لۆك ڤێری فه‌یله‌سوف ده‌پرسێت: كوا داڕمانی فه‌ره‌نسی؟
لۆك ڤێری فه‌یله‌سوف ده‌پرسێت: كوا داڕمانی فه‌ره‌نسی؟
وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، به ئه‌وروپای پێش دوو یان سێ سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر به‌راورد بكه‌ن، نه‌ك ئه‌وروپای ئێستا.
پاریس: هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
لۆك ڤێری چیتر پێویستی به ناساندن نییه، ئه‌و له ئێستادا یه‌كێكه له گرنگترین و ده‌گمه‌نترین فه‌یله‌سوفه‌كانی فه‌ره‌نسا. یه‌كێك له دوا بڵاوكراوه‌كانی كتێبێكی قه‌به‌ی زه‌به‌لاح بوو به ناونیشانی (فه‌رهه‌نگی عاشق بۆ فه‌لسه‌فه/ قاموس عاشق للفلسفة) كه ته‌نها 1500 لاپه‌ڕه‌یه! جا كێ عاشقی فه‌لسه‌فه نییه؟ كێ شه‌یدای فه‌لسه‌فه نییه؟ به‌ڵام ئاخۆ ده‌بێت ئه‌م كتێبه تازه‌یه‌ی كه ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌كانی زیاد له 400 لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره گه‌وره‌یه، باسی چی بكات و له چی بدوێت؟ زۆر به كورتی باس له بارودۆخی هه‌نووكه‌یی و ئاینده‌یی جیهان ده‌كات، ئاینده ده‌كرێت حه‌كیمێكی ژیری دڵخۆش بێت و ده‌كرێت شێتێكی سهرهڕۆبێت. هه‌مو شتیك له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاده‌وه‌ستێت له حاڵی حازردا، چۆن چۆنی خۆمان بۆ ئاینده ته‌یار و ئاماده ده‌كه‌ین. كتێبه‌كه دژ به ئاراسته‌ی فه‌یله‌سوفه ڕهشبینهكانی نێو گۆڕه‌پانی فه‌ره‌نسی نووسراوه، له نمونه‌ی میشێل ئۆنڤری و ئالان ڤنكیلكرۆت و ئه‌وانی دیكه.
ئه‌م كتێبه‌ی ئه‌مڕۆ له‌به‌ر ده‌ستماندایه، كۆمه‌ڵێ پرسیار له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه: بۆچی زۆرێك له ڕۆشنبیرانی پاریس، له‌مڕۆدا نوقمی مه‌یلێكی ڕه‌شبینی تاریك بوون؟ بۆچی ئه‌وه‌نده چێژ له‌و ڕه‌شبینییه وه‌رده‌گرن؟ ئایا قه‌باره‌ی ئه‌و پێشكه‌وتنه گه‌وره‌یه نابینن كه ئه‌وروپای خۆرئاوا به‌ده‌ستیهێناوه، به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ ڕابردووی دوور و به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ سنوری ناوچه جوگرافی و شارستانییه‌كانی دیكه؟ ئایا ده‌زانن تا سه‌ده‌ی نۆزده، مرۆڤی فه‌ره‌نسی یان ئه‌وروپی، له باشترین حاڵه‌تدا، له ته‌مه‌نی چل یان چل و پێنج ساڵیدا ده‌مرد؟ له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌وه تێكڕای ته‌مه‌نی مرۆڤێكی فه‌ره‌نسی یان ئه‌وروپی بوو. كه‌چی هه‌نووكه تێكڕای ته‌مه‌ن بووه‌ته 82 ساڵ.
