فه‌رهه‌نگه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئه‌ندرێ كۆنت سپۆنڤێل:
فه‌رهه‌نگه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ئه‌ندرێ كۆنت سپۆنڤێل:
ئاینده بۆ شارستانییه‌تێكی گه‌ردوونی ڕۆشنگه‌ره كه هه‌مو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی له‌خۆده‌گرێت.
هاشم ساڵح
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
دواجار چاپی سێیه‌می زیادكراو و پوخته‌كراوی فه‌رهه‌نگه فه‌لسه‌فییه قه‌به‌كه‌ی “ئه‌ندرێ كۆنت سپۆنڤێل” بڵاوكرایه‌وه. ئه‌م فه‌رهه‌نگه 2267 مادده له‌خۆده‌گرێت، واته 613 مادده‌ی له چاپه‌كانی پێشتر زیاتره و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ده‌گاته 1440 لاپه‌ڕه. دانه‌ری فه‌رهه‌نگه‌كه، تێیدا باس له به‌شی زۆری ئه‌و چه‌مكه فه‌لسه‌فییانه ده‌كات كه به‌لامانه‌وه گرنگه و جێگای بایه‌خه، له‌وانه چه‌مكی شارستانییه‌ت، به‌ربه‌رییه‌ت، ئوسوڵییهت، عه‌لمانیه‌ت، حه‌قیقه‌ت… هتد.
ئه‌ندری كۆنت سپۆنڤیل، له پاڵ لۆك ڤێری و ڕیمی براگ و ئه‌وانی دیكه، به یه‌كێك له گه‌وره فه‌یله‌سوفه هاوچه‌رخه‌كانی فه‌ره‌نسا داده‌نرێت. ئه‌و به‌وه جیاده‌كرێته‌وه خاوه‌نی فیكر و بیركردنه‌وه‌ی ڕوونه. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفه ناڕوون و ئاڵۆز و تهماوییهكانهوهیه. كاتی خۆی له زانكۆ عه‌ره‌بییه‌كان ، به تایبه‌ت له زانكۆی دیمه‌شق، به‌هه‌ڵه‌یان بردین، به‌وه‌ی گوایه فه‌لسه‌فه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌زن بێت و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ته‌واو دروست و ڕاست و ڕاسته‌قینه بێت، پێویسته ناڕوون و ئاڵۆزبێت، هه‌رسكردنی قورس بێت و ته‌نانه‌ت پێویسته تێگه‌شتنی مه‌حاڵ بێت. فه‌لسه‌فه تا تێگه‌شتنی ئاڵۆز و ناڕوون و ته‌لیسماوی بێت، ئه‌وا باشتره! ئه‌مه‌ش تێگه‌شتنێكی هه‌ڵه‌یه بۆ فه‌لسه‌فه و پێویسته ڕاستبكرێته‌وه.
فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان، هه‌ر هه‌مویان ده‌یانه‌وێت شتێك به ئێمه بڵێن، به‌و مه‌رجه‌ی بۆ تێگه‌یشتن لێیان، پێویسته ئێمه هه‌وڵێ ته‌واوه‌تی خۆمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ. خۆ ئه‌گه‌ر ڕاسته‌وخۆ له دیكارت و كانت و هیگڵ و نیتچه… هتد، تێنه‌گه‌شتین، ئه‌وا با په‌نا ببه‌ینه به‌ر ئه‌م فه‌رهه‌نگه (قاموسه)، له‌م فه‌رهه‌نگه‌دا چه‌مكه قورسه‌كانی فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كان، بۆ ئێمه ڕوونكراوه‌ته‌وه كه به‌لای ئێمه‌وه چه‌مكی داخراوون و تێگه‌شتن لێیان ئه‌سته‌مه. من لێره‌دا ته‌نها له‌سه‌ر دوو چه‌مك ڕاده‌وه‌ستم كه فه‌یله‌سوفه هاوچه‌رخه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، له فهرههنگهكهیدا، به دوور و درێژی باسیان ده‌كات. ئه‌و دوو چه‌مكه‌ش بریتین له: یه‌كه‌م: چه‌مكی پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان، دووه‌م: چه‌مكی عه‌لمانییه‌ت.
