چاپی سێیەمی مرۆڤی یاخی

 

ڕانانی: سەردەم

یەکێکی تر لە کتێبە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، بریتییە لە کتێبی مرۆڤی یاخی بیرمەند و فەیلەسووفی فەڕەنسی (ئەلبێرت کامۆ) و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناودار (ئازاد بەرزنجی)ییەوە، کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە، ئەم کتێبە لە ئێستادا چاپی سێیەمی لە کتیێبفرۆشییەکاندا هەیە، دەبێت ئەوە بێنینەوە یاد کە لەگەڵ چاپی یەکەمدا، لە ؛لایەن خوێنەرانەوە پێشوازییەکی زۆر گەورە لە کتێبەکە کرا، هەر بۆیە دوو چاپی دیکەی بە دوای خۆیدا هێنا، بێگومان خوێنەری ژیر و وریا لە گرنگی و سەنگ و بەهای ئەم جۆرە کتێبانە تێدەگات کە وێڕای تێپەڕینی زەمەنێک بەسەر چاپ کردنیدا، هێشتا گرنگی و بەهای تایبەت بە خۆی هەیە لای خوێنەر.

لەم کتێبەدا خوێنەر دەگات بەو دەرئەنجامەی کە مرۆڤی یاخی ئەو مرۆڤەیه، کە دەڵێت نەخێر، بەڵام ئەم رەتکردنەوەیە مانای ئەوە نییه، کە حاشا لە هەموو شتێک دەکات، بەڵکو ئه و مرۆڤێکە کاتێک دەست بە بیرکردنەوە لە خۆی دەکات دەشڵێت بەڵێ. ئه و کۆیلەیەی کە بە درێژاریی هەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە لە پڕێکدا کە فەرمانی تازەی پێ دەدرێ، بڕیار دەدات جێبەجێی نەکات.

کامۆ لەم کتێبەدا پێی وایە یاخیبوون کاتێک روودەدات، کە مرۆڤی یاخی هەست بکات لە شوێنێک بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر هەقە. لەم پێناسەیەی سەرەوە ئەوە روون دەبێتەوە، کە یاخیبوون مانای ئەوە نییه، کە هەموو شتێک رەتبکرێتەوە، بەڵکو یاخیبوون خاڵی وشیاربوونەوەی تاکە بەرامبەر بە ناهەقییەک، کە لە گۆڕێدایە. واتە رەتکردنەوەی ئه و شتانەیه، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تاک لە قاڵب دەدەن و سنوور بۆ بیرکردنەوە و ئەفرادنەکانی دادەنێت و دەشڵێت: یاخیبوون لەپێناو رزگارکردنی تاکدایە لە هەژموونی کۆ، یان دەتوانین بڵێین یاخیبوون لەپێناو گەڕانەوەی تاکدایە بۆ لای خۆی و پرۆژەکانی. کامۆ لە شوێنێکی تری کتێبەکەیدا دەنوسێت: هەموو بەهایەک نابێتە هۆی یاخیبوون، بەڵام هەموو یاخیبوونێک پشت بە هەندێک بەها دەبەستێت، یان رەنگە لە راستیدا مەسەلەکە هەر مەسەلە ی بەها نەبێت. ئەگەر یاخیبوون لە پێناو گۆڕینی ژیاندا بێت، ئەوا رەتکردنەوەی کۆمەڵێک بەهای سەپێنراوە.

ئەلبێرت کامۆ خۆی دەڵێت: فه‌یله‌سووف نیم، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ پێی پێویست باوه‌ڕم به‌ ئه‌قڵ نییه‌ تا باوه‌ڕ به‌ سیستمیش بهێنم. ئه‌وه‌ی من به‌دوایدا وێڵم زانینی ئه‌وه‌یه ‌که‌ پێویسته‌ چۆن ڕه‌فتار بکه‌ین، یان به‌مانا‌یه‌کی وردتر، مرۆڤ له‌کاتێکدا که‌ باوه‌ڕی به‌ یه‌زدان یان به‌ئه‌قڵ نه‌بێت، ده‌بێ چۆن ڕه‌فتار بکات.

