نامەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ شێرکۆ بێکەس
نامەی عەبدولڕەحمان زەبیحی بۆ شێرکۆ بێکەس
سەرنج: ئەم نامەیەی مامۆستا عەبدولڕەحمانی زەبیحی، وەک بە ناوەڕۆکەکەیدا دیارە، وەڵامە بە نامەیەکی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس، بە داخەوە نامەکەی مامۆستا شێرکۆ بەردەست نییە تا لەگەڵ ئەم نامەیەدا هاوپێچمان بکردایە، بەڵام ئاشکرایە کە نامەکە بەر لە چاپکردنی دیوانی “کازیوە”یە و بە وەڵامەکەی مامۆستا زەبیحیشدا دیارە کە شێرکۆ بێکەس لە وشەی “کازیوە” گومانی هەبووە و کنجکۆڵانە ویستوویەتی ڕیشەی وشەکە بزانێت، بۆ ئەوەش ڕووی لە زەبیحی ناوە، لە وەڵامنامەکەدا بە وردی وشەی “کازیوە” لێک دراوەتەوە، ئەمەش وێڕای دۆستایەتیی نێوان ئەم دوو نووسەرە بەئەزموونە لە ڕابردوودا، هاوکات سەلمێنەری ئەوەشە کە نووسین و بڵاوکردنەوە بەرپرسیارتییەکی قورسە، لەو ڕووەوە، ئەم نامەیە وانەیەکی بەرز و ناسکی ئەدەبییە.
ئەم نامەیە لە ئەرشیفی سەرنووسەردا پارێزراوە.
ڕۆڤار
***
بەغدا
٢٤/ ٨ /٧٨ [١٩]
برای بەڕێز و خۆشەویستم کاک شێرکۆ بێکەس
سەرکەوتن و شادی و سەلامەتیتان ئاوات و هیوامە، نامەکەتان کە لە ١٥ی ئەم مانگەدا نووسیبووتان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی مانگی ئاب گەیشتمە خزمەتی، هومێدم وایە –کازیوە- کە داتانناوە بیکەنە ناوی کۆمەڵەشیعرێکی تازەتان، هەرچی زووتر بگاتە دەستی خوێنەران و هەر لە ئێستاوە پیرۆزباییتان لێدەکەم.
گیانەکەم دەربارەی وشەی (کازیوە) پرسیارتان فەرموو بوو، زۆر سوپاسی هەستتان دەکەم و ئەوا لە خوارەوە ڕای خۆمتان بە عەرز دەگەێنم، گومانم نییە کە باش ئاگادارن بیروڕا دەربارەی ئەو جۆرە مەسەلانە قەت ناتوانێ لە سنووری ئیحتیمال دەربچێ و هەر کەسەی جۆرێکیان بۆ دەچێ و بە شێوەیەک لێکیان دەداتەوە. جا ئەوەی منیش نابێ لەم حسابە هەڵباوێردرێ و بە ڕایەکی قەتعی لە هەڵوەشانەوەنەهاتوو دابنرێ، بەڵکو بۆچوونێکە وەکو هەموو بۆچوونەکانی دیکە لەسەر هەر مەسەلەیەک. قبوڵکردن و نەکردنی دەمێنێتەوە سەر خۆتان.
ئەوەش ڕای منە دەربارەی (کازیوە)ی وشە نەک (کازیوە)ی کۆمەڵەشیعری کاک شێرکۆ بێکەس.
١/ ئەوانەی دەفەرموون وشەی (کازیوە) گۆیا لە (کاذبة)ی عەرەبی وەرگیراوە بە پێچەوانەی مەتەڵی کوردی کە دەڵێ: “بە ڕیش نییە بە ئیشە” وا دیارە ئەوان لایان وایە (ڕیش) لە (ئیش) بەکارتربێ و ئاگایان لە چەند شتێک نییە:
آ/ لە زمانی عەرەبیدا بۆ ئەو کاتەی کورد پێی دەڵێ (کازیوەی بەیان) فجر کاذب هەیە بەرابەر (فجر صادق) و هیچ وەختێ نەبیسراوە (کاذبة) لەباتی (فجر کاذب) دەکار کرابێ، مثلا بڵێن (کاذبة صبح).
گریمان ڕاستە و (کازیوە) لە (کاذبة) پەیدابووبێ، لە سەرمانە کە ڕوودانی ئەم کارەساتە بگێڕینەوە بۆ سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتی لە کوردستان، چونکو فجر کاذب خۆی زاراوەیەکی دینییە و چەشنی گەلێ وشە و زاراوەی تایبەتی مسوڵمانەتی هاتووەتە ناو زمانی کوردییەوە. وەکو دەبینین کورد لە وشە و زاراوەی مسوڵمانەتی هەر ئەوانەی لە عەرەبی وەرگرتووە کە لە دینی زەردەشتیدا هاوتایان نەبووە، بۆ نموونە: بۆ (نوێژ) و (ڕۆژوو) و (دەستنوێژ) نەهاتوون (صلاة) و (صوم) و (وض) وەربگرن، چونکو ئەم عیبادەت و ڕێوشوێنانە یا شتێکی وەکو ئەوان لە دینی زەردەشتیدا هەبووە و ناویشی هەبووە. بەڵام بۆ (زەکات) و (غسل) و (حج) و (سەرفترە) چونکو لە دینی پێشوودا نەبوون، زاراوە عەرەبییەکانیان وەکو خۆی یا بە هەندێ دەستکارییەوە وەرگرتووە.