ئێمه ده‌زانین كتێبه‌كه‌ی ساموێل هینتینگتۆن ساڵی 1996 بڵاوبووه‌وه. به‌ڵام كتێبه‌كه ته‌نها دوای لێدانه تاوانكارییه گه‌وره‌كه‌ی 11 سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001، ئه‌م هه‌مو ده‌نگ و سه‌دا فراوانه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی. ئا له‌و چركه‌ساته‌وه، كتێبه‌كه هه‌مو ڕه‌هه‌نده‌كانی خۆی وه‌رگرت. بگره لێدانه‌كه‌ی 11 سێپتێمبه‌ر، وه‌ك ئه‌وه وابوو هاتووه تاكو به ته‌واوه‌تی تێزه پێشوه‌خته‌كه‌ی هینتینگتۆن بسه‌لمێنێت؛ كه ده‌ڵێت له سه‌ده‌ی ئاینده‌دا، پێكدادانی سه‌ره‌كی، له نێوان شارستانییه‌تی ئیسلامی و شارستانییه‌تی خۆرئاوادا ده‌بێت. وه‌لێ ئاخۆ به دروستی و به دیاریكراوی، تێزی پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌گه‌یه‌نێت: چیتر مێژووی هه‌ساره‌كه‌مان، خۆی له په‌یوه‌ندی ململانێی هێزی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كاندا نابینێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر تا كاتی كۆتایی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی له ئارادابوو. هه‌روه‌ها ئه‌م مێژووه، چیتر بریتی نییه له ململانێی نێوان ئایدۆلۆژیاكان، به تایبه‌ت ململانێی نیوان ئایدۆلۆژیای كۆمۆنیزم و ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوای شۆڕشی به‌لشه‌فی ساڵی 1917 ڕوویدا، تا هه‌ره‌سهێنانی بلۆكی كۆمۆنیزم له ساڵی 1989. به‌ڵكو مێژوو بووه‌ته ململانێی نێوان بلۆكی شارستانییه‌ت و بلۆكی ئاینه گه‌وره‌كان، به‌تایبه‌ت بلۆكی شارستانیه‌تی خۆرئاوا و بلۆكی شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی.
تێڕونینی سپۆنڤێل ده‌رباره‌ی پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان
ئه‌و له‌م فه‌رهه‌نگه ئامادهكراوهدا، شتێكی ئاوامان پێ ده‌ڵێت؛ تێزه‌كه له ڕووكه‌شدا ڕاست ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام له قووڵایدا هه‌ڵه‌یه، یان بڵێ به هاكه‌زایی به‌سه‌ر شته سه‌ره‌كییه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێت. له دید و تێڕوانینی سپۆنڤێل دا، شتی سه‌ره‌كی (جه‌وهه‌ری) بریتی نییه له ململانێی نێوان شارستانییه‌ته جیاوازه‌كان، له شارستانییه‌تی چینی كۆنفۆشێسییهوه بیگره، بۆ شارستانییه‌تی ڕوسی سلاڤی یان ئه‌رسه‌دۆكسی و له‌وێوه بۆ شارستانییه‌تی خۆرئاوای ئه‌وروپی و ئه‌مریكی و شارستانییه‌تی عه‌ره‌بی ئیسلامی… هتد. به‌ڵكو شته سه‌ره‌كییه‌كه بریتییه له سه‌رهه‌ڵدانێكی له‌سه‌رخۆ و دوور‌و درێژ و سه‌خت، به‌ڵام حه‌تمی، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێت شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی گه‌ردوونی ڕۆشنگه‌ر. ئه‌مه ئه‌و شارستانییه‌ته‌یه كه له‌گه‌ڵ كۆی شارستانییه‌ته تایبه‌ت و داخراوه‌كاندا، ده‌كه‌وێته ململانێ و به‌ریه‌كده‌كه‌ون. پێكدادانی ڕاسته‌قینه ئا لێره‌دایه، له نێوان شارستانییه‌تی گه‌ردوونی و شارستانییه‌تی فێنده‌مێنیتاڵیزمی داخراوی ته‌كفیری.