بوونگه‌را نیم، گه‌رچی فه‌یله‌سووفان به‌بێ حه‌زی خۆیشیان هه‌ر پۆلێن ده‌کرێن. هزره‌ فه‌لسه‌فییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانم له‌ یۆنانی کۆنه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، نه‌ک له‌ ئه‌ڵمانیای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه‌ که‌ سه‌رچاوه‌ی بوونگه‌رایی فه‌ره‌نسیی نوێیه‌.

دڵنیانیم له‌وه‌ی که‌ بیرمه‌ند بم، به‌ڵام هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ شته‌کانی تره‌وه‌ هه‌بێت، من لایه‌نگری چه‌پم، ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌ ویستی هه‌ردوولاشمان نه‌بێت.

“وه‌ک زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌نه‌وه‌که‌م بوون، بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر به‌هیچ ئاکارێکه‌وه‌ پابه‌ند نه‌بووم و به‌رگریم له‌ نیهیلیزم ده‌کرد، گه‌رچی ئه‌وه‌م له‌ نه‌زانینه‌وه‌ بوو. به‌ڵام دواتر له‌وه‌ تێگه‌یشتم که‌ بیروبۆچوونه‌کان یارییه‌ک نین بمانورووژێنن تا خۆشیمان پێ ببه‌خشن و، جاری وایه‌ قبووڵکردنی هه‌ندێ بیروبۆچوون یه‌کسانه‌ به‌ قبووڵردنی کوشتنی بێسنوور. ئیدی لێره‌وه‌ له‌و ناودژێتییانه‌ وردبوومه‌وه‌ که‌ ده‌مانڕه‌تێنن…. گه‌رچی مه‌عریفه‌ی ته‌واو و ئامۆژگاریی ته‌واوم شک نه‌ده‌برد، به‌ڵام هه‌ستمکرد پێویسته‌ هه‌وڵبده‌م تا ڕێسایه‌ک بۆ ڕه‌فتار، بگره‌ به‌هایه‌کی سه‌ره‌تایی، له‌و تاقه‌ ئه‌زموونه‌ هه‌ڵبهێنجم که‌ له‌ گه‌ڵیدا ته‌با بووم، واته‌ یاخیبوونمان. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچمان بۆ نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو تا شتێکمان فێربکات، نیهیلیزمی کۆمه‌ڵگا سیاسییه‌که‌شمانمان تێپه‌ڕاند…پێویسته‌ له‌سه‌رمان له‌ناو ناخی خۆمانداو به‌ هاوکاری لەگەڵ ئه‌وانیتردا هۆکاره‌کانی مانه‌وه‌و ململانێ دژ به‌کوشتن بدۆزینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێی نکووڵیکردن و یاخیبوونه‌ ڕووته‌که‌مانه‌وه‌.”

