هێنری دی مۆنڤالی و جزدانی فه‌یله‌سوفه‌كان
په‌یوه‌ندی فه‌یله‌سوفه‌كان به پاره‌وه چۆن بووه؟
وه‌رگێڕانی له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
هێنری دی مۆنڤالی له كتێبێكی ده‌گمه‌ندا، قسه‌وباس له‌سه‌ر ئه‌و تیۆرانه ده‌كات كه فه‌یه‌له‌سوفه‌كان، ده‌رباره‌ی پاره له ژیانیاندا و لایه‌نی عه‌مه‌لی پاره، دایانڕشتووه. كتێبه‌كه بانگه‌شه‌یه‌كه بۆ ئاشكرا كردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه ئه‌م ناوه گه‌ورانه، به جزدانی پاره‌كانیانه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. هێنری دی مۆنڤالی مامۆستایه‌كی دیار و دكتۆری فه‌لسه‌فه‌یه، له ساڵی 2018وه به‌شداره له چلاككردنی زانكۆیه‌كی میللی له شاری (ئیسی لی مۆلینۆ). مۆنڤالی چه‌ندین كتێبی نووسیوه، له‌وانه كتێبی ” Les imposteurs de la philo» ” كه ساڵی 2019 بڵاوبووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ساڵی 2021 خانه‌ی (Passeur Editeur).) بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، كتێبی “جزدانی فه‌یله‌سوفه‌كان/ Le portefeuille des philosophes “ی بۆ بڵاوكردووه‌ته‌وه. له‌خواره‌وه سه‌باره‌ت به‌م كتێبه‌ی دوایی، ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵدا سازكراوه.
-تۆ له كتێبه‌كه‌تدا، ئه‌وه ده‌خه‌یته‌ڕوو فه‌یله‌سوفه‌كان، تاڕاده‌یه‌كی زۆر، به شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تیۆره فه‌لسه‌فییه‌كانیان ناكه‌ن، كاتێك مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به پاره‌وه ده‌بێت. چی سه‌باره‌ت به ئه‌فلاتون ده‌ڵێیت كه له بابه‌تی پاره‌دا، بڕیاری زۆر دڵڕه‌قانه‌ی داوه؟
+له ڕاستیدا ته‌واوی به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌م بۆ ئه‌فلاتون ته‌رخانكردووه، چونكه ئه‌فلاتون، ڕێک لەسەر مۆدێلی فیلمی عەسابە، ناكۆكی و دژایه‌تییه‌ك له نێوان سوقراتی پیاوچاك و سۆفستائیه دڕنده و ناشرینه‌كان دروست ده‌كات، به‌مه‌ش تاڕدهیهكی زۆر به‌شداره له دامه‌زراندنی ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی كه ده‌ڵێت فه‌یله‌سوف، پێویسته ڕقی له پاره بێت و فه‌لسه‌فه موماره‌سه‌یه‌كی پاك و ڕوون و خۆڕاییه وهیچ مه‌به‌ست و ئامانجێكی نییه ته‌نها گه‌یشتن به حه‌قیقه‌ت و چاره‌سه‌ری رۆح نه‌بێت. ئه‌گه‌ر تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ وته‌ی (سه‌فستائی) مانایه‌كی نه‌رێنی هه‌یه و مه‌به‌ست لێی غیابی فیكره یان به‌رگریكردنه له كێشه‌گه‌لێك كه ناكرێت به‌رگریان لێبكرێت، بۆ نمونه (مرۆڤ وه‌ك پێوه‌رێك بۆ هه‌مو شتێك، شلكردنی جڵه و بۆ ئاره‌زووه‌كان به‌بێ سنور، توندوتیژی دژ به عه‌قڵ و چه‌ندانی دیكه‌ی هاوشێوه)، هۆكاری هه‌مو ئه‌وانه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دیده‌ی ئه‌فلاتون دایمه‌زراند. ئه‌گه‌رچی فیكرێكی سه‌فستائی ڕاسته‌قینه بوونی هه‌یه کەچی ئێمە ئەم دیدە مانەوییەمان لاپەسەندە. (جاكلین دی رۆمێلی ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته كتێبێكی هه‌یه). سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی پاره‌وه، ئه‌فلاتون ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له سهفستائییهكان ده‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و وانانه‌ی وتوویانه‌ته‌وه و پێشكه‌شیان كردووه، پاره‌یان وه‌رگرتووه. كه‌چی سوقرات وانه‌كانی خۆی به خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر وتووه‌ته‌وه.
