کۆرنلیۆس کاستۆریادیس: فەیلەسوفێک بەپێچەوانەی تەوژمەوە

ڕامین جیهانبەگلو

و. ڕێبین هەردی

کۆرنلێۆس کاسۆریادیس فەیلەسوف، دەرونشیکار، ئابوریزان و تێکۆشەری شۆڕشگێری بەناوبانگی فەڕەنسی لە ٢٦ دیسامبری ١٩٧٧ لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە پاریس چاوی لێکنا. ڕۆژنامەی لۆمۆند لە پەڕەی یەکەمی خۆیدا باسی کاستۆریادیسی وەک ((شۆڕشگێرێکی دژ بە مارکسیست)) کرد، و ڕۆژنامەی ئیتاڵی ڕیپۆبلیکا وەک فەیلەسفێک ناوی هێنا کە ((خەباتی دژی کرملین کرد)). بێگومان لەم چەند دەیەی دواییدا کەمتر فەیلەسوفێک هێندە جێگەی ڕێز و تەقدیری گروپە سیاسی و ڕۆشنبیریەکان بووبێت. ئەم ڕێزە نەک لەبەر هۆی بیرکردنەوەی زیندوو و دینامیکی کاسۆریادیس، بەڵکو لەبەر کەسایەتی ئەخلاقی تایبەتیە کە لە پەڕە بە پەڕەی ژیان و بەرهەمەکانیدا دەردەکەوێت.

کۆرنلێۆس کاستۆریادیس لە ١١ مارسی ١٩٢٢ لە شاری قوستەنتینیە لەدایک بوو. دایک و باوکی چەند مانگ دوای لەدایکبوونی کۆرنلێۆس تورکیایان بەجێهێشت و چوون بۆ ئەسینا. کاستۆریادیس بۆ یەکەمجار لەتەمەنی سیانزە ساڵیدا ئاشنای فەلسەفە بوو، و پاش خوێندنەوەی کتێبی مێژووی فەلسەفەی ئەمیل برهە، دەستیکرد بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کانت، هیگڵ، هوسرل و ماکس ڤیبەر. لە پانزە ساڵیدا بوو بە ئەندامی حیزبی شیوعی ێۆنان، بەڵام بەدەستپێکردنی جەنگی جیهانی دووهەم لە ستالینزیم دوورکەوتەوە، بووە لایەنگرانی ترۆتسکیستەکانی ێۆنان. هاوکات لەگەڵ چالاکیە سیاسی و شۆڕشگێڕەکانیدا، دەستی بەخوێندنی یاساکان، فەلسەفە و ئابووری کرد، و هەر لەو تەمەنە لاویەدا بەرهەمێکی ماکس ڤیبەری بۆ ێۆنانی وەرگێڕا.