بە بۆچوونی ڕامین جەهان بەگلوو، کامۆ پێی وایە ئێمە لە چاخێکدا دەژین، کە دووچاری بێهوودەیی و پووچی بووە، لە هەمان کاتدا پرە لە ترس و تۆقین، سەدەی کوشتن و بڕینە و چاخی تۆتالیتاریزمە. کامۆ لە سەدەی بیستەم ژیاوە و نووسیویەتی، ستالینیزم، فاشیزمی دیوە و خۆی لە بەرامبەر ئەم بابەتانە دیوەتەوە. کاتێک دەربارەی سیاسەت دەدوێت لە پشت بیرکردنەوەکانییەوە، دوو سیستەمی تۆتالیتاریزمە بەھێزەکەی سەدەی بیستەم واتە (ستالینیزم و فاشیزم یان نازیزم) بوونی ھەیە. چەواشەکاری و بە تەفرەبردنی خەڵکی بوونی ھەیە. واتە کامۆ بە تەواوەتی لە سیاسەتی بە تەفرەبردنی خەڵکی بە دوورە و ڕەخنەی لێدەگرێ. ئایدیای سەرەکی کامۆ بابەتی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤە. سیاسەت (مەبەستی لەو فۆرمە سیاسیانەیە، کە کامۆ ڕەخنەی لێدەگرێت. وەرگێر) زەمینەیەکی مرۆڤکوژە. هەر وەک ئێستا دەیبینی وەهاشە. کامۆ لە بەرەی بەرامبەریدا دیالۆگ و گفتوگۆ دادەنێت. لە وتاری “نە قوربانیان، نە بکوژەکان” کامۆ دەربارەی (شارستانیەتی گفتوگۆ) دەدوێت. شارستانی گفتوگۆ بۆ ئەو، واتە شارستانیەتی دیموکراسی؛ چونکە پێی وایە پێکھاتەی دیموکراسی پێکهاتەیەکی گفتۆگۆیانەیە (دیالۆگییە) و جۆرێکە لە ڕاھێنانی کۆمەڵایەتیی سیاسییە، کە تێیدا دەتوانرێت گفتوگۆ بکرێت. بەڵام لە ھەمان کاتدا چەمکێکی نوێ دێنێتە گۆڕێ، کە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەویش بابەتی سینگفراوانییە، خاکەڕایی.

کامۆ دەڵێت: (دیموکراتی سیستەمێکی سینگفراوانە)، ڕژێمێکی هەڵەشە و شەڕانگێز نییە، هەروەها سیستەمێکی لە خۆبایی و خۆبەگەورەزان و تێکدەر نییە. لە دیدی ئەوەوە ئەم سینگفراوانییە خەسڵەتێکە پێویستە لەنێو ھونەرمەند و نووسەریشدا هەبێت و هاوکاتە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەکی تاکەکەسیانە. لە گۆشەنیگای کامۆ بەرپرسیارێتی تاکەکەسیانە باشترین ڕێگایە بۆ داکۆکیکردن لە دادپەروەری لە زەمینەی نێودەوڵەتی.

ئەلبێر کامۆ لە ٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٣دا لە شاری مۆندۆڤیی جەزائیر لەدایکبووە، باوکی بە ڕەگەز فەرەنسی بوو، کرێکاری کارگەیەکی مەی دروستکردن بوو، دایکی کامۆش بە ڕەگەز ئیسپانی‌یە واتە کامۆ جەزائیری نەبوو، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین کاتی ژیانی خۆی لەوێ بەسەربردوە و ھەر لەوێش مردووە، لە کاتی ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانیی یەکەمدا باوکی کامۆ بەشداری ئەو شەڕەی کرد و لە شەری ڕاماندا بریندار کرا و پاشانیش ھەر بە ھەمان ھۆوە و لەبەر خراپی برینەکەی گیانی لە دەستدا، کامۆ دەڵیت «وەکو منداڵانی دیکە لەگەڵ دەنگی دەھۆڵی جەنگدا بە ھەتیوی گەورە بووە کە درامایەک بووە لە کوشتن و بڕین و زوڵم و زۆرداری”.

لە پاش مردنی باوکی لەگەڵ دایکی و خاڵی و برا گەورەکەی و نەکیدا چوونەتە جەزائیر و لەوێ لە گەڕەکێکی ھەژارنشیندا بە ناوی بلکۆر سەر لە نۆی درێژەیان بە ژانیان داوەتەوە. لە ساڵی ١٩٣٠ کامۆ تووشی نەخۆشی سیل ھات کە بەو ھۆیەوە گەلێک ئازار و ئەشکەنجەی بینیوە. لە ساڵی ١٩١٨-١٩٢٣ خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و پاشانیش لە قوتابخانەی «لیسیەی فەرەنسی» قۆناغی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٣٠ دا تەواو کرد.