-به‌ڵام ئه‌فلاتون چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك نانی ڕۆژانه‌ی خۆی په‌یدا كردووه؟ ئه‌فلاتون سه‌باره‌ت به‌وه هیچ قسه‌یه‌كی نه‌كردووه.
-دروست ئا لێره‌دا پێویسته له‌سه‌رمان په‌نا ببینه به‌ر ژیاننامهكان و زانستی كۆمه‌ڵناسی. ئه‌فلاتون له ئه‌سینا، سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌كی ئه‌رستۆكراتی گه‌وره بوو، شه‌جه‌ره‌ی خێزانه‌كه‌ی له‌به‌ره‌ی باوكییه‌وه، درێژده‌بێته‌وه بۆ سه‌ر “سۆلۆن” دامه‌زرێنه‌ری دیموكراسی ئه‌سینایی. له ڕاستیدا ئه‌فلاتون ڕۆژێك له ڕۆژان، ناچار نه‌بووه كار بكات. ئه‌مه‌ش هه‌لی ئه‌وه‌مان پێده‌به‌خشێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌و شته تێبگه‌ین كه “بیار بۆردیۆ” له كتێبی “ده‌رباره‌ی تێڕامانه‌كانی باسكاڵ”دا ناوی ده‌نێت په‌یوه‌ندییه‌كی “مهكتهبیانه/ المدرسیة” به دونیای ئه‌فلاتونه‌وه. واته په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌ئه‌مولی ڕووت/ به‌حت، په‌یوه‌ندییه‌كی ئازاد و ڕزگاربوو له هه‌ر ناچاربوونێك بۆ كاركردن.
هه‌رچی سوفستائییهكانه، ئه‌وان سه‌ر به چینی ناوه‌ڕاست بوون و پێویستیان به‌وه بوو نانی ڕۆژانه‌یان به‌ده‌ستبێنن. به‌م مانایه مامۆستایان و ئوستازهكانی فه‌لسه‌فه له‌مڕۆدا، زیاتر سه‌ر به نه‌ریتی سهفستائییهكانن تا سه‌ر به كه‌لتوری سوقرات یان ئه‌فلاتون بن. وه‌لێ كاتێك ته‌ماشای نامهگۆڕینهوهكانی ئه‌فلاتون ده‌كه‌ین (تا ئێستاش هه‌ندێك له‌و نامانه‌مان لایه)، به‌تایبه‌ت نامه‌ی سیانزه‌هه‌م، هه‌ست ده‌كه‌ین- مه‌سه‌له‌كه شایه‌نی پێكه‌نینه- ئه‌مه‌ی دواییان، واته ئه‌فلاتون، كه به ناشرینترین شێوه لۆمه و سه‌رزه‌نشتی سهفستائییهكان ده‌كات و قسه‌ی ڕه‌ق و توندیان پێده‌ڵێت، به‌وه‌ی هیچ تهحهفوزێكیان نه‌بووه و ته‌نها به‌دوی پاره و قازانجدا گه‌ڕاون. كه‌چی خۆی كاتێك له ساڵی 367 پێش زایندا، له سقلییه بووه، هیچ دوو دڵ نه‌بووه له‌وه‌ی هه‌م داوای پاره له “دینیسیۆسی بچوك” بکات کە پادشایەکی سته‌مگه‌ر بووە و هه‌م سه‌باره‌ت به ئیداره‌دانی سیاسی، ڕێنمایی و مشورهتی پێشكه‌ش بكات.
