ڕۆشنبیری و گواستنەوە بۆ دیموکراسی
رامین جهانبگلو
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
ڕۆشنبیری و دیموکراسی دوو چەمکی سەرەکی و ناوەندی مۆدێرنەن. ئەگەر قەبوڵمان بێت کە دیموکراسی مۆدێرن بە پێناسە بریتیە لە گواستنەوە بۆ بوارێکی سیاسی سەربەخۆ کە تیایدا عەقڵ لە بواری گشیدا کار دەکات، و هاوڵاتیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ دیاریکەری یاساکان و سنوورەکانین. دەکرێت بڵێین ڕۆشنبیر کەسایەتیەکە سەر بە کۆمەڵگایەکی عەقڵ سەنتەریزم. واتە کۆمەڵگایەک تێیدا زانین عەقڵانی و عەقڵگەرە.
گەر بگەڕێینەوە بۆ وشەی فەڕەنسی intellectuel دەبینین کە لە وشەی لاتینی intelligere وە وەرگیراوە کە بەمانای جیاکاری کردنە. لەڕاستیدا ڕۆشنبیر کەسێکە توانای جیاکاری کردنی لەنێوان شتەکاندا هەیە، و هەرلەبەرئەمەش نوێنەری عەقڵی ڕەخنەگرانەیە لە کۆمەڵگادا. لەبەرئەوە بیری ڕەخنەگرانە بەمانای ڕەخنەگرتن نیە، بەڵکو بەمانای هەڵسەنگاندنە. وشەی ((ڕەخنە)) (critique) کە تەوەرەی زانینی فەلسەفەی کانتە، لە ڕەگوڕیشەی ێۆنانی krinein بەمانای جیاکاری کردنەوە وەرگیراوە. بەڵام هەر لەبەرئەوەی لەم ڕەگوڕیشەیەوە وەردەگیرێت، کەوابوو دەکرێ بگوترێت عەقڵی ڕەخنەگرانە عەقڵێکە دروستکەری قەیرانە، و ڕۆشنبیریش وەک نوێنەری عەقڵی ڕەخنەگرانە لە کۆمەڵگادا، دروستکەری قەیرانە. ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش بتوانین بڵێین ڕۆشنبیر بە درووستکردنی قەیران لە چەمکەکان، رێساکان و پێوەرە کۆمەڵایەتیەکاندا، ڕێگە بۆ گفتۆگۆی دیموکراتیانە و ڕاهێنانی دیموکراسی خۆش دەکات.
ئەگەر ئەوەمان قەبوڵ بێت ڕۆشنبیر کەسێکە هوشیارە بەخودی خۆی، کەوابوو دەتوانین بڵێین ئەم هوشیاریە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆشنبیر بتوانێت بە جۆرێکی تازە و نوێ بیر بکاتەوە. لێرەوە ڕۆشنبیر بەمانای وشە کەسێکی جیاواز بیرکەرەوەیە، چونکە بەردەوام دەتوانێت بەشێوەیەکی تر بیر بکاتەوە، و بە چەمکی تازەوە دەستبکات بە شیکردنەوەی مرۆڤ و جیهان. لەو ڕوەوە کە ڕۆشنبیر جیاواز بیرکەرەوەیە، و دەتوانێت ئەوی دی بوون بکاتە ناوەندی بیرکردنەوەی، کەوابوو توانای درووستکردنی قەیرانی لە چەمکەکان و پێوەرە کۆمەڵایەتیەکاندا هەیە. بەڵام درووستکردنی قەیران لە چەمکەکاندا بەمانای درووستکردنی ئاژاوە و پشێوی فکری و کۆمەڵایەتی نیە. ئەو قەیرانەی ڕۆشنبیر درووستی دەکات، قەیرانی گفتوگۆیەکە کە بنەمای ڕاهێنانی دیموکراسیە. لێرەوە پرۆژەی ڕۆشنبیر بە پێناسە پرۆژەی ڕەخنەی سیاسیە کە هەوڵدەدات سنووری ئەبستمۆلۆجی عەقڵی سیاسی دیاری بکات. بەدەربڕینێکی دی پرۆژەی ڕۆشنبیر وەڵامدانەوەی دوو پرسیاری کانتیە ((دەتوانم چی بزانم؟)) و ((چ کارێک دەتوانم ئەنجام بدەم؟)). بەڵام ڕۆشنبیر وەڵامی پرسیاری سێهەم واتە ((دەتوانم ئومێدم بە چی بێت؟)). بە بواری دین دەسپێرێت. چونکە مەسەلەی ڕۆشنبیر بەخشینی ئومێد نیە بە تاکەکانی کۆمەڵگا، بابەتی ((ژیانی دوای مردن)) سەرقاڵی فکری و فەلسەفی ڕۆشنبیر پێک ناهێنێت. کەوابوو دەتوانرێت بگوترێت پرۆژەی ڕۆشنبیری درووستکردنی سیاسەتی ڕەخنەگرانەیە کە لەسەر بناغەکەی بتوانرێت بناغەی ڕەخنەگرتن لەسیاسەت دابڕێژێت. لەڕاستیدا ئەوە ڕەخنەی سیاسیە کە ڕۆشنبیر ئەکاتە ناوەندی مۆدێرنەی فەلسەفی.
