تەنزی تاڵ خوێندنەوەیەک بۆ “هەندێ کەس هەرگیز تێناگەن!”

خوێندنەوەی: سەردەم

 

“ئەوەنەی لە بیرم بێ، ڕۆژی نۆی جەنیوەریی ١٨٩٠، لە پۆستی کارمەندی هەفتەنامەی ‘ڤێلت بوونە”یا لە بەرلین هاتمە دنیاوە.

لە یەکێک لە ڕۆژنامە ناوخۆییەکانا نووسیبوویان باپیرانم لەسەر درەختەکان دائەنیشتن و پەنجەیان ئەکرد بە لووتیانا. من خۆم ئارام و ئاسوودە لە پاریس ئەژیم، هەموو ڕۆژێکیش دوای نانخواردن، نیوسەعاتێک لەگەڵ دوان لە هاوڕێکانم یاریی کاغەز ئەکەم کە زۆر ئاسانە بە لامەوە. لە ژیانما تەنیا ئارەزوویەکی بچووکم هەیە، ئەویش ئەوەیە جارێک چاوەکانم بکەمەوە و ببینم شوێنی زیندانییە سیاسییەکانی ئەڵمانیا و دادوەرەکانیان ئاڵوگۆڕی پێ کراوە.”

ئەم پاراگرافەی سەرەوە خۆناسینێکی پوخت و چڕی نووسەری “هەندێ کەس هەرگیز تێناگەن!”ە: کورت توخۆلسکی. توخۆلسکی وەک خۆی نووسیویەتی لە ١٨٩٠دا لە شاری بەرلین، لە خێزانێکی جوو لەدایکبووە، لەبەر گواستنەوەی باوکی، کە لە بانکێکدا فەرمانبەر بووە و پلەکەی بەرز کراوەتەوە، چوونەتە شاری کەناراویی شتتین. زۆرێک لە یادەوەرییەکانی منداڵیی “کورت” بەم شارەوە وابەستە بوون. توخولسکی هەر لە سەرەتای تافی لاوییەوە خولیای شیعر دەبێت و دەست بە نووسیی شیعر دەکات. پاشتر دووبارە بە هۆی وەزیفەی باوکییەوە دەگەڕێنەوە شاری بەرلین، “کورت” دەچێتە خوێندنگەیەکی ئامادەیی زۆر باش، کە پرۆتستانتە فەڕەنسییەکان ساڵی ١٦٨٩ لەو شارە دایانمەزراندووە. ساڵی ١٩٠٣ توخۆلیسکی بۆ ئامادەیی سەڵتەنەتی “ویلهالمس” گواسترایەوە و ئامادەیی بە پلەیەکی زۆر ئاسایی تەواو کرد. دواتر ئەو ساڵانەی ناو نا “ساڵە ونبووەکان”.

ساڵی ١٩٠٥ باوکی کۆچی دوایی دەکات، ئیدی لەگەڵ دایکی و دوریسدا ژیا. ساڵی ١٩٠٩ بە هاندانی ماکسی مامی کە پارێزەر بوو، چووە بەشی یاسا و دەستی بە خوێندن کرد. ١٩١٨ بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری UIK کە گۆڤارێکی تەنز بوو، هەر لێرەوە دەستی کرد بە نووسینی بابەتە تەنزییەکانی بە ناوی خوازراوەوە، کە پاشتر بوو بە شەقڵێکی تایبەت بە خۆی. دواتر پەیوەندی بە پارتی USPDوە دەکات (پارتی سوسیالیستە سەربەخۆکانی ئەڵمانیا)، سەرقاڵی کاری دژەجەنگ دەبێت. ساڵی ١٩٢٩، هەر ئەو ساڵەی کتێبی “ئەڵمانیا، ئەڵمانیا لە سەرووی هەموانەوە”ی چاپ کرد، ئەڵمانیای بەرەو هینداس، کە دەکەوێتە وڵاتی سوێدەوە، بەجێ هێشت. “گشتاپۆ” لە ئەڵمانیا ماڵی هاوسەرەکەشیان پشکنیبوو. لەبەر ئەوەی تووشی گرفت نەبن، توخۆلسکی لێی جیابووەوە. هەر لەو ساڵانەدا نازییەکان هەموو کتێبەکانیان سووتاند و بەیەکجاری بۆ سوێد دووریان خستەوە. لەوێ پەیوەندیی لەگەڵ هیچ کەسدا نەبوو، تەنیا بوو. توخۆلسکی چەندان ساڵ کێشەی بۆنکردنی هەبوو، بەدەست ئەم نەخۆشییەوە دەیناڵاند. لە ٢١ی دیسەمبەری ١٩٣٥دا، کاتێک گێرتروود بۆ بینینی هات، بینی توخۆلسکی بە بێهۆشی لەسەر زەوی کەوتووە. بەپێی چەند بەڵگەیەکی ئامادە، بە هۆی زۆر خواردنی دەرمانی ڤێرۆناڵەوە، هەر ئەو شەوە لە نەخۆشخانەیەک لە یۆتیبۆری کۆچی دوایی کرد.