-ئه‌ی سه‌باره‌ت به “سینیكا” ده‌ڵێی چی؟ ئه‌و به‌هۆی سه‌روه‌ت و سامانهكهیهوه كه نه‌ده‌گونجا له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی، ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆری لێ‌گیرا.
+ سینیكاش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا حاڵه‌تێكی دیار و به‌رچاوه. ئه‌و له‌لایه‌كه‌وه له نووسینه‌كانیدا، به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا بێزار نه‌ده‌بوو له‌وه‌ی به خراپه باس له پاره بكات و ڕقی لێیده‌بێته‌وه و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد له پاره دووركه‌وینه‌وه و ئامۆژگاری ده‌كردین قه‌ناعه‌تمان هه‌بێت و به به‌شی خۆمان ڕازیبین، بگره ئامۆژگاری ده‌كردین به هه‌ژاری بژین. (ئه‌و تا ئه‌و ئاسته پێداگریی ده‌كرد كه لانی كه‌م ده‌بێت له‌سه‌ر رێبازی دیۆجین بڕۆین). كه‌چی له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌و یه‌كێك بوو له هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی ڕۆژگاری خۆی، چونكه له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆیدا و له شاری ڕوم، سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی له پله‌ی چواره‌مدا بوو، (وه‌ك ئه‌وه‌ی مێژوونووس تاسیتۆس پێمان ده‌ڵێت سه‌روه‌ته‌كه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا 300 ملیۆن سیسترس/ sesterces بووه، كه لهمڕۆد هاوتیه به نزیكه‌ی 228 ملیۆن ئێرۆ).
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ گومانی تیانییه، ئه‌گه‌ر سینیكا له‌مڕۆدا بوایه، ناوی ده‌چووه پاڵ ناوی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه‌وه، ئه‌و دەوڵەمەندانەی ساڵانه ناوه‌كانیان به‌ڕیز له گۆڤاری ئابوری‌دا ده‌خوێنینه‌وه. جگه له‌وه سینیكا سووخۆرێكی دڕیش بووه، له ناوچه‌ی به‌ریتانی كوشتارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دروستكرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه‌ی به سووه‌وه دایبوو وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی قه‌رزاره‌كان له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیان دواكه‌وتبوون. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ئێمه له كتێبی (مێژووی ڕۆمانه‌كان)ی نووسه‌ر “دیۆن كاسیۆس” ئه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه خاوه‌نی گفتوگۆی (ئارامی رۆح) بڕی: “چل ملیۆن سیسترس-ی به قه‌رز دابوو به به‌ریتانییه‌كان، به‌و هیوایه‌ی قازانجێكی زۆریان لێبكات، پاشان داوای لێ‌كردبوون به‌خێرایی پاره‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كه‌ن ئه‌وا به‌رامبه‌ریان ڕێوشوێنی زۆر توند ده‌گرێته‌به‌ر…”. له سه‌رده‌مه كۆنه‌كاندا، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرایه‌وه كه فه‌یله‌سوف، ده‌بێت ژیانێك بژی گونجاوبێت له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانی. ئێمه له حاڵه‌تی سینیكادا، ئه‌وه ده‌بینین كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، مه‌سه‌له‌یه‌كی تابڵێی ئاڵۆز و پڕ گرفته.
