ی وێنه، ئاواز، شێوه‌كاری و وێنه‌كێشانه (النحت و الرسم)، تێدا رسته‌كان به شێوه‌یه‌كی جوان ڕێكخراون و دێڕه‌كان كێشێكی ئه‌ندازیارییان هه‌یه، قافییهكان به جۆرێكی باش ڕیزكراون. هه‌ست ده‌كه‌یت له مانایه‌كه‌وه ده‌رده‌چیت و به شێوه‌یه‌كی ئاسان و ڕه‌وان ده‌چیته نێو مانایه‌كی دیكه، كه به چاو نابینرێت. پاشان ڕۆحی شاعیر دێت و فوو به هه‌مو ئه‌وانه‌دا ده‌كات و مۆرك و خه‌سڵه‌تی خۆی پێده‌به‌خشێت و له‌وانی دیكه‌ی جیاده‌كاته‌وه. كه‌واته مادام شاعیر هه‌مو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌ك كۆكردووه‌ته‌وه، ئیدی چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌ی ڵێ ده‌كرێت؟ شاعیری باڵاده‌ست و به توانا، شیعری خۆی لێكناداتهوه.”
یه‌كێك له شاعیره لاوه‌كان كه ناوی “حه‌مزه اسماعیل”ه، ئاوا له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌دوێت: “لێكدانه‌وه‌ی شیعر، واته به‌تاڵكردنه‌وه‌ی له مهغزاكهی و له ڕه‌هه‌نده بێ كۆتاییه‌كانی. باشتره خوێنه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بژی كه خۆی هه‌ستی پێده‌كات و خورپه‌ی له دڵی هێناوه. لێكدانه‌وه‌ی شیعر، كوشتنی شیعره”.
نووسه‌ری سعودی “محه‌مه‌د علی ئه‌لمه‌حمود”، لایه‌نگری بیرۆكه‌كه‌یه و ده‌ڵێت: “كاتێك شاعیر شیعره‌كه‌ی خۆی لێكده‌داته‌وه، له‌وانه‌یه هه‌مو شتێك بڵێت، واته له كاتی لێكدانه‌وه‌كه‌یدا، شیعریه‌تی شیعره‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و كرۆكی شیعره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت. ئه‌مه‌ش مانای وایه، هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ شیعر، له بنچینه‌وه بریتییه له ڕتكردنهوهی شیعر”.
نه‌یارانی ئه‌م بیرۆكه‌یه
هه‌ندێك له به‌شداربووان و شاعیرانی دیكه‌ی نێو گفتوگۆكه، ڕه‌خنه له بیرۆكه‌كه ده‌گرن و ده‌ڵێن ماڵی شیعر، به لێكدانه‌وه‌ی ناڕوخێت و كاولنابێت. دیارترین ئه‌و شاعیرانه‌ی ڕه‌خنه‌ی له‌و بیرۆكه‌یه گرت “جاسم عساكر”ه، ئه‌م شاعیره به ڕوون و ڕاشكاوی، ئه‌و بیرۆكه‌یه ڕه‌تده‌كاته‌وه و پرسیار ده‌كات و ده‌ڵێت: “بۆچی ماڵی شیعر، ته‌نها به داوای لێكدانه‌وه‌ی ده‌ڕوخێت؟ پاشان ئه‌گه‌ر ماڵی شیعر وه‌ك ماڵی نیشته‌جێبوون وابێت، ئه‌وا نه‌خشه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرای هه‌یه. چ زه‌ره‌رێك یان زیانێك له‌وه‌دا هه‌یه، لێكدانه‌وه بۆ به‌شێك له شیعر بكریت كه تێگه‌شتنی به‌لای هه‌ندێك وه‌رگره‌وه قورسه؟ ئه‌ی ئه‌وه نییه دیوانه شیعرییه‌كانی عه‌ره‌ب، لێكدانه‌وه‌یان بۆ كراوه، وه‌ك دیوانی موته‌نه‌بی و دیوانی ابن ڕومی و دیوانی ذی الرمه و چه‌ندانی دیكه؟”.