له‌م ڕووه‌وه دانه‌ری كتێبه‌كه ده‌ڵێت: “ئه‌مه مانای وایه ئێمه به به‌راورد به باپیرانمان یان باپیری باپیرانمان، 40 ساڵ ته‌مه‌نمان زیاتره. ئایا ئه‌مه كه‌مه؟ ئه‌ی ئاخۆ ده‌زانن، له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌گه‌ر مرۆڤێك بۆ نموونه تووشی ددانیهشه بوایه، ئه‌وا ده‌بوو به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره بگرێت و له یه‌زدانی مه‌زن بپاڕێته‌وه ئه‌م ئازاره‌ی له كۆڵ بكاته‌وه كه هیچ كه‌سێك به‌رگه‌ی ناگرێت؟ كه‌چی له‌مڕۆدا، مرۆڤی فه‌ره‌نسی یان ئینگلیزی، هێنده‌ی به‌سه بڕوت بۆ لای نزیكترین پزیشكی ددان له گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی یان شه‌قامه‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی یه‌ك كاتژمێردا، كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكات! هاوڕێیان ئایا ئه‌مه كه‌مه؟ به‌ڵام ئه‌م ئازاره زۆر ناخۆشه‌ی ددان، تا ئێستاش له وڵاتانی هه‌ژار، تووشی خه‌ڵكی ده‌بێت، یان بڵی تووشی توێژێكی به‌رفراوانی خه‌ڵك ده‌بێت كه ناتوانن چاره‌سه‌ری بكه‌ن یان پاره‌ی ئه‌وه‌یان نییه سه‌ردانی پزیشك بكه‌ن. له وڵاتانی باشور سه‌یری ددانی هه‌ژاره‌كان بكه‌ن، وه‌ڵا دڵت بۆیان ژان ده‌كات! هه‌ر له ته‌مه‌نی سی ساڵییه‌وه، ددانیان زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕیت و كلۆر و خراپ ده‌بێت، چونكه به درێژایی هه‌مو ژیانیان، بۆ یه‌ك جاریش چییه سه‌ردانی پزیشكی ددانیان نه‌كردووه، له ڕاستیدا توانای ئه‌و سه‌ردانی كردنه‌ی پزیشكی ددانیان نییه.
لێره‌وه وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، به‌راورد بكه‌ن به وڵاتانی ئه‌وروپای پێش دوو یان سێ سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، نه‌ك به وڵاتانی ئه‌وروپای ئێستا. مه‌حاڵه. به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه، ئه‌مه‌یه وڵاتانی ئه‌وروپای پێشكه‌وتوو، بیمه‌ی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ هه‌مو هاوڵاتییه‌كانی دابین كردووه. ئه‌مه له كاتێكدایه له وڵاتانی هه‌ژاری باشوور (جگه له وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كه‌نداو نه‌بێت)، شتێك نییه به ناوی بیمه‌ی ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی. هیچ هاوڵاتییه‌كی فه‌ره‌نسی یان ئه‌ڵمانی یا هۆڵه‌ندی یا ئینگلیزی… هتد، نییه بیمه‌ی ته‌ندروستی نه‌بێت، بیمه‌یه‌ك چاره‌سه‌ركردن و چاكبوونه‌وه‌ی له باشترین نه‌خۆشخانه و نۆرینگه پزیشكییه‌كاندا، به خۆڕایی بۆ دابین ده‌كات.
ئی كه‌وایه، بۆچی ڕۆشنبیره فه‌ره‌نسییه‌كان گله‌یی و گازه‌نده ده‌كه‌ن و بۆ حاڵی خۆیان ده‌گرین و باس له‌و داڕمانه ده‌كه‌ن كه ئێستا یان به‌م نزیكانه، خۆرئاوا ده‌گرێته‌وه. ئه‌وانه له خۆیان دانامێنن؟ شه‌رم له خۆیان ناكه‌ن؟ ئه‌ی به چ مافێك، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و كاره بكه‌ن؟ ئه‌مه له كاتێكدایه دانیشتوانی وڵاتانی باشوور، به ده‌ست هه‌ژاری و برسییه‌تی و نه‌بوونییه‌وه، ده‌ناڵێنن، وه‌ڵا شوره‌ییه! كوێربوون گه‌یاندوونی به‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆ! ئاخر هه‌نووكه وای لێهاتووه كه‌سه زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه، گله‌یی له به‌خت و ناوچاوانی خۆی ده‌كات و بۆ حاڵی خۆی ده‌گری، نه‌ك كه‌سه زۆر هه‌ژاره‌كه. دونیا سه‌راوبن بووه‌ته‌وه. ئێمه له كوێین؟ ڕۆشنبیرانی فه‌ره‌نسی تۆزێك شه‌رم! له سه‌ده‌ی نۆزده، وه‌ك وتمان فه‌ره‌نسییه‌ك ئه‌و په‌ڕی تێكڕای ژیانی له سه‌رو چل ساڵه‌وه بوو، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی به ده‌ستی خۆی زیاد له چوار بۆ پێنج له منداڵه‌كانی خۆی ناشتووه، یان خۆی بووه به بێوه پیاو یان هاوسه‌ره‌كه‌ی بووه به بێوه‌ژن. هه‌مو ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو خزمه‌تگوزاری پزیشكی پێشنهكهوتبوو و بۆ هه‌موانیش دابین نه‌كرابوو”