سپۆنڤێل مه‌به‌ستی له شارستانییه‌تی گه‌ردوونی، شارستانییه‌تی ئابوری و ته‌كنه‌لۆژی و زانیارییه؛ كه بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ، ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی، خۆی به‌سه‌ر هه‌مو گه‌لانی زه‌ویدا ده‌سه‌پێنێت. هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی شارستانییه‌تی مافه‌كانی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی تائیفییه‌ت و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه. وه‌لێ ئاخۆ سروشتی ئه‌م شارستانییه‌ته له‌سه‌ر ئاستی كه‌لتووری، ده‌بێت چۆن چۆنی بێت؟ دانه‌ری فه‌رهه‌نگه‌كه ئاوا ده‌ڵێت؛ زه‌حه‌مه‌ته بتوانین به وردی ده‌ستنیشانی بكه‌ین. به‌ڵام ده‌كرێت له ڕێگه‌ی ئه‌و سیمبوله گه‌ورانه‌ی كه به‌رجه‌سته‌ی شارستانییه‌ته‌كه ده‌كه‌ن، بیرۆكه‌یه‌كی لێ وه‌ربگرین. له دیدی دانه‌ری فهرههنگهكهوه، سیبوله گه‌وره‌كان كه لای ئه‌و نمونه‌ی به‌رز و باڵان، بریتین له گاندی، مارتن لۆسه‌ر كینگ، نیلسۆن ماندێلا، ڤاكلاڤ هاڤێل و چه‌ندانی دیكه. ئه‌م كه‌سایه‌تییانه، نوێنه‌رایه‌تی به‌ها به‌رز و فراوان و باڵاكانی لێبورده‌یی ده‌كه‌ن كه ده‌مارگیریی نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی و مه‌زهه‌بی تێده‌په‌ڕێنیت. ئا لێره‌دا سیما و تایبه‌تمه‌ندی شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت، شارستانییه‌تێك له سه‌رده‌می جیهانگیریی گه‌ردوونیدا، هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنێت. پاشان ئه‌و شته سه‌ره‌كییه‌ی كه ڕووده‌دات، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌یه؛ پێكدادانی نێوان شارستانییه‌ته‌كان، ئاوا ڕوونادات وه‌ك ئه‌وه‌ی له نێوان هه‌موو شارستانییه‌ته‌كاندا بێت و هه‌موویان یه‌ك بلۆكی كه‌ڕ و كوێر و لاڵ بن، به‌ڵكو به ته‌نها و به جیا له ناوه‌وه‌ی هه‌ر شارستانییه‌تێكدا ڕووده‌دات.
به‌م مانایه، ئه‌ندرێ كۆنت سپۆتڤێل-ی فه‌یله‌سوف ده‌ڵێت؛ ئه‌و هه‌ست ده‌كات زیاتر له ڕۆشنبیره ڕۆشنگه‌ره‌كانی عه‌ره‌ب و موسڵمانانه‌وه نزیكتره، تا ئه‌وه‌ی هه‌ست بكات له‌گه‌ڵ فاشییه‌كانی ئه‌وروپا یان خۆرئاوا به گشتی نزیكتربیت. بگره ئه‌و هه‌رگیز هه‌ست به هیچ نزیكایه‌تییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وان ناكات. ناته‌واوی هه‌ره گه‌وره‌ی تێزه‌كه‌ی ساموێل هینتینگتۆن ئالێره‌دایه، چونهكه هینتینگتۆن ئه‌و ململانێ ناوه‌كییه‌ی به هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه كه له ناو هه‌ر شارستانییه‌تێكدا و له نێوان ڕه‌وتی پێشكه‌وتوخواز و ڕه‌وتی كۆنه‌په‌رست، له نێوان ئاقاری ڕۆشنگه‌ری و ئاقاری فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین، ڕووده‌دات. بۆ نمونه ده‌بینین ململانێی نێو جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی، له نێوان دوو ڕه‌وتی سهرهكییدایه كه بریتین له: ڕه‌وتی هیومانستی ڕۆشنگه‌ر و ڕه‌وتی “ئیخوانی داعشی” كۆنه‌په‌رست. ڕه‌وتی یه‌كه‌م به شێوازێكی ڕۆشنگه‌رانه له ئیسلام تێگه‌شتووه، كه‌چی ڕه‌وتی دووه‌م به شێوازێكی تاریكبین له ئیسلام تێگه‌شتووه. ئه‌مه بۆ هه‌مو شارستانییه‌ته‌كانی دیكه‌ی مرۆڤایه‌تی ڕاسته، ئه‌وانیش به‌سه‌ر خودی خۆیاندا دابه‌ش بوون، زیاد له‌وه‌ی ئێمه پێمان وایه له‌گه‌ڵ خودی خۆیان له ململانیدان، ململانێكه‌یان له‌گه‌ڵ خودی خۆیان، زۆر گه‌وره‌تره له ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ شارستانییه‌ته‌كانی دیكه‌دا.