بەم پێیە، ئەگەر ڕاست بێ (کازیوە) بێچووی گێژووێژی (کاذبة) بێت، خۆ عەرەبی و زاراوەکانی شەرعی ئیسلام بۆ ئەم مەبەستە (کاذبة)ی بەکار نەهێناوە و (فجری کاذب) مصطلحە، دەبوایە لە کوردییەکەشیدا شوێنەوارێکی وشەی (فجر) مابایەوە و (کاذب)یش لە (مذکر)ڕا نەگۆڕابا و سیغەی مونثی وەرنەگرتایە.
ب/ ئەوانەی ئەسڵی (کازیوە)ی کوردی بە (کاذبة)ی عەرەبی دادەنێن، ئاگایان لەوە نییە کە دەنگی (و) لە دەنگی (ب) کۆنترە و ئیتجاهی گشتی لە ئاڵوگۆڕی دەنگەکاندا زیاتر ئەوەیە (و) دەبێتە (ب).
بۆیە بەلای منیشەوە ئێوە زۆر چاکی بۆ چوون و بردنەوەی (کازیوە)ی کوردی بۆ ئەسڵی (کاذبة)ی عەرەبی قسەیەکە و بە (حەرامزادە) نەبێ پێکەوە نانووسێ، بۆ ئاگاداریتان (حەرامزادە) لە موکریان بە قوڕێک دەڵێن کە بە شێوەیەکی تایبەتی لە قسڵ و گەچ و مووی بزن گیرابێتەوە و بۆ سواخدانی ناوەوەی حەمام بەکار دەهات، چونکو لە بەرابەر (ئاو) خۆ ڕادەگرێ.
٢/ دەربارەی ئەسڵی وشەی (کازیوە) دیسان دەبێت بڵێم کە ئێوە باشی بۆ چوون و ئەمە وشەیەکی (مرکب)ە وەکو گەلێ وشەی تری زمانی کوردی کە یەکەندەردوو چەشنی وشەیەکی (سادە) دێنە بەرچاوان و کە لێی ورد دەبیتەوە (مرکب)ێکە ئاو لێڵ ناکا. بڕگە یا کەرتەکانی ئەم وشەیەش کە ئێوە بە (کات+زیو) یا (کا+زیو)تان زانیبوو، ئەمانە دەتوانن قۆناغێ دوو قۆناغ پێش قۆناغی ئێستای وشەکە بن، یەعنی ٤٠٠-٥٠٠ ساڵێک لەمەوپێش، بەڵام هیچ ئیجبارێک لە کارا نابینم کە ئەم وشەیە بە شێوەیەکی ناچاری بەم قۆناغەشدا تێپەڕیبێ، بەداخەوە ئێمە لەم چەشنە لێکۆڵینەوانەماندا لە تاریکاییدا پەل دەکوتین و هێشتا بەڵگەیەکی نووسراوی ئەوتۆمان بە دەستەوە نییە کە بە ئیستینادی ئەوان بڕیاری قەتعی بدەین و بڵێین فڵانە وشە لە فڵانە کاتا شکڵی ئەمە بووە و هەروەکو لە سەرەوەش عەرزم کردن ڕایەکانمان (ڕای هەموو کەسی)، نابێ لە سنووری (ئیحتیمال) ببرێتە دەرەوە و ڕێگا لە خۆمان ببەستینەوە. جا ئەو ڕایەی منیش هەر وایە.
لە لاپەڕە ٢٧ی سەرەتای بەرگی یەکەمی قامووسەکەمدا وتوومە: “… وەکو دەزانین کاتی خۆرهەڵات تا نیوەڕۆ یەکێک بووە لەو پێنج کاتەی کە زەردەشت دایناوە بۆ عیبادەت…”
وشەی (گاس) لە زمانی پەهلەویدا یەکێک لە ماناکانی (= جێ، مەقام)ە و مانایەکی دیکەشی (زەمان، ماوە، کەژ، یەکێک لە پێنج بەشی شەو و ڕۆژانە).
-تم: فەرهەنگی پەهلەوی، دوکتۆر بەهرام فرەوشی، ل ١٧١- هەر ئەم وشەی (گاس)ی زمانی پەهلەوییە کە لە زمانی ئێستای کوردیدا لە قاڵبی (گا، گە) هەر بە مانا کۆنەکانی لە وشەی (ڕێگا، خانەقا، جێگا، کارگە، پێگە) و دەیان وشەی تریشدا دەبینرێ و لە فارسیشدا بۆتە (گاه، گەه). ئەوەندەی من دەزانم ئەم وشەی (گاس)ە لە زمانی فارسیدا بە قۆناغی (گاز)یشدا تێپەڕیوە و (هیچگاز) بە مانای هیچ کاتێ لە قامووسەکانی فارسیدا نووسراوە. ئەمە کەرتێکی وشەی کازیوە لە قۆناغی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتیدا.