کاستۆریادیس بەدەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی ێۆنان و ئەو مەترسیانەی لەلایەن فاشیست و کۆمنیستەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرد، لە دیسامبەری ١٩٤٥دا لەگەڵ چەند کەسێک لە بەناوبانگترین ڕۆشنبیرانی ێۆانانی وەک کۆستاس ئاگسلۆس، کۆستاس پاپایانۆ و نیکۆس پۆلانتزاس بەرەو فەڕەنسا ڕۆیشت. کاستۆریادیس لە سەرەتای چونیدا بۆ فەڕەنسا خۆی گەیاندە ترۆتسکیستەکانی فەڕەنسا و خەباتی فکری و سیاسی خۆی دژ بە ستالینزیم درێژە پێدا. بەڵام زۆری نەخایاند لەبەر دیدی تایبەتی ترۆتیسکیزم بۆ سۆڤیەت، لە ئەنتەرناسێۆنالی چوارهەم دوورکەوتەوە و لە ساڵی ١٩٤٨دا بە هاوەڵی دوو فەیلەسوفی بەناوبانگ کلۆد لۆڤەر و فرانسوا لیوتار و کۆمەڵێکی دی، گروپی ((سوشیالیزم یان دڕندەیەتی)یان درووستکرد. خەسڵەتی تایبەتی ئەم گروپە  بریتی بوو لەشێوەی هەڵوێستیان بەرامبەر بە چەمکی سۆشیالیزم و ڕەخنە لە بونیادی بیرۆکراتیانەی حیزبی کۆمنیستلە دیدی کاستۆریادیسەوە ڕژێمی ستالینی سۆڤیەت وەک ڕژێمێکی تۆتالیتار بوو کە بناغە و پایەکانی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لەسەربناغەی بونیادی سەرمایەداری بیرۆکراتیانە دامەزراندووە. هەر لەبەرئەمە کاستۆریادیس و بیریارانی تری گروپی ((سۆشیالیزم یان دڕندەیی))  تەنیا ڕێگەی خەباتکردن دژ بە حوکمڕانێتی بیروکراتیانەی حیزبی کۆمنیستیان لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا،بە بڵاوکردنەوەی و پڕوپاگەندەکردن بۆ ((سەربەخۆی)) و (خۆبەڕێوەبەری) لە کۆمەڵگا ئەوروپیەکاندا دەزانی. خەباتی کرێکاری و خوێندکاری لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و شۆڕشی ١٩٥٦ لە مەجەرستان، بووە هۆی سەرهەڵدانی وتوێژ و گفتوگۆی تازە لەنێوان خەباتگێڕان و بیریارانی گروپی ((سوشیالیزم یان دڕندەیەتی))، کە گەیشت بە ڕەخنەکردنی تیورەکانی لینین و مارکس. لەگەڵ تێپەرینی کاتدا گروپی ((سوشیالیزم یان دڕندەیەتی)) و ئەو ئۆرگانە تیوریەی کە گۆڤارێک بوو هەر بەم ناوەوە، لەناو ڕۆشنبیران و خوێندزانانی ڕادیکاڵی ئەوروپیدا بەناوبانگ بوو، بەڵام ژەمارەیەکی کەم ناوی ڕاستەقینەی کاستۆریادیسیان دەزانی، چونکە کاستۆریادیس لەبەرنەبوونی ڕەگەزنامەی فەڕەنسی وتارەکانی خۆی بەناوی ((شۆلێۆ) وە ئیمزادەکرد. کاستۆریادیس بەدرێژای ئەم ماوەیە هاوکاری بەشی ئاماری ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری و گەشەپێدانی (OCDE) دەکرد. کارکردنی کاستۆریادیس لەم ڕێکخراوەدا هەلێکی باش بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنای بونیادی سەرمایەداری مۆدێرن بێت، و سوود لەم ئەزموونە بۆ نووسینە ڕەخنەییەکانی وەربگرێت.