نه‌فره‌تكردن له پێشكه‌وتن
له‌و ڕۆژگاره‌دا چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی ته‌نها بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوو، لێره‌وه به ملیۆنان منداڵ، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی و له‌به‌ر نه‌بوونی چاره‌سه‌ر، كۆچی دواییان ده‌كرد. لێ له حاڵی حازردا، مردنی منداڵ له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، زۆر ده‌گمه‌نه، ڕه‌نگه هه‌ر نه‌بێت، ئه‌مه‌ش به هۆی پێشكه‌وتنی خزمه‌تگوزاری پزیشكی و چاره‌سه‌ركردنه‌كان و نۆرینگه پسپۆڕییه‌كان و نه‌خۆشخانه مۆدێرنه‌كانی منداڵبوونهوهیه كه باشترین كه‌لوپه‌ل و ئامێری پزیشكی‌یان تێدایه. جا له مردنی منداڵ ناخۆشتر و سه‌ختتر هه‌یه؟ زۆربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی، پێش سه‌ده‌یه‌ك یان دوو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر، به‌هۆی نه‌بوونی هیچ چاره‌سه‌رێك بۆیان، ده‌بوونه هۆی مردنی مرۆڤه‌كان، له ئێستادا بوونه‌ته نه‌خۆشییه‌كی ئاسان و ئاسایی بێ مه‌ترسی.
ئایا ئه‌مه پێشكه‌وتن نییه؟ كه‌واته فه‌یله‌سوفه‌كانی فه‌ره‌نسا بۆچی نه‌فره‌ت له پێشكه‌وتن ده‌كه‌ن؟ بۆچی سۆزتان بۆ ڕابردوو هه‌یه، بۆ ڕۆژگاری باوك و باپیرانتان؟ بۆچی حه‌سره‌ت بۆ ئه‌و زه‌مانه ده‌خوازن؟ ئه‌وه كێیه ده‌ڵێ پێشكه‌وتن هیچ مانایه‌كی نییه؟ له خۆرئاوا شتێك نه‌ماوه به ناوی برسییه‌تی و قاتوقڕی، كه‌چی برسییه‌تی له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تا سه‌ده‌ی حه‌ڤده و سه‌رده‌می حكومڕانی لویسی چوارده، ژیانی مه‌لاین كه‌سی به مه‌رگ سپاردووه. به‌ڵام برسییه‌تی تا ئێستاش، له وڵاتانی ئه‌فریقا و ئاسیا و ئه‌مریكای لاتین و به شێوه‌یه‌كی گشتی له به‌شه هه‌ژاره‌كه‌ی جیهاندا، به‌ملیۆنان كه‌س ده‌كوژێت. هه‌نووكه ژیانی كرێكارێكی ئاسایی، خۆشتره له ژیانی پاشای فه‌ره‌نسا له سه‌ده‌ی حه‌ڤده! كێ باوه‌ڕ به‌وه ده‌كات؟ پاشان فه‌یله‌سوفه به‌ناوبانگه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا، له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:
“هه‌نووكه یه‌ك تاقه كه‌س له ئه‌وروپا نییه، له‌به‌ر هۆكاری ئاینی یان تائیفی، له خۆی بترسێت. چیتر هیچ كه‌سێك شه‌رم له خۆی یان له بارودۆخی خۆی ناكات، ئه‌گه‌ر سه‌ر به تائیفه‌ی زۆرینه یان زۆرینه‌ی كاسۆلیك نه‌بێت. له ڕابردوودا، كه‌سێكی سه‌ر به زۆرینه‌ی كاسۆلیك، ڕقی له كه‌سێكی سه‌ر به كه‌مینه‌ی پرۆتستانت بوو، ته‌كفیری ده‌كرد، بگره داوای سه‌ربڕین و له‌ناوبردنی ده‌كرد، چونكه گڵاوه و كاری شه‌یتانه. سه‌یری ئه‌و كوشتوبڕ و قه‌سابخانه تائیفییانه‌ی فه‌ره‌نسا بكه‌ن، ئه‌مه پێش ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ڕۆشنببێتهوه و ڤۆڵتێر سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر تاریكبینی ئاینیدا. ئایا ئه‌مه پێشكه‌وتن نییه كه ئه‌و وڵاتانه‌ی هێشتا له ده‌ریایه‌ك ناكۆكی و ململانێی مه‌زهه‌بی و كۆمه‌ڵكوژی تائیفیدا نوقم بوون، ئیره‌یمان پێده‌به‌ن؟”.
