چاككردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن یان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستا؟
كامیان له پێشتره:
چاككردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن یان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستا؟
نووسینی ئه‌حمه‌د محسن
و له عه‌ره‌بییه‌وه به ده‌ستكارییه‌كی زۆر كه‌مه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
له وڵاتێكدا سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌كه‌ی به‌ده‌ست ده‌یان كێشه‌وه بناڵێنێت و له هه‌مان كاتدا چه‌ندین كێشه‌ی ئابوریشی هه‌بێت؛ كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بڕی بودجه‌ی ته‌رخانكراو بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده هه‌یه. له وڵاتێكی له‌و جۆره‌دا ئه‌گه‌ر تۆ 100 دۆلارت هه‌بێت و ده‌ته‌وێت بۆ باشتركردنی دۆخی په‌روه‌رده خه‌رجی بكه‌یت، ئایا باشترین رێگا بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و 100 دۆلاره چییه؟
لێره‌دا پرسیاری ئه‌وله‌وییه‌ته‌كان دێته پێشه‌وه كه پرسیارێكی سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه و ده‌ستنیشانكردنی بژارده‌یه‌ك له نێوان ئه‌و بژاردانه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه، پرۆسه‌یه‌كی قورس و زه‌حمه‌ته. به‌ڵام ئه‌م پرسیاره، زۆرجار له وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی تازه پێگه‌یشتوو، ده‌وروژێنرێت و ده‌خرێته‌ڕوو. هه‌ندێك پێشنیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م پاره‌یه، له دروستكردنی قوتابخانه و خوێندنگای نوێ‌دا خه‌رج بكرێت، ئه‌مه‌ش له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆری ژماره‌ی فێرخوازانی ناو پۆله‌كان. هه‌ندێكی دیكه پێشنیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م پاره‌یه، بۆ كۆمه‌ڵێ چالاكی و خزمه‌تگوزاری په‌روه‌رده‌یی ته‌رخان بكرێت كه یارمه‌تی فێرخوازان و دایكان و باوكانیان ده‌دات، منداڵه‌كانیان بنێرنه مه‌كته‌ب و به‌رده‌وامبن له‌سه‌ر خوێندن، وه‌ك خزمه‌تگوزاری دابینكردنی گواستنه‌وه‌ی گشتی یان خه‌رجكردنی پاره‌كه بۆ دابینكردنی ژه‌مه خۆراكی قوتابیان و چه‌ندین خزمه‌تگوزاری دیكه.
بێگومان ناكرێت له گرنگی ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی سه‌ره‌وه كه‌مبكرێته‌وه و له‌به‌رچاو نه‌گیرێن. به‌ڵام زۆرجار خه‌رجكردنی پاره‌كه، له نێوان دوو بژارده‌دایه: یه‌كه‌میان بریتییه له خه‌رجكردنی پاره‌كه بۆ پێشخستن و گه‌شه‌پێدانی پرۆگرامه‌كانی خوێندن، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆگرامه‌كانی خوێندن دوانه‌كه‌وێت و هاوشان بێت له‌گه‌ڵ پرۆگرام و پێودانگه جیهانییه‌كان و لێیان دانه‌بڕێت. دووه‌م بژارده بریتییه له خه‌رجكردنی پاره‌كه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كارامه‌یی مامۆستایان و ده‌رچوانی كۆلێژی په‌روه‌رده، تاكو به شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌بكرێن بۆ ئیداره‌دانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پیشه‌یی و ئه‌كادیمی كۆی ستافی قوتابخانه‌كان. ئه‌م بژارده‌یه‌یان له به‌شێكی زۆری وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، به گونجاوتر و باشتر داده‌نرێت.