لە جیهانی ئەمڕۆدا کە سیاسەت لە هەموو ئاستێکی چالاکیەکانیدا لەژێر مەترسی جەهل، و توندوتیژی و لەمپنیزمی کلتووری و کۆمەڵایەتیدایە، ئەرکی ڕۆشنبیر ڕەخنەی فەلسەفیە لە سیاسەت و چنینی بنەمایەکی فەلسەفی تازەیە بۆ دیموکراسی. ڕەنگە هەر لەبەرئەمەش بتوانرێت بگوترێت هەر هەوڵێکی ڕۆشنبیری کە لەسەر بناغەی بیری ڕەخنەگرانە دامەزرابێت، خۆی هەوڵێکە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیەکی ڕۆشنبیری. ڕۆشنبیری بۆ بەدیهێنانی پرۆژەیەکی فەلسەفی لەم چەشنە، پێویستی بە ڕەچاوکردنی دوو ئاسۆی وجودی و ئەبستمۆلۆجی هەیە. ئاسۆی یەکەم ((هەقیقەتە)) کە ڕۆشنبیر لەسەر بنەمای ((ژیان لەناو هەقیقەت و بۆ هەقیقەت))دا، ئەخلاقی دیموکراسی ڕوون دەکاتەوە. ئاسۆی دووهەم ((دیموکراسی))ە کە وەک گووتارێک و کردارێکی فرەخواز، ڕاڤەکردن و تەفسیرە جیاوازەکان لەبارەی واقعی کۆمەڵایەتیەوە مومکین دەکات. کەوابوو دەتوانرێت ئەو ئەنجامە وەرگرین کە لە پرۆژەی دیموکراسیدا کە بەشێکی گرنگی پرۆژەی فەلسەفی ڕۆشنبیرە، ئەم دوو ئاسۆیە ڕێنمای ڕۆشنبیری و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەی دەکات.
لەوڕوەوە کە دیموکراسی داهێنان و ڕاهێنانێکی ناسکە، کەوابوو داوا لە ڕۆشنبیر دەکات بەرپرسیار و وەڵامدەرەوە بێت. لەم ئاستەدا ڕاهێنانی دیموکراسی و ئەخلاقی ڕۆشنبیری هەردوکیان هاوەڵی بەرپرسیارین، لەوڕوەوە کە ڕۆشنبیر بە پێناسە ڕاهێنانی گفتوگۆکردن و لێرەوە کردارێکی دیموکراتیانەیە بە ئاراستەی پێشکەشکردنی عەقڵ لە بواری گشتیدا، کەوابوو دەکرێت بگووترێت ڕۆشنبیریی بەردەوام هاوەڵی ئەخلاقی دیموکراتیە. ئەگەر ئەوەمان قەبووڵ بێت یەکێک لەگرنگترین ڕەهەندەکانی دیموکراسی مەسەلەی بەگشتیکردنی عەقڵ، یان بە گووتەی ((کانت)) سوودوەرگرتنە لە عەقڵ لەبواری گشتیدا، کەوابوو دەکرێت ئەو ئەنجامگیریە بکەین کە ڕۆشنبیران بە درووستکردنی فەزای گفوتوگۆ لەنێوان خود و کۆمەڵگای مەدەنیدا، یارمەتی بەگشتیکردنی عەقڵ و دروستکردنی فەزایەکی فرەخواز لە کۆمەڵگادا دەدەن.