کاستۆریادیس لەساڵی ١٩٦٦دا دوو ساڵ پێش ڕوداوەکای مانگی مەی ٦٨ لە فەڕەنسادا، بڕیاریدا کۆتای بە چالاکی خۆی لە گروپی ((سۆشیالیزم یان دڕندەیەتی)) بهێنێت. بەڵام بیرەکانی کاستۆریادیس لەناو گەنجانی فەرەنسی و بەتایبەتی دانیل کۆهین بندیت و بزووتنەوەی ٢٢ی مارس جێگەی خۆی کردبۆوە، و زۆرێک بڕوایان وایە کاستوریادیس لەپاڵ سارتەر و مارکیوزدا یەکێک لە بیریاران و تیورەداڕێژەرانی مەی ٦٨ بوو. کاستوریادیس لە ساڵی ١٩٧٠ دا بەوەرگرتنی ڕەگەزنامەی فەڕەنسی لەکارەکەی خۆی لە ڕێکخراوی هاوکاری ئابوری و گەشەپێدان وازی هێنا، دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لەبواری دەرونشیکاریدا. کاستوریادیس لە ١٩٧٥دا بەچاپکردنی کتێبە گرنگەکەی خۆی بەناوی ((بنەمای خەیاڵاوی کۆمەڵگا)) و چەند ساڵ دوای ئەوەش بە بڵاوکردنەوەی یەکەم بەرگی کۆمەڵە وتار سیاسی و فەلسەفیەکانی بەناوی ((یەکتربڕە مارپێچیەکان))، ناوبانگێکی تازەی لەنێوان فەیلەسوفان و دەروونناسانی ئەوروپی و ئەمریکیدا پەیداکرد، و بۆ بەشداریکردن لە چەندان سەمینار و کۆنفڕانسی جیاواز بانگهێشتکرا. کاستوریادیس  ولۆفۆر لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٠دابەهاوکاری مارسل گۆشە (سەرنووسەری هەنوکەی گۆڤاری Le Deba) و ئەنترۆپۆلۆگی بەناوبانگی فەڕەنسی پییر کلاستەر، گۆڤاری (لیبەر) ی دامەزراند، کە دووساڵ زیاتری نەخایەند. کاستوریادیس لە بەهاری ١٩٨٠دا بۆ وانەگووتنەوە لەلایەن قوتابجانەی باڵای زانستە کۆمەڵایەتیەکانی پاریسەوە بانگهێشت کرا، و تا ساڵی ١٩٩٣ لەوێ کاری دەکرد. کاستوریادیس بەپێچەوانەی زوربەی فەیلەسوفانی ئەوروپیەوە، لە پابەندبوونە سیاسیەکانی دوور نەکەوتەوە. کاستوریادیس لە ساڵەکانی ١٩٨٠ دا درێژەی بە ڕەخنەی خۆی لەبارەی ئایدۆلۆژیای مارکسیزم و تۆتالیتاریزم لە بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا دا، و لە ساڵی ١٩٨١ کتێبێکی بەناوی Devant la Guerre نووسی، کە شیکردنەوەیەکی ورد بوو بۆ بونیادی دەوڵەتی سۆڤیەت.