دواتر دانه‌ری فه‌رهه‌نگه‌كه، ئه‌م پرسیاره یه‌ك له دوای یه‌كانه ده‌خاته‌ڕوو؛ ژماره‌ی ئه‌و ئه‌وروپییه ڕۆشنگه‌رانه چه‌نده كه كتێبی پیرۆزی هیندییه‌كان (ئه‌لڤیدا) له ڕیزی كتێبی پیرۆزی مه‌سیحی داده‌نێن؟ ژماره‌ی ئه‌و ڕۆشنبیرانه چه‌نده كه بودا له‌سه‌ر هه‌مان ئاستی مه‌سیح داده‌نێن؟ ژماره‌ی ئه‌وانه چه‌نده كه كۆنفۆشیۆس وه‌ك سوقرات یان دیوجین به‌رز ده‌نرخێنن؟ ژماره‌ی ئه‌وانه چه‌نده كه موسڵمانێكی بلیمه‌تی لێبورده‌ی وه‌ك ئیبن عه‌ره‌بی، وه‌ك مامۆستای مه‌سیحی ئیكهارت به‌رز داده‌نێن؟ ژماره‌ی ئه‌وانه چه‌نده كه دالای لاما له هه‌مان ئاستی پاپا بنوای شانزه‌هه‌م داده‌نێن، بگره له‌و به‌رزتر دایده‌نێن؟
كه‌واته شارستانییهتییهكی مرۆیی گه‌ردوونی له سه‌روبه‌ندی دروستبوون و سه‌رهه‌ڵداندایه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌وه‌یه ڕۆشنبیرانی خۆرهه‌ڵات و ئه‌فریقا، ده‌ستیان كردووه به گرنگیدان به سیمبوله گه‌وره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا، له نمونه‌ی كانت و هیگڵ و … هتد. ڕاسته چه‌ندین كه‌لتوری فره‌جۆر له جیهاندا هه‌یه و هه‌ر یه‌كه‌شیان تام و بۆنی تایبه‌ت و زمانی تایبه‌ت و سه‌رچاوه‌ی كه‌له‌پوری تایبه‌تیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی شتێكی باشه، چونكه فره‌یی له یه‌ك جۆریی باشتره. وه‌لێ ده‌بینین ئه‌م كه‌لتوره فره‌جۆر و جیاوازانه، ورده ورده تابێت زیاتر و زیاتر له یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه. جگه له فێنده‌مێنیتاڵیسته ده‌مارگیر و داخراوه‌كان به‌سه‌ر خودی خۆیاندا و كڕكهوتنیان له‌ناو دۆگما چهقبهستووهكانیان، هه‌مو گه‌لانی جیهان ده‌ستیان كردووه به نزیكبوونه‌وه له‌یه‌كتر و پێكه‌وه ژیان و له‌یه‌كتر تێگه‌یشتن. هه‌مو ئه‌وه‌ش له میانه‌ی كه‌لتوری جیهانگیریی و به‌ها مرۆییه گهردوونییهكهیهوه ڕووده‌دات.
