منداڵانی گەڕەک

منداڵانی گەڕەک

 

خوێندنەوەی: سەردەم

 

ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک” لە نووسینی شاعیر و ڕۆماننووس هیوا قادر یەک لە ڕۆمانە جیددی و گرنگەکانی نێو پانتایی هونەریی گێڕانەوەی کوردییە. ئەم ڕۆمانە تاکو ئێستا چەند جار چاپ کراوەتەوە، نوێترین چاپی لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوەیە. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم ڕۆمانە و ناساندنی بە خوێنەران ڕەنگە باشترین خاڵ ئەو جێیەوە بێت کە بۆ کارئاسانی ڕێگە بە خۆمان بدەین ڕۆمانەکە لە دابەشکارییەکی دوو هێڵیدا بخوێنینەوە.

“منداڵانی گەڕەک” لەسەر دوو ڕاستەهێڵ دەڕواتە پێشەوە، یەکێکیان وڵاتی سوید و ئەوی تریان کوردستانە، ئەم دوو هێڵە وەک سککەی قیتار بە دڵی ڕۆمانەکەدا درێژ دەبنەوە و هەندێک جار دەکەون بەسەر یەکدا و هەندێ جاری تریش مەودا و دووریی زۆر دەکەوێتە نێوانیان، ئەوەی گرنگە چی لەم دوو هێڵە لە گێڕانەوە بەرهەم هاتووە، بێگومان بە خوێندنەوەی سەرلەبەری کتێبەکە دەگەین بە وەڵام، ئەویش ژانرێکی قورس و گرانی وەک “ڕۆمان”ە.

کە وایە ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک” لە چی دەدوێت؟ ئەو دوو هێڵە سەرەکییە چین قەتاری گێڕانەوە لەسەریان دەکشێت و بە خێرایی تارمایی دەڕواتە پێش؟ ئەگەر وەک ستراتیژی گێڕانەوە و ڕیزبەندیی ڕووداوەکان بەگوێرەی ڕۆمانەکە دەست پێ بکەین، ئەوا هێڵی یەکەم وڵاتی سویدە و نەبرەی گێڕانەوە لە هۆڵێک و بۆنەیەکدایە، کە تێیدا باوکێک لە پێگەی نووسەردا بە ناوی “گۆستاڤ لۆنگڤیست” دەردەکەوێت و واژووی نوێترین کتێبی دەکات کە ڕۆمانە، ڕۆمانێک کە ناونیشانی “منداڵانی گەڕەک”ی هەڵگرتووە، هەر لێرەوە خوێنەر دەکەوێتە ناو گەمەیەکەوە و خەیاڵی دەبزوێ بۆ قوتووی ناو قوتوو، بە واتایەکی تر: ڕۆمان لەناو ڕۆماندا، بە هەرحاڵ، لەم بەشەدا کە دەستپێکی ڕۆمانەکەیە ئێمە لە بەردەم ڕووداوێکدا ڕادەوەستین، ڕووداوێک کە تاسە و چاوەڕوانی لە هەناودا هەڵگرتووە، ئەویش بە دەرکەوتنی کچێک لەو ڕیزە درێژەی وا سەرەیان بۆ ئیمزایەک لە لایەن گۆستاڤەوە لەسەر کتێبە نوێیەکەی، گرتووە، ئەو کچەش کەس نییە جگە لە سیسیلیا، کە دەکاتە کچی گۆستاڤ و دوای بیست و پێنج ساڵ بۆ یەکەمجار و لەم هۆڵەدا لەگەڵ باوکی یەک دەبیننەوە. ڕووداوی ئەم دابڕانە لەم ماوە درێژەدا و چیرۆکی سەربەخۆ و لێکدووری هەریەک لەو باوک و کچە، لەو پاژ و بەشانەن کە هەر زوو لای خوێنەر دەبن بە پرسیار و مەیلی بەدواداچوون، بەڵام هیوا قادر پاشتر و لە درێژەی بەگەڕکەوتنی ڕەوتی ڕووداوەکاندا ئەم گرێیانە لە فۆرمێکی هونەریدا دەکاتەوە، خوێنەر لە حاڵەتی هەڵچوون و داچووندا دەهێڵێتەوە. لێرەدا پرسێکی بۆتیقایی دێتە پێشەوە، پرسێک کە زۆرێک لە ڕەخنەگرانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و تەنانەت بەشێکیان هەر بەو پرسە ڕۆمان هەڵدەسەنگێنن، ئەویش پرسی “دەستپێک و سەرەتای ڕۆمانە”، بە گشتی هەمووان لەسەر ئەوە کۆکن کە دەستپێک و سەرەتای ڕۆمان مەرجی سەرکەوتنە، واتا گەر ڕۆمانێک سەرەتاکەی بەهێز و کاریگەر بوو ئەوا دوایینەکەشی هەمان شت دەبێت، ئەگەرچی ڕاستی و ناڕاستی ئەم بۆچوونە لە هەردوو حاڵەتەکەدا هەیە و مەرج نییە کە وابێت، بەڵام ئەمە هیچ لە بایەخی چنینی ورد و جیددی دەستپێکی ڕۆمان کەم ناکاتەوە. یەکێک لە ڕەخنەگرە فەڕەنسییەکان کە ناوی “ڤەنسان ژووڤ”ە لە کتێبێکیدا بە ناوی “بۆتیقای ڕۆمان” بۆچوونی وایە: کە دەستپێکی ڕۆمان گرێبەستی ئیمزانەکراوی نێوان نووسەر و خوێنەرە، واتە ئەگەر ئەو سەرەتایە کۆمەڵێک حاڵەتی وای دا بە دەست خوێنەرەکەیەوە، ئەوا لەسەر خوێندنەوە سوورتر و بە مەیلتر دەبێت، لەوانە: چاوەڕوانی، دواخستنی ڕووداو، زەڕبەت، حاڵەتی درامی بە گوژم، تێکشکانی ئاسۆی چاوەڕوانی و… ئەگەر بەم پێوەرانە سەیری ئەو دەستپێکە بکەین کە ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک” هەڵیگرتووە، دەبینین کە وا سەرجەم ئەو حاڵەتە ناباو و نائاساییانەی تێدایە، ئەوەش بەسن بۆ ئەوەی خوێنەری ئەو ڕۆمانە هەر لە سەرەتاوە ئەو گرێبەستە بێدەنگە لەگەڵ نووسەرەکەیدا ئیمزا بکات و بە حەزەوە لەسەر خوێندنەوەی بەردەوام بێت.