-ئه‌ی سه‌باره‌ت به كانت چی ده‌ڵێیت، ده‌توانین چی بڵێین ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان فیكره فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی و هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به پاره له ژیانی ڕۆژانه‌یدا؟
له بڕگه‌ی (85)ی كتێبه‌كه‌ی (ئه‌نسرۆپۆلۆژیا)، كانت له دیدێكی پراگماتییه‌وه، ڕه‌خنه له چاوچنۆكی/ الجشع ده‌گرێت، ده‌كرێت بڵێین ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی کانت گونجاو بوون له‌گه‌ڵ تیۆرهكانیدا. ئه‌و هه‌میشه له‌گه‌ڵ كه‌سانی ده‌وروبه‌ری، به‌خشنده و میهره‌بان بووه. كانت له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌و كاره‌ی ده‌كرد كه پێیده‌وترا «Privatdozent» واته مامۆستای زانكۆ کە ڕاسته‌وخۆ موچه‌كه‌ی له خوێندكارهكانییهوه وه‌رده‌گرت. به‌ڵام ڕێگه‌ی دا “وازیناسكی Wasianski” كه له ئاینده‌دا ده‌بێته یه‌كێك له‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی كانت ده‌نووسێته‌وه و هه‌ر ئه‌ویشه وهسییهتهكهی كانت جێبه‌جێ ده‌كات و یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی كتێبی “ڕه‌خنه له عه‌قڵی په‌تی”دا ده‌گێڕێته‌وه، ڕێگه‌یدا به خۆڕایی و بێبه‌رامبه‌ر ئاماده‌ی وانه‌كانی بێت. هه‌روه‌ها كانت له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌ی “مارتین لامپی Martin Lampe” زۆر ده‌ستبڵاو و به‌خشنده بوو، كانت به ڕاده‌یه‌ك له‌گه‌ڵی مارتین به‌خشنده‌بوو، مارتین له كۆتاییه‌كانی ژیانیدا، دۆخی مادیی زۆر له دۆخی مادیی خودی كانت باشتر بوو. ته‌نانه‌ت دوای فهسڵكردنی مارتین به‌هۆی بارودۆخێكی نه‌ویستراوه‌وه، كانت موچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی به درێژایی ژیانی بۆ بڕییه‌وه. ئه‌مه بێ ئه‌وه‌ی كانت ناچاربێت ئه‌و موچه‌یه‌ی بۆ ببڕێته‌وه. به هه‌مان شێوه، كانت موچه‌یه‌كی خانه‌نشینی بۆ خوشكه بچوكه‌كه‌ی خۆی بڕییه‌وه كه له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی خانه‌ی به‌ساڵاچووان، ژیانی ده‌گوزه‌راند و به‌رده‌وام بڕی موچه‌كه‌ی بۆ زیاد ده‌كرد. هه‌روه‌ها كانت یارمه‌تی كوڕه‌كه‌ی ده‌دا كه پێویستی به یارمه‌تی بوو. له‌به‌ر هه‌مو ئه‌وانه، كانت له‌م ڕووه‌وه كه‌سێكی خاوه‌ن مۆراڵ بوو، به‌و شێوه‌یه كاری ده‌كرد كه فه‌لسه‌فه‌كه‌ی لێی داوا ده‌كرد. كانت هه‌میشه له‌و بڕوایه‌دا بوو پاره، ئامرازه نه‌ك ئامانج.
-سارته‌ر یارمه‌تی زۆرێك له خزم و ناسراوه‌كانی ده‌دا، پاره‌ی باجه‌كانیان و پاره‌ی بیتاقه‌ی دكتۆر و كرێی خانووه‌كانیان و …هتد، ده‌دا. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌وه بكه‌ین كه له پشتی ئه‌م به‌خشنده‌ییه‌وه هه‌یه، ئایا ئه‌وه ڕێگایه‌ك نه‌بوو تاكو ئه‌وانی دیكه پشتی پێببه‌ستن؟ سارته‌ر چۆن سه‌یری پاره‌كه‌ی ده‌كرد؟