یەکێک لە چەمکە گرنگەکانی نووسینە فەلسەفی و سیاسیەکانی کاستوریادیس، بابەتی (سەربەخۆیی)ە. هەرچەندە کاستوریادیس لە وتارەکانیدا لە گۆڤاری سوشیالیزم یان دڕندایەتیدا ئاماژە بۆ (خۆبەڕێوبەری) دەکات، بەڵام لەبەرهەمەکانی دواییدا چەمکی ((سەربەخۆیی) بەشێوەیەکی ڕوونتر و وردتر بەکارهێنرا. لەڕاستیدا ((سەربەخۆیی)) چەمکێکی سەرەکی و کلیلی فەلسەفەی کاستوریادیسە. لەدیدی کاستوریادیسەوە سەربەخۆیی ((پرسیارێکی بێ سنوورە کە هەموو شت بەشێوەیەکی هەمیشەیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە)). هەر لەبەرئەمە بە قسەی کاستوریادیس فەلسەفە بۆ فەلسەفە بوون، دەبێت بیرێکی سەربەخۆ بێت، واتە هۆی ئەنتۆلۆجی خۆی لە جەوهەری خۆیدا، نەک لە بنەمایەک یان یاسایەکی باڵادا بدۆزێتەوە. کەوابوو گەر فەلسەفە بیرێکی سەربەخۆ بێت، دەبێت بتوانێت هاوکات ناوەڕۆکی خۆی و ناوەڕۆکی بیرکردنەوەکانی پێش خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام لەدیدی  کاستوریادیسەوە مێژووی فەلسەفە پێچەوانەی ئەمەمان پێشان دەدات. چونکە بەرهەمی زوربەی فەیلەسوفە گەورەکان وەک شێوەی سیستەمێکی داخراو دەردەکەوێت، کە ڕێگە لەهەموو جۆرە ڕەخنەگرتنێک دەگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی فەلسەفە لە جەوهەری خۆیدا، بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆیە، لەبەرئەوە لە هەندێک قۆناغە مێژوویەکانیدا دەوری واقعی بینیووە. هەر کاتێک فەلسەفە لە کۆمەڵگادا ئامادەبوونێکی چالاکی هەبوو بێت، سیاسەتی دیموکراسیش ئامادەگی هەبووە. بۆ کاستوریادیس ئەسینا لەسەدەی پێنچی پێش لەدایکبوونی مەسیح سەرچاوەی فەلسەفە و دیموکراسیە. لە دیدی ئەوەوە دیموکراسی ڕاستەوخۆ و بێ ناوەندگیری هاوڵاتیان ئەسینایی، تەواوکەری گفتوگۆی فەلسەفی فەیلەسوفانە لە ئاگۆرای ئەم شارەدا. کاستوریادیس بە ئیلهام وەرگرتن لە دیموکراسی ئەسینایی و کردارە سیاسیەکانی، کۆمەڵگای سیاسی بۆ سێ فەزای گرنگ دابەشکردووە: یەکەم فەزای تایبەتی کە خێزان فۆرمەلە دەکات، و ێۆنانیەکان ناوی دەنێن ((ئۆیکۆس))، دوهەم: فەزای گشتیتایبەتی کە ناوی ((ئاگۆرایە))، و جێگەت ئاڵوگۆڕی ڕوانینی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە، و ئەمڕۆ ناوی دەنێین ((کۆمەڵگای مەدەنی)). سێهەم فەزای گشتیگشتی یان ((ئەکلزیا))کە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردانی سیاسیە. بە قسەی کاستوریادیس ئەم سێ فەزایە بەیەکەوە بەستراوون، هەریەکەیان بەشێوەیەک کاریگەری ڕاستەوخۆ لەوی دی دەکات. جیاوازی سەرەکی نێوان تۆتالیتاریزم و دیموکراسی لە شێوەی بەرکەوتنە بەم سێ فەزایە. تۆتالیتاریزم هەوڵدەدات کە بە زۆر و توندوتیژی ئەم سێ فەزایە بگۆڕێت بۆ یەک فەزا و بیخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی کەسێک یان گروپێکی کۆمەڵایەتیەوە. لەکاتێکدا لە دیموکراسی ڕاستەوخۆدا حوکمڕانی فەزای گشتیگشتی لەدەست خەڵکیدایە، و سێ فەزاکە لەیەک جیان. بەڵام لە دیدی کاستوریادیسەوە لە کۆمەڵگا دیموکراتیە مۆدێرنەکاندا لەگەڵ هەبوونی ئازادی تەواو لە چوارچێوەی خێزان و ئاگۆرادا، بەڵام فەزای گشتیگشتی لەژێر دەسەڵاتی خەڵکیدا نیە. هەرلەبەرئەمە کاستوریادیس دیموکراسیەکانی ڕۆژئاوا بە ((ئولیگارشی لیبڕاڵانە)) وەسف دەکات، کە دەرفەت با هاوڵاتیانی خۆی دەدات تەنیا چوار یان حەوت ساڵ جارێک بونیادی سیاسی بخەنە ژێر پرسیارەوە. وەک دەبینین ڕەخنەی کاستوریادیس لە دیموکراسی ڕۆژئاوا نە لە دیدی چەپی تەقلیدیەوە ، بەڵکو بە ئاماژە بۆ چەمکی ((سەربەخۆیی)) و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەسیناییەکەی ڕوودەدات. لەمڕوەوە کاستوریادیس بە هوشیاربوون بە کەموکوڕی دیموکراتی کۆمەڵگای ئەسینایی ((بۆ نموونە نەدانی مافی دەنگدان بە ژنان و کۆیلەکان))، دیموکراسی سەدەی پێنجەمی پێش لەدایکبوون بە بەرجەستەترین نموونەی سەربەخۆیی فەلسەفی و سیاسی مێژووی مرۆڤایەتی دەزانێت. بەڵام بوونی سەربەخۆیی لە کۆمەڵگای ئەسینادا تەنیا بە هۆی ڕاهێنانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ لەنێوان ٣٠ هەزار هاوڵاتی پیاوی ئەم شارەدا نیە، چونکە ڕاهێنانێکی وا پێویستی بە جیهانبینی فەلسەفیە، کە سەرچاوەی یاسا کۆمەڵایەتیەکان بە مرۆیی و دنیایی بزانێت. ڕەنگە هەر لەبەرئەمە ئامانجی كۆتایی لە دیدی ئەسینیەکانەوە خۆشبەختیە لەم جیهانەدا، لە چوارچێوەی کۆمەڵگای ئەسینادا، نەک ژیانی پاش مردن. کاستوریادیس تراژیدی ئەسینایی وەک دیاریکەری سنوورەکانی بوونناسی دیموکراسی لە ئەسینادا تاوتوێ دەکات، و بڕوای وایە ئامانجی گوتار تراژیدیانە ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتیانە لەگەڵ چارەنووسی سیاسی خۆیان، لە ڕێگەی جەختکردنی بەردەوام  لەسەر ڕەهەندەکانی شێوان و ناڕێک و پێکی ژیانی مرۆڤ. تراژیدیا بە ئەسینیەکان پیشان دەدات کە یاسا کۆمەڵایەتیەکان نەمر نین، و مرۆڤەکان توانای ئەوەیان هەیە بیگۆڕن. لەبەرئەوە گەر بەهاکان ناپیرۆزن و بێ سنوور نین، کەوابوو کۆمەڵگا دەتوانێت بیانخاتە ژێر پرسیارەوە. بەمشێوەیە تەنیا لە کۆمەڵگایەکدا کە بەها و نەریتەکانی ئەکەونە ژێر پرسیار، بیرکردنەوەی فەلسەفی چالاک و دینامکیە. لەم ڕوانگەیەوە تەماشا بکەین، ئەوا سوقڕات هاوڵاتیەکی عەیار بیستوچوارە کە دەرکەوتی پێکەوەگرێدانی دیموکراسی و فەلسەفەیە. بە قسەی کاستوریادیس کاتێک سوقڕات لە دادگاکەی خۆیدا دەڵێت: ((ژیان بێ بیرکردنەوە شایستەی ژیانکردن نیە))، هەوڵدەدات بەرگری لە بەهای فەلسەفە بکات. بەڵام بەهای ڕاستەقینەی فەلسەفە چیە؟ لە پرسیارکردن لەبارەی بابەتە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤەوە. چونکە لەو شوێنەدا کە نەریت و ئایدۆلۆژیا، بیرکردنەوە و پرسیار لەبارەی زۆرێک لە مەسەلەکانەوە بە قەدەغە دادەنێن، فەلسەفە بە ئەرکی خۆی دەزانێت بە پرسیارکردن لەبارەی بەهاو خەسڵەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە، هانی تاکەکان بدات بۆ ئەوەی گفتوگۆ پێکەوە بکەن.