من له‌م باره‌یه‌وه، قسه‌م له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نه‌وه‌ی چینی ناوه‌ڕاست كردووه، ئه‌وان پێیانوایه كه (خوێندنی خۆڕایی/ التعلیم المجانی) هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ی له ئێستادا وڵاتانی عه‌ره‌بی تێیدا ده‌ژین. چونكه ئه‌م جۆره خوێندنه خۆڕاییه، كۆمه‌ڵی ده‌رچووی (نه‌خوێنده‌وار/ غیر متعلمین)ی به‌رهه‌مهێناوه. لێره‌دا گله‌یی و ڕه‌خنه سه‌ره‌كییه‌كه، له نزمی ئاستی ئه‌وانه‌یه كه خوێندنیان ته‌واوكردووه و خوێندنه‌كه‌یان هاوتا نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕوانامانه‌ی به‌ده‌ستیان هێناوه. له‌ناو ئه‌و ده‌رچووانه‌دا، ده‌كرێت تێیاندا هه‌بێت هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دبلۆمی پیشه‌یی یان ئاماده‌یی بێت، به‌ڵام خوێندنه‌وه و نووسین نازانێت. چاره‌سه‌ر لای ئه‌مان، ئه‌وه‌یه سه‌رنج و فۆكس بخرێته سه‌ر چاكردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن، ئه‌مه‌ش له پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی پرۆگرامه‌كان و هێنانه‌ئارای پرۆگرامێك، یارمه‌تی ده‌رچووان بدات تێكه‌ڵ به بازاڕی كار ببن و فێری كۆمه‌ڵێ زانیاری و كارامه‌یی بنچینه‌یی و سه‌ره‌كی ببن كه ده‌بێته یارمه‌تیده‌ریان بۆ تێكه‌ڵبوون به بازاڕی كار.
وه‌لێ ئه‌م چاره‌سه‌ره به شێوه‌یه‌كی نهێنی و نادیار، ئه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت كه فۆكس بخرێته سه‌ر ژماره‌یه‌كی كه‌متر له فێرخواز، تا خوێندنێكی باشتر وه‌ربگرن. نه‌ك ئه‌وه‌ی فۆكس بخرێته سه‌ر دابینكردنی خوێندن بۆ هه‌موان، چونكه له‌مه‌یاندا ده‌رئه‌نجامه كۆتاییه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن، لاواز ده‌بێت. لای ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه، به‌رزی ئاستی فێرخواز، زۆر گرنگتره له‌وه‌ی ده‌رفه‌تی یه‌كسانی خوێندن، بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری فێرخواز دابینبكرێت.
ئه‌م بۆچوونه، له ڕووی تیۆرییه‌وه، هه‌ڵگری بڕێك له ڕاستییه. بۆ نمونه، ئه‌وه‌ی به‌دواداچونی بۆ سیاسه‌تی خوێندن له میسر كردبێت و ئاگاداری پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌و وڵاته بێت، ده‌بینێت وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی میسر “تاریق شه‌وقی”، به شێوه‌یه‌كی گه‌وره پێداگری له‌سه‌ر چاكردنی پرۆگرامه‌كان ده‌كات و سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له میسر، ئه‌ویش شانازییه‌كی زۆر به‌وه‌وه ده‌كات كه پرۆگرامه‌كانی خوێندن له میسر، بووه‌ته یه‌كێك له باشترین پرۆگرامه‌كانی جیهان. هه‌روه‌ها هه‌ندێك له وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه، وه‌ك ئوردن و وڵاتانی كه‌نداو، هه‌مان ڕێبازیان گرتووه‌ته‌به‌ر، ئه‌وانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته ئاماده‌كردن و په‌ره‌پێدانی پرۆگرمه‌كانی خوێندن، به‌پێی ستاندارد و خه‌سڵه‌ته جیهانییه‌كان بێت.
