سیبیولا ڕۆمانێک لەبارەی ئەوین و خوداوە

سیبیولا

ڕۆمانێک لەبارەی ئەوین و خوداوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

 

بە هۆی پرۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبییەوە، خوێنەری کورد ئاشنای گەلێک ناو و شاکاری جیهانی بووە، بێگومان هەموان کۆک و هاوڕان لەسەر ئەوەی کە وەرگێڕان وەک کایەیەکی گرنگ، بووەتە پردی پەڕینەوە و گۆڕەپانی بەیەکگەیشتنی کولتوور و شارەستانییەتەکان، هاوکات ئێمە لە سەردەم و دونیای ئێستادا بە هۆی وەرگێڕانەوە، ئەوانی دیکە دەناسین، ئاشنا دەبین بە هزر و بیرکردنەوە، ئەندێشە و دونیابینییان، تێکستەکانیان دەخوێنینەوە چێژ لە چیرۆک و گێڕانەوەکانیان دەینین.

بێگومان لەم نێوەندەدا، کاک (خەبات عارف) گەلێ بەرهەمی پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کردووە و بەو شاکارە جیهانیانەی وەریان دەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، تینوێتی و تامەزرۆیی خوێنەریانی پێ شکاندووە، لە نوێترین کاری وەرگێراندا، کاک خەبات شاکارێکی دیکەی (پیێر لاگەر کڤیست)ی بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کردووە بە کوردی و کتێبەکە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

دەستپێکی ڕۆمانەکە خوێنەر پیرەژنێک و کوڕێکی نائاسایی و گێلۆکە، لە کوختێکی تەنیا و دوورەدەستی ناوچەیەکی شاخاویدا دەناسێت، کەشێک کە هیچ بنەمایەکی ژیانی ئینسانی و شارستانی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی پرۆسەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، ڕوداوەکان دەمانگەیەنن بە شوێنێک کە ئیدی تێدەگەین کە پیرەژنەکە قوربانیی پەیوەندییەکی خۆشەوسیتییە کە لە لایەن پیاوانی ئایینییەوە بە ناوی خوداوە سزای دەدەن، خۆشەویستە ڕاستەقینەکەی لە شاخێکەوە بەردەدەنەوە و دەیکوژن، خۆشی کە هێشتا کچێکی جحێڵ و تەڕە، بە فیتی قەشە و پیاوانی ئایین، دەخرێتە بەردەم توڕەیی و غەزەبی ڕەشەخەڵکی ناحاڵییەوە، ئەوەی ژیانی کچەکە لەبەردەم توڕەیی و کەڵبە و هەڕەشەکاندا دەپاێزێت، منداڵێکە، منداڵێک بێ ئەوەی لە ئایین و پەیوەندیی نیوان ژن و پیاو، سێکس و ئەوین تێبگات، دەرفەتی ڕزگاربوون بۆ کچەکە دەدۆزێتەوە، بەڵام ڕەشە خەڵکەکە، لەبەر ئەوەی لە ئایین، سێکس و عەشق تێدەگەن و لەو چوارچێوە پێناسەکراوەدا کە بۆیان داڕشتوون، کچەکە بە خیانەتکار و گوناهبارێکی گەورە دەزانن، بە تایبەت کە دڵنیا دەبن لەوەی کۆرپەلەیەک لە سکیدایە، کۆرپەلەیەکی حەرامزادە کە لە پەیوەندییەکی ناشەرعی و دوور لە پڕەنسیپ و چوارچێوە یهاساییە ئایینییەکانەوە دروست بووە “بۆ یەکەم جار خۆشەویستیم تاقی کردەوە، ئەو جوانییەی کە تەنیا نەبیت، ئەوەی کە ئینسانێکی تر لەنێومدا بوو، ئەوەی کە باوەشم بە کەسێکی تردا کرد و خۆمیش لە باوەش کرام و هەستم بە ڕەحەتییەکی گەرم و قووڵ کرد لە لەشە بەهێزەکەی خۆمدا کە بێ ئەوەی هەمیشە خۆم زانیبێتم، هەمیشە تاسە و ئارەزووی ئەوەی کردبوو.”

 ئەگەرچی سەرەنجام خوێنەر گومان دەکات کە ئەو کۆرپەلەیە لە ئەویندارە ڕاستەقینەکەی کچەکەیە، واتە بەرهەمی پەیوەندییەکی ئارەزومەندانەی سێسکسیی و خۆشەویستییە، یاخود بەرەنجامی ئەو دەستدرێژیەیە کە یەکێک لە پیاوە باڵا ئایینییەکان لە شوێنێکی پیرۆزی وەک پەرستگەدا دەیکاتە سەر کچەکە، هەرکامیان بێت چ لەو دۆخە ناگۆڕێت کە کچە دووگیانەکە دەبێت پارێزگاری لە بوونەوەرە بچکۆلەکەی ناو سکی بکات و لە خراپترین دۆخ و هەلومەرجدا بیپارێزێت