لێرەدا جارێکی دی کاستوریادیس یەکێک لە چەمکە کلیلیەکانی دیموکراسی ئەسینایی واتە ((پایدای)) ((فێرکاری و پەروەردە)) دەکاتە بناغە و پایەی بیرکردنەوەی فەلسەفی خۆی. لەدیدی کاستوریادیسەوە: ((تەنیا فێرکاری هاوڵاتی وەک هاوڵاتی دەتوانێت ناوەڕۆکێکی جەوهەری و بەنرخ، بە فەزای گشتی بدات. فێرکاری لێرەدا بەمانای فێربوون نیە لە ڕێگەی خوێندنی کتێبەکان و وەرگرتنی دیبلۆمی ئەکادیمیبەڵکو بەر لەهەر شتێک بەمانای هوشیار بوونە بەرامبەر بەوەی چارەنووسی پۆلیس ((دەوڵەتشار)) پێویستی بە بیرکردنەوە، ڕەفتار و بڕیارەکانی هەر تاکێکە. واتە بە مانایەکی دی پێوسیتی بە بەشداری تاکەکانە لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگادا)). کەوابوو ئەرکی ((پایدیا)) درووستکردنی مرۆڤە سەربەخۆکانە، کە توانای هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەبێت. بەڵام لە دیدی کاستوریادیسەوە فێرکاری لە جیهانی ئەمڕۆدا بە ئاراستەی پێچەوانەی ((پایدیا))وەیە. گوێنەدان بە مەسەلە سیاسیەکان، نەبوونی ئەخلاقی مەدەنی، گوشەگیری تاکەکان لە فەزای تایبەتیدا و بە تایبەتی باڵادەستی بەها مادی، ئابووری و بیرۆکراتیەکان بەسەر شانۆی کۆمەڵگادا، کۆمەڵگا هاوچەرخەکانی بەرەو جۆرێک هاوڕەنگی و سازشکردنی سەرتاپاگیر بردووە. بە دەربڕینێکی دی: ((تاکەکانی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا پەروەردە دەکرێن، توانای دوبارە بەرهەمێنانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژ نیە)). ئەم سازشکردن و لەخۆ نامۆبوونە، بەمانای نەبوونی سەربەخۆییە لەناو خەڵکی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا. چۆن دەتوانرێت هیوای ئەوەت هەبێت ڕۆژێک ئارەزوو و خواستی سەربەخۆبوون لە تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایانەدا زیندوو بێتەوە؟.