به‌ڵام له هه‌ندێك وڵاتی دیكه، ئه‌زموونی چاككردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌خه‌نه به‌رده‌ست، له پێناو به‌رزكردنه‌وه و باشتركردنی ئاستی فیربوونی فێرخوازان، چاككردنی پرۆگرامه‌كان، باشترین سیاسه‌ت نییه په‌یڕه‌وی لێ بكرێت. له‌م ڕووه‌وه، وه‌ك نمونه، باس له ئه‌زموونی وڵاتی فینله‌ندا ده‌كرێت، وه‌ك وڵاتێك توانی سیستمی خوێندنی به جۆرێك چاك بكات، ببێته نمونه و زۆرێك له وڵاتانی دیكه چاوی لێ بكه‌ن و لاسایی بكه‌نه‌وه. باشه ئاخۆ فینله‌ندا بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م پێشكه‌وتنه، چی كردووه؟ ئایا له‌وێ ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ چاككردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن بوو یان نا؟ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگاداری سیستمی خوێندنی ئه‌و وڵاته بێت، ده‌زانێت له‌وێ سه‌رنجی سه‌ره‌كی، له‌سه‌ر چاككردنی پرۆگرامه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستاكان بووه. لێره‌وه به‌شی هه‌ره زۆری مامۆستاكانی فینله‌ندا، هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر یان دكتۆران. جگه له‌وه له وڵاتی فینله‌ندا، داواكارییه‌كی زۆر هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندیكردن به كه‌رتی خوێندنه‌وه، چونكه مامۆستا له‌وێ موچه‌یه‌كی باش وه‌رده‌گرێت و ده‌وڵه‌تیش گرنگی و بایه‌خێكی زۆر به مامۆستا ده‌دات و ڕێزێكی گه‌وره‌ی لێ ده‌گرێت. هه‌ر ئه‌مه‌یه وایكردووه، بۆ په‌یوه‌ندیكردن و وه‌رگرتن له كه‌رتی په‌روه‌رده و بوون به مامۆستا، كێبڕكێیه‌كی گه‌وره له ئارادایه. بێگومان ئه‌مه واده‌كات ئه‌وانه‌ی وه‌رده‌گیرێن و ده‌بن به مامۆستا، پێویسته له باشترینه‌كان بن و له زۆر ڕووه‌وه ده‌بێت خاوه‌نی كواله‌تییه‌كی به‌رزبن. سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌وانه، فینله‌ندا كار ده‌كات بۆ هێنانه‌ئارای بارودۆخێكی گونجاو؛ كه دڵنییایی ده‌دات به‌وانه‌ی له‌ناو سیستمی په‌روه‌رده‌دا وه‌رده‌گیرێن و كارده‌كه‌ن، بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ، له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان بمێننه‌وه و به‌رده‌وامبن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن له وڵاتی فینله‌ندا، له چوارچیوه‌ی یه‌ك سیستمدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌وێ قوتابخانه و خوێندنگاكان، دابه‌ش نه‌كراون بۆ قوتابخانه و خوێندنگای حوكمی و ئه‌هلی یان تایبه‌ت. له‌وێ ته‌ركیز ناخرێته سه‌ر كه‌رتێكی دیاریكراوی خوێندن و كه‌رته‌كانی دیكه پشتگوێ بخرێت. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له فینله‌ندا، خزمه‌تگوزارییه‌كانی خوێندن بۆ كۆی هاوڵاتیان و فێرخوازان، وه‌ك به‌هایه‌كی سه‌ره‌كی، به یه‌كسانی به‌سه‌ر كۆی سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده‌دا دابه‌ش ده‌كرێت. حكومه‌تی فینله‌ندا وه‌ك ئامرازێك بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هاوبه‌ش، سه‌یری پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندن ده‌كات. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئامانجی په‌روه‌رده و خویندن، بریتی ده‌بێت له دروستكردنی كه‌لتورێكی هاوبه‌ش له نێوان هاوڵاتیان و بڵاوكردنه‌ه‌وه‌ی به‌ها باڵاكان له نێوان هاوڵاتیاندا. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی خوێندن، له میانه‌ی چه‌سپاندن و جێگیركردنی ئه‌م به‌هایانه له ویژدانی فێرخوازه‌كاندا، ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێت له به‌هێزكردنی هه‌ستی هاوڵاتیبوون و دیموكراسی له ناو كۆمه‌ڵگادا. ئاماده‌كردنی فێرخوازان بۆ بازاڕی كار یان دڵنیاكردنه‌وه‌ی فێرخوازان له‌وه‌ی به‌شدارن له پرۆسه‌ی گه‌شه‌كردنی ئابوری‌دا، یه‌كێكه له ئامانجه گرنگه‌كان. به‌ڵام ئه‌م ئامانجه گرنگه، له قۆناغه پێشكه‌وتووه‌كانی خوێندندا فۆكسی ده‌خرێته‌سه‌ر، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی دڵنیاده‌بن كه زۆرینه‌ی فێرخوازه‌كان، له قۆناغه‌كانی بنه‌ڕه‌تیدا، كوالیه‌تییه‌كی به‌رزی خوێندنیان وه‌رگرتووه و به‌ده‌ستیان هێناوه. لێره‌وه به گوێره‌ی ئه‌م دیدگایه، مامۆستا له‌م سیستمه‌دا، ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت و پرۆگرام دوای ئه‌و دێت و پاشكۆی ئه‌وه.