دواجار، دانه‌ری كتێبه‌كه له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌گه‌ر پێكدادانی شارستانییه‌ته‌كان ڕووبدات، ئه‌وا مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و نه‌مان و له‌ناوچوون ڕاپێچ ده‌كات. ئه‌وه ته‌نها شارستانییه‌تی جیهانی گه‌ردوونییه كه ده‌توانێت مرۆڤایه‌تی ڕزگار بكات. به‌ڵام ئایا سیماكانی ئه‌م شارستانییه‌ته چییه و چۆنه؟ له كۆتاییدا فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی هاوچه‌رخ، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌مان پێ ده‌ڵیت؛ ئه‌و شارستانییه‌ته، شارستانییهتییهكی ڕۆشنگه‌ریی عه‌لمانی دیموكراسییه، پابه‌نده به مافه‌كانی مرۆڤ و ڕێزی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌گرێت. ئا ئه‌مه‌یه شارستانییه‌تی جیهانی كه له چنگی ده‌مارگیریی كوێرانه و داخرانی ئوسوڵی و تیرۆر رزگارمان ده‌كات. لێره‌وه پێویسته هه‌موان ئه‌مه‌ی خواره‌وه بزانن: گۆی زه‌وی ته‌نها یه‌ك دانه‌یه و هه‌ر هه‌مومان تێیدا هاوبه‌شین، مرۆڤیه‌تی ئه‌گه‌رچی له ڕه‌گه‌ز و زمان و ئاین و نه‌ته‌وه‌ی فره جۆر پێكهاتووه، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك مرۆڤایه‌تییه. هه‌روه‌ها ئابوری جیهانیش، تادێت ده‌بێته ئابورییه‌كی به‌یه‌كه‌وه گرێ‌دراو. كه‌واته هیچمان بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه، ئه‌وه نه‌بێت شارستانییه‌تێكی مرۆیی گه‌ردونی بێنینه ئاراوه كه له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌دا هه‌ڵبكات.
عه‌لمانییه‌ت به پێی فه‌رهه‌نگه‌كه
به‌لای ئه‌و فه‌یله‌سوفه هاوچه‌رخه‌ی فه‌ره‌نساوه، جه‌وهه‌ر و كاكڵه‌ی شارستانییه‌ته گه‌ردونییه مرۆییه‌كه، بریتییه له عه‌لمانییه‌ت. نه شارستانی و نه مۆدێرنه و نه مه‌یلی هیومانستی، به‌بێ بوونی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی عه‌لمانی، نابیت. وه‌لێ عه‌لمانییه‌ت مانای چییه و چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی باوه، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا باوه، عه‌لمانییه‌ت هه‌رگیز به مانای بێ باوه‌ڕی (ئیلحاد) نایه‌ت، هه‌روه‌ها هه‌رگیز به مانای دژایه‌تی كردنی ئاینه‌كان نایه‌ت، بگره عه‌لمانییه‌ت ڕێز له هه‌مو ئاینه‌كان ده‌گرێت. به‌ڵام به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌مو ئاینه‌كان ده‌كات و هه‌مویان له یه‌ك ئاستی یه‌كساندا داده‌نێت. جگه له‌وه جیاكاریی له نێوان هاوڵاتییان له‌سه‌ر بنه‌مای تائیفی یان مه‌زهه‌بی ناكات. هه‌موان له‌به‌رده‌م ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا یه‌كسانن، بێ له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌چه‌ی تائیفی یان مه‌زهه‌بی. ئا ئه‌مه‌یه عه‌لمانییه‌ت.