 

هونەری گێڕانەوە بە زمانێکی سادە

ئەم کۆمەڵەچیرۆکە تێکڕا پێک هاتوون لە سیوسێ کورتەچیرۆک، هەریەکەیان لە چەند لاپەڕە تێپەڕ ناکەن، هونەری بەرزی گێڕانەوەی نووسەرەکەی دەسەلمێنن. کتێبەکە لەلایەن “دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم”ەوە لە دووتوێی “١٠٤” لاپەڕەدا، ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. توخۆلسکی لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی هێجگار سادە وێنەیەک لە ژیانی هەرڕۆژەی کەسەکان دەدات بەدەستەوە، وێنەیەک کە زۆر ئاشنایە و هەموومان لەو جۆرە بەسەرهاتوو و ڕووداوانە ژیاوین و لە هەر ساتێکیشدا بێت ئەگەری دووبارەبوونەوە و چەندبارەبوونەوەیان هەیە، وەک وەرگێڕی کوردیی کتێبەکەش ئاماژەی بۆ کردووە: “نووسەری ئەم چیرۆکانە زمانێکی گشتی بەکار هێناوە و ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی توخۆلسکی، وەک چۆن وەرگێڕی فارسی ئەو تایبەتمەندییەی پاراستووە، ئێمەیش هەوڵمان داوە ڕەچاوی بکەین.” بێگومان ئەمە درک و وریارییەکی بەجێ و شایستەیە، کە وەرگێڕی کورد هەست بەم تایبەتمەندییەی شێوازی نووسەرەکەی بکات، لێرەدا جێی خۆیەتی دەست خۆشی لە “سەروەر عومەر” وەرگێڕی کتێبی “هەندێ کەس هەرگیز تێناگەن!”ی کورت توخۆلسکی بکەین، کە تێکڕای چیرۆکەکانی ئەم کتێبەی بەو شێوازە تایبەتە وەرگێڕاوە، شێوازێک تەواو نزیک لە زمانی ڕۆژانەی خەڵکی سادەوە، بەوەش تایبەتمەندیی توخۆلسکی گواستووەتەوە نێو زمانی کوردی و دەریخستووە کە ئەم زمانە و ئەم شێوەیە لە گێڕانەوە ئیمکانێکی گرنگە لە بەردەم هەر چیرۆکنووسێکدا، کە بتوانێت بچێتە دووتوێی ژیانی خەڵکانی سادە و ئاساییەوە، لەوێشەوە ئەدەبێکی جددی و سەرڕاست پێشکەش بکات، کە ئازار و مەینەتی ئەو چینە لە فۆرمێکی هونەریدا بەرجەستە بکاتەوە. ئەم کتێبە و وەرگێڕانەکەی پشتڕاستکەرەوەی ئەو ڕاستییەن.

بێگومان گواستنەوەی شێوازی هەر نووسەرێکی داهێنەر لە نووسەرێکی تری داهێنەر جیایە و هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی خۆیانن، کاری وەرگێڕان لەوێدا زەحمەت و قورس دەبێت کە وەرگێڕ تەنیا لە پێگەی گواستنەوە و وەرگێڕانی ناوەڕۆکدا نەوەستێت، بەڵکو هەوڵی دۆزینەوە و پاشتریش گواستنەوە و وەرگێڕانی ئەو شێوازە بکات لەناو زمانی دایکیدا. ئەمە پەتایەکی دیاریی ناو وەرگێڕانی کوردییە، کە زۆر کتێبی وەرگێڕاو لە چەشنی چیرۆک یان ڕۆمان دەخوێنینەوە، بێ ئەوەی هەست بە جیاوازیی نێوانیان بکەین، هەست دەکەین هەموویان یەک کەس نووسیونی، بەڵام بە ناوەڕۆکی لێک جوودا، هەر ئەمەشە کارێکی کردووە کە کاریگەریی ئەو دەقانە زۆر کەم بن، چونکو شێواز ونە، ئەوەی هەیە گواستنەوەی ناوەڕۆک و داستانە، جێی دڵخۆشییە ئەم کتێبە ڕیزپەڕە و خوێنەر دەتوانێت بە سانایی شێوازی نووسەرەکەی درک بکات.