هه‌ندێك ده‌ڵین ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك فینله‌ندا، له بواری خوێندندا پێویستی پێیه‌تی، جیاوازه له‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌كان له هه‌مان بواردا پێویستیان پێیه‌تی، چونكه وڵاتانی عه‌ره‌بی هێشتا چه‌ندین كێشه‌ی ئابوری و گه‌شه‌كردنیان هه‌یه. لێره‌وه ئه‌وه‌ی له فینله‌ندا جێبه‌جێ ده‌كرێت، پێویست ناكات له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا جێبه‌جێ بكرێت. ئه‌م وته‌یه له ڕووی پرنسیپه‌وه ڕاسته. وه‌لێ سه‌روه‌ختێك له بارودۆخی وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌ڕوانین و له نزیكه‌وه لێی وردده‌بینه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌ین ئێمه زۆر زیاتر پێویستمان به به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستاكانه، پێویستمان به‌وه‌یه ته‌ركیزێكی زۆر بخرێته سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ماددیی و مه‌عریفی و پیشه‌یی مامۆستاكان، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان زیاتر بۆ چاكردنی پرۆگرامه‌كان بێت. هه‌ر بۆ نمونه، له وڵاتێكی وه‌ك میسر، به گوێره‌ی ئامار و داتاكانی ده‌زگای گشتی ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه و ئامار، پرۆسه‌ی خوێندن له‌و وڵاته، پێویستی به دامه‌زراندنی نزیكه‌ی 350 هه‌زار مامۆستا هه‌یه. ئه‌م نوقسانییه رێژه‌ی له 30% ژماره‌ی ئه‌و مامۆستایانه پێكده‌هێنێت كه ده‌بوایه له ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ده‌زگا فێركارییه‌كاندا بوونایه.
نه‌بوون یان كه‌می مامۆستا، به مانایه‌ك له ماناكان، ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه توێژێكی به‌رفراوانی فێرخواز، مامۆستایان نییه وانه‌یان پێ بڵێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ته له كاتی نه‌بوونی مامۆستا بۆ وتنه‌وه‌ی وانه‌كان، ده‌بێت خراپی ئاستی فێرخوازه‌كان، له چ ئاستێكی نزم و خراپ‌دا بێت. هه‌روه‌ها نه‌بوونی ژماره‌ی پێویستی مامۆستا، مانای ئه‌وه‌یه ئاستی مامۆستاكان، به هه‌مان كوالێتی و پله نییه و جیاوازییه‌كی گه‌وره له نێوانیاندا هه‌یه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هیچ كێبڕكێیه‌كی گه‌وره، بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن و په‌یوه‌ندی كردن به سێكته‌ری په‌روه‌رده و كاره په‌روه‌ر‌ده‌ییه‌كانه‌وه له ئارادا نییه. ئاخر خاوه‌ن بڕوانامه و كارامه‌ییه به‌رزه‌كان، چاوه‌ڕێی كاركردن ناكات له كه‌رتی په‌روه‌رده، چونكه دامه‌زراندن له‌و كه‌رته‌دا پێویستی به چاوه‌ڕوانییه‌كی هێجگار زۆره، هه‌ر بۆیه خاوه‌ن بڕوانامه به‌رزه‌كان، بۆ كاركردن و دامه‌زراندن، به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێن. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌می مامۆستا، پێویستی به‌وه‌یه ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستا دابمه‌زرێن، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا شتیكی له‌و جۆره ڕووینه‌داوه.