ئەلبێر کامۆ زۆر حەزی لە ئەدەب کردووە، لەبەر ئەوە ھەموو بەرھەمە ئەدەبیەکانی سەردەمی خۆی خوێندۆتەوە بە تایبەتی نووسینەکانی ئەندریە ژید و بە باشیش یەکتریان ناسیوە. ئەلبێر کامۆ بڕوانامەی بەکەڵۆریا و لیسانسی لە بەشی فەلسەفەی کۆلیژی ئادابی زانکۆی جەزائیر وەرگرت بە ھۆی ئەو شارەزاییە زۆرەی کە لە بواری ئەدەبدا ھەیبوو ناسراوی لەگەڵ چەند مامۆستایەکی شارەزای ئەم بوارەدا ھەبووە کە بەشێوەکی راستەخۆ کاریان تێکردوە وەک پۆل ماتیە و جان جیرینیە و ئەندریە ماڵرۆ. لە ساڵی ١٩٣٦ دا بۆ وەرگرتنی دیبلۆم لە خوێندنی باڵادا، پاش ئەوە نامیلکەیەک دەربارەی پەیوەندی نێوان نھێلستی و مەسیحیەت لەلای ئەفلاتون و سانت ئۆگستین پێشکەش دەکات و ئیتر پاش ئەم نامیلکەیە واز لە خوێندن ئەھێنێت بە ھۆی نەخۆشیەوە و ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام لە بواری نووسینی ئەدەبی و فیکری و رۆژنامەگەری و سیاسیدا چالاکانە دەست بە خوێندنەوە دەکات، وەک بەرھەمەکانی تۆلستۆی و مارک نۆریل و مارکیزدی سادو بێرلیرڤی و دانێل دوفۆدو سرڤانتس و بلزاک و مەدام دی لاڤایت و سوریل و نێتچەو ئیشپنگلەر.

ئەلبێرکامۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٤ دا ژنی ھێناوە و پاش ساڵێک جیابۆتەوە بەڵام جارێکی تر ژنێکی فەرەنسی ھێناوە بەناوی (فرانسین فاوەر) لەو ژنە کچێک و کوڕێکی ھەبوە بەناوی جان و کاترین، لەدوای داگیرکردنی پاریس لە لایەن ئەڵمانیاوە پاریس بەجێدەھێڵێت و دەچێتە شاری کلێرمۆن لە خوارووی فەرەنسا پاشانیش دەچێت بۆ لیۆن تا کانونی دووەمی ١٩٤١ لەوێ دەمێنێتەوە و ھەر لەو ساڵەشدا دەگەرێتەوە بۆ وەھران و خۆی بە وانە وتنەوەوە سەرقاڵ دەکات. بە مەبەستی چارەکردنی نەخۆشیەکەی جارێکی دیکە گەراوەتەوە بۆ پاریس و ھەر بۆ ھەمان مەبەست سەردانی ئەمریکای کردووە بەڵام ھیچ کام لەو ھەوڵانەی سوودیان نەبووە، کامۆ تا دەھات نەخۆشییەکەی پەرەی دەسەند و باری تەندروستی خراپتر دەبو، کامۆ لە ژیانیدا ئێش و ئازارێکی زۆری بەدەس نەخۆشییەوە بینیوە. لە ساڵەکانی نێوان ١٩٤٨وە ھەتا سالی ١٩٥٧ گەلێک شاکاری جوان و کتێبی بە پێزی لە بواری شانۆو ئەدەب و سیاسەتدا بلاوکردۆتەوە. وەک رێزلێنان لە کارەکانی لە ساڵی ١٩٥٧ خەڵاتی نۆبڵی پێدرا، ئەلبێر کامۆ لەسالی ١٩٦٠ لە ڕۆژی ٤ ی ژۆنڤیێ (کانونی دووەم) لەکاتێکدا لەگەڵ میشێل گالیمارد دەبێت بەنیازی چوون بۆ پاریس لەنزیک ڤیلبلوڤان بەڕووداوی ئۆتۆمۆبێل دەمرێت.