کەرتی دووەمی وشەکە بەلای منەوە (ئێڤەک)ی پەهلەوییە بە مانای (یەک)، جا بۆ تێککردنەوەی ئەم دوو کەرتە دوو ڕێگامان لە پێشە:
١/ ڕێگای تەرکیب و پێشخستنی صفەت لە موصوف کە لە زمانی پەهلەویدا باو بووە و ئێستاش لە کوردی و فارسیدا برەوی هەیە، بۆ نموونە: (ئێڤارەک گاس) = بەشی سێیەمی ڕۆژگار کە لە دەوروبەری ڕۆژئاوادایە (تم: فرهنگی پهلوی- ل١٤٦).
٢/ ڕێگای ئیزافە کە لە پەهلەویدا و ئێستاش لە کوردیدا –ئی- ئامرازی ئیزافەیە.
بەلای منەوە –کازیوە- کە وشەیەکی مرکبە و لە (گاس) و (ئێڤەک) بە ڕێگای دووەمدا (ئیزافە) ڕۆیشتووە.
گاسی ئێڤەک= یەکەم وەخت، یەکەم کات GAS + i+ EVEK
یەکەم کاتی شەو و ڕۆژان کە دینی زەردەشتی کردوویەتە پێنج بەش بۆ عیبادەت هەروەکو پێنج فەرزەی ئیسلام.
ئەم تەرکیبەی (گاسی ئێڤەک) زۆر دڕە و تلفظی دژوارە، بۆیە ماوەیەک پاش پەیدابوونی کەرتی i+E ئیزافە کە وەکو (ئی ئە=ئیئە) تلفظکراوان سواون و بەسەریەکا تواونەتەوە و (ی)یەکی کورتیان لێ پەیدا بووە، وشەکە بۆتە (گاسیڤەک)، پاش بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتی و کەوتنە برەوی زمانی عەرەبی لە مەڵبەندی زمانی پەهلەویدا، بەرە بەرە وشەکانی زمانی پەهلەوی کە زۆربەیان دەنگی (ک)یان لە ئاخرەوە هەبوو، دەستیان کردووە بە فڕێدانی دەنگی (ک)، ئا لەم قۆناغەدایە کە (نامەک) بووە بە (نامە)، (بەندەک) بووە بە (بەندە)، (دانەک) بووە بە (دانە) و دەیان و سەتان وشەی تری لەم بابەتە، جا هەر لەو قۆناغەدایە بە ڕای من (گاسیڤەک)یش دەبێ بووبێتە (گاسیڤە).
ڕەنگە هەر لە دەوروبەری ئەم وەختەدا کە (گاسی ئێڤەک) بەرە بەرە گۆڕاوە و لە ئاخردا وەکو لە سەرەوە باس کرا کەوتووەتە قاڵبی (گاسیڤە)، وشەی (گاس)یش بە تەنیایی تطورێکی سەربەخۆی کردبێ و بووبێ بە (کات) هەروەکو لە فارسیدا بۆتە (گاز). زۆر دژوارە کە پیاو بتوانێ بزانێ (گاس) کە تطوری مستقلی کردووە و فرضا بووەتە (کات) ئایا کاری کردووەتە سەر ئەو وشانەی کە لە تەرکیبیاندا (گاس) هەبووە و ئەوانیش بوونە (کات). یەعنی (گاسیڤە)ش بۆتە (کاتیڤە) یا وشە مرکبەکان ڕێگایەکی سەربەخۆیان گرتووە.
من زۆر بۆ ئەوە دەچم کە (گاسیڤە) دوور لە تەئسیری گۆڕانی سەربەخۆی (گاس) تطوری خۆی درێژە پێداوە بە قۆناغێک یا دوو قۆناغ گەیشتبێتە ئەم قۆناغەی ئێستای کە (کازیوە)یە. لە وشەی کازیوەدا دەنگی (ی)ەکە وەکو (کسرة)ی عەرەبی وایە و خەڵکی موکریان دەڵێن (کازیوەی بەیانی). وا ئێستا خەریکە ئەم (ی)ەش درێژ دەبێ. چونکو گۆڕانی دەنگێک هیچ نەبێ ٣٠٠-٤٠٠ ساڵێک دەخایەنێ. من وا تێدەگەم کە لە سەرەتا و دەوروبەری چەرخی پازدەهەمی عیساییدا (گاسیڤە) شکڵی (کازیوە)ی بە خۆیەوە گرتووە.
ئیتر هیوای بە سەلامەتی و سەرکەوتنتانم
براتان
عبدولرحمن زبیحی
ئیمزا