هێڵی دووەمی گێڕانەوە لە ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک”دا کوردستانە، گەرچی نووسەر خۆی لەقەرەی ناوهێنانی ڕاستەوخۆ نەداوە، بەڵام خوێنەر دەزانێت کە ڕێک شارێکە لە کورستان و ئەو شارەش سلێمانییە، گەڕەکی “چوار خوشکەکە”ش هەمان گەڕەکی “چوارباخ”ە کە بووە بە چەق و خاڵی لێکدانی ڕووداوەکان. ڕۆمانەکە بێ ئەوەی بە ئاشکرا ئەمە بڵێت، مەبەستی سەرەکیی گێڕانەوەی ئەم هێڵەیە، هەر بۆیە لە تەواوی کتێبەکەدا بەشی زۆری گێڕانەوە و ژمارەی لاپەڕەکان دەکەونە سەر ئەم هێڵە. کارەکتەری سەرەکی لەم هێڵەدا “گۆڵ محەمەد”ە، هاوکات گوڵ محەمەد ڕایەڵێکە لە نێوان هەردوو هێڵەکەشدا، یان ڕاستتر وایە بنووسین نوختەی بەیەکگەیشتنی داستانیی لە نێوان سلێمانی و سوید، گوڵ محەمەدە. ئێمە مەبەستمان نییە چیرۆکە بگێڕینەوە، بەڵام چیەتیی چیرۆکەکە دەخوازێت کە هەندێ سەرەداو بدەین بە دەستەوە تاکو ئایدیای بەشێک لە ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر واڵا بکەین. ئەم بەشەی “منداڵانی گەڕەک” کە ڕاستەوخۆ لە زاری گوڵ محەمەدەوە دەگێڕدرێتەوە و “گۆستاڤ” دەینووسێتەوە، تەواو خوێناوییە، خوێن لە زۆرێک لەو بەش و وردەڕووداوانەدا ئامادەیی هەیە، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە “شوێن” و “مێژوو”ەوە هەیە، شوێن لەم ڕۆمانەدا یەک لە گەڕەکە میللییەکانی شارە و پڕپڕە لە گەنجان و پیاوانی چەقاوەسوو و سەرسەریی، ڕەنگدانەوەی ئەم کەسێتییانە لە “منداڵانی گەڕەک”دا خاڵێکی سەرنجڕاکێش و مایەی لەسەروەستانە، ئەویش بەوەی کە بوونی ئەم کەسێتییانە هاوکات زمانێکی ناچار بە ڕۆمانەکە کردووە، کە هەڵگری فەرهەنگ و دەربڕینگەلێک بێت کە دەلالەت لە هەمان خەسڵەت و کەسێتیی ئەوان بکات، بۆیە دەبینین زمانی ڕۆمانەکە زمانێکی زبر و توندە، پڕە لە جنێو و دەربڕینی کۆڵان و سەرجادە، زمانێکە پڕ لە تەشەر و ئەتککەر، دوور لە ڕیتۆریک و جوانکاری، ئەمەش خاڵێکی سەرکەوتووی ئەم دەقەیە لە بەرانبەر لێشاوێک لە ڕۆمانی کوردیدا کە ڕاوێژەکان بە یەک نەفەس و تۆن دەنووسن، لەم ڕۆمانەدا کە قەسابێکی وەک “ئەنە سەرخوار” دەدوێ، ڕێک گوێت لە قەسابێک دەبێت کە فەرهەنگەکەی پڕە لە چەقۆ و خوێن و سەربڕین و… گوڵ محەمەد لەو گەڕەکەوە دەگاتە سوید، بەڵام هەر بە جەستە نا، هاوکات ئەو زمانەش لەگەڵ خۆی دەهێنێت، هەر ئەوەش نا، هەموو ئەو کولتوورە خوێناوییەش کە لەوێ ” لە کوردستان” بوونی هەیە.