لە یەکەم کورتەچیرۆکدا، توخۆلسکی بە ڕێگەیەکی تەختدا دەمانباتە ناو پانتاییەکی بەرین و ئاڵۆز، “نامەکەی باوکم” ناوی ئەو کورتەچیرۆکەیە کە تێیدا باس لە نامەیەک دەکات لە باوکەوە بۆ کوڕ، کە چیدی باوک نەماوە و پاشتر نامەکە دۆزراوەتەوە، ناوەڕۆکی نامەکە جەنگە، باوک لە بەرەی جەنگدا ئەم نامەیەی نووسیوە و دواتریش کوژراوە، لە کورتەچیرۆکەکەدا کە نامەکە هاوپێچ کراوە، لە جێیەکدا هاتووە: “هەرچییەک بێت، جەنگ لە کۆتاییا واتە؛ مرۆڤکوشتن ڕێگەپێدراوە.” لە کۆتاییشدا کوڕ ئەو سووکایەتی و ڕیسواییەی نازییەت تێکەڵ بە نامەکەی باوکی دەکات و فەزایەکی بەرین لە بەردەم خوێنەردا واڵا دەکات.

“قسەکانی کۆرپەڵە” کورتەچیرۆکێکی ترە، تێیدا منداڵێک لەناو سکی دایکیدا دەماندوێنێ و باسی ئەو هەموو پارێزگارییە دەکات کە لێی دەکرێ، بۆ ئەوەی ئاسایی گەشە بکات و گەورە ببێت، بۆ ئەوەی لەو شوێنەدا بە خۆشی ڕۆژەکانی هەر نۆ مانگەکەی بەسەر ببات، هەموان ئاگاداری لێ دەکەن، لە کڵێساوە بیگرە تا دەوڵەت و پزیشک و قازی. نۆ مانگی ڕەبەق. بەڵام هەر دوای ئەم نۆ مانگە ئیدی پێویستە خۆی پارێزگاری لە خۆی بکات، بزانێت کە چۆن بژی. دواتریش گەشتی چەند ساڵەی تەمەنی دەبێت خۆی درێژەی بدا و ڕووبەڕووی نەهامەتییەکان ببێتەوە. کۆتایی کورتەچیرۆکەکە پرسیارێکی تەنزئامێزە: “ئەم نۆ مانگ چاودێریکردنەی ئەمانە، کارێکی سەیروسەمەرە نییە؟”

یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی ئەم کورتەچیرۆکانە باری تەنزە، هەموویان بە زمانێکی تەزنئامێز نووسراون، زمانێک کە ئەگەرچی بزەت وەسەر لێو دەخات، بەڵام ڕێک لە هەمان کاتدا دڵتەنگ و نیگەرانیشت دەکات، ئەوەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە توخۆلسکی بە تەنیا بۆ بزەخستنەسەرلێو ئەم کورتەچیرۆکانەی نەنووسیون، بەڵکو لە هەریەکەیاندا هەوڵی داوە لە ئازار و نەهامەتییەک بدوێ، لە کارەستێکی مرۆیی، لە جەنگ و کاولکارییەکانی، لە بەدبینی ئینسان و کارە ناڕەواکانی بەرانبەر بە هاوڕێیان و دۆستانی، لێرەدا یەکێک لە جوانترین و کورتترین ئەو کورتەچیرۆکانە دەنووسینەوە، کە هێندە سادە و ڕوون و ڕەوانە، پێویست بە هیچ شیکارییەک ناکات، تەنیا ئەوەیە بیخوێنینەوە و چێژی لێ وەربگرین، هاوکاتیش لە وردبینی و سەلیقەتی نووسەرەکەیشی شارەزا بین.

 

ئامۆژگارییەک بۆ بڵاوکەرەوەکەم

 

مامۆستای ئازیز جەنابی ڕۆڤۆڵت

ئەم نامەیەی خوارەوەم لە تەواوی نامەکانی تر بە لاوە جوانتر بوو. نووسەری نامەکە خوێندکارێکی دواناوەندیی شاری نورنبێرگە:

“جەنابی توخۆلسکیی ئازیز!

ڕێگەم بە سەرەتا لە بەرامبەر کارەکانتا ڕێز و پێزانینی تەواوەتیی خۆمت بە تایبەتی بۆ دەبڕم، هەرچەن ئەزانم پیاهەڵدان و ڕێزلێنانی من بۆ تۆ هیچ گرنگییەکی نییە. بەڵام بابەتێکی تریش هەیە کە ئەمەوێ لێرەیا باسی بکەم: خوا بکا هەرچی زووترە بمری، تا کتێبەکانت هەرزانتر بن (وەک کتێبەکانی گۆتە). دوایین کتێبەکانت دیسان ئەوەنە گرانە، مرۆڤ دەرەقەتی کڕینی نایە.”

فەرموو:

مامۆستای ئازیز: جەنابی ڕۆڤۆڵت! بەڕێزانی بڵاوکەرەوەی خۆشەویست!

کتێبەکانم هەرزانتر بکەن!

کتێبەکانم هەرزانتر بکەن!

کتێبەکانم هەرزانتر بکەن!