گومانی تیا نیە ئەگەری گەشەکردنی دیموکراسی لە فەزای کۆمەڵگای مەدەنیدا لە ئەگەری گەشەکردنی لەچوارچێوەی دەوڵەتدا چەندانجار زیاترە. چونکە لە کۆمەڵگای مەدەنیدا فەزای نێوان زیهنەکان بەسەر زیهنیەتی دەسەڵاتدا زاڵە، و مەسەلەی سەرەکی مامەڵەکردن و کرداری دولایەنەی نێوان هاوڵاتیانە. لێرەوە ئەرکی ڕۆشنبیر – هاوڵاتی (واتە ڕۆشنبیرێک کە چالاکیە فکریەکانی لە چوارچێوەی ئەخلاقی مەدەنیدا دەکات)، گەشەپێدانی چالاکی سیاسی فرەخوازە لە کۆمەڵگای مەدەنیدا. چونکە بە دیموکراتی کردنی دەزگای دەوڵەت بە بێ گەشەکردنی دیموکراسی لە کۆمەڵگای مەدەنیدا مومکین نیە. کەوابوو ڕۆشنبیران یەکێک لە پایە گرنگەکانی گەشەکردن و سەقامگیری دیموکراسین لە کۆمەڵگای مەدەنیدا.
لێرەدا مەسەلەکە تەنیا بوونی ئارەزووی باش بۆ کۆمەڵگا نیە، بەڵکو زۆرتر ڕەوایەتیدانە بە گوتاری دیموکراسی و فورمەلەکردنی کرداری دیموکراتی. بە دەربڕینێکی دی مەسەلە تەنیا خواستی دیموکراسی نیە، بەڵکو کارکردنە بۆ بە دەزگایی بوونی. لێرەدا ئێمە لەناو هاوکێشەیەکی رۆسۆیداین، چونکە ئامانجی درووستکردنی ئیرادەی گشتی، کۆی ئیرادەی تاکەکان نیە، بەڵکو درووستکردنی ((خودێکی دیموکراتی)) سەربەخۆیە کە دەرکەوتەی هیچ یەک لە خودەکانی هاوڵاتیان نیە، بەڵام مەرجی وجودی هەریەکێکیانە. بەم مانایە جەوهەری سیاسی دیموکراسیی جیایە لە بوونی هەر کەسایەتیەکی سیاسی، چونکە دیموکراسی لەگەڵ ئەوەدا کە پەیوەستە بە هەمووانەوە، بەهیچ کەسێکەوە نەبەستراوەتەوە. بە قسەی کلۆد لۆفەری فەیلەسوفی فەڕەنسی ((دیموکراسی فەزای چۆڵی دەسەڵاتە)). ئەم فەزایە لەلایەن هیچ کەس یان گروپێکەوە بەتەواوی پڕ نابێتەوە. ئەم فەزایە لەلایەن ڕای زۆرینەوە پڕ ناکرێتەوە، چونکە لە ڕاستیدا ڕای زۆرینە تەنیا میکانیزمێکە بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئەم فەزایە. ئەم فەزا چۆڵەی دیموکراسی دەرکەوتەی ئەخلاقی دیموکراتیانەیە کە لە ڕۆشنبیر، ڕۆشنبیر–هاوڵاتی درووست دەکات. بەرگری ڕۆشنبیر ، تەنیا بەرگری لە خواستی دیموکراسی نیە، بەڵکو بەرگریە لە دەزگای دیموکراسی. بە دەربڕینێکی دی ئامانجی ڕۆشنبیر درووستکردنی جوڵەیەکی ئاسۆییە لە کۆمەڵگادا کە لەپاڵ جوڵەی ستونی دەوڵەتدا دەوەستێت. لە ڕاستیدا خەباتی ڕۆشنبیر بۆ هەقیقەت و ژیان لەناو هەقیقەتدا، جۆرێک جوڵەی ئاسۆییە لە ئاستی کۆمەڵگادا.