ئه‌م شاعیره له درێژه‌ی ڕه‌خنه و قسه‌كانیدا ده‌ڵێت: “له‌و بڕوایه‌دام بیرۆكه‌ی ماڵی شیعر، لێكدانه‌وه‌ی بۆ ناكرێت، به‌شداره له دروستبوونی نه‌وه‌یه‌ك له شاعیر، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن مه‌فهوم نییه. به پاساوی ئه‌وه‌ی: (له‌سه‌ر من نووسینه و له‌سه‌ر تۆش تێگه‌شتنه)، ئیدی ناڕوونی به‌سه‌ر یه‌كدا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و چه‌ندین تێكست نوقمی نه‌بینین ده‌بێت”.
شاعیرێكی دیكه به‌ناوی “ئوسامه فوئاد سه‌راج”، لایه‌نگری بیرۆكه‌ی جاسم عساكره و ده‌ڵێت: “من وه‌ك كه‌سێك چیژ له هونه‌ری ته‌لارسازی وه‌رده‌گرم، كاتێك پرسیار له ئه‌ندازیارێكی ته‌لارسازی ده‌كه‌م، سه‌باره‌ت به پێكهاته‌كانی ته‌لاره‌كه‌ی و ئه‌و هه‌ست و سۆزانه‌ی تێكه‌ڵی هونه‌ری ته‌لارسازییه‌كه‌ی كردووه، قسه‌م بۆ بكات، ئه‌وا من داوای لێناكه‌م ته‌لاره‌كه‌ی بڕوخێنێت. كێشه‌كه له‌وه‌دایه، زۆرینه‌یه‌ك پێیان وایه، زمانی خواوه‌نده‌كان، جیاوازه له زمانی مرۆڤه‌كان”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گفتوگۆكه جاسم ئهلصحیح، له دیبه‌یته‌كه‌دا، ئاوا وه‌ڵامی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه ده‌داته‌وه: “بیرت نه‌چێ، ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌لارسازی، بریتییه له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی ده‌ستیان لێوه ده‌درێت و ده‌گیرێن، وه‌ك به‌رد و چیمه‌نتۆ. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌كرێت تهلارسازهكه لێكدانه‌وه بۆ ته‌لاره‌كه‌ی بكات و ته‌لاره بهردینییهكهشی له شوێنی خۆیدا بمێنێته‌وه. به‌ڵام ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی شیعر، بریتین له زمان و ئاخاوتن، كاتێك لیكدانه‌وه بۆ شیعر ده‌كه‌ین، ئه‌وا ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی ته‌لاری شیعری، په‌رتوبڵاو ده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه‌ش جیاوازییه‌كه‌یه” . وه‌ك كۆمێنتێك له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه، خانمه شاعیری سوری “ئیبتسام ئهلصمادی” ده‌ڵێت: “له‌سه‌ر شاعیر پێویسته كلیله‌كانی چوونه ژووره‌وه ببه‌خشێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ماڵی شیعره‌كه‌ی، نوقمی تاریكی بكات و كه‌س نه‌توانێت بچێته ژووره‌وه”.
به‌شداربوویه‌كی دیكه ده‌ڵێت: “ناڕوونی (الغموض)، وه‌ك ئه‌وه‌ی البردونی وتوویه‌تی، دوو جۆره: ناڕوونییه‌كی (پڕ/ امتلا) ئه‌گه‌ر به وردی لێی بڕوانیت تینوێتیت ده‌شكێنێت. ناڕوونییه‌كی (بۆش/ فراغ) ئه‌گه‌ر به وردی لێی بڕوانیت هیچی تیا نادۆزیته‌وه”.
سه‌رچاوه
میرزا ئه‌لخویلدی، الشرق الاوسط، چوار شه‌ممه، 2 حوزه‌یران، 2021