ناتوانم بڕۆمه ناو هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م كتێبه قهبهیهوه، بۆ ئه‌وه پێویستم به ده‌یان لاپه‌ڕه هه‌یه. لۆك ڤێری فه‌یله‌سوف پێمان ده‌ڵێت: “سه‌فه‌رم بۆ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان كردووه و له زۆربه‌ی زانكۆكانیاندا وانه‌م پێشكه‌ش كردووه. به‌ڵام له كیشوه‌ره پیره‌كه‌ی خۆمان (ئه‌وروپا) باشترم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. ئه‌وروپا له‌سه‌ر ئاستی دابینكردنی ئازادییه‌كان و یه‌كسانی ڕێژه‌یی و ئاستی به‌رزی ژیان و پاراستنی ته‌ندروستی، له هه‌مو كیشوه‌ره‌كانی دی پێشكه‌وتوتره. ئه‌م قسانه بۆ فه‌ره‌نسا و ته‌واوی ئه‌وروپای خۆرئاوا ڕاسته، ئهوروپایهك به دروستی چه‌ندین سه‌ده‌یه بووه‌ته مه‌شخه‌ڵێكی ڕووناك بۆ مرۆڤایه‌تی”. دواتر ئه‌م فه‌یله‌سوفه له‌سه‌ر قسه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:
“سه‌ره‌ڕای به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕۆكێت ئاسای چین، سه‌ره‌ڕای هه‌ژمونی زۆردارانه‌ی ئه‌مریكی، كه‌چی هێشتا ئه‌وروپای خۆرئاوا، له ڕووی ڕه‌فاهییه‌تی ئابوری و ئازادی ئاینیی و ئازادی سیاسییه‌وه، داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و زانستی و فه‌لسه‌فییه‌وه، وه‌ك پانتاییه‌كی ده‌گمه‌ن و بێ نموونه ماوه‌ته‌وه. له‌م لایه‌نانه‌وه ئه‌وروپا هاوشێوه‌ی نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش ناتوانێت شان له شانی بدات. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، شارستانیه‌تی ئه‌وروپا، كۆنتر و ڕه‌سه‌نتره له شارستانیه‌تی تازه‌ی ئه‌مریكا. خۆرئاوا له چوار سه‌ده له‌مه‌وبه‌ره‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، سه‌نته‌ری شارستانییه‌ته. واته له سه‌رده‌می ڕێنیسانسه‌وه له سه‌ده‌ی شانزه تا سه‌ده‌ی بیست. خۆ ئه‌گه‌ر له‌مڕۆدا هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئه‌وروپا هه‌بێت، ئه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وروپا مه‌عنه‌ویاتی لاواز بووه، متمانه‌ی به‌خۆی نه‌ماوه، چیتر ڕووی له ئاینده نییه. لێره‌وه تۆ بڵێی ئه‌وروپا شه‌كه‌ت و پیر بووبێت؟ تۆ بڵێی چیتر نه‌توانێت خۆی وه‌ك هێزێكی ڕاسته‌قینه ببینێت كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی جیهان هه‌یه؟ مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا بۆ ئاستی ئالهنگارییهكان بهزرنهبێتهوه، ئه‌وا ده‌بێت به كۆڵۆنیاڵییهكی چینی یان ئه‌مریكی”.
لۆك ڤێری به‌رگری له فۆكۆیاما ده‌كات
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی فه‌ره‌نسی و غه‌یره فه‌ره‌نسی باسی ده‌كه‌ن، فۆكۆیامان نه‌ی وتووه دوای هه‌ره‌سهێنانی بلۆكی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت، مێژوو ڕاوه‌ستاوه یان كۆتایی پێهاتووه. هه‌رگیز نه‌ی وتووه دوای ئه‌وه هیچ شتێكی دی ڕوونادات. نه‌ی وتووه مێژووی ڕووداوی واقیعی به ته‌واوی كۆتایی پێهاتووه. ئه‌مه گه‌مژه‌ییه، ئه‌مه مه‌حاڵه. نه‌ی وتووه له‌مڕۆ به‌دواوه چیتر كێشه و قه‌یران ڕوونادات، واته دوای ئه‌وه‌ی كۆتایی به جه‌نگی سارد هات و دیواری به‌رلین ڕوخا و جیهانی كۆمۆنیستی به ته‌واوی هه‌ره‌سیهێنا. ئیدی هیچ قه‌یرانێك ڕوونادات. نه‌ی وتووه له‌مڕۆ به‌دواوه، چیتر هیچ جه‌نگێك له جیهاندا ڕوونادات، واته دوای سه‌ركه‌وتنی به‌ره‌ی لیبرالیزمی خۆرئاوایی به‌سه‌ر به‌ره‌كه‌ی دیكه‌دا.