+سارته‌ر تابڵێی به‌خشنده‌بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك به‌خشنده بوو وه‌ك جۆرێك له نه‌خۆشی لێهاتبوو. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی داوای پاره‌ی لێبكه‌یت، ئه‌و ده‌فته‌ری چه‌كه‌كانی ده‌رده‌هێنا! له كۆتایی ژیانیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له یاده‌وه‌رییه‌كانی سیمۆن دی بۆڤاردا هاتووه، هه‌روه‌ها له‌به‌ر زۆری دابه‌شكردنی پاره‌كانی لێره و له‌وێ به بێ حساب، چیتر پاره‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بوو به‌شی كڕینی جووتێك پێڵاو بكات! له‌و بڕوایه‌دام ئه‌م زیاده‌ڕۆییه‌ی له به‌خشین و ئه‌م ڕقه‌ی له پاره كه ورده ورده ده‌ریده‌خست، (له‌و كاته‌وه ده‌ریخست كه بڕێكی زۆر پاره‌ی ده‌ستكه‌وت، به‌هۆی سه‌ركه‌وتنی كتێبه بچووكه‌كه‌یه‌وه: بوونگه‌رایی ڕێبازێكی مرۆییه)، په‌یوه‌سته به‌و ڕقه ڕه‌گداكوتاوه‌ی له ناخیدا هه‌یبوو دژ به جیهانی بۆرجوزای كه قیبله‌نومای ژیانی پێكده‌هێنا. ئاخر سارته‌ر به‌رگریی له ئه‌خلاقیاتی مهسرهفچێتی گه‌وره ده‌كرد، دژ به بیرۆكه‌ی ده‌ستپێوه‌گرتنی بۆرژوازیانه، یان دژ به‌و بیرۆكه‌یه‌ی پێیده‌وترێت “باوكێكی باش” باوكێك كه گرنگییه‌كی گه‌وره به په‌یوه‌ندی نێوان ده‌ستكه‌وت و خه‌رجی/ مه‌سروف ده‌دات.
-ئایا ئه‌وه ڕێگایه‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی وا له‌وانی دیكه بكات پشتی پێببه‌ستن و چاوشۆڕی بن؟
+له ڕاستیدا به‌ڵێ. به‌ڵام ئه‌وه هه‌روه‌ها ئامرازێكیش بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه زیاتر ئازدبن و په‌ره به تواناكانی خۆیان بده‌ن كه به هۆی خرپی دۆخی داراییانه‌وه، تا ده‌هات كزده‌بوو. به‌م مانایه، ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی سارته‌ریانه له‌گه‌ڵ پاره، ئه‌گه‌رچی زیاد له پێویست ده‌ستبڵاوبوو، گونجاوبوو له‌گه‌ڵ دیده ڕههاییهكهی بۆ ئازادی. (هه‌رچه‌نده به تێڕوانینی من، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كه جێگای خیلافێكی گه‌وره‌یه. وه‌لێ ئه‌وه گفتوگۆیه‌كی دیكه‌ی پێویسته).
-وا دیاره زۆرێك له فه‌یله‌سوفه‌كان، تابێت گرنگی زیاتر به مه‌سه‌له‌ی پاره ده‌ده‌ن، ئه‌مه له‌و كاته‌دایه كه پاره‌یان نییه‌و پێویستیان پێیه‌تی. ئایا په‌یوه‌ندی ئێمه به پاره‌وه، به‌ستراوه‌ته‌وه به بارودۆخی ماددییه‌وه؟
+به‌ڵێ. وه‌ك ئه‌وه‌ی “باسكڵ برۆكنز” له كتێبه‌كه‌یدا (حیكمه‌تی پاره) كه له ساڵی 2016 بڵاویكردووه‌ته‌وه ده‌یڵێت: قسه‌كردنی مرۆڤ له‌سه‌ر پاره، له هه‌مو حاڵه‌تێكدا، هیچ نییه جگه له قسه‌كردن له‌سه‌ر خودی خۆی نه‌بێت. بۆ نمونه، من له كۆتایی كتێبه‌كه‌مدا، موچه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆم ڕاگه‌یاندووه، بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخی شه‌خسی خۆم بخه‌مه‌ڕوو! به‌ڵام ئێمه ده‌توانین گرنگی به پاره بده‌ین و بیر له‌و په‌یوه‌ندییه بكه‌ینه‌وه كه ده‌كرێت و پێویسته فه‌یله‌سوفه‌كان له‌گه‌ڵ پاره‌دا دروستی بكه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی خۆیان له بارودۆخێكدابن پێویستیان به پاره بێت. (با سه‌یری هه‌ردوو نمونه‌كه‌ی ئه‌فلاتون و سینیكا بكه‌ین كه قسه‌مان له‌باره‌وه كرد). هه‌ندێك فه‌یله‌سوفیش هه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌ژارو ده‌ستكورت بووه، به‌ڵام قسه‌ی له‌سه‌ر پاره نه‌كردووه، له‌وانه هیگڵ كه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له ژیانیدا، به‌ده‌ست بێ پاره‌ییه‌وه ناڵاندوویه‌تی و له به‌رهه‌مه بڵاوكروهكانی قسه‌وباسی له‌باره‌وه نه‌كردووه، (چه‌ند بڕگه‌یه‌كی زۆر گشتی و ساده نه‌بێت كه له كتێبه‌كه‌یدا “پرنسیپه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی یاسا” باسیكردووه).