“مێژوو” تەوەرێکی تری ئەو خوێناوڵیەیە کە پانتایی ئەم ڕۆمانەی سوور سوور کردووە، “منداڵانی گەڕەک” لەسەر دوو ئاست مێژوویەک دەگێڕێتەوە لە غەدر، ستەم و خیانەت، ئاستی یەکەم ئەو کاتەیە کە گوڵ محەمەد و هاوڕێکانی هێشتا منداڵن و لە کۆڵان و گەڕەک خەریکن یارییە منداڵانە ترسناکەکانیان دەکەن، وەک شەڕەسەگ، بڕینی گوانی مانگا، شەڕەگەڕەک و… یاریگەلێک کە هەر دەڵێی مەشقن بۆ ئەوەی لە گەورەییدا ببن بە ڕاستی، ڕێک ڕۆمانەکە جەختی ڕاستیبوونەوەی ئەم گەمانە دەکات، کە سەرەتایەکن بۆ کوشتن و ئەتککردن و پاشقولگرتن. ئاستی دووەمی ئەو مێژووە ئەو کاتەیە کە گوڵ محەمەد و هاوڕێکانی گەورە دەبن، دەبن بە پێشمەرگە و جاش و جاسووس و بە تەواوی شار و شاخدا بڵاو دەبنەوە، ئیتر لەم بەشەدا خوێن بەڕاستی دەڕژێت، دەستی غەدر دەگاتە نزیکترین هاوڕێ، گوللەی دۆست لە پشتەوە سەری هاوسەنگەرەکەی هەڵدەگرێ، ئەمە ئیدی ئەو مێژووەیە کە بە حیبری سووری تۆخ دەنووسریتەوە، کە ترووسکایی جوانی تێدا دەفەتێت، کە مانایەک بۆ هاوڕێیەتیی منداڵەکان ناهێڵێتەوە.

“منداڵانی گەڕەک” ڕۆمانێک لەسەر لێواری خەرەند و بەربوونەوە، لە هەوڵی تۆمارکردنی مێژوویەکدایە، بەڵام بە ئیمکانی گێڕانەوە لە فۆرمێکی بەرزی وەک ڕۆماندا، دەرخستن و سەرخستنی دەنگی کپکراوانە، دەنگی ئەوانەی بوون بە قوربانی هیچ، ئەوانەی خەونەکانیان زۆر لەوە گەورەتر بوو لە سووچی کۆڵانێکدا، لە تاریکیی پێچێکدا، بە فیشەکێک لاشەیان سارد بکرێتەوە. گوڵ محەمەد هەموو ئەم مێژووە دەخاتە بەردەست ڕۆماننووسێکی وەک گوستاڤ، ئەو خۆی دەستی لە خوێندایە، ڕۆحی خوێناوییە، ناتوانێت ئەم چیرۆکانەی غەدر و خوێن بنووسێتەوە، لە ڕێگەی سیسیلیاوە گۆستاڤ ڕادەسپێرێت بینووسێتەوە.

ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک” کە دەتوانین بە ڕۆمانی “منداڵانی شار”یش ناوی ببەین، سەرلەبەر سەردوولکەی نەوەیەکی سەرگەردانە، نەوەیەک کە نە لە گەڕەکدا ژیا نە توانی بە شاریشدا پیاسەیەکی دڵنیا بکات، ڕۆمانەکە ڕەخنەیەکی توندە لە حیزب و ئایدۆلۆژیای حەفتا و هەشتاکانی کوردستان، لەوەی کە چۆن “شوێن” کە نیشتمان و شارە کردیان بە دۆزەخ و بە هەزاران منداڵیان تێدا سووتان.

وەک دواخاڵ و سەرنج: دەبینین لەم ساڵانەی دوایدا بە لێشاو “یادەوەری”ی ئەو پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ و سیاسیانە چاپ و بڵاو دەبنەوە، زۆرینەیان بە تۆنێکی فریشتەئاسا و قارەمانئاسا باس لە خەباتی ئەو ڕۆژانە و خودی خۆیان لەو شۆڕشەدا دەکەن، دەگمەنن ئەو کەس و نووسەرانەی توخنی ئەو دیوە تاریک و ترسناکەی ئەو ساڵانە بکەون، لەم ڕووەوە، وێڕای لایەنی هونەری، ڕۆمانی “منداڵانی گەڕەک” باشتر و قووڵتر لە زۆرینەی ئەو یادەوەرییانە ئەو دیوە پێشان دەدات، هەر ئەمەش گرنگیی ڕۆمان لە ئاست مێژووی ساختە و درۆییندا دەسەلمێنێت.