دەکرێت ئەمڕۆ لە ئێراندا ناوی نەوەیەکی تازەی ڕۆشنبیران بهێنرێت کە وەک شەپۆلی چوارهەمی ڕۆشنبیری، لە هەوڵی ئەوەدان عەقڵ لە بواری گشتیدا پێشکەش بکەن و فەزایەکی گفتوگۆ لەنێوان هاوڵاتیاندا درووست بکەن. ئەم نەوە تازەیەی ڕۆشنبیرانی ئێرانی هەوڵدەدەن تاسوود لە مەسەلەی گفتوگۆ وەک چەترێکی وجودی بۆ پەنادان بە تاکایەتی ئەندامانی کۆمەڵگا و گەشانەوەیان وەربگرن. وەک دەبینین لێرەدا بەدیاریکراوی گرنگی بە عەقڵی ڕەخنەگرانە و کارکردنی ڕۆشنگەرانە لە بواری گشتیدا، لەبەرامبەر عەقڵئامێری و باڵادەستیە تەکنەلۆژیەکەیدا دراوە. هەروەها لێرەدا پرۆژەی ئاسۆی هەقیقەت و ئەخلاقی دیموکراسی وەک دروستکردنی دۆخێکی پرۆکرۆستی و ئایدۆلۆژی نیە، بەڵکو بە مانای دەرچوونی هاوڵاتیانە لە دۆخی ناکامڵی و مناڵی. ڕۆشنبیری شەپۆلی چوارهەم ڕۆشنبیرێکە بیر لە مەسەلەی گواستنەوە بۆ دیموکراسی نەک لەسەر بناغەی نەریت، بەڵکو لەسەر بناغەی ((میرات)) دەکاتەوە، و پێگەی وجودی خۆی لە هاوسەنگی نێوان ڕۆحی ئێرانی و ڕۆحی جیهانیدا دەدۆزێتەوە. بەم مانایە شەپۆلی چوارهەمی ڕۆشنبیری بە دیدێکی میراتیانەوە بیر لە دیموکراسی وەک میرات و دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی و جیهانی دەکاتەوە. بەدەربڕینێکی تر ڕۆشنبیر – هاوڵاتی، شەپۆلی چوارهەمی ڕۆشنبیری گواستنەوە بۆ دیموکراسیە، کە هەوڵدەدات وەک هاوڵاتیەکی ئێرانی قسەیەک بۆ شوناسی ئێرانی لە چوارچێوەی جیهانی ئەمڕۆدا بدۆزێتەوە. پرسی ئەم ڕۆشنبیرە مۆدێرن بوون لە چوارچێوەی نەریت یان نەریتی بوون لە چوارچێوەی مۆدێرنەدا نیە، بەڵکو هاوچەرخبوونە، واتە هوشیاربوون بە زەمەنی خۆی و رۆشنبیر بوونی زەمەنی خۆی. ئەم دۆخە وجودیە کە هاوەڵی هاوچەرخبوونە، لە قاڵبی ڕەوتێکی دیاردەناسیانەدا درووست دەبێت. لەبەرئەوە ڕۆشنبیری گواستنەوە بۆ دیموکراسی چەند خەسڵەتێکی هەیە:
١) خۆی لە بیرکردنەوەی یۆتۆپی و تێزی ئایدۆلۆژی دووردەخاتەوە.
٢) بڕوای بە هیچ جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاک ڕەهەندانە نیە.
٣) بە دوای درووستکردنی گفتوگۆی درووستکەر و ڕەخنەگرانەیە لەنێوان سێ ڕەهەندی پێش ئیسلامی، و ئیسلامی و مۆدێرنی شارستانێتی ئێران.
٤) بەدوای درووستکردنی دیالۆگەوەیە لەگەڵ مۆدێرنەی جیهانیدا.
٥) جەخت لە کارکردنی عەقڵی ڕەخنەگرانە لە بواری گشتیدا دەکاتەوە.
٦) هەموو جۆرە هەقیقەتێکی ڕەها کەبەشێوەیەکی پێشینەیی بێت، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
٧) ویژدانی نەخەوتووی کۆمەڵگای ئیرانیە.
تامس جفرسۆن بڕوای وابوو بەهای ئازادی، هوشیاری و وردبینی بەردەوامە. ڕەنگە بتوانرێت بگووترێت ڕۆشنبیران لە ڕەوتی گواستنەوە بۆ دیموکراسی، ویژدانی نەخەوتووی کۆمەڵگان، چونکە تەنیا لەم حاڵەتەدا ڕۆشنبیرانی ئێرانی دەتوانن وەک هاوڵاتیانی کۆمەڵگای ئێرانی دەوری ڕەخنەگرانەی خۆیان بۆ پێشکەوتنی دیموکراسی ببینن. گرنگ لێرەدا ئەوەیە ڕۆشنبیران ((لەبارەی سیاسەت)) نەک ((لەگەڵ سیاسەتدا)) بیر بکەنەوە، بۆ ئەوەی توشی لەرزینە سیاسیەکان و هەڵسەنگاندنە هەڵەکانی لەبارەی سیاستەوەنەبن. تەنیا بەدرووستکردنی پەیوەندیەکی لەمچەشنە لەنێوان سیاسەت و بیرکردنەوەدایە، کە گواستنەوە بۆ دیموکراسی مومکین دەبێت.
سەرچاوە:
رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