-شۆبنهاوه‌ر ده‌ڵێت: “پێش هه‌مو شتێك، دوو جۆر نووسه‌ر هه‌یه: یه‌كه‌میان ئه‌وانه‌ن ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بڵێن، دووه‌میان ئه‌وانه‌ن ته‌نها له پێناو نووسیندا ده‌نووسن” واته ته‌نها بۆ ده‌ستكه‌وتنی پاره ده‌نووسن. ئایا پێویسته و زه‌روره پرۆسه‌ی نووسین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌های هه‌بێت، ده‌بێت له هه‌مو كۆت و به‌ندێكی پاره ڕزگار بكرێت، ئایا ناكرێت له نێوان نووسینی جدیی و قازانج، گونجن و سازنێك هه‌بێت؟
+سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، زه‌حمه‌ته گشتاندن بكرێت. خودی شۆبنهاوه‌ر موچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی وه‌رده‌گرت، به‌مه‌ش ده‌یتوانی هه‌رچییه‌كی بووێت بینووسێت، بێ ئه‌وه‌ی موحتاجی فرۆش و سه‌ركه‌وتنی كتێبه‌كانی بێت. شۆبنهاوه‌ر تا له ژیاندا بوو، كتێبه‌كانی زۆر به كه‌می ده‌فرۆشرا. تۆ ئه‌گه‌ر حه‌ز بكه‌یت كتێبه‌كانت بفرۆشیت، ئه‌وا بۆ تۆ ئاسنتره، به‌ده‌م حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ره‌وه بچیت و تیۆره‌یه‌كی بچووك له‌و تیۆرانه بێنیتهئاراوه كه ده‌رباره‌ی خۆشبه‌ختی و كامهرانییه، یان هه‌ر كتێبێكی دیكه‌ی له‌م جۆره بنووسیت كه نازانم چۆن ناویده‌نێن (Feel good book) یان هاوشێوه‌كانی ئه‌وانه . ئیمه هه‌فتانه نمونه‌ی تازه‌ی ئه‌و جۆره كتێبانه، له‌سه‌ر ڕه‌فه و مێزی كتێبخانه‌كان ده‌بینین. ئه‌وه زۆر ئاسانتره له‌وه‌ی بڵێین ژیانمان هیچ مانایه‌كی نییه و ئێمه به‌ره‌و عه‌ده‌م هه‌نگاوده‌نێین. قسه‌ی له‌م جۆره یارمه‌تی فرۆشتنی كتێب نادات.
له ڕاستیدا ئه‌و كتێبانه‌ی پێگه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌لسه‌فییان هه‌یه، زۆرجار بۆ ژیانی نووسه‌ره‌كانیان سود و ڕه‌واجێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه. چاپی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌ی كارل ماركس “سه‌رمایه”، پێنج ساڵی پێچوو تاكو هه‌زار نوسخه‌كه‌ی فرۆشرا. ئه‌وه ئه‌و كتێبه بوو كه دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌یدا، ده‌چێته نێو دڵی ناكۆكییه ئایدۆلۆژییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. له كایه‌ی ئه‌ده‌بیشدا، “فلۆپێر و برۆست” له‌ژێر هیچ كۆت و به‌ندێكی داراییدا نه‌بوون و هیچ یه‌كێكیان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد له فرۆش و قازانجی كتێبه‌كانی، كرێ بدات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌م لایه‌نه‌وه، حاڵه‌تی ئاوه‌رته هه‌یه. له‌وانه “سیمۆنون”ی نووسه‌ر كه پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، به‌رهه‌مه‌كانی خرایه سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ی “پليياد – Pléiade” به‌ناوبانگ، ئه‌م نووسه‌ره تا له ژیاندابوو، به مه‌لاین نوسخه له كتێبه‌كانی ده‌فرۆشرا، به‌وه‌ش سه‌روه‌تێكی هێجگار زۆری كۆكرده‌وه. ئه‌و نووسه‌رێكی میللی بوو به به‌رگێكی ئه‌ده‌بی و هه‌روه‌ها فه‌لسه‌فی. ڕۆژیك له رۆژان كتێبێك بۆ قه‌سه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و نووسه‌ره، ته‌رخان ده‌كه‌م.
