ئەو مامۆستایانەی منداڵان خۆشیان دەوێن
ئەو مامۆستایانەی منداڵان خۆشیان دەوێن
خویندنەوەی: سەردەم
“بارانی ڕەنگاوڕەنگ” ئەو کتێبەیە کە کۆی بەرهەمەکانی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین”ی تێدا کۆ کراوەتەوە، ئەم بەرهەمە هەوڵی هەریەک لە “کاوە ئەحمەد میرزا” و “سەلام مستەفا”یە، کە وێڕای کۆکردنەوەی سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین، هاوکات کاری ساغکردنەوە و ئامادەکردنیشیان بۆ کردووە. ئەم کتێبە لە ٤٢٥ لاپەڕە پێکهاتووە و لە لایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم” لە چاپ دراوە و بڵاو کراوەتەوە.
مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین کێیە؟
مامۆستا، پێشمەرگەی دێرین، ڕووناکبیر و نووسەری ئەدەبی منداڵان، ناوی تەواوی: فەرەیدوونی مەلاعەلی حاجی ئەمینی کاکە حەمەی ئەلیاسە قوچەیە، لە هەمان بنەماڵەی “شێرکۆ بێکەس”ن. لە ٢٩/٤/١٩٣٣ لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لە سلێمانی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٣٥ لە قوتابخانەی “دار المعلمین” لە بەغداد دەچووە و بووەتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە شارباژێڕ، سلێمانی و چوارتا. ساڵی ١٩٦٣ چووەتە بەغداد و لە وەزارەتی کاروباری ژوورو بە “باحث علمی” دامەرزاوە. ساڵی ١٩٧٥ بووە بە سەرپەرشتی پەروەردەی قوتابخانەکان. ساڵی ١٩٨٢ لەسەر داخوازیی خۆی خانەنشین کراوە. یەکەم نووسینی ساڵی ١٩٥٤ لە ڕۆژنامەی “ژین”ی سلێمانی بڵاو کردووەتەوە.
هەندێک لە بەرهەمەکانی: “پاڵەوانی دواڕۆژ (ئەدەبیاتی منداڵان)- ١٩٥٨ بە هاوبەشی لەگەڵ عومەر عەبدولڕەحیم.”، “پیاوە بچووکەکە، چیرۆک و هەڵبەست بۆ منداڵان: ١٩٧٢.”، “چەند سەرنجێک لە پیرەمێردی نەمر، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی: ١٩٧١.” چەندان وتار و پەخشان، هاوکات هاوبەشیکردن لە دانانی کتێبی قوتابخانەکان چ بە وەرگێڕان چ بە ئامادەکردن.
لە ٢٥/١١/١٩٩١ لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە.
***
لەم کتێبەدا کۆی ئەو بەرهەمانە دەبینین کە مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین بە درێژایی ژیانی ئەدەبی نووسیونی، بەشی بەرچاو لەم بەرهەمانە بۆ منداڵانن، بۆ ئەو دنیایەی کە کەمترین جار ئاوڕی شیاوی لێ دراوەتەوە و مافی تەواوەتی جێبەجێ کراوە. بەرهەمەکانی فەرەیدوون عەلی ئەمین تایبەتمەندی ئەو دنیا بێگەردەیان پاراستووە و بە زمانێکی پاک و بێ گرێ، پەیامە پیرۆز و پەروەردەییەکانی دەگەیەنێتە منداڵی چاوگەشی کورد، هەر ئەمەشە وای کردووە کە بەشێکی زۆر لەم بەرهەمانە بە گوێ و چاوی ئێمە ئاشنا بن، هەندێکیمان بە سروود و ئاوازە بیستبێت و لەبەرمان بن، بەشێکیشیان وەک حەکایەت بۆ گێڕابینەوە، هەندێکیشیان لە پڕۆگرامی خوێندندا خوێندبێتمان و لەبەرمان کردبێتن.
کارەکانی بۆ منداڵانی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین لە هەردوو بواری شیعر و چیرۆکدان، کۆمەڵێک بەرهەمن کە بەوپەڕی شارەزایی و لێهاتووییەوە نووسراون و داڕێژراون، سەرەتای ئەم کاروانە قەشەنگە بە هاوبەشی لەگەڵ مامۆستا “عومەر عەبدولڕەحیم” دەستی پێ کردووە و یەکەم نۆبەرەش کۆمەڵە هەڵبەستێک بووە بە ناوی “پاڵەوانی دواڕۆژ”، کە ساڵی ١٩٥٨ چاپ کراوە. پاشتر ئەم کاروانە بەردەوام بووە لە بەخششەکانی و چەندان چیرۆک و شیعری نازداری پێشکەش بە ئەدەبیاتی منداڵان کردووە.
تایبەتمەندی ئەم دنیایەی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین هەر ئەوە نییە ڕووی لەو دنیایەی منداڵان بێت، بەڵکو بەرهەمەکانی بە جۆرێکن کە خەیاڵ دەبزوێنن و جۆرێک هاندان و مەشقن بۆ کاری هەرەوەزی و پێکەوەیی، بارهێنانی منداڵانن لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ، وەک هاوڕێیەتی، دڵسۆزی، یاریکردن، خوێندن و بە گوێکردن و ڕێزگرتن لە گەورەکان، هەموو ئەمانەش بە شێوەیەکی ساکار و ئاسان نووسراونەتەوە، کە خۆشییەک و شادییەک بە منداڵان دەبەخشێت و دەیانخاتە سەر ڕێچکەی پەروەردەیەکی دروست.