ئاشكرایه ڕه‌وته “ئیخوانییه” ئوسوڵییه‌كان، خه‌ڵك له عه‌لمانییه‌ت ده‌ترسێنن و هۆشدارییان پێ ده‌ده‌ن و ده‌ڵین: عه‌لمانییه‌ت كوفره، بێ باوه‌ڕییه، ده‌رچوونه له ئاین… هتد. هه‌مو ئه‌وانه هه‌رگیز وا نییه و ڕاستیش نییه. عه‌لمانییه‌ت به پێی بیروڕای دانه‌ری فه‌رهه‌نگه‌كه، بریتییه له ڕێخستنێكی دیاریكراو بۆ كۆمه‌ڵگا، تێیدا كۆی پێكهاته جیاوازه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه، به پێكهاته ئاینی و مه‌زهه‌بی و تائیفییه جیاوازه‌كانه‌وه، ده‌رفه‌تی پێكه‌وه ژیانێكی ئاشتیانه بۆ هه‌موان ڕه‌خساوه. بێ بوونی ئه‌و ده‌رفه‌ته كه عه‌لمانییه‌ت ده‌یڕه‌خسێنێت، پێكه‌وه ژیان و ئاشتی و سه‌قامگیری بوونی نابێت. به‌ڵكو ململانێ و جه‌نگ و كوشتاری تائیفی له ئارادا ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له فه‌ره‌نسادا هه‌بوو، پێش ئه‌وه‌ی عه‌لمانییه‌تی ڕۆشنگه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت. دروست وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نووكه له جیهانی عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا ڕووده‌دات كه هێشتا ڕۆشنگه‌ریی تێیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. زۆر به كورتی ده‌وڵه‌تی عه‌لمانی، ئه‌م پرنسیپه سه‌ره‌كی و بنچینه‌ییه‌ی خواره‌وه جێبه‌جی ده‌كات كه هه‌میشه فه‌یله‌سوفه ڕێنیسانسخوازهكانی عه‌ره‌ب پێداگرییان له‌سه‌ر كردووه‌م: ئاین بۆ خودا و نیشتیمان بۆ هه‌موان.
به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ی “ئیخوان موسلمین” كه ساڵی 1928 له‌سه‌ر ده‌ستی حه‌سن ئه‌لبه‌نا ده‌ركه‌وت، پرۆژه‌ی رێنیسانسی ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی له‌باربرد، پرۆژه‌یه‌ك له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه به شێوه‌یه‌كی نایاب له هه‌ڵكشان و په‌ره‌سه‌ندا بوو. دواتر پرۆژه قێزه‌ونه‌كه‌ی “ئیخوان” هه‌مو بزاوته تاریكبین و بكوژ و تیرۆره‌كانی هه‌ڵهێنا، له “ئه‌لقاعیده”وه بۆ “داعش” و بۆ “ئهلنسره” و “بۆكۆ حه‌رام” و “تالیبان”…هتد. ئیدی رێنیسانسی عه‌ره‌بی بووه خه‌ونێكی به‌دینه‌هاتووی دووره ده‌ست. به‌ڵام حه‌تمه‌ن جارێكی دی ئه‌و خه‌ونه هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه. بگره ئه‌و خه‌ونه، دوای كه‌وتنی “به‌هاری ئیخوان موسلمین” و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆی شه‌پۆلی فێنده‌مێنیتاڵیزمی تاریكبین، گه‌ڕاوه‌ته‌وه. دوای هه‌مو تاریكییه‌كی چڕ ڕووناكی سپێده ده‌رده‌كه‌وێت!
له كۆتایدا، عه‌لمانییه‌ت به مانای ئازادی ویژدان و ئازادی باوه‌ڕ دێت، واته ئازادی دیندار یان بێ دین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك هاوڵاتی ده‌مێنیته‌وه و هه‌مو ئه‌رك و مافه‌كانت پارێزراو ده‌بێت. ئه‌ڵبه‌ته هه‌مو ئایندارێك هاوڵاتییه، به‌ڵام هه‌مو هاوڵاتییه‌ك ئایندار نییه، ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسی نێوان خۆت و خودای خۆته. ده‌وڵه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژانی یه‌ك شه‌ممه، ناڕۆیت بۆ كڵێسا و ئاماده‌ی قوداس و نویژ نابیت، لێپرسینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ناكات. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسییه و ته‌نها تایبه‌ته به خۆت. به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ئه‌و كاته لێپرسینه‌وه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات، ئه‌گه‌ر له كاره‌كه‌ت وه‌ك مامۆستا یان پزیشك یا ئه‌ندازیار یا وه‌زیر یا ژینگه‌پارێز یان ته‌نانه‌ت وه‌ك سه‌رۆك كۆمار، كه‌مته‌رخه‌م بوویت.
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، دوو شه‌ممه، 8 مارس، 2023.