ئه‌وه‌ی وتوویه‌تی ئه‌مه‌یه، سیستمی دیموكراسی خۆرئاوایی ئه‌وروپی-ئه‌مریكی، باشترین سیستمی مومكینی جیهانییه. ئه‌گه‌ر باشتر نه‌بوایه، نه‌یده‌توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر سیستمی كۆمۆنیستی تاك حیزبی و خنكاندنی ئازادییه‌كان و دیماگۆگییه‌تی قیڕه‌قیڕی بێزاركه‌ر. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، پێویسته بزانین كه شارستانیه‌تی ئه‌وروپی، ته‌نها شارستانییه‌ته توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر تاریكبینی فێنده‌مێنیتاڵیزم و ئازادی بیروڕا و گوزارشتكردن و چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆ هه‌مو مرۆڤایه‌تی هێنایه‌ئارا، ته‌نانه‌ت له كایه‌ی ئاین و پیرۆزییهكانیش. ئه‌مه‌ش له مێژوودا، گه‌وره‌ترین ڕزگاركردنه كه به‌سه‌ر ڕۆحی مرۆڤایه‌تیدا ڕوویداوه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوفی ڕۆشنگه‌ری “ئیمانوێل كانت” له تێكسته به‌ناوبانگه‌كه‌یدا “ڕۆشنگه‌ری چییه؟ یان ڕۆشنگه‌ری مانای چییه؟” باسی لێوه كردووه. كانت له‌و تێكستهیدا ده‌ڵێت: ڕۆشنگه‌ری واته مرۆڤایه‌تی دواجار پێگه‌یشت و عه‌قڵانییه‌تی خۆی به‌دیهێنا و له قۆناغی كه‌م عه‌قڵییه‌وه گواستییه‌وه بۆ قۆناغی تێگه‌یشتن و باڵقبوون. له وه‌عز و ئامۆژگارییه‌كانی تیۆلۆژیا و پیاوانی ئاینی ڕزگاری بوو. ئا ئه‌مه‌یه ڕۆشنگه‌ریی. رۆشنگه‌ریی ده‌بێته له ناوه‌وه‌ی خۆت گیرۆده‌ت بكات، پێویسته له قووڵایی ناخته‌وه گێنگل بدات و بێته‌ده‌ره‌وه، ده‌نا هیچ مانایه‌كی نییه. پێویسته دوای هه‌وڵ و خۆماندوكردنێكی زۆر پێی بگه‌یت. پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهاكه‌دا زۆرانبازێ بكه‌یت.
ئه‌مه بوو مۆدێرنه‌ی خۆرئاوا، دوای مردنی كانت به سه‌ده‌یه‌ك یان زیاتر بهدهستێهێنا. تاریكی مه‌سیحییه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی سپینۆزا و پێییر بایل و ڤۆڵتێر و دیدرۆ و ژان ژاك رۆسۆ و كانت و فیخته و هیگڵ و بلیمه‌ته گه‌وره‌كانی دیكه‌ی ڕۆشنگه‌ریی، وردوخاش بوو. ئه‌م وردوخاشبوونهش ته‌نها دوای ڕوودانی چه‌ندین جه‌نگی بێ ئامان هاته‌ئاراوه كه كتێبه‌كانی مێژوو به پیتی ڕووناك تۆماریان كردووه. لێره‌وه كوا له كوێن ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی عه‌ره‌ب كه زۆرانبازێ له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهاكه‌دا “ئیخوانی داعشی” ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان زۆرانبازێیان له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهای فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئاینی و دادگاكانی پشكنین كرد؟ (له نێوان دوو كه‌وانه‌دا، من ئه‌م بابه‌ته‌م به دوور و درێژی له كتێبه نوێیه‌كه‌مدا باسكردووه كه له ده‌زگای المدی و به‌م ناونیشانه بڵاوكراوه‌ته‌وه: له ڕۆشنگه‌ریی ئه‌وروپییه‌وه بۆ ڕۆشنگه‌ریی عه‌ره‌بی)
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، یه‌ك شه‌ممه، 29-5-2023.