-له كتێبه‌كه‌تدا ده‌رباره‌ی ماركس ده‌ڵێیت: “هیچ گومانی تێدا نییه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شۆڕش لای ماركس دژ به سته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه تێبگه‌ین، پێویسته جزدانه‌كه‌ی و گه‌ده‌ی بگه‌ڕێین كه هه‌ردووكیان خاڵی بوون” ئایا دیدگا و بیرۆكه‌كانمان هیچ نییه جگه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ماددییمان نه‌بێت؟
+ماركس له ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، ئه‌و كاته‌ی له له‌نده‌ن بووه، كه‌وتووه‌ته ناو دۆخێكی مادیی و دارایی زۆر سه‌خت و خراپه‌وه. ورده‌كاری ئه‌و دۆخه‌ی له‌و نامانه‌دا باسكردووه كه ناردوویه‌تی بۆ ئه‌نگلس. ماركس و خێزانه‌كه‌ی، به‌ده‌ست برسییه‌تی و نه‌خۆشییه‌وه ناڵاندوویانه، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له منداڵه‌كانی كه ناوی (ئه‌دگار) بووه، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌هۆی به‌د خۆراكییه‌وه مردووه. به ڕاستی دۆخی ژیانی ماركس له‌و كاته‌دا، له ئه‌جوائی ڕۆمانی (Germinal)ی ئه‌میل زۆلا ده‌چێت. ساڵی 1864 دایكی ماركس، دواجار ڕازیده‌بێت به‌وه‌ی به‌شی ماركس له میراتی خێزانه‌كه‌یان، بدات به ماركس، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ندین ساڵ ڕازینه‌بوو ئه‌و به‌شه بدات به ماركس، لێره‌وه كه‌مه‌كێك باری دارایی ماركس باشده‌بێت و دروست ئا له‌و ماوه‌یه‌دا، ماركس ده‌ست ده‌كات به نووسینی كتێبی “سه‌رمایه” كه به‌شی یه‌كه‌می ساڵی 1867 بڵاوده‌بێته‌وه. من ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه بكه‌مه‌وه، چونكه زۆرێك گاڵته و سوكایه‌تی به ماركس ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئه‌و بۆرژوازی بووه و هه‌رگیز ئیشێكی نه‌كردووه و هیچ كاتێكیش چاوی به پرۆلیتاریا نه‌كه‌وتووه ته‌نها له كتێبخانه‌كاندا نه‌بێت. ئه‌مه ڕاسته، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌و ماوه‌یه‌دا، بارودۆخی مادیی و دارایی ژیانی، هێند سه‌خت و خراپ بووه، وایلێكردووه له ئێش و ئازار و نه‌هامه‌تییه‌كانی پرۆلیتاریای سه‌رده‌مه‌كه‌ی تێبگات و ئاراسته فیكرییه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌لی پاره و كار و ئیستیغلال ده‌ستنیشان بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌شی یه‌كه‌می كتێبی سه‌رمایه‌دا ده‌یبینین.
وه‌رگێڕانی بۆ عه‌ره‌بی: عزیز ئهلسامیدی
سه‌رچاوه: أفاق فلسفیة Philosophical Horizons