ئەگەرچی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین پتر وەک نووسەرێکی دنیای منداڵان ناسراوە، بەڵام ئەو دەستێکی باڵای هەبووە لە بواری پەخشان و شیعر و لێکۆڵینەوەشدا، یەکێک لەو کارە گرنگانەی کتێبێکە بە ناوی “چەند سەرنجێک لە پیرەمێردی شاعیر”، کە ساڵی ١٩٧١ چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەم بەرهەمە خوێندنەوەیەکی وردی دنیای پیرەمێردی شاعیرە، پێگەی ئەم منەوەرەی کوردە لە دنیای نووسین و ڕۆژنامەگەری کوردیدا، بە وردی کۆمەڵێک لایەنی ژیانی ئەو نووسەرە مەزنەی دەستنیشان کردووە، بۆ هەریەک لەو لایەنانەش نموونەی وەرگرتووە و باری سەرنج و تێبینی خۆی یادداشت کردووە، بە جۆرێک کتێبەکە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش و بەسوود بێت بۆ ناسینی پیرەمێرد و ئەو بوارانەی کاری تێدا کردوون.
لەپاڵ ئەو کتێبە ڕەخنەییەدا، کۆمەڵێک خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی تری هەن، کە بۆ چەند بەرهەمێکی ئەو کاتە کراون و مامۆستا فەرەیدوون لەم هەڵسەنگاندنەدا دەستنیشانی لایەنە لاواز و بەهێزەکانی ئەو بەرهەمانەی کردووە و بە ڕوونی دەریخستووە کە بۆچوونی ئەم دەربارەیان چییە، لەو بەرهەمانەش: “یەک دوو وشە و پێنج خشتەکییەکی بڵاونەکراوەی ئەحمەد هەردی”، “لێکۆڵینەوەی ئەدەبی: عەلی عارف ئاغا شاعیرێکی دڵتەڕ و شیعرسوارە”، “ڕاوەبەرانەکەی دوکتۆر کاووس قەفتان”، “ڕەشپۆشێکی جیهانی چوارەم؛ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکاری” و…
“بارانی ڕەنگاوڕەنگ” وەک بە ناوەکەیدا دیارە بابەتی ڕەنگاڵە و هەمەجۆرە، بەشێکی تر لەو بەرهەمانەی دووتوێی ئەم کتێبەدا هاتوون، ئەو پەخشانە جوان و تایبەتانەن کە هەریەکەیان زادەی خەم و ئازارێکن، بە زمانێکی باڵای ئەدەبی نووسراون و ئاوێنەی ڕۆژگاری نووسەر و دەوروبەرەکەیەتی.
لەم کتێبەدا کۆمەڵێک بەرهەمی بڵاونەکراوەی مامۆستا فەرەیدوون دەبینین، کە لە بوارە جیاوازەکانن، یەکێک لەو بەرهەمانە شیعری “نوقڵێ”یە، کە پارچەیەک شیعری لیریک و جوانە، دیمەنێکە لە دڵداری و بە زمانێکی ڕۆمانتیک و ناوازە ئەو دڵدارییە کێشراوە.
دوو بەشی کۆتایی کتێبە تایبەتن بە چلەی مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین لە هەردوو شاری سلێمانی و بەغداد لە یەک ڕۆژدا، واتا (١٢/ ١/ ١٩٩٢). لەم دوو بەشەدا سەرجەم ئەو وتارانەی کە لەو بۆنەدا خوێندراونەتەوە، هاتوون، وتارەکان لە لایەن کەسوکار، هاوڕێ و ئازیزانی مامۆستاوە نووسراون، وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی، هەریەکەیان باس لە لایەنێک لە ژیانی مامۆستا فەرەیدوون دەکەن، یەکێک لە لایەنی نووسینی چیرۆک و شیعرەکانی بۆ منداڵان دەدوێت، یەکێک لە وەفا و بەئەمەکی مامۆستا، یەکێک لە لایەنی سیاسی، یەکێک کۆمەڵایەتی، یەکێکی تر مامۆستایەتی، بە تێکڕا وێنەیەک لە مامۆستا دەدەن بە دەستەوە کە لێوانلێوە لە جوانی و میهرەبانی و خۆشەویستی.
دوا لاپەڕەکانی ئەم کتێبە کۆمەڵێک فۆتۆی دەگمەنی مامۆستان، چ خێزانیی، چ لەگەڵ هاوەڵەکانی، چ بە تەنیا، لە وێستگە جیاوازەکانی تەمەنیدا.
بێگومان ئەم چەشنە کتێبانە سەرەڕای پێزانین و قەدرگرتنی بەرهەمی ئەو نووسەرانە، کارێکی هێجگار بە نرخ و گرنگن، بەم جۆرە کارانە دەتوانین سانا دەستمان بەو بەرهەمانە بگات لە پتر لە نیو سەدە لەمەوبەر چاپ و بڵاوکراونەتەوە و ئێستا چیدی چاپیان لەبەر دەستدا نەماون، هاوکات کۆمەکێکی گەورەیە بە مامۆستایان و لێکۆڵەران، کە کۆی بەرهەمی نووسەرێک بێتە بەردەستیان، کارئاسانییەکی زۆرە، بۆ ئەوەی ئەو نووسەرانە و بەرهەمەکانیان بەردەوام زیندوو بمێننەوە و تۆزی زەمانە لەسەریان نەنیشن و نەبن بە یادەوەرییەکی تەڵخ.