باشه ئه‌گه‌ر دامه‌زراندنی مامۆستای نوێ، گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه له باشتركردنی پرۆسه‌ی خوێندن، بۆچی سیستم و كابینه جیاوازه‌كان، مامۆستای نوێ دانامه‌زرێنن؟ هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته، بۆ نمونه له دۆخی میسردا، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سیستمه‌كه ته‌ركیزی زیاتری له‌سه‌ر چاككردنی پرۆگرامه‌كانه تا چاككردنی بارودۆخی مامۆستایان. هه‌روه‌ها هۆكاریكی دیكه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه داهاته‌كانی حكومه‌ت، كه‌مه و به‌شی زیادبوونی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت ناكات كه به‌هۆی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر شانی حكومه‌ت، بڕێكی زۆری بودجه‌ی گشتی بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه ده‌ڕوات. كه‌واته نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی دارایی به‌رده‌وام، وایكردووه بژارده‌ی چاككردنی پرۆگرامه‌كانی خوێندن، له ڕێگه‌ی ژماره‌یه‌كی كه‌می ڕاوێژكار و شاره‌زا و له میانه‌ی خه‌رجكردنی پاره به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و ناڕێكوپێك بۆ چاكردنی پرۆگرامه‌كان، ببێته ئه‌و سیاسه‌ته گونجاوه‌ی رژێم كه له مه‌ودای كورت خایه‌ندا، پیاده‌ی ده‌كات. به‌ڵام له مه‌ودای درێژ خایه‌ندا، ئه‌وا هه‌موان له په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
هه‌نووكه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا خستمانه‌ڕوو: ئه‌گه‌ر 100 دۆلارمان هه‌بێت و بمانه‌وێت بۆ كایه‌ی په‌روه‌رده خه‌رجی بكه‌ین، ئه‌وا ئه‌وله‌ویه‌ت له‌وه‌دایه بۆ باشتركردنی بارودۆخی مامۆستایان خه‌رجبكرێت. بایه‌خدان به ژیان و گوزه‌رانی مامۆستایان، كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی بێكاری مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ش له ڕووی ئابورییه‌وه گرنگه. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستایان، گرنتییه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی فێرخوازان و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی تاكایه‌تی نێوان فێرخوازه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه‌ش له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، مه‌سه‌له‌یه‌كی هیجگار گرنگه. ئاخر كه‌مبوونه‌وه‌ی نایه‌كسانی و بوونی ده‌ره‌فه‌تی یه‌كسان له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و خوێندندا، ده‌بێته هۆی كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌قامگیرتر.
ئاشكرایه مامۆستای باش، ده‌توانێت ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه داواكراوه‌كان به‌دیبێنێت، ئه‌گه‌ر چی پرۆگرمه‌كان هه‌ندێك كه‌موكوڕی و ناته‌واویشیان تێدابێت. مامۆستای باش ده‌توانێت كه‌موكوڕی و ناته‌واوی پرۆگرامه‌كان چاكبكاته‌وه و ئاستی پرۆگرمه‌كان به‌رزتر بكاته‌وه. به‌ڵام پرۆگرمه باشه‌كه‌كان، بێ مامۆستای باش، به‌هایه‌كی ئه‌وتۆیان نابێت. بوونی پرۆگرامی باش، بێ بوونی مامۆستای باش كه بتوانن به باشی پرۆگرمه‌كه بگه‌یه‌نن به فێرخوازه‌كان، مانای وایه ئێمه توانای به‌رزمان هه‌یه وه‌لێ كار ناكات.
سه‌رچاوه
پێگه‌ی الجزیرة نت، 16- 6- 2022