“ئەوان بۆ خۆیان دەژیان و کاریان بە کاری کەسەوە نەبوو، کەس سەردانی نەدەکردن و کەس خۆی تێ نەدەگەیاندن، شیری یەک دوو بزنیان هەبوو، هەروەها پیرەژن ڕەگوڕیشە و بەروبووی گژوگیاشی لەو کێوە کۆ دەکردەوە و بەوانە دەژیان، هەرگیز نەیاندەتوانی لە هیچ کەسێک شتێک وەربگرن، چونکە کەس نەیدەویست توخنیان بکەوێت.” سەربوردەی ژیانی ئەم پیرەژنە و کوڕە گێلۆکەکەی، هاوکات ڕووداوەکانی نێو خودی ڕۆمانەکە، بۆ مێژوویەکی دێرین و ڕابردوویەکی دوور دەگەڕێتەوە، یەکێک لە پەیام و تێما سەرەکییەکانی بریتییە لە پەردەهەڵماڵین لە ڕوخساری پیاوانی ئایینی و دەرکەوتنی ڕووی دزێویان لە ئاست کۆمەڵگا و تاک بە گشتی و ڕەگەزی مێ بە تایبەت، ئەو هەوڵە شەیتانییە پیشان دەدات کە پیاوانی ئایینی چۆن سوود لە پێگە و پایەی خۆیان و سادە و ساویلکەیی خەڵک دەبینین بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانی خۆیان، ئەوەتا پیرەژنەکە کاتێک چیرۆکی پڕ لە غەم و ژیانی غەمگینی خۆی بۆ کەسێک دەگێڕێتەوە، تێدەگەین کە بە شاخێکەوە لە شارۆچکەکەیاندا پەرستگەیەکی پیرۆزی ئایینی هەبووە، خەڵکی لە هەموو شوێنێکەوە سەردانیان کردووە، ئەم هێشتا کیژێکی گەنج بووە کە دایک و باوکی بە جلکی بووکێنییەوە دەیبەن بۆ شوێنە پیرۆزەکە و گوایە دەبێت بە بووکی خودا، خوداش لەوێ کەس نییە جگە لە پیاوێکی ئایینی باڵا و خاوەن پێگە کە لە ڕۆمانەکەدا وەک تارمایی دەردەکەوێت، تەنها دەنگی دەبیسترێت کاتێ وەعز دەدات، هیچ وەسف و پێناسەیەک ناکرێت، واتە چوون خودا شێوە و ڕەفتار و ئەدگاری نادیارە، ئەم کیژۆڵەیە دەستبەرداری خێزان و ژیانی دەرەوە و هەموو پەیوەندییەکی دونیایی دەبێت و وەک بووکی خودا، بە جلکی بووکێنییەوە لە شوێنە پیرۆزەکەدا دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دایکی دەمرێت، کاتێ بۆ پرۆسەی ناشتنی دایکی دەگەڕێتەوە، لەسەر ئاو و کانییەک، عاشقی کوڕێک دەبێت، ئیدی لێرەوە کچەکە لەنێوان عەشقی خوداکەی و عەشقی کوڕەکەدا تووشی ڕاڕایی دەبێت، دواجار لەگەڵ کوڕەکەدا دەڕازێت و جووت دەبن، بەڵام کاتێک پیاوانی ناوچەکە و پەرستگە پیرۆزەکە بەم پەیوەندییە دەزانن، بەزۆر دەیبەنەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکە و پیاوە ئایینییە باڵاکە وەک تۆڵەیەک، سێکسی لەگەڵدا دەکات.

کیژۆڵەکە تەواو لە مرۆڤ و پەیوەندیی لەگەڵ مرۆڤدا دووچاری نائومێدی دەبێت، بە تایبەت ئەو کاتەی لە دەست ڕەشەخەڵکە توڕەکە ڕزگاری دەبێت و بە منداڵەکەی ناو سکیەوە، بێ پشت و پەنا دەکەوێتە ناو دۆڵ و شاخەکانەوە، لێرەدا کۆمەڵێک بزن دەبن بە ڕێنیشاندەری و بە ئاماژە دەیگەیەننە نێو ئەشکەوتێک تا لەوێ منداڵەکەی ببێت و بحەوێتەوە، واتە لێرەوە تێدەگەین کە ئەو ژیانە پڕ لە کێشە و چەرمەسەرییەی بە سەریدا هاتووە، وای لێ دەکات متمانە زیاتر بە ئاژەڵ بکات، نەک مرۆڤ “لەنێو پەرستگەکەدا تەنیا بووم، لەژێر باڵی خودادا، خودا نکوڵیی ئەوەی لێ نەکردبووم، سەرلەبەر ئەوەی لە بیر نەچوبووەوە کە من هی ئەو بووم، باوەشی پێدا کردم، باوەشە ڕووناکەکەی، لەنێو پەرستگەکەیدا و بە ڕۆژی ڕووناک، لە پەرستگە قەشەنگەکەیدا کە لەوێ هەرگیز بۆم نەبوو خزمەتی بکەم، ئاخرییەکەی لەوێ پێشوازیی لێ کردم، سەیریش بوو، لەو چرکە سەختەدا کە ئاپۆرەی گەجەروگوجەران لەوێ لە دەرەوە چاوەڕوان بوون ئازارم پێ بگەیەنن، لەوەیش بوو بشمکوژن.”

ئەمە ئەو چرکەساتەیە کە ڕوانگەی ئایین و پیاوانی ئایینیمان لەمەڕ چەمکی سێکس بۆ ڕاڤە دەکات، پێشتر کچەی بووکی خودا چەند جارێک داوای لە خوداکەی کردووە ئەوەی ئێستا لەگەڵیدا دەیکات بیکات، بەڵام ئەو بەرپەرچی داوەتەوە، کەچی ئێستا وەک سزایەک، لەنێو پەرستگە پیرۆزەکەدا، لە کەشێکی ئارامدا سێکسی لەگەڵدا دەکات و ڕەشەخەڵکە توڕەکەش لە دەرەوە چاوڕێن کە کچەکەیان ڕادەست بکەن، تا بە سزای مەرگی بگەیەنن.

بە گشتی ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکە و خاکەڕایانەیە بۆ تیشکخستنە سەر لایەنێکی کەمی دونیای ڕۆمانەکە، بێگومان خوێنەر خۆی لە کاتی خوێندنەوەیدا بەر لایەنی دیکەی فراوانی ڕۆمانەکە دەکەوێت.