ئەوەی جێگەی سەرنجە کاستوریادیس بەپێچەوانەی بیریارانی شۆڕشگێری سەدەی نۆزدە وسەرەتاکانی سەدەی بیستەوە، بەدوای درووستکردنی کۆمەڵگایەکی ێۆتپیدا ناگەڕێت. بە بڕوای کاستوریادیس ڕێگە چارەی سەرەکی لەبەردەست تاک بەتاکی تاکەکانی کۆمەڵگادایە، نەک لە کارکردنی مێژوویانەی عەقڵ یان چینی پرۆلیتاریا. بە قسەی کاستوریادیس: ((کۆمەڵگای سەربەخۆ تەنیا لەڕێگەی کارکردنی هەمووانەوە مومکینەپێویستی کارکردنێکی وا ئەوەیە شەوق و ئارەزوو بۆ دیموکراسی، بۆ ئازادی و بۆ مەسەلە گشتیەکان جێگەی ڕابواردن پەرستی، سەگ ڕەفتاری ((کلبی))[2]، سازشکردن وپێشبڕکێی مەسرەفکردن بگرێتەوە…)). مەرجی یەکەمی درووستکردنی کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ، گشتی بوونی فەزای گشتیە، واتە ئکلزیا لە دەستی حوکمڕاناندا نەمێنێت، و لەبەردەست هەموو کۆمەڵگادا بێت. کاستوریادیس ڕەگوڕیشە فکری و فەلسەفیەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە مێژووی ێۆنانیڕۆژاوای ئەوروپادا دەبینێت. لە دیدی کاستوریادیسەوە شۆڕشەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری و بزووتنەوەی ژنان، دەرخەری هەوڵە مێژوویەکانی مرۆڤەکانە بۆ سەربەخۆ بوون، بەڵام ڕەنگە گرنگترین خاڵێک ئەوەبێت تاکەکانی کۆمەڵگا سەرنج لەوە بدەن لەبەرئەوەی خۆیان سەرچاوەی دەزگا و خەسڵەتە کۆمەڵایەتیەکانن، کەوابوو دەتوانن بیشیگۆڕن. ئەم خۆشبینیە مرۆڤناسیەی بەردەوام تا کۆتایی تەمەن، بیری فەلسەفی و کارکردنی سیاسی کاستوریادیسی بە زیندوویی و دینمایکی هێشتەوە. هەرچەندە کاستوریادیس لە دیدی زۆرێک لە ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاواوە لەبەر دژایەتی ڕوانینیەکانی وەک لیبڕالیزم، بونیادگەر، مارکسیزم و پۆستمۆدێرنیزم، بە (فەیلەسفێکی دژە باو) ئەژمار دەکرا، بەڵام ڕەنگە هەر لەبەرئەمە دڵگیرترین سیمای رۆشنبیری نیو سەدەی دوایی ئەوروپا بێت.

 

 

سەرچاوە:

رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤

 


[1]۱. مجله جهان کتاب، سال سوم، شماره سیزدهم و چهاردهم.

[2]شێوازێک لەژیانی بێ هودەیی و گوێپێنەدان بە کاروباری دنیا و نەریتە کۆمەڵایتیەکان . بە عەرەبی پێیان دەگوترین الکلبیون بەمانای سەگ..